نووسەر: بەرزوو ئەلیاسی
وەرگێڕ: حیسام (هیوا) خاکپوور
٢-٢
لە بەشی پێشووی ئەم بابەتە بە کورتی ئاماژەم بە کارە سەرەکییەکەی هانا ئارێنت سەبارەت بە بێدەوڵەتی کرد. لە ئەنجامی سیاسەتە جینۆسایدییەکانی ئەڵمانیای نازی لە دژی جووەکان، ئەزموونی خۆکەسیی ئارێنت لە بێدەوڵەتی وەک جووەکی ئەڵمانی، ناتوانرێت لە بەرهەمهێنانی یەکێک لە ئاڵۆزترین شیکارییەکانی بێدەوڵەتی و پراکتیزە جەوهەرییە تارێنەرەکانی دەوڵەت-نەتەوە بە کەم سەیر بکرێت. ئەو کتێبە دەقێکە کە پێویستە لە کۆدەقی مێژوویی و سیاسیی تایبەتی خۆیدا دابنرێت کە نازییەکان بە تەسفیەکردنیان لە ئۆردوگاکانی کوشتار و قڕکردندا “چارەسەری کۆتایی”یان بۆ جووەکان داڕشتووە. لەو کاتەدا ئارێنت خەریکی چوارچێوەبەندی بوو بۆ تیۆرییەک سەبارەت بە بێدەوڵەتی لە پەیوەندی لەگەڵ ئەزموونە ژیانکراوەکانی جووەکان کە کرابوونە تاقمێکی نەخوازراو لەنێو مرۆڤەکان، لە ئەنجامدا فڕێدرانە دەرەوە لە سیستەمی هاووڵاتییبوون لە ئەڵمانیا و ملیۆنان کەسیان جینۆساید کران. فیلیپس دەڵێت ئەو مەترسییە کوشندەیەی کە لەسەر جووەکان و جووبوون لە ئەوروپا-دا هاتە ئاراوە، ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە بۆچی ئارێنت سەرەڕای ناسنامە ئاڵۆزەکەی، “جوو”ی وەک تاکە وەڵامی گونجاو بۆ ئەو پرسیارە سەیر کردووە، کە تۆ کێیت؟ بە واتایەکی دیکە ئازار و عەزیەت و توندوتیژی دژی جووەکان ناسنامەیەکی پەرچەکردارانەی لەنێو دیاسپۆرای جووەکاندا دروستکرد و جستوجۆیانی بۆ ماڵێکی سیاسی، چڕتر کردەوە کە لە ئەنجامدا ئیسرائیل هاتە ئاراوە. باتلەر و سپیڤاک ئاماژە بەوە دەکات کە ئارێنت زۆر سەرقاڵی پرسی وابەستەیی (ئینتیما) و نیشتیمان بووە، واتە چۆن ئەم دوو چەمکە دەتوانن بەستێنێک بۆ ئیدیعای ماف و دەرکەوتنی گشتی دروست بکەن. هەبوونی شوێن و دەنگ پێویستی بە هەبوونی جۆرێک لە دەستڕاگەیشتن بە جیهانێکی هاوبەشە کە ئیمکانی کردەوەی سیاسی مسۆگەر بکات.
دەقی ئارێنت بە چڕی پەیوەندی بە مافەکانی مرۆڤەوە کرد و ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان بەو شێوەی لە جاڕنامەی مافەکاندا ڕاگەیەندراوە، بێبەش و حاشالێکراو نین بەڵام پێویستیان بە حکومەتێکە کە هاووڵاتییان بتوانن پشتیان پێ ببەستن و بتوانن کاتێک پێویستیان بە پاراستن و پشتیوانی هەیە پشتیوانییان لێبکرێت. ئەمەش ڕێک ئەوەیە کە جووەکان کاتێک لە سنوور و سنوورە نەتەوەییەکانیان فڕێدرانە دەرەوە، بێبەش بوون لێی و لە کیسیان چوو. لەو ساتەوەختەوە کە جووەکان مافە نەتەوەییەکانیان لە ئەڵمانیا لەدەستدا، ماڵی سیاسی و پشتگیریی حکومەت و مافە سیاسییەکانیان لەدەستدا، ئەمەیش بۆ ئەوە بوو ببنە شوێنکەوتووی خواستی سەرکردایەتی نازییەکان، واتە ببنە “چڵکی قیزەونی زەوی”. ئارێنت لە کاتی باسکردن لە ئۆردوگاکانی کوشتار، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە تەنها “مرۆڤ”بوون بەهۆی “ڕووتی دەرهەست و ئینتزاعی کە جگە لە مرۆڤ هیچی تر نییە” دۆخێکی مەترسیدارە. ئەم مەترسییە لە چوارچێوەیەکدا سەریهەڵدا “کە هەبوونی مرۆڤەکان ناچار دەکرێن لە دەرەوەی جیهانی هاوبەش بژین، ئەوەیە کە لە ناوەزێڵەی شارستانیەتدا لەسەر سروشتی خۆیان، لەسەر تەنها جیاوازییەکانیان حەوادەدرێنە دەرەوە”. بە سەرنج بەو دۆخە مەترسیدارە، تێگەیشتن لەو پارادۆکس و گاڵتەجاڕییە کە بەهۆی جەختکردنەوەیەکی سەرسەختانەی ئایدیالیستە خێرخوازەکان کە مافەکانی مرۆڤیان وەک شتێکی نکۆڵیهەڵنەگر یان پیرۆز سەیر دەکرد دژوار بوو. ئەو مافانەی کە بە شێوەی کردەکی، هاووڵاتییەکان لێی بەهرەمەند بوون و خەڵکی بێدەوڵەت لێی بێبەش بوون. یەکێک لە بەهێزترین فۆرمەکانی پاراستنی پەیوەندییەکی دانپێدانراو بە مرۆڤایەتییەوە، لە ڕێگەی هاووڵاتییبوون و وابەستەیی بە دەوڵەت-نەتەوەوە دێتە دی کە لەویادا کردەوە و ڕوانگەکانی مرۆڤ گرنگ دەبن. لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە لێدوانێکی گوماناوییە لە جیهانی هاوچەرخی دەوڵەت-نەتەوە نایەکسانەکاندا کە تەنانەت ئەو خەڵکانەی سەر بە کۆمەڵگەیەکی نەتەوەیی و خاوەنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ و سەروەرن، پێگەی بەرابەریان نییە و دەنگ و پاسپۆرت و جووڵە و مافەکانیان بە یەکسانی دابەش ناکرێت.
تەنیا مرۆڤبوون بەو واتایە نییە کە خەڵک بە شێوەی یەکسان لەگەڵت هەڵسووکەوت دەکەن بەڵکوو وابەستەیی یان نەبوونی وابەستەییی تاکە بە یەک کۆمەڵگەی سیاسیی و پێگە و بەهای ئەو کۆمەڵگە لە کۆمەڵی نێودەوڵەتییە هەلومەرجی تاک دیاری دەکات. ئەم هەڵوێستە دەنگدانەوەی هەڵوێستی ئێدمۆند بێرک-ە کە بانگەشەکانی جاڕنامەی مافی مرۆڤی شۆڕشی فەرەنسای ڕەتکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە پێی باشترە بڵێت مافی مرۆڤی ئینگلیزی نەک مافەکانی مرۆڤ. ئارێنت بەم شێوەیە لەگەڵ ئارگیومێنتەکەی بێرک هاوڕایە و دەڵێت “ڕزگاربووانی ئۆردوگاکانی کوشتار و زیندانییەکانی ئۆردوگاکانی کاری زۆرەملی و تەنانەت خەڵکی بێدەوڵەتی تا ئاستێک بەختەوەر، دەیانتوانی بەبێ ئارگیومێنتەکانی بێرک بزانن کە ڕووتووقوتی دەرهەست و ئەبستراکتی باسی مرۆڤایەتی کە تەنیا مرۆڤ گرینگە و هیچی دیکە، گەورەترین مەترسییان بووە”. لێرەدا مەبەست ئەوەیە خەڵکی بێدەوڵەت بەبێ ئیستدلالەکانی بیرک-یش دەیانزانی باسی مرۆڤایەتی کردن شتێکی زەینییە و دروشمێکی ئەبستراکتە.
سەرەڕای ئەم ئاماژە ڕوونە بۆ بیرۆکەکانی بێرک سەبارەت بە ناتەبایی مافەکانی مرۆڤ و مافی هاووڵاتییبوونی نەتەوەیی، لاکۆریکس بەرگری لە ئارێنت دەکات و دەڵێت بەشێکی زۆری فەیلەسوفە سیاسییەکان لە فەرەنسا بە هەڵە لە بەکارهێنانی بێرک لەلایەن ئارێنت-ەوە بۆ گاڵتەکردن بە مافەکانی مرۆڤ تێگەیشتوون. بێگومان نازییەکان جووەکانیان وەک ئەتنیکێکی تایبەت یان گرووپێکی ڕەگەزی دەکردە ئامانج و ستراتیجی و ڕیتۆریکی مرۆڤسڕینەوەی جۆراوجۆریان بەکاردەهێنا بۆ ئەوەی جووەکان لە سنووری مرۆڤایەتی وەدەرنێن و شەرعییەت بە سیاسەتی جینۆسایدی خۆیان ببەخشن. لاکۆریکس ئاماژە بەوە دەکات کە دەتوانرێت لە چەمکاندنی ئارێنت بۆ مافەکانی مرۆڤ و هاووڵاتییبوون وەک ئامێرێکی ئارگیومێنتی بۆ بانگەشەی هاووڵاتییبوونێکی جیهانوەتەنانە لە جیهانی هاوچەرخماندا تێبگەین. لە کاتێکدا کە جیهانوەتەنخوازی ڕەنگە پڕۆژەیەکی گشتگیر بێت کە وەک لاکۆریکس لە سەرەوە جەختی لەسەر کردەوە کە بەدوایدا بگەڕێین، بەڵام وێدەچێت لە ڕووی سیاسی و پراکتیکییەوە لە جیهانی هاوچەرخدا کە سنوور و ناسنامە نەتەوەییەکان بەرامبەر بە کەسانی غەیرە نەتەوەیی و کۆچبەران زیاتر شەڕانگێزی دەبن، وەدیهاتنی دوورەدەست بێت. هەروەها وەک لاکۆریکس پێشتر ئاماژەی پێکرد، یەکێک لەو شرۆڤانەی لە پشت ڕاڤەی موحافیزکارانەی ئارێنت لە مافی مرۆڤ و دەوڵەت-نەتەوە هەیە، مەسەلەی دەنگە. باتلەر و سپیڤاک دەڵێن دەقی ئارێنت لەمەڕ زەواڵی دەوڵەت-نەتەوە، کۆتایی مافی مرۆڤ، لە پەیوەند لەگەڵ سووژە و نەزمی سیاسییەک کە لەگەڵیدا دەستەویەخەیە بە لەحن و شێوەزاری جیاوازەوە دیاری دەکرێت. لە بەشی یەکەمی ئەم دەقەدا دەنگێکی تانەلێدەر و گوماناوی و بێهیوایی زاڵ دەبێت کە زیاتر شێوەی ڕاگەیاندنی لەخۆ دەگرێت، کە ئارێنت “بە شێوەیەکی کاریگەر مافەکانی مرۆڤ ڕادەگەیەنێتەوە و هەوڵدەدات گوتارێک زیندوو بکاتەوە کە پێی وایە لە ڕووی سیاسییەوە کاریگەر دەبێت”. باتلەر و سپیڤاک لە کۆتاییدا دەڵێن، ئارێنت بەدوای سیاسەتێکدا، نەک دەوڵەت-نەتەوە، دەگەڕێت کە بتوانێت شێوازی وابەستەیی نانەتەوەیی دروست بکات، کە یاساکان بە بنەمای ناسیۆنالیستییەوە ڕێنمایی نەکرێن.
