سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

فۆبیای کۆمەڵایەتی

بەهێ بارام

فۆبیا مانای ترس دەگەیەنێت، بەڵام ترسێکی ئاسایی و کەم نا، بەڵکو ترسێکی تۆقێنەر و لەڕادەبەدەر لە شتێک کە پێویست بەو هەموو ترسە ناکات. ترس دیاردەیەکی دەروونی  سروشتییە و هەندێک کات پێویستە، بۆ نموونە ترسان لە ئاگر و چاڵ و بەرزایی، ئەمانە پێویسته لێیان بترسین تاوەکوو خۆمانیان لێ بپارێزین. بەڵام ئەگەر هاتوو ئەم ترسە لە سروشتی خۆی دەرچوو، بووە ترسێکی زۆر و تۆقێنەر، ئەوا پێی دەگوترێت فۆبیا.

فۆبیا چەندین جۆری هەیە، ئێمە لێرەدا جەخت لەسەر فۆبیای کۆمەڵایەتی دەکەینەوە. فۆبیای کۆمەڵایەتی نەخۆشییەکی دەروونییە، کە بە مانای ترس لە کۆمەڵگە و شوێنە گشتییەکان دێت، واتا کەسی تووش بوو بە نەخۆشی ناوبراو ترسی هەیە لە ناسینی کەسانی دیکە و چوونە شوێنە گشتییەکان و ترسێکی  زۆر لە قەڵەباڵغی. ئەمەش نائاساییە و پێویستی بە چارەسەری دەروونی هەیە.

هیچ کەسێک لە ناو کۆمەڵگە ناتوانێ بە تەنها بژی، مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە و پێویسته لەگەڵ کەسانی چوار دەوری و کۆمەڵگەکەی خۆی بگونجێنێ. بۆیە، ترسێکی تۆقێنەر لە کۆمەڵ چەندین کاریگەریی خراپی دەبێت بۆ سەر کەسەکە، لێرەدا چەند کاریگەرییەکی نەخۆشی دەروونی فۆبیای کۆمەڵایەتی دەخەینەڕوو:

یەکەم، دوورکەوتنەوە لە کۆڕ و کۆبوونەوە و چالاکییە کۆمەڵایەتیەکان. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگەی چالاک بەشداریی تاکەکانی کۆمەڵگەیە لە بۆنە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکاندا. بە پێچەوانەوە،  بڵاوبوونەوەی فۆبیای کۆمەڵایەتی دەبێتە هۆی ئەوەی تاکی تووشبوو ببێتە کەسێکی گۆشەگیر و دوور لە پەیوەندی و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان ژیان بەرێتە سەر. لە ئاکامدا کۆمەڵگەیەکی مت و سست دروست ببێت.

دووەم، ماف خوران. کەسی تووشبوو ئەگەر لەلایەن کەسانی دیکەوە سووکایەتییان پێ بکرێت یاخود مافیان بخورێت، ناتوانن مافی خۆیان وەربگرنەوە و بەرگری لەخۆیان بکەن. بۆ نەتەوەیەکی داگیرکراو ئەمە زۆر ترسناکە، لە ئەنجامی توندوتیژیی و سەرکوتکردن و چەوساندنەوەی نەتەوەیی، تاکی بە ئیرادە دروست نابێت. ئەمەش هۆکارە بۆ توشبوون بە چەندین نەخۆشی دەروونی دیکە، لەوانە هەستکردن بە کەمییەتی، سەرکوتکردنی خود یان خودنەفرەتی.

سێیەم، لە قوتابخانە بێ بەش دەبێ لە چالاکییە کۆمەڵایەتیەکان و تاقیکردنەوە زارەکییەکان. وەک پێشتر ئاماژەمان پێ کرد کەسی تووشبوو ترسێکی زۆری لە کۆڕ و کۆبوونەوەکان هەیە. ئەمەش وای لێ دەکات بەهۆی ترس و شەرمێکی زۆرەوە نەتوانێ بەشداری چالاکییەکانی قوتابخانە بکات، هەرچەندە وانەکانیش بزانێت و لەوانیتریش باشتر بێت و زانیاری زیاتر بێت بەڵام ناتوانێ بەشداری بکات. ئەمە پەیوەندی بە شێوازی پەروەردەکردن و پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی خێزانی هەیە.

چوارەم، نەگونجان لەگەڵ کەسانی دیکە. کەسی تووشبوو ناتوانێ خۆی لەگەڵ کەسانی دیکە بگونجێنێ. ئەمەش وادەکات لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان شکست بهێنێت و نەتوانێ پەیوەندییەکی ڕاست و دروست بنیاد بنێت، گەر بنیادیشی بنێت تووشی دابڕان و کێشە دەبێتەوە، بەهۆی نەشارەزایی و ترس لە پەیوەندییەکان.

پێنجەم، خەیاڵکردنێکی زۆر و دوورکەوتنەوە لەواقیع. کەسانی تووشبوو بەهۆی ئەو ترسەی هەیانە ناتوانن پەیوەندییەکی واقع و دروست ببەستن. بۆیە بۆشاییەکی زۆر لە دەروونیان دروست دەبێت، ئەمەش وادەکات بە خەیاڵ ئەو بۆشاییە پڕبکەنەوە، بەشێوەیەک دەکەونە ناو خەیاڵ کە چوار دەوری خۆیان و واقعی ژیانی خۆیان فەرامۆش دەکەن. ئەو کێشانەی لە ژیانیان هەیە بەچارەسەرنەکراوی بگرە زیاتر و گەورەش دەبن و دەمێننەوە، بە تایبەت ئەگەر ژینگەی کۆمەڵایەتی و دەوروبەریان یارمەتیدەر نەبن بۆ ڕاستبوونەوە و چاکسازی کەسایەتی. ئەو جۆرە کەسانە زیاتر لە کۆمەڵگە دادەبڕێن و باری دەروونیان خراپتر دەبێت، لە کۆتاییدا نەخزمەتی خۆیان و نەخزمەتی کۆمەڵگەکەیان دەکەن.

شەشەم، خۆشویستراونابن. ئەوان وەک کەسانی ئاسایی ناتوانن بێنە کۆڕ و کۆبوونەوەکان و گوێ لە قسەی بەرانبەر ڕابگرن و هاوخەمیان بن، یاخود هاوکاری کەسانی دیکەیان پێناکرێت ئەمەش وادەکات کە زۆر کەس حەز بە دۆستایەتیان نەکەن و خۆیانیان لێ دوور بگرن و خۆشەویست نەبن لەناو خەڵک.

حەوتەم، بەرپرسیاریەتی هەڵناگرن. بێگومان هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتی بۆ کەسانێک دەبێت کە توانای ئەوەیان هەبێت کۆمەڵایەتی بن و پەیوەندییەکی پتەویان هەبێ و ترسیان لەو پلەیە نەبێ کە پێیان دەبەخشرێ، ئارەزوویان هەبێ بۆ پلە بەرزکردنەوە و کارەکانیان.

هەشتەم، ترسان لە ڕووبەروبوونەوە لەگەڵ خەڵک. بێگومان مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە و ناتوانێ بە تەنیا ژیان بکات، بیەوێت یاخود نا ئەوە تووشی کەسانی تر دەبێتەوە و ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. تاکی تووشبوو بە فۆبیای کۆمەڵایەتی، کاتێک تووشی بارودۆخێکی وادەبێت بەتەواوەتی دەروونی تێک دەچێت و ترس و لەرزێکی زۆری لێ دێت و خەم و خەفەت دای دەگرێت و توانای قسەکردن و خۆگونجاندنیان لە ئاستی سفر دایە.

چارەسەرییەکان

گرینگترین شت بۆ ڕێگری لە فۆبیای کۆمەڵایەتی گۆڕینی ژینگەی کۆمەڵایەتی تاکەکانە، بۆ پێگەیاندنی نەوەیەکی تەندروست لە خێزان و پەروەردەی خێزانییەوە دەست پێ بکرێت، بە دوورخستنەوەی هۆکارەکانی تووشبوون بە فۆبیای کۆمەڵایەتی لەلایەن دایک و باوک و مامۆستایان. بەڵام ئەگەر کەسەکە هاتە کۆمەڵگە یان چووە قوتابخانە بشکێندرێتەوە و تووشی ئەم نەخۆشیە بوو ئەوا بەناچاری ئەم چارەسەریانەی بۆ بەکاربهێندرێت:

یەکەم، بەکارهێنانی دەرمان، چونکە کەسی تووشبوو لە حاڵەتی ڕووبەڕووبوونەوە تووشی هەڵچوون دەبێ، و ماسوولکەکانی تووشی گرژبوون دەبن، لەم حاڵەتەش پێویستی بە دەرمانی هێورکەرەوە دەبێت.

دووەم، چارەسەری هەڵچوون، ئەویش چارەسەرە بە دانیشتن و گفتوگۆکردن لەگەڵ کەسی تووشبوو تاوەکوو وای لێ بکرێت قەناعەت بەوە بهێنێ کە کۆڕ و کۆبوونەوەکان و مرۆڤەکان جێی ئەو ترسە تۆقێنەرە نین.

سێیەم، چارەسەری ڕەفتاری. واتە کەسی تووش بوو بهێندرێتە ناو کۆمەڵ و کۆبوونەوەکان، پێویسته لەناو کۆبوونەوەکان لەلایەن کەسانی ئامادە بوو ڕێزێکی زۆری لێ بگیردرێت و ڕەچاوی باری دەروونی بکرێت. ئەمەش بۆ چەندین جار دووبارە بکرێتەوە تاوەکوو نەخۆش بەرە بەرە ترسی نەمێنێ لە کەسانی دیکە.

چوارەم، دروستکردنی قەناعەت لای کەسی تووش بوو. زۆر گرینگە ئەو کەسە قەناعەتی لا دروست بکرێت کە دەروونیش وەک جەستە تووشی نەخۆشی دەبێت و پێویستی بەچارەسەرە وهیچ عەیبە و شەرمێکی تێدا نییە، بەڵکو عەیبە ئەوەیە کە بەدوای چارەسەر نەگەڕێیت و خۆت فەرامۆش بکەیت و خۆت بدەیتە دەست نەخۆشییەکی دەروونی کە هەموو ژیانت وێران بکات.

لە کۆتاییدا ئەگەر گەڕان بە دوای هۆکار و دەرهاوێشتەکانی نەخۆشییە دەروونییەکان کە لە ئەنجامی پاشخانی کۆمەڵایەتی و ژینگەی کۆمەڵایەتییەوە دروست دەبن، بۆ هەر کۆمەڵگەیەک پێویست بێت، بە دڵنیایی بۆ کۆمەڵگەی کوردی چەندین جار پێویستە، چونکە ئایندەمان بەندە بە کار و چالاکی و بەشداری تاکەکانیەوە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO