سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

سەرچاوەکانی بيرى ڕەگەزپەرستى تورك

هيوا حەميد شەريف

لەناو هەموو ئەو گرووپە تورك نەژادانەى هەر لە سەدەكانى دەيەم و يازدەمى زايينيەوە لە ناوەڕاستى ئاسياوە ڕوويان لە ناوچەكانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست كرد، عوسمانيیەكان ديارترينيان بوون لە ڕووى مانەوە و پاشان دامەزراندنى دەوڵەتێكى يەكجار فراوان كە سنوورەكەى هەر سێ كيشوەرى ئاسيا و ئەوروپا و ئەفريقياى گرتەوە.

لە ڕاستيدا ئەو قۆناغەى فراوانخوازى عوسمانیيەكانى لە ڕێگاى داگيركاریى خاك و زەوى نەتەوەکانی ديكە تێدا ئەنجامدەدرا – كە ئەو كات ئايين ڕەگەزى سەرەكى جياوازيیەكان بوو نەوەك نەتەوە – سەرەتا بە سياسەتى خۆسەپاندنى ئايينى تێپەڕنەبوو، بەڵكو تاڕادەيەك لێبوردەيى ئايينى لەلايەن ميرە عوسمانيیەكان ڕەچاو كراوە. ئەم هەنگاوە ئەرێنيیە دەتوانرێت بە شێوەيەك لێكدانەوەى بۆ بكرێت كە عوسمانيیەكان لە سۆنگەى لە دەستدانى ئەو خاكەى لە سەرى ژياون، گرێى دەروونى دەست بە سەرداگرتنى “خاك”يان بۆ دروست دەبێت و ئامادە دەبن هەموو شتێك ببەخشن بەرامبەر بەدەستهێنانى خاك. هەر لەم گۆشەنيگايەوە ئامادەن ئازادى ئايينى بە کرستیانەکانی بەلقان و ناوچەكانى ديكەى ئەوروپا بدەن لە پێناو دەستگرتن بە سەر “خاك”ـەكانيان، واتە ئازادى ئايينى بەرامبەر خاك.

هەر لەم قۆناغەدا و لە سەرەتاى فراوانخوازيیەكان، يەكەم گرێى “ترسى مانەوە” لە دڵى توركە عوسمانيیەكان بەرامبەر ئەو ناوچانەى دەستيان بەسەردا گرتبوو دروست دەبێت، ئەم ترسە لەم گۆشەنيگايەوە سەرچاوەى گرتبوو كە ئەوان خاوەنى ڕاستەقينەى ئەم “خاك”ـانە نين و خاوەنى ڕاستەقينەيان ئەو ڕەگەزانەن كە لە كاتى هاتنى ئەوان لەوێبوون. بۆيە، بە مەبەستى كەمكردنەوەى ئەو ترسەيان كەوتنە ڕاگواستنى ژمارەيەكى زۆر لە موسڵمانانى تورك نەژاد بۆ ئەو ناوچە تازانەى دەستيان بەسەردا دەگرت.

بەمشێوەيە عوسمانیيەكان توانيان بۆ ماوەى چەند سەدەيەك حوكمى چەندان ڕەگەزى جياواز بكەن كە خاوەنى ڕاستەقينەى ناوچەكانى خۆيان بوون. ڕەوشەكە تا كۆتاييەكانى سەدەى هەژدەيەم كێشەى گەورەى لێنەكەوتەوە، كەچى هەر لە سەرەتاى سەدەى نۆزدەوە كە دەوڵەتى عوسمانى ڕوو لە لاوازبوون بوو، “ترسى مانەوە” لە بەشێكى زۆرى ناوچەكان سەريهەڵدايەوە. ئەوەى ئەم ترسەى لاى دەسەڵاتدارانى عوسمانى گەورەتر كردبوو، هەلومەرجى ئەو قۆناغە مێژوویيە بوو كە هاوكات بوو لەگەڵ سەرهەڵدان و پەرەسەندنى بيرى نەتەوەيى (ناسیونالیزم)، بە تايبەتى لەم ناوچە ئەوروپیيانەى كەوتبووە ژێر دەستى عوسمانيیەكان. سەرەنجام ژمارەيەك لە ڕەگەز و نەتەوەى ئەم ناوچانە لە سەر بنەماى ڕەگەزى جياواز و بە پاڵپشتى زلهێزەكانى ئەو كات لە دەوڵەتى عوسمانى جيابوونەوە.

“ترسى مانەوە” و “لە دەستدانى خاك” لە قۆناغەكانى دواتر بە تايبەتى لەگەڵ هاتنى ئيتحاديەكان بۆ دەسەڵات لە ١٩٠٨ گەيشتە لوتكە، دواجار ئايديولۆجيايەكى توندڕەوانەى مەترسيدارى وەك بيرى ڕەگەزپەرستى تورك و تورانيەتى بەرهەمهێنا، كە ساڵێك دواى كودەتاكە زۆر بە ئاشكرا لە سياسەت و گوتار و نووسين و دروشمەكانيان ڕەنگيدايەوە. كۆمەڵكوژییە گەورەکەى ئەرمەنەكان بەرجەستەكردنێكى پراكتيكيانەى ئەو بيرە ڕەگەزپەرستيیە بوو، تاوانێک كە لە ١٩١٥ لەلايەن كاربەدەستانى دەوڵەتى عوسمانى ئەنجامدرا . ئەوەى ئيتحاديەكان-يشى هاندا پەلە بكەن لە ئەنجامدانى كۆمەڵكوژيەكە ئەو بەڵێنانە بوو كە هاوپەيمانان لە سەرەتاى جەنگى يەكەمى جيهانى بە نەتەوەکانی ژێر دەسەڵاتى دەوڵەتى عوسمانيان دا بوو سەبارەت بە سەربەخۆبوونيان.

كاتێك جەنگى يەكەمى جيهانى بە شكستى دەوڵەتى عوسمانى كۆتايى هات، جيابوونەوەى ڕەگەزە ناتوركەكان لە دەوڵەت دەستی پێكرد و سەرەنجام جگە لە بەشێكى گەورەى نەتەوەى كورد و چەند گرووپێكى بچووك، تەواوى ڕەگەزەكانى ديكە جياكرانەوە و دەوڵەتيان بۆ دامەزرا. لە تێڕوانينى تورك كە دواى جەنگ سنوورى دەوڵەتەكەيان ڕۆژ لە دواى ڕۆژ بچووك دەبووەوە، ئەوە گەورەترين لێدان بوو لە نەتەوەكەيان، بۆيە پاش ئەم ڕووداوە “ترسى مانەوە” لاى توركەكان گەيشتە لوتكە و بوو بە هيستريا. كاتێكیش پەيمانى “سيڤەر” ڕادەگەينرێت، کە بەپێى بەندەكانى پەيمانەكە سنوورى دەوڵەتەكەيان زياتر بچووك دەبێتەوە و ناوچەيەكى بۆ كورد جيادەكرێتەوە كە خاكى خۆيانە، ئیدی تورکەکان بە هەموو شێوەيەك كەوتنە دژايەتى پەيمانەكە و گشت هەوڵێكيان خستەگەڕ بۆ هەڵوەشاندنەوەى. هەرچۆنێك بێت، دواجار لە ئەنجامى ژمارەيەك هۆكار پەيمانى سيڤەر بە پەيمانى لۆزان دەگۆڕدرێت و مافە نەتەوايەتيیەكانى كورد پێشێل دەكرێت و كەمالیيەكان سەركەوتوو دەبن لە دامەزراندنى كۆمارى توركيا.

بە باوەڕى توركەكان گەورەترين مەترسى لە بچووك بوونەوەيان لە ڕابردوو بوونى ڕەگەزى جياواز بوو لە ناو دەوڵەتەكەيان، ئەوان پێيان وابوو ئەو مەترسيە لە داهاتووش ڕووبەڕوويان دەبێتەوە، بە تايبەتى كە دەيانزانى بەشێكى كۆمارە تازەكەيان لەسەر خاکی كوردستان-ە، بۆيە بۆ ڕزگاربوون لەم مەترسيە هەستان بە داڕشتنى ئايديولۆجيايەك بۆ سيستەمى حوكمڕانى دەوڵەت كە ژێرخانە فيكريیەكەى لە سەر بنەماى ڕەگەز دانرا نەوەك هاووڵاتییبوون، كەتێیدا نکوڵیان لە بوونى هەر نەتەوەیەکی ديكە كرد لە توركيا جگە لە تورك، لەم چوارچێوەيەش كەوتنە پەيڕەوكردنى سياسەتى لە ڕەگوڕيشە هەڵكێشانى ڕەگەزى كورد.

   “ترسى مانەوە” بە درێژايى مێژوو سەرانى توركياى توشى گرێيەكى دەروونى ئەوەندە گەورە كردووە، بەتايبەتى بەرامبەر بە كورد، كە تەنيا بە ناوهێنانى كورد هستريا دەيانگرێت. لەلايەكى ديكە ئەو ترسە بۆتە ڕقێكى ئەوەندە گەورە، سەرانى توركيايان تووشى هەڵەى گەورە كردووە، تەنانەت پەنابردنە بەر گرووپى تيرورستى و بەكارهێنان و يارمەتيدانيان دژى كورد، وەك ئەوەى لە ڕۆژڤای كوردستان ئەنجامياندا.

لە ڕاستيدا ترس و هسترياى دەسەڵاتدارانى تورك گەيشتۆتە ئاستێك هەر بە سەركوتكردنى بزاڤە نەتەوەييەكانى باكوورى كوردستان ناوەستن، بەڵكو لە هەر شوێنێكى ئەم جيهانە هەست بە بەرەو پێشچوونى پرسى كورد بكەن ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەوڵى لە ناوبردنى دەدەن، بە تايبەتى لە بەشەكانى كوردستان، بۆ ئەمەش دەسەڵاتدارانى تورك تاوەكوو ئێستا باوەڕيان بە لۆجيكى بەكارهێنانى هێزى سەربازييە بۆ يەكلاكردنەوەى كێشەكان، بێجگە لەوەى پرسى نيشتیمان و نەتەوە بە هێز كۆتايى نايەت. دەسەڵاتدارانى تورك بەم لۆجيك و بيركردنەوەيان نەوەك هەر نەيانتوانيوە ئامانجە سەرەكييەكەيان بەدى بێنن كە خۆى لە لەناوبردن و كوشتنى ڕۆحى كورد دەبينێتەوە،بەڵكو بە پێچەوانەوە پرسى كورد و کوردستان ڕۆژ لە دواى ڕۆژ لە پەرەسەندندايە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO