نووسەر: بەرزوو ئەلیاسی
وەرگێڕ: حیسام (هیوا) خاکپوور
١-٢
باس لەوە دەکرێت کە “بێدەوڵەتی دیاردەیەکی جیهانییە و هۆکارەکانی هەم لە دەرەوە و هەم لە ناوەوەی دەوڵەتدایە”. لە سەرانسەری جیهاندا نزیکەی دوازدە تا پازدە ملیۆن کەس خەڵکی بێدەوڵەت هەیە. ئەم ژمارەیە کەسانێکی زۆر کە لەوانەیە هاووڵاتیی فەرمییان هەبێت بەڵام لە مافی هاووڵاتیی بێبەشن، وەلانراون. چەمکی بێدەوڵەتی زیاتر بە بیرۆکەیەکەوە بەیان دەکرێت کە ئاماژەیە بۆ “بێمافی” و “زیانخۆریی/خەسارهەڵگری” (vulnerability). هانا ئارێنت بێدەوڵەتی وەکوو “وەدەرنانی بەتەواوەتی لە مرۆڤایەتی” وێنا دەکات؛ ستێڤن کاستلێس وەک “مەرگی کۆمەڵایەتی” دەیناسێنێت؛ لەوانەش ترسناکتر، مایکل ئیگناتیف دەڵێت بێدەوڵەتی “پێناسەی کتومتی جەهەندەمی مۆدێرن”ـە.
کاتێک بێدەوڵەتی لەلایەن ئەکادیمیستەکان و سیاسەتداڕێژان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە باسی لێدەکرێت، بە شێوەیەکی سەرەکی وەک نکۆڵیکردن لە هاووڵاتیییبوون دادەنرێت، کە گریمانە دەکرێت ڕێگە بە تاک و گرووپەکان بدات کە لەخۆگرتن و ئازادی و ماف و پشتیوانی و پاراستنیان هەبێت. بێدەوڵەتی وەک لەلایەن هانا ئارێنت-ەوە ناسراوە، بە لەدەستدانی هاووڵاتییبوون یان لەدەستدانی مافی هەبوونی ماف باس دەکرێت. لە ئەنجامدا لە ڕێدۆزێکی یاسایی یان مافبنیاتەوە، چارەسەری بێدەوڵەتی لە بەدەستهێنانی هاووڵاتییبووندا دەدۆزرێتەوە کە زۆر جار لەگەڵ تێگەی (idea) هاووڵاتییبووندا لەجێگەی یەک بەکار دەهێنرێت. بەپێی ڕێککەوتننامەی جنێڤ ١٩٥٤، بێدەوڵەت “کەسێکە کە لەلایەن هیچ دەوڵەتێکەوە بەپێی کارپێکردنی یاساکەی بە ئەندامی ئەو نەتەوە نازانرێت”. ئەم ڕێبازە بۆ بێدەوڵەتی بە پێناسەیەکی سیاسەت/دامەزراوەیی پەرەی سەندووە کە لە ڕێگەی پێدانی هاووڵاتییەوە سەیری چارەسەری بێدەوڵەتی دەکات. بەڵام ئەمە زۆر سەرسوڕهێنەر نییە لەبەرئەوەی “خوێندنەوەی بێدەوڵەتی وەک خوێندنەوەی یاسای هاووڵاتیی سەریهەڵدا”. ستایپڵز دەڵێت پێویستە خۆمان لە ئاماژەکردن بە “هاووڵاتیی” و “هاووڵاتیی” بەدوور بگرین و لەبری ئەوە لەڕێگەی دەستەواژەی “ئەندامێتی”ەوە لە پەیوەندییەکانی لەخۆگرتن و وەدەرنان لێپرسینەوە بکەین. لە هەمان ڕوانگەیەوە، ڕێدکلیفت ئاماژە بەوە دەکات کە پێدەچێت ئەو ناتەواوییە یاساییەی کە بێدەوڵەتی دەینوێنێتەوە بەس نەبێت بۆ تێگەیشتن لە ئاڵۆزی بێدەوڵەتی وەک ئەزموونێکی ژیانکراو و وەک پرسێکی ناسنامەیی. ئەم ئاڵۆزییە دەخوازێت بە ڕێبازێکی نێوانڕشتەیی چەمکی بێدەوڵەتی لە تەنیا مەسەلەی هاووڵاتیی/هاووڵاتیی فراوانتر بکات بۆ پرسیارێک کە پەیوەندی بە سەروەریی و ڕۆڵی دەسەڵاتی دەوڵەتیشەوە هەیە لە وەدەرنانی ئەو گرووپانەی کە وەک نەخوازراو، ناپاک یان هەڕەشەیەکی سیاسی سەیر دەکرێن. کۆنکلین پێی وایە کە بێدەوڵەتی ئەو تەنگەژەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەنوێنێتەوە کە ئیدیعای “مافی مرۆڤی جیهانی و ستانداردە مافناسییەکانی یاسا بەشەردۆستانەکان دەکات کە دەیان ملیۆن کەسی یاسایی و بە شێوەیەکی تایبەت کەسانی بێدەوڵەتی وەدەرناوە”.
زۆرجار ئەستەمە بۆ ئەوانەی خاوەنی مافی هاووڵاتیین و بەهرەی لێ وەردەگرن، لە ژیانێک تێبگەن و وێنای بکەن کە بارودۆخی بێدەوڵەتی تەنیویەتەوە. ئەمە ڕەنگە تا ڕادەیەک ئەوە ڕوون بکاتەوە کە بۆچی بێدەوڵەتی لە کارە ئەکادیمییەکاندا ئەوەندە کەم لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە و پەراوێزخراوە، لەولایشەوە، بۆچی ڕوودانی سنووردار نییە یان ڕێگری لێناکرێت، چونکە ئەمە دەخوازێت سیستەمی دەوڵەتی و ڕژێمی هاووڵاتیی کە بە ئەندێشەی ناسیۆنالیستی پێکهاتەبەندی کراوە، سەرلەنوێ پێناسە و جومگەبەندی بکرێتەوە. بۆیە گرنگییەکی سەرەکی هەیە کە لە ڕووی کۆمەڵناسییەوە لێکۆڵینەوە لە دەنگ و ئەزموونی تاک و گەلانی بێدەوڵەت بکرێت بۆ ئەوەی تێبگەین کە بێدەوڵەتی مانای چییە و بێدەوڵەتبوون چۆن بەرهەم دەهێنرێت و ئەزموون دەکرێت؟. بە هەمان شێوە گرینگە کە توێژینەوە لەوە بکەین چۆن دروستبوونی بێدەوڵەتی، بێبەشی دەهێنێتە ئاراوە. زیادەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێین هاووڵاتییبوون وەک خوازراوترین چارەسەر بۆ ئازارە بەکۆمەڵەکان و وەدەرنان و تاراندنی خەڵکی بێدەوڵەت سەیر دەکرێت. ئەم چارەسەرە هێزەکییە هەم ڕوانگەی ئەو چالاکانە لەخۆدەگرێت کە لەگەڵ خەڵکی بێدەوڵەت کاردەکەن، هەم دەزگای نێودەوڵەتی دیار وەک کۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران (UNHCR). بەهەرحاڵ هەندێک داخوازی بۆ شیکاری ئاڵۆزتر لە بارودۆخی ژیان و ئەزموونەکانی بێدەوڵەتی هەیە کە گرنگی بە واقیعە مێژوویی و جوگرافییەکان دەدەن. زیاد لەمانەیش پرسی بێدەوڵەتی لە تیۆریزەکردنی ماف و دادپەروەری جیا ناکرێتەوە.
