بەشی سێیەم
بەباوەڕی ئێمە، خوێندنەوە و گێڕانەوەی مێژوو لەشێوەی سەردانی گۆڕستان دایە، چونکە هەر لاپەرەیەکی وەک گۆڕەکی مردوو وایە کە هەڵی دەدەیتەوە چەندین نهێنی تێدایە، کە ڕابوردوو بە داهاتوو دەبەستێتەوە و زۆر سەربوردەت بەبیر دەهێنێتەوە.
ئەو ڕۆژەى کە یەکەم ڕۆژى ڕاپەڕین بوو، ڕۆژەک بوو کەس بە کەس نەبوو، لە خۆشى ئەو ڕۆژەدا هەموو چین و توێژەکان تێکەڵى سەرگەرمی ببوو. لەم ڕۆژەدا هاشە و هاوار و ناڵە و دەنگى هاووڵاتى زوڵملێکراو و تەقەى تفەنگ و هەلهەلەى سەرکەوتن ئاوێتەی یەکتری ببوو، بەڵام دەڵێم بەداخەوە، چونکە هەر لەو ڕۆژەوەڕا بناغەی ئەمڕۆمان دانا، چەندین هەڵەى نەشیاوکرا کە نە دەبوایە بکرێن. لەو کاتەڕا، ڕێڕەو و زەمینەی نابەرپرسی دانرا، کە نەدەبوایە وا بێتن. لەدەستپێکدا هەموو شتەک تێک دەدرا، بە تاڵانبردنی موڵکى حوکمەت بە تۆڵەسەندنەوە دەزانرا، کەسێ نەبوو پێمان بڵێ، تێمان بگەیەنێ، ئەمە نابێ، چونکە زەرەر بە دوژمنمان ناگا. هەر لەم سەرو لەم بەندەشدا، وێنەى جاش و خۆفرۆشان لەتەک وێنەى شەهیدانى پێشمەرگەدا لەسەردیوار و شەقامەکانى شار هەڵدەواسرا. کەس گوێى بەو جیاوازییەش نەدا، کەسێ نەبوو پێمان بڵێ، ئەمە نابێ، چونکە یەکەکیان بۆ لەناوبردنى نەتەوەکەى بەکاردەهێنرا، ئەوى تریان بۆ ئازادى خوێنى دەڕژاو تێ دەکۆشا. لەهەمانکات و سەردەمدا، چەک بە دەست و لایەنگران، چەقۆیان لەیەکتر دەسوى و چەپڵەیان بۆ ناهەق لێ دەدا، کوشتن و سڕینەوەی یەکتریان بە هێزى دەسەڵات ناودەنا. ئینجا، بێ پەشیمانى و بێ سزا، بێ لێپێچینەوەى دادگا، لە خۆفرۆشانیش بوردرا، ئەمەش بە نیازپاکى دەزانرا. بۆ ئەمەش هەر کەس نەبوو بڵێ، لێبوردنى بێ بەرامبەر، وەک چاکەی سەربەخۆ وایە، دواتر، سەری ساحێبی دەخوا، چونکە بیرى خۆفرۆشى زیاد دەکا. لەپاشاندا، خەڵکى عەوام وا گۆشکرا، بەرژەوەندى و بازرگانى لە شوێنى دڵسۆزى و نیشتیمانپەروەری پەیڕەو بکا، هەر ئەمەش بوو لەدواتردا کە گەندەڵی بەرهەمهێنا.
ئیدی برەو بەکارى لاوەکى درا، بایەخ بە زمان و زانست نەدرا، پەروەردە بێ سەروبەرکرا، هەق بە ناهەق دەفرۆشرا، چەندین زانکۆی ناپێویست بنیاتنرا، لەشکرەک لە شەهادەدارى بێ ئاست بۆ بەدەستهێنانی مووچە بەرهەمهێنرا. لەمەشدا کەس نەبوو خۆى بەخەمخۆر و بەرپرس بزانێ و پێمان بڵێ، پێویست بەم کارانە ناکا، چونکە گەلی پێ بەلاڕێدا دەڕوا؛ کێشە بنەڕەتییەکەی خۆی لەبیردەکا کە مەسەلەی نەتەوەیەکە.
هەر لەسەرەتاوە تا ئێستا، هەردەم پاساو بۆ ئەم هەڵانە وا دەهێنرا، کە ئەمە دەرئەنجامى سەرگەرمى و ئازادی بوو، نەبوونى ئەزموون و نە شارەزایی بوو، بەڵام لەڕاستیدا وا نەبوو، چونکە بە مەبەست و بە تەگبیر بوو، بۆ ئەوە بوو، تا خەڵک بەلاڕێدا بڕوا. بە ئەنقەست کارەکان ئەنجام دەدرا، بە بەرنامە ئەوەى نەتەوەیى و نیشتیمانیی بوو تێک دەدرا. گەلێکی بێئینتیما دروستکرا؛ خەڵکى مشەخۆر پێش دەخرا؛ ئازادى و دیموکراتی ئەتک دەکرا؛ ئابڕووى هەڵبژاردن بردرا؛ ڕاستییەکان بەدرۆ دەگۆڕدرا؛ ئەوەى ڕاست بوو شێلوو دەکرا؛ کەسى نەشیاو لەشوێنى شیاو دادەنرا؛ لێپێچینەوە لە نادڵسۆزان نە دەکرا؛ بژێوى ژیان و هەڵوێست وەرگرتن بەپارە ئاڵوگۆڕکرا. بەپێى پێویست پاڵپشتى بزاوە خۆماڵییەکانى هونەرى و ئەدەبى و وەرزشى و کشتوکاڵى و پیشەسازى نەدەکرا.
لەگەڵ ئەوەى چەندین باڵەخانەى چەند نهۆمى دروستکرا، بەڵام باڵەخانەیەک بۆ پەرلەمانە بێنازەکەمان دروست نەکرا، کە بە ڕەمزى سەربەستیمان دادەنا، تا لە دواڕۆژدا وەک شکۆ لێی بڕوانرێت، بەڵکوو هەر ئەو باڵەخانەیە جوان دەکرا، کە بۆن و تۆزى خۆفرۆشى لێ هەڵدەستا. سەرەڕای هەموو ئەمانەش، سیخوڕى داگیرکەران، نیشتیمانپەروەرانیان ڕاودەنا. لەئەنجامدا، وامان لێهات، مافى خۆمان لەبیربکەین، داگیرکەران ڕازى بکەین، دان بە مافى خەڵک بنێین، بۆ مافى خۆمان بگرێین.
ئاشکرایە کە ڕووداوەکانى ڕابردوو گرێدراوى داهاتووە، بۆیە ئەو هەڵانەى کە لە دواى ڕاپەڕین کراوە، کاریگەریى لەسەر ئەمڕۆماندا دروستکردووە. ئەم ڕاستییەش لەئێستادا بۆ هەموو لایەک بە ڕوونی دەرکەوتووە، کە نە شۆڕشمان کردووە، نە واتای شۆڕشمان زانیوە، چونکە بەرهەمی شۆڕش وا نییە، نە مافخوراو مافی خۆی وەرگرتووە، نە دادپەروەری بەدەست هاتووە، ژینگەیەکی ناتەندروست دروستبووە. بیروباوەڕ و نیشتیمانپەروەری پشتگوێ خراوە، بەرژەوەندی تایبەت لەجێگەی دانراوە، دامەزراوەیەکمان نەماوە، کە ڕەنگەکان لەخۆ بگرێت. هەموو کوردێک خۆی تێدا ببینێت، کە خزمەتی تێدا بکرێت. ئەمەش وایکرد لە هەموو بوارەکاندا پاشەکشە بکەین، ئەوەی هەشبوو بەرەو دواوەی ببەین. بۆیە هەقە لە ئێستادا، هەریەک لە ئێمە بپرسێت، کوا بزاڤی هونەریمان کە خۆمانی تێدا ببینینەوە؟ کوا بزاڤی وەرزشیمان تاوەکوو کۆمان بکاتەوە؟ کوا کاریگەریی ئەدیبان و نووسەرانمان تا ڕێگامان بۆ ڕووناک بکەنەوە؟ کوا ڕووناکبیر و خوێندەوارانمان کە لە زمان و لە کلتووری خۆیان بپێچنەوە؟ کوا بیرمەند و هۆشمەندانمان ؟تا هۆشیارمان بکەنەوە؟ کوا دەستەبژێرانمان تا ڕۆڵی پێشەنگی ببیننەوە؟ کوا سیاسەتمەدارەکانمان تا مێشکمان بشۆنەوە لە کاریگەری ناحەزان دوورمان بخەنەوە؟