لەڕاستیدا ڕێنووس زانستە، بۆیە دەبێت بەیاسا دروست بکرێت، بەڵام ڕێکنووسی هوونەرە، چونکە بەپێشنیارو ڕێنمایی ڕێک دەخرێت، ئەمەش وادەکات هەریەکەیان پێناسەیەکی تایبەت بەخۆی وەربگرێت، ڕێنووس بە ڕێزمانەوە گرێ بدرێت و ڕێکنووسی بەئاخاوتنەوە بلکێنرێت، نووسینی هەر زمانەکیش بەچەند قۆناغەکدا تێپەڕیوە ئینجا ڕێنووسی لێ دروستکراوە، بۆیە ڕێنووس بەدوا قۆناغی نووسین دەزانرێت، کە ڕێککەوتنی شارەزایانی لەسەردەکرێت و بەپاساوی یاسایی پەیڕەو دەکرێت، بەڵام ڕێکنووسی قۆناغەکە بەر لەڕێنووس دروست دەبێت، کە لەدواتردا زەمینە بۆ دروستکردنی ڕێنووس دەڕەخسێنێت، ئەو نووسینەی کە لەئێستاشدا بۆ زمانی کوردی دەکرێت بەڕێکنووسی هەژمار دەکرێت، چونکە هەمووی لەسەر پێشنیار ڕێکخراوە، بەمەش تاڕاددەیەک نووسینەکی لەیەکچووی جوان و ڕیکوپێک بەرهەمهاتووە، بەڵام لەبەر ئەوەی بەردەوام پێشنیاری دژبەیەکی بۆ دادەنرێت، لێرەو لەوێ گۆڕانکاری تێدا دەکرێت و بیروبۆچوونی جیاواز لەسەر گرفتەکانی دروست دەبێت، بۆیە بەڕێنووس هەژمار ناکرێت، چونکە زانستی ڕێنووس پێویستی بەوە هەیە یاسای بۆ دابنرێت، ئەگەر یاساش هەبێت کەس ناتوانێت بۆ دژەڕایی یاسای تر دابڕێژێت، چونکە یاسا، پاساوی جیاوازی ناهێلێت، چوارچیوە بۆ نووسینی دەستەواژەکان دادەنێت، کە کەس ناتوانێت لێی دەربچێت .
لەڕێنووسدا دەبێت یاسای فێربوون بۆ هەر حالەتەک هەبێت، کە نووسینی دەستەواژەکانی لەسەر داڕێژرابێت، هەموو کەسەکیش بتوانێت فێری ئەم یاسایانە ببێت ئینجا ئەگەر ئەو کەسە ئاخێوەری زمانەکی دیکەش بێت، هەر بەم یاسایانەش دەتوانرێت ڕاست و هەڵەی نووسینی وشەکان دیاربخرێت و حالەتە ناوازەکان دەستنیشان بکرێت، بەڵام ڕێکنووسی وانییە، چونکە لەڕێی چەند پێشنیارەکەوە داوادەکرێت نموونە بەنموونە بچوێنرێت و لاسایی بکرێتەوە، لەمەشدا بەردەوام بیروبۆچوون و پێشنیاری نوێ دروست دەبێت، چونکە لەبەرامبەر هەر پێشنیارەکدا دەتوانرێت پێشنیاری دیکە دابنرێت، بۆیە هەندێ کەس نووسینەکانیان بەپێی چەند پێشنیارەک ڕێک دەخەن، کەچی هەندەکی تر پێشنیاری دی پەیڕەو دەکەن، ئەمەش لەنووسینی کوردی ئێدستادا زۆر بەڕوونی دەردەکەوێت، چونکە ئەگەر سەرنج بدەینە هەموو ئەو نووسینانەی کە لەدەزگاو کتێب و گۆڤارو بڵاوکراوەکان پەیڕەو دەکرێت، دەبینین هەمووی بەپێی ئەو پێشنیارو ڕێنمایییانە دەکرێت کە لەڕێی بیروبۆچوونە تاکە کەسییەکانەوە دادەنرێت نەوەکوو لەڕێی داڕشتنی چەند یاسایەک کە بەسەر نووسینی وشەکاندا جێبەجێ ببێت و بەپێی هەر حالەتەک داڕێژرابێت، ئەمەش وایکردووە بەردەوام دژەڕاو پەیڕەوکردنی پێشنیاری جیا دروست ببێت، چونکە دەتوانرێت لەبەرامبەر هەر پێشنیارەکدا پێشنیارەکی دیکە بکرێت، بۆیە دەبینین هەر کۆمەڵەیەک لەنووسەران، هەریەکەیان بەپێی چەند پێشنیارەک نووسینی خۆیان ڕێک دەخەن، لەمەشدا کەس ناتوانێت ڕاست و هەڵەی نووسینەکانیان دیاربخات، چونکە هەرلایەنەک خۆی لەوی تر بەڕاستتر دەزانێت، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی ڕەخنەگرتن و پەیڕەوکردنی پێشنیارەکان ببێتە کارەکی دەست و بێ دەستی، ئەوەی دەستڕۆیشتوو بێت پێشنیاری خۆی دەسەپێنێت، ئەوەی دەستیشی نەڕوات ناچارە لاسایی بکاتەوە ئەگەر باوەڕیشی بەپێشنیارو بیروبۆچوونەکە نەبێت .
ئەگەر بمانەوێت ڕێنووس بۆ نووسینی کوردی دروست بکەین، دەبێت نووسین بەیاسایی بکەین و لەپڕۆسەی فێرکردندا جێبەجێیان بکەین، چونکە بەدانانی یاسا، نووسین لەقۆناغی هوونەرەوە بۆ قۆناغی زانست دەگۆڕێت، ڕەچاوی هەموو ئەو بنەمایانەشی تێدا دەکرێت کە بەدرێژایی قۆناغەکانی ڕابوردوو وەک تایبەتمەندی بۆ نووسینی زمان دروست دەبێت، بەمەش ڕاستترین ڕێڕەوو بەڵگەدارترین شێوە نووسین پەیڕەو دەکرێت، کە لەوانەیە بەشی هەرەزۆری نووسەران بەلایانەوە پەسندتر بێت، بۆیە پێویستە بۆ دروستکردنی ڕێنووس، یاسا بۆ گرفت و جیاوازییەکانی نووسین دابڕێژین ئینجا ئەگەر وشەیەک نەکەوتە ژێر باری یاسایەکە بەناوازەی دابنێین، هەر بەمەش لەلایەکەوە چارەسەرکردنی گرفتەکان ئاسانتر دەبێت و بەلایەکدا ساغ دەبێتەوە، لەلایەکی ترەوە فێرخوازان دەست ڕاهاتن و ڕؤشنبیرییەکی ڕێنووسییان بۆ دروست دەبێت، کە لەئەنجامدا ڕێنووسەکی یەکگرتووی لێ دروست دەبێت .
بەداخەوە زۆر لە شارەزایانی زمانی کوردی، ئەو ڕێکنووسییەی کە لەئێستادا هەیە بەڕێنووسی دەزانن یان تێکەڵی یەکتریان دەکەن، بۆیە وا دەزانن ئەگەر باس لەنووسینی کوردی بکرێت برینەکی قەتماغەگرتوو دەکولێتەوە یان وەک گرێکوێرەیەک لێکدانەوەی بۆ دەکەن، کە وا پەسندترە لێی بگەڕین و نەکرێتەوە، لەئەنجامی ئەمەشدا ئەو بیروبۆچوونەیان بۆ دروستبووە کە دەڵێن چۆنە هاتووە با هەروەکوو خۆی بمێنێتەوە، چونکە وا لێک دەدەنەوە ئەو ڕێکنووسییەی کە بۆ نووسینی کوردی بەرهەمهاتووە تێک دەچێت و ناتوانرێت باشتر بکرێت لەکاتەکدا دەتوانین لەو ڕێکنووسیەدا ڕێنووس دروست بکەین، ئەگەر حالەتەکان بەیاسایی بکەین، گرفتەکەکان بە یاسای تایبەت ڕێک بخەین، بۆنموونە دەتوانین لەدەرخستنی پلەبزوێنی درێژ کە بەدوو (وو) دەردەخرێت بەم یاسایانە ڕێنووسەکەی بکەین :
– ئەگەر (و) کەوتە کۆتایی بڕگەو نەبزوێنی لەپێشدابوو وەک (دوو ،پە/پوو/لە، ئا/رە/زوو ، ڕوو/بار)
– ئەگەر (و) لەنێوان دوو نەبزوێنی کۆتایی بڕگەدابوو وەک (با/کوور ، گەر/دوون ، ب/لوول) – ئەگەر (و) لەوشەیەکی سەربەخۆ، لەنێوان دوو نەبزوێندا بوو وەک (پووش، ڕوون ، بووک) ……… بەهەمان شێوە دەتوانین بۆ لکاندن و نەلکاندنی وشەو ئەفێکسەکانیش یاسا بەپێی جیاکردنەوەی بەشەکانی ئاخاوتن و ئەفێکسەکان دابڕێژین نەوەکوو لەڕێی هێنانەوەی چەند نموونەیەک کە تا ئێستا لەدانانی پێشنیارەکاندا پەیڕەو دەکرێت، چەند نموونەیەک دەهێنرێتەوە ئینجا داوادەکرێت لاسایی بکرێتەوە