سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

بوتی دیموکراسی و زەینی کوردی

حیسامەدین (هیوا) خاکپوور

یەکێک لەو چەمک-پارادایمانەی کە مێژووی زەینی مرۆڤی کوردی نزیک لە نیو سەدە و بگرە زیاتریش داگیر کردووە، چەمک-پارادایمی دیموکراسییە. پاش ئەوەی بەرەی یەکەمی ڕووناکبیرانی کورد، نوێنەرانی قوتابخانەی تەنویر لەوانە حاجی قادر، قانع، پیرەمێرد، ئەحمەد موختار جاف و فایەق بێکەس، هتد، بە ئاشنایی لەگەڵ جیهانی مۆدێرندا، خوازیاری سەروەریی سیاسیی بەسەر خاک و نیشتیمانی خۆیاندا بوون، لە دوای ئەو بەرەیە، پرسی کورد لە سەروەریخوازیی و دەوڵەت-نەتەوەخوازییەوە (بۆ میناک حاجی قادر لە دیوانەکەیدا 18 جار چەمکی دەوڵەت دەکار دەکات و وشەی میللەت لە مانا ئایینەکەی دەگوازێتەوە بۆ مانا مۆدێرنەکەی واتە nation)، پاڕادایم دەگوازێتەوە بەرەو ئاقاری دیموکراسیخوازی لە نێو دەوڵەتە سەردەستەکاندا. بە گشتی بەرەی دواتری ڕووناکبیر و خەباتکار و سیاسەتوانی کورد لە نێو ئەو پارادایمەدا دەسووڕانەوە، واتە دیموکراسی لە نێو دەوڵەتە باندەستەکانی کوردستان دا.

لەم نووسراوەدا لەسەر ئەو باسە ناچین کە ئەو گوازتنەوە لە پارادایمدا بۆچی ڕوویداوە، چونکە ئەو بابەتە بوارێکی تێروتەسەلی دەوێت، بەڵکوو هەوڵمان ئەوەیە چەمکی بیرلێنەکراوەی  (unthinking) دیموکراسی کە وەک بوتێکی (بتێکی) لێهاتووە و کەمتر بە ڕوانگەی ڕەخنەییەوە قەرەی دەکەون و زۆر جار وەک مارکی ڕەوایی (مەشرووعییەت) کەڵکی لێوەردەگیردرێت، تا ئاستێک وەردوشەنی ڕەخنەیی بدەین.

بوتی دیموکراسی بە شێوەیەکی بیرلێنەکراوە لە لایەن باڵی چەپ و ڕاستیی کوردەوە وەک بابەتێکی بەڵگەنەویست و ئاشکرا وەرگیراوە و زۆر جار لە مێژووی ئەم حەفتا هەشتا ساڵەدا بووەتە هۆی خەساندن و لە خشتەبردنی بیر و ئەندێشەی ڕزگاریخوازی و سەروەریخوازی، هەروەها بەرهەمهێناوەی باندەستی ئەوانی دیکە لەسەر کورد و کوردستان. ڕوانگەی ڕەخنەیی بە مێژوو و خوێندنەوە و هەڵوەشاندنەوەی مێژووی بزووتنەوەی کوردستانی پێویستی بە هەڵوەشاندنەوەی چەمک-پارادایمەکانە، لەنێو ئەوانە چەمک-پارادایمی دیموکراسییە.

کەواتە چاویلکەی ڕەخنەییمان دەبێت زووم بکاتە سەر ئەو مەزنەچەمکانە. ئەگەر وادابنێین ئەودەم نەدەکرا پرسیار لە دیموکراسی بکرێت، بە مانایەکی دیکە بیرهەڵنەگر بووە، ئەوا خۆ ئێستا دەکرێت بە چاویلکەی ڕەخنەییەوە وەبەر تیشکی پرسیاری پێکهاتەشکێنانەی بدەین و بپرسین: لە وشەی دیموکراسیدا، دیمووس + کراتووس: واتە حکومەتی خەڵک، دیمووس یان خەڵک کێیە؟ کێ سنوورەکانی دیمووس دیاری دەکات؟ ئایا لە کەیسی کورد دا ناسنامەی کوردی و کوردستانی و ناسنامەی نەتەوە سەردەستەکان نابنە جیاوازی بنەڕەتیی بۆ دروستبوونی دیمووس؟ ئایا سنووری دەستکردی دەوڵەتی، سنووری دیمووس دیاری دەکات؟ دەی ئەگەر ئەو سنوورانە بە هەند وەربگیردرێن، ڕاستەوخۆ دیموکراسی دەبێتە دژی نەتەوەی کورد و بەکەمینەکردنی کورد و دیکتاتۆری زۆرینەی لێدەکەوێتەوە و لە ئەنجامدا پەراوێزکەوتنی کورد بەرهەم دێنێت. ئایا زەینی ڕووناکبیر و خەباتکاری سیاسیی کورد تا ئێستا بیری لە دیمووس کردۆتەوە؟ یان وەکوو بوتێکی زەینی وەرگیراوە و ئەپیستیمەی “دیموکراسی بۆ وڵاتە سەردەستەکان و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان” گشتییەتی باسوخواسەکانی بێ هیچ دەسکەوتێکی ئەوتۆ خەمڵاندووە؟ ئەگەر زەینی مرۆڤی کورد جیا لەم پرسیارانە و لە ئاکامی ئەزموونی مێژوویی ئەم چەند دەیەدا بەو ئاکامە گەیشتبێت کە کورد هیچ کات بە دیمووسی ئەم وڵاتانە هەژمار نەکراوە، دەبێت چ بکات؟ ئایا هەر دەبێت درێژه بەم ڕێوشوێنە ناکامە بدات و خۆی لە زیندانی تێگەی “دیموکراسی و شارۆمەندباوەڕی” لە نێو دەوڵەتە سەردەستەکاندا قەتیس بکاتەوە یان ئەوەی کە دەبێت ئەو بوتە زەینییە بشکێندرێت و سەرلەنوێ بیرێکی تازە هەڵبدرێتەوە؟ ئەمە بە مانای دژایەتی لەگەڵ دیموکراسی نییە بەڵکوو بەو مانایە کە دیموکراسی پاش سەروەری سیاسیی لە نێو خودی کوردستان دا مانادارە نەک لە حاڵەتی ژێردەستەیی و زۆر جار بە کۆیلەبوونی کورد لە نێو دەوڵەتە سەردەستە سەرەڕۆکاندا.

بە پێچەوانەی مێژووی خەبات بۆ دیموکراسیخوازی و ئۆتۆنۆمیباوەڕی لە نێوان کورد دا، جووەکان و ئایدیۆلۆجی ناسیۆنالیستی زایۆنیزم هیچ کات نەیهێشتووە مرۆڤی جوو قایل بە دیموکراسی و شارۆمەندی لە حاڵەتی ژێردەستەییدا بێت، بۆ نموونە شارۆمەندی ئەڵمانی یان شارۆمەندی ئەم وڵات و ئەو وڵات دەروونی بکاتەوە، بەڵکوو هەوڵی خۆی بۆ چێکردنی دەوڵەتی سەربەخۆ وەگەڕ خستووە، ئینجا لەوێدا باسی دیموکراسی هاتووتە گۆڕێ. ئەم پرسیارە بیرلێنەکراوانە لە دیموکراسی، زیاد لەو باسانەیە کە باوەڕیان وایە دەوڵەتە سەردەستەکانی کورد دیموکراسی هەڵناگرن. بۆ نموونە، زاڵیەتی دیمووسی تورک-سوننە لە تورکیا یان فارس-شیعە لە ئێران نەک تەنیا کورد بە دیمووس لە ئەژمار نادات بەڵکوو  هەر بە یەکجاری کوردی لە بازنەی مرۆڤایەتی وەدەر خستووە.

جەختی باسەکەی ئێمە زێدەتر لەسەر دیمووس بووە کە خودی دیمووس پێناسە نەکراوە و ناتوانێت مرۆڤە ژێردەستە بێدەسەڵاتەکان لە نێو دەوڵەتانی سەردەستدا لەخۆبگرێت، واتە کورد ناتوانێت دیمووسی تورکی یان عەرەبی یان فارسی بێت. ئەوە دەبینین ئەم لکاندنە و ئەم پارادۆکسە سەریهەڵداوە و کورد وردەوردە خەریکە ئەو خۆهۆشیارییە وەدەست دێنێت کە دیموکراسی تا ئێستا چەکێک بووە لە خزمەت زاڵیەتی و دەسەڵاتی زیاتری نەتەوە سەردەستەکان .

دیموکراسی لە هەر فۆرموولێکیدا، چ دیموکراسی نوێنەرایەتی و چ دیموکراسی ڕاستەوخۆی ڕادیکاڵ، لەگەڵ ئەم پرسیارانە لەسەر دیمووس، هاوپەیوەند بە پرسی کوردەوە، دەستەویەخەیە. پێکهاتەشکێنی ئەو چەمکانە بە شێوەیەک ڕێگەی دەربازێکە لە زیندانی تیۆر و تێگەی سەردەستەکان. ئەگەر “میگەل ئەبنسوور” لە نەزمی مەعریفی چەپی سپینۆزاییدا باس لە دیموکراسی ڕاستەقینەی دژی دەوڵەت و سەرمایە دەکات، ئەوە ئێمە دەتوانین بڵێین لە واقیعی سیاسی (realpolitik) باودا، بەم پرسیارانەی ئێمە، دیموکراسی دژی نەتەوەی کورد وەگەڕ خراوە و بەم شێوەیە مرۆڤی کورد لە پارادایمی دیمۆکراسیخوازیدا لە سەروەریخوازی دوورکەوتووتەوە و لە باشترین حاڵەتدا بووتە پەڕاوێزی مێژوو. هەر بۆیە دەبێت زەینی کوردی ئەم بوتە تێکبشکێنیت و لە بەستێنێکی دیکەدا سەرلە نوێ پێناسەی بکاتەوە.

تێبینی

خوێنەر بۆ زانیاری زیاتر لەسەر ئەم پرس و چەمکانە دەتوانێت تەماشای:

  • سمینارێکی خاوەنی ئەم قەڵەمە لە ژێر ناوی “ڕامانێک لەسەر قوتابخانەی تەنویر لە ئەدەبی کوردیدا”.
  • “دیموکراتیزەکردنی دیموکراسی” لە نووسینی سیروان ڕێناس؛ هەروەها “دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان لە کوێوە بۆ کوێ” لە نووسینی بورهان یاسین. مامۆستا جەمال نەبەزیش وەک نوێنەری سەرەکی قوتابخانەی کاژیک لەم باسانەدا ئاڵاهەڵگری بەرگری زانستی لە سەربەخۆیی بووە و خوێنەر دەتوانێت چاو لە کارەکانی ئەویش بکات.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO