دڵزار حه‌سه‌ن
قسه‌كردن له‌سه‌ر مێژووی فكر و ئەزموونی نووسین و كاركردنی هه‌ر كاره‌كته‌رێك له دنیای هزر و بیركردنه‌وه، خۆی له خۆیدا كارێكی گران و تاقه‌ت پروكێنه. به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر توێژینه‌وه‌كه ساغكردنەوەی بیر و ئەندێشەی كەسایەتییەكە بێت، ئەو كەسایەتییەش لە مێژووی كاری ئەدەبیی و كوردایەتیی و مرۆڤسالاریدا تواناكانی بەرزنرخێندرابێت. ئه‌و كات بۆ ئاشنابوون بە دنیای ئەدەبیی و شیعر و بۆچوونەكانی، سه‌رچاوه‌ی زیاتر و به‌دواداچوون و وردبوونه‌وه‌ی پتری ده‌وێت. هه‌ڵدانه‌وه‌ی دیرۆكی لاپه‌ڕه و ژیاننامه‌ی هه‌ر زانایه‌ك ده‌بێته ده‌روازه‌یه‌كی گرینگ بۆ وه‌رگرتنی داتا و زانینی لایه‌نه دیار و په‌ناهانه‌كانیشی، كه دواجار ده‌بێته هۆی ده‌ستكه‌وتنی كۆمه‌ڵێك زانیاریی سوودبه‌خش. هه‌ر ئه‌وه‌ش واده‌كات توێژه‌ر به وردی و له ڕوویه‌كی زانستییه‌وه ڕۆبچێته نێو ته‌واوی به‌رهه‌م و تێڕوانین و لێكۆڵینه‌وه‌كان. له‌و سۆنگه‌یه‌وه هه‌ر توێژینه‌وه‌یه‌ك كه كار له‌سه‌ر بنكۆڵین بكات، به‌پێی پێویست ده‌بێت گشت لایه‌نه‌كانی ئه‌و كه‌سایه‌تییە شرۆڤه بكات. منیش له‌و ڕوانگه‌یه‌وه كارم له‌سه‌ر زانای دیاری دنیای ئیسلامی كوردی، مه‌لا محه‌مه‌دی جه‌لی زاده (ناسراو بە مەلای گەورە)، كردووە.
تێگەیشتن لە چاکسازی
مانا فه‌رهه‌نگییه‌که‌ی چاکسازی، ڕیفۆرم (إسلاح)، ده‌کرێت وه‌ها پێناسه بکرێت: نۆژه‌نكردنه‌وه، تازه‌بوونه‌وه، شکڵپێدانه‌وه، دروستکردنه‌وه، چاکترکردن، گۆڕین، گه‌شه‌پێدان، هه‌نگاونان، بۆ خوڵقاندنی دۆخ و هه‌لومه‌رجێکی نوێ… هتد.(1) ئه‌گه‌رچی پرۆسه‌ی چاكسازی له ده‌ستپێکدا پێگه و ڕیشه‌ی له بزووتنه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تیی ئاینییدا هه‌بووه، به‌ڵام پاشتر و له‌گه‌ڵ زه‌مه‌ندا چ وه‌ک تێرم و چ وه‌ک پرۆسه‌یه‌کی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیی و فه‌رهه‌نگی، تخووبی هێزه ئاینییه‌كانی تێپه‌ڕاندووه و له هه‌ناوی ئایدۆلۆجیه لیبڕاڵ و گرووپه موحافیزکارە نوێکانیشدا جێی خۆی کردو‌وه‌ته‌وه. بە مانا سادەییەکەی “چاکسازی” گۆڕینی دۆخە خراپه‌كانه بەرە و باشبوون، بەشێوازی ھێمن و لەسەرەخۆ، بێ توندوتیژیی و شۆڕش، جا ئەو چاکسازییە ڕوو لە تاک بێت یان کۆمەڵگە، یاخود دەزگا. به‌مانایه‌كی دیكه “اصلاح [چاکسازی] له ڕووی به‌ركاره‌وه ده‌بێته هاودژی فه‌سادی، واته پرسی چاكسازی له‌جه‌وهه‌ردا دژی خراپه‌كاریی و گه‌نده‌ڵییه. چه‌مكی خراپه‌كاریش بریتییه له ده‌رچوونی شتێك له دۆخی میانڕه‌ویدا.”(2) هه‌ڵبه‌ته چاکسازی نێو پرسه سیاسی و ئایینی و كلتورییه‌كان، نزیکترین دۆخن له‌یه‌كتریه‌وه كه ئه‌و چه‌مكه‌یان بۆ به‌كاربهێندرێت. جارجاره‌ش ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه پێویستی به قووڵبوونه‌وه‌ی زیاتر هه‌بوو، ئه‌وكاته ئاوەڵناوی شۆڕشی پێوە دەنووسێت، ئیدی وەک شۆڕشی چاکسازیی زاراوه‌كه به‌كاردێت. مەبەست لە چاکسازیی ئاینیی پێداچوونەوەی كلتوری ئاینییە، لە ڕووی گونجان و نەگونجانی هەندێك لە بابەتەكانی لەگەڵ سەردەم یان بەسەرچوون و بەسەرنەچوونی هەندێك لە بۆچوون و ئیجتیهادەكانی زانایانی پێشین.
ئەو چاکسازیە لە بازنەی خودی بۆچوونە دێرینەكان و كوانووی كلتوری ئیسلامی‌دا جێی بۆتەوە، چونكە ئەوەی ناونراوە زەمینەی ئیجتیهاد و بوونی ڕا و ڕای جیاواز لای فەقیهەكان، دەچێتە خانەی چاکسازییەوە. لێرەدا دەبێ ئەوە لەبەرچاو بگرین، كە چەمكی “چاکسازی” هەڵقوڵاوی واقعی فكریی و كۆمەڵایەتیی ڕۆژئاوایە و جیاوازییەكی هەیە لەگەڵ ڕەوتی ئیسلاحیی (چاکسازیی) لە چوارچێوە ئیسلامییەكەدا. دەتوانین بڵێین ڕەوتی چاکسازیی ئایینیی لە مێژووی ئیسلامدا لەو كاتەوە وەستا، كە گوتیان “دەرگای ئیجتیهاد بەستراوە”. ئەو ڕستەیەی كە بۆ چەندین سەدە ئوممەتی ئیسلامیی بێبەشكرد لە عەقڵ و ئەزموون و توانا زانستییەكانی ژمارەیەكی زۆر لە زانایان، كە لەبەر ئەو ڕستەیه چرای هزری خۆیان كوژاندەوە و چەكەرەكانی بیری خۆیان پووكاندەوە. دیارە ئەو ڕستەیەش لەوێوە هات، كە لە سەدەكانی پێنج و شەشی كۆچی‌دا دیاردەیەكی ترسناك سەری هەڵدابوو، لە دەستنیشاكردن لە مەرجەكانی ئیجتیهاددا، گوایە كەسانی نا “ئەهل” خۆیان خزاندبۆوە ڕیزی موجتەهیدەكان، لەكاتێكدا دەكرا لە درێژەی خودی ڕەوتە ئیسلاحییەكەدا، ئەو دیاردە نەخوازراوەش چارەسەر بكرێت.
بەگشتی، لە مەنزوومەی فكری ئیسلامی‌دا پرۆسێسێكی گرنگتر و پێشكەوتووتر لە “چاکسازی” هەیە كە پێی دەگوترێ “تجدید ا‌لدین”، واتە نوێكردنەوەی ئایین، كە دەستەواژەیەكی زۆر وردتر و گشتگیرترە، لە دەستەواژەی چاکسازی. یەكەم كەسیش كە لە مێژووی ئیسلامدا ئەو دەستەواژەیەی بەكار هێناوە، خودی پێغەمبەری ئیسلامە (د.خ.)، كه فەرموویەتی: “إِنَّ اللَّهَ يَبْعَثُ لِهَذِهِ الْأُمَّةِ عَلَى ڕأْسِ كُلِّ مِائَةِ سَنَةٍ مَنْ يُجَدِّدُ لَهَا دِينَهَا”(3)، واتا خودا له‌سه‌ری هه‌موو سه‌ده‌یه‌ك، كه‌سێك ده‌نێرێت تا ئایین نوێ بكاته‌وه. ئەوە چاکسازیی ئاینییه لە بازنەی تێگەیشتنە ئیسلامییەكەدا، بەڵام كەی ئەو چاکسازیە دەكرێت؟ هەر كاتێك كە هەستكرا هەندێك لە ئیجتیهاد و فەتوا و بۆچوونەكان، خەریكە بەسەر دەچن و بە فاكتەری زەمەن، تۆز و گەردیان له‌سه‌ر ده‌نیشێت و خەریكە ڕەونەقی فیقهـ تێك بچێت، یان ئاڵوگۆڕی سیستمی ژیان و سر‌وشتی ژینگەكان خەریكە مۆركی نەسازان لەگەڵ واقیع بەسەر بۆچوونە دێرینەكاندا بدەن. ئەوەش پێداچوونەوە بە ڕا و بۆچوونە فیقهییەكاندا دەخوازێ، ئەو كات دەبێ لە چوارچێوەی حوكمە “جێگیرەكان”دا، پێداچوونەوە بە حوكمە “ناجێگیرەكان”دا بكرێ و بە تێگەیشتنی نوێی هەڵقوڵاوی ژینگە و كۆمەڵگە و سەردەمەكە، ڕا و بۆچوونی نوێ ببێتە مەودای “فیقهی نوێی” و پێشهاتی تازه و گونجاندنی له‌گه‌ڵ شه‌ریعه‌تی ئیسلامدا، كه یاسا بنه‌ڕه‌تییه‌كانی بۆ هه‌موو سه‌رده‌مێك ده‌گونجێ به‌پێی ئه‌وه‌ی ده‌بێ تێگه‌یشتنی سه‌رده‌میانه‌ی به‌پێی كات و شوێن بۆ بكرێت. ئەمە ڕاستییەكی گرنگە و به‌له‌به‌رچاوگرتنی زۆر شت، پێویسته وه‌كخۆی زیندووبكرێته‌وه.
بنه‌چه‌ی بنه‌ماڵه‌ی جه‌لیزاده
بنه‌ماڵه‌ی جه‌لیزاده له بنه‌چه‌وه بۆ سور “شێخ ئیبراهیم”ی جه‌زیری ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه ئه‌و خانه‌واده‌یه له جزیر و بۆتانه‌وه له‌به‌ر هۆیه‌كی نادیار ڕووه و باشووری كوردستانی گه‌شتیان كردووه. دواتر دێنه گوندی بێگه‌ڵاس له ناوچه‌ی پشده‌ر، پاشان به‌شێكیان هاتوون بۆ گوندی شیواشان له ده‌ڤه‌ری ڕانیه. باپیره هه‌ره گه‌وره‌یان محه‌مه‌د كه به مه‌لازاده‌ی شیواشان به‌ناوبانگه، ده‌گێڕنه‌وه، كه زۆرینه‌ی ژیانی خۆی له ئه‌شكه‌فتێكی نزیكی شیواشان به عیبادات بردووه‌ته سه‌ر، گوایە له زۆر باردا به شیری بزنه كێوی گوزه‌راندوویه‌تی. محەمەد یازده كوڕی هه‌بوو، كوڕی هه‌ره گه‌وره‌ی مه‌لا عه‌بدوڵلا بووه، کە ده‌چێته گوندی جه‌لی، كه ده‌كه‌وێته ده‌ڤه‌ری خۆشناوه‌تی، له‌وساوه ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه به جه‌لیزاده ناوده‌برێن. ئیتر به‌م چه‌شنه بڵاوده‌بنه‌وه تاكو له سه‌رده‌می “مه‌لا عه‌بدولره‌حمان”ی باپیره گه‌وره‌یاندا كاتێك عه‌بدولره‌حمان پاشای بابان مزگه‌وت و مه‌دره‌سه‌ی له قه‌به‌ڵ ده‌كات و به‌راتی چه‌ند گوندێكی به‌و مزگه‌وته‌وه ده‌به‌ستێته‌وه. بۆیه “وراتی كۆیه” ده‌كه‌نه مه‌ڵبه‌ند و لێی جێگیر ده‌به‌ن. مه‌لا عه‌بدولره‌حمان له ١٢١٧ ك ماڵئاوایی له ژیان ده‌كات. دوای مه‌لا عه‌بدولره‌حمان كوڕه گه‌وره‌كه‌ی واثق بیللا مه‌لا عه‌بدوڵلای جه‌لیزاده ده‌بێته جێگری باوكی، كه خه‌لیفه‌ی مه‌ولانا خالید بووه و له ١٢٤٦ ك به تاعوون گیان له‌ده‌ست ده‌دات. كوڕه گه‌وره‌كه‌ی، كه ناوی ئه‌سعه‌د بوو له ١٨١١ له دایك بووه، كه دواتر به حاجی مه‌لا ئه‌سعه‌دی جه‌لیزاده ناسراوه. محه‌مه‌د پاشای والی ڕه‌واندز، كه ئه‌وكات له كۆیه بووه له شوێنی باوكی دایده‌نێته‌وه. حاجی مه‌لا ئه‌سعه‌د له ١٨٤٤ بۆ خوێندن ده‌چێته شام و لەلای شێخ عه‌بدولرحمان كه‌زبه‌ری.(4) ئیجازه‌ی “حه‌دیس و فیقهـ و ته‌فسیر” وه‌رده‌گرێ و دەچێت بۆ مه‌ككه و پاشان بۆ كۆیه ده‌گه‌ڕێته‌وه. دواتر لای مه‌لا عه‌بدولره‌حمانی ڕۆژبه‌یانی له به‌غدا ئیجازه‌ی گشتی له زانسته‌كانی ئیسلامی وه‌رده‌گرێ. حاجی مه‌لا ئه‌سعه‌د له ١٢٨٨ ك بۆ جاری دووه‌م ده‌چێته‌وه حه‌ج، كوڕه گه‌وره‌كه‌ی عه‌بدوڵلا كه له ١٨٣٥ له دایك بووه، به حاجی مه‌لا عه‌بدوڵلای جه‌لیزاده ناسراوبووه له‌گه‌ڵیدا ده‌چێت بۆ حه‌ج. حاجی مه‌لا ئه‌سعه‌د هه‌ر له مه‌ككه ده‌مێنێته‌وه، ١٨٧٢ هه‌ر له وێ كۆچی دوایی ده‌كات. حاجی مه‌لا عه‌بدوڵلا دوای مه‌رگی باوكی دێته‌وه كۆیه و له شوێنی باوكی داده‌نیشێت. حاجی مه‌لا عه‌بدوڵلا سێ كوڕی ده‌بێت به ناوه‌كانی به‌هادین و محه‌مه‌د و نوره‌دین. محه‌مه‌د، كه به مه‌لای گه‌وره ناسراوه دوای كۆچی دوایی باوكی حاجی مه‌لا عه‌بدوڵلا له ١٩٠٨ جێگه‌ی ئه‌و ده‌گرێته‌وه.(5)
مامۆستای كۆیی پیاوێكی زۆر پیتۆڵ و خۆناس و خواناس و گه‌لناس و وریا و ژیر و دڵسۆزێكی ڕاسته‌قینه‌ی ئایینی ئیسلام و خه‌مخۆرێكی گه‌لی كورد و ڕۆڵه‌یه‌كی هه‌ڵكه‌وتووی كوردستانی دابه‌شكراو و به‌دبه‌خت و فێڵلێكراو بووه. ئه‌و هۆنه‌ر، هونه‌رمه‌ند، زانا، مه‌لا، سیاسەتوان، وانه‌بێژ، پێشنوێژ، وتاربێژ، نووسه‌ر، وێژه‌وان، دێژه‌وان (فقیه)، ڕاڤه‌ده‌ر (مفسر)، ڕاستوێژ، دڵسۆز و خه‌مخۆر بووه. كوڕێكی مه‌رد و مه‌ردێكی كورد و نه‌ترس بووه، بزوێنه‌ری هه‌ستی دڵان و ڕاپه‌ڕێنه‌ری خه‌ولێكه‌وتووان بووه.(6) له ته‌مه‌نی بیست ساڵیدا ئیجازه‌ی زانستی مه‌لایه‌تی له باوكی وه‌رگرتووه و هه‌ر له‌و ته‌مه‌نه‌دا جگه له فەتوا، ئه‌ركه‌كانی وتاری هه‌ینی و وانه‌ی ئایینی و سه‌رپه‌رشتی هه‌ردوو مزگه‌وتی مه‌لا ئه‌سعه‌دی جه‌لیزاده و مزگه‌وتی گه‌وره‌ی گرتۆته ئه‌ستۆو، له ساڵانی ١٩١٢ تا ١٩٢٨ چه‌ندین كاری ڕه‌سمی حكومی سه‌ركه‌وتووانه ڕاپه‌راندووه، له ١٩١٢ كراوه به موفتی كۆیه و له ١٩١٩ كراوه به قازی و له 1924 هه‌ڵبژێردراوه بۆ ئه‌نجوومه‌نی دامه‌زراندنی عێراق و زۆر شێلگیرانه پێداگری له‌سه‌رمافه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورد كردووه.(7) دواتر جارێكی‌تر كراوه به‌قازی وراتی كۆیه و له 1928 وازی له كاری میری هێناوه و خۆی ته‌رخانكردووه بۆ هۆنینه‌وه‌ی شیعر و وانه‌ی ئایینی و نووسینی كتێب. به‌جۆرێك وه‌ك ده‌ڵێن له شه‌و و ڕۆژێكدا ٢١ سه‌عات خه‌ریكی نووسین و خوێندنه‌وه و وانه‌وتنه‌وه بووه، له‌و ماوه‌یه‌شدا خه‌رمانێك به‌رهه‌می به‌هێز و پێویستی ئاماده كردووه، كه جگه له ١٤ كتێب و نامیلكه به زمانی عه‌ره‌بی، شه‌ش به‌رهه‌میشی به زمانی كوردی داناوه، كه بریتین له: عه‌قیده‌ی ئیسلام، مجدد، فڕی فڕی قه‌ل فڕی، ته‌فسیری قورئانی پیرۆز و دیوانی شیعر. دیاره شیعره‌كانی به‌سه‌ر چه‌ندین لایه‌نی ئایینی و كوردایه‌تی و كۆمه‌ڵایه‌تی و مافی ژنان و منداڵان دابه‌ش ده‌بن. مه‌لای گه‌وره به‌رهه‌م و كاره‌كانی دابه‌ش ده‌بن بۆ سه‌ر سێ بوار نیشتیمان په‌روه‌ریی و به‌رگریكردن له كورد؛ چاكسازی كۆمه‌ڵایه‌تی له ڕێگای شیعر؛ هەروەها مافه‌كانی ئافره‌ت.
نیشتیمان په‌روه‌ریی و به‌رگریكردن له كورد
“يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُم مِّن ذَكَرٍ وَأُنثَىٰ وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا ۚ إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِندَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ ۚ إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌ”(8)، واتە ئه‌ی خه‌ڵكینه، ئێوه‌مان له نێر و مێ دروست كردووه، به چه‌ند نه‌ته‌وه و خێڵ و هۆزێك ده‌وردراون، بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كتر بناسن، ڕێزدارترتان لای خودا، خۆپارێزه‌كانن، خودا زانا و لێزانه.(9)
له دوای ڕووخانی ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی و دابه‌شبوونی خاکەکەی به‌سه‌ر هه‌ر یه‌ك له به‌ریتانیا و فه‌رنسا و ئیتاڵیا، كوردیش خاكه‌كه‌ی دابه‌شكرا به‌سه‌ر عێراق و ئێران و توركیا و سوریا. بۆیه ده‌توانین بڵێین ئه‌و سه‌ده‌یه به سه‌ده‌ی نه‌ته‌وه‌سازی ناوده‌برێت، كه هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی به‌هۆی داگیركردنه‌وه، لای زۆربه‌ی گه‌لانی موسڵمان و ناوچه‌كه دروست بوو. بێگومان ناسیۆنالیزم- نه‌ته‌وایه‌تی، پڕ به‌كارهێنه‌رترین چه‌مكی سه‌ده‌ی بیست و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك، پرسێكی گرنگ و پڕبایه‌خ و گه‌رمی دنیا بوو، كه وابه‌سته‌ی ته‌واوی گه‌لانی زیندووی سه‌رزه‌ویه. به ئامانج و مه‌به‌ستی جێگیردنی یه‌كه‌یه‌كی سیاسیی جیۆگرافیی، كه واتای “ده‌وڵه‌ت” ده‌گه‌یه‌نێ. ناسیۆنالیزم به مانای “میلله‌تگه‌رایی، هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی، ده‌مارگیری نه‌ته‌وه‌یی دێت.
فره بۆچوونی جیاواز له‌باره‌ی مێژوو و ڕه‌چه‌ڵه‌ك و ڕیشه‌ی ناسیۆنالیزمه‌وه هه‌یه. به‌شێك له شرۆڤه‌كارانی بواری نه‌ته‌وه، مێژووی ناسیۆنالیزم ده‌گه‌ڕێننه‌وه بۆ سه‌ره‌تای ژیان و كه‌ونارای كۆن، چونكه له سه‌ره‌تای زینده‌گییه‌وه مرۆڤ هه‌وڵی مانه‌وه‌ی له‌سه‌ر زه‌وی داوه و فكره‌ی خاوه‌ندارییه‌تی هه‌بووه و هه‌وڵی داوه سنووری ده‌سه‌ڵاتی فراوان بكات.(10) ڕه‌گ و ڕیشه‌ی ناسیۆنالیزمی كوردی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ شاعیری ناسیۆنالیست ئه‌حمه‌دی خانی (١٦٥١-١٧٠٧). ئه‌و به یه‌كه‌م كورد هه‌ژمار ده‌كرێ كه له‌باره‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و سازكردنی ده‌وڵه‌تی كوردی له‌ڕێی نووسین و شیعر و داستانه‌وه دواوه و له داستانی “مه‌م و زین”دا کە لە ١٦٩٥ نووسراوه.(11) له‌ڕێی ئه‌ڤین و خۆشه‌ویستی و جوانی و پاكی، هاوكاران و دژان، باسی سه‌رده‌می خراپی خۆی ده‌كات و وێنای ده‌وڵه‌ت دروستكردن نیشان ده‌دا، ئه‌مه‌ش وابه‌سته به هه‌ستی ناسیۆنالیستی و كوردایه‌تیی و نیشتیمانپه‌روه‌رییه‌وه. ئه‌م داستانه له دوای ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌دانی كوردان نووسراوه. ئه‌و هه‌سته ناسیۆنالیستییه‌ی خانی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بارودۆخی سیاسی و جیۆگرافی و كۆمه‌ڵایه‌تی سه‌رده‌می ژیانكردنی. ئه‌و له سه‌رده‌می كێشه و كێشمه‌كێشه‌كانی نێوان ده‌وڵه‌تی سه‌فه‌وی و عوسمانی ژیاوه، كه زۆربه‌ی كێشه‌كانیان له‌سه‌ر خاكی كوردان و ناوچه كوردییه‌كان بووه، هه‌ردوولا هه‌وڵیان داوه له‌سه‌ر حسێبی كوردان، یه‌كه‌ی جیۆگرافیی خۆیان فراوان بكه‌ن. له‌م نێوه‌نده‌دا به پله‌ی یه‌كه‌م كورد زیانمه‌ندی گیانیی و ماددی بووه. کورد هیچ ده‌سه‌ڵات و پێگه‌یه‌كی له ناوچه‌كه‌دا نه‌بووه، ئه‌مه هۆی سه‌ره‌كیی و گرنگه كه ئه‌حمه‌دی خانی به‌و ئاراسته‌یه‌دا برد.
له دوای ئه‌حمه‌دی خانی، حاجی قادری كۆیی (١٨١٦-١٨٩٧) به سەرقافڵەی بیری نه‌ته‌وایه‌تی و ناسیۆنالیستی داده‌نرێ، ئه‌مه‌ش وابه‌سته‌یه به دووركه‌وتنه‌وه له وڵات و ده‌ڤه‌ر و زێدی خۆی و ئاواره‌بوون بۆ وڵاتی دژه‌كوردان و مه‌یلی خۆبه‌كه‌مزانی له به‌رامبه‌ر عوسمانییه‌كان، چونكه خاوه‌ن ده‌وڵه‌ت و قه‌واره‌یه‌كی سیاسی نییه، بۆیه ده‌نووسێ(12):
وه‌كو بیستوومه ئه‌ی یاری نیكۆپه‌ی له ته‌ئریخی جه‌م و ئه‌سكه‌نده‌ر و كه‌ی
به‌شیر و خامه ده‌وڵه‌ت پایه‌داره ئه‌من خامه‌م هه‌یه، شیر نادیاره(13)
هه‌روه‌ها ده‌ڵێ:
خاكی جزیر و بۆتان، یه‌عنی وڵاتی كوردان سه‌د حه‌یف و مخابن ده‌یكه‌ن به ئه‌رمه‌نستان(14)
له شیعره‌كانی حاجی قادر، ڕوون ده‌بێته‌وه، كه به‌ته‌واوی ڕۆچووه‌ته ناو هه‌ستی ناسیۆنالیزمی كوردی و ئاواته‌خواز و ئومێده‌واری ده‌وڵه‌ته بۆ كوردان.
جگه له‌و كه‌سایه‌تیانه‌ی باسمان كردن، مه‌لای گه‌وره یه‌كێكه له‌و زانا و دانایانه‌ی كورد، كه به شیعر و هه‌ڵوێست و وتاره‌كانی داكۆكی له ماف و داخوازییه‌كانی كورد كردووه و ده‌ڵێت:
هه‌تا ده‌مرم له بۆ كوردان ده‌ناڵم عیلاجیان چۆن بكه‌م هاوار به ماڵم
ده‌بێ كه‌یفی چیم به جه‌نیا بێ قه‌ومی من وا ڕه‌زیل و ڕیسوا بێ
بێكه‌س و بێده‌ر و فه‌قیر و هه‌ژار بێ سه‌ر و سه‌رفراز و بێ سه‌ردار
ئه‌وی ڕێگه‌ی له كورده‌كان گۆڕی له‌عنه‌تی خودا له ئه‌لحه‌د و گۆڕی(15)
ئه‌و هه‌سته‌شی له‌ژێر ڕۆشنایی ئه‌و ئایه‌ته‌ی قورئان، كه له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێداوه ده‌ربڕیوه. مه‌لای گه‌وره و ته‌واوی زانایان و مامۆستایانی ئایینی داكۆكیان له نه‌ته‌وه و میلله‌ته‌كه‌یان كردووه، كوردیش وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌ك، له نێو ئه‌و جیهانه پان و به‌رینه‌دا خاوه‌ن مافه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش هه‌میشه داكۆكیكاری ماف و داخوازییه‌كانی بووه. ئه‌و هه‌سته نه‌ته‌وەییه‌ی مه‌لای گه‌وره ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ مامه‌ڵه‌ی خراپی ده‌سه‌ڵاتداری عوسمانی له ناوچه‌كه و بێشبه‌شكردنی كورد له مافه مرۆییه‌كانی. بێجگه له‌وه، به‌رپه‌چدانه‌وه‌ی سیاسه‌ته دوژمنكاره‌كانی به‌ریتانی و فه‌ره‌نسییه‌كان بووه، كه خاكی كوردیان دابه‌شكردووه. ناتوانین كاریگه‌رییه‌كانی محه‌مه‌د عه‌بده له‌سه‌ر تێڕوانینه دژه‌كانی بۆ ئینگلیز لای مه‌لا گه‌وره بشاردرێته‌وه. له په‌ڕتووكی “العروة الوثقى”(16)، عه‌بده زۆر به توندی دژی داگیركردنی به‌ریتانیا و ئینگلیز ده‌وه‌ستێته‌وه چه‌ندان وتار له دژیان له‌و كتێبه بڵاوده‌كاته‌وه. لای من بۆته پرسیار، من باسی عه‌مه‌لییه‌ی دژكارییه‌كانی مه‌لای گه‌وره ناكه‌م به‌رانبه‌ر به عوسمانییه‌كان، كه خۆی له‌گه‌ڵیاندا ژیاوه و هه‌ڵسووكه‌وته خراپه‌كانی بینیوون، به‌ڵام مه‌لای گه‌وره خۆی به‌شداری دروستكردنی ده‌وڵه‌تی تازه‌ی عێراق ده‌كات، به ئاگاداری ئینگلیزه‌كان و به‌شداری ئه‌وان، ئه‌ی له پای چی دواتر دژایه‌تی ئینگلیز ده‌كات.؟ پێموایه ئه‌وه‌یان جگه له هه‌سته نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌ی، به‌شێكیشی بۆ هه‌ڵوێستی محه‌مه‌د عه‌بده ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه ئه‌و دژی به‌ریتانیا و سیاسه‌ته‌كانی ئینگلیز بووه له ناوچه‌كه‌دا، چونكه ده‌بێ ئه‌و پرسیاره له‌خۆمان بكه‌ین، مه‌لای گه‌وره خۆی به‌به‌شێك له داكۆكیكارانی فكری محه‌مه‌د عه‌بده ده‌زانێت و نایشارێته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا سه‌رسامه به شارستانییه‌تی ڕۆژئاوایی و به ئاشكرا ناوی ئه‌وروپا و ئه‌مریكا و پێشكه‌وتنه‌كانیان ده‌هێنێت.
ئه‌ی بۆچی دژی ئه‌و ڕه‌وته ده‌وه‌ستێته‌وه له‌كاتێكدا ڕۆژئاوا هیچ چاره‌یه‌كی دیكه‌ی نه‌بوو بۆهاتنه نێو خاكی موسڵمانان گه‌ر به‌و ڕێگایه نه‌بووایه؟ لێره تێگه‌یشتنمان بۆ هه‌ڵوێسته‌كانی مه‌لای گه‌وره بۆ ده‌رده‌كه‌وێ، كه به‌مانای وشه كوردانه و موسڵمانانه بیری كردووه‌ته‌وه، نه‌ك وه‌ك ناسیۆنالیستێكی ڕووت، به‌ڵكوو ویستوویه‌تی له‌و ڕیگایه‌وه هه‌م ئامۆژگاری كورد بكات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بۆ پێشناكه‌وێت، له‌هه‌مان كاتدا ڕێگریشی له داگیركردن و دوژمنان كردووه و ڕه‌خنه‌ی لێ‌گرتوون، ئه‌وه‌یشی وه‌ك ئه‌ركێكی ئینسانی و نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی سه‌یركردووه.
كه “مه‌جلیسی ته‌ئسیسی” دانرا، مه‌لای گه‌وره بووه ئه‌ندام له 1924، له‌سه‌ر میلله‌تی كورد زۆر به‌جواب بوو، فه‌رمووی ڕۆژه‌كی له مه‌جلیس قسه‌م ده‌كرد، جه‌عفه‌ر پاشای عه‌سكه‌ری سەرۆک وەزیرانی عێراق بوو، به كوردی بانگی كردم و گۆتی: توخوا ئه‌گه‌ر ده‌سته‌كانتم نه‌ده‌یتێ ماچیان بكه‌م به خوای قسه‌كانتم پێ‌خۆش‌بوو. مه‌لای گه‌وره یه‌ك له‌و نوێنەرانەی پەرلەمان بوو، كه معاهده‌ی عێراقی و به‌ریتانی مۆر نه‌كرد. ڕۆژه‌كی پیاوێكی به‌غدایی عه‌رزی ده‌كات سبه‌ینێ به‌سه‌ر مه‌جلیس داده‌ده‌ین ئاگات له خۆبی، فه‌رمووی سبه‌ینێ چوومه مه‌جلیسی عه‌بدولموحسین سەعدون سەرۆکی مەجلیس بوو ده‌ستی گرتم، گوتی: لۆ قه‌ت جاره‌كی نایه هۆده‌ی ڕیئاسه‌ت؟ گۆتم: چی فه‌رموو بابچین چووینه ژوورێ دانیشتین، شێخ حه‌بیبی تاڵه‌بانی، کە نوێنەری کورد بوو لە كه‌ركوك، لەگەڵ چه‌ند كوردێكی دیکەش هاتن، هه‌رهه‌نده‌مان زانی میلله‌ت ده‌وره‌ی بینایه‌ی مه‌جلیسی دا، سەربازیش هاتن ده‌وره‌ی میلله‌تیان دا. ته‌قه و هه‌را په‌یدا بوو، به كوردی به كورده‌كانم گۆت: له جێی خۆتان مه‌بزون مه‌ردن له‌و په‌نچه‌رانه گوللـه نامان گرێته‌وه، مه‌ڕۆنه ده‌رێ با شه‌قی میلله‌تمان پێ نه‌كه‌وێ، بچنه ده‌رێ حه‌یاتان ده‌چی. چونكی هه‌نده‌ك نوێنەر چووبوونه ده‌رێ میلله‌ت زۆری تێ هه‌ڵدابوون، هاتبوونه‌وه ناو بینایه‌ی مه‌جلیس گوێیان له ده‌نگ و باس و قیژه‌ی بووبوو. جه‌نابی مه‌لا له‌گه‌ڵ موحسین سه‌عدون گفتوگۆ ده‌كات حاڵه‌تی ته‌بیعی تێكناچێت. موحسین هه‌ڵده‌ستی ده‌ست ده‌داته ده‌ستی جه‌نابی مه‌لای ده‌ڵێ: به‌خوای به‌غیره‌تی، جه‌نابی مه‌لای ده‌فه‌رمووی، كه‌سێ كورد بێ، موسڵمان بێ، ده‌بێ به غیره‌ت بی.(17)
دیاره ماوه‌ی كۆتایی ژیانیشی وه‌ك ده‌گێڕنه‌وه بێئومێدی زۆری پێوه دیار بووه، گوتوویه‌تی: هیچ سوودی نییه. دیاره بێ ئومێدیه‌كه‌شی له كورد و ئه‌و ده‌وڵه‌ته نوێیه‌ی كه له عێراق دروستكرابوو ئه‌و له مه‌جلیسی دامه‌زراندن دابوو، به‌ڵام دواتر بێ‌ئومێد بوو له‌وه‌ی كه هیچ مافی به كورد نه‌دا.(18) له‌باره‌ی مه‌لای گه‌وره زۆر نووسراوه و زۆر گوتراوه، به‌ڵام ئایا هه‌موو ئه‌م شتانه‌ی له‌سه‌ر مه‌لای گه‌وره كراون شایسته‌ی مه‌لای گه‌وره‌ن، یاخود ته‌نیا باسێكه و به‌س؟ یاخود وڕێنه‌یه و هه‌ر لێیی تێنه‌گه‌یشتون؟ ئه‌و نوێگه‌ریی و ئیجتیهاداتانه چین، كه مه‌لای گه‌وره بێ‌ترس ڕای خۆی له‌سه‌ر گوتووه؟ ئایا مه‌لای گه‌وره خۆی دروستكرد، یاخود زه‌مانه و ده‌ورووبه‌ر كاریگه‌ر بوون بۆ هاتنه كایه‌ی؟ تۆ بڵێیت هۆكار چی بووبێت، كه مه‌لای گه‌وره جیاواز بێت له مه‌لاكانی سه‌رده‌می خۆی؟(19)
سه‌رده‌می مه‌لای گه‌وره سه‌رده‌می ڕووخانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی بوو، واته كۆتایی ده‌وڵه‌تی عوسمانی بوو، تێكه‌ڵبوون له‌گه‌ڵ شارستانیه‌تی ئه‌وروپا، وڵاته ئیسلامییه‌كان به خۆیاندا ده‌هاتنه‌وه، زه‌مه‌نێكی وا بووه مه‌لا و زانا گه‌وره‌كانی ئیسلامی به‌خۆیاندا بچنه‌وه، كه سه‌رده‌می عه‌بدولره‌حمان كه‌واكیبی و محه‌مه‌د عه‌بده و جه‌ماله‌دینی ئه‌فغانی بوو، له کۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واریدا ئه‌و كات له هه‌موویان زیاتر كه ده‌ركه‌وتووه مه‌لای گه‌وره بووه. دیاره مه‌لای گه‌وره‌ش هه‌مان ئه‌و ڕه‌وته‌ی گرته‌به‌ر. من ناڵێم له ژێر كاریگه‌ری ئه‌و زانایانه بوو، به‌ڵكو ئه‌و له ژینگه‌ی خۆیه‌وه به هه‌مان بارودۆخ كه كاتی خۆی ده‌یانگوت عوسمانییه‌كان تا ڕۆژی قیامه‌ت حوكم ده‌كه‌ن و خه‌لافه‌تی پێغه‌مبه‌رن، ده‌رچوو ئه‌مانه هیچ وانه‌بوو و به‌ره و ڕووخان ده‌ڕۆیشتن و خۆیان ڕوویان له توركایه‌تی و فكری ڕۆژئاوایی بوو. ئیدی گه‌له‌كانی ژێر ده‌ستی عوسمانیش به‌خۆیاندا هاتنه‌وه. كه‌سایه‌تی مه‌لای گه‌وره‌ش لێره‌دا وه‌ك كه‌سێكی زۆر تایبه‌ت هه‌ڵكه‌وت له كوردستان.(20) هه‌رچه‌ند مه‌لای گه‌وره ته‌واو له عوسمانییه‌كان نا‌ئومێد بوو، به لاده‌ر له ئایین وه‌سفی كردوون، به‌ڵام زۆریش دڵخۆش نه‌بووه، به به‌دیله‌كه‌ی، كه به‌ریتانیایه. مه‌لای گه‌وره سه‌ره‌تا بەڵێ، به‌ڵام دواتر چاره‌ی ئینگلیزی نه‌ویستووه. له نامه‌كه‌یدا بۆ یاریده‌ده‌ری ئه‌فسه‌ری سیاسی به‌ریتانیا به ئومێده‌وه ده‌نواڕێته حوكمی به‌ریتانی له ناوچه‌كه‌دا، پێیوابووە خۆشگوزه‌رانی ده‌وێت بۆ خه‌ڵك. داوایان لێده‌كات دادگه‌ربن و هه‌موو خواسته‌كانی كورد بهێننه دی. داوای دانانی حاكمێك ده‌كات له ناوخۆیدا كورد، یان حاكمێكی ئینگلیز یان بێگانه به‌سه‌ر كوردا بچه‌سپێنن. ده‌شڵێت ئه‌گه‌ر حكومه‌تی به‌ریتانی ده‌ستی یارمه‌تی بۆ ئه‌و گه‌له درێژ نه‌كات هه‌تا هه‌تایه ده‌چه‌وسێته‌وه.(21) دوای ئه‌و یاریده‌ده‌ری ئه‌فسه‌ری سیاسی به‌ریتانی، نامه‌یه‌ك بۆ ئه‌فسه‌ری سیاسی به‌ریتانی له هه‌ولێر ده‌نێرێت و باس له‌وه ده‌كات، كه سه‌ردانی مه‌لا محه‌مه‌دی كۆیی كردووه، سه‌باره‌ت به گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی عوسمانییه‌كان بۆ كوردستان زۆر نیگه‌ران بووه، نایشارێته‌وە کە ئاكاری توركه‌كان دژ به‌و ئاكارانه‌یه كه له قورئاندا هاتووه.(22)
بۆ حوكمداری كوردستانیش، مەلای گەورە پێشنیاری حه‌مدی به‌گی بابان دەکات، كه كوردێكی ڕۆشنبیر و كوردپه‌روه‌رە.(23) مه‌لای گه‌وره هه‌ر به‌ته‌نیا له بوارێكدا كۆششی نه‌كردووه، هه‌ر به ته‌نیا له‌یه‌ك مه‌یداندا خزمه‌تی نه‌ته‌وه‌كه‌ی نه‌كردووه، به‌ڵكو مه‌لایه‌كی زانا بووه به‌هه‌مان جۆریش شاعیرێكی نیشتیمانپه‌روه‌ر بووه و له سه‌رجه‌م بواره‌كانی كوردایه‌تی و كۆمه‌ڵایه‌تی و داكۆكیكردن له مافی ئافره‌ت و هه‌ژاران و هاوكاریكردنی خوێندنی زانستی و دادپه‌روه‌ریدا جێپه‌نجه‌ی دیاربووه. مه‌لای گه‌وره كه‌سێك بووه به‌ئاگابوو له دنیا و سه‌رده‌مه‌كه‌ی و ده‌وروبه‌ری خۆیدا، كتێبخانه‌ی مه‌لای گه‌وره ده‌وڵه‌مه‌ند بوو به هه‌مه‌جۆری بواره‌كان.
مه‌لای گه‌وره و چاكسازی كۆمه‌ڵایه‌تی له ڕێگەی شیعر
له قۆناغی ژیانی مه‌لای گه‌وره، شاری كۆیه نێوه‌ندێكی پڕ بایه‌خی ئه‌ده‌بی و ڕۆشنبیری بووه. بنه‌ماڵه‌ی مه‌لای گه‌وره به تایبه‌تی مه‌لا عه‌بدوڵای باوكی هه‌م ئه‌ده‌بدۆست و شاعیر بووه، هه‌م نزیكایه‌تی له‌گه‌ڵ شاعیرانی سه‌رده‌م هەبووە، وەک حاجی قادری كۆیی. ئه‌و دۆخه بۆ مه‌لای گه‌وره ده‌بێته وێستگه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ندو و ئاشنایه‌تییان له‌گه‌ڵ شاعیران و حاجی قادری كۆیی ده‌رگا به ڕووی ئه‌ده‌ب و شیعر بۆ مه‌لای گه‌وره ئاواڵا ده‌كات. حاجی به شاعیری نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی ناسراوه، به‌ڵام مه‌لای گه‌وره دوو ده‌روازه بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌وساكه‌ی كورد به‌كار ده‌هێنێت، زمانی ئایین و ئه‌ده‌ب. مه‌لای گه‌وره به ڕێگای توانجه شیعره‌كانییه‌وه ڕەخنەی خووه خراپه‌كانی كۆمه‌ڵگه ده‌كات و دیارده دیارده له‌سه‌ریان ده‌وستێت و ڕه‌خنه‌یان لێده‌گرێ و ئامۆژگارییان ده‌كات. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا هه‌وڵی چاكسازی كۆمه‌ڵایه‌تیش ده‌دات، سڵ له هیچ دیارده‌یه‌كی دزێوی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ناكاته‌وه. ورد ورد له‌سه‌ر جومگه و ته‌وه‌ره‌كانی ده‌وه‌ستێت و به شیعر و وتار و چیرۆك و په‌ند ئامۆژگارییان ده‌كات. ڕێگا خراپه‌كان دەستنیشان دەکات و چاره‌سه‌ریش ده‌دۆزێته‌وه. به‌رهه‌می شیعری مه‌لای گه‌وره هه‌مووی ده‌چێته ناو شیعری میللییه‌وه، له‌سه‌ر هه‌ر كێش و قافیه‌ك دانرابێ. له ڕووی ڕووخسار و ناوه‌ڕۆكه‌وه ئه‌دگار و شه‌قڵی شیعری میللیی “حاجی قادری کۆیی”یان پێوه‌یه. له خوێندنه‌وه‌ی شیعردا ئه‌گه‌ر كه‌سێك نه‌زانی شیعره‌كه مه‌لا محەمەد (مەلای گەورە) دایناوه، به‌تایبه‌تی نازناویشی نییه، به شیعری میللی فۆلكلۆری بێ خاوه‌ن حسێبی ده‌كات. زمانی شیعری مه‌لای گەورە ئاسان و ساكاره، وشه‌كانی له زمانی قسه‌كردنی ناو خه‌ڵك وه‌رگیراون. ڕسته و دەربڕینی زیاتر ده‌شكێته‌وه سه‌ر دیالێكتی ناوچه‌ی كۆیه.(24)
له یه‌كێ له ئامۆژگارییه‌كانیدا ده‌ڵێ:
قسێكت بۆ ده‌كه‌م چاكی بزانه قوبووڵی كه به‌بێ عوزر و به‌هانه
له‌سه‌ر زار و زمانان گه‌رچی سووكه له میزانی حه‌قیقه‌ت زۆر گرانه
به خێری خۆت به خه‌ڵكی ڕاگه‌یێنه هه‌تا زاهیر بێ ئه‌و ئه‌سیری نیهانه
هه‌تاكو ئه‌هلی شار و دەشت و لادێ خه‌به‌ردار بن له ئه‌حواڵی ئه‌وانه
بۆ خۆت ئه‌حواڵی لادێ چاك ده‌زانی یه‌كێ جووتیار یه‌كێكی به‌رخه‌وانه
فڵان ئاودێره ئه‌وه‌یان عارد ده‌كێڵێ شوانه ئه‌و ئه‌ویتریان سه‌پانه
خه‌ریكی كاروبار و جووت و شوانی له فێڵی فێڵكه‌ران ناشاره‌زانه
مه‌لایێكیان هه‌یه سندانی لێدا نه‌خوێنده و ئه‌حمه‌ق و پووچ و نه‌زانه
وه‌كو كه‌ر گڕ ده‌خوا دائیم له دێ‌دا به‌ڕاستی پان ده‌ڵێی مالمی جووانه
ئه‌ویش بۆ شێخ وه‌كو كه‌لبی موعه‌له‌م به‌ده‌م كه‌وێشكی بۆ ده‌گرێ له‌لانه(25)
به زمانێكی ئاسان و ئاسایی له‌گه‌ڵ ڕه‌نجبه‌ر و جووتیاری ده‌شت و خه‌ڵكی كرێكار و هه‌ژارانی شار قسه ده‌كات و به‌سه‌رهاتی ناله‌باری خۆیانیان ده‌گێڕێته‌وه. له كار و كرده‌وه‌ی كۆلكه مه‌لا ده‌دوێ و توانج له شێخی فێڵباز ده‌گرێت و ده‌روێش و موریدانی شێخ به ئاگا دێنێته‌وه. وه‌ك ئاشكرایه زۆربه‌ی هۆنراوه‌كانی مه‌لای گه‌وره كۆمه‌ڵایه‌تیین و داوای له خه‌ڵك كردووه، كه خه‌ریكی خوێندن بن و ده‌ست له سۆفییه‌تی و ده‌روێشی و ده‌مارگیری و نه‌خوێنده‌واری هه‌ڵگرن و گۆڵی ئه‌م و ئه‌و نه‌خۆن و هه‌تا ده‌توانن بۆ به‌هره وه‌رگرتن له زانست هه‌وڵده‌ن و فێری پیشه‌سازی و هونه‌ر بن و به گوێره‌ی زه‌مان ژیان به‌رنه سه‌ر.(26)
مه‌لای گه‌وره بۆ كوردان ده‌ڵێ:
هه‌تا ده‌مرم له‌بۆ كوردان ده‌ناڵم عیلاجیان چۆن بكه‌م هاوار به‌ماڵم
به‌زۆری جاهل و نه‌خوێنده‌وارن له‌لای نه‌وعێ به‌شه‌ربێ قه‌درو خوارن
كه‌سێ قه‌دری لای خزمان نه‌مێنێ له‌لای بێگانه قه‌دری چی ده‌مێنێ؟(27)
مه‌لای گه‌وره‌ی شاعیر، وه‌ك زانایه‌كی ئایینی چاكه‌خواز و شاعیرێكی نیشتیمانپه‌روه‌ری به جه‌رگ و سیاسه‌تمه‌دارێكی ئه‌وسای كورد. ڕۆژانه له‌سه‌ر ئامۆژگاری كردنی ڕۆڵه‌كانی میلله‌ته‌كه‌ی ده‌ڕۆیشت و ئه‌نجومه‌نی تایبه‌تی خۆی و مینبه‌ری مزگه‌وتی گه‌وره‌ی كۆیه‌ی كردبوو به قوتابخانه‌یه‌كی زانستی و ڕووناكبیری و ده‌سته به ده‌سته‌ی خه‌ڵكی شار و مه‌ڵبه‌نده‌كانی ده‌وروپشتی، وانه‌ی چاكسازی و نیشتیمانپه‌روه‌ریی لێوه فێر ده‌بوون.(28)
مه‌لا ئه‌گه‌ر مه‌لا بان میلله‌ت بۆ وای لێده‌هات
ئه‌وروپایی چی ده‌كرد له‌سه‌ر قیتعه‌ی ڕۆژهه‌ڵات(29)
“شاعیرییه‌تی مه‌لای گه‌وره بۆ ئه‌وه ناگه‌ڕێته‌وه، كه شاعیره یان هونه‌ریانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌ده‌ب و شیعر و زمان و ته‌كنیك و وێنه‌دا ده‌كات. شاعیرییه‌تی مه‌لای گه‌وره بۆ كێشه كۆمه‌ڵایه‌تیی و سیاسیی و ئایینیی و نه‌ته‌وایه‌تی[یەکان] ده‌گه‌ڕێته‌وه. ئه‌گه‌ر ئه‌و كێشانه نه‌بوونایه ڕه‌نگه په‌نای بۆ شیعر نه‌ده‌برد. هه‌رچه‌نده نایشارێته‌وه، كه له‌سه‌ره‌تای هه‌رزه‌كارییه‌وه خولیایه‌كی زۆری بۆ شاعیر بوون هه‌بووه، به‌ڵام نه‌یتوانیوه به‌سه‌ر ئه‌و زمانه شیعرییه‌دا زاڵ بێت، كه شاعیره‌كانی دیكه هه‌یانبووه. ئه‌وه‌یشی دركاندووه، كه شاعیرێكی خراب بووه، ئه‌وه له ڕووی هونه‌ری شیعرییه‌وه. له‌لایه‌كی دیكه تێنه‌گه‌یشتن و كه‌مته‌رخه‌می قه‌ومی كورد به هۆكارێكی دیكه ده‌زانێ، كه وایكردووه له شیعر نووسین بێزار بێت و خۆزگه به‌وه بخوازێت، كه هه‌ر شیعری نه‌نووسیایه! مه‌لای گه‌وره بۆ شیعر نووسین به‌دوای زمانێكی ساده ده‌گه‌ڕا تا لێیه‌وه ئامۆژگاری میلله‌ته‌كه‌ی بكات و له نه‌هامه‌تی و دواكه‌وتن و خراپه‌كارییه‌كان ئاگاداریان بكاته‌وه، شیعر لای مه‌لای گه‌وره وه‌سیله‌یه نه‌ك ئامانج و بوون به شاعیر، وه‌ك ئه‌وه‌ی لای نالی و مه‌حوی و گۆران… هتد، هه‌بووه. یانی ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌ست و مه‌هام و بڕوایانه‌ی مه‌لای گه‌وره نه‌بووایه بۆ چاكسازیی و په‌رۆشی ئه‌و بۆ چاككردنی كۆمه‌ڵگه، ڕه‌نگه ئێمه‌یش تاقه‌تی ئه‌وه‌مان نه‌بووایه شیعره‌كانی بخوێنینه‌وه، كه هیچ هونه‌ر و ته‌كنیك و وێنه‌سازیی و جه‌مالیه‌تێكی تێدا نییه، به‌ڵام كاتێك په‌رۆشی ئه‌و بۆ خاك و نه‌ته‌وه و خه‌ڵك و ئایین و ڕزگاركردنی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ده‌بینین، ئێمه‌یش به‌ڕێزه‌وه سه‌یری شیعره‌كانی ده‌كه‌ین. لێره‌دا وه‌نه‌بی مه‌لای گه‌وره شاره‌زایی له ئه‌ده‌ب و شیعر و شیعری شاعیرانی كورد و دنیا نه‌بووبێت، به پێچه‌وانه‌وه به‌ڵگه‌ی زۆر هه‌ن، كه زۆر شاره‌زای ئه‌ده‌ب و شیعر و شاعیرانی جیهانی و كورد بووه. به‌شی زۆریانی خوێندووه‌ته‌وه و قسه‌ی له‌سه‌ر كردوون یان ناوی هێناون”.(30) هه‌رچه‌نده به‌هۆی كرده‌وه خراپه‌كانیانه‌وه، وه‌ك ئه‌فلاتوون ئه‌ویش ڕه‌خنه‌یان لێده‌گرێ، كه بووه‌نه‌ته ده‌ربار و شایه‌ر،(31) به‌شێكیان، هه‌میشه له‌به‌ر ده‌رگای میر و سه‌رۆك و ده‌سه‌ڵاتداران وه‌ستاون و خۆیان و شیعریان بۆ پاره فرۆشتووه!
مه‌لای گه‌وره له به‌رگی حه‌فته‌می ته‌فسیره‌كه‌یدا، له لاپه‌ڕه 58 به‌و شێوه‌یه باسی شاعیران ده‌كات: “له افاك ی اثیم، مهبط وحی شیاطون شوعه‌ران، دیاره خۆیان مضلن ئه‌تباعیان ضالن، گومراهن، هائیم و موته‌حه‌ییر و بێ مه‌سله‌ك و بێ مه‌بدئو بێ غایه، هه‌تكی ئه‌عراض، قه‌دحی ئه‌نساب، زه‌ممی ئه‌شراف، مه‌دحی ئه‌جلاف، موباله‌غاتی درۆ، بێ ئه‌نداز ئه‌كه‌ن. ئه‌و شوعه‌رایانه بوون، ماڵ و ده‌وڵه‌تی ئه‌مه‌وی و عه‌باسییان به قوڕێ گرت. خه‌زێنه‌ی حكومه‌تیان چۆل كرد، سازندگی وه‌كی ئیبراهیم بن ئیسحاق موصلی میراتی سێ ملیۆم دینار بوو”،(32) “ئیمامی شافعیش به قه‌رداری مرد. ئه‌و حكومه‌تانه ئه‌ژیه‌ن؟ خۆیان ئه‌وه‌نده ڕه‌زیلانه و سفیلانه جولانه‌وه صونعه‌تی شیعریشیان بێ قیمه‌ت كرد، ئه‌مڕۆ زاته‌كی مه‌دح ده‌كه‌ن، سبه‌ی هه‌جوو. عه‌جائیب له پیاوه گه‌وره‌كان، كو پێیان خۆش بووه مه‌دحیان بكه‌ن؟ ئه‌یانزانی مه‌دحیان بۆ جه‌له‌بی ماڵه، نه به‌یانی حه‌ق، خه‌ڵقیش نه‌یزاتی ئه‌وان. خولاسه سه‌ییئاتی شاعیران – خصوص له ئیسلامه‌تی – نایه‌ته ته‌عداد.”(33) “ئه‌فلاتوون زۆر له دژی شاعیرانه، ئان زیاده ئه‌وانه‌ی به خه‌یاڵ ئالیهه ئیعتیبار ئه‌كه‌ن، وه شه‌ڕیان ئه‌هاوێته به‌ین، ئه‌فه‌رموێ: ئه‌مه زۆر خراپه بۆ عه‌وام، ئالیهه له نه‌زه‌ڕ وان مه‌بده‌ئی سه‌عاده‌ت و خه‌یرن، كه ئه‌وان به شه‌ڕ بێن، ئكدی بكوژن، ئینسان ئه‌بێ چ بكا؟ گوێ له شێخ ڕه‌زا(34) كوڕی شێخ عه‌بدولره‌حمان و برای شێخ عه‌لی تاڵه‌بانی چ به خۆی ئه‌كا له‌گه‌ڵ هه‌تیوه بۆلغاری، تا ئه‌چێته لای ئه‌حمه‌د پاشای بابان شته‌كی بداتێ. حق الانصاف ئه‌حوال و ئه‌توار و مه‌سله‌ك و غایه‌ت و ده‌عوه‌تی موحه‌ممه‌دی نیسبه‌تی له‌گه‌ڵ كه‌س نییه. له‌سه‌رامه‌دانی صلاح (فكیف) له‌گه‌ڵ كاهین و شاعیر و كلی نانی؟
كورد تا گه‌یشته ده‌وری نالی(35) به كوردی شیعریان نه‌بوو، له “وه‌تیره”ی شیعری عه‌ره‌بی و فارسی به‌ندی شاییان هه‌بوو: خزمینه گوێ و له‌من بی، بۆو ده‌كه‌م مه‌دحی یاری! به‌لاوك یا غه‌یری ته‌رزی لاوك به‌عزه وه‌قائیعیان ڕێك ئه‌خست، چ حه‌ڕب – وه‌كی دمدم.(36) یا عیشق، وه‌كی مه‌م وزین(37) و برایمی مه‌لا زێندینان و قه‌ل و گوڵه‌زرد و ناسر و ماڵ ماڵ(38) ئی به‌ڕاستی مۆسیقی و غه‌رامی بێ حه‌یرانی ئێمه‌یه. واقیعه‌ن به شیعری تاگور(39) و سائیری ئه‌وروپاییان ئه‌چێ، به‌نده‌كی كورته. ئێكی درێژه، ئێكیتری وه‌سه‌ته، به‌ندی ئه‌حمه‌دی كۆر،(40) مه‌یلی ته‌سه‌ووف ئه‌كا، شاعیری میللیمان غه‌یری حاجی قادر(41) نییه، منیش به‌عزه ئه‌شعارم دانا، له سۆزی دڵم، بۆ كوردان و ئیتاعه‌یان بۆ موته‌شه‌ییخان. مع الاسف بۆ من زه‌ره‌ر بوو، ئه‌وانیش نه‌فعیان لێ نه‌دیت!
من یه‌قه‌ی خۆم بۆیه داده‌ڕم ئێوه نابن به‌هیچ و من ده‌مرم
حه‌قیقه‌ته‌ن كورد نابن به هیچ، ڕووحیان نه‌ماوه، وه‌كی ئه‌شباحی سینه‌ما دێن و ده‌چن. من له ئه‌وائیلی عومرم حه‌زم له شاعیری بوو، ئه‌مما شتێ بوو به مانع، ئاره‌زووم ئه‌كرد، له ئیبتیدای كاری شیعری ده‌قیق و پڕ مه‌عنا و ئابدار، وه‌كی كه‌لیم(42) و صائیب(43) و كه‌مالی هیندی(44) دانێم، ئه‌مه‌ش مومكین نه‌بوو، مه‌یله‌كه‌م داكه‌وت، كول بوو قووه‌تی نه‌ساند (لله الحمد). بابم شیعری خۆشی هه‌بوو فارسی و كوردی، به منداڵی شیعری بۆ داده‌نام، ته‌شویقی ئه‌كردم له‌سه‌ر خوێندن:
عه‌زیزی ڕۆژ و شه‌و بۆ خۆت بخوینه له‌ناو گێژاوی جه‌هلدا مه‌مینه
له دنیادا عه‌مه‌ل ته‌حصیلی عیلمه ئه‌وی عیلمی هه‌بێ دائیم به حیلمه
مه‌لازاده‌ی نه‌خوندی میسلی سه‌گسار ده‌بی هه‌ر هه‌ڵپه‌ڕی وه‌ك سه‌گی هار
قول و قاچی موسڵمانان ده‌رێنی له سفره‌ی زاڵمان نانی ڕفێنی
ئه‌گه‌ر ئه‌شعاری كۆكراباوه دیوانێ ئه‌بوو. شوعه‌رای ئه‌وروپایی ئه‌مڕۆ، ڕوو له حیكمه‌ت و هیدایه‌تی ئوممه‌ت ئه‌ده‌ن، ته‌شویقیان بۆ مه‌صالیحی ده‌وڵه‌تی ئه‌كه‌ن. ئه‌وی حیكمه‌ت و عیلم و عیرفان نه‌زم نه‌كا، ڕۆحی حه‌ماسه‌ت و شه‌جاعه‌ت و مه‌جد و كه‌ره‌م كاری بهاوێته ده‌ماغی قه‌وم، حه‌قیقه‌ته‌ن شایانی ته‌بجیله. لای خواش به حوڕمه‌ته. ئه‌مانه‌ن خوا ئیستیسنایان ئه‌كا (الا الذين امنوا ……) ته‌بیعی ئه‌وانه هه‌جوو ناكه‌ن، مه‌دحیش بكه‌ن به ئه‌ندازه ئه‌یكه‌ن (وانتصروا من بعد ما ظلموا) بالمقابله ئه‌مما ته‌جاوز ناكه‌ن له میقداری حه‌قیان. زه‌واتێ عیزام شیعریان دانایه، ئه‌بوبه‌كر(45) و عومه‌ر،(46) وه ئه‌شعاری عه‌لی(47) له ته‌به‌قه‌ر عولیا دایه. ئیمامی شافیعی له مه‌شاهیری شوعه‌رایه، حه‌تتا به‌عزێ له حه‌قی ئه‌ڵێن: كان شاعرا غلب علية الفقه! ئی ئه‌صمه‌عی(48) بیلعه‌كسه: كان فقيها غلب علية الشعر! من ئه‌وه‌م له حه‌ق بابم و شێخ ئه‌وت: بابم شاعیر بوو مه‌لایه‌تی غه‌له‌به‌ی كرد. شێخ ڕه‌زا مه‌لا بوو شاعیری غه‌له‌به‌ی كرد. شێخ ڕه‌زا تووڕه ئه‌بوو به‌عزه جار، ئه‌یوت: بۆ پێم ناڵێن مه‌لا؟
بۆ ئوممه‌ت پێگه‌یاندنی، ئهووه‌له‌ن داك به لای لایه ئه‌توانی منداڵ پوخته بكا. دووه‌م شاعیر، سێیه‌م مامۆستایه تێگه‌یشتنی، مع الاسف هیچ و برسی “یۆك”.(49)
مافی ژنان:
لێره هه‌وڵده‌ده‌ین نموونه‌ی بۆچوون و هۆنراوه‌كانی مه‌لای گه‌وره له‌باره‌ی ماف و داخوازیه‌كانی ئافره‌تان بخه‌ینه ڕوو. باسه‌كانی مه‌لای گه‌وره زیاترباسی ماره‌یی ژن و ته‌ڵاقدان و كچ به شوودان ونوشته و شێخ و خورافیات و دواكه‌وتووی كۆمه‌ڵگه بووه. له ڕووی ناوه‌ڕۆكه شیعره‌كانی مه‌لای گه‌وره، له چوارچێوه‌ی باس و خواسی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئایینی ده‌سوڕێته‌وه، په‌یوه‌ندی به چه‌سپاندنی بیروباوه‌ڕی كوردایه‌تییه‌وه هه‌یه له‌ناو دڵی خه‌ڵكیدا. له‌و ڕێگایه‌وه توانجی تووند له دیارده كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌دات و به هۆكاری دواكه‌وتوویی كورد ناویان ده‌هێنێت. هه‌ڵبه‌ته له‌ناو كورد نموونه‌ی چه‌ندان زانا و مه‌لای دیكه هه‌ن، كه به‌گوێره‌ی ژینگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی و ئاینییان هه‌ندێك كاریان كردووه، كه جێگه‌ی ئه‌وه‌یه له‌سه‌ریان بووه‌ستین. هه‌روه‌ك له‌و نامه‌یه‌ی، كه حاجی قادری كۆیی له ئه‌سته‌نبۆڵه‌وه بۆ حاجی مه‌لا عه‌بدوڵلای جه‌لیزاده‌ی باوكی مه‌لای گه‌وره‌ی ناردووه و له دێڕێكدا له وه‌سفی ئه‌و بنه‌ماڵه زانستپه‌روه‌ره‌دا ده‌ڵێت:
به‌غه‌یری جه‌دی ئێوه كێها زانا بناغه‌ی له كوردستان دا علمی دانا(50)
مه‌لای گه‌وره‌ی كۆیه هه‌میشه جیاوازتر له مه‌لا و زانایانی حوجره ده‌ركه‌وتووه و هه‌وڵی چاكسازیی و چاکسازییداوه، به‌ڵام له‌چوارچێوه‌ی نه‌ریته كۆمه‌ڵایه‌تیی و عورفییه‌كاندا. به‌مانایه‌كی دیكه پرۆژه چاكسازییه‌كه‌ی مه‌لای گه‌وره له بازنه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌خلاقی ده‌سووڕایه‌وه. نه‌ك ڕچه‌شكێنی له فتواو لێكدانه‌وه كۆنه‌كان، بۆ ئه‌حكام و شه‌رع. ڕه‌خنه و توانجه‌كانیشی چ ئه‌وانه‌ی به شیعر و چ ئه‌وانه‌ی له كۆڕ و وانه ئاینییه‌كان و ته‌نانه‌ت له ته‌فسیره‌كه‌یشی زیاتر ئامۆژگاری و توانجگرتن بووه له دیارده ناكۆمه‌ڵایه‌تی و ناژیارییه‌كان. له‌باره‌ی زانست و مه‌لایه‌تی و نووسین له بواری ئاینییدا سه‌رنجتان بۆ چه‌ند كارێكی مه‌لای گه‌وره ڕاده‌كێشین له‌و بواره‌دا: ئه‌و پێداگری له‌سه‌ر ئازادی ژن و خوێندن ده‌كرده‌وە:
بڵێن بە قەومی كوردان دەستی من و دامێنیان
عەیبە بە حەققی یەزدان ژن هێنان و تەڵاقدان
ژن زینەتی دنیایە، ئەمانەتی خودایە
حەبیبی موستەفایە قەڵاتن لە بۆ مێردان
ژنیش وەك موزەكەرە عەینی ئەویش بەشەرە(51)
مه‌لای گه‌وره و مارەیی ژنان
لە بەرگی دووەمی لاپەڕە 93 ی تەفسیرەكەی دا دەفەرمووێت: ئایا مارەیی گرانت بێ باشە؟ یا سووك؟ من لام وایە بە “ئەتوار” و “ئەحوال” دەگۆڕێت، وەك “سابیقەن عەرزم” كردن، گەلێك كەسم دیتوە لەبەر زۆری مارەیی نەبوایە ژنەكەی تەڵاق دەدا، هەر بۆیە ژنانی كورد دەڵێن: “مارەیی كۆڵەگەی ناوماڵە” ئەگەر ئەم ترسە نەبێت مارەیی تا چاكتر بێت باشترە، بۆیە حەزرەتی ئیمامی عومەر پاش “تەقەڕور”ی ئیسلام “تەئەدوب”ی عەرەب بە ئادابی دین نەهی “موغالات”ی “مەهر”ی فەرموو، ئەگەرچی دەڵێن پیرەژنێك ئیعتیرازی لێ گرت، ئەویش ئیعتیڕافیی بە قصوری خۆی كرد، بەڵام نەهی عومەر موافیقی حاڵ و وەخت بووە.(52)
ناردنی نه‌جیبه‌خانی كچیشی (1917-1999) بۆ مه‌كته‌ب له‌سه‌ر ئه‌ساسی ئه‌و تێگه‌یشتن و باوه‌ڕه‌ی بووه. ئه‌وه‌یش جۆرێك له ڕیفۆڕمه له تێگه‌یشتنی ئایینداری كورد له‌و سه‌رده‌مه‌دا، یاخود باسكردن له خورافیات و جادو و و نوشته و نه‌ریته ناشیرینه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگه. له‌باره‌ی كۆنه‌په‌رستی پیاوی ئایینی ده‌فه‌رموێت:
ئه‌گه‌ر مڵكه هه‌مووی مڵكی خودایه ئه‌گه‌ر شێخه ئه‌گه‌ر قوتبه هه‌بایه
ئیراده و قودره‌تی خودای من ته‌واوه چ حاجه‌تمان به شێخ ڕایی كراوه(53)
مەلای گەورە لەبارەی هاتووچووی ژنان بۆ سەر گۆڕی چاك و پیران دەڵێت: بە عموومی لە وڵاتی ئێمە چەند و چاك و پیر هەن: ئۆمەرمەندان، خاڵخاڵان، مامۆستا كەرەم، چاكی زایەری، مەلا مرادی، چنارۆك، حاجی ڕەسول. ژنان بۆ ئاوس بوون دەچنە سەریان زیارەتیان دەكەن، گسك و جەرگوناو و د‌رك و سەروپێیان بۆ دەكەنە خێر. بۆ حاجی ڕەسوڵ شەرتە ژنەكە لە دوور دابەزێت، بەبێ دەرپێ ڕوو لە مەرقەد بكات و بە غار بچێ و بڵێ: حاجی ڕەسوڵ لە گوڕ هاتم، بۆ كوڕ هاتم. بەعزێكیان دەبێ ژنەكە حەوتجار بەولا و بەولای قەبرەكە صەفا، بە لینگی ڕووت بازدا، هەی كاكی خۆم لە ناو قەبرەكە صەفا دەكەیت! ئینجا ئەگەر ئاوس بوو كوڕی بوو، دەڵێ: ئەو زاتە پێی كەرەم كردیمە، ئەگەر زێدە موسڵمان بێ دەڵێ: “خوا بە تكای ئەو زاتە موبارەكە پێی بەخشیوین” ئیعتیقادی ئەنام دەرهەق بە شێخ و ئەولیای مردی و زیندی زۆر بە قووەتە. عەلی ئەفەندی هەولێری لە “سراج السالكین” دەڵێ: شێخ حیسامەدین ڕۆژێ بە دەروێش حەسەنی وت: ژنەكەت ئاوسە، حەملەكەی كچە، ئەوە زەكەرێكمان پێوە چەسپاند، واتا: كردمانە كوڕ. سبحان اللە! ئەوە فەوقە شیركە! خوا بە كچی خەلق كردبوو شێخ كردی بە كوڕ! مه‌لای گه‌وره، هه‌میشه هانی یه‌كسانی جێنده‌ری ده‌دا، ناڕاسته‌وخۆ دژی فره‌ژنی بووه، به‌ڵام نه‌یویستووه ئه‌و بۆچوونه‌ی به‌ئاشكرا بڵێت، به‌ڵكوو له شیعره‌كانی و شه‌رحی ته‌فسیره‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌و دیارده قێزه‌وه‌نه داوە.
