یۆنامی (نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق) ئاژانسێكی سەر بە نەتەوە یەكگرتوەكانە، لە زۆربەی وەڵاتانی دنیا كار دەكات، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی كە كێشەی سیاسی و نەتەوەیی و ئاینیی و مافەکانی مرۆڤیان تێدایە. یونامی لە عێراق تاكە نوێنەی فەرمی ڕێگەپێدراو و نێوەندگیری متمانەپێكراوە. هەر شەش مانگ جارێك لەسەر عێراق ڕاپۆرتی تایبەت دەردەكات و پێشكەشی بە ئەنجومەنی گشتی لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، لەمەڕ مافی مرۆڤ، دۆخی سیاسی و ئابووری لە عێراق و کوردستان.
ئەرکی ئێستای یۆنامی، کۆمەڵێک بواری سەرەكی لەخۆدەگرێت، لەوانە پێشکەشکردنی ڕاوێژكاریی، پشتیوانی و هاوکاری بۆ حکومەت و خەڵکی عێراق و هەرێمی كوردستان، پێشخستنی گفتوگۆی سیاسی و ئاشتەوایی لەسەر ئاستی نیشتیمانی و کۆمەڵگا، نێوەندگیری حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان، پشتگیری هەڵبژاردن و ئاسانکاری بۆ گفتوگۆ و هاوکاری ناوچەیی پێشکەش دەکات، پێشخستنی لێپرسینەوە و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و چاکسازی دادوەری و یاسایی، نەهێشتنی ڕەگەزپەرستی، پێشخستنی هەماهەنگی و ئاسانکاری.
دوای ئەوەی چەند جارێك لەلایەن حكومەتی عێراق یونامی ئاگاداركرایەوە، گوایە پێوستیان بە یۆنامی نەماوە، باسم عەواد، گوتەبێژی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا بە فەرمی ئەنجوومەنی ئاسایشیان ئاگادار كردۆتەوە كە چیتر پێوستیان بەهاوكاری یونامی نییە. عێراق بە ئەنجوومەنی ئاسایشی گوتوە، ئێستا عێراق خاوەنی سەروەریی خۆیەتی، بەپێچەوانەوە عێراق كێشەكانی بەشێك لە ناوچەكانی دەرەوەی خۆی چارەسەر دەكات و هیچ كێشەیەكی سیاسی و ئابووری و مافی مرۆڤی نییە! دەبێت ئەنجوومەنی ئاسایش لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا هەڵسەنگاندن بۆ پێشنیازەکە بکات بڕیار لەسەر داخوازییەکەی عێراق بدات.
دوای داواکە، “ڤۆڵکەر پێرسیس”، سەرۆکی تیمی سەربەخۆ بۆ پێداچوونەوەی ستراتیژی بە ئەرکەکانی یونامی، لەگەڵ لیژنەیەك لە ئەنجومەنی ئاسایش سەردانی “عێراق”یان كرد. لیژنەکه له مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو كۆبوونەوە لەگەڵ حكومەتی عێراق و سەرۆكایەتی هەرێم و ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم و هەموو پارت و حیزبە سیاسیەكانی کوردستان و عێراق. لیژنەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ڕاپۆرتەکەی پێشکەش بە ئەنجوومەنی ئاسایش کردووە و پێشبینی دەکات کۆتایی بە کارەکانی یونامی بهێنێت لە چەند قۆناغێکدا کە تا ناوەڕاستی ٢٠٢٦ دەخایەنێت.
لە کۆبوونەوەکان لەگەڵ بەرپرسە کوردستانییەکان، لە نێویاند سەرۆکی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی، پێشنیازی ئەوە كراوە کە یۆنامی لە عێراق و کوردستان نەمینێت بەڵكو تەنها هاوكاری ڕاهێنان و ڕاوێژكاری لە هەندێک پرس پێشکەش بکات، لەوانەهەڵبژاردنەكان. ئەمەش هەمان دید و تێگەیشتنی عێراقییەکانە! كەواتە حکومەتی هەرێم تا ئێستا لەو ترسە نەگەیشتوە كە نەمانی یۆنامی واتە گەڕانەوەی هەرێمی كوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتی بۆ پێش ساڵی ١٩٩١. پرسیارەکە ئەوەیە، داخۆ ڕۆیشتنی یۆنامی چ کاریگەرییەکی لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت!
بەکورتی، ڕۆیشتنی یونامی بەشێکە لە پلانی داگیركردنی كوردستان لە ڕێگەی هێزی نەرمەوە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە. لەوانەیە بە هەڵەدا نەچووبین ئەگەر بڵێین ئەستەمە حكومەتی عێراق لە ئێستادا بتوانێت ڕاستەخۆ هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی بەکارهێنانی هێزی سەربازییەوە داگیر بكات. بەڵام لەڕێگەی هێزی نەرم لەوانەیە ئەو کارەی بۆ بچێتە سەر.
نەمانی یونامی بەشێكە لەو پاكێجەی كە حكومەتی عێراق بۆ بچووكردنەوەی هەرێمی كوردستان و داگیركردنی لە ڕێگەی هێزی نەرمەوە. لەگەڵ دەست بەسەراگرتنی بودجە و مووچە و ڕێگریكردن لە هەناردەکردنی نەوت و داهاتە گومرگییەکان، حکومەتی هەرێم هەر ئێستا زۆر لاواز کراوە. دوای ئەوەی کە پاسەوانانی سنووریش کران بە هاوبەشی بەڕێوەبردرێن لەگەڵ عێراق، هەرێم هێندەی دیکە پێگە و تواناکانی لاواز و کەمبوونەتەوە. ئێستا عێراق داوای نیوەی فەرمانبەرانی سنوورەکان دەكات، هەروەها بە فەرمی جلوبەرگی فڕۆكەخانەكانی هەولێر و سلێمانی وەك جلوبەرگی حكومەتی عێراقی لێ هاتوە. ئەمانە لە ڕووی سیمبولیکەوە گرنگی خۆیان هەیە و هەرێم هێندەی دیکە سەروەریی و سەربەخۆییەکانی لە دەست دەدات.
پلانی حكومەتی عێراق لە هەنگاوی دووەم دوای نەمانی یونامی کۆنترۆڵکردنی نوێنەرایەتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە لە دەرەوەی وەڵات کە لە بەرئەنجامدا هەرێمی كوردستان وەک پارێزگایەكی عێراقی لێ دێت. بەو پلانەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سودانی و هاوپەیمانەکانی لە چوارچێوەی هەمئاهەنگی وادەكەن كە سۆز و ئینتیمای هاونیشتیمانیانی هەرێم لاواز بێت بۆ هەرێم و کوردستان.
دوای نەمانی یۆنامی مانای تۆ هیچ پەیوەندیەكی فەرمیت لەگەڵ جیهانی دەرەوە نامێنێت لە ڕوانگەی مافی مرۆڤ، ئابووری، سیاسی. تەنها لە ڕێگەی دەوڵەتی عێراق پەیوەندیەكانت وەردەگرن، ئەوكاتە هیچ ڕاپۆرتێكی لۆكاڵی نامێنی لەسەر هەرێمی كوردستان، لەوانە لەسەر: مافەکانی مرۆڤ؛ كوشتن؛ داگیركردن و بەعەربەكردنی هەرێمی كوردستان؛ ڕەگەز پەرستی، بەڕادەیەک کە چۆن لەسەردەمی سەدام حوسێن بە چەكی كیمیایی لە کورد دەدرا و ئەنفال دەکرا و گوندەكانی وێران دەکرا و سەرچاوە ئاوییەكان و مێژوو و ژینگەی لەناو دەبردرا کەچی هیچ وڵاتێک بەدەنگ نەدەهات. نەمانی یۆنامی ئەگەرێکی لەو شێوەیە دێنێتە پێش.
دوای نەمانی یونامی کە داخستنی نوێنەرایەتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بەدوادا دێت، عێراق داوادەكات نوێنەری وڵاتان و كۆنسوڵیەكان، کە لە هەرێمی كوردستان بارەگایان هەیە، بگەڕێنەوە بەغدا. دوای ئەمانەش ئەگەری هەموارکردنی دەستوری هەمیشەی عێراق دێتەگۆڕێ بۆ سڕینەوەی هەرچی بڕگە و ماددە هەیە کە لە بەرژەوەندی کوردستانیان نووسراوەتە.
حکومەت و حیزبە کوردستانییەکان و گەلی کوردستان لە خەوهەڵنەستن و وریا نەبنەوە، عێراق لە كۆتاییدا خەڵک و حكومەتی هەرێم لە قالب دەدەن بەشێوەیەک كە نەتوانێت هەناسە بدات لەناوەخۆ و دەرەوە. برسی کردنی خەڵكی کوردستان بەشێکە لەو پلانە بە مەبەستی ملکەچ پێکردن و دەستبەرداربوون لەو دەستەکەوتانە کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەدستی هێناون. سوتاندنی لەنگە و بازاڕەکانی کوردستان لە دهۆک و هەولێر و کەرکووک هەمووی بەشێکە لەو پیلانگێڕییە. هاوکات، دووبارە تەعریبکردنی کوردستان لە ناوچە دابڕێنراوەکان، وەک سەرگەڕان و مەخمور داقوق و خانەقین و کەرکووک و زومار و سمێڵ و شەنگال بەشێکە لەو پاکێچە.
ئەو دەسەڵاتەی ئێستای عێراق و سودانی کە نوێنەرایەتی گرووپە نزیکەکانی لە ئێران دەکات لە ڕژێمەکانی پێش خۆی توندتر نەبێت نەرمتر نییە بەرامبەر بە کورد و کوردستانیان. جیاوازییەک هەبێت ئەوەیە کە ڕژێمی ئێستای عێراق بە سەرۆکایەتی سودانی زۆر لەسەرخۆ و بە هێمنی بەبێ هەڕەشە و بەكارهێنانی هێزی نەرم كوردستانی لە پارێزگایەكی عێراقیش بچوكتر دەکەنەوە. مەترسییەکە ئەوەیە کە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان، زۆر خەمسار و بێئاگان، ئۆپۆزسیۆنیش بەئاگایی بێت یان بێئاگایی لەبەر بەرژەوەندی دەوڵەتی عێراقی و دژی دەستەکەوتەکانی خەڵکی کوردستان ڕەفتار دەنوێنن.



