نووسینی: جۆن بولۆک
وەرگێڕان و کورتکردنەوە بە کەمێک دەستکارییەوە: هەڵکەوت پشدەری
ئێستگەی بەغدا لە ١٩٣٦ دامەزراوە و لە ١٩٣٩ یەکەم پەخشی بە زمانی کوردی هەبووە. لە ماوەی حوکمی داگیرکاریی ئینگلیز لە نێوان ١٩١٨ بۆ ١٩٣٢، خوێندن بە کوردی تەنیا تا لە قۆناغی سەرەتایی هەبوو. بە دەگمەنیش نووسراوەکانی دەسەڵاتی ئەو کاتە بە زمانی کوردی دەردەچوون. چاکسازیی لە بەشی سۆرانی زمانی کوردی دا بە پیتی لاتینی ڕێی پێ نەدەدرا. کورد لە عێراق وەکوو وڵاتەکانی دیکە دووچاری داپڵۆسین بوون، بۆیە یەکەمین پەخشەکان بە زمانی کوردی، فەوتا. هونەرمەند “باکووری” لە پەڕتووکەکەیدا باسی یەکەمین پەخش دەکات و دەنووسێت: “خەڵک یەک دوو گۆرانی کوردی گوێ لێ دەبوو، دواییش هەواڵەکانی جەنگی دووەمی جیهانیی دەخوێنرانەوە”. لەوەندە زۆرتر، شتێکی وامان لە لەبەردەست نەماوە. یەکەمین گۆرانی کوردی بایەخی تۆمارکردن لە عێراق نیشان دەدات، چونکە زۆر بەر لە دامەزراندنی ئێستگەی بەغدا، تۆمارکردن هەبوو.
لایەنی دووەمی پەخشی ئێستگەی بەغدا، ئاستی کۆنتڕۆڵ و نەخشەی داڕێژراوی ئینگلیز لە کاریگەریی داگیرکەر لە ماوەی جەنگی دووەمی جیهانیی لەسەر ئێستگەی بەغدا و سیاسەتی ناوخۆ لە عێراق دا نیشان دەدات. دواتر دەرکەوتنی پەخشی کوردی لە “یافا” و “بەیروت”یش هێزی داگیرکەری ئینگلیزی لە چەقێکدا کۆدەکردەوە تا تەواوی پەخش و تۆماری عێراق لە خزمەت خۆیاندا بێت. هەردوو توێژەر لەو بابەتە ستیفن بلوم و ئەمیر حەسەنپوور پێیان وایە پەخشی ڕادیۆ وای لە گوێگرانی کورد کرد، ڕۆژانە گوێیان بە گۆرانی و میوزیک ئاشنا بێت. بەڵام چۆن توێژەران لەو مێژووە تێدەگەن ئەگەر لەو هێزە داگیرکەرەی کە لە سەرەتاوە لە پشتییەوە بووە شارەزا نەبن.
لەم گوتارەدا، پێشنیاز دەکەم بۆ تێگەیشتن لەو پرۆسەیەی داگیرکەردا بە وردی سەرنج لە ڕێگەکانی بەرەنگاربوونەوەی گۆرانیبێژ و میوزیکژەنە کوردەکان بۆ میراتی داگیرکەر بدەین. گەڕان و ڕەخنەگرتنیان، گوێنەدانیان بە سنووری سیاسیی و زمانەوانییی و کلتووری کە داگیرکەران هێڵەکانیان بۆ کێشابوون، ڕوون بکەینەوە. بەڵام بەر لەوەی بچمە سەر ساتە هەرە سەرەتاییەکانی پەخشی ئێستگەی بەغدا بە کوردی، دەمەوێ ئاکارەکانی چەقبەندیی داگیرکاریی لە تەواوی ئێستگەکەدا نیشان بدەم. ئینجا، نیشانی دەدەین چۆن ئەو هێڵە سنوورییانە دوایی لە تەواوی توێژینەوە ئەکادیمییەکانیشدا دووبارە کرانەوە. پاشان، چۆنییەتی، ڕێگە و شێوازەکانی دووبارەبوونەوەی هێڵە سنوورییەکان لە گوتاری ئەکادیمیدا، لە ناویاندا گوتارەکانی نیشاندانی جیاوازی میوزیک لە نێوان خەڵکانی دابەشبوودا، بەو جۆرە کوردیان بۆ هێزی داگیرکاریی دەستەمۆ کرد.
بە گەڕانەوە بۆ مێژووی ڕێگەکانی بەرەنگاربوونەوەی میوزیکژەنە کوردەکانی ناو عێراق دژ بە شێوازی دیکەی هێزی داگیرکاریی، ئێمە مۆدێلێکی نوێ، پێشنیازێکی نوێ، بۆ کۆتاییهێنان بە داگیرکەری لەسەر میوزیکی کوردی دەخەینە بەردەست.
سەرەتای دەستپێکردنی پیشەسازی تۆمارکردن لە داهاتهێنان دووربوو. بەڵکو بایەخی هێزی داگیرکاریی، هاوپەیمانیەتیی و دەستگەیشتن بە سەرچاوەکان بوو. بۆ نموونە، دابەشکردنی شوێنی چالاکییەکانی کۆمپانیای ڤیکتۆر تۆکینگ مەشین و گرامۆفۆنی بەریتانیا لە نێوان ڕۆژئاوا، چین و ژاپۆن لەلایەک و ڕۆژهەڵات بۆ بەریتانیا لە لایەکی دیکە، هاوپەیمانییەتی داگیرکاریی نێوان ئەو دوو کۆمپانیایە بوو. ئەڵمانەکان زوو کەوتنە خۆ، لە ماوەیەکی کەمدا هاتنە بازاڕ، تەنیا کۆمپانیای ئۆدیۆن لە ١٩٠٦ دا ١١ هەزار تۆماریان لە عەرەبی، تورکی و یۆنانی بەرهەمهێنا. زۆر ڕووداو و پێشهاتی دیکە کێبەڕکێی داگیرکاریی بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا-یان بۆ بازاڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نیشان دەدا.
بۆ کورد، بە لاوازبوونی ڕۆڵی عوسمانییەکان هەلی نوێ بۆ کۆمپانیاکانی تۆمار ڕەخسا تا ئەوانەی خۆیان دەگەیەننە بەغدا و خەرجی ئەو جۆرە گەشتەیان هەیە تۆماریان بۆ بەرهەمبهێنن. هونەرمەندانی وەکو عەلی ئەسغەری کوردستانی، مریەم خان و محمد عارف جزیری ئەو دەرفەتانەیان بۆ ڕەخسا. ئەوکاتە جارێ ئاکاری بزووتنەوەی نەتەوایەتی کورد بە تەواوی دەرنەکەوتبوو، بەڵام کاریگەریی ئەو جۆرە تۆمارانە هەتا دەهات زۆرتر دەبوو. بە لەدایکبوونی پیشەسازی پەخشکردن تەواو بە هێزبوو. لە پاڵ بەرهەمهێنانی ئێستگەکانی پەخش، دەستکەوتی گۆرانیبێژانی لە کۆمپانیاکانی تۆمارکردن ڕەوڕەوەی پێگەیاندنی گۆرانیبێژ و میوزیکژەنی نوێی خێراتر دەکرد، ئەوان لە دواییدا بوونە پێشەنگی ئەو پیشەسازییە گرنگە. لەویش گرنگتر ئەوەیە بە داڕمانی عوسمانییەکان، بەرەنگاریی نەتەوەخوازەکان/نیشتیمانپەروەرە کوردەکان پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێ لە دژی وڵاتە نەتەوەپەرستەکانی دوای پەیمانی لۆزان کە لە ١٩٢٣ دا بەسەریاندا دابەشکران، واتا تورکیا، عێراق، سووریا و ئێران. لە ناکاو کورد کە لە خۆی ڕوانی، دیتی بۆ چوار پارچە دابەشکراون.
لە دوای پەیمانی لۆزان، هەر چوار وڵات یاسای پاڵپشتی کلتووری نەتەوەپەرستیان داڕشت. لە زۆربەی باردا زمانی کوردی و کەمینەکانی دیکە پشت گوێ خران. لە تورکیای تازەدا، کە دەگووترێت بە درێژایی سەدەی بیستەم، کوردەکانی لەسەر خاکی خۆیان داگیرکردووە. تورکیا لە ١٩٢٣وە سیاسەتی جینۆسایدی زمانی (linguicide) دژی کوردەکان پیادە کردووە. وەکو زمانی فەرمی وڵات، باڵادەستیی درایە زمانی تورکی و کوردەکان لەسەر ئاخاوتن یان نووسین بە زمانی کوردی سزا دەدران و تووشی توندوتیژیی دەبوونەوە، سزا دەگەیشتە دابڕاندن لە خێزانەکانیان. تەنانەت پێش دروستبوونی تورکیای نوێ، بێهودە هەوڵیان داوە دەست بەسەر ولایەتی مووسڵ دا بگرن. لەوەیاندا داگیرکەرانی کوردستان بەریەککەوتن، بەریەککەوتنێک تا ئێستا زایەڵەی لە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژاڤا (باکووری سوریا) و باشوور (باکووری عێراق) بە بیانووی پەکەکە، دەبیسترێت.
لە ئێران دا، لە ١٩٠٦ زمانی فارسی بە زمانی فەرمی دەوڵەت دانرا. لە سەردەمی ڕەزا شا دا لە نێوان ١٩٢٥ تا ١٩٤١ لەسەر ئاخاوتن بە زمانی خۆیان، کوردەکان دەخزێنرانە زیندانەکان. کوردەکانی عێراق-یش لە سایەی داگیرکەری ئینگلیز دا چی وا لەوان باشتر نەبوون. بە دانانی پاشا بۆ عێراق و شلکردنی زەبروزەنگ لەسەر کوردەکان، چەندی دەهات بایەخی بازاڕی عێراق بۆ تۆمارکردنی گۆرانی کوردی لە هەرچوار پارچەوە، زۆر دەبوو. بۆیە دوو کۆمپانیا بە ناوی بەیدافۆن ( لوبنانی بوو) و چەخماخچی لە ١٩١٨، کرانەوە. چەخماخچی لەسەرەتادا وەکو کۆمپانیای فرۆشتنی کەلوپەلی ئەلکترۆنی دامەزرابوو، تۆماری دەنگی نازم غەزالی و محەمەد قوبانچی کردبوو. پێناچێت کوردەکان لەوکاتەدا هیچ تۆمارێکیان بۆ کرابێت. لە هەموو لایەکەوە، دژیان بوون.
بەرهەڵستکارانی سیاسەتی ڕەگەزپەرستی و زەبروزەنگی تورکیا و ئێران دەهاتنە بەغدا، لەوێ گۆرانی کوردییان تۆمار دەکرد. سەرکردەکانی کورد لە عێراق نەخشەڕێگایان بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەستوەردانەکانی ئینگلیز داڕشت. ئەوەبوو شێخ مەحمود لە ١٩١٩ شۆڕشی کرد، هەر زوو پەلامار درا و نێردرایە هیندستان. لە ١٩٢٢ هێنایانەوە، ئەویش شۆڕشێکی دیکەی هەڵگیرساندەوە، ئینجا لە ئاسمانەوە بە ناپاڵم سلێمانی بۆردومان کرا و بۆ یەک مانگ فڕۆکەکانیان لە ئاسمانی سلێمانی نەبڕا. بایەخی کلتووری و سیاسیی ئەو شۆڕشە، کاوێس ئاغا دوای چەند ساڵێک لە تۆماری گۆرانی “شێخ مەحمود” دا هۆنییەوە. تێکۆشانی کلتووری کاوێس ئاغا ئاوێنەی تێکۆشانی “شێخ مەحمود”ە و بە “بولبولی کوردستان” ناسراوە. هەرچەندە نەمانتوانی یەکەم تۆمارەکەی “کاوێس ئاغا”مان دەست بکەوێت بەڵام وێنە واڵاکەی سەرکەوتنی کاوێس ئاغا باس لە هەڵوێستی فراوانتر سەبارەت بە بەرەنگاریی دژی پیشەسازیی تۆمارکردن و هێزی داگیرکاریی ئینگلیز دەکات.
کاوێس ئاغا هەرکی بوو، ئەوان بە کرمانجی دەدوێن و کاریگەریی زۆریان لە شۆڕشە نەتەوەییەکەی “شێخ عوبەیدوڵللای نەهری” دا هەبوو. دواتریش پاڵپشتی قازی محەمەد بوون. لە پەلاماری ڕووس بۆ ڕەواندز، کاوێس ئاغا وەکوو هەموو خەڵکی دیکە ئاوارە بوو. دواییش بڕیاری دا نەگەڕێتەوە شارەکەی. فێری بەشێکی زۆری گۆرانییەکانی ناوچەی خۆی بوو. لە هەموو کوردستان دا ناوبانگی دەکرد، بۆیە لە ١٩٣٠ بۆ تۆمارکردنی گۆرانییەکانی، بەرەو بەغدا چوو. هەرچەندە دەنگێکی بەرز، ساز و خۆشی هەبوو، بەڵام لە قسەکردنی ئاساییدا، زمانی تەتەڵەی دەکرد (زمانی دەگیرا). لە چەند سەرچاوەیەک باسکراوە بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاکانی تۆمارکردن لە بەغدا بە پێکەنینەوە لە هەوڵی گرێبەستی تۆمارکردن بۆ یەکێک تەتەڵەی ئاخاوتنی هەبێت، ڕوانیوە. پێیان گوتووە، ئەو کە نەتوانی قسە بکات چۆن گۆرانی دەڵێت! کاوێس ئاغا، بە دڵشکاوی دێتە دەرێ و خەم دای دەگرێت، لەولاتر لە چایخانەیەک کە خاوەنەکەی کورد دەبێت دادەنیشێت. لە داخی خۆی، دەست بە چڕینی گۆرانی “گەنج خەلیل” دەکات. دەنگی زوڵاڵ و پڕزرنگی کاوێس ئاغا کۆڵان و هەوا دەهەژێنێ. تا ژوورەکەی سەرەوەی کۆمپانیای تۆمارکردن بڕ و پڕ دەکات. ئینجا بەڕێوەبەران تەنگەتاو دێنەخوارێ بزانن ئەو دەنگە کێ بوو، کاتێک هەست بەهەڵەی گەورەی خۆیان دەکەن، بە پاڕانەوەی زۆر داوای لێ دەکەن گۆرانییەکەی بۆ تۆمار بکەن. بەوجۆرە یەکەمین تۆماری کاوێس ئاغا لاوکی گەنج خەلیل دەبێت. زۆر زیاتر لە چیرۆکێکی شاراوەی ئەرشیفێکی بن تۆز، چیرۆکی سەرکەوتنی کاوێس ئاغا تا ئێستا بەشێکە لە گوتاری میوزیکی کوردستانیی لە عێراق.
لە دیدی منەوە، ئەو چیرۆکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ باس لە هەڕەشەیەکی واڵای هێزی داگیرکەر لە زمان و کلتووری کوردی دەکات و کاری بچووکی بەرهەڵستکاریی لەلایەن میوزیکژەن و گۆرانیبێژانی کورد نیشان دەدات. هەر ئەو چیرۆکە گەواهیدەری هێزی گۆرانی کوردییە. لە کۆتاییشدا، گۆرانی گووتن نەوەک دوین، نیشانی دا کاربەدەستانی پیشەسازیی تۆمارکردن لە بەغدا چەندە ئاستی نزمیان بۆ جوانیی و بەهای کلتووری کورد دانابوو. لە سەروو ئەویشەوە، بایەخی ئەو شوێنەی کاوێس ئاغای لێوە بەگژ کاربەدەستانی کۆمپانیای تۆماردا چووەوە، چایخانەیەکی کورد بوو، ئەو بایەخەی ئەوەندەی دیکە بەرزکردەوە.
لە سەردەمانی زوو، چایخانەکان بە تایبەتیش کوردەکان لە پێشەنگی ئەوانە بوون فۆنۆگرافیان کڕی دواتریش ڕادیۆ، ئەوانە شوێنی کۆبوونەوەی خەڵک، بۆ گوێگرتن لە میوزیک و گۆرانی بوون. بۆ کوردێک خاوەنی چایخانەیەک لە بەغدا بێت، دەنگی پڕ سۆز و خەمباری کاوێس ئاغا هەرگیز کپ ناکات. نزیکیی ئەو چایخانەیە لە کۆمپانیای تۆمارکردن، نیشانەیەکی هەرە بەهێزی نزیکیی کلتووری کوردە لێیانەوە. لە هەمان کاتدا، ئەوە کۆمپانیاکانی تۆمارکردنی گۆرانی و میوزیک بوون نەک کاربەدەستانی حکومەت لە بەغدا کە کلتووری کوردیان تۆمار کرد و بۆ نەوەی داهاتوویان هێشتەوە.
دوای کۆچی دوایی کاوێس ئاغا گۆرانییەکانی بەبەردەوامی لە ئێستگەی بەغدا و یەریڤان پەخش دەکران و کاوێس ئاغایان بە هەر چوارپارچە ناساند. لە کارەکانی پەیمانگەی کەلەپووری کوردی لە سلێمانی دووبارە بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی پاکی گۆرانییەکانی کاوێس ئاغا بوو. لە بەرهەمەکەیاندا پەیمانگەکە ٥٢ گۆرانی کاوێس ئاغایان لە خەوشە دەنگەکان پاککردەوە. شەش لەو گۆرانییانەی بەستە بوون، هەشت حەیران و ٣٨ ی دیکە لاوک بوون.
لاوک باس لە جەنگ و خۆشەویستیی دەکات و شێوازێکی قورسی گۆرانی گوتنە، بە دەنگ و ئاوازێکی پڕ ئازار و خەمباریی دەگووترێت. ئەگەرچی هەریەک لەو جۆرە گۆرانییانە لە ناوچەیەکدا لە چاو ئەوی دیکە زۆرتر هەیە و کورد هەمووی بەهەمان زاراوە نادوێ، بەڵام بۆخۆیان دەزانن کام جۆر گۆرانی لە کوێی نیشتیمان بڵاوە. نەخشەیەکی میوزیک و گۆرانی کوردی بەڵگەیەکی بەهێزی ڕەتکردنەوەی هێزی داگیرکارییە و دەریدەخات سنوورە کێشراوەکانی داگیرکەران لە نێوان کورد و کورد، دەستکردە.
کاوێس ئاغا تەنیا بە شێخ مەحمود هەڵی نەداوە، سمکۆی شکاک و شێخ ئەحمەد بارزان-یش لە گۆرانییەکانیدا بوون. جگە لە هەوڵی ئینگلیز بۆ سانسۆرکردن، هیچ بەڵگە نییە ئینگلیز هەرگیز گوێیان لە کاوێس ئاغا و گۆرانییەکانی بەسەر شێخ مەحمود و سمکۆی شکاک گرتبێت و تێگەیشتبن باسی چی دەکات. بەڵام میوزیکژەن و گۆرنیبێژانی کورد لە کاریگەریی داگیرکەر بەدوور نەبوون. تەنانەت لە ستۆدیۆکانی تۆمار لە بەغدای ئەوکات، کوردەکان دەبوایە خۆیان لەگەڵ هێزی داگیرکەر و کاریگەرییەکانیدا بگونجینن.
بۆ مریەم خان و محمد عارف جزیری وەڵام ئەوەبوو تورکیا بەجێبهێڵن و کۆچ بەرەو بەغدا بکەن. ئەوکاتە تەنانەت ئاخاوتن بە زمانی کوردی وەکو تاوان لە دژی دەوڵەت لەقەڵەم دەدرا. ئەوانەی لە تورکیا مانەوە تورکێندران. سەدان گۆرانی فۆلکلۆری کوردی کرایە تورکی و لە ئێستگەی پەخشی دەوڵەت بە گوێی خەڵکدا دەدرایەوە. تا کاوێس ئاغا وەڵامی داگیرکەر بداتەوە، پاڵەوانییەتی شێخ مەحمودی لە لاوکێکدا تۆمارکرد. تەکنۆلۆجیای بۆمب و فڕۆکە بە تەکنۆلۆجیای تۆماری دەنگ و گۆرانی وەڵامدرایەوە.
شێوازە جیاجیاکانی بەرهەڵستکاریی گۆرانیبێژانی کورد لەو سەردەمەدا، بناغەی بەدەستهێنانای مافی زمانی کوردی بوو و کورد دەستی بە پەخش گەیشت. ئەنجامی ئەو کارە بەرهەڵستکارییانە ئامانجی بڵاوبوونەوەی شێوەزاری دیکەی زمانی کوردی بوو بەناو کوردی دیکەی دەرەوەی ئەو شێوەزاراوانەدا. ئامانجی دووەمیش پاراستنی فۆلکلۆر و کلتووری میوزیکی کوردی بوو، کە لە نیوەی دووەمی ئەو سەدەیەدا دووچاری دڕندەترین شیوازەکانی داماڵین و لێکردنەوەی دەبێتەوە.
مێژوونووسی کوردی ئەمەریکا نیلای ئۆزۆک-گوندۆغان لە توێژینەوەیەکی لە ٢٠١٨ دا دیدێکی تەواو ڕەوای بۆ توێژینەوە لە کورد دەخاتە ڕوو. دەنووسێت “کوردناسی لە نێوان دوو کارنامەی لە ڕواڵەتدا دژبەیەک و تەواو بنچینەییدا گیری خواردووە. کوردناسی وەکو ئاراستەیەکی سەربەخۆی لێکۆڵینەوە و توێژینەوە لە ئەمەریکای باکوور دادەمەزرێت و لەهەمان کاتدا بۆ ڕزگاربوونی لە ڕکێفی توێژینەوە ناوچەییەکانیش، خەبات دەکات”. بۆ توێژەرێکی وەکوو ئۆزۆک-گوندۆغان ئاڵنگارییەکان دوو توێن، یەکێکیان ئەوەیە ڕەوایی بە بواری کوردناسی بدرێت و پاڵپشتی دەزگەکانی هەبێت، دووەمیان ئەوەیە بواری کوردناسی فراوان و فرەپسپۆر بکرێت. لە ژێر ڕەحم و بەزەیی بوارەکانی دیکەی توێژینەوەدا بێتە دەرێ. لەو بوارەدا سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا تووشی ڕەخنەی توند بووە، بەوەی لەسەردەمی جەنگی سارددا پێکهاتە کۆمەڵایەتیی، سیاسیی و کلتووریی کەمینەکان باجی پاڵپشتی ئەمەریکایان بۆ وڵاتە نەتەوەییەکانی ناوچەکە داوە. لە دیدی سیاسەتی ئەمەریکا ئەوانە بەشێکی دانەبڕاوی دەوڵەت-نەتەوە ناکوردییەکان (تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا) بوون. لە داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەیاندا، پرس و ڕاوێژێکی ئەوتۆیان بە ڕۆژهەڵاتناسان و شارەزایانی ئەو بوارە نەکردووە.
سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پڕکێشە، تاکە ئەنجامی سەپاندنی هێزی داگیرکەران نییە، بەڵکو گوتاری ئەکادیمی کە هەر لە بنچینەوە لە ڕۆژئاواوە دێت، بۆخۆی سنووری دیکەی داناوە و کۆی پڕۆژەکانی دەرهێنانی میوزیکی کوردی لە داگیرکاریی دەکاتە ئەرکێکی یەکجار قورس. ئەو جۆرە کاولکردنەی داگیرکەران وا لە کورد دەکات تەنیا لە دەوڵەتی نەتەوەییی خۆیدا هەست بە پارێزراویی خۆی بکات. ئەو پێداگریییە بۆ دامەزراندنی وڵاتێکی نەتەوەیی تەنیا مێژووی چەند سەدەیەکی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی کورد پشت گوێ ناخات، بەڵکو گوتاری نەتەوایەتی کوردییش دادەڕێژێتەوە و لە چارەسەری گرفتەکانی گەندەڵی و مافی مرۆڤیشان دەپەڕێنێت. وا لە توێژینەوە ئەکادیمییەکانیش بۆ ناسەوانی و بەرهەمهێنانی ناسەوانی دەکات ڕێگە ناوخۆیەکانی ناسینی هێزەکانی داگیرکاریی و بەرەنگاربوونەوەی ون بکات. ڕووخان و کاولکاریش بۆ چینەکانی گوتاردەر ئەوەیە چۆن توێژەران دەستیان بە مێژووی ئەو کەسانە دەگات لە ناویاندا کاردەکەن و دەنگیان بگەیەنن.
نموونەیەکی گرنگی ئەو جۆرە کاولکارییە لە چەمکی “ڕەسەنایەتیی” دایە. ئەو چەمکە بۆخۆی واتای تێگەیشتنە لە داگیرکاریی ڕابردوو و لابردنی کاریگەرییەکانی ئەو داگیرکارییە، کەچی بەئاگا یان بێئاگا، چاوەڕوانین دەنگی خەڵکە ڕەسەنەکان لەڕێگەی هەمان ئەو کەسانەی داگیریان کردبوون، ببیستین. ئەو نموونەیە زۆر بە ڕوونی لە نیوزیلاند دیارە. بۆ کورد، گرفتەکە ئەوە نییە وەکوو خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە و هەبوون بەڵام مافیان نەدراوەتی، یان گرفتەکە ئەوە نییە لۆجیکی داگیرکەر خۆیان لە ڕێگەکانی بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتی خەڵکە ڕەسەنەکە دەدزنەوە (بەریتانیا هەرگیز نەیویستووە عێراق یەکلا ببێتەوە و سەقامگیر بێت)، بەڵکو گرفتەکە ئەوەیە تەواوی بیرکردنەوە و تێگەیشتنی داگیرکەر لە ناوچەکەدا و لەو کاتەی ئەوی تێدایە، بیرۆکەی ڕەسەنایەتیی “بە تایبەتی لە ناو سیاسەتی جیهاندا” ڕەت دەکاتەوە و ناهێڵێت دەستەواژەی خەڵکە ڕەسەنەکە لە جیاتی دەستەواژەکەی داگیرکەر، دەرکەوێت.
هەرچەندە مژاری ڕەسەنایەتیی تەوەرێکی سەرەکیی بزووتنەوەکانی ڕزگاریخوازی کورد نەبووە، بەڵام چەندی دێت داواکان بۆ ئەوەی کورد بە تایبەتی لە تورکیا داوای ڕەسەنایەتیی لەسەر خاکی خۆی بکات تا مافی یەکسانییی هاوڵاتییبوون، دانپێدانانی وڵات، مافی خوێندن بە زمانی کوردی و مافی چارەی خۆنووسین وەربگرێت، زۆردەبن. کێشەکە ئەوە نییە چەمکەکە لە سیستەمی سیاسیی جیهاندا جێی نەبووەتەوە، بەڵکو ئەوەیە دەبێ زۆربەی جار لۆجیکی داگیرکەر لە کات و شوێنیێکی دیاریکراودا، قبووڵ بکەی. واتا دەبێت یەکەمجار دان بە داگیرکاریی و لۆجیکەکەی دا بنێی ئینجا داوای ڕەسەنایەتیی بکەی. بۆ نموونە، هەر چەمکی ڕەسەنایەتیی واتای ڕووبەڕووبوونەوەیە لەگەڵ داگیرکەر پێش ئەوەی خەڵکی ڕەسەن لەسەر زەوییەکی دیاریکراو ڕاگوێزێت. ئەو پێناسە تەسکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێ کەڵکە.
لە گوتارێکی پڕبایەخدا سەبارەت بە پێوەندییەکانی کورد و ئەرمەن لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، مێژوونووس “جانێت کلیین” دەڵێت پرسی خاوەندارییەتی زەوی لە نێوان کەمینەکاندا زۆر لەوەی مێژووی نووسراو تۆماری کردووە ئاڵۆزترە. لە کۆتایی دەسەڵاتی عوسمانییەکان دا لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ هەردوو ئەرمەنی نیشتەجێ و کوردی کۆچەر پێکەوە لەسەر هەمان زەوی بوون. پێکدادان لەنێوان ئەو دوو کۆمەڵەدا ئەنجامی ڕاستەوخۆی گۆڕانکاری سیاسیی و کۆمەڵایەتیی بوو، ئەو گۆڕانکارییانە مافی هەردوولای زەوت کرد. لۆجیکی داگیرکاریی زەوی وەکوو ڕەنگدانەوەی جۆرێکی داواکاریی ڕەسەنایەتیی، بۆ دوورخستنەوەی کۆمەڵەکانی وەکوو کورد و ئەرمەن و ئاشوورییەکان لە چەمکی ڕەسەنایەتیی کاردەکات. مێژووی ئەو کۆمەڵە خەڵکەی بە ڕەسەن ناودەبرێن لەگەڵ هاتنی داگیرکەر، دەست پێناکات. مێژووی کورد، ئەرمەن و ئاشوورییەکان بە داگیرکردنی بەریتانیا بۆ عێراق لە ١٩١٤ەوە دەستی پێنەکردووە.
هاوتا بۆ سروشتی بەرتەسکی گوتاری ڕەسەنایەتیی، داگیرکاریی لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە میوزیکی کوردی پێویستە سنوورە دەستکردەکانی نێوان فۆلکلۆر و پەسەندکراوی خەڵک (ئەوەی لە ناو خەڵکدا بڵاوە) لە بەرهەمهێێنانی میوزیکدا لەبەر چاو بگیرێت. زانای میوزیکی میللی “رۆس کۆڵ” لە ٢٠١٩ دا نووسیویەتی بیردۆزی “گۆرانی میللی” سیسیل شارپ لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم لە بەریتانیا بڵاوی کردەوە و تا ئێستا کاریگەریی هەیە، لۆجیکی لێکبەستن و بەرابەرکردنی جووتیار و مرۆڤی سەرەتایی لەگەڵ “کۆمەڵگەیەکی ڕەگەزپەرست کە پێوەندیی پیرۆزی لەگەڵ خاکدا هەیە” یەکسان کرد. تەنانەت ناساندنی گۆرانی میللی نەتەوەیەک بۆ جیاکردنەوەی لەوانی دیکە، هەر بە بیری داگیرکاریی بە شوێن و کاتەوە بەندە. لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو هونەرمەندانی کورد لە تورکیا گۆرانییە میللیی و سیاسییەکانی خۆیان بە شێوازی ڕۆژئاوایی دادەڕشتەوە. ئەوە نموونەیەکی زیندووی نەمامی سنووری نێوان فۆکلۆر و ئەوەی پەسەندی خەڵکە نیشان دەدات.
گۆرانییە کۆنە کوردییەکان کە لە سەرەتای سەدەی بیستەم تۆمارکراون، ڕەگیان لە بیرەوەری میوزیکی کوردەکان دا داکوتاوە، وەک بڵێی پارچە شوێنەواری هەرە گرنگن و کات و شوێنی تایبەتی خۆیان بۆ دانراوە. هەریەکەیان دەربڕینێکی زیندووی هەیە و بۆ هەلومەرجی تایبەتی هەر گۆرانییەک داڕێژراوە. جگەلەوە، زۆر جار ئەو گۆرانییانە بە ئاسانی تێکەڵ بە کۆمەڵە گۆرانییەکانی عەرەبی، تورکی، فارسی و ڕۆژئاوا وەکوو ئیتاڵی و ئینگلیزیش دەکرێن، ئەویش ئەو هەستە دروست دەکات، کە هونەرمەندانی کورد پیشەکەیان وەکوو بەشێک لە هونەری ناوچەیی و تەنانەت جیهانییش بەڕێوەدەبەن نەک وەکوو پیشەیەکی ناوچەیی بەرتەسک. کەواتە چۆن بە چاوی هونەری فۆلکلۆر و میللی یان هەر چاوێکی دیکە لە هونەری کوردی وەکوو بەشێکی فراوانتری مێژووی هونەری کوردی نەڕوانین، بە تایبەتیش ئەو هونەرەی لە پاڵ داگیرکەر و دژی هێزی داگیرکاریی هاتووەتە بەرهەم.
بگەڕێینەوە ئێستگەی بەغدا، بۆ کوردی ئەوکاتەی پڕ لە دڵە ڕاوکێ، بۆ پاراستنی کلتوور و زمانی کوردی، تەکنۆلۆجیای تۆمارکردن ڕێگەیەکی گرنگی دڵنیابوون بوو. هونەرمەندانی ساڵانی بیست و سییەکانی سەدەی ڕابردوو، ئەو گەشتە درێژانەیان بۆ بەغدا لەسەر ئەرکی خۆیان کردووە، مەگەر جارجار پاداشتێکی کەمیان درابێتێ. کەم جاریش هەبووە میوزیکژەنە کوردەکانیان لەگەڵ بووبێت. میوزیکژەنە کوردەکان تەنیا لە ئاهەنگەکانی شارە کوردییەکان لەگەڵ گۆرانیبێژەکان دەبوون. ئەو کۆمەڵە میوزیکژەنانە دوایی لە هەرسێ شاری هەولێر و سلێمانی و کەرکووک بوونە ناوکی گرووپی میوزیکی هەر شارێک. دوای کردنەوەی بەشی کوردی لە ئیستگەی فەرمی عێراق، یەکەم کورد لەوێ وەکو فەرمانبەر کاری درایە، هونەرمەند عەلی مەردان بووە.
عەلی مەردان بە شای مەقامات ناسراوە. لە ١٩٠٤ لە کەرکووک لە دایک بووە. باوکی توتنفرۆش بووە و سەرکاروانی توتن گواستنەوە بووە. بۆ عەلی مەردانی تازەپێگەیشتوو، گەڕان و گەشت بە ناوچەیەکی یەکجار واڵا بەردەست بووە. مەردان بە ئاوازی قورئان خوێندن و مەقامبێژان سەرسام بووە. لە گەڕانەکانی لەگەڵ بابی شارەزای جۆرەکانی مەقامی هۆرە، خورشیدی، قەتار و ئەڵڵاوەیسی و ئای ئای، بووە. لە گەشتەکانی بۆ بەغدا فێری مەقامی فارسی دەستگاس و عەرەبیش بووە، لە ناویاندا شارەزای مەقامی عێراق-یش بووە. لە ١٩٣٢ لەگەڵ سێ میوزیکژەنی جوو بۆ ئامێرەکانی عود، قانوون و کەمان، دەنێردرێتە کۆنگرەی میوزیکی عەرەب. سەردەمی عەلی مەردان میوزیکژەن و جۆری گۆرانییە کوردییەکانی کوردستانی عێراق و بەشەکانی دیکەی کوردستان لە بەغدا دەردەکەوتن. هونەری کوردی لە ناو کایەیەکی فراوانتری میوزیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پڕ چێژ دەسووڕایەوە. لە سایەی عەلی مەردان هونەرمەندانی دیکەی ناودار، وەکوو تایەر تۆفیق، ڕەسوول گەردی، باکووری، نەسرین شێروان و حەسەن زیرەک (خاوەنی ١٠٠٠ گۆرانی) دەرکەوتن. مەردان ئەرکی فێرکردنی میوزیکژەنە عەرەب، کریستیان و جووەکانی لە ئەستۆ بوو تا بتوانن ئاوازی کوردی بژەنن. ئەوکاتە بوو میوزیکی کوردی لە عێراق گەشەی ستاند و بۆ یەکەمجار بە شێوەیەکی جودا، ناسنامەی خۆی جیاکردەوە و بناغەی میوزیکی هاوچەرخی کوردی چەقاند.
لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە تا دەهات ماوەی بەشی کوردی زۆرتر دەکرا، هەرچەندە عێراق جینۆسایدی کوردەکانی پیادە دەکرد، کەچی بەڕێوەبەرانی ئێستگە بایەخیان بۆ هونەری کوردی کەم نەدەبووەوە. خۆ ئەگەر بەشی کوردیش لە بەغدا داخرابا، کوردەکان دەستەوسان ڕانەدەمان و بەرەو ئەرمەنستان، ئێران، لوبنان و حەیفا دەچوون. ئەوکاتە لە بەرانبەر هەوڵەکانی ئەڵمانیای نازی لە دژی فەرەنسا و بەریتانیا لە ناو عێراق، هەردوو داگیرکەر پاڵپشتی پەخشی کوردییان دەکرد. ئەو کون و کەلەبەرەی لە سنوورەکانی نێوان وڵاتە دروستکراوەکانی دوای جەنگی یەکەمی جیهانیی دا هەبوون، دەرفەتی ڕەخساند پیشەسازیی تۆمارکردن لە هەوڵەکانی داگیرکاریی و داپڵۆسینی حکومەتەکانیش جیابکاتەوە.
ئەنجام:
دەنگێکی ناڕازی هەیە لە جیهاندا داوادەکات سیستەمەکانی دەسەڵاتی داگیرکاریی هەڵبوەشێتەوە. ئەوان ئەوە بە مەزنترین کاری سەردەم لە قەڵەم دەدەن. وەکوو ئەوەی ئێمە لێرەدا ڕوونمان کردەوە، کاری هەڵوەشاندنەوەی کاریگەریی داگیرکەر لەسەر لێکۆڵینەوەکان لە میوزیک تەنیا ماندوو بوون و لە خۆبوردەیی نییە. بۆ هەڵوەشاندنەوە دەبێت سنوورەکانی ئێمەی ئەکادیمی دیارییان دەکەین و دەیانپارێزین، بکێشین. هەروەکوو نیشانماندا، تەنانەت زاراوە و چەمکی ڕەسەنایەتیی، کە وای لێ چاوەڕوان دەکرێت ڕێ نیشاندەرمان بێت، لە دیدی هزری ناوەوەی داگیرکەرەوە پێداچوونەوەی پێویستە.
سەرباری ئەوەی سەرەوە، باسی ئەوەمان کرد، لە پرۆسەی دەرهێنانی توێژینەوەکانی میوزیک لە ژێر ڕکێفی داگیرکارییدا، هەنگاوێکی گرنگ ئەوەیە سەرنجی ورد لە ڕێگەکانی بەرەنگاربوونەوەی خەڵکی داگیرکراو لە دژی داگیرکەر بدەین. بە هەمان شێوە بەرەنگاربوونەوەیان بۆ دەسەڵاتی وڵاتانی داگیرکەر، کە ئەوانیش وەکوو مۆدیلەکەی داگیرکاریی دامەزراون. بۆ کوردانی ناو عێراق، واتای ئەوەیە مێژووی میوزیکی کورد لە عێراق تێگەیشتنی نموونەیی بزووتنەوە نەتەوەییەکانی کوردی نییە، بەوەی کورد قوربانین و بەرانبەر داگیرکەر بێدەسەڵات و زەلیلن، بەڵکو لە جیاتی ئەوە تۆڕێکی سنووربەزێنی لە هونەرمەندان دروستکرد، پیاو، ژن، کریسیتان، جوو، کورد و عەرەبیان تێدا بوو. لەناو دەزگەیەکی حکومی، کە ئەو حکومەتە جەنگی بوون و نەبوونی لەدژ دەکردن، هونەرمەندانی کورد لە عێراق شێوازێکی نوێی کلتووری کوردیان داهێنا، چەندان سنووری بەزاند و تا ئێستا کاریگەری لەسەر هونەر و هونەرمەندان ماوە.
دانپێدانان و ناسینی ئەو مێژووەی لێرەدا ئاکارەکانیم وێنا کرد، وەکوو شێوەیەک لە شێوەکانی گوتاری میوزیکی ڕەسەن (لە جیاتی دوورخستنەوە و بەلانانی کورد لە گوتاری ڕەسەنایەتیی) هەنگاوێکی گرنگی لابردنی داگیرکارییە لە توێژینەوەکانی ڕۆژئاوا لەو بارەیەوە. ئەگەر ئەوە نەکرێت و لە بەکارهێنانی چوارچێوە ناسراوەکان بەردەوام بین، مانای ئەوەیە تەنیا توێژەر و زاناکان دەتوانن کاریگەری داگیرکاریی لاببەن و لەسەر شانی ئەوانەی دەمانەوێت یارمەتییان بدەین تا لە کاریگەری داگیرکاریی دەرباز ببن، زۆرتر لەسەر دەسەڵاتی باڵادەست کەڵەکە بکەین. بێگومان بەتەواوی ئەوەش مەبەستەکەیە: کارەکە هەرگیز تەنیا هی ئێمە نەبووە بیکەین.