وەک بلووم و هاوکارەکانی دەڵێن، ناتوانرێت سەرچاوەکانی بێدەوڵەتی لە یەک هۆکاردا کورت بکرێتەوە چونکە بێدەوڵەتی بە شێوەیەکی ئاڵۆز و فرەلایەنە لە کاتی جیاواز و شوێنی جیاوازدا سەرهەڵدەدات. بۆ نموونه کورد دوای جەنگی جیهانی یەکەم به دوای دابەشکاری ڕۆژهەڵاتی ناڤین بەدەستی بەریتانیا و فەرەنسا، بێدەوڵەت کرا و له ئاکامدا له ڕووی سیاسی و ئابووری و کەلتوورییهوه لەناو دەوڵەت-نەتەوەکانی تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا بەکەمینەکرا و وەپەراوێزخرا. بێدەوڵەتی فەلەستینییەکان لە ئەنجامی تێکچوونی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بە دەسەڵاتی کۆلۆنیالیزمی بەریتانیا و دامەزراندنی ئیسرائیل لە ١٩٤٨دا سەریهەڵدا. کۆچکردنی زۆرەملی، زەوتکردن و بێخانوومانکردن بوونەتە هۆی ئەوەی کە ئاراستەی بەکۆمەڵی فەلەستینییەکان فۆرمڕێژ بکرێت.
هەروەها، بێدەوڵەتی دەتوانێت لەو کۆمەڵگایانەشدا سەرهەڵبدات کە ڕژێمی هاووڵاتییبوونیان بە توندی “باوکمەزنانەیە” و ئەمەش زۆرجار کاریگەریی لەسەر منداڵانی ژن و مێردەکە دادەنێت و بەهەمان شێوە پێگەی هاووڵاتییبوونیان نییە و بێدەوڵەت دەبن. ئەمە بە ڕوونی فۆڕمێکی جێندەریی بێدەوڵەتییە کە ڕژێمەکانی هاووڵاتییبوونی باوکمەزنانە دروستی دەکەن. بەهەمانشێوە، دەوڵەتەکان دەتوانن بەشدار بن لە “نەتەوەسڕینەوە” لەو کەس و گرووپانەی کە وەک “بێوەفا”، “خەیانەتکار” و “دوژمنی دەوڵەت” سەیر دەکرێن، جا چ سەر بە کەمینەیەکی نەتەوەیی بن یان سەرقاڵی چالاکییەک بن کە لە لایەن دەوڵەتەوە وەک “تیرۆر” پێناسە دەکرێت. هەرچەندە ڕاستە کە دەوڵەتە تۆتالیتارییەکان لە مێژوودا نەتەوەسڕینەوەیان وەک چەکێکی بەهێزی تاراندن و وەدەرنان لە دژی ئەوانی دیکەی “نەخوازراو”ی خۆیان بەکارهێناوە، بەڵام ستاندنەوەی هاووڵاتییبوون وەک جۆرێک لە هەڵاواردن، لە دەوڵەتە لیبراڵ دیموکراتەکانیشدا لە هەڵکشاندایە. زۆرجار نەتەوەسڕینەوە کاریگەری لەسەر ئەو تاکانە دەبێت کە سەر بەو گرووپانەن کە دۆخی هاووڵاتییبوونیان نائەمنە و وەها وێنا دەکرێن کە ئەندامێکی شەرعی نەتەوە نین. گرووپی ئامانجی نەتەوەسڕینەوە لە ئەوروپای ڕۆژئاوای هاوچەرخدا هاووڵاتییانی ئەوروپین کە پێشینەیان لە وڵاتانی زۆرینە موسڵمانەوە هاتوون.
بلووم و هاوکارانی لە هەڵسەنگاندنی ئەوەی کە چۆن بیر لە بێدەوڵەتی کراوەتەوە شوێنپێی ساتەوەختە سەرەکییەکان هەڵدەگرن. بێدەوڵەتی لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانی دووەم وەک ڕیزپەڕ سەیر دەکرا. ئەم تێگە لە بێدەوڵەتی لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکەمدا گۆڕدرا کە تێیدا بێدەوڵەتی وەک دیاردەیەک سەیرکرا کە پێویستی بە هەندێک چارەسەری یاسایی و سیاسی هەبوو. گوتاری هاوچەرخ لەسەر بێدەوڵەتی، بێدەوڵەتی بە دیاردەیەکی بەربڵاو و ڕەگوڕیشە کوتاو لە فۆرماسیۆنی مۆدێرنەتەدا دەزانێت. شێوازی تیۆریزەکردنی بێدەوڵەتی کاریگەری لەسەر شێوازی دیاریکردنی چارەسەر و دەرمانی جیاواز بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بێدەوڵەتی وەک دۆخی بێدەرەتانی و بێپشتیوانی و زیانخۆریی هەیە.
ڕێبازی جیاواز هەیە بۆ چۆنیەتی تێگەیشتن و چارەسەرکردنی بێدەوڵەتی. ڤان واس و دی چیکێرا ڕێبازی مافی مرۆڤ و یاسا بۆ بێدەوڵەتی دەگرنەبەر کە لەسەر گرنگی بەدەستهێنانی هاووڵاتییبوون و بەهێزکردنی پێگەی خۆیان داکۆکی دەکات. جگە لەوەش بانگەشەی ئەوە دەکەن، “لە کاتێکدا ئەوانەی هاووڵاتییێکی بێکاریگەریان هەیە بێدەوڵەت نین، بەڵام هیچ مانایەکی نییە کە نەتەوەیەک بۆ بێدەوڵەتەکان دابین بکرێت کە بێکاریگەر بێت”. بە گوێرەی ڤان واس و دی چیکێرا، ڕێبازەکان و پێناسەکانی بێدەوڵەتی بە سەرلێشێواوی و بەکارهێنانی هەڵە دەورە دراون. بۆ نموونە، زیانخۆریی کەسانی بێدەوڵەت لەگەڵ ئەو پەنابەرانەی کە لە سنووری دەوڵەتەکاندا یان لە دەرەوەی سنووری دەوڵەتەکاندا ئاوارە دەبن و پشتگوێ دەخرێن تێکەڵ کراوە. ڤان واس و دی چیکێرا، لە کاتێکدا کە هەوڵ دەدەن سنوورە چەمکییەکانی گەلان/تاکەکانی بێدەوڵەت و تاقمە لاواز و زیانخۆرییەکانی دیکە لە چوارچێوەی کۆچکردندا ڕوون بکەنەوە، پێیان وایە کە گرنگە جیاوازی دابنرێت لە نێوان پەنابەرانی بێدەوڵەت (ڕۆهینگا) و پەنابەرانی خاوەندەوڵەت (پەنابەرە عەرەبەکانی سوریا)، کەسانی بێدەوڵەت و کۆچبەرانی بێسامان. کورد لە باسەکەیدا وەک دەستەی سێیەم پۆلێنبەندی کراوە و بە یەکێک لە ناسراوترین نەتەوە بێدەوڵەتەکان دادەنرێت؛ سەرەڕای ئەوەی بە فەرمی وەک سەر بەو دەوڵەتانەی کە تێیدا بەڕێوەدەبرێت، ناسێنراوە. ئەوە نەبوونی دەوڵەتە کە وەک ناوەندی خەباتی کورد تەماشا دەکرێت نەک هاووڵاتییبوون خۆی لە خۆیدا. بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەکانی بێدەوڵەتی، نیاز بە سازاندنی چەمک و پێناسەیەکی هاوبەش بۆ بێدەوڵەتی هەیە. پێناسەیەکی هاوبەش بۆ دۆخێک وەک کێشەیەک یان وەک بارودۆخێکی ژیانی زیانخۆریی زۆرجار هەوڵە بەکۆمەڵەکانی مامەڵەکردن لەگەڵیدا لە قاڵب دەدات. بە هەمان شێوە برادلی داوای ڕێبازێکی وردتر دەکات بۆ باسی پەنابەری و بێدەوڵەتی و لە تێکەڵبوونی ناڕەخنەگرانە لە نێوان پەنابەران و بێدەوڵەتاندا هۆشداری دەدات چونکە ئەم جۆرە تێکەڵاوبوونە “ئەگەری هێزەکی خەسار بە ئاوارەکان پیشان دەدات، چونکە ڕەنگە تێگەیشتنێکی هەڵە لەسەر پەنابەران وەک قوربانییەکی بێدەسەڵات بەردەوام بکات و بە شێوەی نەخوازراو ئیدیعای قەناعەتپێهینەری پەنابەران لە دژی دەوڵەتە سەرەکییەکانی خۆیان بۆ وەدیهێنانی مافەکانیان وەک هاووڵاتی تێکبدات”.
بە پێچەوانەی ڤان واس و دی چیکێرا، کینگستن ئاماژە بە ئەزموونەکانی ڕۆهینگا لە میانمار وەک نموونەیەکی بەرچاوی بێمافی دەکات، کە ڕۆهینگاکان نەک تەنها بەرکەوتەی توندوتیژی ڕاستەوخۆ وەک دەستدرێژی و ئەشکەنجەدان و کوشتن دەبن بەڵکوو بەر توندوتیژی بونیادییش دەکەون کە لە ڕێگەی بێدەوڵەتی و لێسەندنەوەی هاووڵاتییەوە دەردەکەوێت. جگە لەوەش، کینگستن دەڵێت کە کۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران وەک بەشێک لە ئەجێندای جیهانی خۆی، بەدەستهێنانی هاووڵاتییبوونی کردووە بە چارەسەری یەکلاکەرەوەی بێدەوڵەتی. هەرچەندە ئەم ڕێبازە یاساییە گرنگە بۆ ئەوەی خاوەنی پێگەیەکی یاسایی لەناو جڤاکێکی سیاسیدا بیت و دەتوانێت دۆخی ژیانی گەلانی بێدەوڵەت باشتر بکات، بەڵام هیچ گەرەنتییەکی سیاسی نییە کە بتوانێت ئەو نادادپەروەرییە سیاسی و کولتووری و ئابوورییانە بسڕێتەوە کە ئەو ژینگە-جیهانییەی گەلانی بێدەوڵەتیان تەنیوەتەوە. لە کاتێکدا کینگستن بەردەوام جەخت لەسەر گرنگی ستراتیجییە یاساییەکان بۆ سڕینەوەی نادادپەروەری و ئازارە بەکۆمەڵەکانی گەلانی بێدەوڵەت دەکاتەوە، پێداگری لەسەر ئەوەیش دەکات کە ڕێبازی یاسایی/مافتەوەر لەسەر بنەمای “هاووڵاتیی” بۆ بێدەوڵەتی “چارەسەرێکی کاتییە” لەسەر پرسە بەربڵاوەکانی نایەکسانی بونیادیی”. گرنگە لەگەڵ بێدەوڵەتی وەک پرسێکی یاسایی، بپەرژینە سەر بنبڕکردنی ئەو هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییانەی کە توندوتیژیی بونیادیی و نایەکسانی لەسەر خەڵکانی بێدەوڵەت مسۆگەر دەکەن.
تێبینی: ئەم وتارە پێشتر لە ژێر ناوی “خوێندنەوەکانی دۆخی بێدەوڵەتی” لە ژمارەی دووەمی گۆڤاری “هەڵوێست”دا بڵاوکراوەتەوە. لێرەدا لەسەر ئیزنی وەرگێر و نووسەر لە دوو بەشدا بە هەندێک دەستێکارییەوە بڵاو دەکرێتەوە.
سەرچاوەکان
Bloom, T., Tonkiss, K., & Cole, P. (Eds.). (2017). Understanding statelessness. Routledge.
Kingston, L. N. (2017). Worthy of rights: Statelessness as a cause and symptom of marginalisation. In B. Tendayi, T. Katherine, & C. Phillip (Eds.), Understanding Statelessness (pp. 17–34). Routledge.
van Waas, L., & De Chickera, A. (2017). Unpacking statelessness. In B. Tendayi,
T. Katherine, & C. Phillip (Eds.), Understanding statelessness (pp. 53–69). Routledge.