سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

لەم دۆخەدا، کورد دەبێت چ بکات لە کەرکووک؟

پۆستی پارێزگار بە گشتی و بۆ پارێزگای کەرکووک بەتایبەتی کە پێکهاتەی جیاوازی لێ نیشتەجێیە، گرنگی خۆی هەیە، لە کۆمەڵگا دواکەوتووە فرە کلتورەکاندا پارێزگار وەکوو هێمای دانیشتوانی ڕەسەنی هەر پارێزگایەکە، بە پێچەوانەی کۆمەڵگا مەدەنییە پێشکەوتووەکان کە دەکرێ  پەنابەرێک یان نەوەی دووەمی پەنابەران ببنە پارێزگار یان سەرۆک وەزیران. کۆمەڵگای ئێمە هێشتا نەگەیشتوەتە ئەو ئاستەو جیاوازیەکی گەورەش هەیە لە نێوان پەنابەرێک کە کلتوری ئەو کۆمەڵگایەی وەرگرتبێت لەگەڵ هاوردەیەک بە مەبەستی گۆڕینی دێموگرافی لە شارێک نیشتەجێ بووبێت و زمان و کلتوری خۆی بەسەر دانیشتوانە ڕەسەنەکەدا بسەپێنێت.

کەرکووک بەهۆی شوێنی ستراتیجی و دەوڵەمەندی بە سامانی سروشتی، بووەتە جێی چاوتێبڕینی داگیرکەران و زۆرجار هەوڵی گۆڕینی دانیشتوانەکەی و کاڵکردنەوەی ناسنامەکەی دراوە. ئەوەی دەسەڵاتی هەبووبێت هەوڵی نیشتەجێکردنی لایەنگرانی خۆی و سەپاندنی کلتوری خۆی داوە بەسەر دانیشتوانی ڕەسەنی پارێزگاکە. بۆیە بە درێژایی مێژوو فرەڕەنگی و ئیتنۆس و گرووپی مەزهەبی و ئاینی جیاوازی تێدا ژیاوە، ئێستاش ئەو فرەڕەنگیە بووەتە یەکێک لە سیما کلتوری و ڕەگەزییە دیارەکانی ناسنامەی کەرکووک.

بەڵام جیاوازییەکان وەکوو پایە و کۆڵەگەیەکی کلتوری لە جیاتی ئەوەی ببنە نیعمەت و خێرو بەرەکەت بۆ کەرکووک، بە فیتی داگیرکەران و هاندان و دەستێوەردانی دەرەکی و بە بەرنامە و ئەجیندای سیاسی خەڵکانی دیکە، جیاوازی پێکهاتەکان بووەتە مایەی نەگبەتی و نەهامەتی بۆ کەرکووکییەکان. فرەیی کراوەتە ئاستەنگ لەبەردەم پێشکەوتن و گەشەکردنی پارێزگاکە و لە جێبەجێکردنی یاسا و دەستوریشدا. لە ڕاستیشدا هیچ کێشەیەک لە نێوان خەڵکی ئاسایی پێکهاتەکاندا نییە.

نزیکەی شەش مانگە هەڵبژاردن کراوە و ئەنجامەکانی ڕاگەیاندراوە و ڕەزامەندی لەسەر دراوە، بەپێی یاسا دەبوو دووای پازدە ڕۆژ لە ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان، ئەنجوومەنی نوێ کۆبێتەوە و کۆبوونەوەکە لە لایەن بە تەمەنترین ئەندام بەڕێوە بچێت. هەر بە پێی یاسا، دەبوو یەک مانگ دوای ئەو کۆبوونەوەیە پارێزگار و سەرۆکی ئەنجومەن و پۆستەکانی دیکە دیاری بکرایە. لە کەرکووک دا ئەمە نەکراوە و پێ ناچێت ئەوەش بکرێت.

ئەوەی سەرەتاییترین زانیاری هەبێ و ئەلف و بێی یاسای هەڵبژاردنەکان بزانێت، دەزانێت بەپێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن پۆستی پارێزگار مافی کوردە، ئەو ڕاستیە تەواوی دۆست و دوژمنەکانی کورد دەیزانن و لە هەر بەرنامەیەکیاندا بۆ پرسی کەرکووک ناتوانن تێیپەڕێنن.  

پاش ئەو هەموو غەدر و ستەمەی لە کوردی کەرکووک و ناوچە کوردستانییە دابڕینراوەکان کراوە لە ماوەی شەست حەفتا ساڵی ڕابردوودا، لە ڕووخاندنی گوندەکان و دەرکردن و بە زۆر گواستنەوەی کورد بۆ پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دەستبەسەرداگرتنی زەوی کشتوکاڵی و هەڵوەشاندنەوەی ناحیەکان و کەرتکەرتکردنی یەکە کارگێرییەکان و نیشتەجێکردنی عەرەب بە مەبەستی گۆڕینی دێموگرافی ئەم ناوچانە، بە گۆڕینی ناوی گەڕەک و قوتابخانەو شەقام و بازارەکانیشەوە، بۆ ئەوەی هیچ مۆرک و نیشانە و ناسنامەیەکی کوردیان پێوە نەمێنێ. بەڵام هێشتا کورد زۆرینەیە و سیمای کلتوریی کوردی بە ناوچەکەوە دیارو زاڵە، تا ئێستاش بەدڵنیایی لە هەر پرۆسەیەکی دێموکراتی  شەفاف و بێ تەزویر و دەستێوەردان دەنگی کورد لە کۆی ناوچە کوردستانییە دابڕینراوەکان لە دەنگی تەواوی پێکهاتەکانی دیکە زیاترە، بۆیە لە چارەىسەری هەر کێشە و گرفتێکی پەیوەست بەم ناوچانە، ئەگەر بڕیار بێت بە دەنگدان یەکلایی بکرێتەوە ئەوە براوە کورد دەبێت، بە مەرجێک کورد خۆی تەباو یەکگرتوو و یەک هەڵویست بێت. ئیترهەموو کێشە و گرفتەکانی ناوچە کوردستانییە دابڕینراوەکان بە قازانجی کورد یەکلایی دەبێتەوە.

لە قۆناغی لاوازیی کورد و نەبوونی دەسەڵاتێکی دێموکراتی و مەدەنی و دادپەروەر لە عێراق، ئەو زۆرینەیە ئەگەری هەڕەشەیەکی دیکەیە لەسەر ئایندەی ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان، بۆیە بەبەرنامە کار بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی کورد دەکرێت.  پاش گۆڕانکارییە دیمۆگرافییەکان زۆرینەی کورد لە کەرکووک و ئەم ناوچانەدا، ئەگەری هێرش و پەلاماری توندڕەوەکان و زنجیرەیەکی دیکەی کارەساتی نەتەوەیی کوردی بە دوواوەیە، دەبێ کورد ئاگاداری ئەو مەترسیانە بێت. پێموایە بەرزبوونەوەی نرخی زەوی نیشتجێبوون و هەڵمەتی دروستکردنی خانوبەرە لەم ڕۆژگارەدا لە کەرکووک یەکێکە لەو بەرنامانە بۆ نەهێشتنی ئەو زۆرینەیەی کورد دەکرێ لە شارەکەدا. لە هەر خاوەن نووسینگەیەکی زەوی فرۆشتن بپرسیت، ئاماری سەرسوڕهێنەرت دەدەنێ لە بارەی هاتنی عەرەبەوە بۆ کەرکووک، حکومەتی ناوەندیش ئاسانکاری باشیان بۆ دەکات لە ڕووی پێدانی قەرزی خانوبەرە و زەوی نیشتەجێبوون و پەلەکردن لە گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ گەڕەکەکانیان و دابینکردنی کار… هتد.

لەم قۆناغە و لە عێراقێکی پڕکێشەی تایفی و سیاسی و تەڕاتێنی وڵاتانی هەرێمی و زلهێز و باڵادەستی هێزی دەرەکی هەرگیز ئەوە ڕوونادات بە دڵی کورد بێت. لە ڕەوشێکی لەم جۆرە، ئامانجەکانی کورد لە پرۆسەیەکی دێموکراتیدا نایەنەدی، نە لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە پۆستە باڵاکان وەردەگیرێت و نە وەرگرتنی پۆستەکانیش دەتوانێت خزمەتی پرسی نەتەوەیی بکات، نە تروسکە و ڕووناکیەکیش بۆ جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ ی دەستور لە ئارادایە. بۆیە پێویستە کورد بە میکانیزمیکی گونجاو لەگەڵ  هەلومەرج و ڕەوشی ئەم قوناغەدا درێژە بە خەباتی نەتەوەیی خۆی بدات، کە من لێرەدا بە کورتی لە چەند خاڵێکدا ئاماژەی پێ دەکەم: 

یەکەم، هێندەی بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەکان گرنگن هێندە خودی پۆستەکە گرنگ نییە، ئەگەرچی پۆستەکەش مافێکی نەتەوەییە، بەڵام پۆستێک نەتوانێت یەک هەنگاو پرسی کورد بباتە پێش و یەک داخوازی نەتەوەیی کورد جێبەجێ بکات، ناڵێم نەبوونی باشترە، بەڵام بیر لە گۆڕینەوەی بکرێت باشترە. واتە کورد ڕازی بێت پارێزگار بۆ پێکهاتەیەکی دیکە بێت، لەگەڵ ئەو دەستبەردار بوونە لە پۆستی پارێزگار چەند مەرجێک بسەپێنێت و گرەنتی بەدەستهێنانیان هەبێت یان توانای وەرگرتنیان هەبێت.

دووەم، جەختکردن لەسەر وەرگرتنی تەواوی مەلەفی ئەمنی. ئیتر لە ژێر ناوی پۆلیسی فیدرالی بێت یان حەشدی کوردی یان پیشمەرگە بۆ دابینکردنی ئاسایش و دوورخستنەوەی هەڕەشە و مەترسی گرووپە تیرۆریستیەکان لەسەر دانیشتوانی گوندەکانی داقوق و کاکەییەکان و جوتیارانی دوبز و سەرگەڕان، بە جۆرێک کورد هەست بکات دەسەڵاتی هەیە و هێزێکی چەکدار پشتیوانی دەکات، بە پێی یاسا و دەستوری عێراقی دەیپارێزێت.

سێیەم، ئاسانکاری و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و هاوکاری گوندنشینانی کەرکووک و هاندانی ئاوەدانکردنەوە و گەڕانەوە بۆ گوندەکان. بونیادنانەوەی کۆمەڵگای لادێیی کوردستانی لە ڕێگای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی “ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆرشی” سەردەمی پێشوو. هەورەها پێدانی قەرزی کشتوکاڵی و ڕاییکردنی مامەڵەی جووتیارانی کورد لە فەرمانگە و وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقی، هەڵگرتنی ئەو قەیدوبەندەی لەسەر زەوی جووتیارانی کورد هەیە.

چوارەم، جێبەجێکردنی یەک بڕگەی مادەی (١٤٠)، تەنیا ئەو قەزایانەی کە هیچ کێشەیەکیان لەسەر نیە و بە زۆر خراونەتە ناو ئەم ماددەوە، وەکوو قەزای مەخمور لە هەولێر و قەزای کفری لە کەرکووک و قەزای خانەقین لە دیالە، بە مەرجی گەڕاندنەوەی یەک قەزا لە ڕووی کارگێریەوە بۆ سەر پارێزگای کەرکووک. قەزاکانی (کفری، خورماتو، کەلار، چەمچەماڵ)، کە تەواوی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە دەزانن بە مەبەستی گۆڕینی دێموگرافی و کەمکردنەوەی ڕێژەی کورد لە کەرکووک، ئەم قەزایانە خراونەتە سەر پارێزگاکانی دیکە. بۆ نموونە لە دەرەوەی ماددەی ١٤٠، بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگای دیالە و نوێنەرانی قەزای کفری لە ئەنجوومەن، پارێزگار و ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک داوا بکەن قەزای کفری بگەڕێتەوە سەر کەرکووک لە پێناو بەرژەوەندی هاوڵاتیاندا.

پێنجەم، هاوتاکردنی پشکی کورد لە فەرمانگە و دامودەزگا خزمەتگوزاریەکانی پارێزگای کەرکووک بە پێی ڕێژەی دانیشتوان، بە تایبەتی لە سێکتەری پەروەردە و پرسی مووچەی مامۆستایان و پێویستیەکانی خوێندنی کوردی و زمانی خوێندن لە خوێندنی باڵا و زانکۆی کەرکووک.

شەشەم، سنووردانان و دۆزینەوەی میکانیزمی گونجاو بۆ هاتنی عەرەب و مەترسیەکانی بەردەوامی گۆڕینی دیموگرافی لە پارێزگاکە، ئەمە ببەسترێتەوە بە مەلەفی ئەمنی و کورد جەخت لەسەر وەرگرتنی بکات.

کۆنتڕۆڵکردنی فەرمانگەکانی ئامار و سەرژمێری و شارەوانی و خۆراک و سوتەمەنی بۆ ئاگاداربوون لە گۆڕانکارییەکان و گوساتنەوە و ڕۆیشتن و جێگۆڕکێی خێزانەکان و فراوانبوونی شار و تایبەتمەندی دانیشتوانی گەرەکە نوێیەکان.

حەوتەم، خۆئامادەکردن بۆ سەرژمێری و ئاماری گشتی دانیشتوان لە عێراق دا، کە وەزارەتی پلاندانانی عێراقی دەیەوێت لەم ساڵدا ئەنجامی بدات، ئەگەر پۆستی پارێزگاری کەرکووک یەکلایی نەکرێتەوەو کورد ڕێکنەکەوێت و هیچ دەسەڵاتێکی لە سەرپەرشتی و بەڕێوەبردندا نەبێت، ئەنجامەکانی ئەو سەرژمێرییە بە زیانی کورد تەواو دەبێت بە تایبەتی ئەگەر ئەو ئەنجامانە وەکوو بنەما بۆ چارەسەری هەندێک لە گرفتەکانی ئایندە سەیربکرێت.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO