هەر کەسێک بە سەرپێیەکەوە چاوێک بە لاپەڕەکانی مێژووی کوردستان دا بخشێنێت، بەتایبەتی مێژووی میرنشینە کوردییەکان، زۆر بە ڕوونی ئەو ڕاستییەی بۆ دەر دەکەوێت کە میرنشینایەتی لە کوردستان تا ڕادەیەکی زۆر دەسەڵاتێکی ئۆتۆنۆمی سەربەخۆییان بۆ فەراهەم بووبوو. هەرچەندە سەرتاپا پانتایی کوردستان کەوتبووە ژێر قەڵەمڕەوی هەردوو ئیمپراتۆری سەفەوی و عوسمانی بەڵام تا ئاستێکی باش سەربەخۆیی کوردستانیان لە بەڕێوەبردنی ڕاستەوخۆی تورک و فارسەکان پاراستبوو. من لێرەدا باس لە سەرهەڵدان و مێژووی میرنشینەکان ناکەم. بەڵام بۆ چاو ڕوونی ئاماژە بە ناوی دوا قۆناغەکانی میرنشینەکان دەدەم کە بوونە قوربانی پیلانگێڕی و لەشکرکێشی بۆ لە ناودانی یەکجارەکی دوا میرنشیەتی ژێرقەڵەمڕەوی هەر دوو ئیمپراتۆرییەکە کە میرنشینی ئەردەڵان و بابان و سۆران و بۆتان و داسەنی دەگرتەوە. کورد لە سایەی ئەو ئۆتۆنۆمییەوە توانی سەروەت و سامان و کلتوور و زمانی خۆی بپارێزێت. هەڵبەت ئەم نیمچە سەربەخۆییەش باجی خۆی هەبوو کە دەبوایە میرەکان ساڵانە پێداویستییەکانی سوپا لە ئەسپ و چەک بۆ هەر دوو دەسەڵات فەراهەم بکەن، جگە لەوەش باج و سەرانە بۆ دەرباری سوڵتان بنێرن. لە ڕووی سیاسیشەوە لە ژێر فەرمانی قەڵەمڕەوی ئەو دوو دەسەڵاتدا درێژەیان بەدەسەڵاتی خۆیان دەدا. بۆیە سوپا و هێزی میرنشینەکانی کوردستان لە خزمەتی عوسمانی و سەفەوی-یەکاندا بوو.
لە دوا قۆناغەکانی تەمەنی دەسەڵاتداری عوسمانییەکان گەندەڵی و ئاژاوەگێڕی و پیلانگێڕی ناو کۆشکی خەلافەت و کودەتا و دەستتێوەردانی دەرەکی وەک بەریتانی و ڕووسەکان لە کاروباری ویلایەتە دوورە دەستەکانی ئەستەمبول تا دەهات پەرەی دەسەند. ئەو مەترسییانە زەنگی هەڕەشەیەکی مەترسیداری لە چارەنووسی خیلافەتەکەدا دەدا. بۆیە فەرمان و چاودێری ئەمن و ئاسایشی ئیمپراتۆرییەتەکەیان گەڕاندەوە بۆ ئەستەمبول. بەوەش بڕیاری لە ناوبردنی یەکجارەکی میرنشینە کوردییەکانی لێ کەوتەوە.
بۆ ئەم هەڵمەت و لەشکرکێشییە ئەوە بەس بوو ئاشووبە و ئاگری شەڕ بخنە ناو میرنشینەکانەوە و یەک لە دوای یەک لە پەلوپۆ بکەون و دواجاریش بە جەندرمە دەستی بەسەریاندا دەگرت. ئەوەبوو لە ١٨٤٢ لە میرنشینی بابان و سۆران و بۆتان-ەوە دەستی پێ کرد تا لە ١٨٦٤ کۆتایی بە گەورەترین و سەرسەختترین میرنشینی داسەنییەکان هێنا. بەوەش خەڵکی کوردستان بەسەرلێشێواوی و بێ ڕابەر و مەرجەع هێشتەوە. دێهات و شارەدێ و شارە گەورەکان کەوتنە ژێر ڕەحمەتی جەندرمە و سوپای تورکەوە، هەر وەک لە نامەیەکی سالم بۆ نالی دەینێرێت و باس لە حاڵ و گوزەرانی خەڵکی سلێمانی دەکات بە دەست تورکەکانەوە کە بە ڕۆمی ناویان دەبات.
جوز گاھی ئاھ و گرییە لە ئەییامی ڕۆمییا
نەمدیوە وا ببێ لە فەرەحدا لەبی بەشەر
سەیوان پڕە لە شەخسی ستەمدیدە خوار و ژوور
ھەر قەبری پڕ غەمانە لە ھەر لا دەکەم نەزەر
جێی تورکەکانی ڕۆمە دەر و ژووری خانەقا
غافڵ هەموو لە جایی موریدانی باخەبەر.
کورد گوتەنی لە جێی شێران ڕێوی دەکەن گێران. ئەو دۆخەی تورکەکان بەسەر خەڵکی کوردستان دا هێنایان هەلێکی باشی بۆ ئاغاکان ڕەخساند. هەروەک تۆڵەی کەسێکی خەسێنراو لە خەسێنەری بکاتەوە وابوو. دەستیان کرایەوە بۆ پاشەقول و تەفرەدان و زوڵم و زۆر و پاوەنخوازی و چەوسانەوەی جوتیارانیش لەوێ بوەستێت. زەمینەش لەباربوو بۆ سەرهەڵدانی بزووتنەوەی تەسوف, وەک قادری و نەقشبەندی و ئەهلی حەق، لەو سەروبەندەدا کوردستان بووە گۆڕەپانێک بۆ تەراتێنی دەروێشی زەرگ لە مست و کەشکۆڵ لە مل، وەک ئەوەی هیچ ڕووی نەدابێت و وڵاتیش بووبێتە شامی شەریف، هتد. ئاغا و شێخەکان لە پێشبڕکێدا بوون کامیان پتر ڕەزامەندی تورکەکان بەدەست دێنن و ناکۆکی و دووبەرەکانی کەوتبووە ناو ئێل و عەشیرەکانی کوردستان-ەوە و لەبەر چاوچڵێسی و خۆبەزلزانین، بەرژەوەندییەکانی وڵاتیان خستە ژێر ڕەحمەتی پاوەخوازییەکانی خۆیانەوە، نەک هەستی نەتەوایەتیان لا بوو بە پەشم ، بگرە بووبوونە داردەستی دوژمنان بۆ سەرکوتکردنی سەرهەڵدانی هەر بزووتنەوەیەکی ئازادیخواز لە کوردستان. نەک ماکی ئەو دووبەرەکایەتییە هێشتا لە نێو خێڵ و هۆزەکانی کورددا ماوە، بگرە پەڕیوەتە ناو حیزب و سیاسەتمەدارانی ئەمڕۆی کوردستانیش. بەوەشەوە نەوەستا ئەو ناکۆکی و سەنگەر لە یەک گرتنە کەوتە ناو کۆڵان و گەڕەکی شارەکان، بە جۆرێک هەر کۆڵان و گەڕەكێک بووبووە پاوانی شەقاوە و چەوقۆکێشەکان. ئەم دیاردەیەش بووە مایەی دابڕان و لێکترازانی یەکێتیی نیشتیمانیی لە سەرتاسەری کوردستان . نەک تەنیا عوسمانییەکانی لە نەگەیشتن و نا تەبایی ناو ماڵی کورد دڵنیا بوونەوە بەڵکوو ڕەگی نەریتی بێگانەپەرستی و خودنەفرەتی لە ناو ماڵی کورد دا چاند و نەریتی “دەست بە کڵاوەکەتەوە بگرە با نەیبات” بوو بە کردە و ڕێسایەک بۆ دوورەپەرێزی تاکی کورد.
گەشتەکەی مستەر ڕیچ بێ مەڵامەت نەبوو!
کلۆدیوس جەیمز ڕیچ ، وەک نووسەر و زانای بواری شوێنەوارناسی و گەشتیاری بەریتانی ، بۆ کاروباری بەریتانیا نیشتەجێی بەغدا بوو، لە ١٨٢٠ گەشتێکی بۆ کوردستان ئەنجامدا. مستەر ڕیچ بە ڕواڵەت گەشتیار بوو و بە ڕازیش هەواڵگر و چاودێرێکی بەریتانی بوو. بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لە سەر خاک و خەڵکی کوردستان گەشتێکی دوور و درێژی بە ناو میرنشینەکانی کوردستان دا ئەنجام دا. لەو گەشتەدا سەرنجەکانی خۆی لە بارەی کارگێڕیی و نهێنییەکانی دەرباری میر و پێکهاتەی سوپا و ژمارەی شار و گوندەکان و داهات و باری گوزەرانی خەڵکەکەی لە یاداشت نامەکەیدا تۆماری کردووە. تەنانەت پەیوەندی نێوان گوندنشینەکان و دەسەڵات و دارایی و داهاتی وڵاتەکەی بە وردی تۆمار کردووە. ئەم جۆرە وردەکارییانەی لە ڕێی ئەم هەواڵگرانەوە دەخرانە خزمەت دەوڵەتی بەریتانیاو، لە ساتەوەختی لەشکرکێشی بۆ سەر عێراق و کوردستان وەک جی پی ئێس (GPS) وگووگل (Google) ی ئەمڕۆ بۆ ڕێنیشاندان و نەخشەی سەربازی و پێگە و ڕۆڵی کەسایەتییەکان بەکاریان دەهێنا.
ئەگەر کێشەکانی ناوخۆ و دەرکی دەوڵەتی عوسمانی وەک پێشتر باسمان لێوە کردن، وەک گەندەڵی ناو دامودەزگاکانی دەوڵەت و کوودەتاکانی سەر کۆشک و شۆڕشی گەلانی ستەم دیدەی ویلایەتە دوورەدەستەکان و دەستێوەردانی دەوڵەتەکانی ئەوروپا و ڕووسیا لە کاروباری سیاسی و دنەدانی میللەتانی ژێردەستە بۆ سەربەخۆی زەنگێکی مەترسیدار بوو کە تورکەکانی بێدار کردەوە لە ئەگەری ئەو پێشهاتانە کوردستان بگرێتەوە و دەوڵەتی سەربەخۆیی خۆیان ڕابگەیەنن. بەوەش کوردستان دەبێتە لەمپەرێک لە نێوان ئەستەمبوڵ و ویلایەتەکانی دیکەی عەرەبستان. نەمانی سیستەمێکی میرنشینی لە کوردستان و زیندووبوونەوەی دەرەبەگایەتی لە سەرتاپای گوند و شارەدێکانی کوردستان. ئەوەی شایەنی باسە لێرەدا ئەوەیە کە دەرەبەگایەتی و عەشیرەتگەری بە سروشت لەناو یەکدا ناکۆک و نەکڵۆکن، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەد ساڵ بەر لە ئێستا ئیدمۆند چێڕچڵ لە یادەوەرییەکەیدا لە بارەی کوردەوە نووسیویەتی و دەڵێت کوردەکان وڵاتی خۆیان هەیە و نەتەوەیەکی جیاوازن و یەکێکن لەو نەتەوانەی ڕۆڵیان لە دروستکردنی شارەستانیدا هەبووە، بەڵام نەیان توانیوە دەوڵەتی خۆیان بونیات بنەن. بەڵام سەیر لەوەدایە خۆی لە هۆکاری نەگەیشتنی کورد بە سەربەخۆیی گێل دەکات. هەروەها میسز بێل لە یەکێک لە نامەکانیدا لە بارەی کوردەوە نووسیویەتی و دەڵێت کورد گەلێکی بەهێز و ئازادیخوازە و ئارەزوویەکی سەرکەشانەیان بۆ سەربەخۆیی هەیە بەڵام لەناو یەکدا یەکگرتوو نین و لە بەرامبەر دەرەکیش لاوازن. دیسانەوە میسز بێڵ باس لە سروشتی ناکۆکی نێوان دەرەبەگەکان ناکات، کە هەرگیز دانوولەیان پێکەوە ناکوڵێت و کێ لە پشت ئەو ناتەبایی و ناکۆکییانەوەیە. ئەرێ هەر ئینگلیز نەبوو عادیلە خاتوونی لە دژ شێخ مەحموود هان دەدا. ئەگەر خوێندنەوەیەک بۆ داگیرکردنی ویلایەتی بەسرا و بەغدا بکەین لەلایەن بەریتانیاوە و بە ئینتیداب خۆی بەسەریاندا سەپاند و دەوڵەتی عێراقی لێ دروست کردن، بەڵام نەک کوردستانی بە ئینتیداب پێ قبووڵ نەبوو بەڵکو دابەشیشی کرد بەسەر تورکیا و عێراق و سووریا دا. هەڵبەت بە لۆجیکی ئەمڕۆ نیازی ئینگلیز و فەرەنسییەکانمان بۆ ئاشکرا دەکات کە باکووری کوردستانیان بە تورکیاوە لکاند، تەنیا بۆ ڕازیکردنی تورکەکان و باشووریشیان بۆ لایەنگری لە سوننەکان گلدایەوە.
لە ١٧٥٧ بەدواوە کاتێک بەریتانیا لەوە دڵنیا بوو کە دەستی بەسەر هیندستان دا گرتووە و لە ١٨٥٨ بەڕەسمی هیندی بە کۆلۆنی خۆی ناسی. ئەوەش وای لە بەریتانیا کرد کە بە دوای وڵاتی نوێ بگەڕێت بۆ ئەوەی کۆلۆنییەکانی خۆ پێ فراوان بکات. بەو پێیە، بەریتانیا جاسووس و هەواڵگری بۆ عێراق و کوردستان نارد، هەڵبەت ئەو دەمە نەخشەسازی بۆ داگیرکردنی دەڤەرەکە دەکرد. بۆ ئەوەی بەرەنگاری لەشکرێکی بە دسپلین و ئاراستەکراو نەبنەوە و ڕووبەڕووی یەکێتیی و یەکڕیزی خەڵکێک نەبنەوە کە دواجار ڕیسەکەیان لێبکاتەوە بە خوری. لە بەرژەوەندی ئەواندا بوو تورکەکان میرنشینە کوردییەکان لە ناو بدەن و وڵاتەکە بدەنە دەست قەدەر و ئاغا کورت بین و کاڵفام و بەرژەوەندخوازەکانەوە. ئەگەر کەڵکەڵەی ئازادی ختووکەی هەر ئاغەیەکی بدایە ئەوسا دەستوبرد ئاغاکان لە هەموو لایەکەوە خێرا یەکیان دەگرت و بەیاوەری لەشکر و هێزی دەوڵەت لە گۆڕیان دەنا ، لەم بارەیەوە نموونەمان گەلێک زۆرە و هێشتان بەردەوامە. بۆ ئەوەی بەریتانیا بە ئینتیداب لە ناوچەکە بمینێتەوە و پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی خۆی بکات، دەبوایە کوردستانی لە نێوان ئەم چوار دەوڵەتەدا دابەش بکردایە، لە ڕوویەکەوە هەرچوار دەوڵەتەکەی بە کێشە و ئارێشەی کوردەوە سەرقاڵ دەبێت و لە ڕوویەکی دیکەشەوە لەوە دڵنیا دەبووەوە کە ئەم چوار دەوڵەتە ناتوانن بە گەلەکۆمەکی کۆتایی بە کۆلۆنی بەریتانی و فەرەنسییەکان بهێنن. لە لایەکی دیکەشەوە هەر چوار دەوڵەتەکەی بە سەرکوتکردن و کپکردنەوی بزووتنەوەکانی کوردەوە سەرقاڵ دەکرد، و ناپەرژێنە سەر پەرەپێدان و پێشخستنی وڵاتەکانیان. لەم ڕوانگەیەوە بەریتانیا هیچ کاتێک نیازی نەبووە کوردستان وەک عێراق بکاتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ، هەر ئەوانیش لە پشت پیلان و لەشکرکێشی تورکەکانەوە بوون بۆ لەناودانی میرنشینەکانی کوردستان.
بەو ئەزموونەی لە بارەی مێژووی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستانەوە هەمانە، دەتوانین بڵێین نە سەرکردەکانی شۆڕشەکانی کوردستان توانیویانە خۆیان لە کۆت و بەندی خێڵیەتی دابماڵێنن و نە دەرەبەگەکان ڕێگایان بۆ ئەو بزووتنەوانە چۆڵ کردووە. هەر بۆیە حکومەتە یەک لە دوای یەکەکان ئاغاکانیان وەک داردەست بۆ سەرکوت کردنی شۆڕشەکان بەکار هێناوە. تەنانەت زۆربەی سەرکردەکانی شۆڕشە یەک لەدوی یەکەکانی کوردستان نەیانتوانیوە خۆیان لە عەقڵییەتی عەشیرەتگەری و خێڵایەتی و شارچییەتی دابماڵێنن. هەر وەک دەبینین شۆڕشەکانی کوردستان یان کەوتونەتە جەنگی ئاغاکانەوە و یانیش بە عەقڵییەتی ئاغایەتی کوردستانیان دابەش کردووە، هەڵبەت هەریەک لەو سەرکردە خێڵەکییانە، پەنای بۆ کۆمەڵێک لە خێڵ و هۆزەکانی کوردستان بردووە چ وەک ئەوەی لە ناو دەفری خێڵایەتی یەک دەگرنەوە و چ وەک ئەوەی عەقڵیەتی خێڵەکی بەسەر شۆڕشەکاندا زاڵە. بەشێکی زۆر لەو حیزب و ڕێکخراوانە بوونەتە پارسەنگ بۆ درێژەپێدان بەم دۆخە مەترسیدارەی سەر کوردستان، ئەوەش بەدەر نییە لە گەمە و بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتانی ئیقلیمی و دەرەکی.