چەند ڕۆژێکە سوپای تورکیا بە بێمنەتانە هەرێمی کوردستانی داگیرکردووە و حیساب بۆ کەس ناکات، نە حکومەتی بەغدا و نەهی ماوە بەسەرچووی هەرێم نقەیان لێوە نەهاتووە.
سوپای تورکیا بەدرێژایی تەمەنی هەرێمی کوردستان بەبەردەوامی دەستدرێژیی کردووتە سەر خاکی هەرێمی کوردستان. دوای ئەوەی لە چەندین ناوچەی هەرێم بنکە و سەربازگەی خۆیان چەسپاندووە، وەک ئەوەی دێرەلۆک، ئامێدی، چیای مەتینا، زێلکان، چیای باشیک وچەندین شوێنی دیکە. لەم سەربازگانەیان بە ویستی خۆیان تەراتێن و هاتووچۆ دەکەن و فڕۆکە جەنگییەکانیان لێ دەنیشنەوە و هەڵدەفڕن. بە ئارەزووی خۆیان هەر شوێن و ناوچەیەکی بیانەوێت بەپاساوی هەبوونی پە(کە)کە تۆپباران و موشەکباران و کۆمەڵکوژی دەکەن.
من تەنیا باسی سنووری بادینان دەکەم، دەیان گوند و سەدان و هەزاران خانەوادە ماڵوحاڵ و ڕەز و باغی خۆیان بەجێهێشتووە، کە تەواوی سەرچاوەی ژیانیانە. وێڕای ئەوە، بە دەیان هاووڵاتیی بێتاوانی ئەو ناوچانەیان لەسەر ماڵ و ڕەزی خۆیان کوشتووە و کەسوکارەکانیان نەیانتوانیوە تەرمەکانیان بهێننەوە. ڕۆژانەش دەنگی بۆمبەکان بوونەتە ئاوازی گوێی دانیشتوانی ناوچە چیاییەکانی کوردستان.
حکومەتی هەرێمی کوردستان نە هیچی لەدەست دێت و نەهیچیش دەکات بۆ وەستاندنی ئەو هێرشە بەردەوامانەی تورکیا. ئەوەی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت دەیکەن وەک ناڕەزایەتی تەنیا نیگەرانییەکی ساردوسڕە، هەروەک چۆن هاووڵاتییانی بێدەسەڵاتی هەرێم نیگەرانن هەر ئەوەندە و هیچی تر نا. بەهەمان شێوە سەرۆکی عێراق و سەرۆک وەزیرانەکەیان جارجار وەکوو مریشکەکورک دەنووک لە زەوی دەدەن و هیچی تر نا. ئەسڵەن تورکیا حیساب بۆ عێراق ناکات، چ جای هەرێم.
لەسەروبەندی ئازادکردنەوەی شاری مووسڵ لەدەستی داعش، تورکیا هاتەپێش و گوتی ڕۆڵی کارام دەبێت، چەندی سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق پێداگیری کرد کە نایانەوێت بەشداری فیعلی بکەن، بەڵام تورکیا بەتوندی وڵامی دانەوە و خودی ئەردۆغان گوتی: “ئێمە گوێ بە سەرۆک وەزیرانی عێراق نادەین و ئەوەی بمانەوێت دەیکەن و هەر بەشداری فیعلی لە ئازادکردنەوەی مووسڵ دەکەین”. بەم پاساوە تورکیا سەربازگەیەکی لە زێلکان لە پشت چیای باشیک دامەزراند و سەربازەکانی خۆی هێنایە سەر چیای باشیک و بەکاری هێنا. تا ئێستا ئەم تانک و سەربازگەی لەوێ هەر ماوە.
بەپێی سەرچاوەی ڕێکخراوێکی ئەمریکی چەند ڕۆژێکە سوپای تورکی 300 تانک و زرێپۆشى هێناوەتە ناو هەرێمى کوردستان. لەنێوان گوندەکانی بابیرێ و کانی بەلاڤێ لە سنوورى بادینان خاڵێکی پشکنینیان داناوە و ڕێگا بە هاونیشتیمانیان دەگرن لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکەن
و بە قووڵای 20 كیلۆمەتر لەناو خاكی هەرێمن.
لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا، نزیکەى هەزار سەربازى تورکیا لەنێوان بارەگای سەربازیی گرێ باروخ و چیای مەتین لە پشتی ناحیەی بامەڕنێ دەسووڕێنەوە. لەبەرەبەیانى 25 ى حوزەیرانەوە خاڵێکی پشکنینیان لەنێوان گوندەکانی بابیرێ و کانی بەلاڤێ جێگیر کردووە و هەر هاووڵاتییەکی لەو ناوچەیە هاتوچۆ بکات ناسنامەی عێراقی لێوەردەگرن و دوای پشکنینی ناسنامەکەی ڕێگەی پێدەدرێت بڕوات.
تورکیا دەیەوێت لە ناحیەی شیلادزێ بۆ قەزای باتیفا هێڵێکی ئەمنی بکێشێت، هێڵەکە بە ناحیەی دێرەلووک و بامەڕنێ و بێگۆڤا دا تێبپەڕێت، بەمەش هەموو گوند و شارەدێ و زەوی و دۆڵ و خاک و ئاوی پشتی ئەم هێڵە لەژێر کۆنتڕۆڵی سەربازی تورکیا دا دەبێت. ئەگەر هەر پێکدادانێکیش لەم ناوچەیەدا ڕووبدات ئەوا لەناو ئاواییەکاندا دەبێت و شارەدێکانی ئەو ناوچەیە ببنە گۆڕاپانی شەڕ.
جگە لەمە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوو، تورکیا لە سنووری زاخۆ لەناو خاکی هەرێمی کوردستان بیری نەفتی لێدا.
ئەرێ هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێم لە کوێ نووستوون؟