سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

پێگەی جیۆسیاسی ڕۆژئاوای کوردستان و شەڕی ئيسرائيل و بەرەی ئێران

ململانێ و شەڕی ئيسرائيل لەگەڵ بەرەی ئێران لێکەوتە و کاريگەریی لەسەر زۆر هاوکێشەی سياسی و دەوڵەت و پرسی هەرێمیی و نێودەوڵەتیی هەبووە و دەبێت. یەکێک لەوانە کاريگەرييەتی لەسەر کورد بە گشتی و ڕۆژئاوای کوردستان بە تايبەتی. لەگەڵ هاتنەوەی دۆناڵد تڕەمپ بۆ سەرۆکایەتی ئەمريکا، ئەو ململانێيە دەچێتە قۆناغێکی نوێ، جارێ ڕوون نييە قۆناغە نوێيەکە بەرەو فراوانبوونی جەنگەکە دەچێت یاخود بۆ ئارامکردنەوەی دۆخەکە، هەردوو ئەگەرەکە کراوەیە. بەڵام ئەوەی چاوەڕوانکراوە ئەوەیە تڕەمپ و ئيدارەکەی زیاتر پشتگيری بەرژەوەندييەکانی ئيسرائيل دەکەن، واتە ئەگەر جەنگەکە بەرەو فراوانی و توندتر بڕوات، ئەوا ئەمريکا لە ڕووی سەربازييەوە پشتگيریی زیاتری ئيسرائيل دەکات، تەنانەت لەوانەیە بەشداری لە شەڕەکەش بکات. ئەگەر کۆتایی بەجەنگەکە بهێنرێت لە سەردەمی تڕەمپ، ئەوا دەبێت ڕێککەوتن  وئاگربەستەکە بەو شێوەیە بێت کە زیاتر لە بەرژەوەندی ئيسرائيل بێت.

جوگرافيای بەرەی ئێران

لە پاش لاوازکردنی حەماس و وێرانکردنی غەززە، لە ئێستادا دوو سەرەکيترين شوێن لە گۆڕەپانی ململانێکە، سووريا و لوبنان-ـە کە هەردووکيان بەشێکن لە بەرەی ئێران و سنووريان هەیە لەگەڵ ئيسرائيل. لە سووريا پاسداران و حيزبوڵا و ميليشياکانی تری سەر بە ئێران هەن، لە لوبنان حيزبوڵا هێزی سەرەکييە. ئێران لە ڕێگەی عێراق-ەوە دەگاتە سووريا و پاشان لوبنان. سنووری نێوان سووريا و عێراق دەروازەی سەرەکييە بۆ لایەنی لۆجيستی و ناردنی چەک و هاوکاری ئێرانی بۆ ميليشياکان لە گۆڕەپانی سووريا و لوبنان. بە هۆی هەڵوێست و سياسەتی بەشار ئەسەد لەم جەنگەدا، سووريا جارێ نەبووەتە بەرەی شەڕێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئيسرائيل. بەڵام ڕێگای سەرەکييە بۆ گەيشتنی هاوکارييەکانی ئێران بۆ حيزبوڵا لە باشووری لوبنان، کە لە ئیستادا گۆڕەپانی سەرەکی شەڕی ئيسرائيل و بەرەی ئێران-ـە. ئيسرائيل هەوڵدەدات لە ڕێگەی چاودێری و بۆمبارانکردنی سنووری سووريا-لوبنان ڕێگری لە گەيشتنی ئەو هاوکارييانە بکات. بەڵام بە هۆی سەختی و فراوانیی ئەو ناوچەیە و هەبوونی چەندين ڕێگای نهێنی و تونێل، کارێکی قورسە تەنيا لە ڕێگای چاودێری و هێرشی ئاسمانييەوە ڕێگرييەکی تەواو لەو جموجۆڵانە بکرێت. تەنانەت بە هێرشی زەمينی و داگيکردنی ئەو ناوچانەش، ئەوا هەر ئەستەمە ئەو سنوورە کۆنتڕۆڵ بکرێت. چونکە لە ئەگەری ئەنجامدانی هێرشێکی زەمينی لە لایەن سوپای ئيسرائيل-ـەوە، ئەوا بە ئەگەری زۆرەوە تەنيا ئەو بەشەی سنووری نێوان ئەو دوو دەوڵەتە داگير دەکات کە لە سوورياوە لە پارێزگای “القنيطرة” تا ديمەشق، لە لوبنان-ـەوە باشووری وڵاتەکە دەگرێتەوە. بەڵام سنووری نێوان ئەو دوو دەوڵەتە لەوە درێژترە و لەناو سوورياوە دەگاتە پارێزگای حمس و تەرتوس، لەناو لوبنان-ەوە دەگاتە باکووری وڵاتەکە. واتە ئەگەر ئيسرائيل بيەوێت هەموو ئەو سنوورە بگرێت، ئەوا دەبێت سوپاکەی هێڵێکی سنووری داگيربکات کە لە باشووری سووریاوە دەگاتە ڕۆژئاوا، لە باشووری لوبنان-ەوە دەگاتە باکوور. ئيسرائيل ئەستەمە ئەم بڕيارە بدات، چونکە کات و وزە و قوربانی و تێچوونێکی زۆر گەورەی دەوێت.

