عەبدوڵای ئیبراهیمی
بەڕێز سۆران حەمەڕەش لە کتێبی “کورد کێیە” دا زۆر بەوردی و لێزانانە مێژووی کوردی تا سەردەمی هەخامەنشییان ساغ کردۆتەوە و تێکدانە مەبەستدارەکانی کۆمەڵێک نووسەر و توێژەری ئەوروپایی و مێژوونووسی ئێرانیی لەقاوداوە و وەدرۆی خستوونەوە. منیش لە کتێبی “لێکۆڵینەوە و ڕوونکردنەوەیەکی مێژوویی لەسەر کورد و کوردستان” دا بێجگە لە هێندێک کێشە لە ناوەکاندا، هەر بەو ئاکامانە گەیشتووم کە کاک سۆران پێیگەیشتووە. سەرەڕای ئەوە من کۆمەڵێک سەرنجم لەسەر کتێبەکە هەیە کە لێرە دەیانخەمەڕوو.
لە لاپەڕە یەکی کتێبەکەیدا باسی چەند لقێک لە زمانە هیندوئەوروپییەکان دەکا و دەڵێ: لقی زاگرۆسی (ئێرانی) کوردی، پشتو، بلوچی، فارسی، تالیش، ئەو بەباشی دە بێواتابوونی دەستەواژەی “زمانە ئێرانییەکان” گەیشتووە، چونکە ناوی ئێران لە بنەڕەتدا ساختی ئینگلیز و ئەڵمانە، کە لەسەردەمی پەهلەویدا لە جێگای پارس (پێرژیا) بەسەر ئێران دا سەپاوە و من هەر لەسەر ئەو فێڵ و تەڵەکەیان بە بەڵگەی مێژوویی بابەتێکم نووسیوە، بەڵام دانانی ناوی لقی زاگرۆس تەنیا بۆ کوردی شیاوە و ئەو زمانانەی دیکە هیچ پەیوەندییەکیان بە زاگرۆسەوە نییە. ئەگەر ئەوانە بە لقێک دابنرێن، دەبێ ناوێکی دروستتر و شیاوتری بۆ دابندرێت.
لە لاپەڕەی ٢٥ یش ئەو شێوە گۆڕینەی دووپات کردۆتەوە و “ئاترپات” یان “ئاتەرپات”ی کردۆتە ئاترپاس. ئەو وشەیە لە لایەن یۆنانییەکان بە “ئاترۆپاتێس” (Atropates) هاتووە کە “ئاترۆپات” ناوەکەیە و “ئێس”ـەکە بە یۆنانی پاشگرە. ئاترپات یان ئاترۆپات ناسناوی ئەو سەردارەی ماد بووە کە دوای شکانی هەخامەنشییەکان و سەرکەوتنی ئەسکەندەر، کراوەتە فەرمانڕەوای ئەو بەشەی ماد و هەر بەو بۆنەشەوە ناوی وڵاتەکە بە “ئاترپاتەکان” نێودێرکراوە. دوای هێرشی عەرەب گۆڕاوە بە “ئازەربایجان”، کەواتە هەر وەک خۆی دروستە. “پات”یش لە زمانی “ماد”دا هەر مانای پاس و پارێز دەدا. هەرچەند ئەو گۆڕینە واتاکە تێکنادا، بەڵام لە پێداچوونەوەی مێژوودا لەوانەیە بۆ هێندێک کەس کێشە بخوڵقێنێت.
هەروەها لە لاپەڕە ٢٧٠ لە باسی “ئاڤێستا”دا “میترا”ی کردۆتە “میسرا” کە بەتەواوی هەڵەیە. میترا واتە “خۆر” و میتانییەکان ناوی خۆیان لەوی وەرگرتووە. “هوور”یش هەر بەواتای “خۆر”ە کە بۆتە ناوی هوورییەکان.
کاک سۆران ژمارەیەک ناوی دیکەشی گۆڕیون. پاش دانانی خشتەیەکی وێکچوونی زمانی کوردی و ئەوروپایی، لە لاپەڕەی نۆ دا دەڵێت: “لەیەکچوون لەڕووی وشەکاری و ڕێزمانییەوە لەنێوان زمانە هیندوئەوروپییەکان دا بەڕوونی دەبیندرێت. ئەم لێکچوونەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەم زمانانە پەیوەندییەکی مێژوویی لەنێوانیادا هەیە و ئەمڕۆ ئەم گرووپە زمانییە پێی دەگوترێت زمانە هیندوئەوروپییەکان بەڵام هۆکاری ئەم پەیوەندی و لەیەکچوونە ڕوون نییە.”بەداخەوە وادیارە نووسەر ئاگای لەو ئارتیکڵە نییە کە لە ڕۆژنامەی ساینس دا (Mapping the Origins and Expansion of the Indo-European Language Family) بڵاو کراوەتەوە. من بابەتێکم لەسەر نووسیوە کە لەماڵپەڕی http://www.farhangumejuikawa.com بەسەردێڕی “زمانی هیندوئەوروپایی یا کوردوئەوروپایی” دامناوە. ئەو بابەتە دەڵێ: دوو ڕوانگەی جیاواز هەن لەسەر سەرچاوەی بنەماڵەی زمانەکانی هیندوئەوروپایی. بەپێی ڕوانگەی یەکەم سەرچاوەکەیان دەشتەهەراو و بژوێنەکانی دامێنی قەفقاز لە نێوان دەریای کاسپین و دەریای ڕەش (کێوی قافی ناو چیرۆکەکانی کۆنی کوردی) بوون و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٦٠٠٠ ساڵ پێش ئێستا. ئەو ڕوانگەیە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بڕوایەی مەسیحییان کە پێیان وابووە جیهان ٦٠٠٠ ساڵ پێش ئێستا خوڵقاوە. ڕوانگەیەکی دووەم، جێگرەوە بۆ ئەوەی یەکەم، دەڵێ، ئەو زمانە لەنێوان ٨٠٠٠-٩٥٠٠ ساڵ پێش ئێستا لە ئەناتۆلیا ڕا بڵاوبۆتەوە.
ئێمە هاوکات دەگەڵ شیکاریی بایێز (Bayesian phylogeographic)، کە شێوە شکارییەکی بیرکارییە تۆماس بایز (Thomas Bayes) ی ئینگلیز (١٧٠١-١٧٦١) دایناوە بەپێی بنەماڵەی جوگرافیایی لە زانیاریی وەدەستهاتووی بنەڕەتی لە ١٠٣ وشەنامەی زمانگەلی دێرین و نوێی هیندوئەوروپایی. بۆ نموونەی بێ ئەملاو ئەولای تەنینەوەی بنەماڵەکە و هەڵسەنگاندنی ئەو گریمانانەی، ئێمە پاڵپشتێکی حاشاهەڵنەگرمان بۆ ئەناتۆلی وەک سەرچاوە لەبەرانبەر سەرچاوەی یەکەمدا بۆ ڕەگەزنامە، دۆزییەوە. هەردووک سەردەمی دیاریکراو بۆ شوێن و بنەمای ڕەگەزنامەی هیندوئەوروپایی دەگەڵ دەستپێکی ٨٥٠٠-٩٥٠٠ ساڵ پێش ئێستا دەگەڵ بڵاوبوونەوەی کشتوکاڵ، لە ئەناتۆلیا ڕا دەستی پێکردووە. ئەو ئاکامانە ئەو دەورە کاریگەرانە بەرجەستە دەکەنەوە، کە ئەو “شیکاریی بایێز”یانە دەتوانێ لە چاروبڕی باس لەسەر پێش مێژووی مرۆڤایەتی بیگێڕێ.
بەڕێز سۆران، لەباسی “زەردەشت و مێژووی ئاڤێستا” دا تووشی هەڵە و دژبێژییەکی سەرسووڕهێنەر بووە، کە بریا هەر هیچی لەسەر نەنووسیبا، بۆیە بەپێویستی دەزانم ڕوونکردنەوەی لەسەر بدەم.
لە لاپەڕ ٢٧٠ تا ٢٧٤ دەڵێ: “بەهۆی بەڵگەی مادییەوە دڵنیاکراوە کە کۆنترین تێکست سەبارەت ئاڤێستا تەمەنی بۆ سەدەی نۆهەمی زایینی دەگەڕێتەوە. پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا تێکستی کۆنتر هەبووە؟ بەدڵنیایی، مێژووی ئەو ئایینە کۆنتر بووە بەڵام ناتوانرێت مێژوویەکی ڕوونی بۆ دابنرێت.” ئەوەی کە لە سەردەمی ماد و پارسەکان دا ئاڤێستا بە نووسراو هەبووبێ یان نا، هیچ بەڵگەیەک بەدەستەوە نییە، بەڵام لە بیر و زمانی موغەکان دا پارێزراوبوو و نووسینەکەی لە سەردەمی ئەشکانییەکان دەستی پێ کرا و ساسانییەکان تەواوتریان کرد. لە کاتی گیرانی پێتەختی ساسانی هەموو کتێبەکانی کتێبخانەکەیان بەدەستی سوپای ئیسلام سووتێنران، نووسروەکانی سەبارەت بە ئاڤێستاش تێداچوون. خۆ ئەو قورئانەش کە ئەوڕۆ موسوڵمان دەیپارێزن و وەک بناغەی باوەڕیان سەیری دەکەن لە سەردەمی پێغەمبەری موسڵماناندا نەنووسراوە و تەنانەت چەندین ساڵ دوای خۆی لە سەردەمی خەلیفەکاندا نووسراوەتەوە.
دواتر، کاک سۆران دەڵێت: “هێندێک سەرچاوە هەیە سەبارەت بەوەی کە زەردەشت لە ناوچەیەکی ئازەربایجان هاتبێت، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی ڕوون نییە دڵنیای بکاتەوە کە ئاڤێستا زمانی کام ناوچە بووە.” کەچی بۆخۆی خشتەیەکی لە ١٤٦ وشەی ئاڤێستا دەرهێناوە کە هەموویان هاوشێوەی زمانی کوردین و ئەمن خشتەیەکم بە کەڵک وەرگرتن لە سەرچاوەگەلی جۆراوجۆر دەرهێناوە کە نیشان دەدا ٧٠١ وشەی ئاڤێستا کوردیی ئەوڕۆن. هاوکات، بڕوانە خشتەی دەنگیی دیاکۆنۆف (“تاریخ ماد”، ترجمه کریم کشاورز، ل ٦٥) کە لەسەر کۆمەڵێک زمان وێکچوونی زمانی ئاڤێستا لەناو زمانەکانی ئەو خشەیە لە هەمووان زیاتر لەگەل زمانی مادەکان دێتەوە (تەماشای وێنەی هاوپێچ بکە لە خوارەوە).
زمانی گاتاکان کە ئی خودی زەردەشتە، کۆنترە لە ئی سەدەی حەوتی پ.ز. و تەنانەت لە ریگ و داکانیش کۆنترە کە لە ١٧٠٠ پ.ز. نووسراوە.
هەر لەمەڕ ئاڤێستا، کاک سۆران دەڵێت: “ئاڤێستا ئاماژە بە فارس و مید ناکا، کەچی لە سەرچاوە کریستیانەکان دا سەبارەت ڕابردووی قەشەکانی هەولێر، هەتاوەکوو سەدەی سێیەمی زاینی ئاماژە بە میدەکان دەکرێت… ئەمه ئاشکرای دەکات کە تێکستەکان نە لە ناوچەی میدەکان و نە لە لەسەردەمی میدەکان نووسراون.” نەبوونی ناوی ماد و پارس لە ئاڤێستا دا بۆخۆی نیشانەی کۆنتبوونی ئوولی زەردەشتە و پێمان دەڵێ مێژووەکەی زۆر پێشتر لە دیاریدانی ئەو گەلانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتیش ڕۆژئاوای دەماوەند و زاگرۆس دایە کە نیشتیمانی یەکەمی کوردان بووە. زۆر بەڵگەی مێژوویی کە تا ئێستا کەوتوونە بەردەست دەیسەلمێنن کە ئوولی زەردەشتی لانیکەم لەسەردەمی مادەکان دا باو بووە. ناوی ئاڤێستایی پادشاکان؛ بوونی هێمای فرەوەهر لەسەر گۆڕی پادشای ماد لە قسقەپانی لای سلێمانی (کە لێرەدا هاوپێچ کراوە)؛ بوونی هێندێک ناوی ئاڤێستایی لە بەردەنووسەکانی ئاشووری دا؛ بوونی سپیتامەی موغ لەسەردەمی ئیختووڤیگوو (دوایین پادشای ماد)، بەشێکن لەوانە.
مێری ستێگاست دەیەوێ نیشان بدات کە: یەکەم، ئەو بانگەشەیە کە لە ٦٠٠٠ ساڵ پێش مەسیح دا، خەڵک ماڵبەکۆڵ بوون و شارنشینی هێشتا دەستی پێنەکردبوو، نادروستە. دووەم، مرۆڤ لەوکاتەدا چۆتە قۆناغی کانزا یان ژیرێژ (برونز). سێیەم، هێندێک لە دەفرە دۆزراوەکانی ژێرخاک، پێمان دەڵێن کە وێدەچێ لەو سەردەمەدا دینی زەردەشت پەیدابووبێ. لەوانە ئاونگی بچووک، کە هوومیان تێدادەکوتا و گورزی بە سەرەئاسکەوە کە پێشەوایانی ئوولی زەردەشت بەکاری دێنن. نووسەر ئاکام وەردەگرێ کە مێژووی کلاسیکی یۆنان بەڵگەدارترن لە مێژووی نەریتیی سەردەمی ساسانی کە مێژووی زارەکی دانی پێدا دەهێنێ. مێری ستێگاست دەڵێ: دینی زەردەشت شۆڕشێکی هزری، کۆمەڵایەتی و بنەمایی لە سەرزەوی ئیرانویچدا هێناگۆڕێ کە وای کرد خەڵک خوایانی وێنایی و ژیانی ماڵبەکۆڵی وەلابنێن و ڕوو دە شارنشینی، داهێنەری، کار، تێکۆشان و هاوکاری بکەن.
شوێنی ڕووداوەکانی ناو چیرۆکەکانی ئاڤێستا هەموویان لە دەماوەند ڕا بەرەو زاگرۆس-ن و هیچ باسی ئەودیوی هەرابەزەئیتی (واتە دیوی ڕۆژهەڵاتی دەماوەند تا هیندستان ناکات) و ئەوەش نیشانەیەکی دیکەیە بۆ کوردستانییبوونی دینەکە. بۆ وێنە: جەمشید و دەماوەند، فەرەیدوون و دەماوەند، زووحاک و دەماوەند، کەیقوباد و داوێنی کێوی سەهەند، ئەفراسیاب و کوژرانی لە نێو گۆلی ورمێ، قوربانی کردنەکەی کەیخەسرەو لە گۆلی هۆئۆسرەوە (وان)، وەک لە زامباد یەشت بابەتی نۆ دا سەرەتا سڵاو ناردراوە بۆ (هئوسرەوە) – کەیخەسرەو – پاشان زرێواری هئوسرەو – وان – لە بڕگەی ٢٢ ی (بوندەهێش) بابەتی هەشت دا هاتووە “زرێواری هئوسرەو لە پەنجا فەرسەنگیی گۆلی چیچێست هەڵکەوتووە. کەیخەسرەو لە کەناری ئەو زرێوارە سەد ئەسپ، هەزار گا و ١٠ هەزار مەڕی بۆ (ناهید)ی فریشتەی ئاو کردۆتە قوربانی و نیازی لێ خواستووە.
لە نوسخەی ژوول موولی فەرەنسی (١٨٧٨-١٨٣٨، ج١، ل. ٤٠-٤٣) دا لەسەر هەڵاتنی دایکی فەرەیدوون لە ترسی گیران بەدەستی زووحاک دەڵێ:
دوان مادر آمد سوی مرغزار چنین گفت بر مرد زنهاردار
کە اندیشەای در دلم ایزدی فراز آمدست از رە خردی
همی کرد باید کزآن چارەنیست کە فریدون و شیرین روان یکیست
ببرم پی از خاک جادوستان` شوم با پسر سوی هندوستان
شوم ناپدیدار از میان گروە مر این را برم تا بالبرزکوە
ئاوا فەرانەکی دایکی فەرەیدوون خۆی گەیاندە دەماوەند و پەنای برد بۆ پیاوێکی پارێزکار و کوڕەکەی لەوێ گەورە بوو تا گەیشتە ١٦ ساڵی تەمەنی و بەرۆکی بەدایکی گرت تا باوکی پێ بناسێنێ،
فرانک بدو گفت کە ای نامجوی بگویم ترا هرکە گفتی بگوی
تو بشناس کز مرز ایران زمین یکی مرد بود نام او آبتین
ز تخم کیان بود و بیدار بود خردمند و گرد بی آزار بود
ز طهمورث گرد بودش نژاد پدر بر پدر بر همی داشت یاد
ئاوا چیرۆکی باوکی بۆ گێڕایەوە، فەرەیدوون خوێنی لە قسەکانی دایکی وەجۆش هات و ویستی بچێتە شەڕی زووحاک، بەڵام دایکی هێوری کردەوە.
لێرەشدا ڕووی ڕووداوەکان هەمووی دە خاکی کوردستان دایە، نەک دەلای بەلخی ئەفغانستان، فەرەیدوون لە ئەلبورز ڕادەکاتە فەلەستین، بە خاکی کوردان دا لە ئەروەند دەپەڕێتەوە کە لەلای خووزستانە، ل. ٤٩، باسی لەشکرکێشانی فەرەیدوون دەکات بۆ سەر زووحاک. شانامە هەروەها دەڵێ: گۆشتاسب داوای تانج و تەختی باوکی کرد، باوکی ڕازی نەبوو، ئەویش تۆرا، ڕووی دە هیند کرد و لەوێ ڕا چووە ڕۆم و کەتایوونی کچی پادشای ڕۆمی هێناو پاشان هاتەوە باوکی لێ خست و بۆخۆی لە جێگای دانیشت.
ئەگەر گۆشتاسب دوای تۆران لە باوکی چووبێتە ڕۆم، دەزانین کە تەنانەت ئەگەر لە بەلخی ئەفغانستان-یش بووبێ ڕێگای بۆ ڕۆم بە هیندستان دا نەبووە، ئەدی ئەو (هیند)ە دەبێ کوێ بێ کە بۆ سەفەری ڕۆم لەسەر ڕێی لوهراسب بووە؟ ئەگەر سەرنج بدەنە ئەو نەخشەی لە خوارەوە هاوپێچ کراوە، شوێنێک بەناوی (الهندیە) لە نێوان کەربەلا و حیلە هەیە، کە دەبێ هەر ئەو هیندە بێ کە لە چیرۆکی تۆرانی گۆشتاسبدا باسی کراوە.
لەبابەت بناغەی نەتەوایەتی و زمانی و ناوەکان، پێشگری “کەی” واتە کاک کە لە لوڕستان هەر ماوە، پاشگری “ئەسب” لە ناوی پادشایانی کەیئانیدا وشەی کوردین. ناوچەی زاگرۆسی نیشتیمانی کوردان یەکەم شوێنی سەرهەڵدانی نیشتەجێبوون و کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بووە. ئەوە بە زۆر بەڵگەی شوێنەوارناسی (ئارکیۆلۆجی) سەلمێندراوە. مادەکان لە پەروەردەکردنی ئەسپ دا زۆر کارامە بوون و ئاشوورییەکان ئەسپیان لێ کڕیون، گا و وشتر و ئاژەڵی دی کە لەناو مادەکان دا گرنگییەکی زۆریان هەبووە تێکەڵی ناوی خەڵکەکە بووە وەک وشەی (گئۆ لە ناوگەلی وەک دیائۆکۆ، ئیختۆویگۆ، گئۆماتە و….). ناوی وشتر لە ناوی زەرت وشترە دا و وشەی ئەسپ وەک پاشگری زۆر ناوی ئاڤێستایی نیشانەی پەیوەندیی بەهێزی ئاڤێستا و زەردەشت لەگەڵ ناوچەی ماد دا هەیە. لە ئاڤێستا دا گرنگیی گا ئەوەندە زۆرە کە ئافراندرانی گا و مرۆڤ لەیەک کاتدا و پێکەوە دانراوە. ناوی کەیوومەرس گۆڕاوی وشەی ئاڤێستایی (گئۆمەرتەن)ـە کە لە دوو وشەی لێکدراو (گئۆ واتە گا + مەرتەن واتە مرۆڤ) پێکهاتووە. لە سەدەی هەشتەمدا نێوی چەند سەرۆک هۆز لە نووسراوە بزمارییەکانی سارگۆنی پادشای ئاشوور دا هاتوون کە لەگەڵی لە شەڕدا بوون و نیشانەن بۆ زەردەشتی بوونیان.
بەپێی ڕوانگەی پلینی دوای زەردەشت چەند کەسی دیکەش بەو ناوە هەبوون و زەرتوشترە تۆمەکانیش لەوانەیە بەهەڵە بە زەردەشتی پێغەمبەر ناسرابن.
“یودێکسێس”ی کلدانیش کە لە سەدەی چوارەمی پ.ز. لە ئێران ژیاوە بەتەواوی ئاشنا بووە بە زەردەشت و فەلسەفەکەی، بۆخۆی لە دۆستانی ئەفلاتوون بووە و دان بەڕاستیی ئەو پەراوێزە دادەنێ. ئەفلاتوون لە کتێبی “ئالێکسیبیادێس”دا لە گوتەی سوقرات ڕا ڕازەکانی پەروەردە و فێربوونی ئێران ستایشت دەکا، کە منداڵانی دەرباری لە ١٤ساڵەیی ڕا فێری زانستی نهێنیی زەردەشت دەکەن. ئەرەستۆش موغانی زانا بە شاگردانی زەردەشت دەزانی و لە کتێبی دیالۆگدا دەنووسێ “موغان زۆر کۆنتر لە میسرییانن، ئەوان باوەڕیان بە دوو شتانە، ڕەوانی باشی و ڕەوانی خراپە، کە یەکەمیان زێئووس یان ئۆرۆمازێس (اورموزد) و دووەمیان ئەرێمانیۆس یان هادێس (ئەهریمەن) ناودەبەن.” باسی شاگردانی پرۆدیکووسی هاوڕێی سوقرات کراوە کە ئەوان ڕوونووسێکی ئامۆژگارییەکانی زەردەشتیان لەبەردەستدا بووە.
لەسەر ئەو بەشە هەر ئەوەندە بە باش دەزانم و داواتان لێ دەکەم بۆ زانیاری زیاتر بڕواننە کتێبی “زەردەشت و مێژووەکەی” و بابەتی “ئەفسانەکانی ئاڤێستا و پەیوەندییان بە کوردستانەوە” لە بەشی کتێبخانەی ماڵپەڕی فەرهەنگ و مێژووی کاوە دا.


