کاردۆ ئەسعەد
ئامەد سپۆر یانەیێکی کوردی باکووری کوردستانە، لە 1972 دامەزراوە. ئەم یانەیە پێک دێ لە یانەی تۆپی پێی پیاوان و ئافرەتان و تیمی باسکەی ئامەد سپۆر. تیمی پیاوانی تۆپی پێی ئامەد سپۆر گرنگترینی یانەکەیە، لە ئێستادا لە خولی لیگی یەکی تورکیا یاری دەکەن. یانەکە خاوەنی یاریگای تایبەتی خۆیەتی بەناوی “یاریگای دیاربەکر” کە جێگای 33 هەزار هاندەر دەبێتەوە. بەپێی سەرچاوەکان یانەکە تەنیا لە ئامەد خاوەنی زیاتر لە 250هەزار هاندەرە، لە تەواوی تورکیاش، مەزەندە دەکرێت کە یەک ملیۆن هاندەری هەبێت.
یانەی ئامەد لە تەواوی ژیانی وەرزشی خۆیدا حەفت جار ناوەکەی گۆڕیوە ئەمەش لەبەر فشار و هەڵوێستە شۆڤێنییەکانی دەوڵەتی تورک و سزاکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا بووە. کۆتا جار لە 2015 بوو کە لە چوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتی نێوان کورد و تورک-دا ڕێگەدرا ناوی یانەکە ببێتە ئامەد. ئەمەش مایەی دڵخۆشی بوو بۆ سەرجەم هاندەرانی یانەکە و بەڕێوبەرانی، چونکە پێشووتر نەیان دەهێشت بە هیچ شێوەیەک ناوی ئامەد بهێنرێ لەبەر ئەوەی ناوێکی تەواو کوردیە و پەیوەندی بە ئیمپڕاتۆریەتی مادەکان-ەوە هەیە. بۆیە بەزۆر ناوەکانی وەکوو دیاربەکر و مەلیک محەمەد و توران سپۆری بەسەردا سەپێنرا بوو. ئەمەش بۆ ئەوەبوو ڕێگە بگرن لەوەی یانەکە سیمایەکی کوردی وەرگرێ. توران سپۆر بەمانای ئەوە دەهات کە یانەکە لە ڕەگەزی تورانییەکانە، لەکاتێکدا شاری ئامەد شارێکی کوردییە و کوردیش لە ڕەگەزی تورانی و تورکەکان نییە. بەڵام تورکەکان هەمیشە بەهەستێکی ڕەگەزپەرستانە هەوڵی تواندنەوە و ئاسمیلەکردن و بەتورککردنی کوردیان داوە هەر بۆیە بەزۆر ناوی تورانیان بەسەر ئەو یانەیەدا سەپاند بوو. ناوی دیاربەکر-یش بۆ بەعەرەبکردنی شارەکەیە وەکو دەڵێن شاری خێڵی بەکری عەرەبییە، بەڵام سەرچاوە مێژوویەکان ئەم چیرۆکە ڕەت دەکەنەوە.
هەموو ئەوانە دەری دەخەن کە فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا هەوڵی ڕەگەزپەرستانەیان داوە بۆ سەپاندنی ناو بەسەر یانەکەدا. لەم دوایانەدا دووبارە فیدراسیۆن زەختیان لە یانەکە کردووە بۆ ئەوەی ناوەکە بکەنەوە بە دیاربەکر و تەنانەت ڕەنگی درێسی یانەکەش بگۆڕن. یانەکە پێیان وایە کە لەبەر کوردبوون دژایەتیان کراوە، چونکە لە هیچ شوێنێکی ئەم دنیایە ئەوەندە گیر بە یانەیەک نەدراوە لەبەر ناوێک و ڕەنگی درێسی یانەیەکی تۆپی پێ کە وا پێدەچێ تورکەکان لەخودی ناوی کوردی و ڕەنگەکانی نزیک لە ئاڵای کوردستان بترسن. بەهەموو پێوەرێک ئەو جیاکاریی و تاوانانەی بەرانبەر یانەکە دەکرێ پێمان دەڵێن کە هەوڵەکان ڕەگەزپەرستیە و پەیوەندی بە وەرزشەوە نییە.
گرژی و ئاڵۆزی و تاوانەکان بەرانبەر ئامەد سپۆر
کێشەی نێوان کورد و تورک ڕەگ و ڕیشەیەکی زۆر کۆنی هەیە، تاوەکوو ئێستاش ئەم کێشەیە کۆتایی پێ نەهاتووە و بەردەوامە، لایەنی زوڵم لێکراو بەپێی سەرجەم بەڵگە و سەرچاوەکان کوردە. هەر لەدوای ڕووخانی عوسمانییەکان و دروستکردنی دەوڵەتی نوێی تورکیا لەلایەن ئەتاتورک، کوردەکان ڕووبەڕووی هەزاران تاوانی دژەمرۆیی بوونەتەوە لەڕووی جەستەیی و کولتووری و زمانەوانی و شوناسی نەتەوەیی و سەرجەم کایەکانی ژیان و مافە سەرەتاییەکانی هاووڵاتییبوون و مرۆڤ بوون. کوردەکان لە باکووری کوردستان و تورکیا زۆر هەوڵیانداوە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان لەڕێگای ڕاپەڕین و شۆڕشی چەکداریی و مەدەنی و دروستکردنی حیزب و خ پاڵاوتن بۆ پەرلەمانی تورکیا.
دیارترین حیزبەکان پا*رتی کرێ^کارانی کوردستان-ە کە لەڕێگای خەباتی چەکدارییەوە ویستی مافەکانی کورد بەدەست بخا. هاوکات، چەندین جاریش هەوڵی داوە بە ئاشتی و گفتوگۆ بگەن بە چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا. هەمیشە دەوڵەتی تورک پێشنیارەکانی پار^تی کرێکا*رانی کوردستانی قبوڵ نەکردووە و پشتگوێی خستووە، تاوەکوو ساڵانی 2012-2015 کە پڕۆسەی ئاشتی هاتە ئاراوە و زەمینەیەکی زۆر باشی بۆ ئارامی و ئاشتی و بەدەستهێنانی مافەکانی کورد سازاند. لەم بۆشایەش یانەی ئامەد بەدەرکەوت و زیاتر ئازاد بوو، ئەوەبوو لە 2016 ئامەد سپۆر 2-1 لە بۆرسا سبۆری بردەوە لە قۆناغی 16ی جامی تورکیا و یەکەم جار بوو لە مێژووی یانەکە سەرکەوێ بۆ قۆناغی چارەگی کۆتایی. هەردوای ئەم بردنەوەیە هاندەرانی یانەکە سزا دران و قەدەغەیان کرد بەرانبەر یاریەکەی فەنارباخچە ئامادەبن بەهۆی ئەوەی گوتیان ئەندامانی پار^تی کرێ*کاران لەناو ڕیزی هاندەران دابوون و کۆمەڵێک پڕوپاگەندەی تری درۆینە و دروستکراو.
لەسەر ئەم ڕووداوە یاریزان دێنیز ناکی لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا بۆ 12 یاری سزادراو و 19,500 لیرەی تورکی بەسەردا سەپێنرا لەبەر تویتێک کە تۆمەتباریان کرد بەوەی پشتگیری پار{تی کرێ{کارا}نی کوردستانی کردووە، بەڵام تویتەکە پاڵپشتی بوو لە هاندەرانی یانەکە. هەر لەهەمان ڕۆژدا هەڵیانکووتایە سەر ئۆفیسی یانەی ئامەد سپۆر بەهۆکاری ئەوەی نەوەک ئەم تویتە تیرۆرستییە لە کۆمپیتەرەکانی ئۆفیسەکەدا کرابێ.
لە 2016، لە یاری بەرانبەر یانەی فاتیح کاراگومروک، تەنیا بەهۆی چەپڵە لێدان یانەی ئامەد سپۆر بە 4000 لیرەی تورکی سزا درایەوە.
تورکەکان بە چاوێکی ڕەگەزپەرستانەوە سەیری یانەی ئامەد سپۆر دەکەن و پێیان وایە یانەکە بووەتە مەیدانێک بۆ کوردبوون و زیندوبوونەوە و بەخشینی هەست و سۆزی کوردایەتی بە کوردەکان. ئەمەش شتێکی ئاساییە و ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە کە خەڵکی ئامەد و کورد لە تورکیا هەمیشە بە ژێردەستە و داگیرکراو سەیری خۆیان دەکەن و مامەڵەی ڕەگەزپەرستانەی تورکەکانیش زیاتر ئەمەی تۆخ کردۆتەوە.
دەتوانین بڵێین یانەی ئامەد وەکوو یانەی بەرشلۆنەی کەتەلۆنیا وایە و بارودۆخیان لەیەکتری نزیکە، تەنیا لە 2016 بۆ 2019، زیاتر لە 64 جار هاندەرانیان سزا دراون و یاریگایان لێ قەدەغە کراوە. هەروەها هاندەرانی یانەی ئافرەتانیش لە 2018 تاوەکوو 2019 چەندین جار قەدەغە کراون، جگە لەوەی ئاڵای کوردستان و هوتافە کوردییەکانیش قەدەغەکراون و مامەڵەی تیرۆری لەگەڵ دەکرێ.
لە 2023، لە یاری نێوان ئامەد سپۆر و بۆرسا سپۆر گەورەترین مەترسی ڕووبەڕووی یانەکە بۆوە، کاتێک هاندەرانی بۆرسا سپۆر و گرووپێکی ڕەگەزپەرەستی تورکی هێرشیان کردە سەر هاندەرانی یانەکە و یاریزانەکانی ئامەد سپۆر بە چەقۆ و بەرد و دەبەی قورسی پڕ لە ئاو بەردباران کران و دەیان هوتافی ڕەگەزپەرستانەیان لە دژیان گوتەوە، کە بووە هۆی ئازاردانی جەستەیی و دەروونی یاریزانەکان و هاندەران.
بەپێی سەرچاوەکان، یانەی ئامەد سپۆر تاوەکوو ئێستا 130 جار سزا دراوە لە لایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا، هەروەها پێ بژاردنی زیاتر لە 500 هەزار لیرەی تورکی.
بەکورتی، یانەی ئامەد سپۆر زیاترە لە یانەیەکی وەرزشی. سەرەڕای ئەوەی ڕووبەڕووی دەیان جۆری تاوان و تاوانکاری ڕەگەزپەرستی و فاشیزمانە بۆتەوە بەڵام یانەکە هەمیشە ڕووی لە سەرکەوتن و پێشکەوتنە، هەرگیز کۆڵی نەداوە، بەقورسی کاریان کردووە بۆ سەرکەوتنی یانەکە لە گۆڕەپانی وەرزشدا و دڵخۆشکردنی هاندەرانیان. هاندەرانی یانەکە هەمیشە بەیەک دەنگ دەوەستنەوە دژی دروشمە جیاکارییەکان و سزادان و پەراوێز خستنیان، هەروەها جەختکردنەوە لەسەر کوردبوونی خۆیان وای کردووە ڕووبەڕووی زۆرترین هەڕەشە و سزادانی سیستەماتیک ببنەوە، کە هیوادارم یوفا و فیفا کۆتایی بەم هەوڵانە بهێنن و لە ئاستی ئەم یانە وەرزشییە مەزنە بێدەنگ نەبن.
لەکۆتاییدا دروشمەکەی هاندەران دەڵێمەوە: “باژارێ ئامەدێ پایتەختا دلێ کوردایە، باژارێ ئامەدێ باژارا شێر و ئازایە”.