سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

ئەنفال و تایتانیک بەراوردێکی خێرا لە نێوان تاوانی ئەنفال و کارەساتی تایتانیک دا

لە لاپەرە ٤ی ژمارە ٩ی گۆڤاری ئەنفالستان، ساڵی ٢٠١٢ بابەتێکی ئارام ڕەفعەت بڵاوکراوەتەوە بە ناونیشانی “هەموومان تاوانبارین“، لەوێدا نووسەر بەراوردێكی کورت و پوخت و بەهێزی لە نێوان تاوانی ئەنفال و ڕووداوی نقوم بوونی کەشتییەکەی تایتانیك دا کردووە. ئارام ڕەفعەت نووسیوێتی: “ئەمڕۆ ١٤ ی نیسان یادی ٢٤ ساڵەی تاوانی ئەنفالە و بەیانی ١٥ ی نیسان یادی ١٠٠ ساڵەی تایتانیك-ـە. هەر ئەو دەستپێکە بۆ خۆی مایەی هەڵوەستە و لەسەر وەستانە. ئاماژەیە بۆ سڕبوونی گەلێک بەرامبەر کۆمەڵکوژییەک کە دوای ڕزگاربوونیشی هێشتا هەر ئامادەی قسەکردن نییە! ئایا ئەمە چییە زەبری بێدەنگییە یان زمانی بێدەنگی؟ ئایا ئەم بێدەنگیە خۆی بەدەنگهاتنە یان بێزارە لە قسەکردن؟ وەک کاک ئارام نووسیوێتی: لە تاوانی ئەنفال دا ١٨٢٠٠٠ هەزار كەس و لە ڕوودوای تایتانیك-یشدا ١٥٠٠ كەس گیانییان لەدەستدا. بەڵام ئەم بێدەنگیە دەربارەی ئەنفال بۆچی لە کاتێکدا ژمارەی قوربانییەكانی ئەنفال ١٢١ جار بەقەد ژمارەی قوربانییەكانی تایتانیك-ـە!

ئەوەی بۆ ئەنفالکراوە، لە چاو ئەوەی بۆ تایتانیک کراوە، بە هیچ جۆرێک بەراورد ناکرێن. نە لە ڕووی یاسایی و نە لە ڕووی مرۆیی و نە لە ڕووی هونەری و ڕۆشنبیرییشەوە. باشە وا دنیا لەم تراجیدیا و برینەی کورد بێدەنگە ؟ ئەی کورد بۆ خۆی بۆ بێدەنگە؟ با جارێکی تر لەسەر بەراوردکارییەکەی کاک ئارام ڕەفعەت بوەستین و بزانین ئاستی بێدەنگی گەیشتووەتە کوێ؟ “لە گوگڵ دا تەنها نیو ملیۆن جار باسی ئەنفالی كورد كراوە! كەچی ٩٢٢ ملیۆن جار باسی تایتانیك كراوە. واتە تەنها لە تۆڕی ئەنتەرنێتدا تایتانیك ١٨٤٤جار هێندەی ئەنفال ناوی هاتووە.  هەر بەیانی ١٥ ی نیسان ٢٠٠ هەزار دۆكیومێنت دەربارەی تایتانیك بڵاودەكرێتەوە، بەڵام لە یادی ئەنفال دا ئێمە هیچمان بۆ ڕای گشتی جیهانی بڵاونەكردەوە. ئەمە لەكاتێكدا ئەنفال تاوانێكە ئامانجی لەناوبردنی نەتەوەیەك بوو لەلایەن ڕژێمێكی داگیركەرەوە، بەڵام تایتانیك تەنها نقوومبوونی كەشتییەك بوو بەهۆی هەڵەیەكەوە ڕوویدا و بەس”.

ئەگەرچی ڕووداوی نقومبوونی کەشتییەکەی تایتانیک قسەی زۆری لەسەرە و زۆریشی لەبارەوە گوتراوە من بۆ خۆم لەگەڵ ئەوانە هاوڕام  کە تایتانیک تەنها هەڵەیەکی تەکنیکی نەبوو بەڵکو کێبڕکێی قازانج و شەڕی کۆمپانیاکانی ئەو سەروەختە بوو. هەر چۆنێک بووە، تاوان یان هەڵە، لەگەڵ ئەنفال بەراورد ناکرێن لە ڕووی تراجیدیا و ژمارەی قوربانییەکانییەوە. بۆیە ئەم دیوەیان فەرامۆش دەکەین و بەراوردێک دەکەین لە نێوان ئەم دوو تراجیدیایە و بێدەنگی لەسەر ئەمیان و بەدەنگهاتن لەسەر ئەویان، هۆکارەکانی چین؟ کە تایتانیک ئەوەندە باس دەکرێ و ئەنفال باس ناکرێت.

هەڵوەستەیەک دەربارەی تاوان و کارەسات

لەبەراییدا هەڵوەستەیەک لەمەڕ چەمکی “تاوان” و “کارەسات” دەکەم و ئەوە ڕوون دەکەمەوە کە بۆچی لە ناونیشانەکەدا ئەنفال بە تاوان و تایتانیک بە کارەسات ناویان هاتووە؟ ئایا جیاوازی لە نێوان ئەم دوو چەمکەدا چییە؟ بە بڕوای من جیاوازییان زۆرە چونکە تاوان بکەر و تۆمەتبار و جەلادی هەیە، بەڵام مەرج نییە هۆکاری هەموو کارەساتەکان وەک یەک بن. ڕەنگە بکەرەکانی ڕووداوێکی تراجیدی جەلاد و تاوانبار نەبن. ڕاستە هەموو تاوانێک کارەساتبارە بەڵام مەرج نییە هەموو کارەساتێک ئەگەر زۆر تراجیدیش بێت تاوان بێت.! هەموو تراجیدیایەک بەهۆی ڕووداوێکی تراجیدییەوە وەک لافاو، بومەلەرزە، ئاگرکەوتنەوە، هاتوچۆ، سونامی دەبن، بەڵام مەرج نییە دەستی ئەنقەستی مرۆڤیان تێدابێت. بۆیە وشەی کارەسات لە بری جینۆساید بۆ ئەنفال و هەڵەبجە زمانێکی نازانستی هەژارانەیە. جینۆساید لە ڕووی یاساییەوە تاوانە. لەوەش گرنگتر، تاوانی جینۆساید سنووری ناوخۆیی دەبەزێنێ و دەچێتە خانەی تاوانی نێودەوڵەتییەوە، جینۆساید پلاندانەر و بڕیاردەر و ئەنجامدەری هەیە، جەلاد و قوربانی هەیە. باشە بومەلەرزەیەک ئەگەر کۆمەڵکوژی و تراجیدیای لێکەوتەوە کێی لەسەر دادگایی دەکەی؟ ئەم وردەکارییە بۆ هەموو کەسێک گرنگە، بەڵام بۆ فیلمساز گرنگترە بۆ ئەوەی ڕوونتر وێنای ڕووداو بکات.

ڕۆڵی سینەما لە نادیارەوە بۆ دیار

من کە تەمەنێکە لە ئەنفال و چیرۆک و لێکەوتەکانی ئەو تاوانە دەکۆڵمەوە، لە نێوان ٢٠١٦-٢٠١٧ داوام پێشکەشی زانکۆی سلێمانی کرد بۆ خوێندنی بەشی فیلمسازی لە کۆلێجی هونەر. پاش بڕینی ڕێکارە یاساییەکان لە تاقیکردنەوەماندا بۆ وەرگرتنمان لە بەشی فیلمسازی کۆلێجی هونەر، یەکێک لە پرسیارەکان ئەوە بوو، “بۆچی دەتەوێت سینەما بخوێنی“؟ ئەوەی بیرم بێت وەڵامەکەم بەم شێوەیە بوو: لەبەرئەوەی کورد چیرۆکی زۆرە و ساڵانێکی زۆرە لەسەر دۆسێی جینۆسایدی نەتەوەکەم کاردەکەم و سەدان چیرۆکی تراجیدیم دۆکیومێنت کردووە و زۆربەیان شایانن بکرێن بە فیلم و سیناریۆی باشیان بۆ بنووسرێ. بۆیە دەمەوێت لە داهاتوودا دۆسێی ئەنفال و جینۆساید لەم کایەدا ڕەنگبداتەوە، چونکە دەزانم سینەما پەنجەرەیەکی گەورەترمان بەسەردا دەکاتەوە و خێراتر و ئاسانتر سنوورەکان دەبڕێ و دۆسێی جینۆسایدی کورد پاڵپێوەدەنێ لە ناوخۆییەوە بۆ دۆسێیەکی جیهانی و گەردوونی .

ئێستا دەبێت جارێکی تر ئەو بەراوردەی کاک ئارام بخەینەوە بەردەم پرسیارێکی جدی و بە تێڕامانێکی قووڵترەوە بە دوای وەڵامەکەیدا بگەڕێین، ئایا هۆکاری چییە کە ئەنفال بەو هەموو تراجیدیاشەوە کە تەنیا ٣٢ ساڵی تێپەڕاندووە و تایتانیک بەو قوربانیە کەمەشەوە کە ١٠٨ ساڵ بەسەر ڕوودانیدا تێپەڕیوە، کەچی تایتانیک ١٨٤٤ جار هێندەی ئەنفال ناوی هاتووە؟ ئایا هۆکاری ئەم جیاوازییە چییە؟ سیاسییە یان ئابووریی؟ کەمتەرخەمی و بێباکی ئێمە و چالاکبوونی ئەوانی دییە؟ هەموو ئەو هۆکارانە ڕاستن، بەڵام لە هەموویان گرنگتر و لە پێشتر ئەوەیە کە کاک ئارام پەی پێنەبردووە ئەویش ڕۆڵی هونەرە بەتایبەتیش سینەما! باشە ئەگەر کاریگەری سینەما و هێزی گواستنەوە و گێڕانەوەی سینەما نەبوایە. ئێمەی پەراوێزکەوتووی ناو ڕووداوەکانی مێژوو کە هێشتا تەپوتۆزی جەنگ، بە ڕووخسارمانەوەیە و برینی ئەنفال و کیمیاباران و شەڕی ناوخۆ بەجستە و ڕۆحمانەوەیە و لەژێر فشاری گەمارۆی ئابورییدا دەناڵێنین، ئەگەر سینەما نەبوایە کوا دەمانزانی لە زەریای ئەتڵەسی چی ڕوویداوە؟ کێ دەیزانی جەیمس کامرن کێیە؟ ئەگەر سینەما نەبوایە کێ چیرۆکی جاک و ڕۆزی دەناسی؟ چۆن بمانزانیبایە لە ١٩١٢ لە زەریای ئەتڵەسی کەشتییەک لە یەکەم گەشتیدا خۆی بە شاخێکی سەهۆڵدا کێشاوە و  ١٥١٧ مرۆڤ تیایدا گیانیان لە دەستداوە؟

وێنە و هێزی وێناکردن

کەواتە ئەوە هێزی هونەرێکە کە ئێمە تا ئێستا فەرامۆشمان کردووە. ئەوەیە هێزی وێنە کە ڕووداو لە نادیارەوە دەگوێزێتەوە بۆ دیار. ئەوەندەی من بزانم ڕووداوی تایتانیک لە ١٩١٢ ەوە هەتا پێش بەرهەمهێنانی فیلمی بەناوبانگی تایتانیک-ی جەیمس کامرن ٨ فیلمی تر لەسەر ئەو ڕووداوە بەرهەمهێنراون، بەڵام نەیانتوانیوە سنووری ناوخۆیی و ناوچەیی ببەزێنن. فیلمی بەناوبانگی تایتانیک لە ١٩٩٧ جارێکی تر ئەوتراجیدیایەی بەبیر جیهان هێنایەوە، هەم بەردێکی گرتە دنیای سەرمایەداری، هەم بەردی بناغەی خۆشەویستیشی دانایەوە.

من نامەوێت لێرەدا جگە لە درێژکردنەوەی بەراوردکارییەکەی کاک ئارام و هەندێک وردە سەرنج زیاتر بڵێم، یاخود خۆم لە قەرەی ڕەخنە و شیکاری بدەم لە نێوان فیلمی تایتانیک و ئەو فیلمانەی دەربارەی ئەنفال دروستکراون و نەیانتوانیوە سنووری کوردستان ببەزێنن. بەڵام دەمەوێت سەرنجی خوێنەر بۆ هێزی وێنە و هێزی چیرۆک و ڕوانینی ساکارانەی خۆشمان ڕابکێشم و ئەوەندەی پێویست بێت دەست بخەمە سەر کەماسییەکانی خۆشمان.

یەکێک لە هۆکارەکانی بە جیهانی بوونی چیرۆکی تایتانیک هێزی چیرۆک و هێزی وێنەو گێرانەوە و وێناکردنێتی لە هەست و یادەوەری لێڕوانەر-بینەر، جیمیس کامیرۆن ئەو تراجیدایەمان لە ڕێگەی چیرۆکێکی ڕۆمانسییەوە بۆ دەگێڕیتەوە، ئەو چیرۆکمان بۆ باس ناکات، بەڵکو دیمەن و وێنەمان نیشان دەدات، لەو تراجیدیایەدا بە دوای تۆڵەوە نییە، بەڵکو بەردی بناغەی خۆشەویستی دادەنێتەوە، ئایا کەستان پێشک دێت هاواری لێهەستی و بڵێت لەو تراجیدیایەدا کوا وەختی دڵداری و ڕۆمانسێتی عاشقانەی جاک ورۆزە ؟ ڕەنگە ئەگەر لە دەرەوەی خەیاڵی هونەری تەماشای فیلمەکە بکەین فۆکس لەسەر جاک و ڕۆزە نەک لەسەر مەرگی ئەو هەموو ئینسانە ؟ مەرگی جاک دەبێتە ڕەگەز ئیلمێنتێک و مەرگی ئەوانیدی نابنە مەسەلە بۆ بینەر ! بەڵام دایرکتەر –دەرهێنەر هەموو تراجیدیاکە و مەرگی هەموویان لە خنکان و ژێر ئاوکەتنی جاک دا کۆدەکاتەوە و تراجیدیاکە لەمەرگی پاڵەواندا چڕدەکاتەوە.

لە گفتارەوە بۆ کردار

کەم نین ئەو دەنگانەی گلەیی لە فیلمسازانی کورد دەکەن، کە داخۆ بۆچی فیلمێکی وەک تایتانیک یان وەک یەکێک لە فیلمەکانی هۆڵۆکۆست دەربارەی هەڵەبجە یاخود دەربارەی ئەنفال و شەنگال دروست ناکەن. بۆ بینەرانێک کە ئاگاداری تێچووی فیلم نین ئەم ڕوانین و گلەییە ئاساییە، بەڵام بۆ کەسانێک کە بەلای کەمەوە دەزانن فیلمێکی وەک تایتانیک بودجەیەکی ٢٠٠ ملیون دۆلاری پێویستە  ئاسایی نییە. بەر لە هەموو کەس دەبێت هونەرمەندان ئەم پرسیارە بەهەند بگرن بەر لەوەی ڕەخنە لەهەر کەس بگرن ئەرکیانە بە دید و تێڕوانین و ڕەفتاری خۆیاندا بچنەوە. ڕوونە لە کوردستان سەرمایەدار و بەرهەمهێنەر  (producer)ی وامان نییە بچێتە ژێرباری وەها خەرجییەک، کەواتە دروستکردنی فیلم کێشەی هەیە.

فیلم بە قسەو خەیاڵ دروست نابێت، ئەوە هەویرێکی ئاوکێشەو لێرەدا درێژەی نادەمێ بەڵام دەتوانین پرسیارێک ئاراستەی (حکومەتی هەرێمی کوردستان) بکەین ئەگەر ڕاست بێت ناوی حکومەتی لێ بنێین! ئایا لە بری هەموو ئەو پارەو پولەی بۆ بۆنەو یادە ڕۆتینەکان و گەشتی شاندەکان بەهەدەری داون، تەنها یەک فیلمی باشی بەرهەمبهێنایە ئێستا دۆسێی ئەنفال هەنگاوێک نەدەچووە پێشەوە و لەسەر ئاستی دونیاش تەکانێکی نەدەدا ؟ ئەم وەڵامەش بەبەڵی و نەخێرنادرێتەوە. بەڵکو دەخوازم قۆناغی گفتار بگوازنەوە بۆکردار.

ئەوانەی هێشتا وا تێگەیشتون فیلمێکی باش بەبێ پارەیەکی باش بەرهەم دێت با ئەزییەت بکێشن و بچن گەرانێک بە دوای بودجە و داهات و بە بازارکردنی (Marketing) قازانجی مادی و مەعنەوی فیلمی تایتانیکدا بکەن، ئینجا ئاورێک لەو فیلم و درامایانەی خۆشمان بدەنەوە و هەڵوەستەیەک لە ئایدیا و دیدو تیفکرینی خۆشمان بکەن.

تایتانیک کە لە ١٢ی سیپتەمبەری ١٩٩٧ سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێنا بەلای کەمەوە ٢٠ خەڵاتی جۆراوجۆرو ١١ خەلاتی ئۆسکاری بردووە، قازانج وفرۆشی گەیشتووەتە زیاتر لە دوو ملیار دۆلار. لێرەدا خالێک گرنگە، ئەگەر ئەم بودجە زۆرە نەبێت، کوا لەتوانادا هەیە ١٠٠٠ ئاکتەر کە ڕۆڵ ودیالۆگیان هەیە لەگەڵ ١٠٠٠ ئاکتەری کۆمبارس بەشداری بکەن ؟

بە بروای من ئەوەی ئەرکێتی ئەم خەیاڵە پراکتیک بکات هەر هونەرمەندانن، سەرباری هەر لێکتێنەگەیشتن و ناکۆکییەکی خودی و بابەتی کە لەگەڵ یەکتریدا هەیانە، پێویستە لە خاڵێکی هاوبەشدا تەباو کۆک بن، ئەویش فشارو هەوڵی دابینکردنی بودجەیە، ئەگەرنا هەر بێ فیلم و بێ سینەما دەمێنینەوە، بۆئەوەی چیدی لەپەراویزدا نەمێننەوەو خۆیان بە زەلیلی لەبەردەم میدیاکارێکی نەزاندا نەبیننەوە، دەبێت ئەو عەقڵییەت و بروایە بچەسپێنن کە فیلم هەر هونەر نیە، بەڵکو پیشەشە، هەم ئابورییەو هەم سیاسەتە، پارەو بازارە، هەر پارەی تێدا خەرج ناکرێت بەڵکو قازانج و دەستکەوتی مادی و مەعنەویشی هەیە، ئەگەر هونەرمەندان لە هەموو شتێکدا ناکۆک بن پێویستە لەو خاڵەدا کۆکبن و سەرمایەدارو دەسەلاتداری کورد پەلکێشی نیو ئەم فەزایە بکەن، کە دەشێت وەک هەر مایەدانێکی تری سەرمایەگوزاری بکەونە کێبەرکێ و لە میانەیدا هەم هونەرمەندان فۆرمێک بۆ فیلمی کوردی بدۆزنەوەو هەم سەرمایەدارانیش قازانجی فیلمەکان بچننەوە

لەوەڵامی پرسیارێکدا لە دیداری فیلمی جینۆساید کە ماوەی دوڕۆژی خایاند لە هۆڵی مۆنۆمێنتی ئەنفال لەبان مەقان لە میانەی سیمنارەکەمدا کوری پیاوێکی ئەنفالکراو ئەو پرسیارەی ئاراستەکردم گوتی:( د. دلشاد مستەفا دەڵێت ئێمە چیرۆکمان نیە هەتا بیکەین بەفیلم ! ئایا ڕای تۆ چییە ؟) ئەمە پرسیاری کاک بارام سوبحی بوو، منیش بەم شێوەیە وەڵامیم دایەوە: باوەڕناکەم د. دلشاد مستەفا ڕایەکی وای هەبێت بەڵکو ئەو هەمیشە لە محازەرەکاندا بەخوێندکارانی بەشی فیلمسازی دەڵێت: ئێمە چیرۆکمان زۆرە بەلام نازانین بیانگێڕینەوە . لەمیانەی ئەم بەراوردە زۆر سادەو ساکارەوە لەکایەی هونەردا ڕایەکەی د.دلشاد مستەفا شایانی هەڵوەستەو لەسەر وەستانە نەک نیگەرانی چونکە ئەگەر زانیمان هێزی هونەرو هێزی وێنەو چێژی گێرانەوەی هونەری چییە هەرگیز بەخەیاڵماندا نایات ئەنفال وەک کەلوپەل بەکاربهێنین، ئەوسا کەسوکاری ئەنفالیش بیرلەوە ناکەنەوە کەمپەین دروستبکەن بۆ وەستان و ڕاگرتنی دراماو فیلمەکان. چونکە بەرهەم هێنان و فیلمسازی هەر بەتەنها پارەی ناوێ بەڵکو فیکرو ئایدیایەکیشی دەوێ کە هێزو وزەی ئازایەتیمان پێببەخشن. بەڵام ئەفسوس لەکاتێکدا جیمیس کامیرۆن گوێی لە سەدو پەنجاکەس گرتووە دەربارەی ڕوداوەکە، من بەڕاشکاوی و هاوکات بەنیگەرانییەوە دەیڵێم کە تەنانەت زۆربەی خوێندکارانی بەشی فیلمسازیش حەوسەڵەی خوێندنەوەی چیرۆکەکانی ئەنفال و تراجیدیاکانی تریان نییە. ئەمەش تەنها دیوێکی کێشەکەیە، دیوەکەی تری ئامادەییە بۆ گۆڕینی خودو کۆمەڵ، کیت وینسلت لە پێناوی سەرخستنی فیلمەکەو ڕۆڵەکەی ئامادەبووە لەبەردەم لیوناردۆ دی کاپریۆ خۆی ڕوت بکاتەوە. کەچی تازە لەسەدەی بیست ویەکدا درامای کوردی یاخود کاری هونەری بە تۆمەتی خۆشەویستی هەڕەشەی لەسەرەو ڕادەگیریت ؟! لەولاشەوە هەرئەوانەی دەنگ بڵند دەکەن وهاوار دەکەن بۆچی ئەنفال وەک هۆڵۆکۆست فیلمی دەربارە ناکرێت هەندێکیان تەحەمولی ماچێک ناکەن لە فیلمی کوردیدا.!

دەنگێک هەمیشە بڵندە و دەپرسێت بۆ نەکراوە بێ ئەوەی ئامادەی هەڵگرتنی سادەترین بەرپرسیارێتی بێت، لەکاتی نوسینی ئەم وتارەدا وێنەیەکی خۆم و فەرەجی تۆپخانەم بە مەبەست لە پرۆفایلی فەیسبوکەکەم دانا، هەتا بزانم چەند کەس دەیناسن ؟ نزیکەی ٥٠٠ هاوڕێ لایکیان کردووە، بەڵام لە ناو ٨٨ کۆمێنتدا تەنها ٩ کەس زانیویانە فەرەج کێیە ؟ لەکاتێکدا هەموو هاوڕێیان و زۆربەی خەڵکی کوردستان جاک و ڕۆز کارەکتەری سەرەکی فیلمی تایتانیک دەناسن، بەڵام کەم کەس فەرەج دەناسن، هەربەراست فەرەج کێیە ؟ ئەو پیاوە دەربازبووی کۆمەڵکوژییەکی ئەنفالە لەپارێزگای ڕومادی و کارەکتەری سەرەکی فیلمی هەزارویەک سێویشە کەتایبەتە بەئەنفال وبەم دەربازبوانەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان !

ئێستا ئێمە لەوە دڵنیاین ئەوەی تایتانیک و ڕوداوە تراجیدیاکەی بە نەمری و زیندویی دەهێڵێتەوە، ئەخلاقی بەرزی مرۆڤایەتی و پەرۆشی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەندەکانی جارنامەی گەردونی مافی مرۆڤ نین بەڵکو سینەماو سیحری داهێنان و هێزی وێنەو شارەزایی گێڕانەوەی چیرۆکە، ئیدی هەقە لە فیلمی تایتانیکەوە فیربین کەوا یادەوەریی ئەنفال و تایتانیک کە دەکەونە یەک ڕێکەوتەوە ١٤ی نیسان چۆن بخوێنینەوە و چۆن بەراوردیان بکەین ؟ لە ڕوداوی نقوم بوونی کەشتیەکەی تایتانیکدا لەکۆی ٢٢٠٠ کەس زیاتر ١٥٠٠ کەس مردن وگیانیان لە دەستدا، بەڵام ئەوەی کەڕۆحی هەموویان بەزیندویی دەهێڵێتەوەو کردویەتی بە یادەوەرییەکی جیهانی فیلمە (ئاکتین – نواندنی ئاکتەرو ڕوانینی دەرهێنەر- ڕێنوێن و نوسەری سیناریۆیە) . ئەوەی ئەنفالیشی بە فەرامۆشی سپاردووە هەر سیاسیەکان نین، بەڵکو نا ئامادەیی سینەماشە کە هێشتا سەرمایەداری کورد بودجەیەک بۆ بەرهەم هێنانی بە پێوێست نازانێت.

سەرچاوەکان

  • ماڵپەڕی ئەکادیمای دی دەبلیو (DW)   تایتانیک عجوبة والاسطورة
https://www.dw.com/ar/%D8%B3%D9%81%D9%8A%D9%86%D8%A9-%D8%AA%D8%A7%D9%8A%D8%AA%D8%A7%D9%86%D9%8A%D9%83-%D8%A7%D9%84%D8%A3%D8%B9%D8%AC%D9%88%D8%A8%D8%A9-%D9%88%D8%A7%D9%84%D8%A3%D8%B3%D8%B7%D9%88%D8%B1%D8%A9/a-15873120
  • ماڵپەری الیوم السابع

https://www.youm7.com/story/2015/2/19/25-%D8%AD%D9%82%D9%8A%D9%82%D8%A9-%D9%84%D8%A7-%D8%AA%D8%B9%D8%B1%D9%81%D9%87%D8%A7-%D8%B9%D9%86-٢- %D8%AA%D8%A7%D9%8A%D8%AA%D8%A7%D9%86%D9%8A%D9%83-%D9%83%D9%8A%D8%AA-%D9%88%D9%8A%D9%86%D8%B3%D9%84%D8%AA-%D8%AE%D9%84%D8%B9%D8%AA-%D9%85%D9%84%D8%A7%D8%A8%D8%B3%D9%87%D8%A7/2074681

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO