سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

تەعریب لە چوارچێوەی ئایدۆلۆجیا و هەقیقەتدا، چارەسەر و بنەڕەتی کارەساتەکە

عەبدولڕەزاق مەهدی

زۆربەی زۆری سەرچاوە مێژووییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە تا پێش هاتنی ئیسلام بۆ ناوچەکە عەرەب لەم دەڤەرەدا بوونی نەبووە. ڕووباری فورات سنووری نێوان کورد و عەرەب بووە، عەرەب لەمبەرەی فوراتەوە بوونیان نەبووە.

بە گشتی لە سەردەمی ساسانییەکان، کە ئیمپراتۆرییەکی کوردی بووە، دەبینین بۆ پارێزگاری لە سنووری باشووری ئیمپراتۆرییەکە، پشتیان بە کۆمەڵە هۆزی عەرەب بەستبوو، کە دواتر لە کوردە ساسانییەکان هەڵدەگەڕێنەوە.

بە دەست پێ کردنی داگیرکارییەکان، ئەوەی وەک فتوحات ناودەبرێت، پرۆسەی تەعریب دەست پێ دەکات. سەرەتا بە چڕی لە موسڵ دەستی پێی کرد و شاری تکریت بە تەواوی لەناوبرا و دانیشتوانی بە یەکجار جینوساید کران. یەکەم گەرەک و مزگەوت بە ناوی “خەزرەج” لەناو موسڵ دروست کرا، پاشان دەرگا بۆ هاتنی هۆزەکانی تر کرایەوە و خێڵە عەرەبەکان هاتن، وەک تەمیم، تەعلوب، قەیس، رەبیع، حزاعە. لە سەردەمی عوسمانی کوری عەفان ژمارەی عەرەب زیادی کرد و ئەو فەرمانی کرد چوار هەزار کەس لە قەبیلەکانی ئەز، کندە، عبد و قیلی بنێردرێن. لە سەردەمی عەلی کوڕی ئەبو تالیب، ژمارەیەکی زۆری هۆز و تیرە عەرەبییەکانی کوفە و بەسرە کۆچیان کرد بۆ ناو شاری موسڵ. بەم شێوەیە عەرەب موسڵ-یان کرد بە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان. لە ١٢٠٠ی زاینی ژمارەیەک لە خێڵە عەرەبەکانی شەمەر و تەی، کە دەوارنشین بوون لە عەرەبستانی سعودی هێنران و لە ناوچەکە نیشتەجێکران. عەشیرەتەکانی عوبید و جبور و عگیدات و حرید و لهێب ئەمانە عەرەبی دەوارنشین بوون و لە ناوچەکانی موسڵ و خوارووی هەولێر و خوارووی کەرکووک نیشتەجێ کران. شەنگال و ڕوها، ئەوانیش بەر تەعریب کەوتن.

ئیبن خەلدون، فەیلەسوفی مەزن، دەڵێ “عەرەب دەست بەسەر هەر وڵاتێکدا بگرن وێرانی دەکەن”، چونکە بە ڕای ئەو عەرەب نەتەوەیەکی وەحشییە و سروشتەکەی ئەوەیە کە شتی ناو دەستی خەڵک بڕفێنن و ڕزقیان لە سایەی شمشێرەکانیانەوەیە، نەک هەر سڵ لەوە ناکەنەوە ماڵ و سامانی خەڵک بەرن، بەڵکو چاویان بە ماڵ و سامانی خەڵک کەوت تاڵانی دەکەن.

کەواتە دەکرێت بڵێن پرۆسەی جەنگی هەزار ساڵەی نێوان دوو نەتەوە هەقیقەتێکی مێژووییە، لە سەرەتادا فۆرمی ئەم جەنگە بەمشێوەیە بووە، جەنگی ساسانیـعەرەب، دواتر بووە بە جەنگی کوردـعەرەب). بەمشێوەیە عەرەبەکان وەک نوێنەری خەلافەتی عەباسی و ئەمەوی، کوردەکان لە چوارچێوەی نوێنەرایەتی ئیمپراتورییەتی ساسانی، درێژەیان بە ململانێکاندا. لە سەردەمی خەلافەتی عەباسی و ئەمەوی، چەندین ڕاپەرین و هەستانی مەزن بەرپابوون، کە کورد ڕۆڵی مەزنیان دەگێرا دژی سیستەم و بوونی عەرەب و خەلافەت.

کاتێک دەگەین بە سەدە نوێیەکان، دیسان ئەم ململانێیە بوونی هەیە، چونکە هەقیقەتێکی مێژووییە. پرۆسەی تەعریب لە سەردەمی داگیرکارییەکانەوە دەستی پێ کرد و هەموو ئەو هۆزە کۆچەر و بەدوەی عەرەب دەهێنران و لەسەر خاکی کوردستان نیشتەجێ دەکران، لە خوارەو ئێمە دەگەین بە سەدەی بیست و هەمان هەقیقەت و فۆرمی ململانی دەبینین.

قوناغەکان و سیستەمەکان

لە سەدەی بیستەم کاتێک دەوڵەتی عێراقی دامەزرا و حکومەتی پاشایەتی دروستکرا، ئەو دەوڵەتە وەک دەوڵەتێكی عەرەبی بە سیستەم پاشایەتی هەستا بە دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ عەرەبە کۆچەرەکان (بەدوەکان) لەسەر خاکی کوردستان.

لە ١٩٥٨، دوای کۆتایی هاتنی سیستەمی پاشایەتی و دامەزراندنی سیستەمی کۆماری لە عێراق، هاوکات دۆزینەوەی نەوت لە کەرکووک کە پێگەی شارەکەی ستراتیجی کرد، دەوڵەتی عێراقی یەکڕاست دەستی کرد بە کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە، لە پڕۆژەی حەویجە کە لە ١٩٣٩ بەدواوە زیاتر لە ٢٠٠٠٠ خێرانی عەرەبی تێدا نیشتەجێکرا، ئیتر عەرەبی کۆچەری تر لە هۆزەکانی ئەلعوبێد و توی لەو ناوچەیە نیشتەجێکران. لەهەمان کاتدا دەستکرا بە وێرانکردنی ماڵ و حاڵی کوردەکان لە بارزان.

لە ١٩٤٨ بەناوی نیشتەجێکردنی خێڵەکان (توطین العشائر) کۆمەڵێک شوێنی نیشتەجێبوون بۆ هۆزە عەرەبەکان لە دەشتی تەلەعفەر و شەنگال و حەزەر دروستکران و عەرەبیان تێدا نیشتەجێکردن.

لە ١٩٥١ لیژنەیەک پێکهێنرا بۆ نیشتەجێکردنی عەرەبە کۆچەرەکان و هەر ماڵە عەرەبێک (١٥٠) دۆنم زەوی پێدرا، ئەمەش لەسەر حیسابی خاکی کورد لە دەشتی قەراج و حەویجە و کەرکووک.

لە ١٩٦٣دا هێرشی حەرەس قەومی بۆ سەر شار و گوندەکانی کوردستان دەستی پێ کرد و گوندەکانی ناوچەی کەندیناوەی سەر بە پارێزگای هەولێر بوون بە قوربانی، کە هەر لە مزگەوت و قوتابخانە سوتاندیان تا دەگاتە کۆمەڵکوژی خەڵکەکەی.

لە ١٩٨٨ پرۆسەی نەگریسی ئەنفال دەستی پێی کرد، کە نزیکی ١٨٢ هەزار کەس جینۆساید و بێسەروشوێن کران و ناوچەکانیان کیمیاباران کراو بوونە قوربانی دەستی عەرەب و دەوڵەتی عێراق.

بێجگە لە کوشتن و بێسەروشوێنکردن، لەلایەکی تر ڕژێمی بەعسی عەرەبی، کۆمەڵێک منداڵ و ئافرەتی گەنجی بە وڵاتانی عەرەبی و بەتایبەتی وڵاتانی کەندا و فرۆشت، کە نزیکەی ٧٠٠ کەس دەبوون.

ڕووناکبیرەکانی عێراق و وڵاتە عەرەبی و ئیسلامییەکان کە نۆزەیەکیان نەهات لە بەرانبەر ئەنفال و پرۆسەی جینۆسایدی کورد نیشانەی ڕازیبوون و پاڵپشتیکردنە نەک هیچ شتێکی تر.

یەکێکی تر لەو کارەساتانەی کە وەک نەنگی بە چاوی جیهانەوە دەمێنێتەوە، بارودۆخی ئەو ژن و منداڵانە بوو کە لەو ئۆردۆگاکاندا هێشتبوویانەوە و دەوروبەریان بە ئەمن و موخابەرات گیرابوو لەگەڵیدا ئاو و کارەبایان لەسەر بڕدرابوو و دەست درێژی بەردەوامیشیان دەکرا سەر و خواردن و خەویان لێ حەرام کردبوون و و جەنگی دەروونیان لەگەڵدا دەکردن.

لە جینۆسایدی ئێزیدییەکان، دەیان هەزار کەس کوژران و زیاتر لە ٥٠٠٠ کچی کوردی ئێزیدی بەکەنیزەک کران لەلایەن داعشەکانەوە و لە وڵاتانی عەرەبی تریش ئێستا دەدۆزرێنەوە، کە کڕین و فرۆشتنیان پێوە کرابوو

هەموو ئەو ڕاستییە مێژووییانە دەرخەری ئەمانەن:

یەکەم، کێشەی کورد لەگەڵ عەرەبەکانە وەک نەتەوە، نەک کێشەی کورد لەگەڵ دەوڵەتی عەرەب بێت، وەک دەبینین هەر لە مێژووی کۆنی سەردەمی داگیرکاریی ئیسلامەوە تا سەردەمی خەلافەتی عەباسی و دواتر عوسمانی وسیستەمی پاشایەتی و کۆماری و توتالیتار، عەرەب خەریکی کوشتار و تەعریب و داگیرکردنی کوردە، کەواتە ئەمە درێژکراوەی ململانی کوردە ساسانییەکانە لەگەڵ عەرەبەکان، کە ئەمڕۆ خۆی لە ململانێی کوردەکان و عەرەبەکان نیشان دەدات.

دووەم، کێشەی خاک و تەعریب و جینۆساید و جیاوازی نەتەوەیی و نەبوونی سەروەریی بنەڕەتی کێشەی کورد و کوردستانن. بەمجۆرە پرسی کورد نە پەیوەندی بە پێکەوەژیان هەیە، نە بە دیموکراسی و یاساکان لە عێراق-دا. کورد هەزار ساڵە خاکی داگیرکراوە و داوای پێکەوەژیان دەکات، ئەگەر کێشەکە پێکەوەژیان بایە، دانەیەک لە سیستەم و فۆرم و حوکمڕانی عەرەبی تا ئێستا چارەی کردبوو. پرسی کورد، پرسی نەتەوە و خاک و سەروەرییە نەک هیچی تر.

سێیەم، بوونی کورد لەسەر خاکی خۆی، مێژووی ڕەسەن و کەوناری، پێوەری بوون بە خاوەندارییەتی تەواوی خاک دەبەخشێت بە کورد. بۆیە، کورد دەبێت هەقیقەت قەبووڵ بکات و ئیتر دیوارێکی دیموگرافی لەبەرانبەر عەرەب هەر لە حەزەر و شەنگال-ەوە تا کوت و مەندەلی ساز بکات. هەمان سیاسەت و ستراتیجی چینییەکان کە بەکاریان هێنا لە بەرامبەر تورکەکان و مەغۆلەکان. ئەم ڕەوی ئێستایان ناو ناوە”کۆچی کەشوهەوا”. هەر ناوێکی هەیە، هیچ پێوەرێکی ئەقڵی و لوجیکی قەبووڵی هیچ تەنازولێک ناکات لە بەرامبەر خاکدا.

چوارەم، کێشەی تەعریب و کوردستان، فۆرمێکی ئایدۆلۆجی وەرگرتووە، کە عەرەب هەوڵ دەدات لە ڕێگای بەکارهێنانی ئایینەوە، درز بخاتە کولتوور و نەریتی کوردییەوە تا ئاسان کورد لە کوردبوون بخات یان بیانکات بە عەرەب یان ئەوەتا خاکەکە بە ئاسانی دەست بەسەردا بگرێت و مرۆڤی کورد پاسیڤ بمێنێت. بۆ نموونە، تاک هەیە لە ماڵی خۆی دانیشتووە قسەی نەشیاو بە ئاڵا و نیشتیمان و خاک و مێژووی خۆی دەلێت چونکە نادادپەروەیی بەرامبەر کراوە یان کەسێک مێشکی شوشتۆتەوە، کە فڵان و فیسار شت لە نەتەوە و ئاڵا لە پێشترن. کەچی کاتێک دەبینێ خاکی تەعریب کراوە، خۆی و دەورووبەری هەموو بە نەتەوەیەکی تر تەنراون، دەیکات بە خەتای فلان و فیسار لایەن و کەس، بەمە خۆی لە چالاکبوون دادەماڵێ، ناچالاک دەبێت و بەمەش واقیعەکانی بەسەردا فەرز ئەبن.

بۆیە گرنگە کولتووری کورد و زمانی کوردی یەکگرتوو و بونیادی ڕۆحی نەتەوەیی نوێبکرێتەوە و تاکەکانی پێوە پەیوەست بکرێن، تا نەتەوەکانی تر لە ڕێگەی هەژموونی ئایدۆلۆجی و نەریتی نەتەوەیی خۆیانەوە درز نەخەنە ناو ماڵی کورد و جلوبەرگ و زمان و نەریت و ئەقڵیەتی خۆیان زاڵ نەکەن و ئامانج بپێکن.

لە کۆتایدا کێشەی کورد لەگەڵ تەعریب و بێدەوڵەتی، کێشەیەکی قووڵی زهنیی و هۆشیاریی و کولتووریە پێش ئەوەی هیچ بنەڕەتێکی تری هەبێت. کورد بۆ ئەوەی گوزەرا بکات و بگات بە ئامانج و بنەڕەتێک، دەبێت هۆشیاربێتەوە دەست بە مێژوو و سیاسەت و ئابووری و جومگە کۆمەڵایەتییەکانی خۆیەوە بگرێت. هەموویان بداتە بەر تێفکرینی قووڵ و ڕەخنەی بابەتی تا لاوازیی و کێشەکانی خۆی دیاری بکات و ببێتە مرۆڤێکی سیاسی و خاوەن نەتەوە و دەوڵەت، و دووبارە ئەقڵیەت و بونیاد و هێز و بوونی خۆی سازبکاتەوە، بەمە کێشەکانی تری ئاسان چارە ئەبن.

کێشەی کورد لەگەڵ ئایدۆلۆژیاکانە، بە خۆهۆشیارکردن دەگات بە قوناغی یەکەمی بە نەتەوەیبوون و دواتر ڕۆشنگەری و سیستەم سازکردن، ئیتر ئەم کێشانە لە ڕەگەوە کۆتاییان پێی دێت.

سەرچاوەکان

  1. بەعەرەبکردنی کوردستان، غەفوور مەخمووری، چاپی چوارەم، ٢٠٢٠.
  2. پاکتاوی ڕەگەزی کورد لە مێژوودا، شێخ سدیق، ٢٠٠٥.
  3. راگواستن، لێکۆڵینەوەیەکی جوگرافی و مێژووی و ڕاگواستنی زۆرەملێێ گوندنشینەکانی کوردستانە، عومەر هەمزە ساڵح، چاپخانەیی خانی ـ دهۆک، ٢٠٠٩.
  4. جینوساید و کاڵبوونەوە، لەتیف فاتیح فەرەج، چاپخانەی کورۆ، ٢٠٠٤.
  5. کورد و جینوساید و ئیبادەکردن هەڵوێستی یاسای نێودەوڵەتی، هەژار عەزیز سورمێ، چاپخانەی خەبات ـ دهۆک، ١٩٩٨.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO