ئەنفال، چیرۆکی تراجیدیای قڕکردنی کوردە لە کوردستانی باشوور. دەوڵەتی عێراقی لە 1988 دا، بە ناوی “ئەنفال”، قێزەونترین تاوانی جینۆسایدی دژی نەتەوەی کورد ئەنجامدا. ئەنفال، ناوی سورەتی هەشتەمی قورئانی موسڵمانانە، هەروەها ناوێکیشە ڕژێمی بەعسی گۆڕبەگۆڕ لە زنجیرەیەک کردەوەی سەربازیی ناوە کە لە 23 ی شوبات تا 6 ی ئەیلولی 1988ی خایاندووە. دیارە ئەمە تاکە جینۆساید نەبووە کە دەوڵەتی عێراقی ئەنجامی داوە، بۆ نموونە ئەنفالی ئێزیدییەکان و ئاشورییەکانی کوردستان لە سییەکانی سەدەی ڕابردوو، هەروەها ئەنفالی کوردە-فەیلییەکان لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، لەگەڵ جینۆسایدی بارزانییەکان لە ۱۹۸۳ دا.
دەوڵەتی عێراقی لەدوای کۆتاییهاتنی جەنگی عێراق-ئێران، کە هەشت ساڵی خایاند، دەرفەتی بۆ ڕەخسا کە پەلاماری گەلی کوردستان بدات و تاوانی بەدناوی ئەنفال ئەنجام بدات کە لەلایەن “عەلی حەسەن مەجید”ـەوە، کە دەسەڵاتی ڕەهای لەلایەن سەدام حوسێنی ئامۆزای و سەرۆکی عێراق پێ درابوو کە گەلی کوردستان كۆمەڵكوژ بکات. لەپای ئەو کردەوە نامرۆڤانەیە، تا ئێستاش لەنێو کورددا بە “عەلی کیمیایی” دەناسرێت. ئەوانەی ڕۆڵی کارایان هەبوو لە پرۆسەی ئەنفال فەیلەقی یەکەم و فەیلەقی پێنجەمی سوپای عێراق، هێزەکانی ئەمن، دەزگای هەواڵگریی سەربازی، لەگەڵ فەوجە خەفیفەکان (جاش) ی کورد بوون. هەموو جۆرێک کەرەستەی سەربازی لە پرۆسەی ئەنفال دا بەکار هێنرا، بە هەموو پێداویستیی سەربازی و لۆجستی و داراییەوە.
تاوانی ئەنفال دژی گەلی کورد، تاوانێکی وەحشیگەرانەی زۆر دڕندانە بوو، ژمارەیەکی زۆری قوربانییانی تاوانی ئەنفال ئافرەت و منداڵ بوون. لەمەش زیاتر زۆر جار لە قڕکردنەکەدا لە گوندێک، یان ناوچەیەک، زیندەوەرەکانیشان لەناو دەبردن. هەڵمەتەکانی ئەنفال بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، لە گازی خەردەل و دەمارەگاز، یان سارین، ئەنجام دەدران، هەروەها گوندەکانیشیان کاول و وێران دەکردن. تاوانەکان بە وردی لە بەڵگەنامەکانی خودی دەوڵەتی عێراق دا هاتوون. لە پاڵ گوندەکان، چەندین قەزا و ناحیە و شارۆچکەی دیكە چارەنووسیان وەك لادێکانی بەسەر هاتووە.
وێرانکردنی نیشانە مەدەنییەکان لەلایەن ئەندازیارانی سەربازییەوە، وەک قوتابخانە و مزگەوت و بیر و کانی و سەرچاوە ئاوییەکان، تاڵانکردنی سامان و ماڵی هاووڵاتییان لە ئاژەڵ و مەڕوماڵات و گرتنی هەڕەمەکیی لادێنشینان لە ناوچە و زێدی خۆیان، کە بە بڕیاری حکومەتی عێراق کرابوون بە ناوچەی قەدەغەکراو، گرتن و دەستبەسەرکردنی دەیان هەزار منداڵ و ئافرەت و بەتەمەن، بەزۆرەملێ نیشتەجێکردنی قوربانیان و دەربازبووانی ئەنفال لە ئۆردوگا زۆرەملێکان و چاودێریکردنیان لەلایەن دەزگا سیخوڕییەکانەوە، لەگەڵ تێکدانی ژێرخانی ئابووریی کوردستان، هەموو ئەمانە و زۆر لەوە زیاتر لە هەڵمەتەکانی ئەنفال دەرهەق بە گەلی کورد کران.
قۆناغی یەکەم لە 23 ی شوبات تا 19ی ئاداری 1988 لە ناوچەی سەرگەڵوو و بەرگەڵوو و دۆڵی جافایەتی دەست پێدەکات، ئیتر ناوچە بە ناوچە و قوناغ بە قۆناغ هەڵمەتەکەیان ئەنجام دەدا، لە قڕکردن و کاولکردنی کوردستان هیچ سڵیان نەدەکردەوە. ئەنفالی دووەم لە 22 ی مارت تا 1 ی نیسانی 1988 ناوچەی قەرەداخی گرتەوە.
ئەنفالی سێیەم ناوچەی گەرمیانی گرتەوە، کە لێرەدا باسەکەمان هەڵوەستەی دەوێت، گەرمیان واتا وڵاتی گەرم، ناوچەیەکی هەردە و دەشتێکی پان و بەرین و لە بەشی باشووری سۆرانی زمانی باشووری کوردستانە و هاوسنووری ناوچەکانی عەرەبنشینی “عێراق”ـە. لە بەرەبەیانی 7 ی نیسان، سوپا و فەوجەکانی جاش لە خورماتووەوە کەوتنە پەلاماردانی باشووری ڕۆژئاوای گەرمیان، لە دوو ڕۆژی دواتریشدا هێزەکان لە کەرکووک و لەیلان و چەمچەماڵ و سەنگاوەوە بەرەو شارۆچکەی قادرکەرەم پێشڕەوییان کرد. ڕەتڵی خورماتوو خێرا بووە سێ هێزی هاوبەش، بۆ باشووری ڕۆژهەڵات لە شارۆچکەی نەوجوول بەرەو چەمی ئاوەسپی، دووەم بە هێزێکی گەورەتر بەرەو ڕۆژهەڵات جووڵەی کرد، هێزی هاوبەشی سێیەم هێرشێکی توندی کردە سەر تازەشار لە کەوانەی چەمی ئاوەسپی.
لەبەر فراوانیی ناوچەی گەرمیان، ڕژێم پەلامارەکانی دابەش کردبوو. دووەم پەلامار لە شاڵاوی ئەنفالی گەرمیان، قادرکەرەم و باکووری گەرمیان بوو، بە سەرکردایەتیی عەمیدی هێزی تایبەت بارق حاج حنتە. ئەو ڕەتڵانەی لە ڕۆژئاوا پێشڕەوییان کرد، هیچ تەگەرەیەکیان نەهاتە ڕێگا، چونکە ڕێگا سەرەکییەکانی نێوان کەرکووک و چەمچەماڵ و ناوچەکانیان لە بەهاری 1987 وێران کرابوون و خەڵکەکەیان ڕاگوێزرابوو، بۆیە هەر زوو دوای نیوەڕۆیەکی درەنگ لە 10 ی نیسان گەیشتنە قادرکەرەم. لە پلانی پەلاماری سێیەم دا ناوچەکانی سەنگاو و باشووری گەرمیانی کردە ئامانج، هەرچی گوند و ئاوەدانی لەو ناوچەیە هەبوون وێران کران و خەڵکەکەی دەستبەسەر کران، ئینجا کەوتنە کۆکردنەوەی خەڵکە گیراوەکە و پاشان وێرانکردن و تاڵانکردنی دێهاتەکان لەلایەن سوپا و جاشەکانەوە.
ئەنفالی چوارەم، دۆڵی زێی بچووک لە 3 تا 8 ی مایسی 1988ی خایاند، لەم پرۆسەیەدا گەورەترین تاوان ئەنجام درا، بە هێرشی کیمیایی بۆ سەر هەردوو گوندی گۆپتەپە و عەسکەر و دەیان كەسی سڤیل بوونە قوربانیی چەکی قەدەغەکراو. دوا پەلاماریش ئەنفالی چوار بوو، كە ڕۆژهەڵاتی تەقتەقی گرتەوە. ستراتیژییەتی سوپای عێراق ئابلوقەدان و پەلاماردانی ناوچەکە بوو، کە دە تا دوازدە ڕەتڵی جیا جیا لە چەند قۆڵێکەوە لە یەک کاتدا هێرشیان کرد، بە مەبەستی سڕینەوەی ژیان لە ناوچەکە. دوای کاولکردنی ناوچەی تەق تەق، یەکەکانی سوپای عێراق بە هاوکاریی فەوجەكانی جاشە سووکەکان، شارۆچەی شوان (ڕێدار)یان، کە 70 گوندی لەخۆ گرتبوو و لە بەهاری 1987دا پاکسازی کرابوو، لەگەڵ زەوی تەخت کرابوون و دانیشتوانەکەی لە ئۆردوگای زۆرەملێی دروستکراوی بنەسڵاوە و دارەتووی باشووری شاری هەولێر بە زۆرەملێ نیشتەجێ کران.
قۆناغی ئەنفالی پێنجەم و شەشەم و حەوتەم نێو چیاکانی شەقڵاوە و ڕواندزی گرتەوە، كە لە 15ی مایس تا 26 ی ئابی 1988بەردەوام بوو. کۆتا شاڵاوی ئەنفال لە 25ی ئاب تا 6ی ئەیلولی 1988 ئەنفالی بادینان بوو، لەسەرەتای شاڵاوە دڕندانەکەی بادینان، هێزێکی یەکجار قەبە، بەدرێژایی ڕێگا سەرەکییەکانی پارێزگای دهۆک بەدی دەکرا، کە بەردەوام ناوچەکەیان بە تۆپی قورس تۆپباران دەکرد، لەگەڵ بۆردومانی فڕۆکە و هەندێ جاریش بۆمبی هێشوویی.



