لەم زنجیرە بابەتە کە تەوەرە سەرەکییەکانی خەباتی چەکدارییە تائێستا باسمان لە ژمارەیەک دەرکەوت و بەرئەنجامی نەرێنیی کردووە. لە بەشی یەکەم پێداگریمان لەسەر ئەوە کرد کە خەباتی چەکداریی وا دەکات بزووتنەوە کوردستانییەکان پشت بە داگیرکەرانی کوردستان ببەستن و جڵەو و ئاراستەی بزووتنەوەکەش لە دەست بدەن. لە بەشی دووەم باسمان لە خەباتی چەکداریی کرد وەک شێوازێکی باونەماو لە خەباتدا، لەوێدا جەختمان لەسەر ئەوە کردەوە کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا، خەباتی چەکداریی بۆتە مایەی شکستی بەردەوام بۆ حیزب و لایەنە کوردستانییەکان. لەم بەشە تاوتوێ پەیوەندی نێوان خەباتی چەکداریی لەگەڵ چەند دەرکەوتەیەکی دیکەی نەرێنیی دەکەین و ئەوە دەخەینەڕوو کە چۆن خەباتی خەباتی چەکداریی بۆتە مایەی هەڵگیرسانی شەڕی براکوژی و پاوانخوازیی و فرەلەشکریی نەک تەنیا لەنێوان حیزب و لایەنەکانی پارچەیەکی کوردستان بەڵكوو لەنێوان حیزب و لایەنە پارچە جیاجیاکانی کوردستان.
شه‌ڕی براکوژی
وەک پێشووتر ئاماژەی پێ کرا، خه‌باتی چه‌کداریی به‌گشتی و چالاکییه‌کانی پێشمه‌رگه له شاخ و شاره‌کان کاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆ و به‌رچاوییان هه‌بووه له وروژاندن و خرۆشاندنی هه‌ست و نه‌ستی شۆڕشگێڕانەی جه‌ماوه‌ر. به‌ڵام به چاوخشانێکی خێرا به مێژووی بزووتنه‌وه کوردستانییه‌کان دیارده‌یه‌کی کوشنده دێته‌به‌رچاو که کاریگه‌رییه‌کی زۆر نەرێنیی له‌سه‌ر ڕه‌وتی بزووتنه‌وه‌کاندا داناوه و زۆرجاریش بۆته مایه‌ی داڕمانی متمانه به هێزی پێشمه‌رگه، ئه‌ویش شه‌ڕی ناوخۆیه.
دوا بەدوای شکستی ١٩ ڕاپەڕینی چەکداریی لە باکووری کوردستان و ڕاپەڕینەکانی شێخ مەحموود و بارزان لە باشوور، هەروەها ڕووخانی کۆماری مەهاباد، شۆڕشی ئه‌یلول لە باشوور ده‌کرێت به سه‌رتایه‌کی نوێ دابنرێت لە بزووتنەوە کوردستانییەکان، لانیکەم لە ڕووی ڕێکخرابوونیانەوە، کە پارتێکی سیاسیی ڕابەرایەتی دەکردن نەک وەک ئەوانەی پێش ئەمان کە بەگشتی شێخ و سەرۆک عەشیرەتەکان سەرکردایەتیان دەکردن. بەگشتی، بزووتنەوە و ڕاپەڕینەکانی دوای جەنگی دووەمی جیهانی لەو خاڵەدا لەوانی پێش خۆیان جیا دەکرانەوە. سەرەڕای ئەوە، هێزی پێشمه‌رگه له شۆڕشی ئەیلول (١٩٦١-١٩٧٥) و جوڵانەوەکانی دوای ئەویش بە سەرکردایەتی حیزبە کوردستانییەکان، وەک: شۆڕشی نوێ/گوڵان (١٩٧٦-١٩٨٨) و شۆڕشی ڕۆژهەڵات (١٩٧٩-تائێستا)؛ ڕاپەڕینی تەباخ (١٩٨٤-تائێستا) چه‌نده چه‌که‌کانیان به دژی داگیرکه‌ر و نه‌یارانی کوردستان به‌کارهێناوه ئه‌وه‌نده‌ش له دژی یه‌کدی له شه‌ڕی “براکوژی”دا به‌کاریان هێناوه. هه‌ر لایه‌نێک له‌لایه‌نه‌کانی شه‌ڕی براکوژی لایه‌نه نه‌یاره‌که‌ی تاوانبار کردووە و ده‌کات.
لەوانەیە کەسانێک هەبن که هۆکاری شەڕی ناوخۆ بگێڕنەوە بۆ جیاوازیی ئایدیۆلۆجی و عەقڵییەتی پارتی پێشەنگ (الحزب الطلیعي)، ململانێ لەسەر دەسەڵات و سامان، دەستوەردانی هێزە داگیرکەر و دەرەکییەکان، تێنەپەڕاندنی عەقڵییەت و هەستی عه‌شیره‌تگه‌ریی و ناوچه‌گه‌ریی لەلایەن هێز و لایەنە کوردستانییەکان، تێنەگەیشن لە هاوچارەنووسیی و هەست نەکردن بە بەرپرسیارەتیی مێژوویی، لاوازیی هەست و هۆشیاریی نەتەوەیی و نیشتیمانیی کە باڵی کێشابێت بەسەر هەست و بیری تەسکی حیزبیی، هتد. ئه‌مانه و چه‌ندین هۆی دیکه هه‌موویان کەم تا زۆر کاریگه‌رییان هه‌بووه له‌سه‌ر هه‌ڵگیرسان یان به‌رده‌وامی شه‌ڕی ناوخۆیی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێمە مه‌به‌ستمانه په‌نجه‌ی له‌سه‌ر دانێین ئه‌وه‌یه که خه‌باتی چه‌کداریی یان بوونی هێزی چەکدار، واتە ئامادەیی چەک و چەکدار، میکانیزم و زه‌مینه‌ی شه‌ڕی براکوژی دێنێته‌گۆڕێ. لانیکه‌م، ده‌توانین به‌دڵنیاییه‌وه بڵێین که بوونی هێزی چه‌کدار فۆرمه‌کانی لێک حاڵینه‌بوون و یه‌کدی قه‌بوڵنه‌کردن و پێشبڕکێ له فۆرمی دژایه‌تیکردنێکی ساده دەگۆڕن بۆ فۆرمێکی خوێناوی. ئه‌مه بێجگه له‌وه‌ی که پێکدادانی چه‌کدارانه کاره‌ساتی دڵته‌زێنی به‌دواوه‌یه و چاره‌سه‌رکردنی ململانێکان و کێشه‌کان دوای خوێنڕشتنیش ئاڵۆزتر و برینه‌کانیش قووڵتر ده‌کەن.
له فه‌زایه‌کی بێ چه‌ک، واتە بێ بوونی هێزی چەکدار دوورکەوتنەوە لە خەباتی چەکداریی وەک ڕێبازێک، ئاسۆی هۆشیارکردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر فراوانتر دەکات و لایه‌نه ئاژاوه‌گێڕه‌کانیش ده‌رفه‌تی پێکدادانی شه‌ڕئامێزیان نابێت. ئه‌و لایه‌نانه‌ی که گومانی نوکه‌رایه‌تیشیان لێ ده‌کرێت له نه‌بوونی چه‌کدا ده‌کرێت ئاسانتر ئاشکرا و ڕیسوا بکرێن. به‌ڵام که به چه‌ک هه‌وڵی له‌ناوبرنیان ده‌درێت له‌لایه‌ن نه‌یاره‌کانه‌وه، داگیرکەرانەوە، زیاتر و باشتر پشتیوانی سه‌ربازیی و لۆجستیان لێ ده‌کرێت، بەمەش زه‌لکاوی شه‌ڕه‌که قووڵتر ده‌بێت.