لەبەر ئەوە، ئيسرائيل بۆ ئەو مەبەستە دەکرێت پلانێکی ئاسانتر و واقعيتر، کە زیان و تێچوونی بۆ خۆی کەمتر بێت، جێبەجێ بکات. ئەويش بريتييە لەوەی کە ڕێگری بۆ ئێران لە سنووری نێوان عێراق و سوورياوە، درووست بکات. ئەوکات جگە لە حيزبوڵا، ميليشياکانی ئێران لە سوورياش لاواز دەبن. سنووری نێوان عێراق و سووريا دەوروبەری ٦٠٠ کيلۆمەترە، لە خاکی عێراق-ەوە زۆربەی دەکەوێتە ناوچەی ئەنبار، لە سووريا-وە لە ئەلبوکەمال-دێرەزوورەوە درێژ دەبێتەوە تا ناوچەی تەنەف. لێرەوەیە گرنگييەکی گەورەی ڕۆژئاوای کوردستان و هەسەدە دەردەکەوێت.

بۆچی ڕۆژئاوای کوردستان؟

ڕۆژئاوای کوردستان و هەسەدە، بە بەراورد بە پارچە و هێزەکانی تری کوردستان، پێگەیەکی تايبەتتر و گرنگتریان هەیە لە هاوکێشەی ململانێی ئيسرائيل و ئێران، ئەم گرنگييە لە هەردوو ئەگەرەکە (کۆتای پێهێنانی جەنگەکە یان فراوانبوونی) بەدی دەکرێت، چونکە:

یەکەم، ئەوەی لەسەرەوە ئاماژەی پێکرا سەبارەت بە داخستنی سنووری نێوان عێراق و سووريا لەبەردەم چەک و هاوکارييەکانی ئێران، ئامادەترين و گونجاوترين هێز بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو سنوورە هەسەدە-یە. چونکە بەهێزترين گرووپی ناو سووريا-یە کە سەر بە بەرەی ئێران نييە و لە بەرەی ئەمريکایە. لە ڕووی هەژموونەوە هەسەدە بەشێکی گەورەی پارێزگای دێرەزوور کۆنتڕۆڵ و حوکم دەکات، کە دەروازەی ئەلبوکەمال بەشێکە لێی و لە ژێر دەسەڵاتی ميليشياکانی سەر بە ئێران بوو، چەند ڕۆژێکە عەشيرەتە عەرەبەکانی ئەو ناوچەیە، لە پاش درووستبوونی کێشە لەگەڵ ئەو ميليشيانە، دەسەڵاتیان بەسەر ئەو دەروازەیەدا هەیە. هاوکات، چەند ساڵێکە دەنگۆی ئەوە هەیە کە ئەمريکاش خوازياری ئەوەیە هەسەدە کۆنتڕۆڵی ئەو هێڵە سنوورييە بکات کە لە ئەلبوکەمال-ەوە دەگاتە تەنەف (سنووری نێوان عێراق و سووريا). ئەگەر ئەوە ڕووبدات ئەوا بنکە سەربازييەکانی ئەمريکا لە ڕۆژئاوای کوردستان بە ڕێگای وشکانی لە سووريا-وە دەگەن بە بنکە سەربازييە گرنگەکەی ئەمريکا لە ناوچەی تەنەف کە لە ئێستادا لە یەک دابڕاون. ئەمە پێگەی ئەمريکا بەهێزتر دەکات بەرامبەر بە پێگەی ڕووسيا و ئێران لە سووريا.

ئيسرائيل لە هەردوو ئەگەرەکە (فراوانبوون یان کۆتایی هاتنی جەنگەکە) دەيەوێت هاوکاری و چەکی ئێران نەگاتە حيزبوڵا بە بەردەوامی. ئەمەش بە بێ ڕوودانی گۆڕانکاری لە سنووری نێوان عێراق و سووريا، ڕوونادات. گونجاوترين و ئامادەترين لایەن بۆ ئەنجامدانی ئەو گۆڕانکارييە هەسەدە-ی ڕۆژئاوای کوردستان-ە.

دووەم، بەهێزبوونی پێگەی کورد بە گشتی و ڕۆژئاوای کوردستان بەتايبەتی یەکسانە بە لاوازبوونی پێگەی بەرەی ئێران. هەر فراوانبوونێکی سنووری دەسەڵاتی هەسەدە بەرەو سنووری نێوان عێراق و ئێران، مانای لەدەستدانی ناوچەی هەژموونە لە لایەن بەرەی ئێرانەوە کە لەو ناوچانەدا زاڵن. ئەمەش دەکرێت لە ئەنجامدا ببێتە مایەیی بەدیهێنانی ئەو ئامانجەی ئيسرائيل کە لەسەرەوە ئاماژەی پێدرا. بە تايبەت کە یەک-دوو ساڵێکە هەسەدە ئەوەندەی کێشە و شەڕی لەگەڵ ميليشياکانی ئێران هەیە، ئەوەندە لەگەڵ تورکيا نەيبووە.

سێیەم، لە گۆڕەپانی سووريا چەندين گرووپی چەکدار و لایەن هەیە کە ناوچەی جياجيا حوکم دەکەن. بە گشتی، جگە لە هەسەدە، لایەنەکانی تر دابەش دەبنە سەر دوو گرووپی سوننەی توندڕەو و گرووپی شيعەی توندڕەوی سەر بە ئێران کە هەردووکيان دژە جوو و ئيسرائيل-ن وەک ئايدۆلۆجیا و دۆکتراین. هەرچەند لە ئێستادا گرووپە سوننەکان و ئيسرائيل بەرژەوەندی هاوبەشيان هەیە کە دژایەتیکردنی بەرەی ئێران-ە، بەڵام ئەم دۆخە کاتييە و متمانەی نييە. تەنيا هەسەدە و ڕۆژئاوای کوردستان دژە ئيسرائيل نين.

چوارەم، بەهێزبوونی ڕۆژئاوای کوردستان یەکسانە بە مانەوەی سووريا وەک دەوڵەتێکی لاواز و پەرتەوازە و پڕ لە قەيران، ئەمەش لە بەرژەوندی دوور مەودای ئيسرائيل-ە.

لەبەر ئەم هۆکارانە و چەندين هۆکاری تر کە وەزيری دەرەوە و چەندين کەسایەتی و ميديای ئيسرائيل لەم کاتەدا بە ئاشکرا باس لە کورد و گرنگی هاوپەيمانی کورد و ئيسرائيل دەکەن. چونکە ئەگەر کورد هيچ پەيوەندی و وەڵامێکيشی نەبێت بۆ داواکارييەکانی ئيسرائيل، ئەوا بەهێزبوونی پێگەی کورد ئەگەر ئێران لاوازيش نەکات، فشارێکی گەورەی لێدەکات. بێ گومان بۆ تورکياش هەمان شت ڕاستە، بەڵام ئيسرائيل مەبەستی ئێرانە لەم کاتەدا نەک تورکيا.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO