سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

پرسی ئێزیدییەکان و ناسنامەی نەتەوەییان

پێشەکی

ناساندنی پێکهاتەی ئیتنیکی کوردە ئێزیدییەکان وەک نەتەوەیەکی جیاواز لە ئەنجوومەنی نیشتمانی عیراق دا بە ڕای من هەوڵێکی ڕەگەزپەرستانەی نەتەوەپەرستی مەزهەبگەرایە دژی نەتەوەی کورد. ئامانج لەو بانگەشە و هەوڵی ناساندنەش گۆڕینی دیموگرافی و سیاسەتی پاکتاوی نەژادی نەتەوەی سەردەستە لە بەردەوامی پڕۆژەی سەد ساڵەی جینۆسایدی گەلی کورد. ئەم هەوڵە نەزۆکە گەر بۆیان بچێتە سەر بە دڵنیایی بۆ داهاتوویەکی دوور و نزیک مەترسی لەسەر ئاساییشی نەتەوەییمان نەک هەر بۆ قەوارەی جوگرافی باشووری کوردستان هەیە، بەڵکو هەڕەشەیەکی مەترسییە بۆ تەواوی کوردستانی گەورە، بۆ سەر زمان و ناسنامەکەمان هەیە. بە دەرفەتی دەزانم کە ئەم باسە بێنمەوە گۆڕێ، بەتایبەتی کە من دەمێکە کار لەسەر گرووپ و ئیتنیکەکانی کوردستان دەکەم بە تایبەتیش پرسگەلی کوردانی ئێزیدی و شەبەک و کاکەیی و فەیلی و هەورامی… هتد.

لە ڕابردوودا چەندان وتار و توێژینەوەیەم لەسەر پرسەکانی زمان و گرووپە ئیتنیەکانی کوردستان، لە ڕۆژنامەو گۆڤار و سایتەکان بڵاوکردۆتەوە، لە ڕاستیدا لە ئەنجامی کارکردنمان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو لە ڕێکخراوی خانی بۆ لێکۆڵینەوەی ھزریی، هەروەها لە گۆڤاری زمانناسیی (زمان و زار)دا، کە ئامانجی بنەڕەتی وەک سێ جومگەی سەرەکی (زمان، ناسنامە، کلتور) بوون، ئەو پرسە گرنگانە ھانیاندام وەک پرۆژەیەکی ستراتیجی بە پێی توانای خاکەڕای خۆم ئیشیان لەسەر بکەم بە تایبەتیش پرسگەلی ناسنامەی کوردانی (ئێزیدی، شەبەک، کاکەیی-یارسان، فەیلی، کوردانی مازەندەران و خۆراسان و قافقاس…ھتد)، کە بە چەند وتار و توێژینەوەیەکی ئیتنۆگرافی و زمانناسیی لەسەر دۆزەکەیانم نووسی. ھەڵبەتە وێڕای حاشاهەڵنەگرتنی کوردبوونی ئەم پێکهاتانە، لە ڕوانگەی داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤیشەوە دواتر وەک پێکهاتەیەکی ڕەسەنی نەتەوەکەمان دوای سەردانی مەیدانی بۆ دەڤەرەکانیان و لە نزیکەوە پەیوەندیکردن و دۆستایەتی لەگەڵ کەسایەتییەکانین، ئەوجا لەسەریانم کۆڵیوەتەوە.

ئەم پێکھاتانەی گەلی کوردستان بە درێژایی مێژوو لەلایەن دەسەڵاتدارانی نەتەوەی سەردەستەوە بە پلان و بەرنامەی تۆکمە چەوسێنراونەتەوە و ھەوڵی قڕکردن و لە نێوبردنیان دراوە، هەر هیچیان نەکردبێت لە هەوڵی بەردەوام بوون زمان و کلتوری خۆیان بەسەر ئەو پێکهاتانە بسەپێنن و ئاسمیلەی ناسنامە و فەرهەنگەکەیان بکەن. دیارە ئامانجی سەرەکی و ستراتیجییان هەر بە مەبەستی گۆڕانکاریی دیموگرافی لە کوردستان و بەرتەسککردنەوەی جوگرافی نیشتیمانەکەمان بووە تا لە ناسنامەی کوردبوونی خۆیان دایانبماڵن و دواجار وەک نەتەوە و زمانی سەربەخۆیان بناسێنن.

 توێژینەوە لەسەر پرسی  پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان لە کوردستان دا، ئامانجی سەرەکی لە ئەنجامدانی تەواوی کار و چالاکییەکان زیاتر ناساندنی پرسی  پێکهاتەکانە وەک پێشتر ئاماژەم پێدا لە بوارەیلی (زمان، ناسنامە، کلتور)دا. ھەروەھا لە ھەردوو ڕووی ئاشتی و لێبوردەیی و پێکەوەژیاندا و ھاندانیان لەبیرکردنەوە و شرۆڤەی نوێ لەو ھەڕەشانەی کە کۆمەڵگەی کوردستان لە ئێستا و ئاییندەدا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. بەو ھیوایەی کە بتوانین ھەستی بەرپرسیاریەتی لای تەواوی تاک و گرووپەکان دروست بکەین، بەوەی کار بکەین لەسەر ڕێزگرتنی فرەیی و جیاوازەکانیاندا. ئەنجامدانی توێژینەوە لەبارەی ھەر یەک لە پرسگەلی ئەم گرووپانە ئەویش لە ڕێگای ئەنجامدانی توێژینەوەی ئەکادیمی و سازدانی کۆڕ و سیمینار و کۆنفرانس بۆیان. ئەو توێژینەوە مەیدانیانە خۆی لە خۆیاندا دەبنە پڕۆژەیەک بۆ گەڕان و شرۆڤە کردن لەسەر ئەو بوارانەی کە لەو نووسینەدا خستومەتەڕوو. بۆیە بایەخدان بە بڵاوکردنەوەی ڕۆشنھزری دیموکراسی بۆ چەسپاندنی چەمکی لە یەکگەیشتن و گەیاندنی ڕۆشنبیری بە تاکەکانی کۆمەڵگا و پاراستنی تەبایی لە نێوانیاندا خواست و ئامانجی ئێمە بوو.

توێژینەوە لەسەر ئەو کێشانەی پەیوەستن بە پرسی  پێکهاتە ئایینییەکانی کوردستان، هەڵوەستە و هەڵوێستی نەتەوەیی و نیشتیمانی گەرەکە. بێگومان ئەوانەی ئینتمایان بۆ ئەم خاک و نەتەوەیە نەبێت لە ئازاری ئەم پێکهاتانە ناگەن، ئەو ڕۆڵەش لە دیدگای ھەمەچەشنەی نوێوەوە سەرھەڵدەدەن، تایبەتە بە کێشە و کاریگەری ھەرێمی و وهەژموونە نێودەوڵەتییەکان و بەرژەوەندییەکانیان. ھەڵبەتە ئەم پرسە وەک دیالۆگێکی لۆجیکی دەبێتە تاوڵەیەکی بازنەیی و بەھێز بۆ قسەکردن لەنێوان گرووپە ئیتنیکییە جیاوازەکان لە کوردستان دا. ھەروەھا دروستکردنی پردێکی ھاوبەش لەگەڵ دامودەزگاکانی دیکەی توێژینەوە لەسەرانسەری کوردستان و دواتر جیھاندا وەک (زانکۆکان، پەیمانگەکان، بنکەکانی توێژینەوە)، و ھەماھەنگی کردن لەگەڵ تەواوی ئەو پڕۆژانەی ھاوشێوەن و ھەمان ئامانجیان ھەیە لەسەر کێشەی  پێکهاتەکان لە ناوچەکە و لە وڵاتە دراوسێیەکاندا. بۆیە بەشداری سیاسیی  پێکهاتە ئاینییەکان، لەسەر بنەمای پەژراندنی کۆمەڵێک پێشمەرجدایە و سنووری تاکتیک و مانۆڕی سیاسیی نەبەزاندووە و ھێشتاش نەچۆتە چوارچێوەیەکی ستراتیجییەوە. بەشداری پێکردنی پێکهاتەکان لە کوردستاندا وەک هاووڵاتیانی پلە یەک جیاوازە لە دروستکردنی زەمینەی یەکسان بۆ بەشداریی کردنیان، چەمکی بەشداری پێکردن تەنانەت لە ڕووی زمانەوانییەوە جۆرێک لە بەخشینی تێدایە، پێدەچێت لە کوردستان کۆدەنگییەکی سیاسیی و ڕۆشنبیریی ھەبێت لەسەر دواخستنی بابەتی مافی یەکسانی ھاووڵاتیبوونی پێکهاتەکان و پاراستنی ناسنامەی جیاوازیان، ئەزموونی پێکەوەژیان وەک بەڵگەی کرانەوەی ناسیۆنالیزمی کوردی بەکاربھێنرێت. بەڵام ئەزموونی بەڕێوەبردنی وڵات، ناسیۆنالیزم ڕووبەڕووی گیرخواردن دەکاتەوە لەنێوان کرانەوەی بێسنوور و داخرانی تەواوی پێناسەی ھاووڵاتیبووندا.

 ناسیۆنالیزمی کوردستانیی کە بە ڕای من هێشتا وەک هزر و فەلسەفەی نەتەوەیی پێنەگەیشتووە و کۆی حیزبەکانی ئێستای کوردستان، بەخۆیان بزانن یان نا، لەمیانەی ھەوڵەکانیان بۆ دروستکردنی قەوارەی دەوڵەت لە داهاتوودا، مخابن هەندێجار ھەوڵی شوێنگرتنەوەی ئەو داگیرکەرە دەدەن کە سەدەیەکە قوربانیان بۆ داوە و لە دژیدا جەنگاون. لەجیاتی ئەوەی ھەوڵی بەدیھێنانی جیھانێکی جیاوازتر بدەن لەوەی کە تێیدا قوربانی بوون، دەسەڵاتی کوردی ھەر لەسەرەتای سەرھەڵدانییەوە، لەژێر ھەژموون و کاریگەری ناسیۆنالیزمی ئەو دەوڵەتانەدا بووە کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە. وەک چۆن نەتەوە درواسێیەکانمان دەوڵەت دەکەن بەو ئامانجەی ھەموو ئامرازێک ڕەوا دەکات، لێرەدا ئەرکە قوڕسەکەی کورد تەنھا دروستکردنی دەوڵەت نییە، بەڵکو دروستکردنی دەوڵەتێکە کە کۆپی ھەمان ئەو دەوڵەتانە نەبێت کە پێکهاتەکانی گەلی کوردستان لە دژیاندا جەنگاوە. دڕندەیەک نەبێت ھاوشێوەی ئەو دڕندانەی کوردیان کۆمەڵکوژ کردووە، ئەویش  پێکهاتەکانی ناو ھەناوی خۆی کۆمەڵکوژ بکاتەوە، بابەتی پێکهاتەکان و مافەکانیان دەبێت لە دەستووری داهاتووی کوردستان دا دانی پێدا بنرێت و بسەلمێنرێت، بۆ ئەوەی جارێکی تر ئەم گرووپانە دووچاری قڕکردن نەبنەوە، چونکە ئەو کەمینانە لە داهاتووشدا ترسیان ھەیە لە ژیان لەچوارچێوەی قەوارەیەکی کوردی دا. بۆیە ھەموو ھاووڵاتییەک بەدەر لە ناسنامە مافی بەشداریی سیاسیی ھەیە و پێویستە دەسەڵاتی کوردستانیی زەمینەی یەکسان خۆش بکات بۆ ئەم بەشدارییە سیاسییە، لەم قۆناغەدا ھیچ شتێک لەوە گرنگتر نییە پێکهاتەکان کوردستان بەشداربن لە کۆی ئەو گفتوگۆیانەی لەسەر ئایندەی ھاوبەشمان دەکرێن.

ئێزدییەکان و کۆمەڵکوژی شنگال

ئێزدییەکان گرووپێکی ئیتنیکی کوردی و کوردستانین بە زۆری لە دەڤەرەکانی باشووری کوردستان و بەتایبەتیش لە کاڤاری شنگال و شێخان نیشتەجێن، ھەروەھا  پێکهاتەیەکیشیان لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان، هەروەها لە ئەرمەنستان و گورجستان دەژین. ئێستا ژمارەیەکی بەرچاویش نیشتەجێی وڵاتانی ئەوروپان بەتایبەت ئەڵمانیا. زۆرێک لە دەوڵەتداران و ناسیۆنالیستی عەرەب هەوڵیان داوە ناسنامەی نەتەوەیی ئێزیدییەکان لە نەتەوەی کورد جودا بکەنەوە بیانکەن بە عەرەب یان لانی کەم بیانکەن بە نەتەوەیەکی سەربەخۆ بە نەتەوەی ئێزیدی بیانناسێنن. دوای هەڵوەشانەوەی یەکێتیی سۆڤیەتیش ناسیۆنالیزمی ئەرمەن و دەسەڵاتدارانی ئەرمەنستانیش هەمان هزر و هەوڵیان هەبووە بۆ ئاسمیلەکردنی نەتەوەیی ئێزیدییەکان و لاوازکردنی پێگەی کورد لە ناوچەی قافقاس دا، تەنانەت کاریگەرییان لەسەر سیاسەتی مۆسکۆش هەبوو لە بە فەرمی ناساندنی کوردی ئێزیدییەکان وەک نەتەوەیەکی سەربەخۆ، هەر لەو سۆنگەیە هەرچی کوردی مسوڵمان هەبوو لە ئەرمەنستان ناچارکران ئەو وڵاتە بەجێ بهێڵن ڕوو لەوڵاتانی ئاسیای ناوین و ڕوو سیا بکەن، دکتۆر خەلیل جندی لەکتێبی ( ئایینی ئێزیدی، باوەڕەکان، میتۆلۆجیا، چینە ئاینییەکان) کە لەساڵی ٢٠١٨ لە دەزگای ئەلمەسارات لە وڵاتی لوبنان چاپ بووە دەڵێت: بە چەمکە مێژووەییە کۆمەڵایەتییەکە ئایین لەنەتەوە کۆنترە، دەرکەوتنی ئایین بە هەزاران ساڵ بەر لەدرووست بوونی نەتەوە بووە، بۆیەش کاتێک یەکێک دەڵێت من ئێزیدیم، ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە کورد نییە و خۆی بە نەتەوەی کورد نازانێت و بە دوور دەگرێت و جیای دەکاتەوە، ئێزیدی ئایینێکی دێرینی کوردانە و مێژووەکەی بۆ سەردەمی پێش شارستانیەتی سۆمەرییەکان، ڕەنگە کۆنتریش بگەڕیتەوە، بەڵام توێژەری ناسراو د. زرار سدیق و کۆچکردوو سەلام ناوخۆش پێیانوایە کە ئێزیدییەکان گرووپێکی ئایینی مسوڵمانن، بەڵام هەڵگەڕاونەتەوە و لەئەنجامی ململانێی نێوان بنەماڵەی عەباسییەکان و ئەمەوییەکان سەریان هەڵداوە، کەواتە مێژووی سەرهەڵدانی ئاینی ئێزیدییەکان بۆ ئەو سەردەمە دەگەرێنیتەوە، ئەمەش پێچەوانەی بەڵگە نامە مێژوویی و زانستییەکانە کە دەیسەڵمێنێت ئاینی ئێزیدی ئایینێکی دێرینی خەڵکی کوردستان بووە.

 ئێزیدییەکان لە ھەرێمی کوردستان دا بەگشتی ژمارەی دانیشتوانیان نزیکەی ٦٥٠ هەزار کەس دەبێت، تا وەکوو ڕۆژی ٣-٨-٢٠١٤ ئێزیدییەکان تاوانی کۆمەڵکوژی “شنگال”یان لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامیی ناسراو بە داعشەوە لەھەق ئەنجام درا، ژمارەیان بۆ نیوە کەمتر دابەزی، دوای ئەو کارەساتە تراژیدییە بەتەواوی نەدەزانرا کە ئێزیدییەکان تا چەند پەراوێز خراون.

توێژینەوە مێژووییەکان لە کۆندا ئاماژە بە شاڵاوی (فەرمانی ٧٤ کۆمەڵکوژی)، جینۆسایدی ئێزدییەکان دەکەن، کە زۆرینەیان بە ھۆکاری ئایینی و ئیتنیکی بووە. ئەم کۆمەڵکوژییانە ھۆکاری کارەسات بوون بۆیان. سەرەتاش لە ٢٠٠٧ لە کۆمەڵگەی سیپا شێخ خدر و گرعوزێر لە ڕێگای تەقاندنەوەی تانکێکی بۆمبڕێژکراو بوو کە بووە ھۆی کوشتنی پتر لە ٥٠٠ کەس و بریندارکردنی ژمارەیەکی زۆر لەوە زێتریش.

لە سەرەتای مانگی ئابی ٢٠١٤ تیرۆریستانی داعش ھێرشێکی بەرفرەوانیان کردە سەر کاڤاری شنگال کە لە ڕاپۆرتە دیکۆمینتاری ومیدیاییەکان و کۆمیتەکانی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان جەخت دەکەنەوە کە لەگەڵ ھاتنی داعش بۆ ناو شنگال، پیاوان و منداڵانی کۆمەڵکوژ کرد و بە زیندوویی لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا ناشتنیان. ژنان و کچآنیان سەبی کران و بەسەر تیرۆریستەکاندا بەخشینەوە. ھەواڵەکان ئەوە دەسەلمێنن کە لە بازارەکانی ڕەقە و موسڵ و مەیادین و ئەلبوکەمال و شەدادی سەودایان پێدەکرا.

ئێزیدییەکان بە بەرچاوی ھەمووانەوە تووشی ھەڕەشەی قڕکردنبوون و لەناوبران، بە پلەی یەکەم بەھۆی ئێزیدی بوونیان و ئینجا کوردبوونیان و ھۆکاری سێیەم ستراتیجییەتی ناوچەی جێ نفوزیی ئەوان بوو، کە لە لایەن وڵاتانی ھەرێمییەوە جێی بایەخی جیۆپۆلەتیکی خۆی بوو.

ھەڵوێستی پارت و لایەنە کوردستانییەکان

دۆزی ئێزدییەکان وەک ھەر دۆزێکی تر بەشێک یان گرووپێکی دیکەی گەلی کوردستان لەلایەن لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە پارتە عیلمانی و ئیسلامییەکانەوە، شرۆڤە و ھەڵوێستی جودای لێبۆتەوە. پارتە نەتەوەیی و سیکولارکانی کوردستان پرسی ئێزدییەکان بەبەشێک لە دۆزی نەتەوەیی گەلی کوردستان دەزانن، ئەمەش بە ئاشکرا لە پەیرەوی ناوەخۆی حیزبەکانیان دەخوێنریتەوە و بەرگری لە چەوساوەیی هەموو پێکهاتەکانی کوردستان دەکەن. ھەرچەند لە واری واقیعدا کەم و زۆر ھەڵویستیان جیاواز بووە، بەتایبەت لە پرسی تراجیدی کەوتنی شنگال دا. بینیمان چۆن لایەنێک پشتی تێکردن بێ ھیچ پاساوێک ھێزەکانی خۆیان لەو ناوچانە کشاندەوە، لەھەمان کاتدا لایەنی تر ھەبوون بەرگرییان لەو خەڵکە لێقوماوە کردو ڕێگایان بۆ کردنەوە تا بە سەلامەتی لە دەست تاڵانکارانی داعش ڕزگاریان بێت. ھاوکات دەبینین ھەڵویستی لایەنە ئیسلامییەکانی کوردستان لەسەر پرسی ئێزدییەکان جیاوازە.

ئەو ھەموو ھاتوھاوارەی لە میدیا و لێدوانەکانیان لە دژی دەسەڵاتی ھەرێم لەسەر تیرۆری سیاسی، کەچی ئەو ھەموو کوشتار و کۆمەڵکوژییەی لە ئاست ئێزیدیەکان و ھەروەھا لە شارەکانی باکوورو ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجام دران و ڕۆژانەش ئەنجام دەدرێن نە نووزەیەکیان لێوە دێت، نە ھەڵوێستێکی وەھا دەنوێنن کە ھاوبەشی بێت بۆ تراجیدیای گەلەکەمان و ئیدانەکردنی داگیرکاری گەلەکەمان. پرسیار ئەوەیە تۆ بڵێیت تاوانە دڕندەییەکانی داعش، کە لە ئاستی جینۆسایدی کوردی ئێزیدییەکانە لە دەڤەری شنگال لەو تاوانانە بچوکتر و لاوازتر بێت و شایستەی ئیدانەیەک نەبێت؟

ئیسلامیەکانی کوردستان، پێچەوانەی ھەموو ئیسلامییەکانی تری ڕۆژھەڵات لاوازترین ھەستی نەتەوەییان بەرامبەر بە گەلەکەی خۆیان ھەیە، بەردەوام ھەستە ئایینەکەیان زاڵتر و تۆخترە لە ھەستە نەتەوەیەکە، باشترین نموونەش ھەرچی تاوان لە جیھانی ئیسلامی ڕووبدات ئەوان بە ھەزاران ئیسلامی کورد دەھێننە سەر شەقام و میدیاکانی چەندان ڕۆژ بۆ تەرخان دەکەن، بەڵام کوردی ئێزیدی لە شنگال و لە ڕۆژئاوا و باکووری کوردستان بە ھەزاران تاوانیان بەرامبەر کرا، لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان دا دەیان کەسایەتی کورد لەسێدارە دران، بچوکترین ئیدانەی کۆماری ئیسلامی ئێران ناکەن.

خەیری بۆزانی نوێنەری پێشووی ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و ئێستاش ڕاوێژکاری کاروباری ئایینی ئێزیدییەکان لە سەرۆکایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی هەڵویستی هاووڵاتیانی کوردستان بە گشتی و تەنانەت لایەنێکی ئیسلامی کوردستانیش دەڵێت؛ تا ڕادەیەک ھەڵویستی یەکگرتووی کوردستان ئەرێنی بوو لە پرۆتۆستۆکردنی تیرۆریستانی داعش لە دۆزی کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکانی شنگال. کاتێک خەڵکی شنگال ئاوارەی دەڤەری بادینان و بەتایبەت باژێری دهۆک بوون هەندێ لە کوردە موسڵمانەکان دەرگای مزگەوتەکانیان بۆ کردنەوە بە مەبەستی داڵدەدانی ئەو خەڵکە لێقەوماو و سەرگەردانە. حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانیش بە شێوازی جۆراوجۆر ئیدانەی ئەو کردەوە تیرۆریستیەی داعشیان کرد، بۆیە کاتی ئەوەیە دەزگا ئیدارییەکانی ھەرێمی کوردستان مەسەلەی ناسینی داعش وەک ھێزێکی تیرۆریست و جینۆسایدکردنی کوردانی شەنگال بکەنە یاسا بەسەر ھەموو لایەنێکدا، وەک ئەوەی ھەندێ وڵاتی ئەوروپی لە بەرامبەر دان پیانەنانی ھەر کەسایەتی و لایەنێک بە جینۆسایدی ئەرمەنەکان ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی دەکەنەوە.

بەڵام هەڵوێستی ئێزیدییەکان لەسەر پرسی کۆمەڵکوژی شنگال وێڕای جیاوازی هەڵوێستی پیاوە ئایینی و سیاسی و کۆمەڵایەتەییەکان و ڕاوبۆچوونی جیاواز لەمەڕ ناسنامەی نەتەوەیی و ئایینی و لایەنگرانی پارتە سیاسییەکان بەتایبەت ئەوانەی سەر بە (پدک و ینک و پکک) بە بێلایەنەکانیشیان لەسەر پرسی کۆمەڵکوژی شنگال، بەڵام زۆرینەی ڕەهایان مەگەر ژمارەیەکی کەمی ئێزیدییەکانی باشیقە و بەحزانی کە عەرەبی ئاخێوەرن، لەگەڵ بەشێک ئێزیدیانی لە ماوەی ٣٠ ڕابردوودا بە هۆی سیاسەتی نکۆڵی کردن و ئاسمیلاسیۆن لەلایەن دەوڵەتی ئەرمەنستانەوە کە ناچارکراون حاشا لەکوردبوونی خۆیان بکەن و بەڵام زۆرینەی ئێزیدییەکان هێشتا جەخت لەسەر ئینتمای نەتەوەیی کوردبوون و کوردستانی بوونی خۆیان دەکەنەوە.

ئێزیدی وەک ئایینێکی ڕەسەنی کوردی

جگە لە کوردە یارسانەکان، ئێزدییەکانیش وەکو ئایین، ئاینێکی جیاوازیان ھەیە و بە ڕەسەنترین ئایینی دێرینی کوردان دەژمێردرێت، ھەرچەندە لەسەر ئەو باوەڕەی خۆیان زۆر چەوساونەتەوە، بەڵام بەردەوام داکۆکیان لە ناسنامەی ئایینی خۆیان کردووە. بە گوێرەی شێوازی باوەڕ و پێوانەکانی پەرستن و شوێن و پەرستگاکانیان و شێوازی ژیانیان، بۆچوونێک هەیە کە دەتوانرێ وەک تیرە یان پاشماوەی ئایینی زەردەشتی بەناو بکرێن، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٣٠٠٠ ساڵ بەر لە ئەمڕۆ (عەبدولرەحمان قاسملو، کتێبی کورد و کوردستان). ئێزیدییەکان خۆیان ئەم بۆچوونە ڕەت دەکەنەوە، ئێزیدی بە ئاینێکی جیاواز و سەربەخۆ دەناسێنن، تەنانەت کاتی زەردەشتییەکان داوایان لەو پەیرەوکەرانی ئایینی ئێزیدی کردووە کە بێنە سەر ئایینی زەردەشتی، ئێزیدییەکان ئەو داواکارییەیان بە توندی ڕەتکردۆتەوە، هەر بۆیەش لەلایەن زەردەشتییەکانەوە بە دێوپەرست ناسراون و چەوسێنراونەتەوە.

ئایینی ئێزیدی و بوونی ئێزیدییەکان، سیمای دەوڵەمەندی کلتور و فرەیی و مێژووی ناوچەکە و گەلی کوردستانە، کوردانی ئێزیدی لە ڕووی ئایینییەوە خودان جەژنێکی تایبەت بە خۆیانن کە بە چوارشەمە سۆر ناسراوە. بە پێی ڕۆژژمێری ڕۆژھەڵاتی دەکەوێتە یەکەم چوارشەممەی مانگی نیسان، ئەمەش جەژنی سەری ساڵی ئەوانە، لەم ڕۆژەدا بەکارھێنانی ھێلکە و ڕەنگکردنی یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی و جێ بایەخیانە. ئەویش بەو مانایەی ھێلکە لە زەوی دەچێت، ھەروەھا ڕۆح و توخمی تێدایە. لە خوێندنەوەی تریشدا دەڵێن زەردێنەکەی لە زەویی و سپیاییەکەی لەئاو یان لە بۆشایی گەردوون دەچێت، ئەم جەژنە لە سەردەمی بابلی و تەنانەت ئاشوریی و سۆمەرییەکانیشدا ھەبووە. بەپێی کۆنی ئایینەکە و بەرفراوانی ئایینەکەش لە سەردەمی خۆیدا وایی بووە لە جێگای زۆر و بەرفراوانتردا جەژنەکە بکرێت بە جیاواز لە سەردەمی ئێستادا. ھەموو ئایینێک تایبەتمەندی خۆی ھەیە بێگومان. دەوترێت لەناو ئێزیدییەکاندا لە مانگی نیساندا ژنھێنان و بەشوودان نییە. چونکە نیسان خۆی بووکی ساڵە و زەوی ئاوسە، چەند سەرچاوەیەکیش باس لەوە دەکەن ناوی (نیسان) لە (نوێ ساڵ)ەوە ھاتبێت. لەم ڕۆژەدا ئێزیدییەکان ڕووناکی زۆر بەکاردێنن و تاریکایی ڕووناک دەکەنەوە، وەکو خۆیان گوتەنی لە تاریکییەوە بەرەو ڕووناکی. دیارە لەئایینەکانی ناوچەی میزۆپۆتامیا و ئایینی تریش بابەتی ڕۆژپەرستی و ڕووناکی پەرستیش ھەبووە، ھەروەھا گوڵی سووریش (کولیلکا نیسانێ) لەتاقی پەرستگا و شوێنە تایبەتەکانیان دادەنێن. ھەرچەندە بەھۆی ئەو تاوانانەی لەھەقیان کراو بەھۆی بردنی ژن وکچ و منداڵەکانیان و کە ھێشتا لە دەستی تیرۆریستانی داعشدان جەژن ناکەن. ئەوان سیمبولێکی دێرین و نوێی قوربانین لە ناوچەکەدا، پێویستە ھەموو لایەک بە ڕێزەوە بڕوانێتە ئەو توێژە گرنگەی کوردەواری، بەدڵنییایەوە پێویستە ھەر ئەو ڕۆژەی پەرلەمانی کوردستان کەوتەوە سەرکاری خۆی، پرۆژە بڕیاری تاوانی شەنگال بکاتە بڕیارو ڕۆژی ٣-٨ی ھەموو ساڵێک بە فەرمی بکاتە ڕۆژی جینۆسایدی ئێزیدییەکان.

ناسنامەی ئێزیدییەکان و چەواشەکاری ناسیۆنالیستی عەرەبی

زۆرترین ھەڕەشەی لەناوچوونی ئێزیدییەکان لەلایەن ھێزە دەسەڵاتدارەکانی ئیسلامەوە کراوە، لە سەردەمی یەزیدی کوڕی مەعاوییە تا ئێستا. عەرەب ناوی ئیزیدییەکانیان چەواشەکردوە و پێیان دەڵێن “یەزیدی” واتا بە درۆ و چەواشەکاری دەیانگەڕێننەوە بۆ یەزیدی کوڕی مەعاوییە، بەڵام بێگومان ئەوە ھیچ پەیوەندی بەڕاستیەوە نییە، بەڵکو پارچەیەکە لە پرۆسەی ئاسیملاسیۆن. بەھەمان شێوە ئەوەی بە زەبری چەک نەیتوانیوە لەگەڵیان بکرێت، بەتایبەت لەلایەن تورکە عوسمانییەکان لە ٤٠٠ ساڵی ئیمپراتۆریەتەکەیان، ئەوان ھەوڵیاندا لەڕێگای ڕیفۆڕم گۆڕانکاریی لە ئایینی ئێزیدی دروستی بکەن. ھاتنی شێخ ئادی، ھەمانکات دروست بوونی ڕیزبەندی و سیستەمی ھیرارشی لە نێو ئێزیدییەکان(شێخ، پیر، میر، فەقیر، مرید، قەوال….ھتد) ھەروەھا دروست کردنی پەرستگا و ناولێنانی ئیسلامییانە بە ناوی حەج، سەفاو مەروا…ھتد، کۆتایش گۆڕ و جلوبەرگ و شوێنی پەرستنی شێخ ئادی بووەتە نەزر‌گای ھەرە سەرەکی ئێزەدییەکان، بەواتایەکی تر، شێخ ئادی لاسای پێغەمبەری ئیسلام محەمەدی کردوەتەوە ‌و خۆی کردوەتە ناوەندی پەرستن و سازشی نێوان تاک و کۆمەڵی ئێزیدی و ڕێوڕەسمی پەرستگای لالەش وەک نمونە. ناتوانین بڵێین ئێزیدییەکان لە ڕێگای شێخ ئادی لە ڕاستەھێڵی خۆیان دەرچوونە، بەڵام ناشتوانرێن بڵێین وەک خۆیان ماونەتەوە. ئەوەی لەمڕۆدا گرنگە بۆ ئێزیدییەکان و شەنگالییەکان، ئەویش مانەوەیانە بەناسنامەی نەتەوەیی و ئایینی خۆیان و پاراستنی ناسنامەکەیان.

ڕێکخراوی داعش و کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان

لە سایەی دەزگا هەواڵگرییە عەرەبیەکان و بە ھاوکاری دەوڵەتانی دراوسێ و بە ھاندانی بانگخوازە ئیسلامییە توندڕەوەکانی میسر و سعودیە و قەتەر، ڕێکخراوی تیرۆریستی دەوڵەتی ئیسلام ناسراو بە داعش، لەسەرەتای حزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ بەشێک لە خاکی سووریا و عێراقی داگیرکرد و خێڵە عەرەبە سوننەکان پشتیوانییان لێکردن. لە سەرەتاوە سەرانی کورد وەک دەوڵەت گرەویان لەسەر کردن و گوتیان عێراق ناگەڕێتەوە بۆ پێش ٩ حوزەیران و ئێستا ئێمە دراوسێیەکی نوێمان ھەیە کە ناوی داعشە و ھێزی پێشمەرگەیان ناردە ناوچە کێشە لەسەرەکان، داعش ھێرشی لەسەر بەغدا و دیالە چڕکردەوە و بەر ڤیتۆی ئێران کەوت، ڕووی کردە کوردستان، لە جەلەولا شەڕ ھەبوو لە موسڵ نەبوو، یەکێتیی پارتی تۆمەتبار دەکرد کە شەڕ لەگەڵ داعش ناکەن. کاتێک شەڕەکە گشتگیر بوو سەرۆکایەتی ھەرێم و حکومەت خەڵکیان لە توانای بەرگری دڵنیا کردەوە، بەڵام لە شەنگال پێمان گوترا نەک بەرگری لاوازە، بەڵکو ھەر نییە، سەرکردایەتی کورد باش دەیانزانی کە چەکی داعش چییە و توانای چەندە و چۆنە؟ بەڵام پێش کارەساتی شنگال ئەم سەرنج و گازندەیان نەدەکرد، ھێزەکانیان لە شنگال بێبەرگری شارەکەیان چۆڵکرد و منداڵ و ژن و کیژی شنگالیان کردە خۆراکی ئەژدیھاکانی داعش. ڕێکخستنەکانی پارتی لە شەنگال لەماوەی دوو مانگدا نەیانتوانیوە ھێزی بەرگری دروستبکەن ئامادەیان بکەن بۆ ھەر ڕووداوێک تا لاوە ئێزدییەکان چەکدارکەن. ئێزیدییەکان خۆشیان خەمسارد بوون بەرگریان نەکرد! شەڕی ماڵ بە ماڵ و جادە بە جادەیان نەکرد و شارەکەیان چۆڵکرد. ئەمە گازاندەیەکی جددیە لە لاوانی ئێزیدی، ئایا باشتر نەبوو لەبری ئەوەی دایک و خوشک و منداڵەکانیان بە برسێتی و تینوێتی لە شاخی شەنگال بمرن و کیژە پاکیزەکانیان بێبەرگری جێبھێلن بیاندەنە دەست داعش، لە ناو ماڵ و شەقامەکان و سەربانەکانی خۆیاندا شەھید ببن و داعشەکان بە دۆزەخ بسپێرن؟ بۆ نموونە شاری ئامرلی تورکماننشین دوومانگ لە گەمارۆی داعش دا بوو و بە ھەلیکۆپتەر خواردنیان بۆ بەردەدانەوە و بەرگرییان دەکرد. سەرنجی کۆبانی، حەڵەب، قامیشلو، غەزە بدەن چۆن شەھید دەدەن و شاریان چۆڵ نەکرد، ئەم ڕاکردن و شار چۆڵکردنە لە ناو کوردا بووەتە کلتور و شانازیشی پێوە دەکەن. دواجار لەسەر ئەتککردنی شەرەفی ژن و کیژانی ئێزیدی و جینۆسایدی ئێزیدییەکان ئەمریکا ھاتە دەنگ و ھەولێری پایتەختی پاراست و ھاوکاری مرۆیی و سەربازی نارد و یەکێتیی ئەوروپاش ئەنجومەنی ئاسایشی ھاندا بۆ ھاوکاری، ئایا دەکرێت ئێمە تەنێ چاوەڕێی کارەسات بین بۆ ئەوەی وڵاتان بێن بە ھانامانەوە؟

ئەدی بوێری و گیانفیدایی کورد چی لێھات؟ لەگەڵ ئەو ھەموو پێشمەرگە بوێرانەی کە کورد ھەیەتی نەتوانراوە سوود لە وزە و توانایان وەربگیرێت، ئایا کورد سیاسەت نازانێ یان دوژمنی زۆرە یان ھەردووکیان. لەسەرەتادا داعشییەکان شەڕی کوردیان نەکرد، کورد ھەڕەشەی گشتپرسی و سەربەخۆیی کرد، سەرۆکی ھەرێم چووە پەرلەمان و داوای دەرکردنی یاسای ھەڵبژاردن و ڕاپرسی لێکردن، لێرەوە ئێران و تورکیا و میسر و کۆمکاری عەرەبی و ئەمریکا و عێراقی شیعە ھەڕەشەیان کرد، یاساکە دەرچوو، بە داعش گوترا ڕووی چەکەکانتان لە شیعەوە بۆ کورد وەرگێڕن. کورد لە سەرەتاوە خراپ ھاتە دەست و لەولا شەنگال و لەملا جەلەولای لە دەستدا و ھەولێر و خانەقین و کەلار کەوتنە بەر ھەڕەشە، ھەندێ لە ھاووڵاتیانی ھەولێر و ھەندێ لە خانەقین چۆڵیان کرد. ئێران و تورکیاش بێدەنگ بوون، ئەمریکا ھاتە دەنگ بەو مەرجەی کورد بچێتەوە بەغدا، ئێستا سەرانی کورد لەبری دەوڵەتی کوردی کێشمەکێشی گەڕانەوەی بەغدایانە، پێدەچێت مەرجی شاراوەی ئەمریکا بۆ پاراستنی ھەولێر، گەڕانەوە بۆ سنووری پێش ٩ی حوزەیران و وازھێنان لەگشتپرسی و دەوڵەتی کوردی بێت. ئەمە مەرجی شیعە و سوننەش دەبێت، لە ئەنجامدا کۆمەڵکوژی شەنگال کرا، ژن و کچانی ئێزدی ئەتکران و شەھیدێکی زۆریان دا. ئاماژەکان ئەوەمان پێدەڵێن کە دەبێ پێشمەرگە بگەڕێتەوە شوێنەکانی پێش ٩ ی حوزەیران، ئەمەش ھەمووی لە ئەنجامی سیاسەتی ناحەکیمانەی سەرکردایەتی کورد بووە لە ماوەی ٢١ ساڵدا لە پاش ڕووخانی ڕژێمی سەدام و سیاسەتی پەنجا بە پەنجای دوو حیزبی باڵا دەستی ئەم ھەرێمە بەش مەینەتە، بۆ جاری سێیەم ھەلی دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان لەباربرا. مێژووی نزیکی خەباتی گەلی کورد بە گشت پێکهاتە ئیتنیکیەکانیەوە لە باشووری کوردستان دا بۆ ھەشتا ساڵ پتر دەگەڕێتەوە، لەو ماوەیەدا ھەوراز و نشێوی زۆری بڕیوە، کۆسپ و تەنگژەی زۆری دیوە، نسکۆی ١٩٧٥ و کیمیاباران و ئەنفال لە ساڵی ١٩٨٨، دواجار ڕووبەڕووی دڕندایەتی ڕێکخراوی داعش بووینەوە.

ماویەتی

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO