لە ھەڵبژاردنی 31 ی ئاداری 2024 ی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان، دەم پارتی (DEM) توانیبووی بەشی ھەرە زۆری شارەوانیەکانی باکووری کوردستان بەدەست بھێنێت، ئەمەش لەلایەک کۆتایی بە دەسەڵاتی داسەپاوی قەییوومەکان ھێنا کە دوای ھەڵبژاردنی 2019 بەسەر شارەوانییەکانی سەر بە ھەدەپە (HDP) سەپێندرابوون، ھەروەھا سەرکەوتنی ئیرادەی گەل بوو کە لە ڕێگەی سندوقەکانی دەنگدان بەدەستی ھێنابوو.
لە دوو خولی پێشوتری ھەڵبژاردنی شارەوانییەکان، کورد کە هەدەپە، پارتی دیموکراتی گەلان، نوێنەرایەتی دەکرد، براوەی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان بوو، بە تایبەت لە ھەڵبژاردنی 2014، بەڵام دەسەڵاتدارانی تورکیا بە بیانوی سیناریۆی کودەتاکەی 15 ی تەموزی 2016 زۆربەی سەرۆک شارەوانییەکانی ژێر دەسەڵاتی هەدەپەی لەسەر کار لادان و لە شوێنی ئەوان قەییووم دانران. ھەرەوەھا لە دوایی ھەڵبژاردنی 2019 لە کۆی 65 شارەوانی کە لە دەست هەدەپە دا بوون 53 یان لەسەر کار لادران و ژمارەیەکیان خرانە زیندان و ئەوانی دیکەش وڵاتیان بەجێھێشت، لە شوێنی ئەوانیش قەییووم داندران.
دوایین ھەڵبژاردن کە بۆ شارەوانییەکان ئەنجامدرا رۆژی 31 ی ئاداری 2024 بوو، لەو ھەڵبژاردنەدا دەم پارتی بە دروشمی کۆتایھێنان بە دەسەڵاتی داسەپاوی قەییوومەکان چووە ناو کێبڕکێی ھەڵبژاردنەوە. ڕقی خەڵک لە قەییوومە سەپێندراوەکان و ئیرادەی خەڵک بۆ گێڕانەوەی دەسەڵاتی شارەوانییەکان بۆ خاوەنی ڕاستەقینەی خۆیان، ھۆکاربوون کە دەنگی دەم پارتی لەو ھەڵبژاردنە بەرزبێتەوە و ببێتە براوەی زۆرینەی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان.
ئەو سەرکەوتنەی دەم پارتی بە ئاسانی لە لایەن بەرەی دەسەڵاتداری تورکیا، ئەکەپە (AKP) و مەهەپە (MHP) قەبوول نەکرا، بە تایبەت لەوەی کە دەسەڵاتی چەند ساڵەی قەییوومەکان نەک خزمەتی بە ھێزەکانی دەسەڵات نەکرد، بگرە نموونەیەکی ناشیرینی دەسەڵات بوو لە گەندەڵی و دزی قەییوومەکان، بە نموونەی حوکمی داسەپاو سەیر دەکرا.
دوای ئەوەی دەسەڵات وەڵامی خۆی لە ھەڵبژاردنی شارەوانییەکان وەرگرتەوە، دیسان پەنای بردەوە بەر سیاسەتی داسەپاندن و گەڕانەوە بۆ سەپاندنی قەییووم لە شوێنی ئەو کەسانەی کە بەدەنگی خەڵک بۆ ئەو پۆستانە سەرکەوتوون.
سەرەتا بەرەی ئەکەپە و مەهەپە خۆیان لە شارەوانی گەورەی وان تاقیکردەوە، لە ڕێگەی سیناریۆیەک ویستیان عەبدولڵا زێدان، سەرۆکی شارەوانی وان، لەسەر پشکی دەم پارتی لە پۆستەکەی لابدەن، بەڵام کاردانەوەی جەماوەری دەم پارتی دژ بەم پیلانەی دەسەڵات شکستی بەو سیناریۆیە ھێنا و ئێستا عەبدوڵا زێدان سەرۆکی شارەوانی “وان”ـە.
دوا بەدوای شکستی لادانی سەرۆکی شارەوانی مەزنی وان، ئەم جارەیان دەسەڵات بیانووی بە محەمەد سەدیق ئاکیش، سەرۆکی شارەوانی جۆلەمێرگ، گرتووە لە ڕێگەی تۆمەتێکی داتاشراو حوکمی بیست ساڵ زیندانی بۆ بڕیەوە و لە شوێنی ئەو والی شارەکە وەک یەکەم ئەزموونی سەپاندنی قەییووم لە دوای ھەڵبژاردنی 31 ی ئادار تاقیدەکاتەوە.
دوای سەپاندنی یەکەم قەییووم لە لایەن دەسەڵاتدارانی تورکیا کاردانەوەکان لە ئاستی جەماوەری دەم پارتی سەرجەم شارەکانی تورکیا و باکووری کوردستانی گرتەوە، وێڕای قەدەغەی گردبوونەوە لە 10 پارێزگای باکوور بە ھەزاران کەس چەند رۆژێکە لەسەر شەقامن و لەبەردەم شارەوانییەکانی دیکە ئێشگری دەکەن.