شاهۆ مەلەکی
لە کاتێکدا لە کوردستان ئەدەبیات دەچێتەوە قاوخی خەمە تاکەکەسییەکان و کەم تا زۆر خەیاڵی ئەدیب لە واقیع بە گشتیی و لە واقیعی کۆمەڵایەتی بەتایبەت دادەبڕێت؛ لە کاتێکدا کە ئەدەب بارگاوی دەبێت بە ڕەگەزە نامۆکان و لە ڕیشەی کولتووریی و کۆمەڵایەتیی دادەبڕێت؛ لە کاتێکدا کە بەرهەمی ئەدەبیی نەک هەر بەرپرسیارێتییە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان هەڵناگرێت بەڵکوو دەبێتە هۆی بێزکردنەوە لە سیاسەت و تەنانەت لە نیشتیمان؛ لەو کاتانەیدا کە ئەدەبیات بەشداری بەهێزکردنی یادەوەری گشتیی و گێڕانەوەی ڕووداوە تراجیکە بەکۆمەڵەکان نابێت و ڕۆناچێتە ناو وردەکاریی و گۆشە شاراوە و کەمتر بینراوەکانی مێژوو و ژیانی نەتەوە؛ ئێمە زیاتر و زیاتر پێویستمان بە ئەدەبیاتێک دەبێت کە بەپێچەوانەی کارکردەکانی سەرەوە، خۆی لە خەمی کۆمەڵ و پێداویستییەکانی کۆمەڵ هاوێر نەکات و لە بەرهەمیدا لە دەربڕین و ڕەنگدانەوەی سیاسی و مێژوویی و کولتووریی و دەروونناسانە پەیوەست بە پێویستییەکانی کۆمەڵ و بە گوتاری نەتەوەیی و نیشتیمانیی لە دۆخی ئاوارتە و ناسروشتیی کۆمەڵگەدا (دۆخی داگیرکراویی کوردستان بە نموونە) کەمتەرخەمانە خۆی نەبوێرێ و سڵ نەکاتەوە. ڕۆمانی “ئامێزی گورگ” نوێترین بەرهەمی مامۆستا “حەمەفەریق حەسەن” لە نموونەی ئەو بەرهەمە ئەدەبییانەیە کە خەمخۆرانە و بەرپرسیارانە، بە ئاسانیی یارمەتیدەری یادەوەریی گشتیی و بەهێزکردنی یادگەمان دەبێت و دەتوانێ بەرهەمهێنی هۆشیاریی بەکۆمەڵمان بێت و پابەندیی و ئینتیمای نەتەوەیی و نیشتیمانیی نوێ بکاتەوە.
لە کەس شاراوە نییە کە نەتەوە و کولتوور و ناسنامەکەی، بەشێکی دانەبڕاو و هاوکات پێویستیی بوونی مرۆیی و کۆمەڵایەتیین. پاراستنی ئەو بەشانەی بوونی مرۆیی، بەتایبەتیی لە دۆخی داگیرکراوییدا یان ئەو کاتانەی دەکەونە بەر هەڕەشەی سڕینەوە، دەبێتە ئەرکی یەکەم و دەستبەجێی سروشتیی و ئەخلاقیی مرۆڤ. لە دۆخێکی وەهادا زۆرترین بەرپرسیارێتیی دەکەوێتە ئەستۆی دەستەبژێر و نووسەر و ڕووناکبیرانی کۆمەڵگە، لە دۆخێکی وەهادا توێژە بەئاگاکانی کۆمەڵگە دەتوانێ هۆشیاریی و گوتارێک بەرهەم بهێنێت کە ورە و متمانەبەخۆبوون بە کۆمەڵگە ببەخشێت و بەرەو ڕزگاریی و ئازادیی ئاراستەی بکات. بەوپێیەی نووسین و لە ناویاندا نووسینی ئەدەبیش هەم هۆشیاریی و هەم جۆرێک لە گوتار بەرهەم دەهێنن، خەم و مشووری سەرەکی و هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی نووسەر هاوڕێ لەگەڵ زانیاریی و بیرکردنەوە و هەست و سۆزی، گرنگییەکی تایبەتیان هەیە، چون وەکچۆن کۆی ئەمانە لە نووسین و بەرهەمیدا ڕەنگ دەداتەوە. بۆی هەیە دواتر ڕەنگدانەوە و کاریگەرییەکی کۆمەڵایەتیشی هەبێت.
حەمەفەریق حەسەن لەم ڕۆمانەیدا هەروەک ڕۆمانی “کچانی مەلەک تاوس”، بەو زانیارییە مێژوویی و بەو پاشخانە فکریی و بەو سۆزە نەتەوەیی و کوردانەیەوە کە هەیەتی، تراجیدیای شنگال لە یادەوەریی گشتیماندا دەهێڵێتەوە و دەیکات بە ڕابردوویەکی زیندوو. لەم ڕێگەیەوە هۆشیارییەکی کوردیی دروست دەکات. هۆشیاریی کوردیی بەو مانایەی کە خوێنەری کورد پاش خوێندنەوەی ڕۆمانەکەی هەتا ئاستێکی باش دەزانێت ئەویتری داگیرکەر چییە و خۆی چییە و وەک نەتەوە چی بەسەر هاتووە و چی چاوەڕێی دەکات و دەبێ چی بکات، یان بە لانی کەمەوە سەبارەت بەمانە پرسیاری بەهەندی (جددی) لا دروست دەبێت و کنجکۆڵانە دەیهەوێ بەدواداچوونی زیاتر بکات. نووسەر لەم ڕۆمانەشیدا دیسان پێمان پیشان دەداتەوە کە نووسەر یان ئەدیب چۆن دەتوانێ لە ئاستی بەرپرسیارێتییە ئەخلاقیی و کۆمەڵایەتی نووسەرێکی نەتەوەییدا بێت.
ڕەنگە ئەم ڕۆمانە (وەک لەمڕۆدا باوە) ڕۆنەچووبێتە قووڵایی هزر و ئەندێشە و دیالۆگی فەلسەفیی نەهێنابێتە ئارا! یان لە فۆڕم و تەکنیک و گێڕانەوەدا بە دوای داهێنان یان شێوازێکی پەسندی ئەمڕۆیی نەکەوتبێت، یان زمانێکی سیحرئامێزی نەبێت و خەیاڵ بە قووڵیی تێیدا نەخرابێتە گەڕ، تەنانەت لە وردەکارییەکانی پیشاندانەوەی ڕووداوەکە و ئازاری قوربانییەکان و دڕندەیی تاڵانکەر و لاقەکەراندا زۆر یان فرەڕەهەند کاری نەکردبێت و نەچووبێتە ناو ئاڵۆزییەکانی ڕووداوەکان، بەڵام بە سادەیی و بە ئاسانیی کارەساتی ٢٠١٤ی شنگال دەگێڕێتەوە و موچڕکمان پێدا دێنێت.
ئەم ڕۆمانە پاکژیی کولتووری کوردیی-ئێزدیی و سروشتیبوونەکەی لە چێوەی ڕەنگی سپیدا لە بەرامبەر کولتووری ئیسلامیی-عەرەبیی و ناسروشتیبوونەکەی و نامۆبوونەکەی بە کۆمەڵی کوردەواری بەرجەستە دەکاتەوە. لەم ڕۆمانەدا جوانیی بەرانبەر دزێویی، خێر بەرانبەر شەڕ، ڕەسەنایەتی بەرانبەر لەخۆنامۆبوون، ئێزدیی بەرانبەر داعش، کورد بەرانبەر عەرەب، ئازادیی بەرانبەر کۆیلەداریی و کەنیزەکخوازیی دێنە گۆ و داکۆکیی دەکەن.
ئەم بەرجەستەبوون و داکۆکییانە لە چێوەی بیرەوەرییەکانی “باسا”، کە کچێکی ئێزدیی و مامۆستایەکی خوێندنگەیە لە شنگال، گێڕەرەوە و کاراکتەری سەرەکی ڕۆمانەکەشە و دیالۆگەکانی لەگەڵ ئەبو خالید کە چەکدارێکی داعشە و ڕفێنەری باسا-شە، دەردەکەون. ئەو کاتانەی باسا خەیاڵ دەیباتەوە بۆ زێدی خۆی و بۆ لای دیمەنە دڵڤەکەرەکانی کوردستان، بۆ لای جلی سپی دایک و گەلەکەی، بۆ لای جێژنی سەری ساڵی ئێزدیی کە پەیوەستە بە سروشت و بە دار و شنەی با و نێرگزەجاڕ و بە شایی و هەڵپەڕکێ و نوێژ و نزای ڕووەو “ڕۆژ”، ئەو کاتانەی نزا دەکرێت بۆ ئەوەی پاتاڵ دووانە بزێن و ئەو کاتانەی تێکەڵەیەکە لە ئاوازی شادیی و لە ڕۆحانییەت کە تێیدا تەنانەت ڕێگریی دەکرێت لە کوشتنی دووپشک. ئەو کاتانەی باسا بە نوێنەرایەتی ئەو ڕابردووە و ئەو کولتوورەی کە تێیدا ژن تەواوکەری پیاوە دێتە گۆ و لەگەڵ ئەبو خالید دەئاخڤێت کە نوێنەرایەتیی مێزەر و جل و کالەی ڕەش و ڕابردووی بیابان و شمشێر و خوێن و داگیرکاریی دەکات؛ نوێنەری کولتوورێکە کە تێیدا ژن بە مەتاع دەزانرێت. دیالۆگی کولتوورێکی ڕەنگین و کولتوورێکی بەرد، دیالۆگی شایی و پرسە، دیالۆگی ئازادیخوازیی لەگەڵ فیشەکدان و قوماشی ئەستووری وەک چادر، دیالۆگی کەسێک کە پێی وایە حەقیقەت لە ناو لاپەرەکانی کتێبێکدا نادۆزرێتەوە لەگەڵ کەسێک کە پێی وایە حەقیقەتی ڕەها و هەرچی کە پێویست بێ بۆ بەشەر لە کتێبێکدا هەیە.
باسا جوانییەکانی کولتووری خۆی بینیوە و هۆگریەتی. ئەو خوێندەوارە و ئاگاداری مێژووی نەتەوەکەی و داگیرکاریی ئەعرابە. ئەو شانازیی بە زمان و کولتوور و مێژووی خۆی دەکات و لەسەر ناسنامەی خۆی پێداگرە، زمانی کوردیی بە زمانێکی پیرۆز دەزانێت چون بە لانی کەمەوە زمانی دوو ئایینی پیرۆزی ئێزدیی و یارسانییە، کولتووری خۆیان بە دێرینە و مێژووی خۆیان بە مێژووی بەرگریی و نەتوانەوە دەزانێت. ئەو لە سیما و ڕەوت و ڕۆیینی ژنانی کورد لە جلی کوردیی و سپی خۆیاندا، شکۆی شاژنانی لاپەڕەکانی مێژوو دەبینێت و پێی وایە لەچک و جلی ڕەش زیندەبەچاڵکردن یان کفنێکە کە ڕۆحی دەچروسێنێت. ئەو پێی وایە بەموسوڵمانکردن واتە بەعەرەبکردن. باسا سەرەڕای ئەمانە لە هزر و ناخێکی مرۆڤتەوەرانەوە، مرۆڤ بە سەرمایە دەزانێت و ئایینیش بە پێوەندیی ڕۆحیی نێوان تاک و خوا. ئەو پێی وایە ئەقڵ گۆڕانی بەسەردا دێت و “جوانیی”ش لە گەشەکردندا دەبینێت و جیاوازییەکانیش بە بناخەی پێشڤەچوون دەزانێت. لە بەرامبەردا ئەبوخالید پێی وایە ڕاستییەکان لە هەزار و چەنسەد ساڵێک پێش ئێستادا چەقی بەستووە و دەبێ وەکوو ئەو کاتانە بژیت و بە حوکمی خودا و قوڕئان ئەوەی لەوان جیاواز بێت سەر و ماڵ و نامووسیان بەمان حەڵاڵە.
وەک دەبینین نووسەر لە چێوەی بیرەوەریی و دیبەیتدا مێژوویەکی دوور و نزیک بە یەکتری دەبەستێتەوە بە زمانێکی زوڵال ڕاستییە مێژوویی و کولتووریی و سیاسی و فکرییەکانی بەریەککەوتنی دوو نەتەوە، دوو کولتوور و دوو جیهانبینیی بەرجەستە دەکاتەوە. لە سەروو ئەمەشەوە، نووسەر پێمان دەڵێت دەبێ چۆن لە مێژوو، لە خۆمان، لە دەوروبەر و لە ئایین بڕوانین.
سێ خاڵی دیکە کە لەم ڕۆمانەدا یەکجار سەرنجی ڕاکێشام. یەکەم، ڕاشکاویی لە تۆمارکردنی ڕاستییە مێژوویی و سیاسی و سەربازییەکانی ڕووداوەکە لە دەقێکی ئەدەبیدا. بۆ نموونە، لە زاری باسا-وە دەڵێت: “من ئەوەندە دەزانم کە سێی ئابی ٢٠١٤ مەزنترین بەگورگانخوارددانە لە مێژووی ئۆلی ئێمەدا… کەسی خۆمان بە گورگانخواردی داین”، یان ” ئەوان – واتە عەرەبی ئیسلامیی- لە بیابانەوە هاتوون و ناخیشیان بیابانێکە دڵۆپێک ژیانی تێدا نییە”، یان “ئەو کاتانەی باپیرانی ئێمە یەزدانپەرست بوون ئێوە -عەرەب- بە پێی پەتیی بتتان دەتاشی…”، یان لە زاری ئەبوخالیدی داعشییەوە: “سوپای ئێوە هەڵات بۆیە دەستمان بە ئێوە گەیشت… ئەوەی بە زەبری جەنگ داگیر کرابێت بە زەبری وشە ئازاد نابێت… مرۆڤی ژێرکەوتوو ڕێز و ئیعتباری نییە و تەنیا بۆی هەیە بپاڕێتەوە بەشکەم بەزەییان پێیدا بێتەوە…”.
دووەم، دابڕاندنی شنگال و تراجیدیاکەی ٢٠١٤ەیە لە شین و ڕۆڕۆ و بەزەییپێداهاتنەوە. پڕ گرنگە لە دیالۆگی بەرخ و گورگ -جیهاد و تیرۆر-دا قوربانیی وەکوو کچێکی خوێندەوار و ڕووناکبیر، نەتەوەدۆست و نیشتیمانپەروەر، خۆڕاگر و قارەمان دەربچێت. ئێمە لە کاراکتەری باسا-ی ڕفێندراودا، کچێکی خۆڕاگر و زیرەک دەبینین کە نایەوێ خۆی بەدەستەوە بدات و لەمەشدا سەرکەوتوو دەبێت و لە کۆتاییدا خۆی دەگەیەنێتە سنوورەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و لای کچە شەڕڤانانی کورد. ئەمەش لای ئێمە کچانی ڕفێندراو و قوربانیی وەک پاڵەوانێک وێنا دەکات، هەروەکچۆن لە کاراکتەری “زەریفە”ی ڕفێندراو و “باپیر”ی مێردیدا لە ڕۆمانی کچانی مەلەک تاوس کە دەگەنەوە سنووری پێشمەرگە وەک نوێنەکی خۆڕاگریی و قارەمانێتیی وێنا دەکرێن نەک نوێنەکی هەشبەسەریی و شایانی بەزەییپێداهاتنەوە. بەپێچەوانەی ئەوەی لە میدیا و وتاری سیاسی-حکومیدا چ بۆ قوربانیانی ئەنفال و چ بۆ شنگال ڕەنگی داوەتەوە.
سێیەم، ڕوانین و زیرەکیی سیاسی نووسەرە کە هاوڕێ لەگەڵ پەیامە مرۆیی و ئەخلاقییەکەی ڕۆمانەکەدا، هەڵوێست و خواست و پەیامی سیاسی و نەتەوەیی نووسەر دەگات. بۆ نموونە، ئەو دەمەی باسا بە حوکمی ئەبوخالید بە پێی پەتیی بەرەو دەرەوەی سنوورەکانی داعش و ڕووە و ئەو بەشەی نیشتیمان دەڕواتەوە کە هێزێکی کوردیی خاوەن گوتاری دژەدەوڵەت بەڕێوەی دەبات، خوێن لە پێیەکانی دەتکێ و لە مۆنۆلۆگێکدا دەڵێت: “من دەڕۆم و خوێن لە پێیەکانم دەتکێت. ئەمە چ حاڵێکە ئێمە تێیکەوتووین؟ من دەزانم بۆچی وامان بەسەر هات! دەوڵەت کەرامەتی تاکەکان دەپارێزێ، مخابن، ئێمەش گەلێکی بێ دەوڵەتین.” یان ئەو دەمەی جحێڵێکی شەبقە بەسەری تیشێرت لەبەر لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێرێکدا دەڵێت: “پێکەوەژیان بە ئاشتی لەم ڕووبەرە خاکەی دۆڵی میسۆپۆتامیادا… جۆرێکە لە سەرکێشی و سەرەڕۆیی… بە تەمای ژیانی ئاسوودە بیت لێرە ئەوا لە دەریای بەرینی وەژارەدا مەلە دەکەیت… لێرە هەموو ئاگربەستێک ئامادەکارییە بۆ جەنگێکی نوێی درێژتر و خوێناویتر…”. یان ئەو دەمەی خورتێکی کریستیان بە پەیامنێرەکە دەڵێت: “ئایا تۆ لە هیچ نەتەوە و دەستەیەکت دیوە، یان بیستووە، شانازی بە پۆشاک و کولتووری قڕکەر و لاقەکەری خۆیانەوە بکەن؟ من داوا لە کوردانی ڕۆژئاڤا دەکەم هەرچی زووە چەفیە و عەگالیان پێ تەرک بکەن -واتە بە ئێزیدییەکان-“، یانیش دیسانەوە ئەو دەمەی باسا دەڵێت: “زمان و نەتەوە لە پێش ئایینەوەن… من وەفام بۆ سەرپۆش و کەوا و کراسی دایک و نەنکی خۆم هەیە، بۆ ئەوان نەمبێ بۆ ئێوەش – واتە عەرەب و موسوڵمان- نامبێت…”.
لەم نموونانەدا دەردەکەوێ نووسەر بێجگە لەوەی ئاگاداری جوانییەکانی (جیاوازییەکانی) و گرنگییەکانی “ناسنامە”یە. ئاگاداری گرنگییەکانی “دەوڵەت”یشە وەک دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتی پێویست بۆ نەتەوە و پاراستنی کەرامەتی مرۆیی هەر کۆمەڵگەیەکی تایبەت و جیاواز، هاوکات ئاگاداری گوتارە خاپینۆکەکانی پێکەوەژیان و برایەتییە و دەزانێ “هێز” فاکتەرێکی گرنگ و تەنانەت یەکلاکەرەوەیە لە چارەنووسی نەتەوەکان و ناوچەکەدا، دەیەوێ خوێنەریش سەبارەت بەمانە هۆشیار بکات.
هەرچەند نە بەرد بە وشە نەرم دەبێت و نە داعش، هەرچەند ڕێی تێ ناچێ لە واقیعدا داعش ئەو شمشێرە بێت کە لە ئاستی هەق و ڕاستیدا بچێتەوە کالانەکەی خۆی، بەڵام ئەمە خەیاڵە و خواستە و پەیام کە بە گشتیی لە ئەدەبیات و بەتایبەتیی لە ژانری ڕۆماندا بەدی دەکرێت، هەرچەند مۆنۆلۆگ و دیالۆگەکان سادەن و لەوانەیە ڕەخنەگرانی ئەدەبیی کۆی ڕۆمانی “ئامێزی گورگ” وەک ڕۆمانی “کچانی مەلەک تاوس” بە “سادە” هەڵبسەنگێنن، بەڵام ئەم ڕۆمانەی حەمەفەریق حەسەن لانی کەم، وانەیەکە. وانەیە بۆ ڕۆماننووس و چیرۆکنووس، بۆ ئەدیبانی ئێمە، کە تراجیدیا و ڕووداوی کوردیی دەکرێ ببنە بابەتی نووسینەکانیان، ببنە بابەتی پێویست و ببنە بابەتێکی بەپیت بۆ نووسینی بەپێز.
لە کۆتاییدا، بە لای منەوە بایەخی هەرە سەرەکی ڕۆمانی “ئامێزی گورگ” لەوەدایە کە کۆی ڕەگەزەکانی کوردییە یان پەیوەستن بە کوردەوە و دەیەوێ ئینتما و هۆشیاریی دروست بکات و تراجیدیاکانی لەبیر نەچێتەوە و ببێتە هۆشیاریی و ئەم هۆشیارییەش لەگەڵ ئیرادەی سیاسی کۆ بکاتەوە. ئەم بەرهەمە نقورچەیەکە لە خەون و جیهانبینیی و لە کولتووری کوردیی تا هۆشیار ببێتەوە و ئامادەیی هەبێت بۆ بەرەنگاریی دۆخ و هێرشی لەو چەشنە کە پێدەچێت نەبڕابێتەوە و بییەوێ ڕووبداتەوە.