حیسامەدین (هیوا) خاکپوور
ئەمازیغییەکان نەتەوەیەکی بێدەوڵەتن کە لە ژێر چەپۆکی چوار دەوڵەتی عەرەبیدا لە مەغریب و باکووری ئەفریقیا دەچەوسێنرێنەوە. چارەنووسی ئەوان زۆر هاوشێوەی چارەنووسی نەتەوەی کورد و نەتەوە داگیرکراوە بێدەوڵەتەکانی دیکەیە. بۆیە بیرمەندی ناسراوی ئەمازیغی و مامۆستای زانکۆی سۆربۆن، محەمەد ئەرکۆن، دەڵێت: “ڕەنجی مرۆڤی ئەمازیغی تەنیا یەک مرۆڤی کورد تێی دەگات و هەر کە پێکەوە قسە دەکەین لە یەک تێدەگەین”. بە باوەڕی من مرۆڤە بێدەوڵەتەکان بەرژەوەندی و چارەنووسیان زۆر لەیەک نزیکە، هەر بۆیە ئەوان دەبێت ببنە هاوپەیمانی یەکتر، نەک ئەوەی بگەڕێن لەگەڵ لایەنگەلێک لە نەتەوە داگیرکەرە سەردەستەکان بکەونە گفتوگۆ و هاوپەیمانییەوە کە ئەم کارە بە هۆکاری جۆراوجۆر نە مومکینە و نە باشیشە.
لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو نەتەوانەی وەک کورد و ئەمازیغی و بەلووچ، هتد، کە لە سەردەمی مۆدێرندا نەیانتوانیوە ببنە خاوەن سەروەریی تایبەت بە خۆیان، مێژوویەکی دوورودرێژی نییە و کاری زانستیی ئەوتۆی لەسەر بەرهەم نەهاتووە. بە گشتی، هاوشێوەیی و هەمچوونیەکیی چارەنووسی ئەو نەتەوانە لەگەڵ ئەو جیاوازیانەی بە هۆی ململانێی هێزە جۆراوجۆرەکانەوە ڕوویان داوە و بارودۆخی جیاوازی بۆیان خولقاندووە، جێگەی توێژینەوەی تایبەتە. شایانی باسە بە سەرهەڵدانی مۆدێرنیتە و گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکانی لە ئاستی فیکری-فەلسەفی، ئابووری، سیاسیدا، لە ڕووی سیاسییەوە سەرچەشنی زاڵ و جیهانگیریی سەردەمی مۆدێرن دەبێتە ناسیونالیزم و دەوڵەت-نەتەوە کە بێنیدیکت ئەندرسن بە “فۆرمی پێوەر” (modular form) ناوزەدی دەکات. ئەم فۆرمە پێوەرە وەها جیهانی دەرهەست و بەرهەست دەگۆڕێت و مرۆڤێکی وەها نوێ ساز دەکات، چاک یان خراپ، کەمترین شتی لە دەرەوەی بازنەی ناسیونالیزم ناتوانێت ڕوو بدات. ئەتین بالیبار بە “مرۆڤ ناسیونالیست” (homo nationalist) چەمکاندن بۆ ئەو مرۆڤە نوێیە دەکات. بەڵام نەتەوەیەک کە خاوەنی ئەو سەروەرییە سیاسییە نەبێت و لەو فۆرمە پێوەرە بێبەش بێت، لە ئەدەبیاتی سیاسیدا بە نەتەوەی بێدەوڵەت دەناسرێت.
دۆخی بێدەوڵەتی کە نەتەوەگەلێکی وەکوو کورد و ئەمازیغی و بەلووچ دەگرێتەوە، لە لایەن زانایانی زانستە مرۆییەکانەوە چەمکاندنی جۆراوجۆری لەسەر کراوە. چەمکی “بێدەوڵەتی” واتە نەبوونی سەروەریی سیاسیی سەربەخۆ، زیاتر بە بیرۆکەیەکەوە بەیان دەکرێت کە ئاماژەیە بۆ “بێمافی” (rightlessness) و “زیانخۆریی/خەسارهەڵگری” (vulnerability)، چونکە وا گریمان دەکرێت کە “ئامرازی ساردی تاراندن و دەرهاوێشتن” دەنوێنێتەوە. بە گشتی، چەمکی بێدەوڵەتی لەناو بوارێکی گوتاریی نەرێنیدا هەڵکەوتووە. بۆ نموونە، بێدەوڵەتی وەکوو “وەدەرنانی بەتەواوەتی لە مرۆڤایەتی”، “بۆشایی یاسایی دنیای کافکایی”، “مەرگی کۆمەڵایەتی”، “پێناسەی کتومتی جەهەندەمی مۆدێرن”، “ژیانی ڕووتوقووت” و “هەلومەرجی مەترسیی بێکۆتایی” چەمکاندنی لەسەر دەکرێت (بڕوانە کتێبەکەی بەرزوو ئەلیاسی Narratives of Statelessness and Political Otherness). قانع، بیرمەندەشاعیری کوردیش تەنانەت بەر لە هەموو ئەم باسانە مرۆڤی بێدەوڵەت ئاوا دەناسێنێت: “ئەوەی بێدەوڵەتە سووکتر لە کایە”.
بەم پێیە دەزانین مرۆڤی کورد و ئەمازیغی و بەلووچ، وەک نموونە، لە چ دۆخێکدا هەڵدەکەون و وێدەچێت چارەنووس و دەرد و ڕەنج و کۆژان و خولیای هاوبەش ئەزموون بکەن. لەم ڕووەوە، ئاشنایی لەگەڵ هەلومەرجی ژینگە-جیهانیی ئەو نەتەوانە کە دەنگ و ڕەنگیان خامۆش و بنبڕ کراوە، بۆ خوێنەری کورد پێویست دەنوێنێت. هەر بۆیە ئاشنابوونی زیاتر بە ئەزموونی ئەو نەتەوانە بۆ ئێمەی کورد پێویستییەکی جددییە. ئەزموونی ئەو نەتەوانە دەتوانێت بە جۆرێک کۆمەکحاڵی پڕۆبلماتیزەکردنی مەسەلەی کوردیش بێت، تا ئەو کاتە نادیارەی، تەوەری جیهان لەسەر دەوڵەت-نەتەوە هەڵدەسووڕێت. بەم پێیە، هەرجۆرە باسێک لەسەر مەسەلەی کورد یان ئەمازیغ بە ناچار دەبێت تەکلیفی خۆی لەسەر پرۆبلماتیکی بێدەوڵەتی دیاری بکات. بۆ ئەم مەبەستە دەکرێت ئەدەبیاتی ئەو نەتەوانە وەرگێڕدرێتە سەر زمانی کوردی و هی کوردی بکرێن بە ئەمازیغی و بەلووچیی، ئامانجیش ئەوەیە کە دەنگە خامۆشکراوەکان، نەتەوە نەبینراوەکان، ناسنامە کوژراوەکان، مرۆڤە پەراوێزخراو و سەرکوتکراوەکان، چینە بێدەسەڵاتە بەشخوراوەکان، بابەتە نەبینراو و فەرامۆشکراوەکان، هاوارە کپکراو و بێدەنگکراوەکان، ژین-جیهانە ژێردەستە و بەشمەینەتەکان، حەقیقەتە داپۆشراوەکان، نەزمە زانستییە تێرۆرکراوەکان و بەرخۆدانە کەمدەنگ و ڕەنگەکان، بێنێتە سەر هێڵ و بیانخاتە گۆ تا جیهان و مێژوو و بوون و دۆخی باو و دۆخی خوازراو لە ڕوانگەی ئەوانیشەوە ببیندرێت..



