ڕەنگە هەندێک بڵێن، ناکرێت شارێکی بچووک لە ڕۆژاڤا (باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا) بەراورد بکرێت لەگەڵ وڵاتێکی گەورەی وەک تورکیا.کۆبانی شارێکی بچووکە لە ڕووی قەبارە و ژمارەی دانیشتوانەوە بە بەراورد بە تورکیا، بەڵام لە بەخشین و پێشکەوتن و خۆڕاگری لە دژی تیرۆردا گەورەیە. کۆبانی بە تێپەڕبوونی کات بووەتە ناوێکی گەورە.
ساڵی ٢٠١٤ دوور نییە لە یادەوەرییەکانمان، کاتێک داعش وازی لە داگیرکردنی ناوچەیەکی زەبەلاحی عێراق و سووریا هێنا و بەرەو شاری کۆبانی جووڵەی کرد و گەمارۆی دا. لەو کاتەدا بۆ یەکەمین جار لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا ژن و پیاوی کورد شان بە شانی یەکتر وەستان و بەرەنگاری توندوتیژترین گرووپە تیرۆریستیەکان بوونەوە. ئا لەو کاتەدا، تورکیا بە سەرکردایەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان چاوەڕێی بینینی ڕووخانی ئەو شارە بوو بۆ ئەوەی دڵخۆش بێت بە شکستی کوردەکانی سووریا.
من ناتوانم لە فۆتۆگرافەری جەنگی فەرەنسی ماتیڵد و فیلمەکەی “کچانی خۆر” یان ئەو فیلمەی کە هیلاری کلینتۆن پاڵپشتی دەکات، “کچەکانی کۆبانی” باشتر وێنای ئەو کچ و ژنانە بکەم، کە باسی بەجەرگیی و جوانیی و سەرسەختییەکانیان دەکات، لە شەڕی دژ بە داعش دا.
ئەردۆغان ئامادە نەبوو دەرگاکانی هاتنی خۆراک و چەک بەڕووی شاری گەمارۆدراوی کۆبانی بکاتەوە، لە کاتدا دەنگی سەرکردە و گەلی کورد لە شەقامەکانی تورکیا دا شەقامەکانی پڕ کردبوو و داوایان دەکرد ئەردۆغان پشتیوانی خۆی بۆ داعش و گەمارۆی سەر شاری کۆبانی ڕابگرێت. بەڵام ئەردۆغان لەبری وەڵامدانەوەی بانگەوازەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، سەرکردە کوردەکانی لە تورکیا دەستگیر دەکرد و تۆمەتباری دەکردن بە “پاڵپشتیکردنی تیرۆر”.
تورکیا یەکێکە لە نامۆترین وڵاتانی جیهان کە کەسانی ئاشتیخواز تۆمەتبار دەکات بە تیرۆر و زیندانیان دەکات، کەچی لە نەخۆشخانەکانیدا چارەسەری تیرۆریستانی برینداری داعش دەکات، ئەوە نەک بە قسەی ئێمە بەڵکو بەپێی میدیاکانی تورکیا لەو سەروبەنددا.
دۆسیەی کۆبانی لە تورکیا دۆسیەیەکی ناسراوی دادگایە. بەشێک لە سەرکردە دیارەکانی کورد لە تورکیا لەنێو ئەو کەسانەدا بوون کە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا. سەلاحەدین دەمیرتاش، فیگەن یوکسەکداغ و ئەحمەد تورک لەلایەن تورکیاوە دەستگیرکران و زیندانی کران. تەنها لەسەر خۆپیشاندانیان دژی داعش و لایەنگرانیان، سزای دەیان ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێندرا.
لە کۆتاییشدا کۆبانی بوو بە خاڵی دەستپێک بۆ کۆتایی هێنان بە داعش بە تەواوی. ئەمڕۆ لە کوردستانی سووریا کە بە دەستورێکی کاتی بەڕێوە دەچێت، ئیدارەیەکی هەمەڕەنگ بە ڕابەرایەتی کوردەکان لەو خەباتەی کۆبانی لەدایک بووە. ئەم دەستوورە بە یەکێک لە جوانترین دەستوورەکانی مێژووی ئەو ناوچەیە دادەنرێت لە ڕووی ئازادی و دیموکراسی و دادپەروەری و یەکسانی لە نێوان هەموو مرۆڤەکاندا. جگە لە یەکسانی نێوان ژن و پیاو و ئازادی هەڵبژاردنی ئایین و باوەڕ.
ئیدارەی خۆسەری ئەم هەرێمە، بڕیاریدا هەڵبژاردنی گشتی بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی خۆجێیی هەڵبژێردراو و پەرلەمانێکی هەڵبژێردراو بۆ دامەزراندنی بنەمای دیموکراسی و ئازادی ئەنجام بدات. لێرەوە سەرلەنوێ توڕەیی ئەردۆغان سەری هەڵدایەوە، دیسانەوە، ئا لەم ساتەدا، تورکیا هەڕەشەی لە ئیدارەی خۆسەری دەکات ئەگەر هەوڵی هەڵبژاردنی ڕێگای دیموکراسی بدەن، دەڵێت هێرش دەکەنە سەر ناوچەکە.
ئێمە پێمان سەیرە و تێناگەین داخۆ کەی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ناتۆ ڕێگری لە تورکیا دەکەن لە هەڕەشەکردن لە دیموکراسی و ئازادی و لەو کەسانەی کە خوێنی خۆیان لە پێناو جیهان (ئەوان) دا کردە قوربانی لە جەنگی دژی داعش دا؟