سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

گرنگی هەڵبژاردن لەنێوان باشوور و ڕۆژاڤای کوردستان

عوسمان ساوجی

فەرمانڕەوایی وەک دیاردیەکی ڕامیاری بەرهەمی کارلێکی تاکەکانی کۆمەڵەگەی مرۆییە بۆ بەردەوامی و بەهێزکردنی پایەکانی دەسەڵات. هێزی فەرمانڕەوا پێویستی بەبوونی جۆرێک یان چەند جۆرێکی شەرعیەت هەیە، جا ئەوە شەرعیەتی شۆڕشگێڕیی، بۆماوەیی یان هەڵبژاردن بێت چونکە دەسەڵاتی سیاسی بەبێ بوونی شەرعیەت ئەستەمە بتوانێت بەسەقامگیری بمێنێتەوە.

هەڵبژاردن بەگوێرەی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بەشێکی گرنگە لە ئازادیە بنەڕەتییەکان و مافێکی ڕامیارییە کە لە یاسای نێودەوڵەتیدا جێیکراوەتەوە، ئەویش پاڵپشت بە جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ ساڵی ١٩٤٨. ئەم مافە (بەشداریکردن لە هەڵبژاردن) لەلایەن سەرجەم دەوڵەتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان دانی پیادا نراوە. لەو بارەوە ریتچارد تچارمبرز دەنوسێت: بەشداری ڕامیاری لە دەسەڵات و کاروباری گشتیدا گرنگە بۆ دڵنیابوون لە سەقامگیری پایەکانی فەرمانڕەوایی، ئەوەش بەڕوونی لەمادەی ٢١ ی پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی هەڵبژاردن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا ڕوونکراوەتەوە بەمشێوەیە:

یەکەم، هەموو تاکێک مافی بەشداری هەیە لە کاروباری گشتی وڵاتەکەیدا، جا بەشێوازی ڕاستەوخۆ یان لەڕێگەی نوێنەرە هەڵبژێردراوەکانیەوە بێت، بە ئازادانە.

دووەم، هەموو تاکەکان یەکسانن لەو مافەدا.

سێیەم، ویستی گەل سەرچاوەی شەرعیەتی دەسەڵاتە، ئەوەش لەڕێگەی هەڵبژاردنێکی ئازادانە و بێگەرد و نهێنی گوزارشتی لێدەکرێت.

دیارە گەلی کوردستان ماوەیەکی دوورودرێژ لە مافی خۆبەڕێوەبەری ڕامیاری بێبەش بووە و دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستانیش نەک دەرفەتی ئەوەیان بە تاکی کوردستانی نەداوە بەشدار بێت لە دەسەڵات یان بە ئازادانە نوێنەری خۆی هەڵبژێرێت، بەڵکو بوونیشی لەژێر هەڕەشەی ڕاستەقینەی نەمان بووە. بۆیە تا ئەوکاتەی بەفەرمی بەشێک لە باشووری کوردستان ئازاد نابێت، کورد ناتوانێت سوود لەو پڕۆسە دیموکراسییە ببینێت و پیادەی بکات. ئەگەرچی دوای ساڵێک لە ئازادکردنی بەشێکی باشووری کوردستان یەکەمین هەڵبژاردن لەلایەن هێزە پێکهێنەرەکانی بەرەی کوردستانییەوە بەڕێوەدەچێت، لەوەش بەدواوە بۆ هەمیشە یەکێک لەو بەها سیاسیانەی هەرێمی کوردستان شانازی پێوەکردووە هەبوونی دەسەڵاتێکی شەرعی وهەڵبژێردراوی گەل بووە، کە ئاماژەیەکی بەهێز بووە بۆ پیادەکردنی سیستەمێکی دیموکراسی. بەڵام سەرەڕای باشیەکانی خاڵێکی لاوازی ئەم پرۆسە دیموکراسییە پابەند نەبوون بووە بە ئەنجامدانی لەوادەی خۆیدا. کۆتا جاریش بریتی بوو لەدواخستنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیار بوو لە ١٠ی حوزەیران بەڕێوە بچێت سەرباری خواستی زۆری لایەنە ناوخۆییەکان و هاندانی دۆستەکان لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی. ئەوەش بووتە هۆی ئەوەی کە هەرێمی کوردستان بکەوێتە بۆشایی یاسایی. دواتریش سەری کێشاوە بۆ لاوازی حکومەت لەبەردەم ئەو کێشانەی ڕووبەڕووی دەبێتەوە.

هاوکات، بڕیارە هەڵبژاردن لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری ڕۆژاڤای کوردستان کە وابڕیار بوو لە ١١ ی تەموزی ٢٠٢٤ بەڕێوەبچێت، ئەوەش دوای ئەوەی زیاتر لە دە ساڵە هێزەکانی سووریای دیموکراتی توانیویانە  پارێزگاری لە قەوارەی ئیدارەکە بکەن، سەرباری بەردەوامی هێرشەکانی تورکیا و هێزە گرێدراوەکانی و داعش و فشارەکانی حکومەتی سووریا …..هتد. بڕیاری هەڵبژاردن پشتئەستور بووە بە مادەکانی ٤٩-٥٣ ی ئەو گرێبەستە کۆمەڵایەتییەی لە ١٣ ی کانوونی یەکەمی٢٠٢٣ پەسەند کرا. ئەو بڕیارە هەرزوو سەرنجی لایەنە ناوخۆییەکانی سووریا و هەرێمی و نێودەوڵەتی بۆخۆی ڕاکێشا. تەنانەت سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستی تورک داوای کاری پێکەوەیی لەگەڵ حکومەتی دیمەشق کرد بۆ لەباربردنی ئەو پرۆسەیە، ئەوەش بەپاساوی ئەوەی هەڵبژاردن شەرعیەتی یاسایی دەدات بەئیدارەی خۆسەری و مەترسی هەنگاونانی بۆ سەربەخۆیی هەیە، بە گوتەی ئەو! چەند ڕۆژێک دواتریش قوسەی زەحاک نوێنەری سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەداوە کە ئەو هەڵبژاردنە بەپاڵپشتی ئەمریکا ئەنجام دەدرێت و ئەوان دانی پیادا نانێن.

بۆ بەراوردکردنی ئەو دوو حاڵەتەی دواخستنی هەڵبژاردن دەکرێت بەکورتی ئاماژە بۆ ئەوە بکەین، کە هەر ڕۆژێک دواخستنی هەڵبژاردن لە باشووری کوردستان زیانی گەورە بە ئایندەی پرۆسەی سیاسی و دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت، کە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیش چاودێری دەکرێت و ڕەخنەی لێ دەگیرێت بەتایبەت لەو ڕووەوە کە هیچ بەربەستێکی یاسایی و مەترسیەکی لەبەردەمدا نییە. ئەوە لەکاتێکدا کە دەسەڵاتی سیاسی ڕۆژاڤای کوردستان سەرەڕای چەندین ئاستەنگ، هەوڵی جددی داوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن (شارەوانییەکان). کە ئەوەش خاڵێکی بەهێزە بۆ ئیدارەکە چونکە لە ئێستادا زۆربەی جومگە هەستیارەکانی دەسەڵات لەدەستی پەیەدە دایە و هیچ گرەنتییەکی ڕەهاش نییە دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بەشێک لە دەسەڵاتەکانی بۆ لایەنەکانی تر نەڕوات.

ئەگەرچی هەڵبژاردنەکە لەژێرفشاردا یان بەڕێککەوتن و داواکاری ئەمریکا بۆ مانگی ئاب دواخرا، بەڵام ئەمە هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە هەڵبژاردن بۆ هەر هێزێکی فەرمانڕەوا بەگشتی و بەتایبەتی کورد دەکرێت ببێتە بناغەی حوکمڕانییەکی پەسەندکراوی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی. لەبەر ئەوە دەکرێت لە هەر شوێنێک کورد توانی دەسەڵاتی ڕامیاری بگرێتە دەست و زەمینەکە لەباربوو دەستوبرد بکات لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ئەوە وەڵامێکی کاریگەر دەبێت بۆ ئەو بانگەشە دوژمنکارانەی نەیارانی گەلی کوردستان کە بۆ بزاوتی ڕزگاریخوازی کوردستانی دەکەن لە ڕابردوو ئێستا و داهاتوو.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO