ڕۆژی 15ی ئابی 2024، عێراق و تورکیا بە ئامادەبوونی وەزیرانی دەرەوە و بەرگری و گەورە بەرپرسانی ھەواڵگری یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی سەربازی و ئەمنیان واژۆکرد. دەقی ئەم یاداشتە کە تەنیا لە لایەنی میدیای عێراقییەوە بڵاوکراوەتەوە 10 ماددە لەخۆدەگەرێت و ھەفتەیەک دوای بڵاوکردنەوەی ناوندێکی ڕاگەیاندنی سەر بە کۆشکی کۆماری تورکیا ڕەتیکردەوە کە ئەوەی بڵاوکراوەتەوە دەقی ئەو یاداشتە بێت کە بەرپرسانی وڵاتەکەی واژۆیان لەسەر کردووە. ھەروەھا ئەوان وەک تورکیا ئەو زانیارییانە ڕەتدەکەنەوە کە باس لە پاشەکشەی ھێزەکانی تورکیا دەکەن لە ناو خاکی عێراق و ھەرێمی کوردستان.
لە بەدواداچوون و لێکۆڵینەویەکی ڕۆژنامەوانی بۆ ناوەڕۆکی یاداشتەکە و لێکەوتەکانی و براوە و دۆڕاوی نێو ئەم ڕێکەوتنامەیە و تەنانەت لایەنە شاراوەکانی کردووە، لێرە دەیخەینە بەردەست.
ئاشکرایە کە واژۆکردنی ئەم یاداشتە سەربازی و ئەمنییە بەرھەمی ھەوڵێکی چڕی دبلۆماسی بەرپرسانی تورکیا بووە، کە ئەندازیارەکەی بریتیی بووە لە ھاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و کۆنەبەرپرسی دەزگای میتی ئەو وڵاتە، کە دواتر بە سەردانی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان لە 22ی نیسانی 2024 ڕێکەوتنەکان گەیشتنە دوا قۆناغ .
شایانی باسە، ئەردۆگان لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا و ھەولێر چەندین ڕێکەوتنامە و یاداشتی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق واژۆکرد، بەڵام لە نێو ئەو یاداشتانەی کە ئەوسا بەدڵی تورکیا نەبوو ئەو یاداشتە بوو کە ھێڵدرایەوە بۆ گەڕێکی دیکەی دانووستان. بۆ ئەم مەبەستەش تورکیا لە 15ی ئاب میوانداری شاندی عێراقی کرد تا ھەردوولا (تورکیا و عێراق) بە بەشداری نوێنەری حکومەتی ھەرێم کە ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان بوو، واژۆی کۆتایی لەسەر یاداشتە ئەمنی و سەربازیەکە بکەن.
تورکیا لەم ڕێکەوتنامەیە چی دەستدەکەوێت؟
سەرەڕای ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لەناو خاکی ھەرێمی کوردستان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو، بەڵام هەموو ئەم ئۆپڕاسیۆنانە لە ڕابردوو نەیانتوانی پێش بە هێرشەکانی پە!کە+کە بگرن، دوایین زەبری پە!کە+کە دژ بە ھێزەکانی تورکیا لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ دا بوو، کاتێک گەر-یلا-کانی پە!کە+کە دوو هێرشی جیاواز و یەک لە دوای یەک لە ماوەی یەک هەفتەدا بۆ سەر دوو تاوەری چاودێری سوپای تورکیا ئەنجامدا وە لە ئەنجامدا کوشتنی 12 سەربازی تورکیای لێکەوتەوە . ئەوسا تورکیا درکی بەوە کرد کە ڕێوشوێنە ئەمنییە تاکلایەنەکانی ناتوانن لە ئامانجی ڕێگریکردن لە ئۆپەراسیۆنەکانی پە+کە؟کە و لاوازکردنی ئەو ھێزە سەرکەوتووبێت. بۆیە حکومەتی تورکیا بە ئەنجامدانی کۆبوونەوەی دیپلۆماسی ئاست بەرز لەگەڵ حکومەتەکانی بەغدا و هەولێر لە مانگی ئازاری ٢٠٢٤ دا جووڵەی کرد.
ئەم دیدارە دیپلۆماسیانە بریتی بوون لە سەردانی وەزیری دەرەوە هاکان فیدان و یاشار گولەر وەزیری بەرگری و ئیبراهیم کالین سەرۆکی هەواڵگری بۆ بەغدا. ئەم سەردانانەش بووە هۆی واژۆکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە نێوان هەردوو وڵات لە ١٤ی ئازاردا، کە مەرجی دامەزراندنی چوارچێوەی سیاسی نوێ بۆ هاوکاری نێوانیان لە چەند بوارێکدا، لەوانەش بواری ئەمنی و بوارەکانی سەربازی، بازرگانی، ئاو، کشتوکاڵ و وزە، دەخاتەڕوو. دەستکەوتێکی دیکەی تورکیا لەو دیدارانەی لەگەڵ ھاوتا عێراقییەکانی بریتیی بوو لەوەی بەغدا پارتی کرێ=کا-رانی کوردستانی وەک “ڕێکخراوی قەدەغەکراو” ناساند.
نزیکبوونەوەی نوێی تورکیا بۆ عێراق لە یەکەم سەرنجی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، سەبارەت بە واژۆکردنی ئەم یاداشتە لێکتێگەیشتنە دیارە. لە قسەکانی بۆ یەکێک لە کەناڵەکانی تورکیا لە ١٨ی ئازاردا گوتی: “ئێمە تەنها گفتوگۆ ناکەین بۆ توندوتۆڵکردنی پەیوەندییە ئەمنی و سەربازییەکان، بەڵکو لەگەڵ عێراق باس لە ئەگەری بنیاتنانی داهاتوویەکی هاوبەش دەکەین، دوولایەنە، کاردەکەین کە تاوەکوو کێشە ئەمنییەکانی نێوان هەردوو وڵات کۆتاییان دێت.”
ڕاپۆرتێک کە لەلایەن سەنتەری سیتا بۆ لێکۆڵینەوەی سیاسیی بڵاوکراوەتەوە، کە نزیکە لە حکومەتی تورکیا، ئامانجەکانی تورکیا بۆ ئەم هاوکارییە لەگەڵ بەغدا ڕووندەکاتەوە و دەنووسێت:
یەکەم، دانانی ناوچەیەکی ئارام لە نێوان عێراق و تورکیا بە قووڵای 40 کیلۆمەتر لەنێو خاکی عێراق و هەماهەنگی سەربازی بە مەبەستی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە نێوان هێزەکانی هەردوو وڵات دژی پا-رتی کرێ-کارا*نی کوردستان.
دووەم، پێشخستنی دروستکردنی هێڵی گواستنەوەی نەوت و گاز و وزە لە نێوان هەردوو وڵات و دابینکردنی پاراستن بۆیان، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ زیادکردنی قەبارەی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات.
سێیەم، تورکیا لە ئەگەری کشانەوەی ئەمەریکا لێی، ڕۆڵی زیاتری هەبێت لە هاوسەنگکردنی نفوزی ئێران لە عێراق دا.
پاڵنەرەکانی عێراق
ئاشکرایە لە 2003 ـەوە حکومەتەکانی بەغدا خۆیان لە وەڵامدانەوەی داواکارییە دووبارەکانی تورکیا بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی ئەمنی لە نێوانیاندا، یان دانانی پا-رتی کرێ-کارا*نی کوردستان لە لیستە تیرۆریستییەکان بەدوور گرتووە و حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق-یش چەندین جار دەستێوەردانە سەربازییەکانی تورکیا-یان لە باکووری ئەو وڵاتە شەرمەزار کردووە. چەند هۆکارێکی گرنگ هەن کە لە ڕابردوودا نەیانهێشت بەغدا پە!کە+کە وەک گرووپێکی تیرۆریستی پۆلێن بکات، گرنگترینیان بریتین لە:
یەکەم، پۆلێنکردنی پە!کە+کە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ڕەنگە دەرگای داواکاری لایەنە سوننەکانی عێراق بکاتەوە، بەتایبەتی پۆلێنکردنی هەندێک لە میلیشیا شیعەکانی عێراقی وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی بە هەمان شێوە، ئەمەش شتێکە کە لایەنە شیعەکانی عێراق نایانەوێت.
دووەم، ژمارەیەک لە پارتە شیعە عێراقییەکان تورکیا بە هەڕەشە بۆ سەر خۆیان و عێراق دەزانن بەهۆی هێرشە سەربازییەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق و پاڵپشتی تورکیا بۆ لایەنە سوننەکان و هەروەها بەهۆی ناکۆکییەکان لەگەڵ ئەنقەرە لەسەر پرسی ئاو.
بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی کات و زیادبوونی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لەناو خاکی ھەرێمی کوردستان، بەغدا لەم دواییانەدا ڕووبەڕووی قەیرانی گەورەی ئاو بووەوە. هەروەها زیادبوونی داخوازییەکانی عێراق بۆ ڕۆیشتنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، بەغدا دەستی کرد بە پێداچوونەوە بە هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە هاریکاری ئەمنی لەگەڵ ئەنقەرە، بە هۆکاری ناوخۆیی و دەرەکی کە گرنگترینیان بریتین لەمانە:
یەکەم، تورکیا ئەمجارە پێشنیاری واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ بەغدا بەستەوە بە هاریکاری لە چەند بوارێکدا کە گرنگترینیان ئاوە، ئەویش بە باشترکردنی هاتنی ئاو لە ڕووبارەکانی دیجلە و فورات لەبەر ڕۆشنایی ئازارەکانی عێراق بە دەست کەمی ئاو و وشکەساڵییەوە. هەروەها بەستییەوە بە بواری بازرگانی و بە دروستکردنی “رێگای گەشەپێدان”، کە ڕێگایەکی وشکانییە شاری بەسرە لەسەر کەنداوی عەرەبی دەبەستێتەوە بە بەندەرەکانی تورکیا لەسەر دەریای ناوەڕاست بۆ گواستنەوەی کاڵا لە نێوان ئاسیا و دەوڵەتانی کەنداو و ئەوروپا .
دووەم، باسکردنی بەغدا لەسەر پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، بڕیاربەدەستانی عێراقی پاڵدەنێت بۆ ئەوەی هەوڵی هاوسەنگکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و تورکیا بدات، بۆ ئەوەی ھەژموونی ئێران لەوە زیاتر زیاد نەکات، ئەگەر هێزەکانی ئەمریکا بکشێنەوە.
سێیەم، لەم دواییانەدا ڕەوتێک سەریھەڵداوە لەلایەن حکومەتی بەغدا-وە بۆ سنووردارکردنی ڕۆڵی سیاسی هەرێمی کوردستان، بە پاڵپشتی تاران، کە هەولێر تۆمەتبار دەکات بە هاوکاری هەواڵگری و ئەمنی لەگەڵ ئیسرائیل، هەروەها لە ڕێگەی بڕیارەکانی دادگای باڵای دەستورییەوە، کە هەموارکردنی سیستمی هەڵبژاردنەکانی هەرێم خستەڕوو و هەروەها ڕێگری لە هەناردەکردنی نەوتی بەبێ مۆڵەتی بەغدا کرد، بەستیەوە بە حکومەتی ناوەندی و پڕۆسەی سەرپەرشتیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم. “ڕێگای گەشەپێدان”هاوکاری ئەمنی و بازرگانی لەگەڵ تورکیا زیاد دەکات و مامەڵەی بازرگانی نێوان ئەنقەرە و ناوچەکە سنووردار دەکات لە بەرژەوەندی ڕێگای بازرگانی ڕاستەوخۆی نێوان تورکیا و عێراق لە ڕێگەی موسڵ-ەوە نەک ئیبراهیم خەلیل.
فرۆشتنی چەک بە ھێزەکانی حەشدی شەعبی
لایەنە ھەر شاراوەکەی نێو یاداشتەکە بریتییە لەو خاڵەی کە ڕێکەوتن لەسەر فرۆشتنی چەک بە ھێزەکانی حەشدی شەعبی کراوە لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە. لەو کاتەشدا تورکیا کاری بە ڕێکەوتنی ناوەند و ھەرێم نامێنێت کە سەبارەت بە ڕەوشی شەنگال واژۆیان کردووە و لە ئایندەشدا حەشدی شەعبی بۆ تورکیا دەبێتە ھێزی پارستنی ڕێگای گەشەپێدان.
کێ چی دەستدەکەوێت
تورکیا بە دوای ھاوپەیمانێکی تازە دەگەڕێت تا لە شەڕی دژ بە کورد دەستباری بۆ بگرن، پێکھێنانی ژووری ئۆپڕاسیۆنی ھاوبەش کە دوو بنکەی دەبێت یەکیان لە بەغدا و دووەمیان لە باشیک نەک ھەر کۆتایی بەو فشارانە دەھێنێت کە ناوەناوە دەخرانە سەر تورکیا بۆ پاشەکشە پێکردنی ھێزەکانی، ئیدی دوای ئەو ڕێککەوتنە مانەوەی ھێزەکانی تورکیا چوارچێوەیەکی یاسایی وەردەگرێت.
ڕێگای گەشەپێدان کە بەسرا بە تورکیا دەبەستێتەوە و نۆ پارێزگای عێراق لێی سوودمەند دەبن و تورکیا بە بازاڕەکانی وڵاتانی کەنداوی عەرەبی گرێدەدات بەبێ ئەوەی ڕێگاکە بە ھەرێمی کوردستان ڕەتبێت، ئەمەشیان پشت ئاوکردنی ھەرێمی کوردستانە لە بواری ئابووری.
ئەگەر تورکیا پابەندی ڕێککەوتنامەی ئاو بێت ئەوا عێراق گرفتی کەمی ئاوی نامێنێت.
عێراق لە گەمارۆدانی ھەرێمی کوردستان دەست کراوەتر دەبێت.
تاکە دەستکەوتنی ھەرێمی کوردستان لەو ڕێککەوتنانە و یاداشتە واژۆکراوەکان بریتییە لە ھەڵگرتنی ڤیزەی گەشتکردن لەسەر ھاوڵاتیانی خوار 15 ساڵ و سەروو 50 ساڵ. بۆیە دەڵێێن ھەرێمی کوردستان دۆڕاوی سەرەکی نێو ڕێککەوتنەکەی نێوان تورکیا و عێراق دەبێت.