دەسکۆ خەسرۆ
گرێی یەکەم
تورک ٨٠٠ ساڵێکە هاتوونەتە ئەم ناوچە دەیان شانازییان بۆ خۆیان دروست کردووە تا ئەوپەڕی شانازی بەمێژووەکەیان دەکەن، تەنانەت شتی زۆر سادەشیان کردووە بە سیمبوول و پیرۆزی نەتەوەکەیان، ئەمە بەراورد بکە بە نەتەوەی کورد بەم مێژووە زۆرەی کە هەیەتی ڕەگی لە سەرەتاکانی شارستانییەتە، کەچی کوردبوون لای شەرمە .ئەم وێنەیە بچووک بکەوە لەسەر تورکمانەکانی هەولێر کە چەند خۆیان پێ مرۆڤ و نەتەوەی باڵایە هەمیشە زیاد لە قەبارەی خۆی سەروەری دەدەن بە خۆیان. تۆ سەیر بکە چەند پیشەی سادەیان هەیە کەچی کردوویانە بە ناسنامە، ئەوەندە بە بایەخەوە ناوی دەهێنن بووە بە سیمبوول، بۆ نموونە کورەچی، حەمامچی، چەخماخچی، توتنچی، کوبەچی. وەک مەسعودی هاوڕێم دەڵێ ئیشی ئاوچییە ئەویشییان کردووە بە پیشە بەناوی ئاوچی، کەچی کوردی خۆمان سێ چوار پیشە لە یەک کاتدا دەزانێ کاشی دەکا، سەقف سانەوی دەکا، لە مەڕمەڕیش دەزانێ، هەیە ئەلمەنیۆم و پیڤیسی و بۆری دەبەستێ، بەناییش دەزانێ، دەستڕەنگینی وا هەیە کورتان بۆ مێروولە دروست دەکا کەچی کە لێی دەپرسی چ ئیش دەکەی دەڵێ کاسبم! ئەم هەموو پیشە و دەستڕەنگینییەی پێ شەرم و کەمییە .
گرێی دووەم
ئەگەر لە مەجلیسێک ٢٠ کەس دانیشتبێت تەنها یەک دانە غەیرە کوردی لێ بێت هەموو ئامادەن بە زمانی ئەو قسەبکەن ئەو بە زمانی ٢٠ کەسەکە قسە ناکا .لە کافێیەک یان شوێنێک دابنیشە بە کوردی داواکارییەکەت بە شاگردەکە بڵێ کە کورد نییە، هەوڵبدە بە هەرجۆرێک بە زمانەکەی خۆت تێیبگەینە، یەکسەر لەو تەنیشتەت چەند کەسێک تێهەڵدەقورتێن و بە زمانی عەرەبی داواکارییەکەی تۆ بە شاگردەکە دەڵێن. خۆ بە کەمزانییەکە ئەوەیە پێیان وایە ئەوە ناهێنێ هەوڵێکی چکۆلەش بدەی بۆ ئەوەی بە زمانەکەی خۆت لە شاری خۆت قسە بکەی لەگەڵ بێگانەیەک .زۆر کات بە ئەنقەست هەوڵمداوە بە هەرجۆرێک بێت بە کوردی ئەرکێک بە خوێندکارە بێگانەکان بڵێم، هەر زوو بێ ویستی خۆیان خوێندکارە کوردەکانم کەوتونەتە وەرگێران، چونکە پێیان وایە هیچ گرینگ نییە بێگانەیەک فێری کوردی بێت .
گرێی سێیەم
کەسێک لە بازاڕ پەتێک بخاتە ملی سەگێکی پشدەری و پیاسەی لەگەڵ بکا هەمووی بەچاوی نزم سەیری دەکا و پێی دەڵێن سەباز، بەڵام کەسێکی تر پەتێک لە ملی سەگێکی هاسکی بکا و بۆ پیاسە بێتە بازاڕ کەس بەو چاوە سەیری ناکا، بەڵکو دەکرێ کەسێکی مۆدێرن بێت. ئەمە لەکاتێکدایە هەردووکیان ئاژەڵن و پەتکراون لە سروشتی خۆیان دابڕێنراون، بەڵام لەبەر ئەوەی سەگە هاسکی-یەکە لە کولتوورە ئەوروپیەکانەوە هاتووە ئیتر گرێی خۆ بەکەمزانییەکە وای کردووە ڕوانینت بۆ ئەمیان ئاسایی بێت و بۆ کابرای سەگە پشدەرییەکە نا ئاسایی .
