ماوەیەکە بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان دوو بەرەی جیاوازی لەنێو كۆمەڵگەی كوردستانییدا دروست کردووە، بەرەیەک بە هەموو قەناعەتی خۆی، پێیوایە ئەگەر ڕوو بكەینە بەغدا و بەتەواوی خۆمانی تەسلیم بكەین و ملی بۆ كەچ بكەین، کێشەی مووچەمان بۆ چارەسەر دەبێت! مەخابن ئەمانە بێئاگان لە مێژووی عێراق و ڕەفتاری دەسەڵاتەكانی عێراق لەگەڵ كوردستانیان، ڕەنگە نەشزانن نانی سەرشۆڕی و ژێردەستەیی چەند بێتامە. بەرەی دووەم پێیانوایە ئازادی لە نان گرنگترە و مرۆڤ بە لەتە نانێكی نێو ماڵی خۆی قەناعەت بكات زۆر باشترە لە خوانە چەورەكەی ماڵی دوژمن و داگیركەر و نەیار.
لە ڕاستیدا نان و ئازادی دووانەی پێکەوە گرێدراون، هەر یەک لەو دووانە نەبێت، لێرەوار دروست دەبێت، بەڵام ئەگەر بپرسین چارەسەر لەم نێوانەدا چییە؟ وەڵام ئەمەیە: بە ڕای من دەستەبەرکردنی ئازادی زۆر گرنگترە لە دەستەبەرکردنی نان، چونکە ئەو نانەی لەسەر خوانی دوژمن و داگیرکەرە، ملكەچی و سەرشۆڕیی بەدوای خۆیدا دێنێ، ڕاستە ماوەیەك هەناوت دەحەسێنێتەوە و ڕەنگە ڕۆژێك و دە ڕۆژ تێرت بكات، بەڵام دەبێ ئەوەش بزانیت كە ڕۆژێک دادێت، هەمان ئەو دوژمنە سەرچاوەی نانەكەت لێ وشك دەكات و وەك چۆن ئازادی و سەرفرازیی لێ زەوت كردیت، ئاوەهاش نانەكەت لێ دەبڕێت، كورد لەمێژە گوتوێتی: گۆشتی لا ڕانی خۆم بخۆم، لە منەتی قەساب باشترە.
ئێمە دەبێ ئەوە بزانین كە دوژمن و داگیرکەر لە عێراق، تەنیا ناسنامەی دەگۆڕێت، دەنا ڕەفتارەكان هەر وەك یەكن، لە “مەلەکیی”ەوە دەبێتە كۆماریی و لە عەرەبی سوننەوە دەبێتە عەرەبی شیعە، ئەویان كیمیابارانت دەكات و ئەمیان مووشەكباران، ئەویان گەمارۆت دەخاتە سەر و ئەویان مووچە و بودجەت دەبڕێت.
سەرجەم دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراق، کاتێ لە دەسەڵاتدا نەبوون و ئۆپۆزسیۆن بوون، دۆست و هاوسەنگەری کوردستانیان بوون، کەچی ئێستا كە لە دەسەڵاتدان بە چاوی دوژمن سەیریان دەکەن. کەواتە عەقڵی داگیركاریی برا چاوڕەشەکانمان هەمان عەقڵییەتی دەیان سەدەی داگیرکارییە و هەرگیز بیری پێشکەوتن و دەستهەڵگرتن لە داگیركردن و زەوتكردنی مافی گەلانی ژێردەستە لە فەرهەنگیاندا نییە.
بۆیە باشترین بژارە لەبەردەمماندا، سەرەتا پاراستنی ئەم ئازادییەیە، لەگەڵ هەنگاونان بۆ ئاشتبوونەوەی نیشتیمانیی، دەبێ هەمووان بگەڕێینەوە سەر ڕێچكەی كوردپەروەریی و نیشتیمانپەروەریی ڕاستەقینە و دەستبەرداری بەرژەوەندیی تەسكی حیزبی بین و بۆ وەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان كە یەكێكیان گوزەرانی باشە بۆ هاووڵاتییان، هەنگاو بنێین. گەڕانەوە بۆ باوەشی دوژمن لەپێناو نان و مووچە، ڕێك وەك ئەو باڵندەیە وایە كە لەبن تەپكەیەكدا گەنمی بۆ ڕووكراوە و هێدی هێدی دەچێتە بن تەپكەكە و ئیدی ڕاوچییەكە پەتەكە ڕادەكێشیت و دەكەوێت بەسەر باڵندەكەدا و ئیتر باڵندەكە بۆ هەتا هەتایە، نەك ئازادی، ژیانیش لەدەست دەدات.



