لەو سەردەمەی کە ئەوروپا لە سەدە تاریکەکاندا دەژیا، کڵێسا و پیاوانی ئایین دەسەڵاتی ڕەهایان هەبوو. سەدەی تاریک بوون، چونکە ئەوان جڵەوی هەموو کاروباری کۆمەڵگەیان لەچنگدا بوو. ئەو کاتە و زۆریش پێشتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەند بنکەیەکی زانست و زانیاریی هەبوون، بەڵام ئەوان بەشێک نین لە شۆڕشی زانستیی نوێی مرۆڤ. چونکە ڕەوڕەوەکەی ئەو سەردەمە ئەوەندە لاواز و کز هەنگاوی هەڵدێنا، وەکوو هەوڵی تاکەکەسیی لێرە و لەوێ دەردەکەوتن. زاناکانی جیهانی ئیسلامی تاکوتەرا بوون و جارێ ڕێساکانی توێژینەوەی زانستیی دانەکوترابوون. بۆیە بەردەوامیی لە کارەکاندا بەدی نەدەکران، بەڵکوو هەنگاوی پچڕپچڕن، هەیانە چەند سەد ساڵێکی نێوانە. ئەو جۆرە زنجیرە بڵاوکراوە و بۆچوونانە نابنە پایەی سەرکەوتنی ڕەوڕەوەی زانست. سەدەکانی ڕووناکبیریی/ڕۆشنگەریی لە وڵاتانی پێشکەوتووی ئێستادا ئەو کاتە دەستیپێکرد کە زانستی پشتئەستوور بە بیرکاریی و ژمارە لەگەڵ گەلان و حکومەتی بیرۆکراتدا، هەوڵەکانیان یەکخست و پێکەوە کاریان کرد.
تەمەنی شۆڕشی زانستیی مرۆڤایەتیی هەمووی ناگاتە ٢٠٠ ساڵ. پێشەنگی ئەو شۆڕشە نوێیەی مرۆڤ وڵاتانی ڕۆژئاوان. ئەوان مرۆڤایەتییان لە چڵپاوی نەزانیی و نقوومبوون لەناو ئەفسانە و چیرۆکەکاندا، بەرەو دنیا دیدەیی هەڵکێشا، تا ئێستاش هەر ئەوان سەرقافڵەن. ئەوەی هیچ گومانی تیدا نییە ئەوەیە زانست وڵاتانی سەردەست و بندەستی دروستکردووە. وڵاتانی لە زانست پێشکەوتوو، لە زۆر بواردا لە پێشن و دەسەڵاتی سیاسیی، سەربازیی و ئابووریی بەهێزیان پەیداکردووە. زانستیش تەنیا ئەو بوارانە نین لە تاقیگەکاندا کاریان لەسەر دەکرێت. مەبەستم زانست تەنیا کیمیا، فیزیا و ئەندازیاریی نییە. بەڵکوو کۆمەڵێکی زۆر لە بواری جیاجیا لەخۆ دەگرێت و هەموویان پێکەوە لەیەکتری گرێدراون. ئەگەرچی بیرکاریی زانستە بەڵام خۆ تاقیگە و تاقیکردنەوەی تێدا نییە و لە زۆر بواری زانستدا وەکو زمانی لێکتێگەیشتن و گۆڕینەوەی زانیاریی بەکاردەبرێت. ئەوە بۆ زانستە مرۆییەکانییش هەر دروستە. کەواتە زانست هەیە بەرهەمی تاقیگەکانە و هەیە بەرهەمی مێشکی مرۆڤ خۆیەتی. ئەگەرچی ئەو دوو جۆرە شێوازی بەرهەمهێنان و بەرەوپێشچوونیان جیاوازە، بەڵام پێکەوە هەنگاو دەنێن و لەیەکتری گرێدراون.
هەروەک چۆن زانستەکان لەیەکتری بەستراون و پێکەوە بەرەو پێش هەنگاو دەنێن. بەهەمان جۆر، زانستی نوێ و ژێرخانی وڵات، پێکەوە هەنگاو دەنێن و دەستکەوتەکانیان لێک گرێدراون. هەر پێشکەوتنێک لە بوارێکی زانستەکاندا ڕووبدات دەبێت لە ژیانی ڕۆژانە یان کاری ناوەندە زانستییەکاندا دەرکەوێت. مەرج نییە لە ماوەیەکی کورتدا بێت، بەڵام توێژینەوەکان بە دوای یەکتریدا دەڕۆن تا بەرهەمە نوێیەکان جێی خۆیان لە ژیانی ڕۆژانەدا دەکەنەوە. ئەوانەی دەستکەوتی هزریین دەبنە کۆی بەرهەمی مرۆڤایەتیی لە ئەدەب و هونەر و زانستە مرۆییەکانی دیکە و بۆ ئەو گەل و نەتەوانە دەنووسرێت کە بەرهەمیان دەهێنن.
لە جیهاندا بنکەکانی زانست و تاقیکردنەوەکان، یان دامەزراوە تایبەتەکانن بە هەربوارێک، یانیش پەیمانگە و زانکۆکانن. ئێمە لە باشوور هەر سێ جۆر بنکەمان هەن، بەڵام لە زانستدا دواکەوتووین، بەڵکوو کۆڵەواریشین. ئەو زانستەی لە فیزیادا لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو خوێندوومە، چل بۆ پەنجا ساڵ کۆن بوون. تۆ بڵێی ئێستا لەهەمان بەشی فیزیای کۆلیجی زانستیی زانکۆی سەڵاحەددین زانستی کام سەردەمە بخوێنن؟ ئەگەر کۆن بێت کەڵکی نابێت و جگە لە چەند نمرەیەکی سەر پارچە کاغەزێک، بۆ قوتابی دەرچوو، بەهایەکی ئەوتۆ بۆ ژیانی زیاد ناکات. خۆ ئەگەر زانستەکەی دەیخوێنن نوێ بێت و لەگەڵ جیهانی سەردەم خۆی گونجاندبێت، ئەوا گرفتی ئەوە هەیە هەمان قوتابی شوێنی کاری نابێت و ئەو زانستەی خوێندی، ئەگەرچی تازە و سەردەمییانەیە، بەڵام دیسانەوە بێ کەڵکە چونکە شوێنی کاری نییە.
برەودان بە دەستکەوتی زانستیی جگە لەوەی پلانی درێژخایەن و پشی درێژیی دەوێت، ژێرخانی گونجاوی زانستیی لە دامەزراوە و بنکە و ناوەندەکاندا، دەوێت. بەبێ هەبوونی سەنتەرەکانی توێژینەوە هەنگاوی زانستیی نایەتە دی. بەڵام سەنتەرەکانی توێژینەوەی زانستیی بەبێ بودجە و خەرجیی، بە کام پێویستیی و ئامراز توێژینەوە بکەن؟ زانکۆکان بەدەست نەبوونی ژێرخانی گونجاوی خوێندن دەناڵێنن، ئەی چۆن خەرجی توێژینەوەکان دابین بکەن؟ ئەی ئاستی زانستیی لەو دامەزراوە و بنکانەدا ئەوەندە هەیە چاوەڕوانی توێژینەوە و داهێنانیان لێ بکەین؟ یەکێک لە هاوەڵەکانی خۆم لە بەشی فیزیای کۆلیجی زانست، دوای چەند ساڵێک دکتۆرای لە نانۆ تەکنۆلۆجی لە کۆلیجی زانستی زانکۆی سەڵاحەددین وەرگرت. پێم وانییە لە هیچ شوێنێکی کوردستان دا، تەنانەت لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست-یشدا، قوتابییەکی نانۆ تەکنۆلۆجی ئامراز و کەلوپەلی تاقیکردنەوەکانی نانۆ تەکنۆلۆجی لەبەردەستدا بێت. ئەی چۆن دکتۆرا درا! ئەوە نیشانەی ئاستی لەنگی/ناهاوسەنگی توێژینەوە و بڕوانامەکانمانە. ئەگەر باس لە کەموکوڕییەکان بکەین، کڕۆکی بابەتەکە لەدەست دەدەین و کەموکوڕییەکانیش تەواو نابن.
زانست بەشێکی دانەبڕاوی پێشکەوتنی کۆمەڵگەکانە، ئامرازی دەست حکومەت و دامەزراوەکانە تا کاری خۆیانی پێ ئاسانتر بکەن و بە خەرجی کەمتر ئەنجامیان بدەن. لەگەڵ ئەوەی لە هەندێک باردا زانست تەمبەڵییش لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، بەڵام نەبوونی زانست گەڕانەوەیە بۆ چاخی بەردیین و تەنانەت کۆنتریش. هەنگاو هەڵهێنان بەرەو پێشکەوتنی زانستیی لەخۆڕا نایەت و بە تاکە کەسیش ناکرێت. لە هەموو ناوەند و بنکە زانستییەکاندا کۆمەڵە زانایەک پێکەوە کار دەکەن و کارەکانیان وەکوو تەقەڵی دورمان یەک لەدوای یەک دێن. دەبێت هەموو ئەو تەقەڵانە پێکەوە بن و لەڕیزی یەکتری بن، دەنا ناگەنە ئامانجی سووڕاندنی ڕەوەڕەوەکەیان.
لە کوردستان دا زانامان زۆرن، بەڵام توێژەرمان کەمن. مەبەستم ئەوانەی گەیشتوونەتە پلەیەکی بەرزی خوێندن و زانین بشێت ناوبندرێن زانا، هەن. بەڵام زۆربەی ئەو زانایانە پەرت و بڵاو و بێ توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی بە بەها و سەنگینن. کۆکردنەوەیان لە ژێر چەترێکی زانستییدا هەوڵەکانیان یەکدەخات و هەموویان پێکەوە دەتوانن وەکوو تەقەڵەکان ڕیز ببن.
با بەدوای باری سیاسیی کوردستان و تەنگژەی سیاسییماندا نەڕۆین. ئەگەر کەسێک کاری زانستیی خۆی و توێژینەوە و ئەنجامەکانی لەگەڵ سیاسەت و بیروبۆچوونی کەسیی خۆیدا تێکەڵکرد، ئەوا لە وەسفی زانابوون دەشۆرێت. زانا ئەوانەن زانست و بیروبۆچوونی تاکەکەسیی لێک جیادەکەنەوە. زانست بە ڕێڕەو و ڕێکاری خۆی و هاوسۆزیی بۆ بیروبۆچوون بەڕێی خۆی و ڕێکاری خۆی. خۆ لە هەموو جیهاندا زانا هەن لە هەڵبژاردندا دەنگ دەدەن و جەمسەرگرن بەڵام لە بنکە و سەنتەرەکانی توێژینەوەدا، تەنیا زانان و لە پێناو زانستدا کار دەکەن و هەر بەو نەفەسەوە خەسڵەتی زاناییان دەهێڵنەوە.
لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا بایەخێکی یەکجار زۆرم بە شوێنەوارەکانی کوردستان داوە. بڕێکی باشی ئەو توێژینەوە نوێیانەی لەو بارەیەوە لە کوردستان کراون، خوێندەوە و بۆ کوردی وەرم گێڕان و بڵاوم کردنەوە. بۆ ئەو مەبەستە کاتێکی یەکجار زۆرم تەرخان کردبوو. ئەگەر زۆرە هاوڕێیانم لە سۆشیال میدیا و کەسانی دیکە لە گرووپەکانی مێژوو و شوێنەواری کوردستان سوودیان لەو توێژینەوە نوێیانەی وەرم گیڕان و بڵاوم کردنەوە، دیتبێت. لەو ماوەیەدا بۆم دەرکەوت چەند زانا و پسپۆڕی باشمان لە شوێنەواردا هەیە، کەچی توێژینەوە و کنە و پشکنینیان کەمە. لە شوێنەواردا، وڵاتەکەمان لە ناوچە هەرە دەوڵەمەندەکانی جیهانە، دەبوو ئێمە لە پێشەنگی وڵاتانی جیهان بین. لە توێژینەوە و دۆزراوەکانی خاکی خۆماندا سەرقافڵە بین، بەڵام وانین.
شوێنەوار نموونەیەکە، کشتوکاڵ و ئاودێریی وەرگرە، چەند وڵات لە جیهاندا هەن جگە لە دیجلە، دوو ڕووباری گەورەی وەکوو زێی گەورە و بچووکی هەبێت؟ تا لە ٢٠١٤ بودجەی کوردستان نەبڕا، کشتوکاڵمان لە پاشی دەدا. کوان سەنتەرەکانی توێژینەوە لە بەرهەمە خۆماڵییەکان و کوا بانکی تۆوی ڕووەک و بەرهەمەکانی کوردستان؟
لە ١٩٤٧ لە هیندستان، جەواهیر لال نەهرۆ کابینەکەی حکومەتی خۆی ڕاگەیاند. جگە لەوەی سەرۆکی حکومەت بۆ خۆی بوو، هەر خۆی وەکوو وەزیری زانست و تەکنۆلۆجیا دانابوو. ئەوەی ناوی نابوو “دیدی زانستیی” بە کۆڵەکەیەکی هەرە سەرەکیی وڵاتەکەی دانابوو. بۆیە لە ١٩٤٨ لە کاتی دانانی بەردی بناغەی “پەیمانگەی نیشتمانیی زانست و تەکنۆلۆجیا”، گوتی “یاسا مرۆڤەکان ناگۆڕن، بەڵام دەتوانی کەشێکی لەبار دروست بکەی تا هەڵسوکەوتەکانی بە دیدێکی زانستییەوە ئاراستە بکەی”. ئەو گوتەیەی نەهرۆ تا دەرکەوتنی ئاکارەکانی ناسنامەی زانستیی هیندستان، کاریگەری هەر مابوو. لە دوای شۆڕشی گەلانی فەرەنسا لە ١٧٨٩، سنوورەکانی ناو فەرەنسا بەزێندران و ئەو هەرێمانەی بە پێوەری جیاجیا درێژییان دەپێوا، هەموویان هەڵوەشێندرانەوە و مەتر بوو بە تاکە پێوەر بۆ پێوانی دووریی و درێژیی. هەڵسووڕاوان (لەناویاندا ئەلبەرت ماسییز) ڕازی نەبوون فەرەنسا بە چەند پێوەرێک کار بکات، بۆیە هەموویان یەکخست. ئەوە یەکەمین ئاکاری ناسنامەی زانستیی فەرەنسای نوێ بوو.
گومان لەوەدا نییە نەهرۆ و ئەوانەی جڵەوی شۆڕشی فەرەنسایان لە دەست بوو، کەموکورتی زۆر لە تێگەیشتنیان بۆ زانست هەبوو. بە بیری کەسی ئەوکاتەدا نەدەهات جیهانی سەدەی بیست و یەک ئەوە دەبێت ئێستا هەمانە. بەڵام یەکەم کۆڵەکەی بناغەی ناسنامەی نیشتیمانی خۆیان داکوتا. ئەوەی سویسرا لە سەردەمانی جەنگی ساردی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا دا بەدەستی هێنا ئەوەبوو پڕۆژەیەی گەورە و بە بایەخی وەکوو سێرن (CERN)، یان پڕۆژەی ئەنجوومەنی ئەوروپا بۆ توێژینەوەکانی ناووک لە سەر خاکی ئەوان ببووە شوێنی کۆبوونەوەی زانایانی هەردوو بەرە. ئاوا ناسنامەی زانستیی و ئینجا بێلایەنیی خۆی دروستکرد.
بەشێکی زۆری ئاسیا، بۆ ماوەیەکی درێژ لە چەپۆڵکی وڵاتانی ئەوروپای سەردەمی شۆڕشی نوێی زانستیی دەربازیان نەبوو. بە تەواوبوونی کۆڵۆنیالیزم و دەربازبوونیان ئینجا لە بایەخی زانست تێگەیشتن، درکیان بەوە کرد تێکەڵکردنی هاوڵاتیانییان لەگەڵ زانستدا وڵاتێکی نوێ دروست دەکەن. هیندستان و چین گەیشتنە ئەو باوەڕەی بۆ دامەزراندنی وڵات، زانستیان پێویستە. هەردوو وڵات هەنگاوی گەورەیان لەو بوارەدا ناوە و لە هەڵکشانیشدان. هەر لەوێ، تایوان و سەنگافور، دوو نموونەی دیکەی پشتبەستن بە زانست نیشان دەدەن. تایوان یەکەمی بێ ڕکابەری هەموو تەختە ئەلکترۆنییەکانی (semiconductors) جیهانە، بەمەش ٩٠%ی بەرهەمی جیهان لەو جۆرە تەختانەیان لە دەستدایە، ئەمەریکا نیوەی ئەوانیان پێ ناکرێت. هەرچی سەنگافور-ەیە، لە خۆشگوزەرانترین و ئارامترین وڵاتەکانی جیهانە. ئەوانیش هەنگاوەکانیان پشتی بە زانست قایم کردبوو.
لە دوایین پەنجا ساڵدا، زۆر توێژینەوە و بڵاوکراوە سەبارەت بە ناسنامەی زانستیی گەلان هەبوون، بەشێکیان کەمێک لە ڕۆڵی زانست و تەکنۆلۆجیا لە داڕشتنی ناسنامەی گەلان زمانپارێز بوون، نەیانوێراوە خۆیان لەقەرەی ئەو بابەتە بدەن. گەشەی ئابووریی وڵاتان بەبێ پاڵپشتی بەهێزی زانست و توێژینەوەی زانستیی، دەپووکێتەوە. لە دوای ٢٠٠٣ لە باشوور گەشەی ئابووریمان هەبوو، بەڵام نە هێزی زانستی لە پشت بوو و نە گەشەیەکی سەربەخۆی ئابووری بوو، بەڵکوو لەگەڵ عێراق دا بەسترابووینەوە. بۆیە لەگەڵ لاسەنگبوونی هاوکێشە سیاسییەکاندا، گەشەی ئابووریمان پووکایەوە. ئەویش نەبووایە، هەر دەپووکایەوە چونکە پشتی بە زانست قایم نەکردبوو. بناغەی دانەکوتابوو، چەندی بەرزیش چووبا، هەر لەق دەبوو.
زانست ناتوانێت ناسنامەی زانستیی وڵات دروست بکات ئەگەر خۆی و بەرهەمی دامەزراوەکانی بە قووڵایی خەڵکدا نەچنە خوارێ، یان دەبێت زانایان فشار بخەنە سەر ڕای گشتیی و حکومەت، یان پڕۆژەکانی حکومەت ئەو کارە دەکەن. بۆ نموونە کاراکردنی کارتی بانکەکان لەجێی پارە و کاراکردنی حکومەتی ئەلکترۆنیی، جاریش هەیە فشاری خەڵک و ویستی چین و توێژەکانە ئەو کارە دەکات. لە وڵاتی ئێمەدا زانایان خاوەنی ئامرازەکانی ئەو جۆرە فشارە نین تا لەسەر خەڵک و حکومەت دروستی بکەن، کەواتە هەردەبێت چاوەڕوانی پرۆژەکانی حکومەت بین ئەو ئەرکە لە ئەستۆ بگرێت. بۆ ئەوەی زانست بە قووڵایی خەڵکدا بچێتە خوار، دەبێت پەرە بە گفتوگۆی زانستیی بدرێت. گفتوگۆی زانستییش تەنیا لە تاقیگە و ژوورەکانی کۆبوونەوەدا نابێت، بەڵکوو تێکەڵکردن و دەرفەتدانە بە شارەزایان و خاوەن ئەزموون تا بەشداری گفتوگۆیەکان بن و نەخشە و ئاکاری هەنگاوەکانی داهاتوو داڕێژن.
نیشتمانسازیی پرۆسەیەکی دوورودرێژی تۆکمەی ئاڵۆزە. بەڵام ئەگەر ئاڵۆز بوو، نەکردە نییە. بەڵکوو ویست و کاری حکومەتی دەوێت. لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو دوو هۆزی هەرە گەورەی ڕواندا، دوای کۆمەڵە ڕووداوێک، بەگژ یەکدا چوون. ململانێی چەندان ساڵەیان سەری هەڵدایەوە. بە بەرچاوی جیهان، لەماوەی سەد و سیانزە (١١٣) ڕۆژدا هوتو نزیکەی یەک ملیۆن کەسیان لە توتسی ڕواندا پاکتاو کرد. دوای دامردکانەوەی ئەو براکوژییە، سەرۆکی تازەی وڵات گەنجێکی کەم وێنەی پڕ زیندەخەو بوو، خەونی ئەوەی هەبوو وڵاتەکەیان ئارام ببێتەوە و نموونەیەکی نوێ لە ڕواندا نیشانی جیهان بدەن. هەرچەندە دەسەڵات تا ڕادەیەکی زۆر دیکتاتۆرە، بەڵام هەنگاوی بەرچاویان بۆ دامەزراندنی وڵات ناوە، گەشەی ئابووریی سەروو ٧%ە و خۆیان ناو ناوە سەنگافوری ئەفریقا. هێندەیان پیشەسازیی هەیە ١٦%ی کۆی بەرهەمی وڵات لە پیشەسازییاندایە. ڕواندا بە شێوازێکی دیکە دەستیدایە نیشتمانسازیی و سەرکەوتوو بوو.
پایەیەکی گرنگی وڵات و دامەزراندنی کایەکانی وڵات هەبوونی سەنتەرەکانی توێژینەوەی زانستییە. دەکرێت لە دوای پاراستن و ئاسایشی نیشتیمان، بە سەرەتای هەنگاوەکانی نیشتمانسازیی دایبنێین. گەلان، پێشکەوتنی خۆیان بە کارامەییان لە زانستەکاندا نیشان دەدەن. توانا و بەرهەمەکانیان لە زانستەکاندا وەکوو ئامرازی هێز و باڵادەستیی بەرانبەر یەکتری دادەنێن و سوودیان لێ وەردەگرن. بۆ ئێمەی کوردی باشوور کە دەسەڵاتمان بەسەر هەرێمەکەی خۆماندا هەیە، دامەزراندنی بنکە و سەنتەرە زانستییەکان پێویستییەکی لە پێشینەی نیشتمانسازییە.