بەشی شەشەم
هەموو گەلێک لە دنیادا، بە مێژووی ئێستا و داهاتووی، بە ڕابردوویەوە دەناسرێت، لە هەمانکاتدا هەر گەلێک لە چەند کۆمەڵگەیەک پێک دێت، کە چەندین دابونەریتی جوان و کرێتی تێدا پەیڕەو دەکرێت. هەروەها، لە چەندین چین و توێژی جیاواز پێک هاتووە، کە کەسانی زانا و نەزان، فێڵباز و زۆرزان، چاک و خراپ، درۆزن و ڕاستگۆ، دڵسۆز و بەرخۆر، کاسب و مشەخۆر، ساویلکە و کەمزان، خۆفرۆش و نیشتیمانپەروەریان تێدا هەڵ دەکەوێت. هەموو ئەمانەش کاریگەرییان لەسەر دروستبوونی ئەو دەسەڵاتە دەبێت کە حوکم دەگێڕێت و ئەو سەرکردەیەی کە تێیانداهەڵ دەکەوێت، چونکە هەموو ئەو پێکهاتانەی کە گەلەکان پێک دەهێنن، کەرەستەى خاوی بەردەستی سەرکردە و دەسەڵاتدارانن، هەر ئەوانیشن دەتوانن، لەم کەرستانەدا سوود وەربگرن، چیان بوێت لێی دروست بکەن، جوانترین و بەهێزترین پێگەکانى حوکمڕانی بۆ بەرژەوەندی خۆیان و میللەتەکەیان پیشان بدەن، چونکە دەسەڵات وەک دیکۆری خانوو وایە، کە هەموو کەسەک دەیبینێت، بۆیە دەکرێت، ئەوەی جوان بێت، تێیدا دەربخرێت، پیشان بدرێت، ئەوەی کرێتە ون بکرێت تا چاک دەکرێت .
دەبێت کەی ئەو ڕۆژە دابێت ؟ سەرکردەیەک لەناو کوردان هەڵ بکەوێت، کە بتوانێت، سوود لە هەموو پێکهاتەکان وەربگرێت. وەک کەرستە هەر پێکهاتەیەک لە شوێنی گونجاوی خۆی بەکار بێنێت، پێمان بڵێت، کە ئێمەش گەلێکین، پێکهاتەى کۆمەڵەک خەڵکین، کە چەندین جۆرمان تێدایە. بۆیە نابێت هەموومان بەیەک چاو سەیر بکرێین، بەڵام بەداخەوە، چونکە هەر لەسەرەتاوە، خاك و نیشتیمانەكەمان، وەک گۆڕەپانی لێکراوە، هەرچی هاتووە، یاری خۆی تێداکردووە و ئێمەیان بە گامێش داناوە. بۆیە بەدوایکەوتوونە و لەبەری ڕایان کردووە کەچی لە کۆتاییدا گرتوویانە و سەریان بڕیوە، گۆشتەکەیان بەسەر خۆیاندا دابەشکردووە یان بە شانۆیان داناوە، کە خۆمان ڕۆڵمان تێدا گێڕاوە. لە کۆتاییدا کوژراوین، ماڵوێران و دەربەدەر کراوین، چونکە نە بەدەرهێنەر، نە بە بەرهەمهێنەر، نە بە سیناریست، نە بە نووسەر دانراوین، بەڵکوو وەک کۆمبارسەکی فەرامۆشکراو ڕۆڵمان گێڕاوە، وەک سووتەمەنی هەژمار کراوین، ئەمەش وایکرد، بەردەوام بێ پشتیوان بین، ڕەنجەڕۆی نرخ هەرزان بین، ياريزانەکى پێکاو و پەلشکاو بین، ساویلكە و سەر لێشێواو بین، پاڵەوانەکی دروستكراو بین، دەستوەشێنەکى ئازا بین، بەڵام هەردەم دۆڕاو و زوڵملێکراو بین. ئەگەرچی خاوەنی ماڵین، بەڵام داماوین، بەردەوام بێ ماڵوحاڵ کراوین .
بە ئاواتم ڕۆژەک دابێت، سەرکردەیەک دەربکەوێت، کە پێشڕەو بێت، چونکە ئەم سەرکردەیە بۆ ئێمەی کوردستانی لە ئێستادا فریادڕەسە، وەک دكتۆرە بۆ نەخۆش، وەک ڕزگاركەرە بۆ لێقەوماو، وەک پەروەردەكەرە بۆ سەرلێشێواو، وەک ژیركەرەوەیە بۆ پەشێو، وەک دڵدەرەوەیە بۆ گریاو، وەک ناسێنەرە بۆ خۆنەناس، ئەگەر بتوانێت هەموو کەرستەکان لە پێناو گەلەکەی بەکار بهێنێت.
بۆیە دەڵێم هەتا زووە، دەربکەوە، خۆت دەرخەوە، فریامان بکەوە، هۆ ئەو سەرکردەیەی کە دەمانەوێت ئینجا با ئەو سەرکردەیە دیکتاتۆرەکی سەردەم بێت، هەر خۆی بناسێت، با خۆسەپێن و خۆپەرست بێت، گرنگ ئەوەیە ڕێکمان بخات، بە ڕێڕەوەکماندا ببات، کە بە پێوانەی خۆمان بێت، قۆناغەک بێت، کە بەرژەوەندی خۆمانی لەسەر دروست بکەین، هەڵکەوتنی بۆ ئێمە، پێداویستی قۆناغەکە، سوودی بۆ ئێستا و پاشەڕۆژمان دەبێت، چونکە هەر ئەوە کە دەتوانێت، هەروەک چارمەی تەنەكەچیان، خواروخێچی و قەپو قۆپیمان لەنێودا نەهێڵێت. وەک دۆڵەدان، لە شێوەی دەنكەگەنمی پەرشوبڵاو كۆمان بکاتەوە ئینجا بمانهاڕێتەوە، وەک هەویر بمانشێلێتەوە، تا چۆنی بوێت، چی پێویست بێت سەر لە نوێ لێمانی دروست بکاتەوە.
ماویەتی



