ئێران وەک زلهێزێکی ناوچەکە وەک دەبینیین زیاد لە پێویست خۆی لێ گەورە بووە، بە بۆنە و بێ بۆنە خۆی دەخاتە نێو گەمە سیاسیی و سەربازییەکانەوە، بوەتە مایەی هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر خەڵکی مەدەنی لە وڵاتانی دراوسێ. وەک لە ڕابردوودا هێرشی کردە سەر پایتەختی هەرێمی کوردستان بە بەهانەی ئەوەی بنکەی ئیسرائیلی کردۆتە ئامانج، هەر لەو هێرشەدا ژمارەیەک کوژرا و برینداری مەدەنی لە ژن و منداڵی لێ کەوتەوە.
لەهەمان کاتدا بەهەمان ئاواز هێرشی درۆنی و موشەکی کردە سەر پاکستان و سەروەریی ئەو وڵاتەی پێشێل کرد. هەرچەندە تا ئێستا هێرشەکەی سەر هەرێمی کوردستانی بۆ چوەتە سەر سەرەڕای ناڕەزاییەکی زۆری ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانی، کە لە زۆر لایەنەوە شەرمەزار کرا، بەڵام لەبەر ئەوەی حکومەتی عێراق بەهۆی شلۆقی حکومڕانی و دەسەڵاتییەوە خاوەنی هیچ سەروەرییەک نەبووە و نییە بۆیە جگە لە ئیدانەکردنی ئەو کارە قێزەونە زیاتر هیچی نەکرد.
تاران جارێکی تر و دووپاتی ئەوە دەکاتەوە کەوا هێرشی تر ئەنجام دەدات، وەک خۆی دەڵێت بنکەکانی ئیسرائیل لە هەرێمی کوردستان دەکاتە ئامانج، لەکاتێکدا هیچ بنکە و بارەگایەکی ئیسرائیلی لێ نییە.
ئێستا دەبینین ئێران ناچار بووە بچێتە ناو جەنگێک کە چەندین ساڵە بە وەکالەت بە حەماس و حیزبوڵڵا و میلیشیا شیعەکانی عێراق دەیکات، دەی با بزانین ئێران چی پێ دەکرێت وەک کورد دەڵێت “ئەوە عەرز و ئەوە گەز” بزانین دوای ئەم گۆڕانکارییە گەورانەی ڕوویاندا لەم ناوچە لە شەڕی حەماس و ئیسرائیل و پەلکێشان بۆ حیزبوڵڵا و کوشتنی سەرکردەکانیان و هێرشە شەرمنانەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل وەک گێڕانەوە ئیعتیبارێک بۆ پێگەی خۆی لە ناوچە، بزانین چ دەکات. بەڵام وەک دەبینین ئیسرائیل بەنیازی ئەوەیە تۆڵە بکاتەوە و ئێرانیش هەڕەشە دەکات، جارێ نازانرێت کە ئێران چ دەکات.
بزانین ئەمریکا تا چەندە خۆی پێدەگیرێت بەرامبەر دەستێوەردان و هەڕەشەکان و ئێران تا چەندە بەتەمایە شەڕی بەوەکالەت بکات بە دەستە دوورەکانی لە ناوچەکە، تا چەندە دەتوانێت هەژموونی خۆی بسەپێنێ بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەردەوامدان بە دروستکردنی هیلالی شیعی.
ئێران بەتەمایە ببێتە تاکە زلهێزی ناوچەکە. بە گوێرەی توانای خۆی هەوڵی سڕینەوەی هەژموونی هەر یەک لە تورکیا و چین و ڕووسیا دەدات لە ناوچەکە بە نمایشکردنی هێز بەسەر وڵاتانی لاواز، بەین بەینیش ختوکەی ئیسرائیل و ئەمریکا دەدات.
بەڕای من ئێران بەتەمایە هیلالێکی شیعی بەهێز دروست بکات کە بتوانێت بڕیار ئارامی و ئاڵۆزی ناوچەکە بدات و وڵاتانی دەوروبەری ملکەچ بکات.