چه‌ک نه‌بێت خه‌ونێکی گه‌وره‌ی داگیرکەران و نه‌یارانی کورد زینده‌به‌چاڵ ده‌کرێت، چونکه توانای به‌گژیه‌کدادانی لایه‌نه کوردستانییه‌کان له‌ده‌ستیان دەرده‌چێت. چه‌کداربوونی لایه‌ن و حیزبه سیاسییه‌کان ئه‌گه‌ری شه‌ڕی ناوخۆیی بەردەوام زیندوو ڕاده‌گرێت. دێوەزمەی شەڕی ناوخۆ ئێستاکه‌ش له باشووری کوردستان هەر هەیە له‌نێوان یه‌کێتی و پارتی. به‌کورتی حیزبی چه‌کدار نەک هەر له قۆناغی ڕزگاریی نیشتیمانی بەڵكوو لە قۆناغی ده‌سه‌ڵاتداریش ئه‌گه‌ری ده‌ستبردنی بۆ چه‌کی لێ ده‌کرێت. بۆ؟ وەڵامەکە ئاسانە چونکە حیزبی چەکدار دوای هاتنە سەر حوکم ئامادە نییە هێزە چەکدارەکانی، کە وەک پارێزەری خۆی دەبینێت، لە چەک داماڵێت، یان بیانخزێنێتە نێو سوپایەکی بان-حیزبی و نیشتیمانیی، ڕێک وەک ئەوەی ئێستا لە باشوور دەبینرێت.
ململانێی سیاسی له هه‌موو شوێنێک و زه‌مه‌نێک بوونی هه‌یه و ده‌بێت. لە ڕاستیدا سیاسەت وەک زانست و وەک پراکتیز وەڵامگۆی ململانێکانە و مەبەست لێی ڕێکخستن و کەمکردنەوە و ئیدارەدان یان چارەسەرکردنیانە. سیاسەت تەنیا لەو شوێنە بوونی نییە کە یەک کەس بوونی هەیە، یەک کەسەکە بوو بە دوو، سیاسەت سەرهەڵدەدا. واتە، ئەو ململانێیانەی کە لە نێوان حیزب و لایەنە کوردستانییەکانیش هەیە سروشتییە و زادەی ئەو ڕاستییەیە کە ململانێ لە بوونی دوو کەس، دوو لایەن، دوو گرووپ، دوو حیزب، هتد، سەرهەڵدەدات. به‌ڵام چه‌ک و چەکداری کە زادەی ڕێبازی خەباتی چەکداریین، ململانێکان به ئاقارێکی نه‌ویستدا ده‌بات. بۆ نموونە، شه‌ڕی باڵی مه‌کته‌بی سیاسی بە سەرکردایەتی ئیبراهیم ئەحمەد و جەلال تاڵەبانی لەلایەک و گرووپەکەی دیکە لەناو پارتی بە سەرکردایەتی مەلا مستەفا بارزانی له شه‌سته‌کانی سەدەی ڕابردوو، یه‌کێتیی و پارتی له حه‌فتاکان و هه‌شتاکانی سەدەی ڕابردوو، یه‌کێتیی و بزووتنه‌وەی ئیسلامیی له نه‌وه‌ته‌کانی سەدەی ڕابردوو تا سەرەتای سەدەی بیست و یەکەم، کۆمه‌ڵه‌ی زەحمەتکێشان و حیزبی دیموکرات له هه‌شتاکانی سەدەی ڕابردوو، حیزبی دیموکرات و ڕێبەرایەتی شۆڕشگێڕ له نه‌وه‌ته‌کانی سەدەی ڕابردوو، په‌که‌که و هه‌رێم، په‌که‌که و پارتی، په‌که‌که و یه‌کێتیی، نموونه‌ی تاڵ، بەڵام زەقی، ئه‌و شه‌ڕه ناوخۆییانه‌ن که له نێوان لایه‌نه کوردستانییه‌کان ڕوویانداوه. خه‌باتی چه‌کداریی نه‌با به دڵنیاییه‌وه ململانێکان نه‌ده‌گه‌یشته ڕاده‌ی پێکدانانی چەکداریی و خوێنڕشتن و قڕکردنی یه‌کدی.
به‌ڵگه‌یه‌کی زه‌ق بۆ په‌یوه‌ندی خه‌باتی چه‌کداریی له‌گه‌ڵ شه‌ڕی ناوخۆیی ئه‌وه‌یه که مه‌ڵبه‌ند و گۆڕه‌پانی پێکدادانه‌کان شاخه‌کانی کوردستان بوون ده‌نا خۆ ئه‌م لایه‌ن و حیزبانه له‌ناو شاره‌کانیش ئه‌ندام و لایه‌نگریان هه‌بوو که‌چی کێشه‌کان له شاره‌کان هه‌رگیز به چه‌ک یه‌کلایینه‌کراونه‌ته‌وه. بێجگە لەمە، ململانێکانی نێو پارتی دیموکراتی کوردستان (مەلا مستەفا لەدژی ئیبراهیم ئەحمەد)، یان ئەوانەی نێوان حیزبی دیموکرات (عەبدولرەحمان قاسملۆ لەدژی ئەوانی دیکە) پێش دەست پێ کردنی خەباتی چەکداریش لە باشوور یان ڕۆژهەڵات بوونیان هەبوو، بەڵام تەنیا کاتێک ململانێکان بە چەک یەکلاییکرانەوە، ئەوکاتەی کە خەباتی چەکداریی دەستی پێ کرد.
شایەدی کەسێک، کە کورد گوتەنی سەری خۆی لەنێو ئەو باسوخواسانەدا سپی کرد، لەوانەیە پشتڕاستکردنەوەیەکی باش بێت بۆ ئەو ئارگیومێنتەی کە لێرە من پێداگری لەسەر دەکەم و دەڵێم خەباتی چەکداریی هۆکاری سەرەکی سەرهەڵدانی شەڕی براکوژییە. نه‌وشیروان مسته‌فا، کە لە شەستەکانەوە پەنجەی لەگەڵ بزووتنەوە کوردستانییەکان نەرم کرد تا مردنی لە ٢٠١٧دا، له کتێبی “په‌نجه‌کان یه‌کتری ده‌شکێنن” (ل 136) ده‌ڵێت “ڕاسته ناکۆکییه‌کان هه‌میشه له سه‌رچاوه‌ی سیاسییه‌وه هه‌ڵده‌قوڵان، به‌ڵام ئه‌گه‌ر حیزبه‌کان له‌شکری تایبه‌ت به خۆیانیان نه‌بوایه نه‌یان ئه‌توانی په‌نابه‌رنه به‌ر شه‌ڕی چه‌کداریی بۆ به‌لاداخستنی ناکۆکییه‌کان.” ئەمەش ڕێک ئەوەیە کە من جەختی لەسەر دەکەم، لە غیابی چەکدا پەنا بۆ ئامراز و شێوازی دیکە دەکرێت ببرێت بۆ یەکلاییکردنەوەی پرس و کێشە و ململانێکان، وەک گفتوگۆ، دانوستان، پێکهاتن، هتد. بەڵام کاتێك حیزبەکان خەباتی چەکداریی پەیڕەو دەکەن و ململانێی لەنێوانیان سەرهەڵدەدات ئیدی چەک دەبێتە ئەو ئامرازەی کە دەستی بۆ درێژ دەکرێت لەبری میکانیزمە مەدەنییەکان.
نموونەیەکی دیکە بۆ سەلماندنی پەیوەندی نێوان شەڕی براکوژی و خەباتی چەکداریی دۆخی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانە وەک حیزبێک. یەکگرتوو وەک حیزبێکی سیاسی کوردستانیی لە ١٩٩٤ دامەزراوە، لەو کاتەوە تا ئێستا لەو لایەنە دەگمەنانەیە کە لە شەڕی ناوخۆ نەگلاوە. یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەیە کە دەستەی چەکداری نییە و خەباتی چەکداریی نەکردووە بە ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، لانیکەم تا ئەمڕۆ. یەکگرتوو هێزی چەکداری هەبووایە، ئەگەری زۆربوو وەک لایەنەکانی دیکە لە شەڕی براکوژی بەشدار بووایە، جا حەزی کردبا یان نا.
لە هەمووی ترسناکتر ئەوەیە کە به بوونی چه‌ک توندوتیژییه‌کان ده‌گه‌نه ئاستی قڕکردنی یه‌کدی. بێجگه له‌مه بوونی چه‌ک کارئاسانی بۆ داگیرکه‌ران ده‌کات که هه‌وڵی ته‌شه‌نه‌کردنی ململانێکان بده‌ن و به‌ره‌و ئاقاری پێکدادان و خوێناوی ببەن.
لایه‌نه کوردییه‌کان به گشتی چه‌ک و تفه‌نگ له شان کردنیان وه‌ک سیمبوڵی خەباتی ڕزگارییخوازیی نیشتیمانیی ناساندوه، هیچ کامیشیان بوێری ئه‌وەیان نه‌کردووە که ئه‌و تێڕوانینه کۆن و ناوه‌ڕۆک چەپییانە یان خێڵه‌کییانە بگۆڕن. ئه‌مه وای کردووه که ده‌ست پێ کردن یان ده‌ست پێ کردنه‌وه‌ی خه‌بات هه‌میشه به ده‌رچوونی یه‌که‌م ته‌قه له تفه‌نگ بناسێنن. بۆ نموونە، یەکێتیی ١ی حوزەیران ١٩٧٥ دامەزراوە بەڵام دەستپێکی شۆڕشی نوێ لای یەکێتیی ئەو ڕۆژە نییە بەڵکوو ئەو ڕۆژەیە کە خەباتی چەکداریی دەست پێ دەکات، واتە ١ی حوزەیرانی ١٩٧٦. ئەمە بۆ پە}کە{کە-ش هەر ڕاستە، پەکەکە لە ١٩٧٨ دادەمەزرێت بەڵام لە دیدی حیزبەکە، شۆڕشی تەباخ لە دامەزراندنی حیزبەکەوە دەست پێ ناکات بەڵکوو لە دەست پێ کردنی خەباتی چەکداری لە ١٥ ی تەباخی ١٩٨٤. کاره‌سات له‌وه‌دایه ئه‌م ڕاستییه‌ی سه‌ره‌وه وای کردووه که هه‌ره‌سهێنانی بزووتنه‌وه چه‌کدارییه‌کان و کپبوونی تفه‌نگه‌کان به سه‌رنه‌که‌وتن و شکستی بزووتنه‌وه‌کە وه‌ک کۆیه‌ک ببینرێت. بۆنموونه، نسکۆی 1975 وه‌ک هه‌ره‌سهێنانێکی سه‌ربازیی نه‌ناسراوه به‌ڵکوو وه‌ک داڕمانی ته‌واوی شۆڕشی ئەیلول ناسێنراوە، سەرەڕای ئەوەی کە پارتی وەک حیزبێکی سیاسیی لە نسکۆدا کۆتایی پێ نەهات.
پاوانخوازیی و خه‌باتی چه‌کداریی
وەک ئاکامێکی دیکەی نەرێنی خەباتی چەکداریی، ئه‌زموونی کوردستان کاره‌ساتێکی دیکه له‌خۆ نیشان ده‌دات ئه‌ویش پاوانخوازیی و داگیرکردنی گۆڕه‌پانی خه‌باته، که تا ئێستا کاره‌ساتی گه‌وره‌ی لێکه‌وتۆته‌وه. لایه‌نه کوردستانییه‌کان له‌به‌رئه‌وه‌ی زیاتر خۆیان له ڕێگای ده‌سته چه‌کداره‌کانه‌وه ناساندووه و به‌گشتی له‌و شوێنانه توانیویانه خه‌بات بکه‌ن و ڕیشه‌داکوتن که چه‌کداره‌کانیان بوونیان هه‌بووه. بۆ نموونه یه‌کێتیی به گشتی له سۆران و پارتی له بادینان و حیزبی دیموکرات له موکریان و کۆمه‌ڵه له دەورەبەری سنە. ئەمە بۆ په+که+که له باکوور لەوانەیە زۆر ڕاست نەبێت بەڵام هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە ئەو حیزبە گۆڕەپانی خەباتی لە باکوور قۆرغ کردووە، بە باش یان خراپ.
حیزبە کوردستانییەکان، بۆ کاراکردنی چالاکییه‌کانیان له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی که هێزه‌کانیانی بەسەردا زاڵە هه‌وڵی ناردنی چه‌کداره‌کانیان داوه بۆ شوێنه‌کانی دیکه، واتە دەرەوەی سنوورەکانی خۆیان. ئه‌و کاره‌ساته‌ی که له 1978 له ناوچه‌ی هه‌کاری ڕوویدا به‌شێکی له ئاکامی پاوانخوازیی له‌لایه‌ن پارتی و ناردنی هێز بوو له‌لایه‌ن یه‌کێتیی-ه‌وه بۆ ناوچه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی قه‌ڵه‌مڕه‌وییه‌که‌ی. یه‌کێتیی له بڵاوکراوه‌کان باس له‌وه ده‌کات که زامنکردنی ڕێگه‌ی گواستنه‌وه‌ی چه‌ک له سووریا-وه هۆی سه‌ره‌کی ده‌رچوونی ئه‌و هێزه بوو. هه‌رچۆنێک بێت، هۆکاری پشت جووڵەی هێزەکانی یەکێتیی هەر چییەک بووبێت، شکاندنی پاوانخوازیی پارتی بێت یان گواستنه‌وه‌ی چه‌ک، هه‌ردووکیان په‌یوه‌ندییان به خه‌باتی چه‌کدارییه‌وه هه‌یه. به واته‌یه‌کی دیکه، خه‌باتی چه‌کداریی هۆکاری سه‌ره‌کی کاره‌ساتی هه‌کاری بووە. ئەگەر یەکێتیی خەباتی چەکداریی نەکردبا پێویستیی بەوە نەدەبوو کە بچێت ڕێڕەوی کۆمەک و یارمەتی و چەک و تفاق لە سووریا-وە بۆ کوردستان مسۆگەر بکات؛ بەهەمانشێوە، پارتی ئەگەر هێزی چەکداری نەبوایە ئەوە عەقڵییەتی پاوانخوازیی لەلای گەڵاڵە نەدبوو. بەهەر حاڵ، کارەساتی هەکاری کە بەرهەمی خەباتی چەکدارییە دوای زیاتر لە ٤٥ ساڵ برینه‌کانی به ته‌واوی سارێژ نه‌کراون.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، حیزبی دیموکرات و کۆمه‌ڵه بۆ ماوه‌ی چه‌ندان ساڵ له‌سه‌ر پاوانخوازی شه‌ڕیان کرد. بوونی چه‌کدارانی په‌که‌که له ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم تا ئێستا چه‌ندین شه‌ڕی لێ که‌وتۆته‌وه، ئێستاش ئه‌و ئه‌گه‌ر هه‌ر ماوه. هەردوو نموونە، هەردوو پاوانخوازیی، دەرکەوتەی خەباتی چەکداریین. پە=کە=کە بۆیە پێویستی بە بنەوبارەگایە لە باشوور چونکە خەباتی چەکداریی دەکات. کەسێک، کادیرێک، چالاکوانێکی هەدەپە/دەم پارتی لە قەندیل و گارە و مەتین نا‌بینیت، ئەوەی لەوێیە گەریلا چەکدارەکانی پە_کە-کەن.
بۆ چاره‌سه‌رکرنی ئه‌م دیارده‌یه که چه‌ندین نه‌هامه‌تی لێکه‌وتۆته‌وه، ده‌بێت لایه‌نه کوردستانییه‌کان گه‌شه به توانای ڕێکخستن و سازدان و وه‌گه‌ڕخستنی جه‌ماوه‌ر بده‌ن به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ ده‌سته چه‌کداره‌کان. کادر و ڕێکخه‌رانی جه‌ماوه‌ر پێویست ناکات چه‌کدار بن.
هه‌ڵئاواردنی دەستەبژێر و جه‌ماوه‌ر
ئاکامێکی نەرێنیی دیکەی خەباتی چەکداریی لێک جیابوونەوەی دەستەبژێری (نوخبەی) سیاسیی و خەڵکی کوردستانە. دامه‌زراندن و ناردنه شاخی ده‌سته چه‌کداره‌کان هه‌میشه یه‌که‌م کاری حیزب و ڕێکخراوه کوردستانییه‌کان بووه. ده‌سته چه‌کداره‌کانیش به‌گشتی له دەستەبژێری (نوخبەی) سیاسیی و ڕووناکبیریی هه‌ره لێهاتوی حیزبه‌کان و ڕێکخراوه‌کان بوون. هه‌رزووش ڕه‌وانه‌ی شاخ و داخ و ئه‌شکه‌وته‌کان کراون. به‌م کاره بزووتنه‌وه کوردستانییه‌کان دوو هه‌ڵه‌ی جه‌رگبڕیان کردووە، یان بڵێین دوو ئاکامی خراپی لێ که‌وتۆتە‌وه. یه‌که‌میان، جیاکردنه‌وه و دوورخستنه‌وه‌ی نوخبه‌ی ڕووناکبیرو ڕابه‌رانی بزووتنه‌وه‌که بووە له جه‌ماوه‌ری شار و شارۆچکه‌کان، ئەو شوێنەی کە پێگەی سەرەکی چینی ناوەند و خوێندەوار و پیشەگەرەکانە. دووه‌میان، له ده‌ستدانی ڕۆڵه هه‌ڵکه‌وتووه‌کانی ناو ئه‌و دەستەبژێرە بووە له شه‌ڕه نابه‌رابه‌ره‌کاندا. شه‌هیدبوونی هەزاران سه‌رکرده که له ته‌مه‌نێکی کورتی خه‌بات گیانیان له ده‌ستداوە ده‌کرێت به نموونه بهێنینه‌وه، وەک شەهید فوئادی مستەفا سوڵتانی (تەمەن ٣٠ ساڵ) لە ڕۆژهەڵات، شەهید ئارام (شاسوار جەلال، تەمەن ٣١ ساڵ) لە باشوور، شەهید مەعسووم کۆرکماز (تەمەن ٣٠ ساڵ) لە باکوور. له ده‌ستدانی ئه‌و هه‌موو شه‌هیده ڕووناکبیره زه‌ره‌رێکی ئێجگار گه‌وره‌یه که له بزووتنه‌وه یه‌ک له دوای یه‌که‌کانی کوردستان که‌وتووە، بەتایبەتی لە ڕووی گەشەی فکریی و ستراتیجی بزووتنەوەکان. بێگومان په‌نابردن بۆ چه‌ک هۆی هه‌ر سه‌رکیی شه‌هیدبوونیان بووە.
ئه‌و دەستەبژێرە که ڕه‌وانه‌ی شاخ و دۆڵه‌کان ده‌کرێن ئه‌گه‌ر شه‌هیدیش نه‌بن ئه‌وه به حوکمی دوورکه‌وتنه‌وه‌یان له جه‌ماوه‌ر کاریگه‌رییه‌کی ئه‌وتۆیان له‌سەر ڕه‌وتی ڕووداوه‌کان له‌ناو شار و شارۆچکه‌کاندا نەدەما. ئه‌وان له‌به‌رئه‌وه‌ی به ڕۆژ له شاخه‌کان (لەم سەردەمەشدا لەنێو تونێلەکان) زۆربه‌ی کاتیان به‌سه‌رده‌برد و به شه‌و به ماندویی و شه‌که‌تی له‌ناو دێهاته‌کان له‌گه‌ڵ بوونی ترسێکی زۆر له دوژمن نه‌یانده‌توانی وه‌ک پێویست جه‌ماوه‌ر ڕێکبخه‌ن و وەگەڕبخەن. دیاره ئه‌وه به‌و مانایه نییه که له دێهاته‌کان کار نه‌کراوه یان له شاره‌کان ڕێکخستنه‌کان بوونیان نه‌بووه، به‌ڵکوو مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه ئه‌و دەستەبژێرە که ده‌بوایه له ناو خه‌ڵک با له‌به‌ر په‌نابردن بۆ چه‌ک سنووری کاره‌کانیان له ناوچه‌یەکی دیاریکراو قه‌تیس ده‌بوو، کاتێکیش شه‌هید ده‌بوون کاریگەرییان کۆتایی پێ دەهات. له مێژووی کورد-دا چه‌ندین ڕێکخراو له شار له دایکبوون و له شاخ وه‌ک ئاردی ناو دڕکیان لێهاتووه، بۆ نموونە حیزبی هیوا. هۆی ئه‌مه‌ش دیسان هه‌ڵپه‌کردنه بۆ خه‌باتی چه‌کداریی.
لە بەشی داهاتوو گفتوگۆی چەند دەرکەوتەیەکی نەرێنیی دیکەی خەباتی چەکداریی دەکەین، لەوانە چۆن خەباتی چەکداریی کوردستانی کردووە بە کێڵگەی شەڕ و چۆن بۆتە مایەی دڵخۆشکردنی داگیرکەرانی کوردستان.