سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

نیشتیمانسازی، زەکەریا عەبدوڵلا وەک باوکێکی ڕۆحی

لە بەشی یەکەمی ئەم زنجیرە وتارە گفتوگۆی گرنگیی ڕۆڵی هونەر و مۆسیقامان کرد لە پەیوەند بە پڕۆسەی نەتەوەسازی و نیشتیمانسازی بەشێوەیەکی گشتی. لەم بەشەدا زیاتر ڕۆدەچینە ناو پرسەکە و قسە لەسەر ڕۆڵی هونەر و مۆسیقای کوردی دەکەین لە پرۆسەی نەتەوەسازی و نیشتیمانسازی کوردی و کوردستانی، گۆرانیبێژ و هونەرمەند زەکەریا عەبدوڵا لەم بەشە و لە بەشی داهاتووش حەسەن زیرەک وەک نموونە وەردەگرین.

لەدوای ڕاپەڕین لە ١٩٩١، شەقامی کوردی لە باشووری کوردستان بەئەندازەیەکی زۆر لەگەڵ گۆرانییەکانی “ئیبراهم تاتڵیس” بەپلەی یەکەم و “کازم ساهیر” و چەندانی تر لە پەیوەندی، مەستبوون و لە توانەوەدا بوون. ساردەمەنییەکان وەک پانتایی گشتی ناوەندێک بوون بەردەوام گۆرانی تورکی و عەرەبی لێوەدەبیسترا. ئەم جۆرە پەیوەندی و لەگەڵ یەکبوونەی گەنجانی کورد و ئەوانی تر لەسەر بنەمای منی سەروەر و تۆی ناسەروەر، وەک ئەوەی هیگڵ ناوی ناوە سەردار و سەپان یان کێخوا و کۆیلە (master and  slave) بوو کە زمان و هونەری بێگانە ڕۆڵی سەروەربوونی خۆی تێدادەبینی و جۆرێک لە پەرتبوون و وابەستبوونی ئێمەی بە نەتەوەکانی تری پێوەدیار بوو لەڕێگەی گوێگرتن لە گۆرانی بیانییەوە، بەتایبەتیش گۆرانی عەرەبی و تورکی و فارسی.

لەکۆتایی نەوەتەکاندا “زەکەریا عەبدوڵا دێت، زۆر دیاردە و گۆڕان لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. دیارە من لەباری سەرنجی نەتەوە و تێکستەوە دەدوێم نەک هونەر و لایەنە تەکنیکی و ستاتیکی و هونەرییەکەی خودی گۆرانی و ستران چڕین. زەکەریا وەک کۆکەرەوە و لکێنەر دەردەکەوێت. کۆکەرەوە بەو مانایەی ئەندامانی نەتەوە وەک هێزی ڕاکێشەر بەلای خۆیدا ڕادەکێشێت و دووریان دەخاتەوە لە ئەوانی تری بێگانە و نامۆ. بنەما و کۆدەزگای پەیوەندییەکانی نێوان زەکەریا و هەوادارانی هونەر و گۆرانییە بە زمانی کوردی. ئەگەرچی سیمای سەرەکی گۆرانییەکانی زەکەریا هەر لەسەرەتاوە دوو ڕەگەزی یەکجار گرنگی لەخۆیدا هەڵگرتبوو کە وەک پەین و ئۆکسجین بۆ نیشتیمانسازی کاریان دەکرد:

یەکەم: نیشتیمان و نەتەوە و یادەوەری و کەلەپوورەکەی لە هەموو ئەلبوومەکانی هەمیشە ئامادەبوو، بەتایبەت لە کاتە سەخت و دژوارەکاندا. گۆرانی کوردستان کە بەشە سۆرانییەکەی هۆنراوەکە لەلایەن هەریەک لە شاعیرانی بەناوودەنگ “ئیسماعیل خورماڵی” و بەشە بادینییەکەی بەناوی “شڤانێ گارێ” لەلایەن “ئەدیب چەلکی” لەساتەوەختێکی تایبەت و دژواری باشووری کوردستان دا و لەبەرامبەر جەور و ستەمی بەعس دا نووسراوە، زەکەریا لە ٢٠٠٣ و لە کاتی ڕووخانی بەعس و ترس و دڵەڕاوکێ و هەڕەشە لەسەربوونی نەتەوەییمان خۆی وەک سەرچاوەی هیوا و مانەوە نمایش کرد، کە زەکەریا هەرخۆی ئاوازەکەی بۆ داناوە. تێکستێکی یەکجار جوان و مانابەخشە بۆ نیشتیمانسازی و باسی چیڕۆکی خۆمان و توانای خۆڕاگری و بەرەنگاربوونەوە دەکات لە بەرامبەر دوژمندا. ڕۆحی تێکستەکە بەمشێوەیە دێتەگۆ:

گوێت بنی بە کێڵ و قەبری شەهیدەوە هاوار ئەکا
گوێت بنێ بە دڵ و سینەی چیاتەوە هاوار ئەکا
هەر هەموومان لە سەنگەری پێشەوەداین ئەی کوردستان
لە ڕێی تۆدا هەر لە ڕیزی پێشەوەداین ئەی کوردستان
بوونی ئێمە بوونی تۆیە بوونی ئێوەش بوونی ئێمە
ژیانی تۆ ئازادی تۆ یەکسانە بە مەرگی ئێمە
کوردستان کوردستان
چۆن دەنەوێ کە بابان و بادینانت لەگەڵتایە
دار و بەردی گەرمیان و هەولێرەکەت لەگەڵتایە
چۆن دەنەوێی عەفرین و مەهابادت لەگەڵتایە
خەڵک و هۆزی لای قامیشلی و ماردینەکەت لەگەڵتایە
کوردستان کوردستان
سوێند بە نەورۆز بە ڕاپەڕین سوێند بە مێژووی سەدان ساڵە
بە ڕووباری کۆچ و خوێنا بە ئازادی سەدان ساڵە
لە یادناچی ئەی کوردستان هەمیشە تۆ لە دڵمانای
وەک هەناسە لە گەروودایە هەمیشە تۆ لە بوونمانای
خەم نەتگرێ لێ ناگەڕێین ئەم بەهارەت بسووتێنن
جارێکی تر دڵی سەدان دایکی شەهید ببرژێنن
کوردستان
هزر نەکەی دێ لێ مینی
هەر دێ خەونا پێڤە بینی
سەرێ گارەی هەر ئاڤە کە تو وارێ من ناچێرینی
چ ئەسکەندەر، چ زەینەفوون بەری وە ل، ڤێرە پەیدا بوون
وەلاتێ مە لێ بوو ئاگر هەموو تەڤدە، ڕەڤین و چوون
هەر چێ کە بۆ مە پیلانا دێ ئاگەهدار کەم شڤانا
رێواس گاز دکەت ئەز و تو پێکڤە ناچی چ دیوانا
سەر هەڵبڕە وا ڕەشەبای خەنجەری کورد دونیای تەنی
ڕۆڵەکانت هەر وەک هەڵۆ دواسنووری دونیای تەنی
ئیتر بڵێ ئەی کوردستان دەستێوەردان چۆن زات ئەکا
دەم و لێوی پێکەنین و ژیانی تۆ قوفڵ بکا
ژیانی تۆ ئازادی تۆ یەکسانە بە مەرگی ئێمە
ژیانی تۆ ئازادی تۆ یەکسانە بە مەرگی ئێمە
کوردستان کوردستان

سەرەتای هۆنراوەکە بە چەمکی “شەهید” وەک ڕەگەزێکی کۆکەرەوە لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی و ئەدەبیاتی سیاسیماندا دەستپیدەکات و دواتر چەمکەکانی وەک “سەنگەر” و خۆبەختکردن و قوربانی بۆ مانەوە و گوزارشتکردن لە دۆخی ئۆنتۆلۆجییانەی کورد بەسەردەکاتەوە. دواتر هەردوو دەستەواژەی “بابان” و “بادینان” وەک دوو دەستەواژەی جیۆگرافی، جیۆپۆلەتیکی و سیمبولی نیشانەی یەکێتیی خاک و نەتەوە و مێژوو و ناسنامەی ئێمە ئاماژەی پێدەکرێت. بابان و بادینان وەک بوونێکی نەتەوەیی-جوگرافی یەکپارچە. لێرە قوڵایی پەیامە هونەرییەکە دەردەکەوێت کە چۆن هۆزانڤان و هونەرمەند زەکەریا دەیانەوێت دیواری بیناکراوی نێوان ئەم دوو دەڤەرە هەڵتەکێنن و دواتریش لەڕێگەی ناوهێنانی شارەکانی وەک گەرمیان، هەولێر، عەفرین، مەهاباد، قامیشلی و ماردین سنوورە دەستکرد و خەیاڵی و درۆینەکانی کۆلۆنیالیزم هەڵدەوەشێننەوە و سنووری دەوڵەت نەتەوەی بەزۆرسەپێنراوی وڵاتانی تورکیا و سووریا و ئێران پوچەڵدەکەنەوە و بە گوتارێکی سادە و بە زمانێکی ئەدەبی و هونەرییانە پێمان دەڵێن کوردستان یەکپارچەیە و شارەکانی هەر چوار پارچە یەک خەم و یادەوەری و هەست و سۆز و خۆشی کۆیان دەکاتەوە. ئەو نیشتیمانە یەک یەکەی نەتەوەیی و جوگرافییە و دابەشناکرێت و لە هەموو سەردەم و کاتێکدا بەیەکەوەن و لەیەکتر دانابڕێن.

هەر لە هۆنراوە و گۆرانییەکەدا، دەستەواژەکانی “نەورۆز”، “ڕاپەڕین”، “دایکی شەهید”، “ئازادی” و “بەهار” دێنەپێشەوە، کە هەریەکێکیان گوزارشت و دەربڕی میرات (legacy) نەتەوەی کورد و کەرەستەی کاریگەری بەیەکتربەستنەوەی ئەندامانی نەتەوەن و ئامێری نیشتیمانسازین. بەتایبەت کردەی ڕاپەڕین کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا هەمیشە خاڵی بەیەک گەیشتن و کۆڵکەی هاوبەشی کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان بووە، بەتایبەتیش ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ی باشووری کوردستان، کە ساتەوەختێکی مێژوویی و وەرچەرخانێکی تازەبوو لە مێژوویی هاوچەرخی کوردستان و بوونی نەتەوەیی و کوردستانییبوونمان. 

دووەم: گۆرانی چڕین بە زاراوەی جیاواز (کرمانجی ناوەند و سەروو/بادینی)  هەوڵێکی یەکجار گرنگ بوو بۆ نزیککردنەوە و بەیەکەوەلکاندنی ئەندامانی نەتەوە لە دەڤەرە جیاوازەکان و شکاندنی سنوورەکانی شێوەزار، سنوورە فەرهەنگی و نەبینراوەکان. دیارە زەکەریا عەبدوڵڵا لە هەموو ئەلبوومەکانیدا چەند سترانەکی بە زاراوەی کرمانجی سەروو/بادینی بەئاستێکی یەکجار جوان و بەرز چڕیوە. ئەم هەوڵە هونەرییە جۆرێک لە لکاندن/لەحیمکردنمان بوو بەیەکەوە. هەستکردن بە یەک چیرۆک و یادەوەری و گفتوگۆ و کەناڵی هاوبەش. لەڕاستیدا بەیەکەوەبوون و مانەوەیەکی هاوبەش بوو لەگەڵ یەکتردا.

لەبەشی دووەمی گۆرانییەکەدا، هۆزانڤان ئەدیب چەلکی لەڕێگەی چیای “گارە” وەک سیمبولی خۆڕاگری و مانەوە و کاراکتەرە مێژووییەکانی وەک “ئەسکەندەر” و “زینەفۆن” وێنەیەکی یەکجار زیندوو و کاریگەری کوردبوون و مانەوە و یەکێتی نەتەوەیی نمایش دەکات کە بەرەنجام هەموویان بەیەکەوە خزمەت بە پرسی نیشتیمانسازی دەکەن، بەتایبەت لەڕێگەی هونەر و دەنگێکی ناوازەی وەک “زەکەریا”وە کە پەیام و گوتارەکان بەئاسانی دەچنە هەموو شوێن و جێگەیەکەوە و بەئاسانیش بەهۆی میوزیک و میلۆدی و تەکنیک و ستاتیکای هونەرییەوە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر دەگوازرێتەوە و وەک کەناڵێکی لکێنەر و کۆکەرەوە بەخێرایی هەموو کوردێک لەهەر شوێنێکی دنیا بێت بەیەکتر دەبەستێتەوە و هەستی هاوبەش و یادەوەری هاوبەش و بەیەکەوەبوونی پێدەبەخشێت. دەکرێت بڵێین ناواخنی هۆنراوە و گۆرانییەکە لەڕێگەی “زەکەریا”وە کوردستانییبوون وەک کردەیەکی تاکەکەسی و خودییانە (سەبجێکتیڤزمانە) دەگۆڕێت و دەکات بە کردەیەکی کۆگەرایی و بەکۆمەڵ و کۆیادەوەرییەکی نەتەوەیی بۆ بنیاتدەنێت.

ماویەتی

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO