سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

سەرژمێریی، کەرکووک و سەعید قەزاز، هەڵوێستێک بۆ ئێستا

ئەسعەد جەباری

جارێکیان خاڵۆم قادر جەباری (١٩٤٢-٢٠١٦) وەزیری داد لەکابینەی یەکەمی حکومەتی هەرێم، بۆی گێڕامەوە کە لەپاش ڕاپەڕین لە ماڵی خۆی بەدیداری مامۆستا مەسعود محەمەد (١٩١٩-٢٠٠٢) نوێنەر لە پەرلەمانی عێراق ١٩٥٣-١٩٥٤ لە سەردەمی پاشاییەتی و پاشتر وەزیر لە حکومەتی عێراق ١٩٦٥، گەورە ئەدیب و نووسەر و فەیلەسوفی کورد، شاد بووە.

مامۆستا مەسعود لەو دیدارەدا بۆ خاڵۆمی گێڕابووەوە گوتبووی کە جارێکیان سەعید قەزاز (١٩٠٤-١٩٥٩) وەزیری ناوخۆی سەردەمی پادشایی ناردی بەشوێنمدا و منیش چووم بۆ وەزارەت بۆلای. لەو سەردانەدا پێی گوتم دەمەوێ بێی بۆ ماڵمان دوو بەدوو هەندێ قسەت بۆ دەکەم، مامۆستا مەسعود-یش گوتبوو زۆرباشە جەنابی پاشا دێم بۆ ماڵتان.

دوای ئەوەی مامۆستا مەسعود چووبوو بۆ ماڵی سەعید قەزاز کە بەڕەچەڵەک کورد و لەدایکبووی شاری خورماتوو-وە لە پارێزگای کەرکووک. ئەم وەزیرە خەمخۆر و دڵسۆزە بە مامۆستا مەسعود محەمەد دەڵێ: لە کۆبوونەوەیەکی نهێنی و تایبەتدا لە ماڵی پاشای عێراق گوێم لێ بوو کە دەیانەوێ بەهەر نرخێک بێت هانی عەرەب بدەن ڕووبکەنە شاری کەرکووک و دەوروبەری و زیاتر بۆ ناوچەی حەویجە و دەیانەوێ کارێک بکەن کە بۆ سەرژمێری ١٩٥٧ زۆرترین عەرەب لەو شارە، کەرکووک، نیشتەجێ بکەن و سیمایەکی عەرەبی پێ ببەخشن بۆ ئایندە. هەر لەو چاوپێکەوتنە دووبەدووەی نێوان سەعید قەزاز و مەسعود محەمەد بیروڕا دەگۆڕنەوە کە چی بکەن. سەعید قەزاز بە مەسعود محەمەد دەڵێ: دەبێ تۆ بڕۆیتەوە بۆ کوردستان و هەموو هەوڵێکی خۆت بدەی بەنهێنی و ژێربەژێر هانی هەموو خەڵکی ناوچەکانی تەق تەق و کۆیە و شوان و چەمچەماڵ و دەوروپشتی کەرکووک بدەی کە هەرچیان پێدەکرێ با ڕووبکەنە کەرکووک و لەو شارەدا نیشتەجێ بن تاوەکوو ژمارەی کورد لەو شارەدا زۆر بێت لە سەرژمێری ١٩٥٧، چونکە دەبێتە بنەمایەک بۆ ئایندە. خاڵۆم گوتی: مامۆستا مەسعودیش گوتبووی بەڵێ پاشا بەسەرچاو، هەرچیم پێ بکرێ درێغی ناکەم.

تا ئێرە، چیرۆکە حەقیقیەکەی نێوان وەزیرێکی گەورەی وەک وەزیری ناوخۆی دەوڵەتی عێراقی و ئەندامی پەرلەمانێکی عێراقی کە هەردووکیان کوردن چۆن لە خەمی ئایندەی کورد و کوردستانییبوونی شاری کەرکووک بوون لە دەمی خاڵۆم قادر جەباری وەکوو خۆی بۆتانم باس کرد کە ئەم سەرگووزشتەیە پێویستی بە سەد هەڵوەستە کردنە.

دێمە سەر ئەسڵی بابەتەکەم، سەرژمێریی دەکرێ لە چەند ڕۆژی ئایندە بۆ سەرتاپای عێراق، سەیری ئەو سەردەمە بکەن، دڵسۆزانی کورد کە دوو کارەکتەریان چۆن لە خەمی کەرکووک و کوردستان بوون، ئێستاش نەک لەشکرێک بەرپرسی باڵا بەڵکوو لەسەر ئاستی عێراق و خاوەنی قەوارەیەکی یاسایین وەک هەرێمی کوردستان. بڕوانن گەیشتن بەچی و لەم هەلومەرجەدا پاش زیاتر لە ١٠٠ ساڵ تێکۆشان ئەزموونی دوو شۆڕش! گەیشتە کوێ؟ ئەفسوس کەرکووک ساڵ لەدوای ساڵ برینەکانی سەخت و ئازارەکانی بەسوێیە وەک خەمەکانی قەزاز و مەسعود محەمەد هەر خوێن لەجەستەیدا دەچۆڕێ و ساڕێژ نابێ.

هەفتەی ئایندە سەرژمێریی دەکرێ، یەک لایەن بەڕەسمی و بەنهێنی هانی خەڵکی ڕەسەنی کەرکووک و خانەقین و دووزخورماتوو و مەخموور و شێخان و بەدرە و جەسان، هتد، نادەن کە با بچنەوە و ئامادەی سەرژمێریی گشتی بن و لە شوێنی باب و باپیران و زێدی خۆیان لەوێ ناوی خۆیان تۆمار بکەن و کوردبوونی خۆیان دووپات بکەنەوە بۆ ئێستا و ئایندەی نەتەوەکەیان کە ڕۆژ بە ڕۆژ لەژێر سیاسەتی سڕینەوەدا ماندوو دەکرێن.

بەداخەوە، دەسەڵاتدارانی کوردستان خەمسارد و بێباکن، کاردنەوە و قسەکانی ئێستایان لە لێدوان و کۆبوونەوە زیاتر تێنەپەڕیوە بۆ سەرژمێریی گشتی. لێدوان و کۆبوونەوەش پوولێ ناهێنێ لە دوا ساتەکانی ڕاییکردنی سەرژمێرییدا. من خەم دەخۆم هەموو ڕۆژێ بۆ ئێستا و ئایندەی نەتەوەکەم، دەزانم کە دەیانەوێ لەبن هەڵمانگێڕنەوە بۆ دواوە و هەموو ئەزموونەکەمان سەرەولێژ بکەن تا سڕینەوەی یەکجارەکی. ئەم سەرژمێرییە وەهام پێ دەڵێ کە هەنگاوێکی بەناو یاسایی عێراقە بۆ لەتوپەتکردنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و تەنانەت هەموو کوردستانیش دەکەوێتە بەر هەڵمەتی یەک لەدوای یەکی پیلانە بۆ داڕێژراوەکانی نەیارانی کوردستان کە چۆن لەڕێی یاساوە کۆت و بەندمان بکەن. من مەترسییەکان بەهەند وەردەگرم و ناوەڕۆکەکانی دیارن کە ل ەخزمەت کورد و کوردستان نییە. ناشمەوێ بڵێم کێ لەم بێ باکی و بارودۆخەدا سست بووە یان کاری نەکردووە، ئەوە بەجێدەهێڵم بۆ مێژوو با خۆی بڕیار بدات، ئەمما ئێستا.

ئەمما ئێستا یەک شت دەزانم، ئەویش ئەوەیە بۆ هەموو دانیشتوانی کەرکووک بەتایبەتی لەم سەرژمێرییەدا پێویستە بگەڕێنەوە بۆ کەرکووک و لە سەنتەری شاری کەرکووک-دا سەرژمێری خۆیان و خاوخێزانیان بکەن، بەمەش ڕۆحی قەزاز و مەسعود محەمەد و سەدان هەزار کوردی دڵسۆز شاد دەکەن کە نەک پیلانەکانی سەردەمی پادشایەتی و کۆماری، تەنانەت پیلانە ژەهراویەکانی ئێستای عێراق-یش ناتوانن کوردستانییبوونی کەرکووک بسڕنەوە.

ئەفسووس حیزب و لایەنی کوردی چونکە خاوەنی یەک پاکێجی تۆکمەی کوردایەتی نین و نابن، هەر لایەک لە ئاوازێک دەخوێنێ بۆ ڕۆژگاری بەدبەختی کورد بۆیە ئەی کەرکووکییە دڵسۆزەکان، لەهەر کوێن هەن بۆ سەرژمێریی گشتی لە ڕێکەوتی ٢٠-٢١ی ئەم مانگە بگەڕێنەوە زێدی باب و باپیرانتان، ئێوە چاو لە حیزب و بازرگانە سیاسییە چاوچنۆکەکانی بەناو کوردایەتی مەکەن کە لەئێستادا مەستی سەروەت و سامانن، سامان دێت و دەڕوا بەڵام کوردبوون مەرجی سەرەکی ڕێگەی هاتوونەهاتی ئایندەمانە بۆ نەوەکانی ئەمڕۆ سبەینێ.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO