سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

مەترسییەکانی کۆمێنتی زبر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا

عوسمان ساوجی

لە پێش بەدیارکەوتنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ کەسانی سادە مەحاڵ بوو بتوانن دەنگی خۆیان بگەیەنن بە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک. ئەوەش، یەکەم، بەهۆی فەراهەم نەبوونی سەکۆیەک بۆیان، دووەم، زۆرینەی تاکەکانی کۆمەڵگە بوێری ئەوەیان نەبوو لە بۆنەکان و لە بەردەم مایک و کامێراکاندا لێدوان بدەن. بەڵام دوای ئەو شۆڕشە میدیاییەی لە دەیەی دووەمی ئەم سەدەیەدا ڕووی لە وڵاتانی جیهانی سێ و لە ناویشیاندا کوردستان کرد، دۆخەکە تەواو گۆڕا.

تاکەکانی کۆمەڵگەی ئێمە بەنزیکەی هەمـوویان دەستیان ڕاگەیشت بە ئامێر و ئامرازەکانی گەیاندن، ئاشنای نووسین و چالاکییە میدیایی و هونەریی و زانستییەکانی زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسان و هونەرمەندان و شارەزایان بوون، تەنانەت بوون بەهاوڕێ لەم جیهانە نابەرجەستییەدا. لێرەوە دەرفەتی ئەوەیان بۆ ڕەخسا کە کۆمێنت بە هەردوو باری ئەرێنی ونەرێنی بنووسن. ئەگەرچی لە دنیای نووسین و ئەدەبدا ڕەخنەگرتن هاوشێوەی دەستخۆشی و هاندان پێویستە و گرنگە، ئەوەش لەپێناوی ئەوەی نووسەر و میدیاکار و شارەزایانی بوارە جیاوازەکان بەئاگاییەوە بنووسن و لێدوان بدەن.

دیارە پرسی کۆمێنت نووسین لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێستادا بووەتە جێگەی سەرنجی توێژەرانی کۆمەڵایەتی و دەروونناسان و مامۆستایانی بواری پەروەردە و مامۆستایانی ئاینی، هتد. دەکرێت ئەو کۆمێنتانەی  دەنووسرێن بەگوێرەی ناوەڕۆک و مەبەستەکانیان پۆڵین بکرێن، لەوانە کۆمێنتە ئەرێنییەکان ونەرێنییەکان. بەگوێرەی توێژینەوەیەک کە ناوەندی (PEW) ئەنجامی داوە زیاتر لە پێنج یەکی کۆمێنتەکان بە زمانێکی زبر نووسراون، ئەوانەی تریش سەرنج، پێشنیاز، دەستخۆشی، هاوسۆزی و هاوخەمی، هتد. بەڵام ئەوەی لێرەدا بۆ ئێمە جێی باسە کۆمێنتە نەرێنییەکانن بەگشتی و لەناویشیاندا ئەوانەی تیایاندا هێرش دەکرێتە سەر بەها نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان.

بەشێوەیەکی گشتی ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەبارەت بە کۆمێنت نووسین دەگوزەرێت دۆخێکی ناساز و ناتەندروستە لە هەموو بوارەکان (ئایین، سیاسەت، وەرزش، تەندروستی). تاکەکان بەبێ لەبەرچاوگرتنی پێگە و تەمەن و پلەی زانستی ئەوانیتر  دەچنە سەر پەڕە-واڵەکان و کۆمێنت دەنووسن. ئەوان پرسیار ناکەن، بەڵکو وتار و توێژینەوە و لێکۆڵینەوە زانستییەکان بەدرۆ دەخنەوە، وشەی زبر بۆ کەسایەتی ئەو کەسانە دەنووسن، مۆڕە، قاقا، فرمێسکیان بۆ دەنێرن بەبێ ئەوەی بیر لە ماناکانیان بکەنەوە.

لێرەدا گرنگە ئاماژە بۆ ئەو کۆمێنتانە بکەین کە مۆرکی سیاسییان هەیە و دەربارەی، یان لە دژی، بەها نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان دەنووسرێن یان نووسەرەکەی لەسەر بابەتێکی خزمەتگوزاری، ڕووداوێک، کارەساتێک دەینووسێت و تیایدا وشەی زبر بەرامبەر بەها نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان بەکاردەهێنێت. ڕۆژانە دەبینین لەو جیهانەدا سەدان دەستەواژەی نەشیاو بەرامبەر خاک، ئاڵا، نەتەوە، پێشمەرگە، هتد، دەنووسرێن. دەکرێت بپرسین ئایا نووسەر بەمەبەست ئەوکارە دەکات یان نازانێت و لەژێر کاریگەریی فشارە ئابووری و سیاسییەکان و کۆمەڵایەتییەکاندا ئەوە دەکات؟ لەوەش خراپتر ئەوەیە کە هەر ڕووداوێک یان پرسێکی هەرێمی دێتەکایەوە دانیشتوانی ناو ئەم جیهانەی کۆمەڵگەی ئێمە جارێکی تر دابەش دەبن بەسەر بەرەی “یار” و “نەیار”دا، ئەوەی ئامادەگی نییە، گفتوگۆیەکی زانستیی و دروستە، لەجیاتی ئەوە دەکەونە داپاچینی پیرۆزییەکانی یەکتری، کە لەو چوارچێوەدا پیرۆزییە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان پشکی شێریان بەردەکەوێت.

سەبارەت بە پێشنەی کەسیی ئەوانەی کۆمێنتی نەرێنی دژی پیرۆزییەکان دەنووسن، دەکرێت بڵێین لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە دابەش بوون بەسەر سەرجەم چین و توێژەکاندا، هەژار و ناوەند و باڵا، خوێندەوار، نووسەر، مامۆستا، پزیشک.، بەڵام زۆرینەن لەم بابەتەدا ئەمانەن:

یەکەم، زۆرینەی ئەوانەی کە لە دۆخی بەڕێوەبردنی وڵات ناڕازین و ناتوانن بەشێوازێکی دروست گوزارشتی لێبکەن.

دووەم، ئەوانەی باکگراوندی ئایینییان هەیە یان پەڕگیرن و بۆچوونیان وایە کە پیرۆزییە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان لەگەڵ بەها ئایینییەکان پێکەوە دانوویان ناکوڵێت و مرۆڤ دەبێت یەکێکیان هەڵبژێریت.

سێیەم، کەسانێک کە هەڵگری بیری نەتەوەیین بەڵام نائومێد بوون و کاردانەوەی نەرێنیان هەیە.

چوارەم، دەکرێت لەم نێوەندەدا کەسانێکیش هەبن کەوتبنە داوی پلانی نەیاران کە هەوڵی شکاندنی ئەو بەهایانە ئەدەن.

سەبارەت بە پەیوەندی نووسینی کۆمێنتەکان دەکرێت بڵێین کاریگەرییان لەسەر ئاسایشی کۆمەڵایەتیش هەیە، چونکە کاتێک لە کۆمێنتەکاندا زمانی زبر بەکاردێت بەرامبەر کەسێک، گروپێک، پارتێک، شوێن کەوتووانی ئاینێک یان ئاینزایەک، ئەوا لەبەرمبەردا سەدان کەسی تر کاردانەوەیان دەبێت و ژێر کۆمێنت (ڕیپلەی) دەنووسن وەڵامی توندتر دەدەنەوە بەرامبەر پیرۆزییەکانی کەسی دەستپێشخەر. بەوەش شیرازەی پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتیی تێکدەچێت و کێشە بۆ ئاسایشی وڵات دروست دەبێت وەک نەزاکەت حسێن حەمەسعید لە کتێبی “میدیا و سۆشیال-میدیا کاریگەری و چارەسەر” ئاماژەی بۆ کردووە.

ئەوەی خاڵی هاوبەشە لەم دیاردە کۆمەڵایەتییەدا ئەوەیە کە بۆ هەرمەبەستێک ئەوکارە بکرێت، زیانەکەی بۆخودی تاکی کوردە لەپێشدا، دواتریش یەخەی نەوەکانی ئایندە و کۆی نەتەوە دەگرێت بەوەی نەوەیەک دێتە بوون کە سڵ لە هیچ ناکاتەوە بۆ گەیشتن بەئامانجەکانی خۆی، چونکە ئەو نەوەیە ڕۆژانە بەچاو و گوێ دەبینێ و دەبیستی کە ئەو گرووپ و دەستانەی ئاماژەمان بۆ کردن گاڵتە وسوکایەتی بەو پیرۆزییانە دەکەن. ئەی چی ڕێگرە لەوەی ئەم دووبارەیان بکاتەوە، لەکاتێکدا وەک “ئیبن خەلدون” ئاماژەی بۆ کردووە مرۆڤ حەزێکی زۆری بۆ لاسایی کردنەوە هەیە.

بەکورتی، ئەو دەستەواژە جنێوئامێزانە ئەگەر لە جیهانی واقعیدا تەنیا کەسێک یان چەند کەسێک بیانبیستن، ئەوا لێرەدا لە چەند خولەکێکدا دەکرێت هەزاران کەس بیانخوێننەوە کە لێکەوتەی زیاتریان دەبێت. لە هەمانکاتدا بەگوێرەی یاسای ژمارە (٦)ی ساڵی (٢٠٠٨) لە مادەکانی (١، ٢ و ٣) کردن و قەرەبووی داراییان بۆ دانراوە ئەگەر سکاڵا هەبێت.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO