عێراق ناوی ئەو جوگرافیایەیە کە بە زۆر لە چەند پارچەیەکی ناساز و ناجۆر بە یەکە لکێنراوە. عێراق لەو پوزڵە یارییە دەچێت کە پارچەکانی، لە پاشماوەی سێ پوزڵە یاری جیاوازەوە قەرز کراون و وێنەیەکی ناڕێک و نە شازیان لێ پێکهێنراوە. وێنەیەکی سێ ڕەنگی و سێ ڕەهەندی کە نە لە چوارچێوەیەکدا جێگەیان دەبێتەوە و نە هیچ هاوبەشییەکی ڕاستەقینە لە ڕەنگەکانیان دەبینرێت. بگرە ئەوانە پێکەوە تەنیا ناڕێکی و شێواوییەک دەبەخشن و هیچی تر.
ئەگەر چی کورد ئارەزوومەندانە یان بەبێ ویستی خۆی بووبێت بە بەشێکی ناو ئەو پوزڵە یارییەی کە ناوی عێراق-ە؛ ئەگەر چی کورد ویستبێتی مانایەکیش ببەخشێت بە وێنە گەورەکە، بەڵام بە درێژایی مێژووی عێراق، کە تەمەنی تەنیا سەد ساڵێکە، هەمیشە دوو پارچەکەی تری، بە جیا جیا و پێکەوەش، وەکوو ناحەز و ناساز تەماشای پارچە کوردییەکەی ناو ئەم چوارچێوە زۆرەملێیەیان کردووە. بە جۆرێک نە وەکوو خۆی کە ڕەنگێکی جیاوازی کوردی و کوردستان-ییە وەرگیراوە و نە لێشی گەڕاون تا بۆ خۆی پارچەکانی خۆی کۆ بکاتەوە لە وێنەیەکی ڕێکی سروشتی خۆی دەربکەوێت.
هەتا ئەمڕۆش ناتوانرێت بە تەواوی بە چوارچێوەیەکی وەکوو عێراق بگوترێت نیشتیمانی عێراق. چونکە هەتا ئەمڕۆش تاکی کورد هەست بە نیشتیمانیبوونی خۆی ناکات کە بەشێکی دیار و کاریگەری ناو چوارچێوەکەی عێراق-ە.
ئەگەر خوێنەر ڕازی بێ بەو وێناکردنەم بۆ وێنە ناڕێکەکەی عێراق، ئەوا دەچمە سەر باسە بنەڕەتییەکە کە مەسەلەی “تەوتینە”. تەوتین وشەیەکی عەرەبی تێک شکێنراوە لە بەرگێکی کوردی-دا کە لە بنەڕەتدا “توطین”ە. ئەگەر چی خودی وشەکە بە واتای جێگیرکردن دێت، بەڵام مەبەست و نیازی لەوە قووڵتری لە پشتەوەیە. ئەوان دەڵێن ئێمە دەمانەوێت مووچەی مووچەخۆرانی کوردستان لە نێو مووچەی عێراق جێگە بکەینەوە. ئەگەر چی ئەمە لە ڕووە واتایی و گوزارەییەکەیەوە دروستە، بەڵام دروستتر لەوە، لە چوارچێوە گرتنی دەسەڵاتی ئەمڕۆی کوردستانە لە مەودای نزیکدا و لە چوارچێوە گرتنی خودی کورد و کوردستان-ە لە مەودای دووردا. ئەوەی کارئاسانی بۆ ئەم هەنگاوانەی بەغدا-ش کردووە، خودی دەسەڵاتی ئەمڕۆی کوردستانیی-یە. ئەوان وەها ڕۆچوونەتە گەندەڵی و خەمساردی و دزی و جەردەییەوە بەشێک لە ئەندام و کادیرانی خۆشیان باشیان ناڵێن.
تاکی کورد ئەگەر بە وردی لەم مەبەستەی بەغدا تێ بگات، زۆر باش هەست بەوە دەکات کە لە دەستچوونی دەسەڵاتی خۆماڵی واتا گواستنەوەی هەموو دەسەڵاتەکان بۆ بەغدا. چونکە بۆ هەموو هەنگاوێک ئێمە دەبێت لە جیاتی یەک بیرکردنەوە، دوو سێ جار بیر بکەینەوە. ئەگەر ئەمڕۆ یەکێتیی و پارتی، نوێنەرایەتی زۆرینەی کوردستانیان لە دەست داوە، ئەگەری هەبوو سبەی نوێنەری دڵسۆزی و ڕاستەقینەی خۆمان بدۆزینەوە. بەڵام لە پاش ئەم هەنگاوانەی بەغدا، لە دەست گرتنی بە سەر گیرفانی خەڵکیدا، ئیتر چ بەهایەک بۆ نوێنەری داهاتوو دەمێنێتەوە، ئەگەر خراپ بێت یان چاک بێت؟
بەکارهێنانی ئەم سیاسەتە بۆ مووچە یان هەر بوارێکی دیکە، لە مامەڵەی بەغدا لەگەڵ کوردستان-دا، خۆی لە خۆیدا گیانێکی داگیرکاریی و سڕینەوەی تەواوی بەها کوردستانییەکانی لە پشتە. چونکە ئەگەر بەغدا خەمی مووچەخۆری کوردی ببووایە، دەبوو بەبێ هیچ مەرجێک مووچەی بناردایە و میکانیزمێکی دیکەی بدۆزیایەتەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دەسەڵاتی کوردستان. هەرچۆن لە دوای داگیرکردنی شارەکانی موسڵ و تکریت و دیالی لە لایەن داعشەوە، حکومەتی عێراق بۆ ڕۆژێکیش مووچەی ئەو ناوچانەی نەبڕی. ئەمە لە نزیکترین مانادا پێمان دەڵێت، هەرچی لە ژێر دەستی کورد بێت خراپترە لەوەی لە ژێر دەستی هێزێکی وەکوو داعش-یشدا بێت. پێمان دەڵێت هەرچی لەو دیو سنووری کفری و قەرەهەنجیر و پردێ و سحێلاو-ەیە لە دەرەوەی نیشتیمانی عێراق-ە. هەر وەها پێمان دەڵێت کورد لە جێگەی خۆیەوە توانای بوون بە بەشێکی ئەم نیشتیمانەی نییە ئەگەر بە بەغدا-دا تێنەپەڕیت. پێمان دەڵێت ئەو بەشە دابڕێنراوەی کوردستان بەعەرەبیکراوە و ئێستا تەماحی بەعەرەبیکردنی تەواوی کوردستان-مان هەیە. بەغدا دەیەوێت بڵێت هەرچی لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئێمە عەرەبدا بێ ئێمە خۆمانی پێوە خەریک ناکەین و خەمی لێ ناخۆین. تۆ تەماشای دووڕوویی خستنە خوارەوەی درۆنێکی تورکی بکەن لە کەرکووک و تەراتێنی هەمان شێوە درۆن لە سلێمانی. ئەمە هیچمان پێ نەڵێت پێمان دەڵێت کە ئاسمان و زەوی و مرۆڤەکانیشتان بۆ بەغدا گرنگ نین ئەگەر لە نێو ئاسمان و زەوی عێراقی عەرەبیدا تەوتین نەکرێن.
تا کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، ئەم جوگرافیایەی کە ناوی عێراق-ە، تەمەنی تەنیا حەفتا ساڵێک بوو. بە درێژایی ئەو حەفتا ساڵە ڕژێمەکانی بەغدا بە ئاگر و ئاسن و مەکینەی سەربازی، مامەڵەیان لەگەڵ خەڵکانی پارچە کوردییەکەی، ئەم چوارچێوەیە دەکرد. لە حەفتا و هەشتاکاندا و لە سایەی ڕژێمی بەعس-دا، کەمترین خزمەت پێشکەشی کوردستان کراو و کەمترین پڕۆژەی ستراتیجی ئاوەدانکرانەوە و تەنانەت کەمترین فەرمانبەریش دامەزرێنران. لە هەموو شارەکانی دیکە نەخۆشخانەی نموونەیی بیناکران بە شاری کەرکووک-یشەوە جگە لە سلێمانی و هەولێر و دهۆک نەبێت کە لەم خزمەتە بێ بەشکران. داپڵۆسێنەرترین قەڵاکانی ئەمن بۆ سەرکوتکردنی کوردان لەم شارانەدا و لە شارەکانی زۆرینە کوردی-دا دامەزران. ئەوەی دەمەوێت بیڵێم بە هەموو ئەم ستەم و پەستانە سەربازی و پۆلیسی و سیاسییەشەوە هێشتا ڕژێمەکەی بەغدا نەیتوانی خەڵکی کوردستان بەعێراقیی بکات. هێشتا بەعس نەیتوانی بچووکترین وابەستەگی گیانی ئەم گەلە بە عێراق-ەوە ببەستێتەوە. ئەو کات کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە دۆخی خۆبژێویدا بوون، زۆرینەی خەڵکی کوردستان جووتیار و کاسبکار و کرێکار و دەستکار و دروستکار بوون. تەنها ژمارەیەکی کەمی خەڵکی نەبێت مامۆستا و فەرمانبەر بوون. تەنانەت ڕژێمی بەغدا بۆ پاراستنی ئاسایش دەبوو خەڵکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق لە کوردستان دابمەزرێنێت. بە کورتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان جۆرێک لە بێ منەتیان بە بەغدا-وە پێوە دیار بوو.
لە دوای ڕاپەڕینی١٩٩١ەوە، تا دەگاتە ئەمڕۆ، کە ٣٣ ساڵە، یەکێتیی و پارتی، خەریکی یەکێک لە خراپترین پرۆسەکانی گۆڕینی کۆمەڵگەی کوردستانی بوون. کە ئەویش پرۆسەی گۆڕین بۆ کۆمەڵگەیەکی مووچەخۆری بێ بەرهەمی بەر خۆر. ئەمڕۆ لە کوردستان خاوەنی ملیۆنێک و دووسەد و پەنجا هەزار مووچە خۆرین، ئەگەر ئەو ژمارەیە هەر یەکێکیان دوو کەسی پێوە ئاوێزان بێت، ئەوا ژمارەی ئەوانەی کە پشتیان بە مووچە بەستووە دەگاتە سێ ملیۆن و حەوت سەد و پەنجا هەزار لە کۆی نزیکەی حەوت ملیۆن کەس. کاتێک یەکێتی و پارتی وا لە کۆمەڵگا دەکەن لە بری ئەوەی چاوی لە دەست و بازوو و بەهرەی خۆی بێت، چاوەڕوانی سەری مانگ بێت و لە سەرەی بەر پەنجەرەی بانکەکاندا هەڵکروزێ. کاتێک یەکێتیی و پارتی خەڵکێکی زۆر دەکەن بە بەندەی مووچە و مووچەکەشیان بۆ دابین ناکرێت، ئیتر لێرەوە ڕاستەوخۆ، پاسێکی جوان دەدەن بە بەغدا، بۆ ئەوەی گۆڵێکی زێڕینیان لێ بکات. بەغدا توانی بەم گۆڵە، نزیکەی چوار ملیۆن کوردستانی، بە بڕیارێکی تەیف سامی، بە عێراقی و بە نیشتیمانی بکات. لە دوا هەوڵی پووچی حکومەتی هەرێمیش، بۆ بە دووبارە بە پارتی و یەکێتیی کردنەوەی ئەو ملیۆنەها خەڵکە، بە هۆی سیستەمی بانکی هەژماری منەوە، دواجار فاوڵە ئیداری و حزبییە کورت بینییەکەی، یەکێتیی و پارتی، هێندە کوشندە بوو، کە بواری پەشیمانکردنەوەی مووچەخۆرانی هەرێمی نەدا، لە بری ئەوەی بڵێن کوردستان، ئەمڕۆ دەڵێن خوا دەست بە باڵاتەوە بگرێت، حکومەتە نیشتیمانییەکەی عێراق. هەڵبەت تاوانی هەموو ئەم کارەساتە، لە ئەستۆی حزبەکانی دەسەڵاتە و هەڵەی ستراتیجی دەیان ساڵی ئەو دوو حزبەیە و ناکرێت و نابێت بخرێنە ئەستۆی مووچەخۆرەوە. مووچەخۆرێک، کە خەمی بژێوی ماڵ و منداڵ، هەموو هەستێکی کوردبوونی بیر بردۆتەوە.
ماوەتەوە بڵێم کە مووچەخۆرانی هەرێم، دەبێت ئەو ڕاستییە لە بیر نەکەن کە بەغدا، خێر بە کەس ناکات لە پێدانی مووچە، بە مووچەخۆران. چونکە نە مرۆڤی کورد و نە زەوی و ئاسمانی کوردستان، بە هەموو سامانی سەر زەوی و بن زەوییەکەشییەوە، موڵکی بەغدان و کاتێ کورد لە سەر ئەم خاکە ژیاوە، عەرەب لە جزیرەی عەرەبی بە دوای سەرابدا بۆ ئاو گەڕاوە، تا لە تینوێتیدا نەخنکێ.