مەلا فەرمان
بەر لەوەی باس لە پڕۆسەی سەرژمێریی بکەم، بۆ بەرچاوڕوونی گەلەکەمان و ئەو بەرپرسە کوردستانییانەی پشتیوانی ئەنجامدانی سەرژمێریی دەکەن، دەمەوێ بە چەند پرسیارێک دەست پێ بکەم:
یەکەم، جێبەجێنەکردنی قۆناغەکانی ماددەی ١٤٠ لە دەستووری عێراق کێ ئەنجامی نادا؟ بۆ ئەنجامی نادەن؟
دووەم، بڕیاری ٢٩ دەربارەی زەوییە داگیرکراوەکانی کورد و تورکمان کە بڕیارەکانی لیژنەی کاروبارەکانی باکووری حکومەتی بەعس هەڵدەوەشێنێتەوە ١٢ ساڵە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەرچووە بۆ جێبەجێ ناکرێت؟
سێیەم، کێ بەرپرسە لە پڕۆسەی تەعریب کە لە ٢٠١٧ وە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم، بەتایبەتی کەرکووک، بەردەوامە، کە بە بەرچاوی بەرپرسانی کوردستانەوە دەکرێت. ڕۆژانە جووتیاری کورد ئازار دەدرێت، لە لایەن عەرەبی هاوردەوە ستەمی بەرامبەر دەکرێت، سوپا و پۆلیس دەستبەجێ جووتیارە کوردەکان دەگرن و زیدندانیان دەکەن، کێ بەرپرسە.
چوارەم، گەڕانەوەی سوپای عێراق بۆ هەموو مۆڵگە کۆنەکانی سوپای سەردەمی بەعس، لە کاتێکدا هیچ مەترسیەکی سەربازی نییە لە ناوچەکانی شوان و ساڵەیی. بە کورتی کەرکووک بۆتە سەربازگەیەکی گەورە، وەک ناوی لینراوە پاراستی یاسا (حفظ القانون)، کێ بەرپرسە لێی.
پێنجەم، ڕێگریکردن لە خاوەن دەواجنە کوردەکان لە فرۆشتنی بەرهەمەکانیان بە بیانوی بێ مۆڵەتی، کێ لێی بەرپرسە. مۆڵەتیان بۆ نادرێتێ، چونکە زەویەکانیان لە سەردەمی بەعس داگیرکراوە و خراوەتە سەر وەزارەتی دارایی/مالیە، بەرگری یان هاوردەی عەرەب. ئەمە بۆ؟
شەشەم، لە ٢٠٠٥ ەوە پەرلەمانی عێراق، ئەندامانی سوننە و شیعەکانی، ئامادە نین یاساکانی بەعس دژ بە کورد و تورکمان هەڵبوەشێننەوە. ئەمڕۆ ٢٧/١٠ هەڵوەشانەوەی ئەو یاسایانە خراوەتە بەرنامەی دانیشتنی پەرلەمان ، بەڵام بەستراوەتەوە بە دوو بڕیاری ترەوە، کە داوای پێکهاتەی سوننە و شیعەن: یاسای باری کەسێتی و لێبوردنی گشتی.
حەفتەم، لە ٢٠١٢ ەوە، وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئامادەی ئەنجامدانی پڕۆسەی سەرژمێرییە، بەڵام لەبەر ئەوەی کورد لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم دەسەڵاتداربوون عەرەبەکان ڕێگەیان نەدا سەرژمێریی ئەنجام بدرێ.
هەشتەم، دروستکردنی گوندەکانی وەک ئالبودێر، ئەلعیزە و ئەلزەهرا لەسەر شاڕێگەی دووبز-کەرکووک و دەستبەسەرداگرتنی هەزاران دۆنم زەوی کورد، بۆ؟
نۆیەم، هاوردنی سەدان خێزانی عەرەب و نیشتەجێکردنیان لە کەرکووک لە چەند ساڵی ڕابردوودا. بۆ نموونە، لە ٥/٥/٢٠١٩، بە نووسراوی ژمارە ٢٨٣٣٦ و بە ئیمزای لیوا ریاز جندی عبدالکازم، کە ئاراستەی دائیرەی باری کەسێتی و جەوازات و نیشتەجێ کەرکووک کراوە.
ڕاستە، دەگوترێ “وڵاتیک خاوەن داتایەکی دروست نەبێت وەک ئەو کەسە وایە هەم چاوی نوقاندبێت، وە هەم لە شەوێکی تاریکدا ڕێ بکات”. بەڵام ئەم قسەیە بۆ وڵاتێکە کێشەی خاک ،نەتەوە و دەستووری نەبێت. نەک وڵاتێکی وەک عێراق لە ٢٠٠٥ دەستوورێکی هەمیشەیی هەیە، کەچی حکومەتەکەی زۆریک لە ماددەکانی جێبەجێ نەکردووە، دوو پێکهاتەی گرنگی وەک کورد و تورکمان بە درێژایی ٣٥ ساڵی حوکمی بەعس ستەمیان بەرامبەر کراوە و مافیان زەوتکراوە. کەچی ئەم حکومەتەی ئێستا بە گوێرەی دەستووریش مافە زەوتکراوەکانیانی نەگەڕاندۆتەوە. لە کەرکووک و تەواوی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم هێشتا ئاسەواری بەعس نەک نەسڕاوەتەوە بەڵکوو بە شێوەیەکی تر تەعریب بەردەوامی هەیە.
ڕاستە لە فۆرمی سەرژمێریی خانەی نەتەوە و پێکهاتەی تیا نییە، بەڵام ئەم سەرژمێرییە لە دواڕۆژ جێگیر دەکرێت و دەبێت بە بنەما و جێگرەوەی سەرژمێریی ١٩٥٧.
بۆیە منی کەرکووکی بڕوا بە بەڵێنەکانی بەرپرسە عەرەبەکان ناکەم، متمانەم بە بڕیارەکانی بەغدا نییە، هەر لەبەر ئەو هۆیانە و ئەو بارودۆخەی لە کەرکووک هەیە داوادەکەم:
یەکەم، پڕۆسەی سەرژمێریی دوا بخرێت تا ئەو کاتەی بڕگەی ئاساییکردنەوە لە مادەی ١٤٠ جێبەجێ دەکرێت. ئەمەش هەنگاوێکە بۆ نیشاندانی نیازپاکی.
دووەم، داوا لە دەسەڵاتدارانی هەرێم دەکەم ئەنجامدانی ئەم پڕۆسەیە ببەستنەوە بە جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠. بەرامبەر بەهیچ دەسکەوتێکی حیزبی و کەسی یان هەر بەڵێنێکی تر مامەڵە بە کەرکووک-ەوە نەکەن. چونکە بەشدارینەکردنی هەرێم گرنگی خۆی هەیە. هاوشێوەی سەرژمێریی ١٩٩٧، ئەم سەرژمێرییە ناتەواوە و دانپێدانراو نابێت. ئەگەر بەغدا بەبێ هەرێم ئەنجامی بدات، ئەوا هەرێم شەرعیەت بەو سەرژمێرییە نادات کە لە کەرکووک دەکرێت. بەڵام بەشداریکردنی هەرێم واتا شەرعیەتدانە بەو پڕۆسەیە.
کۆتا قسە، هەر مامەڵەکردنێک لەم سەرژمێرییە بە کەرکووک-ەوە واتە بەشداریکردن لەو قومارەی کە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان تێدا دەدۆڕێن.