سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

پەیوەندی دیالێکتیکی ڕۆمان و سینەما

دیمەن عەبدوڵلا

لە نووسینەکانی پێشوماندا دوور یان نزیک ئاماژەیەکمان بەم پەیوەندییە داوە، بەڵام لێرەدا دەمانەوێت زیاتر بوارەکە فراون بکەین و گرنگی پێ بدەین. سەرباری ئەوە، ڕۆمان وردە وردە بەرەو مۆدێرن هەنگاو دەنێت، بۆیە زیاتر گرنگیمان بەبواری ڕۆمان داوە. ڕۆمان و سینەما، هەردووکیان هەڵێنجراوی ژیانی هەر تاکێکی کۆمەڵگایە. بۆیە زۆرجار کاتێک ڕۆمانێک یان فلمێکی سینەمای دەبینین کەم تا زۆر خۆمانی تێدا دەدۆزینەوە، بەڵام هەریەکێکمان جیاواز لەوەی دیکە پاڵەوانین و بوونمان هەیە.

ئەگەر ئێمە ئاوڕێک لە مێژووی دێرین بدەینەوە، دەبینین یەکەمجار وێنەی ئاژەڵەکان، لەسەر دیواری ئەشکەوتەکان کێشراوە. ئەمەش خۆی لە خۆیدا، جۆرێکە لە واتا و پەیام، کە بوەتە ئەرشیفێکی مرۆڤایەتی. کەواتە یەکمجار وێنە دروستبووە، دوای ئەوە کامێرای فۆتۆگرافی هاتە ئاراوە. بەتایبەتی، لە کۆتای سەدەی نۆزدە کە کامێرای فۆتۆگرافی پێشکەوت بۆ کامیرای ڤیدیۆ، ڕۆمانی “دۆنکی شۆت”ی سێرڤانتس-یش، تا ئیستا بۆتە یەکەم ڕۆمانی جیهانی کە لە ١٦٠٥ بڵاوکراوەتەوە.

لێرەوە ئەگەر تەماشای ڕەهەندەکانی چاو بکەین، لە ڕۆماندا بۆ کامێرای فۆتۆگرافی، لە وێشەوە بۆ کامێرای سینەمایی، دەبینین سێ ڕەهەند هەیە. ڕەهەندی یەکەم، سەیرکردن بە چاوی بۆق، ڕەهەندی دووەم، سەیرکردن بە چاوی مرۆڤ و ڕەهەندی سێیەم، سەیرکردن بە چاوی باڵندە. ئەگەر بە چاوی بۆق شتەکان ببینین، ئەوە شتەکان لە قەبارەی خۆی گەورەتر دەبینین و ئەگەر بە چاوی مرۆڤ شتەکان، ببینین وەک خۆی شتەکان دەبینین، بەڵام ئەگەر بە چاوی باڵندە شتەکان ببینین، ئەوە لە قەبارەی خۆی بچووکتر شتەکان دەبینین. لەبەر ئەوە، ئەگەر سەیری کەسایەتییەکان (شەهید، سەرۆک، قارەمان) بکەین، وەک وێنە و پەیکەریان بە چاوی بۆق بۆ دەکرێت. ئەوەش گەورەیی ئەوان نیشان دەدات. سەرباری ئەمەش، وەک فەلسەفەی چاو سەیر دەکرێت. لەبەرئەوە دەتوانین بڵێین، هەر کەسێک یان هەر نووسەر و هونەرمەندێک، بەباشی لەم سێ ڕەهەندانە تێنەگات، ناتوانێت نەخشەکانی کارەکتەری خۆی بەدروستی بکێشێت.

لە بوارەی ڕۆمانیشدا، دەیبینین ئەو کەسانەی، کە لە بواری هزریی و فەلسەفیدا دەنووسن، وەک ئەزموونی جیهانی بە ئێمە دەڵێن تێکستی ڕۆمان باشترین بوارە، کە کار لەسەر پێشکەوتن و دەوڵەمەندکردنی بواری هزر و فەلسەفە لەسەر جەستەی ڕۆمان بکەین. کەواتە هزر و فەلسەفە و ڕۆمان، وەک سێکوچکەیەک دەگرن و دەتوانن یەکتر بەهێز بکەن. هەروەها ئەگەر لە بواری هزر و فەلسەفە دەوڵەمەند بین، دەتوانین لە ڕێگەی شیکردنەوە و ڕەخنەی ڕۆمان ڕێگا خۆشتر بکەین. بۆ نووسینی تێکستی ڕۆمانی داهاتوو، ئەگەر توانیمان لەو ڕێگەیەوە خودی ڕۆماننووسەکان بە هزر و فەلسەفە دەوڵەمەند بکەین.

دەبێت ئەوە لەبیر نەکەین، گرنگی سینەما لەوەدایە بە هونەری حەوتەم ناودەبرێت. بەگشتی دوو جۆر فیلمی سینەمایی هەیە، یەکەم فیلمی ڕۆمانی و دووەم فیلمی تۆماری. بێگومان بوونی سینەما، گرنگیدانە بە کولتوور بە گواستنەوەی نەهامەتیەکانی و نیشاندانی ئازارەکانی گەل و ناساندنی گەلان بە یەکتری. دەتوانین لە ڕێگەی ئەوانەوە، دەنگمان بگەیەنینە جیهان بەتایبەت ئەم ڕۆمانانەی وەرگێڕدراونەتە سەر زمانەکانی جیهان یان کراون بە سیناریۆی فیلمی سینەمایی.

ئەوانەی لەسەر ڕۆمان دەنووسن، وەک نموونەی فەلسەفە و بۆچی فەلسەفە تێکەڵ یان نزیکە لە ڕۆمان وەک لە شتەکانی دیکەیە، چونکە فەلسەفە و ڕۆمان، هەردوو بەرهەمی شارن. هەردووکیان بە هەناسەیەکی درێژ و دایالۆگ لە دایکبوون، کە خاوەنی یەک تایبەتمەندین، خاڵی هاوبەش کۆیان دەکاتەوە. ئەگەر سەیر بکەین، لە وڵاتانی پێشکەوتوو لە قۆناغەکانی خوێندندا (ناوەندی و ئامادەیی) فەلسەفە دەخوێنن، وەک وڵاتانی ئەوروپا و تونس و مەغریب، کە بۆ شرۆڤەکردن و ڕاڤەکردنی فەلسەفە، پەنا بۆ تێکستەکانی ڕۆمان دەبەن، چونکە ڕۆمان هەناسەیەکی درێژتری هەیە، کە دەتوانێت زیاتر ئامێز بۆ فەلسەفە بکاتەوە. لێرەوە دەتوانین بڵێین، ڕۆمان وەک شار سنگێکی فراوانە بۆ بیروڕا جیاوازەکان.

لە کوێ یان چۆن پەیوەندی نێوان ڕۆمان و سینەما دروست دەبیت؟ ڕاستە ڕۆمان ژانرێکی سەربەخۆیە و تازەیە لە نێو دنیای ئەدەبیدا، بەڵام هونەری سینەما تازەترە. دیارە هەردووکیان، ڕۆڵیان زۆریان لە گەیاندنی پەیامەکانی ژیانی میللەتان بینیوە. لە هەمان کاتدا، جیاوازی و لێکچوون لە نێوان ئەم دوو ژانرەدا دەبیندرێت. لێرەوە ئەگەر ئێمە دیسان پرسیارێک بکەین، ئەم دوو ژانرە (سینەما و ڕۆمان) کاریگەریی کامیان بەسەر کامیانەوە زیاترە؟ بەپێی سەرهەڵدانی ئەم دوو ژانرە، ڕۆمان پێش سینەما لەدایکبووە. کەواتە ڕۆمان پێش ئەوەی سینەما پەیدابێت، ڕۆماننووس لە ڕێگەی کارەکتەرەکانەوە، کامێرایەکی چاوی بەکارهێناوە بۆ بینینی شتەکان. ڕۆماننووس ئەم وێنەیەی لە مێشکیدا نەخشەڕێژی جیهانی تێکستەکە دەکات.

کامێرای سینەماش دێت بەڕێگەی کرداریی نەخشەڕێژی دەکات. واتا سینەما هات وەرگێڕانی ڕۆمانی بەرجەستەکرد. ئەم خەیاڵەی لە ڕۆماندا هەبوو، سینەما هات کردی بە دەنگ و ڕەنگ و جووڵە، کە سوودی لە ڕۆمان وەرگرت وەک سیناریۆ. هەروەها ڕاستە لە سینەمادا تێکست کەمە، بەڵام زۆرتر وێنە و جووڵە پەیام دەگەیەنێت، کە خۆی لە بچووکگەرایی (مینیماڵیزم)دا دەبینێتەوە. بەواتا بە کەمترین وشە، بەڵام بەزۆرترین مانا و پەیام. دیسان لە ڕۆماندا، زیاتر وێنە بە وشەکان دەردەبڕێت.

بەواتایەکی تر، لە ڕاستیدا ئەو وێنانەی لە خەیاڵی نووسەری ڕۆماندا دروست دەبێت، دوای ئەوە دەگوازرێتەوە بۆ سیناریۆیی فیلمی سینەمای. لەوێوە، دەرهێنەری سینەما ئەو وێنەیەی، کە لە خەیاڵی و مێشکی نووسەری ڕۆماندا هەیە، لەگەڵ وێنەکەی خۆی، دەگوازرێتەوە بۆ جووڵە و بەرجەستەبوون. ڕاستە لە سینەمادا، لە بەرچاوی ئێمەدا کارەکتەرەکان دێن و دەچن، بەڵام لە ڕۆماندا لە مێشکی ئێمەدا وێنەکەی دروستبووە، کە چۆن کارەکتەر دێت و دەچێت و جووڵە دەکات.

ئەگەر سەیر بکەین وەسف لە ڕۆماندا هەر خوێنەرە، بە پێی خەیاڵی خۆی نەخشە کێشی دەکات، بۆ ئەم وەسفی کارەکتەرە یاخود شوێنە یان هەرشتێکی دیکە. بۆ نموونە، ئەگەر ڕۆماننووس وەسفی کارەکتەری کچێک بکات، لە خەیاڵی هەر خوێنەرێک وێنەیەک دروست دەبێت جیاواز لە ئەوی دیکە، بەڵام لە سینەمادا ئەم وێنەی کارەکتەرە لەلای هەموومان وەکویەکە. واتا یەک وێنەی هەیە، بەڵام لە ڕۆماندا وێنەکان زۆرن بەپێی خوێنەرەکان دەگۆرن، چونکە هەر خوێنەرێک بەجۆرێک وێنە لە مێشکی خۆیدا دروستدەکات. ئەگەر سەیری کات لە ڕۆماندا بکەین، دەبینین زۆرجار ڕۆمانێک بە هەشت ڕۆژ کەم یان زیاتر دەخوێندرێتەوە، بەڵام کە کرا بە فلیمی سینەمایی، بە دوو کاتژمێر یان زیاتر تەواوی ڕووداوەکان نیشان دەدرێت. لەڕۆماندا دەکرێت چەند شێوازێکی گێڕانەوە بەکار بهێندرێت، بە مەبەستی چێژ وەرگرتن، بەڵام لە فلمی سینەمایدا، سوود لە موزیک وەردەگرن وەک چێژ.

لە ڕۆماندا بە چاوێکی خەیاڵی مامەڵە لەگەڵ شتەکان دەکەین، بەڵام لە سینەمادا بەچاوی ڕاستەقینە وێنەکان وەک خۆی دەبینین. کاری نووسینی ڕۆمان تاکە کەسییە، واتا کەسێک دەینووسێت، بەڵام لە سینەمادا کارکردن بە گرووپە، وەک (وێنەگر، سیناریۆ، دەرهێنەر، ئەکتەر، هتد). لە ڕۆماندا زمانێکی تاییەت هەیە، بەڵام لە سینەمادا زمانی جیهانییە، چونکە جووڵەی زۆر هەیە، ئیتر لە ڕێگەی ئەم جوڵانەوە تێدەگەین. واتا دەکرێت بڵێین، زمانی جەستە و جۆڵانەوە دەبیندریت، بەڵام ئەمە لە ڕۆماندا نییە.

بە پێی تێگەیشتنی ئێمە بواری ڕۆمان و سینەما هەروەک لە ڕووی تیۆریی و ڕەخنەوە هەژارن ئەمەش کارتێکردن لەسەر نووسینی تێکستی ڕۆمان و نووسینی سیناریۆی سینەما (چیرۆک، سیناریۆ، دایالۆگ) هەیە و گواستنەوەی تێکستی ڕۆمان، بۆ تێکستی سینەما. ئەمەش لە ئەنجامدا، کارتێکردن لەسەر کولتووری ڕۆمان و سینەما دەکات. ئەم کارتێکردنەی هەردوو ژانرە، بەدەر نییە لە لایەنی پۆزەتیڤ و نێگەتیڤ. ڕەنگە ڕۆمانەکە زۆر بەهێز بێت، بەڵام کاتێک دەگواسترێتەوە بۆ سیناریۆی سینەما لاواز دەبێت و بە پێچەوانەشەوە. کەواتە هەردوو هونەرەکان کاریگەرییان لەسەر یەک هەیە، نەک تەنها سینەما سوود لە ڕۆمان ببینێت یان بینیویە، بەڵکو ڕۆمانیش سوودی لە سینەما بینیوە وەک مۆنتاج، شێوازێکی گێڕانەوەیە لە ڕۆماندا.

ئەم بابەتەی دەینووسین لە ڕاستیدا تیۆرییە، چونکە بەداخەوە بەپێی ئاگایی ئێمە، هێشتا ڕۆمانی کوردی بەپێویست نەبوویتە سیناریۆیی فیلمی سینەمایی. ئەوەی کە هەیە، تاکوتەرایە. واتا نەبۆتە دیاردەیەکی گشتی. بەپێی ئەزموونی جیهانی، کە ڕۆمان گواسترایەوە بۆ سینەما، ڕێگەی خۆشکرد، کە ئەم جۆرە ڕۆمانانە خەڵاتی جۆراوجۆر وەرگرن. هەندێک لەو ڕۆمانانەی بوونەتە فیلمی سینەمایی، وەک ڕۆمانی “زۆربا” (١٩٤٦) نیکۆس کازانزاکی ، کە لە ١٩٦٤ دا کرا بە فلمی سینەمایی  لەلایەن دەرهێنەر میشێل کاکۆیانیس ئەکتەری بەناوبانگ ئەنتۆنی کوین. هەروەها، ڕۆمانی “ژانی گەل” ی ئیبراهیم ئەحمەد کە لە ١٩٥٦ نووسراوە. ئەم ڕۆمانە وەک فیلمێکی کوردی ساڵی ٢٠٠٧ لەلایەن جەمیل ڕۆستەم-ەوە دەرھێنرا و نزار سەلام-یش ڕۆڵی جوامێر دەگێڕێت، وەک کەسایەتی سەرەکی فیلمەکە.

لەکۆتایدا دەپرسین، چۆن سیناریست دەتوانێت وشە بکات بە وێنە و وێنەش بکات بە ڕیتم؟ کە ئەمە پرسیارێکی کراوەیە بۆ خوێنەر و سیناریست بەجێی دەهێڵین.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO