سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

وێناکردنی من وەک دژ و ناحەز بە نیشتیمان

بەشی چوارەم

‌هەڵبەتە جێگای خۆییەتی کە منی قەڵەم بەدەست چەندە هاوسۆز و دۆستانێکم هەبن، بارتەقای ئەوەش ناحەز و قاندڕ و ڕکابەرم هەبن، کە هەردوو بەرەی دۆست و ناحەز جێگای ڕێزی منن، بەڵام ناحەزەکان سەر بە ئایدیۆلۆجیای جیاوازن، دنیایی بێت یان مەزهەبگەرایی، کە ئەم کینەبازی دڕدۆنگییە بۆتە مایەی ئەوەی کە کۆی چالاکییەکانی من کە تۆمار کراون، بە ڕەنگ و دەنگ، جاروبار لە ماوەی ئەو ٣٣ ساڵەی ڕابردوو، بە دەستی ئەنقەست مۆنتاج و مقەستکاری تێدا بکەن، بۆ دوو نیازی بەدکارانە: یەکەمیان، وا دەرکەوێت کە من بێ مەزهەب و خودانەناسم، دووەمیان: ئەمن دوژمنی خاک و نیشتیمان و خانەوادە و کۆی سیستمی پەروەردەم. دیارە گرتە ڤیدیۆکان بە جۆرێک دەستکاری کراون کە ئەم دوو وێنە دژوارە بکەن بە پەرچەم و کۆی میراتی ئەدەبی و فکری من وا وێناکراوە کە من خیانەتکار و دوژمنی وار و خاک و نیشتیمانی خۆمم. هەڵبەتە ئەو کەس و زاتانە لەژێر چەتر و سێبەری هەر ئایدیۆلۆجیایەک بن مەگەر ناچار بووبن یان بە خوایشتی خۆیان تووڕە و تۆسنانە زێدە دڕدۆنگ و زویر بوون لە من تاڕادەیەک هەقیانە چونکە ئەوان ئاگادار نین لەوەی کەسانێک بە دەستی ئەنقەست دەستکاری ڤیدیۆکانیان کردوە و وایان کۆلاج و مۆنتاج کردووە کە ئەو وێنەیە بم کە ئەو بەدنیازانە دەیخوازن.

زەقترین نموونە کە مقەستیان تێدا خستە کار، گرتەیەک بوو، کە بە ئاسانی دەهات بە دەستەوە، ناوی محەمەد ماغوت (١٩٣٤-٢٠٠٦ )، شاعیری سووری، لابەرن کە من وەک نموونە ڕستە ناودارەکەی دەدرکێنم کە دەڵێت “هیچ شتێک بەم خاک و وڵاتە نامبەستێتەوە بێجگە لە پێڵاوەکانم”، کە بابای مۆنتێر نیاز پیس بووبێت یان لە مەزەندەی خۆی لە خۆشەویستییەوە ئەم خێرەی بە من بەخشیوە کە بووم بە کەتنکەر و دژە خاک و خەڵک، هاتووە ناوی “محمد ماغوت”ی شاعیری قرتاندووە و لایبردەوە، لە مۆنتاژێکی دیکەدا ناوی “محمد ماغوت”، سووک و باریک دەنگەکەی کز و خامۆش کراوە کە ئاسان نییە گوێبیستی بین، ئەم گرتە ڤیدیۆییە بە جۆرەها شێوە دەستکاری کراوە. دواجار وایانکردووە من ئەو کەسە بم کە هەر یەک لە دۆست و ناحەزەکانم خواستووییانە، کە ئیدی وەک کۆڕگێر و قسەکەر لە بری ناوی”محمد ماغوت”ی شاعیر ئۆتۆماتک من دەبم بە خاوەنی ئەو وتەزا و دەستەواژە ترسناک و گۆبەندهێنە. ئیدی قسە جەرگبڕەکەی “ماغوت” دەبێت بە تەوقی عەزایزیل لە ملی من دەئاڵیت! بەم شێوەیە، لە چەند ساڵی دوایی، هاوڕێیان، هەواداران، خوێنەرانی من، نووسەران، ڕۆژنامەنووسان، تا دەگاتە خەڵکی سادەی خاکپەرست و سێکولار و مەزهەبزەدە و سیاسەتبازەکان، کە منیان دەدیت، لێیان دەپرسیم کە بۆچی کەتنێکی وام کردووە؟

ئەوسا ناچار بووم بە نووسین لێرەدا کۆی ماجەرا و گەمەی ناجۆری ناحەزەکانم بگێڕمەوە، بەڵام هەن هەمان قەوانیان خستە سەر و هەمان بووق و شەیپوریان لێداوە کە گوایە من زێدە توندڕەو بووم لە ڕوانینم بۆ چەمکی نیشتیمان و ژیان و ڕەوتی سیاسەتکردن لە باشووری کوردستان. کۆی ئەم ناڕەزایی و گومانکردنە لە ڕوانینی من بۆ نیشتیمان بارگاوییە بە قین و کینەبازی و چەواشەکاری. کەم و زۆر، زارەکی و ڕووبەڕوو ملی منی دەگرتەوە، یان لە ڕێگەی تۆڕی بەربڵاوی کۆمەڵایەتی، بێ ئەوەی وردەکاری دەستکاری ڤیدیۆکە بزانن، یان زۆر باش گوێیان نەگرتووە و ڕووکەشی قسەکانیان وەرگرتووە، نەک ڕۆح و کڕۆکی بابەتەکەی من.

دێمەوە سەر ئەسڵی بابەتەکەی کە لە پای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەکە بەرپا بوو لە ٢٠٢١، کە وەها ساز و ئامادە کرابوو کە بە ڕەهایی وا بنوێنێت کە من بێبەری بووبم لە خاک و خەڵکی خۆمان، بگرە ناحەزم بەرامبەر بە خودی “نیشتیمان”. کۆمێنت و ڕەخنەکان پتر وەها دەردەکەوتن “قۆچانی ڕەش” و “کۆمپیالە” و “تاپۆ”ی نیشتیمان لە لای ئەو کەسانە بێت و بە مافی خۆیان دەزانی دادگاییم بکەن، کە تاوەکو ئێستا بەردەوامە. بە گوێرەی ژمارەی دانیشتوانی کوردستان کە چەندین ملیۆنە، ئەوانەی سەرزەنشت و دادگاییم دەکەن، دەتوانم بڵێم کەمینەیەکن، بەڵام ئەگەر یەک کەسیش بێت کە لە من داخدار بێت، بۆ من وەک مۆڕاڵ و ڕەوشتمەندی، ناچارم وەڵامم هەبێت و ئەمەکدار بم بۆ مێژووی خۆم وەک ئینسان و کوردزبان و نووسەر و هاونیشتیمانی، چونکە مەترسییەکە لە هەنووکەدا نییە، دەکرێت لە ئایندەدا ناحەز و نیازمەندی خراپەکار کەڵک لەم تۆمارە وەربگرێت و ئایندە و داهاتووی منی پێ لەکەدار بکات!

دووەمین ئاماژەم دەنێو کۆڕەکانمدا هەمیسان کەوتە سەر “محەمەد ماغوت”، کە بە ڕۆحێکی یاخیگەرانە و گومانکردن لە چەمکی “نیشتیمان” خۆی ڕادەگەێنێت. گوایە “هیچ شتێک ئەم نابەستێتەوە بە وڵات و خاکی خۆی بێجگە لە پێڵاوەکانی”. ئەوە تەنها گوفتار و ڕوانینی ماغوت نییە، بەڵکو زادەی هەست و نەستی هەزاران کەسە دەنێو جیهانی عەرەبیدا هەیە؛ کە بزاف و بەرخودانی” بەهاری عەرەبی” دەرئەنجام و هۆکار وایکرد محەمەد ماغوت بە دەنگێکی دلێرانە درکاندوویییەتی کە نیشتیمان “دێوجامە”یە؛ بە واتا تەنها مەبەستی “سووریا” و “شام” و “دیمەشق” نییە، چونکە ماغوت ناسیونالیستێکی “پان عەرەبیزم” بووە، بەڵكو مەبەستی کۆی “جیهانی عەرەبی”ییە لە “مەغریب”ـەوە بۆ “نیوە دورگەی عەرەب”. دواتر، ئەم دەستەواژە تووڕەیە بوو بە دروشمی سەر لاپەڕەی ئەکاونت و واڵەکان و پەیچی هەزاران، کە ئیدی پانتایی بەربەرینی تۆڕی کۆمەڵایەتی تەنییەوە و تەشەنەی کرد؛ هاوکات لە زۆر لە وڵاتانی نێو بازنەی “ڕەشهەڵاتی ناوەڕاست” کە تا هەنووکەش بەردەوامە.

من سەرسامم کە لە ناو وڵاتێکی وەک “سووریا”ی ڕەفتارفاشیست و شۆڤێنیست و نارسیست و دەمارگیر لەسەر ئاستی نەتەوەگەری، کە حیزبی بەعسی عەرەبی فەرمانڕەوا و کاربەدەست بووە، کەچی بە وشەیەک گازاندە و گلەیی و سەرزەنشتی شاعیرەکەی خۆیانیان نەکرد و خامۆشانە قسەکەی تێپەڕی بێ ئەوەی دادگایی بکرێت؛ نە بە فەرمی و نە لەسەر ئاستی مللیگەرایی، نە ئەندام و نە سەرانی حیزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراکی، نە جەماوەر و نە سیاسەتمەدارەکان و نە مەلاکان و نە قەشەکان، بە یەك وشەش سەرزەنشتیان نەکرد، نە ئەوسا و نە ئێستا چونکە ڕاستگۆیانە هاوسۆزی ئەو خەڵکە بوو کە بێزرا بوون لە نیشتیمانێک کە ببووە موڵکی لۆردەکانی دەسەڵاتدار!

میراتگەری ناحەز و خۆسەپێن و زاڵ و پیرۆزیی

ئەو ٣٣ ساڵەی کە گوزەشت، وەک ئەوە وایە کە ئەم خاک و خەڵک و نیشتیمانە بە میرات بۆ ژمارەیەک لە چین و توێژی تایبەت بە دەستەڵاتداران مابێتەوە، کە پتر ناز و فیزێک دەنوێنن کە سەر بە ماڵباتی “ڕۆیاڵ” و شاهنشاهی بن. دیارە زۆرینەی خەڵکانی باشووری کوردستان ئەو ڕاستییە دەزانن، چ دەستەبژێری خوێندەوارانی فەرهەنگدار بن و چ خەڵکانی نەخوێندەوار و بێسەواد بن، کە “نیشتیمان” لەژێر سایەی ئەوانی فەرمانڕەوا و بڕیاربەدەست بۆتە دوو جوگرافیای جیاواز، نیشتیمانی هەژاران کە بە ملیۆنانن؛ لەگەڵ نیشتیمانی دەستەڵاتدارانی بوغرا و زێدە زاڵ و نارسیست. هەر ئەم جیاوازییەشە کە وایکرد کە لە سەرەتای ڕاپەڕینەوە تاوەکوو ئێستاکێ خەڵکی ئەم هەرێمە لە کۆچ و ڕەوکردن نەوەستاون، دەریای ئیجە و دەریای سپی ناوەڕاست شایەدحاڵن کە هەقە ناوەکەی بگۆڕین بۆ “دەریای سووری ناوەڕاست”، کە بە خوێنی هەزاران لە خەڵکانی ئەفریقایی و ئاسیایی سوور بووە. خۆ ئەو مەردمگەلە بۆ مەلەوانی و سەیران نەچووبوون، ئاخۆ کەسانێک هەن بە دەیان پێکەوە سواری بەلەم و چووپ و گەمی ستۆک بن کە دەشزانن ئەگەری خنکان چاوەڕوانیان دەکات!

من ڕستەکەی ئەوم دووبارە کردەوە کە وەک سەرزەنشت ڕەخنەگرانە بۆ هەموو وڵاتانی “ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” جێکەوتە بوو، کە ببوو بە دروشم و بانگەشەی شەو و ڕۆژانە، بە تایبەتی لە ساڵی ٢٠١٤ دا، لەسەروبەندی داگیرکردنی “موسڵ” لە لایەن “داعش”ـەوە؛ ئەوکات قسە و دەستەواژەکەی محەمەد ماغوت تۆڕە کۆمەڵایەتیی و دیوار و واڵ و ئەکاونتەکانی فەیسبووکی هەزاران لە کچان و کوڕانی تەنیبۆوە، بە هی ئێمەشەوە. ئەوانەش کە نەفرەت و بێزاریان لێدەباری و ڕێگای هاتونەهاتیان گرتەبەر بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ئەودیو زەریاکان، ئەو “ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە”ی کە ڕۆماننوسی پەرجووداری عەرەب عەبدولرەحمان مونیف ناوی نابوو “ڕەشهەڵاتی ناوەڕاست”، لە ڕۆمانی “سەرزمینی ڕەش”، هاوکاتیش لە ڕۆمانی “رۆژهەڵاتی ناوەڕاست” کە لە ناوەڕاستی هەشتاکان بڵاوی کردەوە؛ کە بوو بە تەوراتی گەنجانی جیهانی عەرەبی، کە لەسەر زمانی کارەکتەرێکی سەرەکی ڕۆمانەکەدا بە ناوی “ڕەجەب” کە ئەویش نموونەی ئەو هەزارانەی نێو جیهانی عەرەبییە، خۆی ڕادەستی “دەریای سپی ناوەڕاست” دەکات تا بگاتە یۆنان کە پێشتر لە زیندان توندی دەکەن بێ ئەوەی هیچی کردبێت. لەوێ لە ئینسانەوە دەیکەن بە مەیموون، بە موعجیزەیەک لە زیندان ڕزگاری دەبێت و سواری پاپۆڕێک دەبێت و ئاوڕ دەداتەوە و بە حەسرەتەوە دەڵێت؛ خۆزگە بە خۆزیداران ئەم  “ڕەشهەڵاتی ناوەڕاست”ـە دەبوو بە زەلکاو و زۆنگاوی بۆق… ملیۆنان بۆق و بەس!

ماویەتی

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO