سەباحی غالب
سه‌رژمێری گشتی كرده‌یه‌كی پێویستی كۆمه‌ڵایه‌تیی، سیاسیی، قانوونیی، كارگێڕیی، ئابووریی و په‌روه‌رده‌یی حكومه‌تدارییه، هه‌موو ده‌وڵه‌تێك به هه‌ند و گرنگی ده‌زانێ. بۆ پێكهاته‌ی ڕه‌گه‌زی و ئایینی دانیشتوان، حكومهتەکان بایه‌خی تایبه‌تی پێ ده‌ده‌ن. به‌ڵام له‌وه‌ته‌ی سه‌رژمێریی بۆته به‌شێك له یاری و گه‌مه‌ی دزێو و ناجۆری سیاسه‌ت، هه‌میشه بۆ كورد مایه‌ی ده‌ردی سه‌ری و به‌ڵا و كاره‌سات بووه. ئه‌گه‌ر ته‌ماشای گفتوگۆكانی كۆنگره‌ی ئاشتیی پاریس (1919-1920) و كۆنگره‌ی لۆزان (1922-1923) بكه‌ین، ئه‌وا به ڕوونی ده‌رده‌كه‌وێ كه سەرژمێریی گشتی كورد، ئامرازێكی ترسناكی بگره و به‌رده بووه له نێوان لایه‌نه‌كاندا.
له كۆنگره‌ی ئاشتی پاریس-دا، سەرژمێریی كورد له نێوان هاوپه‌یمانه‌كان و ده‌وڵه‌تی عوسمانی-دا، بابه‌تی هێنان و هه‌ڕه‌شه و ڕاكێشانی كورد و داگیركردنی به‌شێكی گه‌وره‌تری كوردستان بوو. ده‌وڵه‌تی عوسمانی ڕه‌وایه‌تی به كورد نه‌ده‌دا به بیانووی ئه‌وه‌ی ژماره‌ی کوردان كه‌مه، هاوپه‌یمانه‌كان وه‌ك نه‌ته‌وه ته‌ماشای كوردیان ده‌كرد و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تیان بۆ كورد به ماف و حه‌ق ده‌زانی. بەڵام، عوسمانییه‌كان و كه‌مالییه‌كان له دژی ده‌وه‌ستانه‌وه، له‌و هه‌را و به‌رده‌دا، كورد شتێكی ده‌سكه‌وت، به‌ڵام هیچی له‌باردا نه‌بوو، به‌رهه‌مه‌كه‌ی بچنێته‌وه. له كۆنگره لۆزان-دا، دیسان بابه‌تی سەرژمێریی كورد دارده‌ست و هۆكار بوو بۆ ساغكردنه‌وه و نووسینه‌وه‌ی به‌نده‌كانی په‌یمانی لۆزان و حیسابنهكردنی كورد وەک نەتەوە، وه‌ك له ڕۆژانی په‌یمانی ئاشتیی پاریس كورد چی به‌ره‌كه‌تێكی نه‌بوو، كه‌ڵك و خێر و بێری به‌نده‌كانی 62، 63 و 64 په‌یمانی سیڤه‌ر ببینێ، له په‌یمانی لۆزان-دا ده‌ست وپێ سپی‌تر بوو. دوای ئه‌وه له ساغكردنه‌وه و به‌لاداخستنی چاره‌نووسی ویلایه‌تی موسڵ، سەرژمێریی كورد بووه ئامرازێكی سه‌ره‌كی بۆ یهكلاییكردنهوەی دواڕۆژی ویلایه‌ته‌كه.
له مێژووی سەرژمێریییهكاندا كه له عێراق-دا كراوه، هه‌بووه قرساندوویانه و به گۆتره بووه، هه‌شبووه، خانه‌ی (نه‌ته‌وه)ی تێدا نه‌بووه، ئه‌وه‌ی ساڵی 1957 زیاتر به‌لای ده‌ستووری و ڕاستیدا چووه! له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كاریگه‌رییه قانوونی و ئیدارییه‌كه‌ی ڕاگیرا و كاری پێنه‌كرا.
ئه‌و سەرژمێریییهی كه له 20 و 21ی ئه‌م مانگه‌دا له عێراق به‌ڕێوه‌ده‌چێ، ده‌بوایه كاتێك ئه‌نجام بدرایه، كه مادده‌ی 140 جێبه‌جێ بكرابایه! کە نه‌كرا… بۆ؟ ده‌بێ حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌و وه‌ڵامه بداته‌وه.
ده‌بوایه ئه‌و سەرژمێرییه كاتێك بكرابایه كه كورد یه‌كگرتوو بوایه! به‌ڵام له هه‌موو كات پهروازتره!
ده‌بوایه ئه‌و سەرژمێریییه كاتێك بكرابایه كه ته‌نیا و ته‌نیا حكومه‌تی هه‌رێم نوێنه‌رایه‌تی كورد بوایه، نه‌ك هه‌ر حیزبه و خۆی له حكومه‌تی هه‌رێم به گه‌وره‌تر بزانیایه!
ده‌بوایه ئه‌و سەرژمێریییه كاتێك بكرابایه، كه هه‌موو بڕیاره‌كانی حكومه‌تی سه‌رده‌می به‌عس سه‌باره‌ت به گۆڕانكاری دانیشتوانی ناوچه داگیركراوه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم ههڵبوشانایهوه! كه‌چی له جاران زیاتر مه‌ترسییان هه‌یه!
ده‌بوایه ئه‌و سەرژمێریییه كاتێ بكرابایه كه كورد و حكومه‌ته‌كه‌ی سه‌نگێكیان له به‌غدا ببوایه! كه‌چی ئێستا لاوازتره!
ده‌بوایه ئه‌و سەرژمێرییه كاتێك بكرابایه كه هۆشیاری كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و پێبه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیی له‌ناو كورد-دا بناغه‌ی دابكوتایه! وه‌كی دی بێ بناغه‌یه و هه‌موو ئه‌وانه هه‌ڵوه‌شاونه‌وه!
نه‌یسه، واقیعێك كه حیزبی سیاسی به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌یسه‌پێنێ، زۆر له عه‌قڵ و لێكدانه‌وه‌ی باسكارێك یان كوردێكی ساده گه‌وره‌تر و كاریگه‌رتره، گۆڕینی واقیعی وا تاڵ، هێزی دڵسۆز و توانای نووسه‌ران و بیرمه‌ندانی نه‌ته‌وه له قه‌ره‌ی نایه‌ن.
به‌هه‌ر حاڵ، كورد یا ڕوونتر حكومه‌ت و كاربه‌ده‌ستانی هه‌رێم پێبزانن یان نا، زۆری و كه‌می دانیشتوان كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌و ڕاستیانه‌ی خواره‌وه هه‌یه:
یەکەم، له واقیعی ئێستای كورد له عێراق، دیاریكردنی ناوچه و نیشتیمان به هۆی زۆرینه و كه‌مینه‌ی دانیشتوانه‌وه دیاریده‌كرێ، بۆیه له گشت وڵاتان كه كوردستانیان به خۆوه گرێداوه، له ته‌قه‌لای كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی كوردانن. له‌و ڕوانگه‌یه‌وه، مێژوو هیچ بایه‌خێكی نامێنێ، دیاره له مێژووی كورد-دا ئه‌وه ساغبۆته‌وه، كه كورد له ده‌ره‌وه‌ی مێژوودا ده‌ژی! له‌و باره‌یه‌وه ساغكردنه‌وه و به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی هه‌رێمی كوردستان، ده‌بێته بێبایه‌خكردن یان نه‌هێشتنی مادده‌ی 140ی ده‌ستووری! عێراقی.
دووەم، عێراق و ئه‌وانه‌ی به‌شێك له كوردستانیان داگیركردووه، هه‌میشه له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان كه یان كورد نه‌خه‌نه خانه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كی جیاوازه‌وه وه‌ك توركیا، ئێران و سووریا كه له بنه‌ڕه‌تدا ته‌نانه‌ت بوونی كورد ناسه‌لمێنن، یان وه‌ك عێراق كه هه‌میشه خۆی و كوردی ههڵخهڵتاندووه و له‌و هه‌وڵه‌دا بووه، كه سەرژمێریی كورد كه‌م بكه‌نه‌وه!
سێیەم، له‌به‌ر ڕۆشنایی ژماره‌ی دانیشتواندا، ژماره‌ی ئه‌ندام په‌رله‌مان له عێراقدا دیاریده‌كرێ، به‌و مانایه‌ی عێراق هه‌تا بۆی بكرێ كارده‌كا له پێناوی كه‌مكردنه‌وه‌ی سەرژمێریی كورد، له‌و ڕێگایه‌شه‌وه كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی ئه‌ندامانی كورد له په‌رله‌مانی به‌غدا.
چوارەم، سەرژمێریی گشتی ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ریی هه‌یه بۆ دیاریكردنی یه‌كه‌ی كارگێڕیی له باشوور و له عێراق-دا، واتا دێیه‌ك بكرێ به ناحیه، ناحیه‌یه‌ك ببێ به قه‌زا یا قه‌زایه‌ك بكرێ به پارێزگا، سه‌رژمێریی به هەند وه‌رده‌گیرێ.
پێنجەم، دانان و نه‌خشه‌ی دابه‌شكردنی بودجه‌ی عێراق و بودجه‌ی هەرێم، به‌نده به سەرژمێریی دانیشتوانه‌وه. ئه‌مه بۆ كاربه‌ده‌ستانی عێراق و حیزبی فه‌رمانڕه‌وا له به‌غدا، هه‌میشه و به‌درێژایی مێژووی عێراق بیریان له‌وه كردۆته‌وه كه ژماره‌ی كورد كه‌م بكه‌نه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌مترین به‌شی كورد له بودجه‌دا هه‌بێ. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه به‌ڵكوو ده‌یان و سه‌دان جاری وا هه‌بووه، حكومه‌ت و ئه‌ندام په‌رله‌مانی عه‌ره‌ب به سووننه و شیعه‌وه، چاویان هه‌ڵنایه كه كورد به‌قه‌ده‌ر به‌شی خۆی له داهات و بودجه هاوبه‌ش بێ.
شەشەم، بۆ دیاریكردنی ئه‌ندامانی هه‌ر لیژنه و ده‌سته‌یه‌ك كه له حكومه‌تدا دابمه‌زرێ، زۆرینه‌ی دانیشتوان كارده‌كاته سه‌ر ژماره‌ی نوێنه‌رانی زۆرینه و كه‌مینه‌ی ژماره‌ی دانیشتوان.
حەفتەم، سه‌رژمێریی گشتی كاریگه‌ریی هه‌ره مه‌ترسی و به‌رچاوی له گۆڕانكاری واقیعی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیی کوردستانیی-دا هه‌یه، به پێی ئه‌و به‌رنامه‌ی كه عێراق هه‌یه‌تی، نه‌ك ناوچه داگیركراوه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم، به‌ڵكوو ناوچه‌ی دیكه‌ش كه ئێستا له ژێر ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمدایه له‌به‌ر ڕه‌حمه‌تی چاوچنۆكی شۆڤێنییه‌تی سوننه و شیعه‌دایه، دوور نییه پردێ یا چه‌مچه‌ماڵ، كفری یان كه‌لار بكه‌ونه به‌ر شاڵاوی گۆڕانكاری دیمۆگرافی، كه كرا ده‌كرێ! له مێژوودا هه‌ر وا بووه و هه‌ر واش ده‌بێ كه “ئاوی زاڵم به‌رەو ژوور ده‌ڕوا.”
هەشتەم، دیاریكردنی ڕێژه‌ی ئه‌فسه‌رانی هێزه سه‌ربازییه‌كانی عێراق؛ هێزی پیاده؛ هێزی ئاسمانی؛ هێزی تۆپخانه؛ ده‌بابه و زرێپۆش؛ هه‌واڵگری؛ میكانیك و لۆجستی؛ كارگێڕیی و ئازووقه؛ زانیاری و ته‌كنیكی و سایبه‌ر؛ پۆلیس و ئاساییش و هیدیكه، له‌به‌ر ڕۆشنایی زۆرینه و كه‌مینه‌ی ژماره‌ی دانیشتوان دیاری ده‌كرێن. عێراق هه‌رگیز به‌وه‌شه‌وه ڕانه‌وه‌ستاوه به‌ڵكوو نه‌بووه به قه‌ده‌ر سەرژمێرییهكهی، كورد به‌شی عادیلانه‌ی خۆی به‌ركه‌وتبێ.
نۆیەم، كردنه‌وه‌ی زانكۆ، وه‌رگرتن بۆ خوێندنی باڵا، ناردنه ده‌ره‌وه‌ی قوتابیان بۆ خوێندنی ماسته‌ر و دكتۆرا له زانكۆكانی ده‌ره‌وه‌ی عێراق، به پێی سەرژمێریی گشتی دیاری ده‌كرێ، له‌و لایه‌نه‌شه‌وه عێراق هه‌رگیز به شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه له‌گه‌ڵ كورد نه‌جوڵاوه‌ته‌وه.
دەیەم، پڕۆژه‌ی ستراتیژی و وه‌به‌رهێنان و دروستكردنی به‌نداو و ڕێگاوبان و هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ر و زۆر لایه‌نی دیكه، عێراق له‌به‌ر ڕۆشنایی سه‌رژمێرییدا دیاری‌یان ده‌كا.
یازدەم، به‌رنامه‌ی كشتوكاڵ و پێشخستنی پیشه‌سازی و لایه‌نی دیكه له‌به‌ر نه‌خشه‌ی سەرژمێریی گشتیدا دیاریده‌كرێن.
تاقیكردنه‌وه و په‌یوه‌ندی كورد و حكومه‌تانی عێراق ئه‌وه‌یان سه‌لماندووه كه تا ئێستا به گشتی، كورد نه‌بۆته هاووڵاتیی ده‌وڵه‌تی عێراق، له‌و باره‌یه‌وه نه‌توانراوه عه‌قڵی سیاسی و زمانی تێگه‌یشتن و كارگێریی دادپه‌روه‌رانه ده‌ورێك ببینن.
ئه‌وانه و گه‌لێك لێكدانه‌وه له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی سەرژمێریی گشتی له عێراق-دا ده‌بینرێن كه كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆیان بۆ سه‌ر چاره‌نووس و دواڕۆژی حكومه‌تی هه‌رێم و باشووری كوردستان هه‌یه، بۆیه پێویسته حكومه‌تی هه‌رێم و كاربه‌ده‌ستانی هه‌رێم، زیاتر له جارێك بیربكه‌نه‌وه و هه‌ڵوێست وه‌ربگرن.