سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

کوردبینی لە زنجیرە و فیلمە بیانییەکان

هاشم عەبدوڵا

لە دەستپێکی وتارێکی دیکەم کە لە ماڵپەڕی سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی بڵاوکرایەوە ئاماژەم بەوە کرد کە گەڕیدە و ڕۆژهەڵاتناسەکان بە هاتنیان بۆ ناوچەکانی کوردستان تێگەیشتن و دیدگایان دەربارەی کورد بۆ دروست بووە ، لە گێڕانەوەکانیان باسیان کردووە. پرسیارێک کە دەروازەی بە ڕووی ئەم بابەتەدا کردەوە ئەوە بوو کە ئەی چی گوتراوە و گێڕدراوەتەوە دەربارەی ئەو کوردانەی بەهۆی ناسەقامگیری و ناچارییەوە کەوتوونەتە دەرەوەی کوردستان؟ ڕوونتر وێنەی کوردی پەنابەر لە دیدی ئەوانی دیکە چۆنە؟ لە کتێبی “ئیتر لە دەرگا نادات، پۆستەچی”، کە بەشێکی زۆری کتێبەکە تایبەتە بە نامەی نێوان نووسەرانی کورد، بە تایبەتی نامەی نووسەرانی کوردی پەنابەر. ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل لە نامەیەک دا بۆ سۆزان سامانچی دەنووسێت “بۆ کوێ بڕۆین، کوردبوونمان دیارە”، تێبینی ئەوەم کرد، کورد لە پەنابەریش پەناهەندەیەکی ئاسایی نییە، پەنابەرانی دیکە تەنها خۆیان کۆچیان کردووە، بەڵام کورد لە کۆچدا جگە لە خۆی کێشە و نەهامەتییەکانیشی لە کۆڵ دەگرێت، زمان و فەرهەنگ و کوردبوونی لەگەڵ خۆی دەبات چونکە جێگایەک شک نابات لەم شوێنە بەجێی بێڵێت بەتایبەتی ئەو پەنابەرانەی لە دۆخی داگیرکراوی و ناسەقامگیری وڵاتیان جێ هێشتووە. ئەوە وای کرد کە پەنابەریی وەک دۆزێکی هاوشانی ئەو نەهامەتییانەی کوردی پێ ناسراوە، بکەومە بیری ئەوەی داخۆ دیدی ئەوانی دی و نەتەوەکانی دیکە بۆ ئەم دۆزەی کورد چییە؟ ڕەنگە سەرچاوەی بیانی، وتار، لێکۆڵینەوە، چیرۆک زۆر هەبن وەڵامی ئەم پرسیارە بدەنەوە بەڵام فیلمی “نیشتیمانە بچووکەکەم” تایبەتترین سەرچاوەی بینینی پەنابەری کوردە لە دەرەوەی کوردستان و لە چاوی ئەوانی دیکە، چاوی دەرهێنەر “ئێما کاواوادا” (Emma Kawawada).

نیشتیمانە بچووکەکەم

فیلمی نیشتیمانە بچووکەکەم (My Small Land)، فیلمێکی ژاپۆنییە لە ٢٠٢٢ لەلایەن فیلمساز ئێما کاواوادا کاری سیناریۆ و دەرهێنانی بۆ کراوە یەکەمین ئەزموونی فیلمی درێژیی ئێما کاواوادا-یە. لە ٧٢مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بەرلین پاڵێورا. چیرۆکی فیلمەکە باس لە ژیانی خێزانێکی چوار کەسی کورد دەکات، باوکێک و دوو کچ و کوڕێکی بچووک، ساریا کچی گەورەی خێزانەکە کارەکتەری سەرەکی فیلمەکەیە. لەکاتێکدا هەوڵ دەدات لەگەڵ ژیانی وڵاتی ژاپۆن خۆی بگونجێنێت و درێژە بە خوێندن بدات و لەگەڵ خوێندنەکەی کارێک بکات بۆ بژێوی و خەرجی، وەڵامی ڕەتکردنەوەی مافی پەنابەریان بۆ دێتەوە. هەرچەندە ئەمە وەک گرێی سەرەکی چیرۆکەکە دەبینرێت بەڵام دیمەنەکانی فیلمەکە و دیالۆگەکان بە وردبوونەوە لێی دەتوانرێت خوێندنەوە بۆ دۆخەکانی کوردبوون و کوردبینی بکرێت، کاتێک دەکەوینە دەرەوەی نیشتیمان و جیهانی خۆمان.

دۆخی کێیەتی

لە دیمەنێکی نێو فیلمەکە کاتێک ساریا لەگەڵ باوکی سەردانی ئەو قوتابخانەیە دەکات کە براکەی لەوێ دەخوێنێت، مامۆستای قوتابخانەکە گفتوگۆیان لەگەڵ دەکات سەبارەت بە پەیوەندی براکەی لەگەڵ قوتابییەکان و ئەو گیروگرفتانەی کە ڕووبەڕووی بووتەوە. مامۆستاکە پێیان دەڵێت “کاتێ قوتابییەکان پرسیاریان لێکردووە کە ئەو کێیە و لە کوێ هاتووە، لە وەڵامدا پێیانی گوتووە کە ئەو بوونەوەرێکی نامۆیە. قوتابییەکانیش بە درۆزن تۆمەتباریان کردووە و لێی دوور کەوتوونەتەوە”. ساریا لەگەڵ باوکی و براکەی لە قوتابخانە دەچنە دەرەوە، لە ڕێگای چوونە ماڵەوە باوکی ساریا کوڕەکەی دەدوێنێت و بۆی ڕوون دەکاتەوە کە ئێمە خێزانێکی کوردین و نەتەوەیەکین…

لەم دیمەنە چی فێر دەبین؟ تەنها مرۆڤ بوون ناتوانێت تاک بخزێنێتە نێو کۆمەڵگە. گونجانی کۆمەڵایەتی لەنێوان تاک و ئەوانی دیکەی نێو کۆمەڵگەکەی دروست نابێت تا ڕوون نەبێتەوە ئەو تاکە کێیە و بنەچە و ناسنامە کۆمەڵایەتییەکەی چییە؟ ئەگەر زمان ماڵی بوون بێت و سەلمێنەری بوونی مرۆڤ بێت، نەتەوەبوون و ناسنامەی نەتەوەیی سەلمێنەری کۆمەڵایەتیبوونی مرۆڤە. لێرەوە بەدیاردەکەوێ کە دروشمی مرۆڤایەتی هەڵخەڵەتێنەرە، مرۆڤ لە دەرەوەی ناسنامەی نەتەوەیی دەتوانێت بوونی هەبێ بەڵام بوونێکی نامۆ کە ناتوانرێ لەنێو کۆمەڵ جێگەی ببێتەوە. قبوڵبوونت لە نێو کۆمەڵگە بە بوونێتیت ڕزگارت ناکات تا ڕوون نەبێتەوە تۆ کێی و بنەچەی بوونت چییە؟ هەموو گەلانی سەردەست بانگەشەی مرۆڤبوون دەکەن بۆ ئاشتەوایی، بەڵام هەر کەسێکی نێو کۆمەڵگەی ئەم گەلانە بدوێنیت و بڵێیت تۆم وەک مرۆڤ قبووڵە ڕەنگە کاردانەوەی تووڕەیی بەرامبەرت هەبێت، ئەگەر تۆش داوای لێ بکەیت وەک مرۆڤێک تۆی قبووڵ بێت ڕەنگە ببیتە مایەی گاڵتەجاڕی، پێت دەڵێت “دەزانم و دەبینم مرۆڤی بەڵام مرۆڤی کوێی چ نەتەوەیەکی؟”

کاتێک هەڵوێستی کەسایەتی و پەنابەرانی کورد لەبارەی پرسە نیشتیمانیی و نەتەوەیییەکان دەبینین و دەبیستین، دەپرسین “ئەگەر نیشتیمانتان خۆشدەوێت و هەستی کوردایەتیتان بەم جۆرە ئەرێنییە و پڕسۆزەیە، ئەی بۆ چی کوردستانتان بەجێهێشت؟ بۆ چی ناگەڕێنەوە؟”

لە ڕوانین و تێڕامان لەم دیمەنەی ئەم فیلمە لەوە تێ دەگەین، کاتێک مرۆڤ دەچێتە دەرەوەی وڵاتی خۆی تێڕوانینی ئەمیش هەڵە بووە سەبارەت بە دەرەوە و دروشمەکانی وڵاتان سەبارەت بەسەنتەرکردنی مرۆڤ و پێشەنگ بینینی مرۆڤبوون لە سەرووی ناسنامە. پەنابەر لە بەرکەوتنی بە ئەوانی دیکە تێدەگات، نەتەوەبوون ناچارییە، دەکەوێتە نامۆبوون، بۆیە بەئەزموونکردنی دیدگای دەرەوە تەلیسمی مرۆڤی ئەبستکرات لە ڕوانینی بەتاڵ دەبێتەوە.

دۆخیکوێیەتی

ساریا لەلایەن هاوڕێ و هاووڵاتییە ژاپۆنییەکان، کە ڕۆژانە بەرکەوتنی لەگەڵیان هەیە وەک هاووڵاتییەکی ئەڵمانی دەیناسن نەک وەک کوردێک، لە شوێنی کارکردنی کوڕێکی ژاپۆنی دەناسێت و هاوڕێیەتی لەگەڵ دروست دەکات. ڕۆژێک بۆ پیاسە دەچنە دەرەوە و دادەنیشن لەم کاتەدا، ساریا نهێنییەکەی دەدرکێنێت و دەڵێت “کاتێک یاری جامی نەتەوەکان هەبوو لە قوتابخانە لێیان پرسیم لایەنگیری کام وڵاتی؟ لە وەڵامدا گوتم ئەڵمانیا، لەو ساتەوە پێیان وایە ئەڵمانیم منیش نکوڵیم لەوە نەکردوە بەڵام لە ڕاستیدا من ئەڵمانی نیم”. کوڕە هاوڕێکەی دوای گوێگرتن دەپرسێت “کەواتە خەڵکی کوێی؟” ساریا وەڵام دەداتەوە “کوردم دڵنیام نەتبیستووە”، کوڕەکە درێژە بە گفتوگۆ دەدات و دەڵێت “نەخێر نەمبیستووە، ببوورە”، هەست بە شەرمەندەیی دەکات کە نازانێت دەیەوێت زیاتر بزانێ تا لەم شەرمەندەییە ڕزگاری بێت، لە ساریا دەپرسێت “ئایا بەشداری جامی جیهانیتان کردووە؟” ساریا بەکورتی وەڵامی دەداتەوە “نەخێر ناتوانین”.

لای ئێمە ڕوونە کە کوێ خاکەکەمانە بەڵام نەبوونی چوارچێوەی دان پێنراوی جیهانی نەیتوانیوە لە دەرەوە موڵکایەتی خاکمان نیشان بدەین. واتا نەبوونی دەوڵەتێکی دان پێنراو، ئێمە ناخاتە ڕیزی نەتەوە و چالاکییە جیهانییەکان، بۆیە بە کەوتنە خاکی ئێمە لەنێو دەوڵەتێکی دیکە، ئێمەی لە خاوەندارێتی چالاکیی نەتەوەیی خستووە.

ئێمەی کورد بە ئاخاوتن و نووسین و خوێندنەوەمان بە زمانی کوردی ناسنامەی خۆمان پاراستووە لە نێو خۆمان جووڵە و چالاکی لە نێو خۆمان بەردەوامی پێ داوین بەڵام چۆن دەرئەنجام و بەرهەمی ئەم جووڵە و چالاکییەمان بپارێزین؟ چۆن مانەوەیان لەدەرەوەی خۆمان وەک خاوەنی دەرئەنجام و بەرهەمەکەمان بمێنینەوە؟ لە سیستەمی جیهانی بۆ ئەوەی خاوەندارێتی فەرهەنگی و کلتووری و زانستی و ڕۆشنبیریت هەبێت دەبێت دەوڵەتێک و ئاڵایەک بۆ نەتەوەکەت هەبێت تا ببیت بە خاوەنی ئەوەی کە هەیت. ئێمە کەسانی دیارمان هەیە لە جووڵەی فەرهەنگی، ڕۆشنبیری، وەرزشی، زانستی، هتد، بەڵام بەهۆی بێدەوڵەتی، وڵاتانی دیکە بوونەتە خاوەنی، چونکە ناسنامەمان بە ناوی دەوڵەتانێکە کە دەوڵەتی ئێمە نین.

شرۆڤەکردنی فیلمی “نیشتیمانە بچووکەکەم” بە تەواوی کارێکی ئاسان نییە بە هیوام سەیری بکەن و ڕەنگە خوێندنەوەی زیاتری لەبارەوە بکەن. هێما و سیمبولی زۆری وێنەیی لەنێو دیمەنەکاندا هەن، بە ڕاڤەکردنی هێمایەک کۆتایی بەم بابەتە دەهێنم. ساریا لە سەرەتای دەرکەوتنی بەرامبەر ئاوێنەیەک وەستاوە دواتر دەچێتە سەر خوان و نزا دەکەن، ئەم نزاکردنە ڕۆژانە بە خێزانی ئەنجامی دەدەن بەڵام ساریا زیاتر بیر دەکاتەوە و دەچێتە خەیاڵەوە لەکاتی نزاکردن. لە کۆتا دیمەنیش ساریا لەبەردەم ئاوێنەکەدا نزا دەکات بەڵام بە شێوەیەک کۆتایی بە نزاکردنی دێنێت وەک ئەوەی بێهیوا بێت. بۆچوونی ساریا و باوکی لەوە زیاتر بە دیاردەکەوێت کە باوکی پێی وایە ئێمەی کورد دەبێت نزا بکەین و هیوامان هەبێت بەڵام ساریا پێیوایە دەبێ بیربکەینەوە و هیوا لەسەر بیرکردنەوە هەڵچنین.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • بوخچە
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO