پێش ڕاپەڕینەکەی ١٩٩١، تەنها یەک زانکۆ لە کوردستان هەبوو، کە لە ١٩٦٨ لە سلێمانی دامەزرابوو، دواتر لە ١٩٨١ گوازرایەوە بۆ هەولێر. ئەم تاقە زانکۆیە ڕۆڵێکی کاریگەری لە جۆشدانی خەباتی نیشتیمانی و چینایەتیدا هەبوو، هاوکات مەڵبەندی گەشەپێدانی هزری ڕامیاری ڕێکخستنە نهێنیەکانی حیزبە کوردستانییەکانی شاخ بوو. زانکۆی تاقانە لە قۆناغی سلێمانی و هەولێر؛ توانی لە هاندانی توێژی خوێندکارانی زانکۆ ڕۆڵی سەرەکی ببینێت. هاوکات لە دژی دەسەڵاتی داگیرکەر و سیاسەتە سەرکوتکەرەکانی زانکۆکە داینەمۆی جوڵاندنی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان بوون. لەنێوان ساڵانی ١٩٦٨–١٩٩١، زانکۆ تاقانەکە توانی ببێتە سەنتەری بەگەڕخستنی تێکۆشانی سیاسی لە باشووری کوردستان.
ئەگەر لایەنە سیاسیەکان لەمیانەی خەباتی چەکدارییەوە بەرەنگاری سیاسەتی دوژمنکارانەی دەوڵەتی عێراق دەبوونەوە، ئەوا زانکۆ بەنهێنی سەرقاڵی بەرخۆدان و زیندووڕاگرتنی گیانی کوردستانییبوون و بیری ئازادیخوازی بوو. ئەگەرچی دامودەزگا داپڵۆسێنەرەکانی عێراق زۆر بە وردی چاودێری خوێندکارانیان دەکرد و بە توندی سەرکوتی دەکردن، بەڵام گوڕوتینی خەباتیان هەرگیز خامۆش نەدەبوو. لەو ڕۆژگارە سەخت و دژوارەدا زانکۆ بە پڕۆسەی نیشتیمانسازی هەڵدەستا و هێندەی خەباتی شاخ کاریگەری بەسەر گیانی مانەوە و بەرەنگاربوونەوەی داگیرکەر هەبوو، هێندەش زانکۆ وەک ناوەندی هۆشیاری نەتەوەیی و نیشتیمانی توێژی خوێندکاران ڕۆڵی دەگێڕا.
بۆچی زانکۆ حکومی و ئەهلییەکانی ئێستا بە ڕۆڵی جارانی زانکۆ تاقانەکە هەڵناستن؟ بۆ ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە، پێویستە بەدوای وەڵامی پرسیارێکی تردا بگەڕێین؛ ئاخۆ بۆچی خەڵک بەگشتی پابەندبوونیان بە خاک و نیشتیمان و نەتەوە زۆر لاوازبووە؟ چونکە هەر ئەو هۆکارەی هاونیشتیمانیانی کوردستانی لە خۆشەویستی خاک و نەتەوە دوورخستۆتەوە و ئێستا ڕقیان لە سیاسەت دەبێتەوە، هەمان هۆکاریش ڕێگەخۆشکەرە لە لاوازبوونی ڕۆڵی زانکۆ لە پڕۆسەی نیشتیمانسازی. گەر سەرنجی زانکۆکانی ئێستا بدەین، هەست ناکەیت لە کوردستانن، سیمای کوردستانییبوون تیایاندا تەڵخ بووە. خوێندکاران توێژێکی بێباکیان لێدەرچووە و لە ئێستادا هیچ شتێک بە نیشتیمانیان نابەستێتەوە. ئەم تراجیدیایە بەرەنجامە نەک سروشتی خوێندکارانی زانکۆ، کە هەمیشە لە پێشەوەی خەباتی نەتەوەیی و نیشتیمانیدا پێشەنگ بوونە. زیاتر لە ٣٣ ساڵە توێژی خوێندکارانی زانکۆ بە سەختترین دۆخی ژیان و گوزەران تێدەپەڕن، ڕێژەیەکی زۆریان لە خێزانە هەژار و کەمدەرامەتەکانن، زۆر بە زەحمەت دەتوانن پێداویستیەکانی ساڵانی خوێندنیان دابین بکەن، بە گیرفانی بەتاڵ و لەگەڵ خەمەکانی بژێوی ژیاندا ڕۆژانی خوێندن بە ئازارەوە بەسەردەبەن.
نادادی و جیاکاری لەنێوان خوێندکارەکان بەهۆی پابەندبوونی حزبیەوە؛ هۆکارێکی تری ساردبوونەوەی خوێندکارانە لە وابەستەبوون بە پرسە نیشتیمانیەکان. ئەوانەی لە بەشە ناوخۆییەکانن خزمەتگوزاریان وەک پێویست بۆ دابین نەکراوە، ئەوانیتریش دەیان کێشە و خەمیان هەیە. ئاستی زانستی بڕوانامەکان بەهۆی زانکۆ ئەهلییەکانەوە لە دابەزینی بەردەوام دایە، کوالێتی بڕوانامەی زانکۆ حکومیەکانیش پاشەکشێی کردووە. ئێستا زانکۆکانی کوردستان بە حکومی و ئەهلییەوە توانای زانستی بەرهەمناهێنن، بەڵکو خوێندکاری بێشوناس و بێهێز و دابڕاو لە زانست زۆر دەکەن.
بۆئەوەی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان زیندووبن، دەبێت چەند هەنگاوێکی بنچینەیی بگیرێتەبەر. دەستپێکی هەموو هەنگاوەکان ئەوەیە بایەخی زیاتر بە زانکۆ حکومیەکان بدرێت و پێداویستییە ماددی و مەعنەوییەکانیان بۆ دابین بکرێت. نەهێشتنی دەستتێوەردانی حیزبەکان لە کاروباری زانکۆکان؛ پێویستیەکی هەنوکەیی ترە. کەمکردنەوەی جیاوازییە چینایەتییەکان لەنێوان خوێندکاران و سڕینەوەی شوێنەواری پۆزلێدان و نەهێشتنی سیمای سەرمایەداری لەنێو زانکۆکاندا، گیانی نەتەوەیی و نیشتیمانسازی زیندوو دەکاتەوە، چونکە جیاوازی چینایەتی گیانی نەتەوەیی سڕدەکات. هەموو مانگێک لەکاتی خۆیدا بڕێکی گونجاو یارمەتی وەک دەرماڵەی خوێندن، کە بەشی تێچوونەکانی هاتووچۆ و کڕینی پێداویستیەکانیان بکات، بدرێت بە خوێندکارانی زانکۆکان. فشار نەخستنە سەر خوێندکاران بۆ ئەندامبوون لە حیزبەکان و لە ڕێکخراوەکانی خوێندکاران و قوتابیان، بەڵکو بەپێچەوانەوە ئازادی بدرێت بە خوێندکاران، کە لەنێوان بێلایەن بوون و ڕێکخراوبوون لە چوارچێوەی ڕێکخستنێکی دیاریکراودا، سەرپشک بن. بەدوورگرتنی زانکۆکان لە کێشە و قەیرانە سیاسی و ناکۆکیە حیزبیەکان، هەنگاوێکە بۆ بەگەڕخستنەوەی گیانی نیشتیمانسازی، لەبەرئەوەی خوێندکاران بێزاربوونە لە ململانێی نێوان حیزبەکان و قەیرانە سیاسییە کەڵەکەبووەکان.
ئێمە لە کوردستان پێویستمان بە چ جۆرە زانکۆیەکە؟ بێگومان ئەو زانکۆیەی بتوانێ هاوشێوەی جارانی زانکۆ تاقانەکە؛ بزوێنەری خەباتی نیشتیمانی و پاڵنەری بەرەوپێشچوونی زانستەکان و بونیاتنەری هۆشیاری گشتی بێت. گرنگ نییە ناوی زانکۆکان چین و لەکام پارێزگا و شاردان، گرنگ ئەوەیە توێژی خوێندکاران زیندوو بکەنەوە، ئەو توێژە کارایەی جاران داینەمۆی گۆڕانکارییەکانی ناو کۆمەڵگە بوون. نابێت زانکۆکان لە ئاست پرسە نیشتیمانی و نەتەوەییەکاندا بێهەڵوێست بن، ئەوان دەتوانن سەرمەشقی هۆشیاری نیشتیمانی بن. هەروەک چۆن زانکۆ تاقانەکە بەو ڕۆڵە کاریگەرە هەڵدەستا. دەبێ ئاستی زانستی زانکۆکان لەگەڵ زانکۆکانی وڵاتە گەشەسەندووەکاندا بەراورد بکەین و بزانین لە ڕیزبەندیی جیهانیدا لەکام پلەدان. زانکۆکانی کوردستان لەڕووی زانستیەوە زۆر لەدوای زانکۆکانی وڵاتانی جیهانن، ئەمەش بەرەنجامێکی نەرێنیە لە بواری ئەکادیمیدا و کێماسیەکە لە پڕۆسەی نیشتیمانسازیدا.
زانکۆی ئاست بەرزی زانستی لە توانایدایە پسپۆر و ئەکادیمیستی بەهێز لەڕووی ژمارە و جۆرایەتیەوە بەرهەمبهێنێت. سەرەنجام ئەوانیش دەبن بە بەشێک لە هەنگاوەکانی پڕۆسەی نیشتیمانسازی. ئەرکێکی تری زانکۆ ئەوەیە پێشەنگی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری هەمەلایەنەی بوارەکانی ژیانی کۆمەڵگە بێت و دابڕاو نەبێت لە کایەکاندا. زانکۆ دەتوانێ سەرکەوتوو بێت لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری گشتی بەنێو کۆمەڵانی خەڵکدا، بەتایبەت هۆشیاری سیاسی؛ یاسایی؛ هزری؛ کلتوری؛ ئەدەبی؛ هونەری؛ زمانەکان؛ وەرزش؛ زانستە سروشتی و مرۆیی و کۆمەڵایەتیەکان. ئەرکی زانکۆیە هاوتای بایەخدان بە توێژی خوێندکاران، ڕۆشنکردنەوەی هزر و هۆشیاری هاونیشتیمانیانیش بە خەمی خۆی بزانێت.
زانکۆکانی کوردستان کەمتەرخەم بوون لەبەردەم هەنگاوێکی سەرەکی، کە بەکوردیکردنی زمانی خوێندنە لە سەرجەم کۆلێجەکاندا. فێربوونی زانستەکان بە زمانی نەتەوەیی زۆر کاریگەرترە لە زمانی بێگانە. هیچ بەشێک نییە لە کۆلێجەکان نەتوانێ بەزمانی کوردی پرۆگرامی خوێندن بۆ خوێندکاران دابنێت، جگە لە کۆلێجی پزیشکی، کە لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا بە زمانی ئینگلیزی دەخوێندرێت. بەکوردیکردنی سەرچاوە زانستییەکان و دانانی پڕۆگرامی ساڵانەی خوێندن بەرپرسیارێتی زانکۆکانە. هەڵەیەکی زانستیە لە کوردستان زمانی خوێندنی زانکۆکان کوردی نەبێت، جا زانکۆی ئەهلی بن یان حکومی. کاتێک زمانی خوێندن کوردی بێت، تایبەتمەندی کوردستان زەقتر دەبێتەوە و پڕۆسەی نیشتیمانسازیش ئاسانتر ڕێگا دەگرێت. ئاساییە زانکۆ نێودەوڵەتییەکان و زانکۆی وڵاتانی پێشکەوتوو لە هەرێمی کوردستان بکرێنەوە و زمانی خوێندنیش تیایاندا بە ئینگلیزی بێت، بەڵام سەبارەت بە زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان، وا باشترە زمانی زانست تیایاندا زمانی کوردی بێت و سەرجەم سەرچاوەکانی پڕۆگرامی خوێندنی چوار قۆناغەکەی بەکالۆریۆس و دواتریش خوێندنی باڵا زمانی کوردی بن.
پێویستە زانکۆکانی کوردستان کۆکەرەوەی وزە و توانا و هێزی توێژی خوێندکاران بن، نەک پەرتەوازەکردنیان. هەرکاتێک زانکۆکان توانیان ببن بە ناوەندێکی نیشتیمانی و هێزی خوێندکارانیان بەدەوری چەقی بازنەی نیشتیمانسازیدا بەجوڵەخست، ئەوکات هەنگاوێکی بونیاتنەر لە پێکهێنانی کۆمەڵگەیەکی چالاک نزیک بووینەتەوە. هەمیشە دەبێت زانکۆ لەپێش کۆمەڵگەوە هەنگاو بنێت و پێشڕەوی گۆڕانکارییە ئەرێنیەکان بێت. نابێت وەک کارگەی بەرهەمهێنانی بڕوانامە لە زانکۆ بڕوانین، بەڵکو زانکۆ داینەمۆی وەرچەرخانی سوودبەخشی سەرجەم کایە و بوارە زیندووەکانی ژیانی هاونیشتیمانیان بێت. زانکۆی کاریگەر، نەتەوەی هۆشیار و کۆمەڵگەی پێشکەوتوخوازی لێ دەکەوێتەوە. زانکۆی ئاست بەرز دەتوانێ شۆڕشی هزری و کۆمەڵایەتی بەرپا بکات. زانکۆی زیندوو خوێندکارانیشی هەر زیندوون.



