جێگر مەعروف
لەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، حیزبەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتیی جگە لە نەوەی نوێ، بابەتێکیان کردە باس و خواسی نێو خەڵکی کوردستان کە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تەزویری تێداکراوە و ئامێری دەنگەکان بەرمەجەکراون بۆ چەند لایەنێکی دیاریکراو.
لەڕاستیدا، ئەمە هەوڵ و هەواڵێکی نوێ نییە. لە ماوەی ٣٣ ساڵی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان سەرجەم هەڵبژاردنەکان بەشێوەی جیاجیا، ساختەکاری و تەزویری تێداکراوە، بێگومان ئەم هەڵبژاردنەی کۆتاییش لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو جیاوازتر نەبووە وەک ئەوەی پێش هەڵبژاردنەکان حیزبەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتیی بانگەشەیان بۆ دەکرد، کە ئەم هەڵبژاردنە لەوانی تر جیاوازترە و کۆمیسیۆنی عێراق سەرپەرشتی دەکات!
ڕاستیەکی لەمە تاڵتر هەیە، ئەویش ئەوەیە کە پڕۆسەی سیاسی و دیموکراسی لە عێراق و کوردستان کۆتایهاتووە.
کاتێک پڕۆسەی سیاسی و دیموکراسی لە وڵاتێکدا کۆتایی دێت، واتا سەرجەم حیزب و لایەنەکان، هیچ تێگەیشتن و دیدەگایەکیان نامێنێت بۆ ئەوەی پایەکانی دیموکراسی و نۆرم و بەها باڵاکانی دەوڵەتێکی مۆدێرن لەناو دامودەزگاکاندا پێشبخەن! بەڵکو هەموویان هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی دەسەڵات و پانکردنەوەی ڕکەبەرەکانیان دەدەن. بەمەش ئەو ناوەند و کەسایەتییانەی کە هەڵبژێردراوی خەڵک و ناوەندی فەرمی و شەرعین، کاریگەریان نابێت و نابنە ناوەندی بڕیار.
سەرنج بدە لەسەرەتای هەڵبژاردنەکان، هێز و لایەنەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتیی، خەڵکیان خۆش خەیاڵ کرد بەوەی ئەم هەڵبژاردنە، لەلایەن بەغدا-وە سەرپەرشتی دەکرێت! بێ ئاگا لەوەی هەرگیز بەغدا، ناوەندی ئومێد و دیموکراسیی نەبووە و نییە. کەواتە ئەوانەی دەڵێن: بەغداد، قووڵایی و ناوەندی ستراتیجی ئێمەیە، جگە لە مووچە، چاویان هیچ شتێکی دیکە نابینێت و هیچ ئامانجێکی ڕاستەقینەی سیاسییان نییە.
کەواتە ئێمە پێویستیمان بە ئەڵتەرناتیڤێکە کە بە جددی هەوڵ بۆ چارەسەری پڕۆسەی دیموکراسی و چەسپاندنی نۆرم و بەها باڵاکانی دەوڵەتی مۆدێرن بدات، کە شەرعیەتی حوکمڕانی لە خەڵکەوەیە و بنەما و بەها گرنگ و بنەڕەتییەکانیی حوکمڕانی بریتین لە دیموکراسیی و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان؛ ئازادی سیاسیی و هەڵبژاردنی ئازادانەی ئەوانەی دەسەڵات دەگرنە دەست؛ دەسەڵاتی قانوون و دامەزراوە؛ مافی مرۆڤ و ئازادی تاك لە پیادەکردنی ژیانی تایبەتیی و شەخسی؛ ئازادی دەربڕین و گوزارشت و ڕاگەیاندن و خۆپیشاندان؛ ئازادیی پیادەکردنی بیروڕای ئایینی یان بێئایینی، هتد.