بە باوەڕی ئارێنت هاووڵاتیی ئەو ئامێرە بوو کە مرۆڤەکانی دەپاراست و وەک پەیوەندییەک لەگەڵ مرۆڤایەتیدا بە فەرمی دەناسرا. نەبوونی ئەم پەیوەندییە لەگەڵ مرۆڤایەتی لە ڕێگەی مافی هاووڵاتیی کاریگەرەوە، مرۆڤە بێدەوڵەت و بێمافەکانی کردە بابەتی خێرخوازی و بەشەردۆستی. فیلیپس لە شیکارییەکانیدا لەسەر ئارێنت، ئاماژە بەوە دەکات کە مافەکانی مرۆڤ بەهۆی وابەستەیی بەردەوام بە دەوڵەت-نەتەوە و وەبەرهێنان لەناو دەوڵەت-نەتەوەدا وەک تاکە قاڵبی ستانداردی ڕێکخستنی کۆمەڵگەیەکی سیاسی، وەکوو وشەی ناوبەتاڵ وەرگێڕدراون. بە واتایەکی دیکە ئەوە دەوڵەت-نەتەوەیە کە ئەو جۆرە دابەشبوونە لە نێوان هاووڵاتیبوونی نەتەوەیی و مافی مرۆڤدا دروست دەکات. ئارێنت بانگەشەی ئەوە دەکات کە یەکسانی و دادپەروەریی بە کەس نادرێت لەبەرئەوەی “ئێمە بەرابەر لەدایک نەبووین؛ ئێمە لەسەر بەهێزی بڕیارەکەمان بۆ گەرەنتیکردنی مافی بەرابەری یەکسان بۆ خۆمان وەک ئەندامی گرووپێک، بەرابەر دەبین”. دامەزراوە یان ڕێکخراوەکان ڕۆڵێکی گرینگ دەبینن لە ژیانێکی سیاسیدا کە دەیەوێت بە کۆکردنەوەی خەڵک لە دەوری یەکدی و بنیاتنانی جیهانێکی هاوبەشی یەکسان، بەرابەری بەرهەم بێنن. بە پێچەوانەوە، دامەزراوەکان دەتوانن بەجێگەی ئەوەی بە شێوەی ئاسۆیی لە خزمەت و نوێنەرایەتی سازێندراوە جۆراوجۆرەکاندا بن دەتوانن جیهانێکی دابەشکراو کە لەسەر هەرەمی و پلەبەندی ڕۆ نرابێت، بەرهەم بێنن. هەر لەم بارەوە ئەتین بالیبار وەبیر ئێمە دێنێتەوە کە دەوڵەت-نەتەوە وەک دامەزراوەیەک لە هەناوی خۆیدا هەڵگری دژیەکییەکی قووڵە. لە لایەک دەوڵەت-نەتەوە بە شێوەیەکی بەرفراوان بە پەروەرێنەری ماف و خوڵقاندنی سووژەی ئینسانی ئەژمار دەکرێت و لە لایەکی دیکەشەوە بە هەمان شێوە دەسەڵاتی لەناوبردنی مافەکانی هەیە یان ئەوەی کە ببێتە بەربەستێکی سەرەکی لەبەردەم بەدیهێنانیدا. ئارێنت دەڵێت لەو چرکەساتەوە نەتەوە یان وردتر بڵێین بکەرانی ناسیۆنالیزم دەوڵەتیان داگیر کرد، دەوڵەت وەک ئامرازێکی یاسا دەسەڵاتی خۆی لەدەستدا. دەوڵەت دەستی کرد بە دیاریکردنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان وەک خەمی سەرەکی خۆی و ئیرادەی میللەت دەستی بەسەر دامەزراوە یاساییەکانیدا گرت. ئەم نەزمە سیاسییە نوێیە بۆ زۆرینەی دانیشتوانی جیهان، ڕوونی کردەوە کە ئازادی ڕاستەقینە و سەروەریی جەماوەری و ڕزگاری تەنیا بە هەبوونی حکومەتێکی نەتەوەیی کە بتوانێت مافی مرۆڤ/نەتەوەیی هاووڵاتییانی خۆی مسۆگەر بکات، وەدیدێت.
هەرچەندە ئارێنت ڕەخنەی لە مامەڵەی ئیسرائیل و وەدەرنانی فەلەستینییەکان لە فەلەستین گرت، بەڵام بە ڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە ئەزموونەکانی بێدەوڵەتیی نیشانی دەدەن کە لەدەستدانی مافی نەتەوەیی لەدەستدانی مافی مرۆڤ بەدوای خۆیدا دەهێنێت و دروستکردنی دەوڵەتی ئیسرائیل لە 1948 جۆرێکە لە دەستکەوت بۆ گەڕاندنەوە و دامەزراندنی مافە نەتەوەییەکان کە جووەکان لێیان زەوت کرابوو. بێگومان ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە جووە بێدەوڵەتەکان بە ڕێنمایی زایۆنیزم بە