سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

ڕەوکردنی عەقڵی یاخی و ڕەخنەکار

بەشی حەفتەم

دەنێو هەر هەموو ئەو وڵاتانەی کە ستەم و چەوسانەوە و نادادپەروەری و نایەکسانی و تەنگژەباریی سیاسی و ئابووری بوون بە فاکتەر و هاندەر و هۆکار بۆ کۆچ و ڕەوکردن و سەرهەڵگرتن، داهێنەرە هەقبێژەکان ڕاونراون و ناچارکراون بە گۆڕینی جوگرافیایەک بە جوگرافیایەکی دیکە. بەڵام هەموویان گوتوویانە کە نیشتیمان وا دەنێو مێشک و ڕۆح و دڵ و ویژدانی ئەوان دایە. بە واتایەکی دیکە، دەکرێت “نیشتیمان” ببێت بە دۆزەخ، بەڵام گوناهی خاک و ئاو و هەوا و خەڵکانی ڕەشۆکی و ستەمدیدەکان نییە، گەر بە نەفرەتیشی بکات وەک چۆن (دی. ئێچ. لۆرانس) نەفرەت لەو کەسانە دەکات کە نیشتیمانیان ناشیرین کرد کە بووە مایەی ئەوەی ئینگلتەرە بەجێبێڵێت و دەربەدەری وڵاتانی دیکەی ئەوروپا بێت، هەمان ڕۆحی ڕەخنەگرانەی ‘جەیمس جۆیس” و بێزاری لە واقیعێکی تاڵ و خیانەتکاری دەستەڵاتدارانی “ئێرلەندا” وایکرد کە ئەمیش وڵات بەجێبێڵێت و دەربەدەری وڵاتانی ئەوروپا بێت و غەریب بێت و لە “سویسرا” بنێژرێت!

 نەفرەتکردنەکەی ئەو زاتانە بۆ “نیشتیمان” نییە، سەرهەڵگرتن نییە لە زێدی خۆی کە سروشتێکی پاک و جوان و ڕەنگینە و لە باوەشیدا لە دایکبوون، ئەوان لە خاک و خۆڵ و هەوا و ئاو و ڕووبار و دەریاچە و شاخ و پێدەشت نەتۆراون، بەڵکو لەبەرئەوەیە کە ڕۆشنبیرە ڕەخنەگرەکان نەیانتوانیوە بە قەڵەم و کاغەزێک شەڕ لەگەڵ دیکتاتۆرە ستەمکارەکانی نێو وڵاتانی خۆیان بکەن، چونکە چارەنووسیان بەوە شکاوەتەوە کە بکەونە زیندان، یان دەستبەسەر بن و نووسین و بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانیان قەدەغە بکرێن. ئەو ستەمکارانەی کە وەک هەمیشە هێزی میلیشیا و جۆرەها چەک و جبەخانەیان هەبووە بۆ بەرگریکردن لە خۆیان و لە تاج و عەرشەکانیان. کەواتە نەفرەتەکە ڕووی لەو کەسانەیە کە وڵات بە لەوەڕگا و پاوان و ئاخوور و مانگای دۆشراو دەزانن و بەس، کە دەنێو هەر حەوت کیشوەرەکەدا هەن، بەوەی ئێمەشەوە. مەرجە ئەو ڕاستییە تاڵە بزانین کە نووسەران و ڕۆشنبیران و بیرمەندەکان بێجگە لە قەڵەم و کاغەز هیچی دیکەیان نییە، بگرە زۆر جاران سەکۆ و بڵنوگۆ و کەناڵێک شک نابەن کە تیایدا پەیامی خۆیان بگەیننە هاونیشتیمانیانی خۆیان.

تۆرانی گەنجان و خودنەفرەتی  

وەیاد هێنانەوەی ئەم چەند نموونەیەی سەرەوە کە بوون بە دەستەواژەیەک و گەنجانی خێرنەدیوی ئێمە لە پای نائومێدی خۆیان گوزارشتیان لێ دەکرد، کەچی بە دەستی ئەنقەست، ناحەزان پەرۆشی ئەوە بوون کە من بکەن بە خاوەنی ئەو ڕوانینە کە لە ڕاستیدا من لەو نووسەرانە قەرزم کردووە کە نموونەکان سەر بە جوگرافیای جیاوازن کە هەمان تاڵاویان چەشتووە لەژێر سایەی ناسیۆنالیزم و کۆمۆنیزم و فاشیزم و نازیزم و کۆی ئیزمەکانی دیکە، کە کار گەیشتە ئەوەی کە ناحەزانی من وای بنوێنن کە ئەوە منم لەسەر ئاستی کوردستانی باشوور هانی گەنجان دەدەم کۆچ و ڕەو بکەن و سەر هەڵبگرن و ئاوڕ نەدەنەوە. لە ڕاستیدا ئەوە خودی ئەزموونی تەنگژەبەری و قەیرانی ساڵانی دوای ڕاپەڕینە تاوەکو ئێستاکێ کە بوو بە مایەی کۆچ و ڕەوی خەڵکانی خۆمان، لە چین و توێژ و تەمەن و ڕەگەزی جیاواز؛ کە کەمترین لە خەون و هیوا و دروشمەکانی ڕاپەڕین نەهاتنە دی. ڕەوێک کە لە کۆچ و ڕەوی تاکە کەسییەوە بوو بە کۆچ و سەرهەڵگرتنی هەزاران خێزان. کۆچێک کە لە دوای ڕاپەڕینەوە دەبێت بە مۆد و دیاردە، کە تا هەنووکەش نەوەستاوە چونکە لەسەر ئاستی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و فەرهەنگی، ئێمە تاڵاوی ترسناکترین و کارەساتبارترین وەیشوومە و تراجیدیامان چەشتووە. ئەمانە لەکاتێکدا بوون کە هەموومان خەونی ئازادی لێمان بوو بە گەورەترین وەهم و سەراب و تراویلکە!

ئەمن لەو ڕۆژگارەدا کە کۆچ و ڕەو دەستی پێکرد، بە تین و تاو و بە لێشاو، کە لێیان پرسیم ئاخۆ کۆچ و ڕەوی ئەو خەڵکە چڵۆن دەبینم؟ لە باگۆی ئەم پرسیارەدا تێڕامانێکی خۆم درکاند و گوتم کە من وەڵامەکەم دەکەم بە پرسیارێک کە بەم چەشنەیە: “ئایا نیشتیمان ئەو دایکە بێوەژن و پیر و پەککەوتە بوو کە كوڕان و کچەکانی بە تەنیا دەنێو کەلاوەیەکدا بەجێیانهێشت؟ یان نیشتیمان ئەو باوکە زۆردار و دڵڕەق و زەبروەشێنە بوو کە بە زۆردارەکی کچەکان و کوڕەکانی خۆی ڕاونا و دەریکردن، کە هەر هەمووانی تەرە و تڕۆ کرد؟” دیسانەوە دەیڵێمەوە کە لە ڕوانگەی مندا نیشتیمان هەردووکیان بوو بەبێ بەراوردکاری و دادگاییکردنی هیچ کەسێک.

کۆچ و ڕەوکردن وەک دۆخێکی ناچاری

مەرجە ئەو ڕاستییە بزانین کە لەم سەردەمەدا سەدان هۆکار هەن بۆ کۆچ و ڕەوکردن. کۆچ و ڕەوکردن سەیر و سەمەرە نییە، مەردمگەلێک هەن کە لە هەمان جوگرافیادا دەژین کە لێی لەدایکبوون و هەر لەوێدا دەمێننەوە تا دوا ماڵئاوایی؛ کە ڕەوایە و هەقی خۆیانە. بەڵام سەیر و سەمەرە لەوەدایە کە خەڵکانی جێنشین لە هەمان جوگرافیادا کە جێنەگۆڕن بە خوایشتی خۆیان؛ کەچی پرسیار و گۆمانیان ڕووی لەو کەسانە بێت کە سەرگەرمی کۆچ و ڕەوکردنن و ڕوو لە تاراوگە دەکەن. گەرچی ئاشنان بە هۆکار و فاکتەرەکانیش؛ دیارە گیاندارە ئاوییەکان و باڵدارەکان و سەر وشکانی؛ بەگشتی لە نەسرەوتندان و پەرۆشن بۆ کۆچ، ئەوان هیچ نەبێت گەرمیان و کوێستان دەکەن کە سروشت بۆ خۆی ئەو ڕێ و ڕەسمەی خوڵقاندووە. بەڵام ئەو کۆچ و ڕەوکردنەی ئێمە مرۆڤکردەیە و زادەی مێژووێکە کە دەسەڵاتدارانی خۆپەرست و نارسیست دروستیان کردووە، نەک گەرمیان و کوێستان کردن، هەروەک باڵندەکان.

گەنجان، مێینە بن یان نێرینە، کۆچ دەکەن، ئەگەر دەسەڵاتداران و کاربەدەستان نەتوانن وەڵام بە خەون و خۆزگەکانیان بدەنەوە. ئەوسا لاوان کۆچ دەکەن؛ چونکە هەست دەکەن نە خەونەکانی خۆیان و نە هی تەمەندارەکان لەم وڵاتەدا وەدی نەهاتوون و وەدی نایەن. ئەمەیان لە کاتێکدایە کە ئەوان چاک دەزانن سامانی سەرزەوی و ژێرزەوی کوردستان خەیاڵییە و دەکرا و دەکرێت ژیانێکی شکۆمەندانە بۆ کۆی چین و توێژەکان دابین بکەن، ئەگەر گەندەڵی نەبێت!

کەواتە ئەگەر هەیکەل و پەیکەر و هەیلەمانی حکومەتی هەرێمی کوردستان فریا نەکەوێت و نەتوانێت پڕۆژە و پلان و ستراتیجی دوورمەودای هەبێت ؛ ئەوسا کۆچ و ڕەوکردن ناوەستێت؛ ئەگەر لە باری ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە خۆزگە و خەونی کچان و کوڕانی لاو جێکەوتە و جێگیر نەبێت. ئەوسا دەستەڵاتداران دەبێت بۆ هەمیشە چاویان لەوە بێت کە کۆچ و ڕەوکردن بەردەوام دەبێت، مەرجە ئەوان ئەو ڕاستییە تاڵە بزانن کە لە ئایندەدا ئەگەری ئەوە زۆرە تەخت و تاراج و عەرشەکانیان تێکوپێک بدەن، بە قوربانییەکی زۆریشەوە، مێژووی مرۆڤایەتی، سەدان نموونەی لەو جۆرەی تۆمار کردووە. لە هەنووکەدا، خەڵکی بەشمەینەت تەنها ئەوەندەیان پێ دەکرێت کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا مەزاق و لاقرتێ بەو کەسانە بکەن کە گوایە خۆیان بە شوان و کاپتن و ڕابەری میلۆینەها دەزانن!

ماویەتی

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • بوخچە
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO