پێشه‌كى
ئه‌ده‌بى فۆلكلۆرى كوردى كه: ئه‌فسانه، داستان، چیرۆك، شیعر، په‌ندى پێشینان، قسه‌ى نه‌سته‌ق، گاڵته‌وگه‌پ و مه‌ته‌ڵ… ده‌گرێته‌وه و سامانێكى پڕ بایه‌خى نه‌ته‌وه‌ییه، چه‌نده بۆ ئه‌وه‌ى وه‌كوو شانازییه‌كى گه‌وره‌ى باب و كالان ته‌ماشا بكرێت پێویسته، له‌وه‌ش زێتر بۆ ته‌وزیفركردن و سوود لێ بینینى له ئه‌فراندنى ده‌قى تازه و به‌رهه‌مى سه‌رده‌مدا گرنگه. جا له سۆنگه‌ى ئه‌وه‌ى ئه‌ده‌بى فۆلكلۆرى ئێمه وه‌ك چۆن به‌شى گه‌ورانى تێدایه، به هه‌مان شێوه به‌شێكیشى تایبه‌ته به منداڵان، بۆیه ده‌كرێ له ئه‌ده‌بى منداڵاندا، ئه‌و سامانه پڕ بایه‌خه زێتر سوودى لێ وه‌ربگیرێت و ئه‌و ڕشته‌یه‌ى ئه‌ده‌بى، پتر پێ ده‌وڵه‌مه‌ند بكرێت.
ئه‌ده‌بى فۆلكلۆرى منداڵان و ئه‌ده‌بى فۆلكلۆرى گه‌وران
هه‌رچه‌نده ڕه‌نگه واژه‌ى “ئه‌ده‌بى فۆلكلۆرى گه‌وران” زۆر له جێى خۆیدا نه‌بێت، به‌ڵام وه‌ك چۆن له به‌رانبه‌ر واژه‌ى “ئه‌ده‌بى منداڵان”دا، هه‌ر یه‌ك له تێرمه‌كانى ئه‌ده‌بى گه‌وران، ئه‌ده‌بى گشتى، ئه‌ده‌بى ئاسایی، ئه‌ده‌بى گه‌وره‌ساڵان و ئه‌ده‌بى باڵایش به‌كاردێ، له‌سه‌ر ئه‌م بنچینه‌یه ئێمه به‌رانبه‌ر ئه‌ده‌بى فۆلكلۆرى منداڵان، تێرمى ئه‌ده‌بى فۆلكلۆرى گه‌ورانمان به ڕاست زانى. ده‌شێ بگوترێ به‌شى زۆرى ده‌قى فۆلكلۆرى منداڵانى كورد له‌لایه‌ن گه‌وره‌ساڵانه‌وه بۆ منداڵان داهێنراون و گه‌وره‌كان له داهێنانیدا ده‌ستیان هه‌بووه، ئه‌وه‌نده هه‌یه ئه‌و به‌شه زۆر ساده و كورت و سانایانه‌ى نێو به‌سته و هه‌قایه‌ت و یارى میللى ده‌توانرێ وه‌ك به‌شى منداڵانى نێو فۆلكلۆرى كوردى قه‌ڵه‌مزه‌د بكرێن، كه به زۆرى كاراكته‌ره‌كانى ئاژه‌ڵن و خه‌یاڵى منداڵانه تێیاندا زاڵه و به شێوه و ناوه‌ڕۆك له سروشتى منداڵه‌وه نێزیكن، هه‌ندێكیش له‌و ده‌ق و یارى و پێشبڕكێ و گره‌وكردن و هه‌ڵێنان و مه‌ته‌ڵ و خێراگوتنه‌وه و هتد….یانه، به‌رهه‌مگه‌لێكى فۆلكلۆرییانه‌ى هاوبه‌شن له‌نێوان منداڵ و گه‌وراندا، به‌شێكیشیان به هه‌موو مانا و پێوه‌رێك بۆ گه‌ورانن و هیچ په‌یوه‌ندییه‌كییان به منداڵانه‌وه نییه. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر گۆرانیىەکانی هه‌لور به‌لور ته‌كامه، دونگه مه‌ڕانى، حێللانێ، حووحایی، سابوونه ڕه‌قه، چاوشلكانێ، باره‌خێیانێ و هتد… ته‌واو منداڵانه بن، له به‌رانبه‌ریشدا تێكسته‌كانى ده‌روێشى عه‌بدى، زه‌مبیلفرۆش و برایمى مه‌لا زێندینان… ته‌واو سه‌ر به ئه‌ده‌بى فۆلكلۆرى گه‌وران بن، ئه‌وا هه‌ندێ له‌و به‌رهه‌م و یارییه فۆلكلۆرییانه ڕه‌نگه له بنه‌چه‌دا بۆ گه‌وران گوترابن، دوایى گه‌وره‌كان وازیان لێ هێنابێ بۆ منداڵان مابێتنه‌وه، یا به‌هۆى ئه‌وه‌ى سووك و ساده و قافیه‌دارن و به ئیقاع و ئاوازه‌وه گوتراون، به‌سانایى له‌لایه‌ن منداڵانه‌وه ئه‌زبه‌ر كرا بن، بۆیه ئێستا بۆ نموونه شه‌وى به‌رات، هه دروونه دروونه و كۆسه‌به‌به و هتد… چه‌نده سه‌ر به ئه‌ده‌ب و فۆلكلۆرى گه‌وره‌ساڵانن، هێنده‌ش، بگره زێتریش سیماى فۆلكلۆر و ئه‌ده‌بى منداڵانیان پێوه دیاره.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ئه‌و پۆلێنكردنه هێشتا بێ كێشه نییه، به‌هۆى ئه‌وه‌ى قۆناخه‌كانى ته‌مه‌نى منداڵان له یه‌ك جوێیه، هه‌روه‌ها خه‌ون و خولیا و تواناى تێگه‌یشتنى ئاسته‌كانى ته‌مه‌نى منداڵ وه‌كوو یه‌ك نییه، له لایه‌كى دیكه‌ش ئاستى ڕ‌ۆشنبیرى و پله‌ى خوێنده‌واریى منداڵێكى ئه‌م سه‌رده‌مه له‌گه‌ڵ منداڵێكى چل په‌نجا ساڵ پێش ئێستا ــوه‌كوو نموونه‌ــ ته‌واو جیاوازه. به‌و واتایه‌ى ده‌شێ ده‌قێك یان چه‌ند ده‌قێك سه‌ته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر ته‌نێ گه‌وره تێیگه‌یشتبێ، كه‌چى هه‌رسكردن و تێگه‌یشتنى بۆ منداڵى ئه‌م سه‌رده‌مه قورس نه‌بێت، یان تێكستێك منداڵێكى چارده ساڵان هاوشێوه‌ى گه‌وره‌كان له‌گه‌ڵى به‌رخورد بكات، به‌ڵام ئه‌مه بۆ منداڵێكى هه‌شت ساڵان ڕاست ده‌رناچێت.
ژانره‌كانى ئه‌ده‌بى فۆلكلۆرى منداڵان
به‌شه جوداكانى فۆلكلۆرى منداڵان جگه له شیعر و ستران و هه‌قایه‌ت، به‌شى زۆرتریشى بریتیین له یارى، كه خۆى له یارییه‌كانى پێشبڕكێ، وه‌رزش، گورج گوتن، مه‌ته‌ڵ و هه‌ڵهێنان، چاوشاركێ، ماتانێ، گره‌وكردن و ساپساپانێ و هتد… ده‌بینێته‌وه. ئه‌م یارییانه زۆر جار له ناوچه‌یه‌كى كوردستانه‌وه بۆ ناوچه‌یه‌كى دیكه له ناو و شێوازه‌وه جوداوازن، به‌ڵام زۆربه‌یان له‌ڕووى ناوه‌رۆك و مه‌به‌سته‌وه یه‌ك شتن، وه‌ك چۆن بۆ نموونه په‌ند و قسه‌ى نه‌سته‌قى گه‌وران، زۆر كه‌ڕه‌ت له ڕووى فۆرمه‌وه له یه‌ك جیان و له ڕووى ناواخنیشه‌وه بۆ یه‌ك مه‌به‌ست به‌كار دێن. ئه‌وه‌تا ده‌قه فۆلكلۆرییه‌كانى وه‌كوو تیلتیلى و بیلبیلى چاوم ڕشتووه به كلى، هه‌قایه‌تى بزنۆكه و مه‌ڕۆكه، چیرۆكى بزن و گورگ و گۆرانیى خاڵخاڵۆكه… له هه‌موو ناوچه‌كانى كوردستاندا هه‌ن و ئه‌گه‌رچى له هه‌ندێ ڕسته و ڕووداویشدا جیاواز بن، به‌ڵام كۆى گشتیى وێنه و ڕووداوه‌كان، ڕیتم و ئاوازى ده‌قه‌كان و ته‌نانه‌ت ئه‌نجامیشیان هه‌ر یه‌كن.
هه‌قایه‌تى فۆلكلۆریی شیردا بۆ داپیردا… ، كه چه‌ندین ڕسته و واژه‌ى دووباره‌بووه‌وه‌ى تێدایه و منداڵان سه‌رنجكێش ده‌كا و ده‌یانخاته پێكه‌نین، هه‌مان به‌سه‌رهات به شیعریش هه‌یه و له هه‌ر ناوچه‌یه‌كیش به‌جۆرێكه و هه‌ندێ گۆڕانكارییى بچووكى به‌سه‌ردا دێت، وه‌ك له هه‌ندێ ناوچه‌دا به‌م شێوه‌یه ده‌ست پێده‌كات: “كانى به‌ربه، به‌چرۆ وه‌ربه/ چرۆ هه‌ر وه‌رێ لۆ بزن/ بزن شیردا، لۆ داپیردا/ تا داپیره كلكه قوڕه‌م وێدا”.
نموونه‌ى چه‌ند یارییه‌كى فۆلكلۆرى
یارییه‌كان هه‌ندێكیان تایبه‌تن به كچان و هه‌ندێك تایبه‌تن به كوڕان، هه‌ندێكیشیان هى كچان و كوڕانن، هه‌ندێك له ماڵه‌وه ئه‌نجام دراون و هه‌ندێكیشیان له ده‌ره‌وه. له نموونه‌ى چه‌ند یارییه‌كى فۆلكلۆرى كوردى، ده‌كرێ ئاماژه به‌و یارییه بكه‌ین كه به په‌نجه‌كانى ده‌ستى منداڵ ده‌كرێ، وه‌ك ده‌گوترێ: “قلینچك، بابه‌لینچك، دۆره‌درێژه، شاده‌نوێژه، ئه‌سپیكوژه”، یاخود هه‌مان گه‌مه به‌م شێوه‌یه‌ش ده‌گوترێته‌وه: “تووته، براتووته، به‌رزه‌لووته، دۆشاومژه، ئه‌سپێكوژه”. یا كه منداڵ تازه پێ ده‌گرێ، دایك یا خوشك و براكانى ده‌ستى ده‌گرن و له‌گه‌ڵیدا پێى ده‌ڵێن: “تاتى، ته‌ماتى، فڵان به‌خێرهاتى”. یه‌كێكى تر له گه‌مه زۆر به‌ناوبانگه‌كانى منداڵان “هه‌لور به‌لور ته‌كامه”یه، كه بۆ منداڵانى هه‌راشتر ده‌گوترێن. به هه‌مان شێوه گۆرانیى “هۆ ڕێوى ڕێوى” كه منداڵان پێكه‌وه داده‌نیشن و ده‌ڵێن: “هۆ ڕێوى ڕێوى/ هێ هێ/ ڕێوى بێ ئیمان/ هێ هێ/ شه‌ریكى شه‌یتان/ هێ هێ/ قه‌له سمۆره/ هێ هێ/ له ده‌شتى چۆڵه…”. نموونه‌ى یارییه‌كى دیكه كه له‌لایه‌ن كیژانه‌وه ده‌گوترێ: “حل حلى بل بلى/ چاوم ڕشتووه به كلى/ كلى نه‌بوو توتى بوو/ له ماڵه‌كه‌ى سۆفى بوو….”.
هه‌روه‌ها نموونه‌ى یاریی خێرا گوتن و گره‌وكردن له‌سه‌ر هه‌ڵه نه‌كردنیش هه‌یه، بۆ نموونه چه‌ند جار به‌په‌له له‌سه‌ر یه‌ك گوتنه‌وه‌ى “شه‌وى سێشه‌م، شه‌وى سێشه‌م، شه‌وى سێشه‌م”، وه‌ك ده‌بیندرێت منداڵ هه‌رچه‌نده زمانپاراو و زیره‌ك بێ، له كاتى گوتنه‌وه‌ى له‌سه‌ریه‌كى واژه‌ى شه‌وى سێشه‌مدا، زمانى تێك ده‌ئاڵى و له ده‌مى گوتنه‌وه‌دا به‌تایبه‌تى شوێنى هه‌ردوو پیتى (ش) و (س) ده‌گۆڕدرێت و له‌برى شه‌وى سێشه‌م، سه‌وى سێسه‌م و شه‌وى شێسه‌م… ده‌گوترێت. یان “شله‌ساوار خۆش سێ شله‌ساوار، شله‌ساوار خۆش سێ شله‌ساوار، شله‌ساوار خۆش سێ شله‌ساوار”، یان “سمێرم به سمێرێ سمایله‌سۆرى، سمێرم به سمێرێ سمایله‌سۆرى، سمێرم به سمێرێ سمایله‌سۆرى”. یان “حه‌و سه‌د و حه‌فتا و حه‌وت، حه‌و سه‌د و حه‌فتاو حه‌وت، حه‌و سه‌د و حه‌فتا و حه‌وت”. یان “مه‌ڕه له‌ڕه له لاڕێ ئه‌وه‌ڕێ” و “چوومه چه‌مى چه‌قان، چه‌قه‌ڵ چه‌ڵتووكى ده‌ته‌قان” و هتد…
ژماره‌یه‌كى زۆریش یارى وه‌كوو زاخاوى مێشك و وه‌رزشى زیره‌كى هه‌ن، له شێوه‌ى مه‌ته‌ڵ و هه‌ڵهێن چ به شیعر چ به په‌خشان، به شیعر ده‌توانین ئه‌م چه‌ند دێره بكه‌ینه نموونه “چل ناڵ چل بزمار/ چ چلۆكه‌ى چل هه‌زار”، كه مه‌به‌ست لێى پشته‌سه‌ره. یان “ئه‌ملا په‌رژین ئه‌ولا په‌رژین/ تێیدایه كۆترێكى نه‌خشین”، كه مه‌به‌ست لێى چاوه. هه‌روه‌ها “ئه‌ملا دیوار ئه‌ولا دیوار/ تێیدایه سه‌گه‌كى هار”، كه مه‌به‌ست لێى زمانه. هه‌روه‌ها به په‌خشانیش هه‌یه له وێنه‌ى “دووى له‌به‌ر هه‌تاوێ، سێى له‌به‌ر سێبه‌رێ”، كه مه‌به‌ست لێى نوێژه. یان “هه‌ر ده‌ڕۆیت و نایگه‌یتێ”، مه‌به‌ست لێى سێبه‌ره. ئەمەو چەندین نموونەی دیکە.
ئه‌گه‌رچى به‌شێك له‌و یارى و پێشبڕكێیانه هه‌ندێ جار دوورن له پێوه‌ره‌كانى په‌روه‌رده‌ى دروست، یا به كه‌م سه‌یركردنى كه‌سى دیكه‌ى تێدایه، بۆ نموونه وه‌ك: “مه‌جه گه‌ڕه، بۆم هه‌ڵپه‌ڕه، له‌سه‌ر به‌ڕه”، یا وه‌ك ئه‌وەی دەڵێ: “قه‌له‌باچكه‌ى سه‌ر مێوێ، جار جار كلكى ده‌بزێوێ، خشپ كلكم به ….ى، ….ى به كلكم). یا هه‌ندێكیان بێ مانان، به‌ڵام له هه‌موو حاڵه‌ته‌كان بۆ كات به‌سه‌ربردن و پێشبڕكێ و خۆشى خستنه دڵى منداڵانن.
زۆر جار له ده‌قه فۆلكلۆرییه‌كاندا جگه له‌وه‌ى هه‌ندێ گیانه‌وه‌رى خه‌یاڵى و ئه‌فسانه‌یی باس ده‌كرێن كه له واقیعدا بوونیان نییه، هه‌روه‌ها بۆ دڵخۆشكردن و زاخاودانى مێشكى منداڵ و فراوانكردنى ئاسۆى بیركردنه‌وه‌یان، گیانه‌وه‌ران ده‌ئاخفن و گۆرانى ده‌ڵێن، هه‌ندێ جار هه‌ندێ گیاندارى ناكۆك و دوژمنى یه‌كدى ده‌بنه دۆست و پێكه‌وه ده‌ژین و هاوكارى یه‌كترى ده‌كه‌ن، یا هه‌ندێ كه‌ڕه‌ت به‌سه‌ر زۆرێك له یاساكانى ژیان باز ده‌ده‌ن و جوڵه و هه‌ڵسوكه‌وتى سه‌یر و پێكه‌نیناوى ده‌كه‌ن و هتد…
لایلایه و هه‌ندێك سرووت وه‌ك به‌شێك له ئه‌ده‌بى فۆلكلۆرى منداڵان
به‌شێكى دیكه‌ى ئه‌ده‌بى فۆلكلۆرى منداڵان به‌گشتى و ئه‌ده‌بى فۆلكلۆرى منداڵانى كورد به‌تایبه‌تى شیعر و لایلایه‌ى دایكانه بۆ منداڵان، دیاره ئه‌و هه‌ڵبه‌ست و لایلایه‌ش زێتر بۆ منداڵانى كۆرپه یان یه‌ك ساڵان و دوو ساڵان و تا سێ ساڵانیش ده‌گوترێت، زێتریش مه‌به‌ست لێى خافڵاندن و خه‌واندنى منداڵه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ژماره‌یه‌ك توێژینه‌وه ئاماژه به‌وه ده‌ده‌ن، كه لایلایه و گۆرانى گوتنى دایك بۆ منداڵ كاریگه‌ریی زۆر گه‌وره‌ى له‌سه‌ر سروشت و سایكۆلۆژیاى منداڵ هه‌یه، ته‌نانه‌ت دامه‌زراوه‌ى یونسكۆ له ساڵى 1999 ئاماژه‌ى به‌وه داوه كه خوێندنى چیرۆك و لایلایه و مه‌ته‌ڵ كاریگه‌ریی ئه‌رێنییان له‌سه‌ر بیر و مێشك و ئاكارى منداڵان ده‌بێ.
هه‌روه‌ها چه‌ندین نزا و ڕێوڕه‌سم و سرووت و جوڵه و بۆنه‌ى دیكه هه‌ن، كه له كۆنى كۆنه‌وه گوتراون و بوونه‌ته به‌شێك له فۆلكلۆر و فۆلكلۆرى منداڵان به‌تایبه‌تى، له وێنه‌ى: ددان كه‌وتن، كه منداڵ ددانه كه‌وتووه‌كه‌ى فڕێداوه‌ته ئاسمان و گوتوویه‌تى: “….. بچێ زێڕ بێ”، یا گۆرانیى به‌ره‌جه‌ژنان كه منداڵ به كۆرس ده‌ڵێن: “عالفه‌یه، لفلفه‌یه، ئه‌وه‌ى ده‌خوا….”، به هه‌مان شێوه له كاتى هاتنى سه‌رى ساڵ و ته‌واوبوونى مه‌كته‌ب كه پێكه‌وه منداڵان به (خدر ئه‌لیاس، مه‌كته‌ب خلاس…) ده‌چوونه‌وه به‌ره‌و ماڵ.
چۆن سوود له ئه‌ده‌بى فۆلكلۆرى منداڵان وه‌ربگیرێت؟
گومان له‌وه‌دا نییه ده‌وڵه‌مه‌ندیی گه‌لى كورد له ئه‌ده‌بى فۆلكلۆردا، به قازانج بۆ پێشخستنى ئه‌ده‌بى منداڵانى كورد ته‌واو ده‌بێت، به‌ڵام نابێ ئه‌و ڕاستییه نادیده بگیرێت كه ئه‌دیبى بوارى منداڵان ده‌بێ له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌ده‌بى فۆلكلۆردا، ورد و چاوكراوه و واقعى بێت، یانى هه‌موو ئه‌و تێكست و یارى و مه‌ته‌ڵ و سرووتانه‌ى، ده‌یان ساڵ و سه‌تان ساڵ به‌رى نها، بۆ منداڵێكى ئه‌و سه‌رده‌م و له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى شوانكاره‌یی و كشتیاریی كورده‌واریدا، گونجاو و ڕێپێدراو بووبن، ئه‌وا به دڵنیاییه‌وه، دووباره گوتنه‌وه و نووسینه‌وه‌ى ده‌قاوده‌قى ده‌قه‌كان بۆ منداڵى سه‌رده‌مى ئایپاد و ئه‌تارى و سه‌رده‌مى شۆڕشى گه‌یاندن و ڕاگه‌یاندن، هیچ ئه‌رزشێكى ئه‌ده‌بى و ڕ‌ۆشنبیرى نییه و نابێ. ڕوونتر بڵێین ده‌كرێ له هه‌ندێك ده‌ق و فیلمى كارتۆنى و ئه‌نیمه‌یشن و گۆرانى و كلیپى منداڵانه سوود له هه‌ندێ ڕووداو و نماییش و كه‌سایه‌تییه‌كانى نێو “بووكه به‌بارانێ، شیردا بۆ داپیردا، بزنۆكه و مه‌ڕۆكه، هه‌لور به‌لور و ساپساپانێ…” وه‌ربگیرێت، به‌ڵام ته‌نیا سه‌ر له‌نوێ پیشاندان و چاپكردنه‌وه‌ى ئه‌و به‌رهه‌مه فۆلكلۆرییانه، هیچ چێژ و كاریگه‌رى بۆ سه‌ر منداڵى سه‌رده‌م نابێت و به هیچ شێوه‌یه‌ك گوزارشت له دونیاى ئه‌و ناكات. ئه‌دیبى بوارى منداڵان ده‌توانێت ئه‌فراندن له تێكست و به‌رهه‌مى ئه‌ده‌بى منداڵانه‌دا بكات، به مه‌رجێك چه‌نده شاره‌زاى ورد و درشتى زمان و ڕوودا و و كه‌سایه‌تى و كۆى به‌رهه‌مه فۆلكلۆرییه‌كانى منداڵان بێت، هێنده‌ش له زمان و خواست و سروشت و سایكۆلۆژیاى منداڵى سه‌رده‌م شاره‌زا بێت.
ئه‌نجامگرى
یه‌كه‌م: ئه‌ده‌بى فۆلكلۆرى منداڵانى كورد به هه‌موو به‌ش و ژانره‌كانییه‌وه، سامانێكى ده‌وڵه‌مه‌ندیی نیشتمانییه، له هه‌موو ناوچه‌كانى كوردستان و به هه‌موو شێوه‌زار و بنزاره‌كانى كوردى گوتراون، زۆر جاریش شێوازى گوتنه‌وه و ئاواز و داڕشتنى یه‌ك ده‌قى فۆلكلۆرى، ئه‌م ناوچه و ئه‌و ناوچه كه‌م و زۆر لێكدى جوداوازن، به‌ڵام مه‌به‌ست و ئه‌نجام یه‌كن.
دووه‌م: جوداكردنه‌وه‌ى ئه‌ده‌بى فۆلكلۆرى كوردى، ئه‌و به‌شه‌ى تایبه‌ته به منداڵان له هى گه‌وران، ئه‌گه‌ر له هه‌ندێك ده‌ق و یارى و وه‌رزش و گۆرانیدا، سانا بێت و بشێ لێك جودا بكرێنه‌وه، ئه‌وا له به‌شێكى دیكه‌یاندا تێكه‌ڵن و ناتوانرێت به‌ڕوونى دیارى بكرێت كامه‌یان سه‌ر به ئه‌ده‌بى فۆلكلۆرى منداڵانه و كامه‌یان ده‌كه‌وێته نێو ئه‌ده‌بى فۆلكلۆرى گه‌ورانه‌وه.
سێیه‌م: ئه‌ده‌بى فۆلكلۆرى كوردى، چ ئه‌و به‌شه‌ى تایبه‌ته به منداڵان، یا ئه‌وانه‌ى به‌شى منداڵ و گه‌وره‌یان تێدایه، ده‌كرێ وه‌ك سامانێكى گه‌وره و ده‌وڵه‌مه‌ندى نه‌ته‌وه‌یی، سوودى لێ وه‌ربگیرێت و ته‌وزیف بكرێت بۆ پێشخستن و ده‌وڵه‌مه‌ندكردنى زێترى ئه‌ده‌بى منداڵانى كورد.
چاره‌م: پرۆسه‌ى سوود وه‌رگرتن له ئه‌ده‌بى فۆلكلۆر، ئه‌گه‌ر هه‌ر له نووسینه‌وه و چاپكردنه‌وه‌ى ده‌قه‌كاندا كورت بكرێته‌وه، ئه‌وا هیچ ئیزافه‌یه‌ك ناخاته سه‌ر خه‌رمانى ئه‌ده‌بى منداڵانى كورد، به‌ڵكوو ئه‌و ده‌مه ده‌چێته بازنه‌ى خزمه‌تكردن به هه‌ست و زه‌وق و بیركردنه‌وه و سایكۆلۆژیاى منداڵى سه‌رده‌م، كه جارێكى دى دابڕێژرێنه‌وه و به‌رگى تازه‌یان به به‌ردا بكرێت و به زمانی سه‌رده‌م بخرێنه ڕوو.
سه‌رچاوه‌كان
1ــ ئاوازى ئه‌حمه‌د حه‌مه‌ده‌مینى دزه‌یى “كۆكردنه‌وه و ئاماده‌كردن و له‌سه‌رنوسین”، فۆلكلۆرى كوردى له ناوچه‌ى دزه‌ییاتى، چاپخانه‌ى الادیب البغدادیه، به‌غدا، 1984.
2 ــ پیره‌مێرد، دوانزه سواره‌ى مه‌ریوان، چاپخانه‌ى كاكه‌ى فه‌للاح، چ 3، سلێمانى، 1983.
3 ــ ڕێبوار جه‌مال “كۆكردنه‌وه و ئاماده‌كردن”، هه‌ندێك یاریی فۆلكلۆریى له ناوچه‌ى پشده‌ر، ئینستیتۆى كه‌له‌پوورى كوردى، چاپخانه‌ى ئاراس، هه‌ولێر، 2007.
4 ــ شوكریه ره‌سول ئیبراهیم ، ئه‌ده‌بى فۆلكلۆریى كوردى، به‌شى دووه‌م، چاپخانه‌ى زانكۆى سه‌لاحه‌دین، هه‌ولێر، 1984.
5 ــ عیززه‌دین مسته‌فا ڕه‌سوڵ، ئه‌ده‌بى فۆلكلۆرى كوردى، چاپخانه‌ى دار الجاحظ، به‌غدا،1970.
6 ــ كۆمه‌ڵێ پسپۆڕى ئه‌مه‌ریكى، گه‌مه له ژیانى منداڵاندا، و: كه‌مال فاروق، له بڵاوكراوه‌كانى ده‌زگاى وه‌رگێڕان، چاپخانه‌ى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده، چ 1، هه‌ولێر، 2005.
7 ــ محه‌مه‌د عه‌بدوڵڵا ئامێدى، ئه‌ده‌بێ زارۆ‌كان، زنجیره كتێبى ئینیستیتۆى كه‌له‌پوورى كورد، چاپخانه‌ى شڤان، سلێمانى، 2005.
8 ــ ناهیده ئه‌حمه‌د، سه‌ره‌تایه‌ك ده‌رباره‌ى سه‌هه‌ڵدانى ئه‌ده‌بى منداڵانى كورد، ده‌زگاى چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ى موكریانى، چاپخانه‌ى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده، چ 1، هه‌ولێر، 2005.
9 ــ هاشم سه‌لیمى و عوسمان محه‌مه‌د هه‌ورامى “كۆكردنه‌وه”، لایلایه‌ى دایكانى كورد، زنجیره كتێبى ئینیستیتۆى كه‌له‌پوورى كورد، چاپخانه‌ى شڤان، سلێمانى 2005.