ماوەیەک پێش ئێستا پێشبڕێکی شاجوانی پشیلە بوو دەیان خەڵک پشیلەی لە باوەشبوو هەمووی مۆدێرنە دەردەکەوت و لە بەرزی دەیڕوانی، جا هەر ئەوانەی پشیلەکانییان لە باوەش بوو بڵێ فلان کەس کۆتربازە قێزی لێدەکەنەوە .گەنجێک دە کۆتری لەسەربان بێ کۆتربازە .ئەی بۆ ئەوەی دە پشیلەی لە ژوورەوەیە پشیلەباز نییە؟ لە کاتێکدا هەمووی گیاندارە و لە سرووشتێکی تر هێنراونەتە ناو ماڵان، جا هەر نەتەوە و خەڵکێک بە کولتووری خۆی فێری بەخێوکردنی شتانێک بووە، کە من خۆم حەزم بە بەخێوکردنی هیچ گیاندارێک نییە، بەڵام گەر پشیلەبازیم پێ جوان و ئاسایی بێ دەبێت کۆتر و کەوبازیشم پێ جوانبێت .
گرێی چوارەم
تاکی کورد زۆر بەوە سەرسامە کاتێک کەسایەتییەکی جیهانی لە سوچێک ناوی کوردستان دێنێ یان وشەیەکی کوردی دەڵێت یان جلی کوردی دەپۆشێت، ئەمە پاڵنەرەکەی ئەم گرێی خۆ بەکەمزانییەیە کە پێت شتیکی سەیرە تۆش وەکوو نەتەوە و زمان و هونەر ناوت لەنێو ناوان هەبێت. من دیقەتی شتێکم داوە کاتێک یەکێک لەم بیانییانە ناوی کوردستان دێنێ، یان کۆپڵە گۆرانییەکی کوردی دەڵێت، یاخود بەجل و بەرگی کوردی دەردەکەوێت ئیتر کە ئەمە سۆشیال میدیاکەی خۆی دادەنێت، ئەم پۆستەیان لایک کۆمێنتی دەفڕێ، بە بەراورد بە پۆستەکانی تر سەد ئەوەندە زیاترە، کە سەیر دەکەی هەمووی کوردە، کۆمێنتی دەست خۆشی و سوپاس بژی کوردستانیان داناوە. من پێم وایە ئەم هونەرمەند و کەسایەتییە عەرەبی و بیانییانە گە بیانەوێ لاپەڕەکانی سۆشیال میدیایان ئەکتیڤ بێت، با وشەیەکی کوردی بڵێن و حەقییان نەبێ .ئەم شاگەشکە بوونە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە خۆمان ونکردووە تا ئەوەی بۆتە گرێی خۆبەکەمزانی، دەنا تۆش نەتەوەی، مێژووی کۆنی شارستانییەتی، ئەدەبیاتێکی باڵات هەیە، زمانێکی شیرین و دەوڵەمەندت هەیە، بۆ دەبێ لاتوپاتێک لەسەر ئەوەی وێنەی بە جلی کوردی داناوە من ئەوەندە سوپاس و ستایشی بکەم کە خێری پێکردووم و ناوی هێناوم .
گرێی پێنجەم
کەسانی بیانی بەتایبەت ڕۆژئاواییەکان لەم شارانەی هەرێم جۆرێک لە پێگەی بەرزیان هەیە لەچاوی خەڵک وایە ئەمانە هەموو نەوەی ئەنیشتاین و ئەفڵاتون-ن تواناکانییان ئینکار ناکرێ، گرێی خۆبەکەمزانییەکە وای لێکردووین نەک هەر بیر لەوە ناکەینەوە توانای خۆمان بەزیاتر ببینین بەڵکو ناتوانین خۆشمان بهێنینە ئاستییان جا بەڕێککەوت کەسێکی خۆماڵی هاوڕێیەتیەک دروست دەکات لەگەڵ یەکێ لەمانە ئیتر ئەمە جۆرێکە لە شانازی کە هاوڕێیەکی ئەوروپی هەیە! ئەمانە هەمیشە بە کولتووری خۆیان دەیگوزەرێنن، نایێنە ناو کولتووری تۆ، هەرچەند ئەمانە لە شوێنی خۆیان زۆربەیان مەرج نییە لە کەسە سەرکەوتووەکان بن بەڵام لێرە لە زۆرێک لە کۆمپانیا و زانکۆ و سەنتەرەکان پۆست و پلە و پایەی بەرزییان هەیە. ئەگەر لەخوار تۆشەوە بن ناتوانی چاودێرییان بکەیت هەمیشە کە دەگەیتە نۆرەی ئەمانە جۆرێک لە هەستی شەرم و ترست بۆ دروست دەبێت لە بەدواداچوونی کارەکەیان. خۆ بەکەمزانییەکە وای لێدەکا قسەی لەسەر نەکرێت . جگە لەوە خەڵک تامەزرۆن بە نزیکبوونەوە لێیان، ئەو کچەی لە شوێنی کارەکەت کە بەلاتدا تێدەپەڕێ و مۆڕەت لێدەکا و ئامادە نییە بەیانی باشت لێبکا، کەچی کابرای ئەوروپی بە کولتووری خۆی سڵاوی لێدەکا و باوەشی پێدا دەکا و ئامادە نییە حیساب بۆ کولتووری ئەو ئافرەتە بکا، تۆ بە ترس و شەرمەوە ناتوانی بڵێی کچینە با ئەم بەیانییە چایە و ماستێک بخۆین، کەچی قبوڵی داواکاری کابرای ئەمریکی دەکات کە ئەم ئێوارەیە لە کڵاپێک دانس بکەن .
گرێی شەشەم
هەموو نەتەوە کۆنەکان ئەفسانەیان هەیە وەک بەشێک لە ئەدەبیات و مێژووی میللەتەکە، کەس بە ئەفسانەی خۆی ناڵێ ئای لەو درۆییە، ئەگەر چیڕۆک بێت دەیخوێنێتەوە و چێژی لێ دەبینێ گەر کرابێ بە فیلم سەیری دەکا و فرەخۆشحاڵ دەبێ. کوردیش سەیری دەکا و دەیخوێنێتەوە و چێژی لێ دەبینی، بەڵام کە دێتە سەر باسی ئەفسانەیەکی کوردی ئیتر گرێی خۆ بەکەمزانییەکە پاڵی پێوەدەنێ بڵێ ئای لەو درۆیە، ئیتر هەرچییەک لەو ئەفسانانەی کە هەن چ سەرزارەکی بن یاخود نووسراو بن، دەکرێن بە ئامرازی گاڵتە و خۆشکردنی مەجلیسەکان، لەبەر ئەوەی پێی وایە کورد چییە تا ئەفسانەی هەبێت .هەر یەک لەمانە ئەلیادە و ئۆدیسا و گلگامێش و مهابهاراتا و چەندانی تر دەخوێنێتە درۆ بە مانا ڕووتەکەی وای لێناکا بابەتەکە بێ بەها ببێ، کەچی هەر ئەفسانەیەک لەسەر بۆ نموونە نەورۆز هەبێت لە چاو و گوێی ئەمانە لەبەر ئەوەی گوایە درۆیە هیچ ئەرزشی نییە و بەس بۆ گاڵتەپێکردن باشە.
گرێی حەوتەم
کوردیش کولتووری خواردنی هەیە کۆمەڵێک خواردنی هەیە کە کوردەوارین و لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان داهێنراون و خەڵک دەیخوات هیچ نەنگیەکی تێدا نییە. زۆرکات دەبینم بۆ ئەمەش جۆرێک لە گرێی خۆبەکەمزانی هەیە، بەتایبەت کاتێک کولتووری خواردنی کوردی و جۆری خواردنەکان بەراورد دەکرێن بە گەلانی تر. هەندێک کات دەکرێتە بابەتی گاڵتەوگەپ و بە نزمی باس لەوەی کورد دەکرێت، بۆ نموونە ڕەسمی کەنگریان داناوە نووسیویانە “کورد ئەم دڕکە دەخوات!” یان دەنووسن “ئەوروپییەک ئەم دڕکەی بینی گوتی یەعنی ئێوە ئەمە دەخۆن؟”، وەک ئەوەی ئەوان شتی زۆر موهیم بخۆن .
جارێک گەنجێک ڤیدیۆیەکی تۆمارکردبوو دەیگوت “کاردی بدە کەرێ نایخوا کەچی کورد دەیخوا”. لەکاتێکدا هەندێک خواردن هەیە لای ئەوروپییەکان ڕەنگە تۆ هەر قێزت نێ بیخۆی .کاتێک دەڵێن کورد ئەوە دەکا؛ کورد ئەوە لەبەر دەکا؛ کورد ئەوە دەخوا.
دانانی وشەی “کورد” لەپێش ئەو شتانەی کە ئەو حەزی بۆ نییە یان بەدڵی نییە ڕێک بە کەم سەیرکردنی نەتەوەکەیە بە گشتی نەک خودی شتەکە. ئەم خۆ بەراورد کردنە بە نزمی زیاتر زەق دەبێتەوە کاتێک شێوازی خواردن یاخود بڕی خواردنەکە باس دەکەن، کە ئێمە ئەوەندە زۆر دەخۆین ئەوان زۆر تەندروست دەخۆن و کەم دەخۆن. تەندروستی چی تۆ دەعوەتی بکە بزانە یەک مەنجەڵ دۆڵمەت بۆ دەخوا یان نا، با خواردنەکەی بەلاش بێ و کفتەی بخە پێش بزانە هەتا تەنگەی دێشێ دەست هەڵدەگرێ !ئەو شێواز و بڕی خواردن و جۆری خواردنانە بەشێکی پەیوەستە بە کولتووری خۆیان بەشێکیشی یان کاتی نییە یان ڕەزیلییە.