هاشم عەبدوڵا
بابەتی کورد لە دیدی ئەوانی دیکەوە، یان تێڕوانینی ئەوانی دیکە بۆ ئێمە یەکێکە لە کۆڵەگە و پایە سەرەکییەکانی خۆناسیی نەتەوەیی کورد. کورد لە کایەی خۆناسییدا نابێ لە یەک دیوی پرسەکە بڕوانێت، ئەو دیوەی کە خۆی چۆن سەیری خۆی دەکات، بەڵکو دیوێکی دیکەی زۆر گرنگی خۆناسیی ئەو دیوەیە کە نەتەوەکانی دیکە چۆن لە کورد دەڕوانن و چیمان پێ دەڵێن؟ پێناسەی کەسایەتی نەتەوەیی کورد لە دیدی ئەوانی دیکەوە چۆنە؟
لە بواری توێژینەوە و نووسین و سەرنجی گەڕیدە و ڕۆژهەڵاتناس و کۆمەڵناس و ئەنترۆپۆلۆجیستەکانەوە زەخیرەیەکی زۆری وەسفی کورد لە بەردەستدا هەیە. ئێستا کوردناسی ئەو قۆناغەی تێپەڕاندووە و قسەکردن لەسەر کەسایەتی نەتەوەیی و مێژوو ئارکیۆلۆجیای کوردستان چووەتە ناو هونەر و بابەتە ئەدەبیەکانی بیانییەوە. تایبەتمەندیەکانی نەتەوەی کورد لە ئەدەبیاتی بیانی و دەرەوەی خۆی بەهەند وەرگیراوە، ئێستا ئەو بەشە گرنگەی ڕۆژهەڵاتناسی وەکوو بەشێکی سەربەخۆ بە ناوی کوردناسی کەوتوەتە بەر باس. گێڕانەوە و سەفەرنامەی گەڕیدەکان و توێژینەوەی ڕۆژهەڵاتناسەکان لە مێژووی کورد و هزری کۆمەڵایەتی و کلتور و ژیاری کۆمەڵایەتی کورد خزمەتێکی زۆریان بە ناساندنی کورد کردووە، بەتایبەتی لە دوو سەد ساڵی ڕابردودا. ئیستاش مایەی ڕاڤەی مێژوویی و سۆسیۆلۆجین بۆ وێناکردنی ئەم چرکە ساتەی ژیانی کۆمەڵگای کوردی. هەر لەسەر بنەمای ئەو مێژووە، ئەنجامی توێژینەوەی نوێ ئێستا ئەم گرنگیپێدانەی ڕۆشنبیرانی بیانی پەڕیوەتەوە بۆ ژانرە هونەرییەکان.
لەم سەدەیە دەچینە نێو قۆناغی کوردبینی، دەرکەوتنی کورد لە فیلمە سینمایی و زنجیرە دراماکان نیشانەی سەرسامی و بایەخپێدانی فلمسازان و دەرهێنەرانە، بەتایبەتی دوای جەنگی داعش و ئەو بەرگرییەی لە کۆبانێ کرا. هەروەکو چۆن لە ڕابردوودا ڕۆشنبیر و نووسەر و توێژەرانی کوردستان بە بایەخەوە بۆ نووسینەکانی ڕیچ و نیکیتین و مینۆرسکی دەڕوانی، ئیستاش زۆر پێویستە ئەم فیلم و دارامایانە بە هەند وەربگیرێن و کەرەستەی توێژینەوەی زۆر گرنگن بۆ تێگەیشتنی ئەوەی کە ئێمە چۆن دەبینرێین لە هزری دەرەوەی خۆماندا، ئەوان چۆن وێنامان دەکەن؟ ڕۆڵی ئێمە لەدیدی دەرەوەی خۆمان چی بووە لە قۆناغە مێژووییە هەستیارەکاندا؟ لەم وتارە کورتەدا دەمەوێت تیشک بخەمە سەر یەکێک لەو بەرهەمە هونەری و ئەدەبیانەی کە پێموایە ئامرازێکە بۆ کوردناسی و گۆشەنیگایەکە بۆ تێڕوانین لە کورد، ئەویش زنجیرەی سری بۆدی پرۆبلێم (3 Body Problem) ـە، کە لەسەر بنەمای گریمانەیەک دامەزراوە.
لە کاتێک دا کە جەنگ و ڕق و دوژمنکاری بەردەوامە لەنێوان مرۆڤەکان و ناکۆکی و ئارەزووی هەژموون و پاوانخوازی هێشتا چالاکە، چی ڕوودەدا گەر بوونەوەرانی دیکە لە ئاسمانەوە بێنە نێو مرۆڤەکان؟ جەنگێکی نابەرامبەر بوونەوەرانێک بەهێزتر لە مرۆڤ خاوەن زانست و تەکنەلۆجیایەک کە مرۆڤ ناتوانێت خەیاڵی بکات و پەی پێببا.ئەم گریمانەیە ناوەڕۆک و پلۆتی درامای “سری بۆدی پرۆبلێم”ـە، لە مەودایەکی زۆر کورتی کۆتا دیمەنەکان ئاماژە بە کورد دەکرێت و لەناکاو کورد دێتە نێو باسەکە ئەم دەرکەوتنە ڕاستە کورتخایەنە بەڵام سیمبولییە لەنێو ساتە هەرە گرنگەکان دەبینرێت کە پێویستی بە هەڵوەستەکردن و تێڕامانە، گرنگە لەو ساتەدا لە سەیرکردن بوەستی و خوێندنەوەی بۆ بکەیت.
با بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای دیمەنەکان و بە گرێکانی زنجیرەکە ئاشناتان بکەم. کچێکی زانینخوازی چین باوکی مامۆستایە و بە تۆمەتی گوتنەوەی تیۆری ڕێژەیی ئەنشتاین لە وانەکانی لەلایەن گەنجانی کۆمۆنیست دەستگیر دەکرێت و لەژێر ئەشکەنجە و لەبەرچاوی خەڵک گیان لەدەست دەدات. ئەم کچە دواتر دەچێتە دامەزراوەیەکی زانستی هەر لە چین کە ئەرکی دامەزراوەکە پەیوەندیکردنە بە بوونەوەرانی ئاسمانی. لەکاتی نۆرەی ئێشکگری کچەکە، بوونەوەرانی ئاسمانی لە ڕێگەی تەکنەلۆجیا نامەیەک دەنێرن بۆ کچەکە و دەڵێن “گەر وەڵامی ئەم نامەیە بدەیەوە ئێمە دێین”، کچەکە لە وەڵامدا دەنووسێ “وەرن ئێمە ناتوانین یەکتر ڕزگار بکەین”. لەو کاتەوە بەڕێدەکەون تا بگەن بە زەوی و ماوەی گەیشتنەکەیان چوار سەد ساڵی پێویستە. بەر لە گەیشتنی خۆیان دوو کۆمپیتەری ئاست بەرزی بچووک دەنێرن کە توانایەکی زۆر بەهێزی هەیە. دوای ساڵانێکی زۆر و لە سەدەی ٢١ جاڕی هاتنیان دەستپێدەکات و بوونی خۆیان بۆ جیهان ئاشکرا دەکەن. وڵاتانی زلهێز کۆدەبنەوە و بەدوای چارەسەر دەگەڕێن و هەوڵی خۆئامادەکردن دەدەن بۆ جەنگ و ڕووبەڕووبوونەوەیان. بوونەوەرەکان دەتوانن دەستیان بەهەموو زانیاریەکی مرۆڤەکان بگات، هەموو جووڵەکانیان دەبینن، گوێبیستی هەموو قسەکان دەبن لە هاووڵاتییەکی ئاسایی تا پلەبەرزترین سەرکردەی سیاسی بەهێزترین وڵاتانی جیهان.
وڵاتان چیتر خاوەنی نهێنی نین، مرۆڤایەتی وەک کتێبێکی کراوە زۆر بە ئاسانی دەخوێندرێتەوە. چالاکییەکانی ئاشکران و هەموو هەنگا و و جووڵەکان دەبینرێت و دەتوانرێت ڕێگری لێ بکرێت لەلایەن بوونەوەرەکان بەڵام شوێنێک هەیە هێشتا دەستیان پێ نەگەیشتووە، مێشکی مرۆڤ، بیرکردنەوەکانی ناوەوەی مرۆڤ. نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجوومەنێک دروست دەکات بەناوی (ئەنجوومەنی پاراستنی زەوی).
ئەنجوومەنەکە لە چوارەمین کۆبوونەوەی پڕۆژەیەک ڕادەگەیەنن بە ناوی (پڕۆژەی پسپۆڕەکە) لەم پڕۆژەیە سێ کەس کاندید دەکرێن:
یەکەم، ژەنەڕاڵێکی سەربازی کە نووسەری چەند کتێبێکە لەبارەی مێژووی سەربازی و کتێبەکانی لە تەواوی جیهان خوێنراونەتەوە. ژەنەڕاڵەکە ئەزموونێکی باشی هەیە لە یەکلاییکردنەوەی ململانێیە نێودەوڵەتییەکان.
دووەم، زانایەکی بواری فیزیا کە دەرچووی “زانکۆی ئۆکسفۆرد”ـە لە بەریتانیا.
سێیەم، شەڕڤانێکی کوردە کە ڕابەرایەتی جەنگی دژ بە داعشی کردووە لە شاری ڕەقە.
هەریەک لەم کاندیدانە پێیان دەگوترێت پسپۆڕەکە، کە ئەرکیان بیرکردنەوە و داڕشتنی پلانە لەنێو مێشکی خۆیان بۆ جەنگی دژ بە بوونەوەرەکان. نابێت هیچ قسەیەک دەربارەی پلانەکە بکەنم ناشبێت هیچ بڕگەیەکی بنووسنەوە. هەر سێکیان ئازادن لە بەکارهێنانی باشترین سەرچاوە و کەرەستەکان بە مەرجێک کە یاسا پێشێل نەکەن. سێ پسپۆڕەکە لە تەواوی ئەو ماوەیەی کە پلان دادەنێن هیچ کەسێک بەشداری پێناکەن لە داڕشتنی پلانەکە تەنانەت لە نێوان خۆشیان.
پرسیارەکە ئەوەیە، بۆچی کورد؟ ئەم پرسیارە بەر لەوەی وەڵامبدرێتەوە خودی خۆی وەڵامی پرسیارێکی ترە، پرسیاری وڵاتە زلهێز و سەردەستەکانی زەوی. چی دەبێت گەر بکەونە بەرەی جەنگ لەگەڵ بوونەوەرانێک لە دەرەوەی ئەم هەسارەیە؟ بوونەوەرانێک کە زۆر بەهێزترن لە بەهێزترین بوونەوەرە سەردەستەکانی ئەم هەسارەیە (زەوی). جەنگێکی تازە و ئەزمووننەکراو کە ڕەنگە یەکەم و کۆتا جار بێ لەنێوان ئەگەری مانەوەی بوون و نەبوونی مرۆڤایەتی.
لێرەوە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ نێو مێژووی مرۆڤایەتی، بگەڕێینەوە بۆ پێش خەونی مرۆڤی جیهانی و بچینەوە نێو لاپەڕەکانی مێژووی جەنگی نەتەوەکان. لەنێو ئەو سیستەمە جیهانگیرییەی چونیەککردنی گەلان و سڕینەوەی نەتەوەکان، لەوێ بپرسین کام نەتەوە ڕزگاری بووە لەم سیستەمی هاڕینەی وڵاتانی زلهێز، کام نەتەوە هێشتا لە جەنگی بوون و مانەوەی جیهانە نەتەوەییەکە دایە؟ ڕێک لەم کاتە پێویستە کورد بەبیر و ئەندێشەیان داهاتبێت، مانەوە و هەبوونی نەتەوەی کورد لە خاکێک کە ئەزموونی داگیرکاریی و ئاسمان و ئاو و خاکی کردووە وەک نموونەی تاقیکاری کە لە نێو تاقیگەی جەنگ ڕزگاری بووە و هێشتا خاوەن زمانە، هێشتا خاوەن چاند و ئاڵایە.
هیوابوون بە جەنگاوەرانی کورد لە توانا و دەسەڵاتی سیاسی بەرامبەر دەرەوەی خۆی نییە، بەڵكو لە هزر و بیری مانەوە و بوونە نەتەوەییەکەیەتی کە لە ناوەوەی هەیە و دەرەوەی خۆی ناتوانێت ئەم بیرە لەناو ببات. بۆ ئەم جەنگەش ڕێک ئەمە پێویستە، دەبێت جەنگاوەرانێک هەبن کە لەناوەوە بەهێز بن لەم کاتەی کە لەدەرەوەی خۆیان بێهێزن، بۆیە کوردێک کاندید دەکرێت بۆ جەنگی جیهانیی مرۆڤ لەگەڵ بوونەوەرانێکی داگیرکەر کە لە دەرەوەی هەسارەی زەوی هاتوون چونکە ئەزموونی کورد لە جەنگ دژی وڵاتانی بەهێز بە درێژایی مێژوو وەک جەنگی مرۆڤە لەگەڵ بەهێزترین بوونەوەری ئاسمانی.
بە کورتی وێنای کەسایەتییەکی دەگمەن بە کورد دراوە و هۆکاری ڕزگارکردنی مرۆڤایەتییە لە یەکێک لە چرکە ساتە هەستیاەرکانی میژوودا.