گەنجۆ خەسرۆ محەمەد
دوای ئه‌وەی حه‌ماس وه‌ك كاراكته‌رێك و میلیشییایه‌كی چه‌كدار، غه‌ززه-ی به وێرانكردندا و و پێشكه‌شی ئیسرائیل-ی كرد پاڵپشت به ده‌وڵه‌تی ئێران و یارمه‌تییه‌كانی، بەمەبەستی كه‌مكردنه‌وه‌ی فشاره‌كان و ده‌ربازبوون بوو له‌و دۆخه ناهه‌مواره‌ی کە خۆی تێی کەوتبوو پێش 7 ئۆكتۆبه‌ر، كه له نزیكترین ساتی داڕمانی ئابووری و سیاسی و دیبلۆماسی دابوو. هاوکات، له پێناو كه‌مكردنی فشاره‌كان و دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌گه‌ره‌كانی ڕووخانی، ڕژێمی ئێران ده‌ستی له پشتی حه‌ماس-دا‌و هانیدا بۆ هێرشكردنه سه‌ر ئیسرائیل. به‌مه‌ش ئیسرائیل وه‌ك هه‌میشه به كه‌مترین قوربانی زۆرترین ده‌ستكه‌وتی له جه‌نگی حه‌ماس–ئیسرائیل هاته ده‌ره‌وه و ده‌یان ساڵ دۆزی ڕه‌وای فه‌له‌ستینییه‌كانی برده دواوه.
ئامانجی ئێران به‌رده‌وامبوونی شه‌ڕێكی درێژمه‌ودایه دوور له سنووره‌كانی خۆی بۆیه دوای كۆتایهاتنی حه‌ماس ئه‌مجاره “حیزبوڵا”ی لوبنانی خسته گێژاوی شه‌ڕه‌كه، به‌ڵام هه‌ر زوو حیزبوڵا شۆك كرا، به تایبه‌ت دوای هێرشه هەوڵگری و ئه‌لكترۆنییه‌كه‌ی 16 مانگ سێپتێمبەر، كاتێك زیاتر له 3000 په‌یجه‌ری ئامێری په‌یوه‌ندی ته‌قێندرایه‌وه و هه‌زاران قوربانی لێكه‌وته‌وه. دواتر هێرشه مووشه‌كی و فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانه‌كانی بۆ سه‌ر بنكه وباره‌گا سه‌ربازییه‌كانی حیزبوڵا كه دووباره هه‌زاران قوربانی و كۆچكردنی هه‌زاران هاووڵاتی باشووری لوبنانی لێكه‌وته‌وه، بەتایبەتی ئەوەی کە بووە مایەی کوشتنی حەسەن نەسروڵا، سەرۆکی حیزبوڵا.
ئێران به قۆناغ درێژه به‌م جه‌نگه ده‌دات و میلیشیاكانی له چوارچێوه‌ی به‌ره‌ی مقاوەمه‌ی ئیسلامی كۆكردۆته‌وه و ورده ورده ده‌یانخزێنێته ناو ئه‌م جه‌نگه، ئیسڕائیل-یش بێ به‌زیانه ته‌فروتونایان ده‌كات به تایبه‌ت گرووپه سونییه‌كان (حه‌ماس و جیهادی ئیسلامی فه‌لەستینی). به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی داخه هاووڵاتی بێ تاوانی ئه‌م وڵاتانه‌ن كاتێك زیاتر له 40 هه‌زار هاووڵاتی له كه‌رتی غه‌ززه شه‌هید كران و هه‌زارانی تر برینداركران ئه‌مه جگه له وێران بوونی 70% كۆی كه‌ره‌ته‌كه و وێرانبوونی سه‌رخان و ژێرخانی غه‌ززه و ئاواره‌بوونی زیاتر له دوو ملیۆن هاوڵاتی له‌سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان.
به‌پێی قسه‌ی سه‌رۆك كۆماره نوێیه‌كه‌ی ئێران، مەسعود پزیشكی‌یان، ئێران شه‌ڕی ناوێ و داوای وه‌ستاندن و ئاگربه‌ست ده‌كات، كه‌چی له ژێره‌وه گرووپه میلیشیاكان هانده‌دات بۆ هێرشكردنه سه‌ر ئیسرائیل. كاتێك حیزبوڵا له گه‌رمه‌ی هێرشی ئیسرائیل بوو بۆ سه‌ر غه‌ززه جگه له چه‌ند چالاكییه‌كی بێ كاریگه‌ر و چه‌ند به‌یاننامه‌یه‌كی پڕ له هه‌ڕه‌شه‌ی بێ كردار هه‌ڵوێستێكی وای نه‌بوو، چونكه ئه‌و كاته ئیسرائیل زۆرێك له هێزه‌كانی له باشووری ئیسرائیل خه‌ریكی جه‌نگی غه‌ززه بوون كه حیزبوڵا ده‌یتوانی له به‌شی باكووری ئیسرائیل چالاكی گه‌وره بكات لانی كه‌م بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و قه‌سابخانه خوێناوییه‌ی كه به‌سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه داهات. پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه بۆچی كه غه‌ززه كۆتایی هات ئینجا حیزبوڵا ده‌ستی پێكرد؟
ئێران و نەسروڵا چاك ده‌زانن موساد و شاباك ده‌توانن له‌ناو كۆشكه‌كانیان و ژووره‌كانیان چالاكی بكه‌ن بۆیه ناتوانن هێرشی كاریگه‌ر و خوێناوی بكه‌ن به تایبه‌ت بۆ سه‌ر هاووڵاتییان. له‌لایه‌كی تر، توانا سه‌ربازییه‌كان و هاوپه‌یمانییه‌كانی ئیسرائیل به‌راورد ناكرێ به توانای ئێران و گرووپه‌كانی. ئه‌وه‌ی تا ئێستا ڕوونه ئیسرائیل نایه‌وه‌ی بچێته خاكی لوبنانه‌وه و حیزبوڵا له‌ناو ببات ته‌نها له ڕێگه‌ی مووشه‌ك و فڕۆكه‌وه هه‌وڵی لاوازكردنی حیزبوڵا ده‌دات. ئه‌گه‌ریش پێویستی كرد بێ سڵكردنه‌وه و حیسابكردن بۆ هیچ لایه‌ك هێرش ده‌كات وه‌ك چۆن له پێشوو كردوویه‌تی.
ئیسرائیل بۆچی حه‌ماس و جیهادی فه‌له‌ستینی له ناوبرد به‌ڵام نایه‌وێ حیزبوڵا و حه‌شد شەعبی و حوسییه‌كان له‌ناوببات؟
یەکەم، ترسی ئیسرائیل له سوننه جددییه و له ئه‌گه‌ری به‌هێزبوونی سوننه هه‌ڕه‌شه‌یه له‌سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ی و نیشتیمانی ئیسرائیل بۆیه سڵ ناكاته‌وه له له‌ناوبردنیان.
دووەم، ئه‌و گرووپانه‌ی تر (حیزبوڵا، حه‌شدی شەعبی، حوسییه‌كان، فەیله‌قی قودس) هه‌ڕه‌شه‌ی جددین بۆ سه‌ر سعودیه و میسر و ئیمارات و بەحرێن، بۆیه ئیسرائیل له پێناو ڕاگرتنی به‌لانسی هێز و نفوز له ناوچه‌كه نایه‌وێ ئه‌و وڵاتانه بێ ترس و هه‌ڕه‌شه بن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌میشه ئیسرائیل وه‌ك فریاد ڕه‌س ببینن.
به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له ئه‌گه‌ری به‌رده‌وامبوونی چالاكییه‌كانی حیزبوڵا گومان له‌وه‌دا نییه به‌شی باشووری لوبنان وێران ده‌بێـت، ڕه‌نگه غه‌ززە-یه‌كی تر دروست بێت. بۆیه هه‌وڵه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌رده‌وامن بۆ ڕاگرتنی ئه‌م شه‌ڕه. ئێرانیش له هه‌وڵدایه بۆ هێوركردنه‌وه‌ی شه‌ڕه‌كه كه مه‌به‌ست لێی به‌رده‌وامیدانێكی هێواشی ئه‌م شه‌ڕه‌یه له پێناو كه‌مكردنه‌وه‌ی گورزه ترسناكه‌كانی ئیسرائیل.
گروپه‌كانی حەشدی شەعبی وه‌ك به‌ره‌ی مقاوەمه‌ی ئیسلامی عێراقی چه‌ند چالاكییه‌كی بێ كاریگه‌ر و چه‌ند به‌یاننامه‌یه‌كی پڕ له هه‌ڕه‌شه‌یان ئه‌نجامداوه كه ئه‌مه‌ش له ئه‌گه‌ری به‌رده‌وام بوونی شه‌ڕی ئیسرائیل و حیزبوڵا ڕه‌نگه به ته‌واوی بخزێندرێنه ناو جه‌نگه‌كه به‌تایبه‌ت كه حیزبوڵا هه‌م شیعه‌یه هه‌میش هاوپه‌یمانێكی سه‌ره‌كی حه‌شد و ئێران-ه. به‌مه‌ش ئه‌گه‌ره‌كانی په‌رچه‌كرداری حه‌شد زیاتر ده‌بێـت و ئیتر عێراق و هه‌رێم ده‌كه‌ونه چوارچێوه‌ی سنووری شه‌ڕی نێوده‌وڵه‌تی كه ئه‌مه‌ش سه‌نگ و پێگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی عێراق بۆ ده‌یان ساڵ ده‌گێڕێته‌وه دواوه و ئه‌گه‌ری داڕمانی ئابووری و به‌های دینار ده‌بێته ئه‌مری واقع.
هه‌رێمی كوردستانیش بێ به‌ش نابێت له لێكه‌وته‌كانی به تایبه‌ت بوونی باره‌گای سه‌ربازی هاوپەیمانان و نوێنه‌رایه‌تییه‌كان وه‌ك له ڕابردوو هێرشه مووشه‌كی و درۆنییەكانی ئه‌و گرووپانه سه‌لماندیان كه له ئه‌گه‌ری تێكچوونی بارودۆخ، هه‌رێم ئارام نا‌بێـت و به‌شێكی سه‌ره‌كییه له ئامانجه سه‌ربازیه‌كانیان. بۆیه كۆنتڕۆل كردن و له ده‌ست ده‌رنه‌چوونی ئه‌و گرووپانه له ئێستادا فاكته‌رێكه بۆ ده‌ستكه‌وتنی ئاسایشی عێراق و هه‌رێم كه ئه‌مه‌ش پێویستی به سیاسه‌تێكی حه‌كیمانه و نه‌رم هه‌یه له پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی عێراق و هه‌رێم.