حیسامەدین (هیوا) خاکپوور
” ئەوەی بێدەوڵەتە سووکتر لە کایە” ( قانع)
” مرۆڤی بێدەوڵەت لە سەردەمی مۆدێرندا دەخرێتە دەرەوەی بازنەی ئینسانییەت” ( هانا ئارێنت)
لە پاش ئەو هەمگە چەرمەسەرییە کە بەدرێژایی سەدەی ڕابردوو بەسەر کورد-دا هاتووە و لە دوای ڕووداوەکانی ئەم دواییە، واتە داگیرکاریی تورکیا لە باشوور، ڕاگواستن و چەککردنی حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان و فرەیەک شتی تر، مومکینە مرۆڤی کورد لە خۆی ڕابمێنێت و بپرسێت ئەم هەموو دەرد و ڕەنجە بۆچی؟ مومکینە لە وەڵامدا بە تایبەتی پاش ئەم ڕووداوانەی دواییە، ڕەخنە و هێرشێکی زۆر بکرێتە سەر حیزبەکان بە تایبەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کار و کردەوەکانیان.
بە بۆچوونی من ڕەخنەگرتن و هێرش کردنە سەر حیزب و کاروباری حیزبایەتی هێرشکردنە سەر فۆڕمی مەسەلەکەیە و خۆبواردنە لە ڕامانی عەقڵانی لەسەر کێشەکان و لەم نموونەدا لەسەر خیانەتی حیزبایەتی. پرسیار ئەوەیە بۆچی حیزبێک خیانەت دەکات و دەرد و ڕەنج بۆ نەتەوەکەی دەخولقێنێت؟ یان بە مانایەکی تر چۆنە حیزبێک دەتوانێت خیانەت لە خۆ بکات؟ جیا لە باسی بەرژەوەندیخوازی کاتیی و سوودپەرەستی بەربەرەڵای حیزبایەتی خێڵایەتی و ئەو شتانە، لەم بوارەدا باسەکە قووڵبوونەوەی زیاتری دەوێت.
کورد لە مێژوودا و بەتایبەت لە سەردەمی مۆدێرندا هێشتا لەو حەقیقەتە بیری نەکردۆتەوە کە ئامرازی خۆبەدیهێنان (self realization)ی تاکی و بەکۆمەڵی ئەو چییە؟ چی دەتوانێت یارمەتیدەری خۆبەدیهێنانی مرۆڤ بێت؟ لێرەدایە ئەڵقە گومبووەکە خۆی دەردەخات. ئەڵقەی خۆبەدیهێنانی مرۆڤ و حیزب و ئەنجوومەن، هتد، لە سەردەمی مۆدێرندا “دەوڵەتە”، دەوڵەت دەکەوێتە پێش حیزب و ئەنجوومەن. ئەگەر ئەو ئەڵقە نەبێت حیزبەکان دەچنە نێو بازنەی خۆبەدیهێنانی ئەوانی دیکە، واتە دەوڵەتانی دیکە. ئینجا لە بەرژەوەندی ئەو دەوڵەتانەدا مومکینە دژی لایەنە کوردییەکانی دیکە بوەستن. جێگەی سەرنجە کە حیزب لە نێو دەوڵەتی سەقامگیردا هیچ کات ناتوانێت خیانەت لە ناوخۆییەکان بکات چونکە دەوڵەت لە سەرەوەی ئەوانە، کۆنترۆڵی دەکات و هێزەکەی سنووردار دەکات و جەماوەر لێپرسینەوەی لێ دەکەن. بەڵام ئێستا کە ئەو ئەڵقە گومبووە بۆ کورد مسۆگەر نەبووە. بۆیە، حیزبەکان دەسەڵات قۆرخ دەکەن و لە بەرژەوەندی خۆیاندا هەر کارێک بە مەیلیان بێت دەیکەن و وەڵامی کۆمەڵگەی مەدەنیش نادەنەوە.
کردەوەی حیزبە کوردستانییەکان دەبێت (لەگەڵ داننان بە خزمەتەکانیان) لە بەستێنی “بێدەوڵەتی”دا لێک بدرێتەوە ئینجا بۆمان دەردەکەوێت چۆنە پارتی دیموکراتی کوردستان بەسوودی پاراستنی یەکێتیی خاکی عێراق دژی پە*کە_کە دەوەستێت؛ پە_کە*کەش پاڵ بە ئێران-ەوە دەدات بۆ ئەوەی لە ململانێیی هێزدا هێزی تورکیا بەرتەسک بکاتەوە و یەکێتیی-ش حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان چەک دەکات. لەم بەستێنەدا بە ئەگەری زۆرەوە هەر جۆرە کردەوەیەکی دژە-نەتەوەیی لەلایەن حیزبە کوردستانییەکانەوە مومکینە ڕووبدات چونک بە ئیجبار حیزبی دەوڵەتی کوردستانی نین، حیزبی سەردەستەکانن و سەردەستەکان بە سوودی خۆیان دەیانچەمێننەوە.
کەوایە دەبێت مەسەلەکە قووڵتر گرفتئامێز (پرۆبلماتیزە) بکەین و داینەشکێنین بۆ خیانەت و تف و لەعنەتی ئەم و ئەو.
دەرد و ڕەنجەکە لەم سەردەمەدا لە مەزنەکێشەی “بێدەوڵەتیی”ەوە هەڵدەقوڵێت، ئینجا مێشکی داگیرکراوی نۆکەرمەسلەک و بەردەفڕکێی حیزبایەتی.