مه‌لای گه‌وره و میرات و خێزان
مەلای گەورە لە تەفسیری ئەم ئایەتە “لِّلرِّجَالِ نَصِیبࣱ مِّمَّا تَرَكَ ٱلۡوَ ٰلِدَانِ وَٱلۡأَقۡرَبُونَ وَلِلنِّسَاۤءِ نَصِیبࣱ مِّمَّا تَرَكَ ٱلۡوَ ٰلِدَانِ وَٱلۡأَقۡرَبُونَ مِمَّا قَلَّ مِنۡهُ أَوۡ كَثُرَۚ نَصِیبࣰا مَّفۡرُوضࣰا.”(54) دەڵێت ” بۆ مێیان چ گەورە چ گچكە، چ بە هۆش، چ بێ گۆش، بەشی هەیە لە ئەوەی دایك و باوك و خزمانی نزیك تەركیان كردیە، مەڵێن ژن بۆ چییانە؟ حەوائیجی بەشەری زۆرە، خۆتان ئەڵێن: عومری درێژ شەرم لە كەس ناكات، پیرییە، كوێرییە، دەردەدارییە، عەوارز زۆرە، ئەوانیش لە میرات وەرگرتن موستەقیلن.(55)
ئەم ئایەتەش “يُوصِيكُمُ ٱللَّهُ فِىٓ أَوْلَٰدِكُمْ ۖ لِلذَّكَرِ مِثْلُ حَظِّ ٱلْأُنثَيَيْنِ ۚ فَإِن كُنَّ نِسَآءً فَوْقَ ٱثْنَتَيْنِ فَلَهُنَّ ثُلُثَا مَا تَرَكَ ۖ وَإِن كَانَتْ وَٰحِدَةً فَلَهَا ٱلنِّصْفُ ۚ وَلِأَبَوَيْهِ لِكُلِّ وَٰحِدٍۢ مِّنْهُمَا ٱلسُّدُسُ مِمَّا تَرَكَ إِن كَانَ لَهُۥ وَلَدٌ ۚ فَإِن لَّمْ يَكُن لَّهُۥ وَلَدٌ وَوَرِثَهُۥٓ أَبَوَاهُ فَلِأُمِّهِ ٱلثُّلُثُ ۚ فَإِن كَانَ لَهُۥٓ إِخْوَةٌ فَلِأُمِّهِ ٱلسُّدُسُ ۚ مِنۢ بَعْدِ وَصِيَّةٍۢ يُوصِى بِهَآ أَوْ دَيْنٍ ۗ ءَابَآؤُكُمْ وَأَبْنَآؤُكُمْ لَا تَدْرُونَ أَيُّهُمْ أَقْرَبُ لَكُمْ نَفْعًا ۚ فَرِيضَةً مِّنَ ٱللَّهِ ۗ إِنَّ ٱللَّهَ كَانَ عَلِيمًا حَكِيمًا”،(56) وا تەفسیر دەکات: بۆ نێر بە قەدەر پشكی دوو مێ، مەسەلەن كوڕێك و دوو كچ، لە چوار دووی كوڕەكەیە، كچان یەكی یەك، شەریعەتی ئیسلامەتی وەك فیترەت تەڕجیحی لای نێری بەسەر مێ دا دەدا، وە بە موقابیلی ئەوانەی مەیلی مێیەتی زیاد دەكەن، وە عەرەبیش لەلایەك عاریان بە مێیە، لەلایەك مەلائیكە ئەكەنە بەناتوڵڵا، ئیجاب دەكات جەنبی زكوڕەت تەڕجیح بدرێت لەسەر جەنبی مێییەنەیی مەعە ئەنەهو ژن لە گەلێ جیهەت حیصە مەندە، كە پیاو لەو جیهەتە، بێ بەشە. ماڵی پیاو بۆ كێیە؟ هەر بۆ ژنان نییە؟
لەمەڕ ئەم ئایەتەش “وعَاشِرُوهنَّ بِالْمَعْرُوفِ فَإِن كرهتُمُوهنَّ فَعَسَی أَن تَكْرَەواْ شَیْئاً ویجْعَل اللّە فِیه خَیْراً كَپیراً،(57) مەلای گەورە دەڵێت: گوزەران لەگەڵ ژنان بكەن بەخۆشی، لە دنیا لەوە خۆشتر نییە كە ژن و مێرد لەگەڵ یەك ڕێك و پێك بن، یەكتریان خۆش بوێی، یەكتریان لا بە حورمەت بێت، لە كەموكورتی یەك ببوورن، لام وایە، ئینسان لە دەرەوە هەر غەمێكی هەبێ، كە هاتەوە لەناو چوار دیواری خۆی، لەگەڵ ماڵ و منداڵی بە صوحبەت و بە ئولفەت ڕایان بوارد، هیچ كەدەڕی لە دڵدا نامێنێ. خولاصە، خۆشی خۆشی عائیلەیە و ناخۆشی ناخۆشی عائیلەیە. ئەگەر صوحبەت و موعاشەرەی ئەوانتان لا ناخۆش بوو، هەروا بە مەیلی دڵ بێ مەیل بوون، لەگەڵێان تەحەكووم لە خۆتان بكەن، پێ لە نەفسی خۆتان بنێن و دەری مەخەن. گەلێ شت وایە ئینسان پێی ناخۆشە، مەعە ئەننەهو كە كردی خێری لێ دەبینی، نزیكە ئەوە وابێ. گەلێكمان دیت لە ژنە نەویستەكەی گەلێ خێری زیاتر دیت لە ژنە خۆشەویستەكەی، یان ژنێكی كڕ هاندووە، دوایی گەلێ چاكەی لێ دیوە.
دووركه‌وتنه‌وه، له خیانه‌تی هاوسه‌رگیری:
“وَلَا مُتَّخِذِي أَخْدَانٍ” (المائدة، ٥)، مەلا گەورە لە تەفسیری ئەم ئایەتە دەفەرمووێت “كەی نێر و مێ دەبنە دۆستی ڕاستی بێ مەیلی خیانەت، ئەحواڵی بەشەر لە سایەی غەریبان زۆر گۆڕاوە، دەبینی ژنێ قۆڵی لە قۆڵی دۆستێ هەڵكێشاوە، مێردەكەشی بە دوایاندا دەڕوا، گەلێ مەسڕوڕ و مەمنوونە، شەرقیش گەلێ كەیفیان بەم نەوعە دۆستە دێت، كەسێ تەماشای جەڕائید و موجەلات بكات دەبینی لە ڕووی دۆستی چ فەزائیح دەقەموێ، چۆن ئینسانی غەیور و بەنامووس حەز دەكات ژنی تەنها بۆ خۆی بێت، وەك كابرای خۆشناو بە ژنی خۆی دەگوت: فاتێ خۆزیا خۆزیا بە تەنێم ئی خۆ بای! ژنیش حەز دەكات پیاو بەتەنێ ئی خۆی بێ، هەردوولا عەفیف بن، چاو لەدەر نەبن، ئەوسا بە سەلامەتی ڕائەبوێرن مەقاسیدی ئیزدیواج بەجێ دەگەیەنن.(58)
بۆ ئەساسی تەربیە، ژن فەوقی پیاوە. ژن لای کوردان بێ قیمەتە، بۆیه کورد نابنە ئینسان، هەزار ناصحی وەک من، نابێ بە دایکێکی چاک!(٥٩) ئەمانە كۆمەڵێك تەوەر و پرس بوون، كە مەلای گەورە لە ڕێگەی شیعر و قسە و ناواخنی تەفسیرەكەی تێڕوانین و سەرنجی خۆی تێدا گوتووە.
ئه‌نجام
به‌وپێیەی مه‌لای گه‌وره له سه‌رده‌می ڕووخانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی دا بووه، تێكه‌ڵبوون به كلتوری ئه‌وروپایش له‌بره و دابووه، وڵاته ئیسلامییه‌كانیش، خه‌ریكی خۆ ڕیكخستنه‌وه بوون، ئه‌و سه‌رده‌مه‌یش ڕۆژگاری عه‌بدوڕه‌حمان كه‌واكیبی و محه‌ممه‌د عه‌بده و جه‌ماله‌دین ئه‌فغانی بووه، بیر و هزری ئه‌وانیش به‌سه‌ر زانایانی كورد دیاره، له ناویاندا مه‌لای گه‌وره بووه. دیاره مه‌لای گه‌وره‌ش هه‌مان ئه‌و ڕه‌وته‌ی گرته‌به‌ر، به‌ڵام ناتوانین بڵێن مه‌لای گه‌وره نوێگه‌ر بووه، به‌ڵكو ڕێفورمخواز بووه. واته كاره‌كانی مه‌لای گه‌وره زیاتر له‌چوارچێوه‌ی ئیسلاحی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌سووڕایه‌وه، نه‌ك ئایینی. به‌مانایه‌كی ورتر مه‌لای گه‌وره زیاتر ڕێفۆرم و ئیسلاحی كۆمه‌ڵایه‌تی كردووه، ئه‌ویش له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی دا.
مەلای گەورە توانیویەتی لەژێر ڕۆشنایی ئایەتەكانی قورئانی پیرۆز بۆچوونی خۆی سەبارەت بە ژن بە شێوەیەكی جیاواز دەرببڕێت، ئه‌مه بووه‌ته مایه‌ی قه‌ڵسبوونی هاوچه‌رخانی. كۆمه‌ڵگه‌ی هانداوە واز لە خوڕافە بهێنن و خۆیان دووربگرن لە كاری ناشیا و و هیچ. خێزان و هاوسه‌ره‌كان دنە دەدات، لەگەڵ یەك باش و تەبابن، گەر وانەبوون هیچ شتێك سوودی نابێت، ژیان هه‌ر له‌ژێر ساباتی هاوژینیی به‌هره ده‌دات. مەلای گەورە چه‌ندان په‌ند و حیكایه‌ت و سه‌رگوزه‌شته ده‌هێنێته‌وه، بۆ باشتركردنی كۆمه‌ڵگه و دوورخستنه‌وه‌یان له خووی خراپ. بە شێوەیەكی كراوە، باسی زۆر بابه‌تی تایبه‌ت به ئافره‌ت و خێزان و كۆمه‌ڵگه دەكات. ئەم تەفسیرەی مەلای گەورە نەك تەنیا لەبارەی ڕه‌خنه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و توانج له نه‌ریت و دواكه‌وتوویی، بەڵكوو دەشێ لە هەموو بوارەكانی دیكەش سوودی لێ وەربگیرێت.
په‌راوێزه‌كان:
1- مفهوم الاصلاح أو نحو اصلاح الفهم المصطلح: تأليف / د. محمد بريش- خبير في الدراسات المستقبلية والاستراتيجية عضو ” معهد الدراسات المصطلحية” ص13
2- المفردات في غريب القرا‌ن: تأليف/ ڕاغب الاصفهاني – ص186
3- رواه أبو داود (رقم/4291) وصححه السخاوي في “المقاصد الحسنة” (149)، والألباني في “السلسلة الصحيحة” (رقم/599)
4- شێخ عه‌بدولڕحمان كه‌زبه‌ری له نێوان ساڵانی 1771 تا 1846 ژیاوه، سه‌رۆكی زانایانی ئیسلامی ناوچه‌ی شام (دیمه‌شق)بووه، به عه‌للامه و زانای سه‌رده‌م ناسراوه. شافیعی مه‌زهه‌ب بووه، ئیجازه‌ی مه‌لایه‌تی به‌چه‌ندان مه‌لا و زانای ئه‌و ڕۆژگاره به‌خشیوه، له ماڵی خودا له ڕۆژی وه‌ستانی عه‌ره‌فه‌دا، گیانی به خودای تاقانه ده‌سپێرێت. سه‌رچاوه: الدرر الشامية/ القسم العلمي. توێژه‌ر
5- گه‌شتی ژیانم: نووسینی، مه‌سعود محه‌مه‌د – كۆتا چاپ 2014/ ل 3 تا 12
6-كوڵی دڵی مه‌لای گه‌وره‌ی كۆیی: نووسینی – مه‌لا حوسێن گورژی، چاپ نووسینگه‌ی ته‌فسیر- ساڵی 1430ك – 2009ز لاپه‌ڕه 111
7-محمد بن عبدلله الجلي وجهوده العلمية: تأليف/ د. جواد فقي علي الچوم حيدري، طبع ونشر- مكتب التفسير- مطبعة وزارة التربية – أربيل / الطبعة: الأولى 2006م – ص 110
8- قورئانی پیرۆز سوره‌تی الحجرات ئایه‌تی ١٣
9- به‌كوردیكردنی: توێژه‌ر
10- ناسیۆنالیزم و ناسیۆنالیزمی كوردی/ نووسینی: زامدار ئه‌حمه‌د – ماڵپه‌ڕی وشه 31/7/2017
11- مەم و زین، له ساڵی ١٦٩٢ز، نووسراوه/ یەکەم جار لە ١٩١٩ ز، لە ئەستەمبوڵ چاپ کرا
12- ناسیۆنالیزم و ناسیۆنالیزمی كوردی/ نووسینی: زامدار ئه‌حمه‌د – ماڵپه‌ڕی وشه 31/7/2017
13- هه‌مان سه‌رچاوه
14- هه‌مان سه‌رچاوه
15- كوڵی دڵی مه‌لای گه‌وره‌ی كۆیی: نووسینی/ مه‌لا حوسێن گورژی ل 28
16- العروة الوثقى/ تأليف جماالدين الافغاني و محمد عبده/ الناشر مؤسسة هنداوي – ص 339
17- مێژووی جه‌لیزاده، نه‌جیبه‌خانی جه‌لیزاده ل 117
18- ژیان و ئه‌زموونی مه‌لای گه‌وره/ نووسینی هاوكار عه‌بدوڵلا شێخ وه‌سانی ل 199
19- پێشه‌كی دیمانه‌یه‌كی ڕۆژنامه‌ی به‌یان، كه له ساڵی 2013 له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د مه‌سعود محه‌مه‌دی نه‌وه‌ی مه‌لای گه‌وره ئه‌نجام دراوه. هاوكار عه‌بدوڵلا شێخ وه‌سانی جارێكی دیكه له په‌رتووكی ژیان و ئه‌زموونی مه‌لای گه‌وره جارێكی دیكه بڵاوی كردووه‌ته‌وه ل 194
20- دیمانه‌یه‌كی ڕۆژنامه‌ی به‌یان، كه له ساڵی 2013 له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د مه‌سعود محه‌مه‌دی نه‌وه‌ی مه‌لای گه‌وره ئه‌نجام دراوه. هاوكار عه‌بدوڵلا شێخ وه‌سانی جارێكی دیكه له په‌رتووكی ژیان و ئه‌زموونی مه‌لای گه‌وره جارێكی دیكه بڵاوی كردووه‌ته‌وه ل 195
21- كورد له به‌ڵگه‌نامه‌كانی به‌ریتانیدا/ نووسینی د. عوسمان عه‌لی، وه‌رگێڕانی كامه‌ران بابان زاده ل 113
22- هه‌مان سه‌رچاوه ل 115
23- ئەحمەد حەمدی بەگ، كوڕی محەمەد پاشا، كوڕی سڵێمان پاشا، كوڕی ئەوڕەحمان پاشای بابانە. ساڵی 1870 لە دایكبووە، دوای ئەوەی حكوومەتی ئێراق لە 11/ تشرینی دووەمی/1920 بە سەرۆكایەتی “عه‌بدولره‌حمان نەقیب” پێكهات داوا لە كۆمەڵێك كەسایەتی كرا ببن بە وەزیر یەكێك لەو كەسانە حەمدی بەگ بوو، ئەو داوەتنامەكەی ڕەد كردەوە، چونكە هەرگیز گەرەكی نەبووە كوردستانی باشوور بەشێك بێت لە ئێراق، تەنانەت لە كەڕنەڤاڵی تاج لە سەرنانی مەلیكدا بەشداری نەكرد. توێژه‌ر
24- مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی، دكتۆر مارف خه‌زنه‌دار، به‌رگی پێنجه‌م ل 379 – 395
25- هه‌مان سه‌رچاوه
26- مێژووی وێژه‌ی كوردی، نووسینی: سدیق بۆره‌كه‌یی. به‌رگی دووه‌م ل 719
27- هه‌مان سه‌رچاوه
28- نووسینێكی مامۆستا كه‌ریم شاره‌زایه، له ژماره 23ی گۆڤاری (ڕۆڤار) تشرینی دووه‌م ساڵی 2012 بڵاوبووه‌ته‌وه.
29- هه‌مان سه‌رچاوه
30- ئه‌وه ڕاو سه‌رنجی توێژه‌ره له‌سه‌ر ئه‌زموون و كاره ئه‌ده‌بیه‌كانی مه‌لای گه‌وره، له‌باره‌ی شیعر و شاعیلاییه‌تیان. تێگه‌یشتنی خۆیه‌تی سه‌باره‌ت به دۆخی هۆنراوه و شیعره‌كان، له ڕووی شیعرییه‌وه. توێژه‌ر
31- ده‌ربار- شایه‌ر به‌و شیعر و ئاعیرانه ده‌گوترێت له بۆنه و یاده‌كاندا له به‌رده‌م پاشا و میر و ده‌سه‌ڵاتداران بۆ وه‌رگرتنی پاره و ده‌سته خۆشانه شیعر به به‌ژن و باڵای پاشا و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یدا هه‌ڵده‌ده‌ن. به‌شێك له‌و شاعیرانه له كۆندا وێنه‌یه‌كی ناشیرینی شیعر و شاعیربوونیان نیشانداوه، بۆیه مه‌لای گه‌وره به‌و شێوه‌یه باشیان ده‌كات. توێژه‌ر
32- ئیبراهیم موصلی 742 – 804 ناودارترین مۆسیقاژه‌نی عه‌ره‌به، له كوفه له دایك بووه و له به‌غدا مردووه. توێژه‌ر
33- ئه‌فلاتون، ٤٢٣–٤٢٩پ. ز – خاوه‌نی په‌رتووكی كۆماره، كه له كتێبه‌كه‌یدا شاعیران ده‌خاته ده‌ره‌وه. توێژه‌ر
34- مه‌به‌ست له شێخ ڕه‌زای تاڵه‌بانی ١٨٣٧-١٩١٠ شاعیره. توێژه‌ر
35- مه‌به‌ست له مەلا خدری کوڕی ئەحمەدی شاوەیسی ئاڵی بەگی میکایلی ناسراو بە نالی یه 1800-1856ز. توێژه‌ر
36- مه‌به‌ست له داستانی قه‌ڵای دمدمه، كه به حیكایه‌ت له فولكلۆری كوردیدا گێڕاویانه‌ته‌وه، له‌سه‌رده‌می خانی له‌پزێڕیندا بنیاتراوه‌ته‌وه. نووسه‌ر عه‌ره‌بی شه‌مۆ به‌شێوه‌ی ڕۆمان ئه‌و داستانه‌ی یاداشتكردووه، شوكور مسته‌فا كردوویه‌تی به كرمانجیی خواروو، هێمن موكریانی پێشه‌كی بۆ نووسیوه. توێژه‌ر
37- مه‌به‌ست له داستانی مه‌م و زینی ئه‌حمه‌دی خانی یه، ١٦٥١ – ١٧٠٦ز. توێژه‌ر
38- ئه‌مانه چه‌ند به‌یتێكی فۆلكلۆری كوردین و به شێوه‌ی حیكایه‌ت و لاوك و سه‌ربرده و شیعر و په‌خشانیش ده‌گوترێن. توێژه‌ر
39- تاگوور 1861 – 1941 ز، شاعیرێكی هیندییه، شیعره‌كانی به زمانێكی ئایینی و نیشتیمانی نووسراون، له ساڵی 1913 خه‌ڵاتی نۆبڵی وه‌رگرتووه. توێژه‌ر
40- حاجی قادری كۆیی له باره‌ی ئه‌حمه‌دی كۆر ده‌ڵێت: له شاری سابلاخه و به‌یتێكی داخه به‌یتێكی باخه. توێژه‌ر
41- حاجی قادری كۆیی ١٨١٧-١٨٩٧ز، شاعیر و بیرمەندێکی بەناوبانگ و نەتەوەخوازی کورد بوو. توێژه‌ر
42- كه‌لیم، ساڵی له دایك بوونی نادیاره، شاعیرێكی هیندی/ فارسییه، دیوانێكی تایبه‌ت به مه‌سنه‌وییات داناوه، كتبێكیشی به‌ناوی (پادشانامه) له سه‌رده‌می ئیمپراتۆری مه‌غۆل نووسیوه. له 1650ز مردووه. توێژه‌ر
43- میرزا محه‌مه‌د عه‌لی ناوسرا و به “صائیب” 1603 – 1677ز، به یه‌كێك له ناودارترین شاعیرانی ئێرانی داده‌ندرێ. توێژه‌ر
44- كه‌ماله‌دین ئیسماعیل به كه‌مال ئه‌صفه‌هانی ناسراوه، ساڵی له دایك بوونی نادیاره، له 1237 به‌ده‌ستی له‌شكری مه‌غۆل كوژراوه. توێژه‌ر
45- مه‌به‌ست له پێشه‌وای موسڵمانان، ئه‌بووبه‌كری صدیق ه، مه‌لای گه‌وره لێره وه‌ك شیعردۆست ناوی ده‌هێنێت. توێژه‌ر
46- مه‌به‌ست له پێشه‌وای موسڵمانان عومه‌ری كوڕی خه‌تابه، مه‌لای گه‌وره وه‌ك شیعر دۆست ناوی ده‌هێنێت. توێژه‌ر
47- مه‌به‌ست له پێشه‌وای موسڵمانا عه‌لی كوڕی ئه‌بوو تاڵیبه، مه‌لای گه‌وره ده‌یه‌وێت ئاماژه به شاعیرییه‌تی ئیمامی عه‌لی بكات، كه چ زمان‌زان و ڕه‌وانبێژێك بووه، كتێبێكی هه‌یه به‌ناوی (البلاغة) پڕیه‌تی له ئیستاتیكای ڕه‌وانبێژی. توێژه‌ر
48- ناوی ته‌واوی ئه‌بوو سه‌عید عه‌بدولمه‌لیك كوڕی قوڕه‌یب،ه ناسراو به “اصمعی” له شاری به‌سڕه‌ی عێراق له 122هیجری له‌دایك بووه، خاوه‌نی قه‌صیده‌ی ” صوت صفير البلبلي” یه كه له‌به‌رده‌م خه‌لیفه‌ی عه‌باسییه‌كان “ئه‌بو جه‌عفه‌ری مه‌نصور”، خوێندوویه‌تییه‌وه تا فێری بكات، چیتر سووكایه‌تی به شاعیران نه‌كا. توێژه‌ر
49- یوك – وشه‌یه‌كی توركییه، یانی نییه. توێژه‌ر
50- كوڵی دڵی مه‌لای گه‌وره‌ی كۆیی: نووسینی – مه‌لا حوسێن گورژی، چاپ نووسینگه‌ی ته‌فسیر- ساڵی 1430ك – 2009ز لاپه‌ڕه 603
51- هه‌مان سه‌رچاوه ل 283
52- تەفسیری كوردی لە كەلامی خوداوەندی، مەلای گەورەی كۆیی، بەرگی (9-10) ساڵی 2009ز
53- هه‌مان سه‌رچاوه
54- سورة النساء ٧
55- تەفسیری كوردی لە كەلامی خوداوەندی، مەلای گەورەی كۆیی، بەرگی (9-10) ساڵی 2009ز
56- سورة النساء – 11
57- سورة النساء – 19
58– تەفسیری كوردی لە كەلامی خوداوەندی، مەلای گەورەی كۆیی، بەرگی شه‌ش ل276
59- تەفسیری کوردی لە کەلامی خوداوەندی نووسینی: مەلا محمدی جەلیزادە به‌رگی چواره‌م ، ل٦.