گۆڕینی فەلەستینییەکان بۆ نەتەوەیەکی بێدەوڵەت کە لە سەرانسەری جیهاندا بڵاوبوونەتەوە، مافی نەتەوەییان بەدەستهێنا. لە کاتێکدا ئارێنت زۆر ڕەخنەی لە ئیمپریالیزم و زایۆنیزم و دەوڵەت-نەتەوە دەگرت. سپانۆس ئاماژە بەوە دەکات کە ئارێنت زیاتر لە خەمی هەڕەشەی ئەمنیی دەوڵەتانی عەرەبی دراوسێ لە دژی ئیسرائیل بووە نەک چارەنووسی ئەو عەرەب/فەلەستینییانەی کە بە دامەزراندنی ئیسرائیل ڕاستەوخۆ کراونەتە ئامانج و بێسەروشوێن و ئاوارە کراون. ئەمە خوێندنەوە و ڕاڤەیەکی بەئەگەرەوەیە لە ئارێنت. شایانی باسە کە ئارێنت تێڕوانینی ڕەگەزپەرستانە و ئەوروپاسەنتریکی سەبارەت بە ژیانی ئەفریقییەکان کە لەلایەن زلهێزە کۆلۆنیالییە سپیپێستەکانەوە لەناوچووبوون دەربڕیبوو و چاوی لەسەر بونیادی نایەکسانە ئەمریکییە بەڕەچەڵەک ئەفریقییەکان دادەخست. بە هەمان شێوە ئارێنت بەڕاشکاوی بەداخەوە بوو بۆ کۆلۆنیالیزەکردنی جووەکان و داگیرکردنی خاکی فەلەستین، کە بووە هۆی درووستکردنی ئیسرائیل. ئارێنت پێداگری لەسەر ئەوە دەکرد کە ئیسرائیل وەک چارەسەرێک بۆ ئەو سووکایەتی و ڕەزالەتەی بەسەر جووەکاندا هاتبوو، لە ڕووی سیاسییەوە پۆلێکی نوێی مرۆڤی بێماڵ و حاڵ و بێدەوڵەتی بەرهەم هێنا، کە بریتی بوون لە فەلەستینییەکان.
کەوایە تێگەی بێدەوڵەتی ئارێنت چەندە بەسوودە و ڕەوایە بۆ نەزمی سیاسی هاوچەرخمان؟ لە هەوڵێکدا بۆ پێداچوونەوەی میراتی تیۆری ئارێنت، بلیتز و لینچ دەڵێن کە تێگەیشتنی ئارێنت لە بێدەوڵەتی هەستیار-بە-دەق (context-sensitive) نەبووە لەبەرئەوەی بێدەوڵەتی لە دەقی جیۆپۆلیتیکی جیاوازدا بە شێوەی جیاواز سەرهەڵدەدات و بەم پێیەش ئارێنت شکستی هێناوە لە دابینکردنی چارەسەرێک بۆ کێشەکانی بێدەوڵەتی و ئەوەی کە چۆن مافەکان دەتوانرێت بگەڕێنرێنەوە. زیاد لەوەیش، بلیتز و لینچ پێداگری دەکەن لەوەی کە خەڵکی بێدەوڵەت هەمیشە ئەوەندە بێدەسەڵات نین کە ئارێنت ویستوویەتی وێنایان بکات لەبەرئەوەی زۆرن خەڵکانی بێدەوڵەت لە سەرانسەری جیهاندا کە بۆ مافەکانیان خەبات دەکەن. بە بۆچوونی ئارێنت، بێدەوڵەتی بەرامبەرە لەگەڵ بێمافی و خەسارەتباری کە لەدەستدانی ماڵ و لەدەستدانی پشتیوانی حکومەت/دەوڵەت و لەدەستدانی شوێنێک لە جیهاندا بەدوای خۆیدا دەهێنێت. بلیتز و لینچ لە ئایدیالیزەکردنی دەوڵەت و گریمانەکردنی دەوڵەت وەک سەرچاوەیەکی جیهانی بۆ پشتیوانیکردن و پاراستن لە ئارێنت ڕەخنە دەگرن. دەوڵەتەکان لە ڕووی بنیاتنانە ئایدیۆلۆجییەکانیان و ئاستی دیموکراسی جەماوەری و گشتگیری دامەزراوەیی بازنە جیاوازەکانیانەوە لە یەکتر جیاوازن. ئەگەر دەوڵەت لاواز بێت، بەزەحمەت دەتوانێت مافی ژێردەستەکانی بپارێزێت. لە نموونەکانی دیکەدا دەوڵەت فۆرمێکی تاڵانچی وەردەگرێت وەک لە نموونەی میانمار-دا کە بە شێوەیەکی دڕندانە مامەڵە لەگەڵ ڕۆهینگە بێدەوڵەتەکان دەکات. بەمجۆرە دەوڵەتەکان جیاوازن و بێدەوڵەتی بەشێوازی جۆراوجۆر و جیاواز ئەزموون دەکرێت و تاک و گەلانی بێدەوڵەت پەنا دەبەنە بەر ستراتیجی جیاواز بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەوڵەتەکان و مسۆگەرکردنی مافەکانیان.
ڕانسیەر یەکێکی دیکە لە ڕەخنەگرانی جددی تێگەیشتن و چەمکاندنی ئارێنتە لە بێدەوڵەتی و مافی مرۆڤ. لە ڕوانگەی ڕانسیەر-ەوە خەڵکانی بێدەوڵەت تا ئەو ئاستەیش کە ئارێنت دەیەوێت ئێمە باوەڕ بێنین کە لە پەیوەند لەگەڵ دەسەڵاتی تۆتالیتەری سەروەردا بێدەسەڵاتن، بێدەسەڵات نین. چونکە بێدەوڵەتان دەتوانن لە بەرامبەر نەزمی بەسروشتیکراوی (naturalized order) دەسەڵاتدا بەرخۆدان بکەن یان تەنانەت ئەو نەزمە تێک بدەن کە ناسنامەی سەروەر و زاڵ سەقامگیری کردووە. بە بۆچوونی ڕانسیەر، ئارێنت دەیەوێت تەڵەیەکی ئۆنتۆلۆجی ساز بکات کە لە “چارەنووسی ئۆنتۆلۆجی” دەچێت، کاتێک جەمسەربەندییەک لە مافی مرۆڤ (بێدەوڵەت) و هاووڵاتی (دەوڵەت-هەڵگری ناسنامە) ساز دەکات کە هایدیگەر گوتەنی “مەگەر تەنها خودا ڕزگارمان بکات”. بە بۆچوونی ڕانسیەر، شیکار و ڕێبازی ئارێنت بۆ مافەکانی مرۆڤ ئیفلیجکەرە و وا دەکات تێگەیشتن لە ماتەوزەی دیموکراسی و جاڕنامە مۆدێرنەکانی مافەکان نامومکین بێت. ڕانسیەر لەکاتی باسکردنی پارادۆکسی مافەکانی مرۆڤدا، ئەو خاڵە ڕۆشنگەرانە دەخاتە ڕوو کە مرۆڤ تەنها دەبێتە مرۆڤێکی [ڕووتوقووت] کاتێک لەو مافانە بێبەش دەکرێت و دەڵێت “مافی مرۆڤ مافی ئەو کەسانەیە خاوەنی مافگەلێک نین کە دەبوایە بیانبێت و مافی ئەو کەسانەیە کە لێی بەهرەمەندن”. بە واتایەکی تر مافی مرۆڤ یان مافی ئەو گرووپە فڕێدراوانەیە کە هیچ مافێکیان نییە یان مافی ئەو هاووڵاتییانەیە کە پێشتر بەهرەمەندن لەو مافانە.
لە بەرانبەر ئەم پاشخانەدا، گوندۆغدو بەرگرییەکی بەهێز لە شیکارییەکانی ئارێنت بۆ مافەکانی مرۆڤ دەکات و وەڵامی ڕەخنەکانی ڕانسیەر لە ئارێنت دەداتەوە کە مافەکانی مرۆڤی وەک پڕۆژەیەکی شکستخواردوو مەحکوم کردووە. گوندۆغدو پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە سروشتی ئاپۆرێتی (aporetic nature) ڕەخنەی ئارێنت لە مافەکانی مرۆڤ ئەوەیە کە پێکهاتەبەندی و دابەشبوونی تێگەیشتنە ئاساییەکانمان لە مافەکانی مرۆڤ بخاتە ژێر پرسیارەوە و ئەگەرەکانی ئەندێشەی نوێ لەبارەی جیهانەوە دروست بکات و چۆن دەتوانرێت بەسەر فۆڕمگەلی نوێ لە پڕۆژە گشتگیرەکاندا کراوە بێت. ئەگەر پڕۆژەیەکی نوێ بهێنینە ئاراوە کە ئامانجی جومگەبەندی دووبارەی مافەکانی مرۆڤ بێت لە دەرەوەی دووانەیی تێگەیشتنە ئاساییەکانمان لە مافەکان کە جیهان دابەش دەکات بەسەر مرۆڤ/هاووڵاتی یان گەردوونی/تایبەت (universal/particular) دا، ئەوا ئەندێشەیەکی ئاپۆرێتی کە ئارێنت دابینی دەکات دەتوانێت ببێتە مەرجی ئیمکانەکانی.
لە کاتێکدا پێدەچێت ڕانسیەر زیادەڕەوی لە هێز و توانای بکەر بکات، کە زۆرجار بۆ ئەو توێژەرانەی کە سەرقاڵی بەرخۆدانی گرووپە پەراوێزخراو و ژێردەستەکانن سەرنجڕاکێشە، بنحەبیب لەسەر ئەو باوەڕەیە کە بەربەست و سنوورگەلێکی زۆر و زۆردار لە ئارادایە بۆ ئەوەی کە چۆن گرووپە وەدەرنراوە تارێندراوەکان بتوانن بە شێوەی کارا مافەکانی خۆیان بەدەست بێنن. جەختکردنەوەی بەرتەسک و زێدەڕۆیانە لەسەر بکەرییەتی گرووپە بێبەشەکان وەکوو پەنابەران، کۆچبەران یان بێدەوڵەتەکان، “مەترسی ئەوەی هەیە کە خەسارهەڵگرترین کەسەکان دەبێت باری گرانی بەرگری لە خۆیان هەڵگرن و هەروەها وابەستەکردنی شایانی ماف بوون بە توانستی بەرگریکردن لە خۆ و بە فەرمی ناسراو بوون”. بەپێی والزەر، بێدەوڵەتەکان هەم بێدەسەڵاتن، هەم لە جۆرێک لە ئازادی بێلێپرسینەوە بەهرەمەندن بەو پێیەی بە دەروەستی و ئەرکەکانی هاووڵاتی بەرانبەر بە دەوڵەت پابەند نین. کەسایەتی بێدەوڵەت وەک خۆی ئەو پشتیوانییەی نییە کە چاوەڕوان دەکرێت دەوڵەتەکان بەهۆی ئەندامێتی سیاسییان لە دەوڵەتێکی نەتەوەیی دیاریکراودا بۆ هاووڵاتیانیان دابین بکەن. بەو پێیەی کە گریمانە دەکرێت بێدەوڵەتی ببێتە هۆی بێبەشی و هەژاری و نائەمنی و بێهیوایی، تاک و گەلانی بێدەوڵەت بە ئاسانی بێدەوڵەتی دەگۆڕنەوە بە ئەندامێتی لە کۆمەڵگەیەکی سیاسیدا کە سەلامەتی و ئاسایشی کۆمەڵایەتییان بۆ دابین دەکات. بەم پێیە بێدەوڵەتی، بۆ والزەر، لە نێوان بێدەسەڵاتی و مەترسیداردایە، بەهۆی ئەو وەدەرنانە سیاسییەی کە بێدەوڵەتەکان ڕووبەڕووی دەبنەوە و ناجێگیری لە ئەنجامی ئەو ناهاووڵاتیبوون و ناوابەستەیییەی کە مرۆڤی بێدەوڵەت ئەزموونی دەکات.
لەلایەکی دیکەوە، گیبنی داکۆکی لەسەر ئەوە دەکات کە بێدەوڵەتی زۆرجار لێکەوتەی هەڵاواردنی نەتەوەییە، بەشێوەیەک کە کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان ڕووبەڕووی توندوتیژی و نکۆڵیکردن دەبنەوە. ئەوان لە چوارچێوەی سیستەمی دەوڵەت-نەتەوەی نێودەوڵەتیدایە کە بەهۆی نەبوونی هاووڵاتیبوون و ئەندامێتی کارامە لە دەوڵەتێکدا، ڕووبەڕووی ئەم نادادپەروەرییە گشتییە دەبنەوە. گیبنی بەبێ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر ڕێبازی والزەر بۆ بێدەوڵەتی بکات, کە بە پلەی یەکەم سەرنجی لەسەر بێدەسەڵاتی و مەترسییە، دەڵێت کە بێدەوڵەتەکان هەوڵدەدەن باشترین کاراییان لەم دۆخە ناجێگیر و لاوازەدا هەبێت و تەنانەت ڕەنگە لە پاراستنی ناسنامەیەکی بەکۆمەڵی بەهێز لە درێژایی چەند نەوەیەکدا سەرکەوتوو بن. ئەم ناسنامە بەکۆمەڵە زۆرجار لە ڕێگەی بانگەشەی سیاسیی جومگەبەندیکراو و چالاکی و بووژانەوە فەرهەنگییەکانەوە دەگوازرێتەوە، کە لەگەڵ دەوڵەتی پاوانخواز و تارێنەر و ڕژێمە هاووڵاتیییەکان بەرەڕوو دەبنەوە. لێرەدایە کە کورد و فەلەستینییەکان وەک نموونەی سەرەکی لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا زەق دەکرێنەوە.
گەلانی بێدەوڵەت وەک کورد و فەلەستینی لە مێژوودا لە هەمبەر ئەو دەوڵەتانەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین کە تێیدا دەژین بەرخۆدانیان کردووە و لە بەرخۆدانیشدا بەردەوامن. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە گەلی بێدەوڵەت وەک گرووپێکی هۆشیاری سیاسی هێزێکە کە دەبێت حیسابی بۆ بکرێت. ئەمە بەو مانایە نییە کە بەرخۆدان چ لە ڕووی گوتاری و چ لە ڕووی سیاسییەوە سنوورمەند نییە چونکە دەسەڵاتی سەروەر (داگیرکەر) دەتوانێت بانگەشەی سیاسی یان دەنگی خەڵکی بێدەوڵەت وەک “دەنگی تێکدەر”، “تیرۆر” و “جودایخواز” لەقەڵم بدات و ڕەت بکاتەوە، گوایە سەقامگیریی نەتەوەیی و نەزمی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی تێک دەدات. هەم کەسانی بێدەوڵەت و هەم کەسانی خاوەن دەسەڵاتی سەروەر سووژەی سیاسین، ئەمانە نابێت وەک کۆیەکی دیاریکراو و بڕاوە سەیر بکرێن، بەڵکوو، وەک ڕانسیەر دەڵێت، دەبێت وەکوو “ناوگەلێک کە پرسیارێک یان مشتومڕێک سەبارەت بەوەی کە کێ لە خۆ دەگرن، دەورووژێنن”. پڕڕوونە کە ناسنامەی سەروەر و دەوڵەتدار دەتوانێت خۆی لە ڕێگەی تاراندن و وەدەرنانی بونیادیی ئەو شتەی کە وەک زیادی و نەبوو بیریان لێدەکاتەوە، واتە بێدەوڵەتەکان، خۆی بنوێنێتەوە. بە بۆچوونی گیبنی، گرنگە بە شێوەیەکی ئەزموونی لێکۆڵینەوە لە ئەزموونە ژیانکراوەکانی ئەو کەسانە بکرێت کە هاووڵاتییبوونیان نییە یان خاوەنی هاووڵاتییبوونن، بۆ ئەوەی زانستێک بەرهەم بهێنرێت کە بتوانێت بە ڕەخنەگرتن لە سیستەمی دەوڵەت-نەتەوەی نێودەوڵەتی دووبارە بیر لە سیستەمێک بکاتەوە کە بتوانێت “ئەندامێتی مانادارتر، دڵنیاتر و شەرعییەتدارتر بەدی بهێنێت”. توندوتیژی و سەرکوتی دەوڵەتی لە دژی کورد و فەلەستینییەکان هۆکاری سەرەکین لە پشت کۆچی زۆرەملێ و ئاوارەبوون و پێکهاتنی دیاسپۆرای کوردی و فەلەستینی. ئەم ئەزموونە بە ئازار و ڕەنجە بەکۆمەڵانە بنەمای خەباتی بەردەوامییان بۆ ئازادیی سیاسی و خۆبەڕێوەبەرییە.
سەرچاوەکان
Balibar, E. (2014). Equaliberty. Duke University Press.
Benhabib, S. (2018). Exile, statelessness and migration: Playing chess with history from Hannah Arendt to Isiah Berlin. Princeton University Press.
Butler, J., & Spivak, G. C. (2010). Who sings the nation-state? Seagull Books.
Blitz, B.K. & Lynch, M. (2009). Statelessness and the benefits of citizenship: A comparative study. Swiss Initiative to Commemorate the 60th Anniversary ofthe UDHR
Gibney, M. J. (2011). The rights of non-citizens to membership. In S. Caroline & K. B. Brad (Eds.), Statelessness in the European Union: Displaced, undocumented, unwanted (pp. 41–68). Cambridge University Press.
Gündo˘gdu, A. (2011). ‘Perplexities of the rights of man’: Arendt on the aporias of human rights. European Journal of Political Theory, 11(1), 4–24.
Lacorix, J. (2015). The ‘right to have rights’ in French political philosophy: Conceptualising a cosmopolitan citizenship with Arendt. Constellations, 22(1), 79–90.
Phillips, A. (2015). The politics of the human. Cambridge University Press.
Rancière, J. (2004). Who is the subject of the Rights of Man? The South Atlantic Quarterly, 103(2/3), 297–310.
Spanos, W. V. (2012). Exiles in the city: Hannah Arendt & Edward W. Said in counterpoint. The Ohio State University Press.
Walzer, M. (1970). Obligations: Essays on disobedience, war and citizenship. Harvard University Press.