دڵزار حەسەن
لێكۆڵه‌ر و نووسەرانی کۆمەڵگه‌ی ئێمە، بەردەوام قسە لەسەر گرنگی و پێویستی ئەنجامدانی ڕیفۆرمێکی ئایینی دەکەن. هاوشێوەی ئەو ڕیفۆرمەی، كه لە ئایینی مەسیحی دا لە سەدەی شازدە و لە سەردەمی ڕۆشنگەریدا بەدیهات. تەنانەت ئەو باس و خواستە تەنها لەسەر زمانی توێژه‌ران و خوێندەواران قەتیس نەبووە، به‌ڵكوو وەک زمانێکی ڕۆژانەی خەڵکی ئاسایی لێهاتووە. خەڵکی بە پەرۆشەوە خوازیاری سەرهەڵدانی چاکسازی بنەڕەتین، لە کایەکانی ئایین و دۆخی ئایینداری لە کۆمەڵگه‌ی ئێمەدا. بە تایبەتی دوای پێشهاتەکانی ئەو دوایە و پاش سەرهەڵدانی چەندان گرووپ و دەستەی ئایینی جیا جیای ڕادیکاڵ. چەندان چین و ڕێکخراو و کۆمەڵی ئایینی، کە لە دیدگایەکی ئایینی پەتیەوە لە دنیا و مێژوو و کۆمەڵگه و ئینسان دەڕوانن. لە هەوڵی ئەوەدان سەرجەم کایە سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و کلتورییەکانی کۆمەڵگه‌ی ئێمە لە چاوی ئایین و دیدگای تێکستە پیرۆزەکانەوە ڕاڤە بکەن. ژیانی تاک و ژیانی کۆمەڵگه‌ش، لە دیدی ئایینه‌وه چوارچێوە بکێشن. تەنانەت ئەو باس و خواستە خەونی بەشێکی زۆری ڕۆشنبیران و نووسەرانی عەرەبیش بووه، لە نموونەی “محه‌مه‌د عابد جابری” و “محەمەد ئا‌رگۆن” و “جۆرج تەرابیشی “… هتد، کە چەندین کتێبیان لەم بارەیەوە نووسیوە. چەندین لێکۆڵینەوە و بابەتیان لەسەر پێویستیی چاکسازی ئایینی و بەرپاکردنی شۆڕشێکی بنەڕەتی لەسەرجەم کایەکانی ئاییندا خستۆتە ڕوو. ئەوان بزووتنەوەی ڕیفۆرمی ئایینی لە ڕۆژئاوا وەکوو سیمبولی بەرخودان و ڕۆشنگەری و نوێبوونەوە و لەدایکبوونەوە لەقەڵەم دەدەن و واقعی ڕۆژئاوای مه‌ده‌نی ئەمڕۆ بە بەرهەمی ڕیفۆرمی ئایینی دەزانن و ئەو بەها مۆراڵیی و ئینسانیی و کلتورییەی ئەمڕۆ لە ڕۆژئاوا لە برەودایە بە بەرئەنجامی حەتمی شۆڕشی چاکسازی ئایینی لە قەڵەم دەدەن.
ڕیفۆرمێکی بنەڕەتی لە نێو کایەی ئاییندا دەرفەتی ئەوە دەڕەخسێنیت ئایین لەو دۆخه ده‌ربهێندرێت و ببێتە موڵکی سەرجەم تاکەکان. قسەکردن لەسەر خاڵ و بڕگەکانی ڕیفۆرمی ئایینی و دەستپێکی ئەو ڕیفۆرمە و گرنگی و بەرئەنجامەکانی وەها پڕۆژەیەک ئامانجی ئەم باسەی من نییە، ئامانجی من لێرەدا قسەکردن نییە لەسەر ماهیەتی ڕیفۆرمی ئایینی و چۆنیەتی ئەنجامدانی ئەو ڕیفۆرمە و ئەو ئاستەنگ و بەربەستانەی دێنە ڕێگای وەها پڕۆژەیەک. هەروەها نامەوێت لێرەدا ناوەڕۆک و جەوهەری بزووتنەوەی ڕیفۆرمی ئایینی لە ڕۆژئاوا شیتاڵ بکەمەوە و باس لەو کار و پڕۆژانە بکەم، کە ئەم بزووتنەوەیە لەگەڵ خۆیدا هێنایە کایەوە. ئەوەی دەمەوێت لە میانەی ئەم توێژینه‌وه‌یه‌دا بیخەمە ڕوو ئەگەر زۆر بەکورتیش بێت، بەبیرهێنانەوەی خوێنەر و ڕیفۆرمخوازانی کۆمەڵگه‌ی ئێمەیە، بەو ژێرخانە مێژوویی و بابەتیانەی کاریگەری سەرەکی و گرنگیان لە سەرهەڵدانی ڕیفۆرمی ئایینی و بەئەنجامگەیاندنی پڕۆژەی چاکسازی لە کایەی خوداناسی و خوداپەرستیدا هەبووە. ئامانجی ئەم نووسینەی من ناساندنێکی خێرای تینوانی ڕیفۆرمی ئایینییە لە کۆمەڵگه‌ی ئێمەدا. ئەمەش بە ئامانجی ئەوەی خەڵکی ئێمە و ڕۆشنبیرانی ئێمە لەوە تێبگەن، كه بزووتنەوەی چاکسازی ئایینی بەرەنجامی مێژوویەکی درێژی ململانێ و کێشمەکێشی سیاسی و زانستی و کلتوری و بەرمەبنای گۆڕانکاریەکی بنەڕەتی کایەی ئابووری و جوگرافی و ژیاری بووە. تاوەکوو ئێمەش لە میانەی ڕووداو و پێشهات و گۆڕانکاریەکانەوە، قسە لەسەر زەمینەی سەرهەڵدانی ڕیفۆرمی ئایینی بکەین و ڕادەی شیاویەتی ئەنجامدانی ڕیفۆرمێکی ڕیشەییمان، لە کۆمەڵگه‌ی خۆمان بۆ دەربکەوێت.
ئەگەر بزووتنەوەی ڕیفۆرمی ئایینی بە سیاقە میژوویەکەیەوە گرێبدەین، ئەوا بۆمان دەردەکەوێت کەوا گەلێک ڕووداو و پێشهات و گۆڕانکاری پێش ئەم مێژووە دەکەون و دەکرێت نەخشی سەرەکیان لە سەرهەڵدانی بیرۆکەی ڕیفۆرمدا هەبوو بێت. ئێمە لەوە دڵنیاین، کە ڕیفۆرمی ئایینی له ڕۆژئاوا لەسەر دەستی “مارتن لۆسەر” بەدیهات و “جۆن کاڵڤن” یش، لەژێر کاریگەری لۆسەر جۆرێکی تری ڕیفۆرمی ئایینی بەئەنجام گەیاند. لێرەدا بەکورتی باس لە هەندێک لەو پێشهاتانە دەکەین، کە لە ڕووی مێژووییەوە پێش شۆڕشەکەی ” لۆسەر” کەوتوون. پێش ئەوەش ناساندنی کورتەیەکی ڕیفۆرمی ئایینی بە مانا ڕۆژئاواییەکەی بە خوێنەرانی ئێمە پێویست و گرنگە، تا لە میانەیەوە و لە ڕوانگەی مێژووی سەرهەڵدانیەوە لە ڕووداو و پێشهاتەکانی پێشتر ورد ببینەوە.
“لۆسەر” ئەو داوایەی پاپا “لیۆنی دەیەم” یشی ڕەتکردەوە، کە داوای پاشگەزبوونەوەی لە نامە (٩٥) خاڵیەکەی لێکردبوو، بەرئەنجامیش “لۆسەر” کەوتە بەر نەفرەتی “ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانی پیرۆز” و ئیمپراتۆر “شارلی پێنجەم” فەرمانی نەفیکردنی بۆ دەرکردو و لە کەنیسەش بێبەری کرا و بە “دەرچوون لە دین” تاوانباریان کرد. لێرەشەوە شۆڕشەکەی “لۆسەر هەڵگیرسا ئەوەی دواتر بە “بزووتنەوەی ڕیفۆرمی ئایینی” ناسراو “مه‌زهه‌بی پڕۆتستانتیزم” ی لێکەوتەوە. من لێرەدا جەخت لەسەر هەندێ ڕووداو و پێشهات دەکەمەوە، کە لە ڕووی مێژووییەوە پێش بزووتنەوەی ڕیفۆرمی ئایینی دەکەون، واتە پێش ١٥١٧، لەوانە دیدگه‌ی فەیلەسووفی ئینگلیزی “ڕۆجەر بیکۆن”، فەیلەسوفێکی ئینگلیزی و قەشەیەکی فرانسیسکانی بوو. كتێبەکەی فەیلەسووفی سیاسی ئیتاڵی “نیکۆڵا ماکیاڤێلی” بەناوی “میر” بەهەمان شێوە پێش شۆڕشەکەی لۆسەر دەکەوێت. ماکیاڤێلی لەم کتێبەیدا فەلسەفەی سیاسی خۆی دەخاتەڕوو، لەو ڕێگەیەوە هێرشێکی توند دەکاتە سەر ئایین و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە تێڕوانین و دیدگه ئاینییەکان لەوە بخرێن بتوانن کاریگەری لەسەر سیاسەت و دەوڵەتداری دابنێن. سیاسەت کایەیەکی سەربەخۆ بێت، لە ئایین و ئەخلاق و میر و پادشاکان دەستکراوە بن لە شوێنکەوتنی ئامانج و مەرامە سیاسییەکانیان، بەبێ ئەوەی پابەندی ئایین و مۆراڵی ئایینی ببن. دەسەڵاتی کەنیسە و پیاوانی ئایینییش بەسەر سیاسەت و فەرمانڕەواییەوە بەتەواوی سنووردار بکرێت. بەهەمان شێوە کەوتنی “ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانی ڕۆژهەڵات” یاخود “ئیمپراتۆرییەتی بێزەنتی” لە لایەن سوڵتانی عوسمانی “محەمەدی دووەم” ڕووخا ئەم ڕووداوەش ٦٤ ساڵ پێش پڕۆژەکەی مارتن لۆسەر دەکەوێت، کە دەکرێت کاریگەری لەسەر بیر و ئەندێشەی قەشە و پیاوانی ئایینی کەنیسەی کاسۆلیکی دانابێت و ڕووبەڕووی پرسیار و ئەندێشەی قووڵی کردبێتنەوە. ناکرێت ڕووداوێکی وا گرنگ شۆکی گەورەی لای پیاوانی کەنیسە و ئاییندارانی مەسیحی لە ڕۆژئاوا دروست نەکردبێت.
دۆزینەوە جوگرافیاکانیش یەکێکی ترن لەو ڕووداوە گرنگ و چارەنووسسازانەی مێژووی ڕۆژئاوا، کە شوێن پێی خۆیان نەک تەنها لە جیهانی ڕۆژئاوا، بەڵکو لەسەرجەم جیهان و تیکڕای ژیانی مرۆڤایەتی بەجێهێشتووە. ناکرێت دۆزینەوەکانی گەڕیدەی ئیتالی “مارکۆ پۆلۆ” لە کاریگەری بۆسەر ژیانی ئایینی و سیاسی کۆمەڵگەی ڕۆژئاوایی و دنیای مەسیحی نادیدە بگرین.(8) ناکرێت ئەو دۆزینەوە نوێیانە نەخشی سەرەکییان لەسەر ژیانی ئایینی و کۆمەڵایەتی و سیاسی ڕۆژئاوا نەبووبێت و کاریگەریان لە بیروڕای خەڵکدا بەدی نەهێنابێت. بەهەمان شێوەش دۆزینەوەکانی “ڤاسکۆ دیگاما” ی پورتوگالی، کە لەسەدەی پانزە ژیاوە و ساڵی ( ١٤٦٩ ) لە دایک بووە، کاریگەری توندی لەسەر کلتور و فەرهەنگی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئایینی دیاری کردووە. بێگومان کاتێک خەڵکی ڕاهاتوو بە ئایینی مەسیحی بە ئایینی تازەو بیر‌و ئایدیای نوێ ئاشنا دەبن دووچاری شۆکێکی دەروونی گەورە و دەبن و لە دنیابینی و بیروباوەڕ و ئایینی خۆیان دەکەونە پرسیار‌و گومان.
ساڵی ١٤٩٢ ش کۆمەڵگه‌ی مەسیحی ڕۆژئاوایی تووشی سەرسوڕمانێکی گەورە بوون، کاتێک “کریستۆفەر کۆڵۆمبەس” دوورگەکانی “کاریبی” دۆزیەوە و بە كیشوه‌ری ئەمریکا ئاشنا بوو. ئاشنابوونی ڕۆژئاواییەکان بەو خەڵکەی، کە دواتر ناوی “هیندیە سوورەکان”یان لێنان لە کەنارەکانی ئەمریکا شۆک و سەرسامییەکی گەورە بوو بۆیان. ئەوان لە نێو دەقەکانی “ئینجیل” و لێکدانەوە و ڕاڤەکردنی پیاوانی کەنیسەوە سەیری دنیا و ژیان و مرۆڤایەتییان دەکرد، پێیان وابوو هیچ شتێک لە گەردووندا، لە چاوی کەنیسە و پیاوانی ئایینی‌دا شاراوە نییە.
پرسی نوێگه‌ری لای به‌شێك له زانایانی ئیسلامی
له مێژووی هاوچه‌رخی ئیسلام دا گه‌لێك زانا و بیرمه‌ند ڕچه‌شكێنیان كردووه و خۆیان له زۆرێك بابه‌تی زۆر كاریگه‌ر و جه‌وهه‌ری داوه، كه بۆته ده‌روازه‌یه‌ك تا لێیه‌وه كه‌سانی دیكه گفتوگۆی ورد و جدیتریان له‌سه‌ر بكه‌ن و بونیادی مێژوویه‌كی تازه له دنیای ئیسلام دروست بكه‌ن. ئه‌ویش به‌كارهێنانی عه‌قڵ و ڕاڤه‌ی تازه بۆ ده‌ق و ئایین و ته‌نانه‌ت بۆ وه‌حیی و پێغه‌مبه‌رایه‌تیی… هتد. هه‌رچه‌نده له‌نێو ئه‌و میژووه‌دا، چه‌ندان عه‌قڵ دوورخراونه‌ته‌و و زیندانیكراون و بوونه‌ته قوربانی. كه‌سایه‌تییه‌كی وه‌ك محەمەد عەبده (١٨٤٩-١٩٠٥)، کە بە سه‌رمه‌شقی نوێگه‌ریی هاوچه‌رخ لە ئیسلام ناودەبرێت. بناغه‌ی ده‌ربازبوونی له چنگ نه‌ریتی ئایینی بەستەوە بە دادگەری و عەقڵ و ئازادی. تەنانەت چەمکی خیلافەتی ئیسلامی بە چەمکێکی دنیایی ناوده‌برد و هیچ كاتێك نه‌یده‌به‌سته‌وه به جه‌وهه‌ری ئایینه‌وه. قسەی بوێرانەشی لەباره‌ی دیارده‌ی فرەژنی هەبوو. ئەو پێیوابوو بابەتێکی وەک “تەیری ئەبابیلە” و “ساڵی فیل”، چیرۆكه‌كه به‌و شێوه‌یه نییه كه مێژوو بۆمان ده‌گیڕێته‌وه، به‌ڵكوو به شێوه‌یه‌كی دیكه‌یه و ده‌ڵێت: “ئەو باڵندانە میکرۆب بە قاچیانەوە بووە و نەخۆشییان بڵاوکردووه‌تەوە، نەک بەردباران کردن”. محه‌مه‌دعەبده هه‌ر به‌وه‌یش نه‌وه‌ستاوه، هێواش هێواش دەستی برد، بۆ ئیش‌کردن لەناو شەریعەت و موعجیزەکان و چەمکی خیلافەت. له‌لایه‌كی دیكه‌وه ده‌هاته سه‌ر بابه‌تی پێویستیی چاکسازی لەناو دامودەزگای ئایینیش\. پێی وابوو دەبێت “ئەزهەر” وه‌ك ناوه‌ندێكی ئایینیی و په‌روه‌رده‌یی چاكسازی تێدابكرێت. چاکسازی لای محه‌مه‌د عه‌بده شتی لاوه‌كی و ڕۆتین نه‌بوو، به‌ڵكوو گەوهەر و کڕۆکی ئیسلامی دەگرتەوە، نەک تەنها کۆمەڵێک بابەتی فقهیی و ڕووکەش، کە هیچ لە کێشە گەوەرکە چارەسەر ناکات.
له‌و سۆنگه‌یه‌وه ده‌توانین بڵێین چه‌مكی نوێگه‌ری و ئیجتیهاد لای ئه‌و كه‌سه‌ی قورئان ده‌خوێنێته‌وه، له ئه‌نجامی تێگه‌یشتنێكی ڕووکه‌شانه و سه‌ر پێی و به‌په‌له نایه‌ت، به‌ڵكوو ئه‌نجامی ئه‌و بیركردنه‌وه قووڵه‌یه، كه قورئان داوای ده‌كات. له كورترین پیناسه‌دا: “بیركردنه‌وه هه‌ڵگێڕ و وه‌رگێڕی تێڕوانینه و به‌كارهێنانی فیكره جار له دوای جار، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو جارێك لای ئه‌و كه‌سه‌ی بیرده‌كاته‌وه شتێكی تری بۆ ده‌ركه‌وێت، كه پێشتر په‌ی پێ نه‌بردووه، یان په‌ی به شتێك ببات كه‌سی تر په‌ی پێ نه‌بردبێت.”
نووسه‌رێكی وه‌ك ئیبن عاشوور(١٨٧٩-١٩٧٣) ده‌ڵێت “بیركردنه‌وه له قورئان بریتییه، له بیركردنه‌وه له كۆتایی. واته له ئامانجه‌كه‌ی، بیركردنه‌وه ده‌تبات بۆ ناوخۆی، بیر له ده‌لاله‌ته‌كانی بكه‌یته‌وه، بیر له ورده‌كاری له‌سه‌ر مه‌قاسیده‌كانی بكه‌یته‌وه، كه موسڵمانانی بۆ ئاراسته‌كراوه.” هه‌روه‌ها ده‌ڵێت “بیركردنه‌وه بریتیيه، له به‌كارهێنانی دیدی عه‌قڵی، له ده‌لاله‌ته‌كانی ئه‌وه‌ی بۆی داندراوه. ئه‌وه‌یش له‌و شتانه‌یه، كه به‌ئاسانی ناكه‌ویته نێو هزری مرۆڤ.” لیره‌دا ده‌بێ ئه‌وه بڵێین، كه له بنه‌ڕه‌تدا ئایین شتێكه و ئایینداری كه بریتییه له جۆر و شێوازی تێگه‌یشتن له ئایین شتێكی تره. ئایین و ده‌ق و ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی پیرۆزه و جێگیره، به‌ڵام فه‌هم و تێگه‌یشتنی مرۆڤ بۆ ده‌ق و ناوه‌ڕۆكی ئایین نه جێگیره و نه پیرۆزیشه. به‌واتایه‌كی تر كاتێك تێگه‌یشتن و مامه‌ڵه‌ی مرۆڤ، كه به‌ره‌نجامی كارلێكی عه‌قڵه له‌گه‌ڵ قورئان، پیرۆزه و جێگیركراوه و سیفه‌تی پابه‌ندێتی پێ به‌خشراوه، ئه‌نجامه‌كه‌ی بریتی ده‌بێ له گۆشه‌گیربوون، له‌ناو ئایینداری و ململانێی مه‌زهه‌ب و ڕێبازه‌كان. ئەوکات ئایدیۆلۆجیا شوێنی به‌ها باڵا مرۆییه‌كان ده‌گرێته‌وه، ده‌مارگیری ده‌بێته جێگره‌وه‌ی گفتوگۆ و لێكتێگه‌یشتن، ئیتر ئه‌و كات ڕێگاكان داده‌خرێن و له تونێلێكی تاریكدا گیرده‌خۆن و ده‌خولێنه‌وه. هه‌ندێك له‌و لێكۆڵه‌رانه‌ی فیكری ئیسلامی، كه میتۆده‌كانی پۆستمۆدێرنه‌یان ته‌به‌نی كردووه، وه‌ك هه‌وڵێك بۆ نوێسازی له فیكری ئیسلامی‌دا به گشتی و قسه‌كردن له ئامانجه‌كانی شه‌ریعه‌ت (مقاصد الشريعة) به‌تایبه‌ت، به‌شی زۆری ئوسوڵییه‌كان پێیانوایه، كه بانگه‌شه‌كارانی نوێكردنه‌وه‌ی ئامانجه‌كانی شه‌ریعه‌ت به بزووتنه‌وه‌یه‌كی عه‌لمانییه‌وه په‌رده‌پۆشه‌كراوه. وه‌ك محه‌مه‌د ئا‌رگۆن (١٩٢٨-٢٠٢١) ده‌ڵێت “هه‌میشه تاوانبارمان ده‌كه‌ن، كه ئێمه سه‌ر به لادینه‌كانین، له‌كاتیكدا وانییه و ئێمه زیاتر ڕه‌خنه ده‌گرین و ویستی نوێگه‌ریمان هه‌یه”. ئا‌رگۆن پێی وایه له بری ته‌ئویلكردنی واتا ئیسلامییه‌كان به گوێره‌ی سه‌رده‌م، باشتره میتۆدی سه‌رده‌می ڕۆشنگه‌ری ڕۆژئاوایی وه‌ربگرین، نه‌ك هه‌ر وه‌رگرتنێكی لاوه‌كی، به‌ڵكوو وه‌ك چاره‌سه‌رێك له پێناو گه‌شه‌پێدانی بۆچوونه‌كان و تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانه‌كان، پێویسته سیسته‌می مه‌ده‌نی و ژیاری ڕۆژئاوایی به ته‌واوی وه‌ربگرین. ئه‌و وته‌یه‌ی ئا‌رگۆن زۆر نزیكه له تێڕوانینه‌كه‌ی لێكۆڵه‌ری میسری ته‌ها حوسێن (١٨٨٩-١٩٧٣)، كه ده‌ڵێت “بۆ ئه‌وه‌ی واقیعی عه‌ره‌بی ئیسلامی بگۆڕین پێوسته كلتوری ڕۆژئاوایی پیت به پیتی وه‌رگرین”. هه‌رچه‌نده ئه‌دۆنیس، شاعیری سووری لایوایه “ئه‌وه‌نده پێویستمان به كلتوری ڕۆژئاوا هه‌یه، تا وه‌ك كلیلێك به‌كاری بهێنین بۆ كردنه‌وه‌ی كلتوری داخراوی خۆمان.” ئه‌رگۆن لایوایه به مانه‌وه‌مان له‌نێو مێژوو، ئیدی چاره‌سه‌ركردنی پرسه هاوچه‌رخه‌كان ئاسان نابێت.” له‌لایه‌كی حه‌سه‌ن حه‌نه‌فی (١٩٣٥-٢٠٢١) داوا ده‌كات چه‌مكه مێژووییه‌كانی وەک “دۆزه‌خ” و “به‌هه‌شت” و “دواڕۆژ” بگۆڕدرێن به چه‌مكی “ئازادی” و “سروشت” و “عه‌قڵ”. چه‌مكی “مێژووییه‌تی قورئان” كه ئه‌رگۆن و حه‌نه‌فی داوای ده‌كه‌ن، كه مه‌به‌ستیان لێی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی “ده‌سه‌ڵاتی ده‌ق”ـه به مانا فه‌لسه‌فه‌ییه‌كه‌ی.
به بۆچوونی زۆرێك له ئه‌هلی سووننه و ئه‌هلی مه‌زهه‌ب، ئه‌و لۆجیكه له‌گه‌ڵ ئیمان به پیرۆزی كه‌لامی خوا و دابه‌زینی وه‌حی ئیلاهی ڕاسته‌وخۆ بۆ پێغه‌مبه‌ران ناگونجێت. له‌كاتی خۆیدا ڕه‌خنه‌ی قورس لە حه‌نه‌فی ئه‌وه‌بوو، كه ده‌یگوت “سسته‌می ئابوریی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئیسلام له مه‌نزومه‌ی سۆسیالیزمییه‌وه نزیكتره تا له لیبڕاڵیه‌ت و سه‌رمایه‌دارییه‌وه.” هه‌ر ئه‌وه‌یش بووه هۆی ئه‌وه‌ی كه تۆمه‌تبار بكرێت به دامه‌زرێنه‌ری “ئیسلامی چه‌پ”.
ڕەنگە لەماوەی سەد ساڵی ڕابردوو، جیھانی عەرەبی ھیچ پڕۆژەیەکی فیکریی و فەلسەفیی بەخۆیەوە نەدیبێت بەرفراوانتر و فرە جەمسەرتر لە نووسینەکانی حەسەن حەنەفی. ئەو نووسه‌ره ژیانی تەرخان کردبوو بۆ خوێندنەوەی توراسی ئیسلامیی و فەلسەفە بە گشتی. پڕۆژەکەی حەنەفی ھەوڵێکی شیکاریی و لێکدانەوەیەکی وردە بۆ قۆناغی ڕاگوزەریی مەعریفیی لە کۆمەڵگەی ھاوچەرخی ئیسلامیی. ئەو دەیەویست موسڵمانان ھانبدات لە قۆناغێکەوە بڕۆن بۆ قۆناغێکی تری تێگەیشتن لە ترادسیۆن، بۆیە بەشێکی زۆری نووسینەکانی بە “لە… بۆ” (من… وإلی) ناونراون. بۆ نموونە “لە باوەڕەوە بۆ شۆڕش” (من العقيدة إلى الثورة) و “لە مانەوە بۆ نەمان” (من البقاء إلى الفنا‌ء) و “ئایین و شۆڕش” (الدين و الثورة) و “لە گواستنەوە بۆ عەقڵ” (من النقل إلى العقل) و “لە وەرگێڕانەوە بۆ نووسین “(من الترجمة إلى التأليف).
یەکێک لە کتێبە گرنگەکانیشی دەربارەی ڕۆژئاواناسیی نووسیوە، “پێشەکییەک بۆ زانستی ڕۆژئاواناسیی” (مقدمة في علم الاستغراب). بە ھۆی ئەوەی کتێب و توێژینەوەکانی مشتومڕئامێزن و لەژێر کاریگەریی فیکریی ئیعتیزالیی و ھەندێکیش فەلسەفەی مۆدێرنی ڕۆژئاوایی بەرھەمھاتوون، نزیک ٣٠ تێزی دکتۆرا و ماستەرنامە لەسەر بۆچوونەکانی نووسراون، جگە لە سەدان وتار و توێژینەوەی ئەکادیمیی و کتێبی تر.
حەنەفی عەقڵێکی گەورەبوو، بەڵام بەڕای من دەکرا پڕۆژە و بۆچوونەکانی ڕەسەنتر بپارێزێت ئەگەر کاریگەریی فیکری مۆدێرنی ڕۆژئاوای ھێندە بە چڕیی و توندی بیرکردنەوەی گۆشنەکردبا، بەجۆرێک نووسینەکانی بەو ستایلە مۆدێرنیستییە نەبن بۆ ئەوەی زیاتر تەعبیر بکەن لە شوناس و ترادسیۆنی ڕۆژھەڵاتی نەوەک بە پێچەوانەوە. ڕاستە ئەو نووسەرێکی دەوڵەمەندە و ئاگاداری ژیاری ئیسلامییە، بەڵام زۆرجار بۆچوونەکانی دەکرێنە ئامرازێکی شێوێندراو، لەلایەن کەسانێک کە شارەزای ئیسلام نین بۆ ئەوەی دژ بە گوتاری مێتافیزیکیی دینی سوودیان لێببینن و خۆیشی ڕەنگە ئەمەی مەبەست نەبووبێت. لێره‌دا سێ سەرنجی خۆم له باره‌ی تێگه‌یشتنی كه‌سانێك، بۆ نوێگه‌ری و ئایین و خواستی ئه‌وان سه‌باره‌ت به دنیای نوێگه‌ری، ده‌خه‌مه به‌ر دیدی خوێنه‌ران.
یەکەم، ئەوانەی لەسەر دەستی نوێنەرانی نوێگەریی (التجديد) لە ئایین دوورکەوتوونەتەوە و سوکایەتی بە بیرۆکەی دینداریی دەکەن، زۆر دیارترن “لە ڕووی ژمارەوە” لەوانەی گوایە بەھۆی خوێندنەوەی ھاوچەرخانەی نوێگەرەکان، ھاتوونەتەوە نێو کایەی ئایین و پابەندبوونیان بە دین و مرۆڤایەتی لەلا شتێکی جێی بایەخە.
دووەم، ڕەوتێک ھەن ھیچ باوەڕێکیان بە ئایین و خودا و پەیامبەر نییە، بەڵام نوێگەرەکانی نێو ئایین، کە دەست بۆ ھەموو موقەدەساتێک دەبەن، بە پێشەنگ و بیرمەندی گەورە لە قەڵەمیان دەدەن. پرسیار ئەوەیە، تۆ کە باوەڕت بە چەمکی خودا نییە یان لە بنەڕەتەوە تەنھا دژی ئیسلام قسە دەکەی، بە چ لۆجیکێک چەپڵە بۆ کەسێک لێدەدەی، کە بەناوی نوێخوازی ھیچ ئەرزشێک بۆ میراتی ئایینی و ئیسلام ناھێڵێتەوە. کەسێک، کە دەڵێت من پابەند نیم بە قسەی پێغەمبەری موسڵمانان (د.خ) بەچ پێوەرێکی زانستی تۆ دەیکەیت بە بیرمەندی گەورەی ئیسلام و دنیای ئێمە، تەنھا لەبەر ئەوەی ئایینێک بەدڵی تۆ دادەتاشێت!
سێیەم، بە ڕای من یەک خاڵی ھاوبەش ھەیە لە نێوان ڕەوتی نوێگەرەکان و دەروێشە دژە دینییەکانیان، ئەویش بریتییە لە بێ ئەرزشکردنی کۆی کایەی دینی، چونکە زۆرێک لەوانەی لەنێو ڕەوتی نوێگەرەکان گیریان خواردووە، نە باوەڕیان بە قودسییەت و جێگیریی بنەما دینییەکان ھەیە، نە حورمەتێک دەنوێنن بەرانبەر پێغەمبەری موسڵمانان (د.خ). ترۆپکی سەر لێشێوان ئەوەیە بیرۆکەی پابەندبوون بە فەرمانە خوداییەکان ڕەتبکەیتەوە، بەڵام دەستخۆشیی لە نوێگەرەکانی نێو ئایین بکەیت!
محه‌مه‌د عابد جابری، نووسه‌ر و ئه‌كادیمییه‌كی مه‌غریبییه له ساڵی 1936 ز، له دایكبووه. ساڵی 1970 ز، بڕوانامه‌ی دكتۆرای له بواری فه‌لسه‌فه به‌ده‌ستهێناوه. خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك كتێب و توێژینه‌وه‌یه، وه‌كوو:(الخطاب العربي المعاصر) و ( ا‌لدین والدولة وتطبیق الشریعة) و(مدخل إلی القرا‌ن ) 3 به‌رگه و(معرفه القرا‌ن الحكیم) 3 به‌رگه. وه‌كو پێشه‌نگ ته‌ماشا ده‌كرێت. كۆمه‌ڵێك ڕاوبۆچوونی تازەی هه‌یه، سه‌باره‌ت به بنەما شەرعییەكانی ئیسلام وه‌ك: ( گۆڕینی سزای جه‌ڵده لێدان (الحد) به زیندانیكردن، به پێویستی ده‌زانێ پێداچوونه‌وه‌ی گشتگیر بۆ بنه‌ماكانی ئیسلام بكرێت به تایبه‌تی (أصول الفقه). پێیوایه به‌رژه‌وه‌ندی (المصلحة) بنه‌مای هه‌موو بنه‌ماكانه و له‌م باره‌شه‌وه قسه‌ی زۆر و شیكردنه‌وه‌ی دوروودرێژی هه‌یه. چه‌ندین پێویستی تری بۆ (الضرورات الخمس) زیاد كردووه. گومانی له‌وه هه‌یه، كه قورئان به بێگۆڕین و زیاد و كه‌م و پێمان گه‌شتبێت. له باره‌ی مێژووی ئیسلام و هاوه‌ڵانیش بیر‌و بۆچوونی نامۆی زۆره، له‌نووسینه‌كانیدا به‌شێوه‌یه‌كی ورد هه‌وڵیداوه گفتوگۆ، له‌باره‌ی قورئان و هاوه‌ڵان و مێژووی ئیسلام و زۆرێك له بابه‌ته فیقهی و ئسوڵییه‌كان دروست بكات. ئه‌و نووسه‌ره، جێگای بایه‌خی زۆربه‌ی نوێگه‌ر و ڕیفۆرمخوازه‌كانه. له‌لایه‌كی دیكه‌وه كه‌سێكی وه‌ك حه‌سه‌ن تورابی، كه نووسه‌رێكی ئیسلامی خه‌ڵكی وڵاتی سودانه ده‌ڵێت: زانایانی بواری فقهیمان چاره‌سه‌ری زۆرێك كێشه و گرفته‌كانی ژیانمانیان كردووه. (24) به دیوێكی دیكه‌وه نووسه‌رێكی وه‌ك شێخ محه‌مه‌د مه‌هدی شه‌مسه‌دین، سه‌باره‌ت به‌و گرفته فیكری و فقهی و مه‌نهه‌جیانه‌ی، كه ڕوبه‌ڕووی ئوممه‌تی ئیسلامی بووه‌ته‌وه ده‌ڵێت: زانایان پێویسته شاره‌زاییه‌كی ته‌واویان له قورئان و فه‌رمووده و زانسته شه‌رعی و فقهییه‌كاندا هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی ببن به موجته‌هید.(25) نووسه‌رێكی وه‌ك ڕه‌زوان سه‌یدیش پێداگری ده‌كات له‌وه‌ی، كه كرده‌ی ئیجتیهاد كرده‌یه‌كی زۆر گرنگ و وزه به‌خشه بۆ نوێبوونه‌وه‌ی بابه‌ته فقهیی و فیكرییه‌كان.( 26) ئیبن عاشور نایشارێته‌وه، كه جیاوازی بیركردنه‌وه و مه‌زهه‌به‌كانی زانایانی ئیسلام بۆ ئه‌وه بووه تا كارئاسانی بۆ پێداویستییه‌كانی موسڵمانان بكه‌ن و ئایین به ئاسانترین شێوه بگه‌یه‌نن. (27)
تێگه‌یشتن له ئایین
سروشتى ئایین وایه، وه‌ك له پێناسه‌كه‌یدا بۆى كراوه، ماهیه‌تى دین ( گرێدان و پێكه‌وه به‌ستن)ه.(28) ئه‌م فیگه‌رانه‌ى دین، كه خۆى ده‌نوێنێت له گرێدان و پێكه‌وه به‌ستنه‌وه بۆته به‌به‌شێك له ڕه‌هه‌نده هیومانیه‌كانیش، به‌شى زۆرى قوتابخانه ئایینیى و په‌رستگاكان، ئایین به‌و جۆره پێناسه‌ده‌كه‌ن كه فاكتێكه بۆ پارێزگاریكردن له مرۆڤ، ئیدى ئه‌م جیهانبینیه‌ى ئایینزاكان بۆ دین فۆرم و به‌هاى دیكه‌ى وه‌رگرتووه، له زۆر شوێندا ئایین ئه‌م پێناسه‌یه له‌ده‌ست ده‌دات، مرۆڤ ده‌كاته‌وه به قوربانی، له پێكه‌وه گرێدان و به‌ستنه‌وه‌ى دڵه‌كان، ده‌گوازرێته‌وه بۆ لێكترازان و كوشتنى ئایینداران. ئه‌م فیگۆر و دالانه‌ش به‌دواى جۆرێك له مه‌دلوولى شاراوه‌دا ده‌گه‌ڕێن له مرۆڤدا، له ده‌ربڕێنێكى مه‌جازیه‌وه ده‌چێته ته‌لبه‌ندێكى دیكه‌وه، كه ئاماژه‌یه‌كه له باوه‌ڕ و به پیرۆزسه‌یركردنى ئه‌وه‌ى ڕۆحى پیرۆز گوتوویه‌تى كه له ئیمانێكى ده‌روونیه‌وه خۆى ده‌رده‌خات. ناشتوانین بڵێین ئه‌م ئاكاره ئیمانییه ته‌نها تایبه‌ت به ئایینى ئیسلام یان هه‌ر ئایینێكى دیكه‌وه، به‌ڵكوو ڕۆحیه‌تێكه هه‌میشه له ژینگه‌ى مرۆڤ و له هه‌ناوى سایكۆلۆژیاى مرۆڤه‌كاندا له دیزاینێكى ئاكارى خۆى مانیفێست ده‌كاته‌وه. به‌و تێگه‌یشتن و ده‌رهاویشتانه‌بێت، به واتا گشتیه‌كه‌ى دین لوغزێكى نادیاره و وه‌ك ڕووداوێكى ده‌روونیی، كه له ئاره‌زوه‌كانى نا وشیاره‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، خوێندنه‌وه‌ى بۆ كراوه. ئاره‌زوویه‌ك, كه ده‌یه‌وێت له ڕێگاى ئیمانه‌وه به نادیار یان هه‌ر سوژه‌یه‌كى دیكه‌وه بێت جه‌سته و گیانى ڕزگار بكات. وه‌ك ماكس ڤێبه‌ر ده‌ڵێت: (ته‌نها شتێك تواناى ڕاگرتنى ئه‌م به‌ڵانسه‌ى هه‌یه، ئاگایی و هۆشیاریی كه‌سه‌كانه).(29) به بۆچوونى من ئه‌مه‌ش ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت كه مرۆڤ ئیدى ده‌ربازى ده‌بێت له ئیمانهێنان به ئاینێك یان كاریگه‌ربوون به هێزێك، كه به ئه‌ودیوى سروشت (میتافیزیقا) ناوزه‌ندكراوه، پێموایه مرۆڤ له ڕێگاى توانا ئه‌قڵی و ئاگاییه‌كانیه‌وه، ناتوانێت سنوور بۆ فشاره ده‌ره‌كیه‌كان دابنێت، بۆیه هه‌میشه ئایین كه به گریدان و به‌ستنه‌وه وێنای كراوه له زۆر حاڵه‌تدا شوناسه ڕاسته‌قینه‌كه‌ى ده‌رده‌كه‌وێت و له كاتى شڵه‌ژانه ده‌روونیی و بێ هێزیدا له‌به‌رده‌م كاره‌ساته سروشتیه‌كاندا، جارێكى دیكه ده‌بێته‌وه به هاوڕێ بێده‌نگه‌كه‌ى مرۆڤ. ده‌بێ خواستى قسه‌كردنمان له‌سه‌ر ئایین، سه‌یركردنى بێت وه‌ك خۆى یان بۆنه‌یه‌ك هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى بیدوێنین. پڕ ماناترین بۆنه‌ش، سه‌یركردنیه‌تى وه‌ك به‌ركه‌وتنێكی تیۆرى و زانستى. واچاكه باسه‌كه‌مان به‌و پرسیاره بكه‌ینه‌وه، ئایه ئایین بۆته كێشه بۆمان؟!. به مانایه‌كى دیكه ئایه ئایین بۆته كه‌رسته‌یه‌ك له دنیاى مه‌عریفى ئێمه‌دا، وه‌ك ماتریالێك به‌ر مه‌عریفه‌مان كه‌وتووه؟!. یان وه‌ك بوونێكى مه‌عریفى به‌ریى كه‌وتووین، بۆته هۆشیارى ئێمه، پرسیارى لا دروستكردووین؟!. كاتێك ده‌ڵیین ئایه به‌ر ئایین كه‌وتووین، مه‌به‌ستمان ده باره‌كردنه‌وه‌ى ئه‌و وته بێ ئه‌رزشانه نییه كه ئایین به ئاسته‌نگ و ڕێگر له‌به‌رده‌م پێشكه‌وتنى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى ده‌بینن یان پێیانوایه ئایین، ئه‌فیونێكه و گه‌لان بێ مه‌یل و خواست ده‌كات. پێچه‌وانه‌ى ئه‌مه، كه ده‌ڵێین ئایین وه‌ك به‌ركه‌وتن، مه‌به‌ستمان به‌ركه‌وتنى مه‌عریفى كورده به ئایینه‌وه، نه‌ك بانگه‌شه‌كردنى بۆ بێ ئاینیی و دووركه‌وتنه‌وه له ئایین. ده‌بێ ئه‌و ڕاستیه له‌به‌رچاوبگرێن، كه ئایین له دنیاى ئێمه‌دا ئاماده‌گیه‌كى مه‌عریفى و فه‌لسه‌فیانه‌ی نیه، ته‌نها سرووتێكى ڕۆژانه‌ى خه‌ڵك بووه. واته نه‌بۆته جێگه‌ى مشت و مڕی نه‌ك مه‌عریفه‌دار و ئه‌قڵگه‌راكان، به‌ڵكوو له‌ناو خۆشیاندا په‌یڕه‌وكارانى ئایین نه‌یانتوانیوه وه‌ك پێویست ده‌روازه‌كانى گفتوگۆى ئایینى به‌سه‌ر خۆشیاندا بكه‌نه‌وه، (مه‌به‌ست له دیبه‌تیى زانستیانه و تیۆریانه‌یه بۆ ئایین). كاتێكیش خواستى قسه‌كردنمان له‌سه‌ر ئایین بۆ دروست ده‌بێت، بێشك خاڵى پێكه‌وه گرێدراوى ئایین و زانست له‌به‌ر چاوده‌گرین، كه جورئه‌تى توێژینه‌وه و پرسیاركردنمان لێیی هه‌بێت، ئه‌گه‌ر به‌و ڕۆحیه‌ته‌وه مه‌له له ده‌ریاى قووڵى ئایین نه‌كه‌ین، ئه‌وه ناتوانین به‌و به‌ركه‌وتنه بڵێین به‌ركه‌وتنی مه‌عریفیانه. به دیوێكى دیكه‌وه توێژینه‌وه له دۆخى ئایینى و لێكۆڵینه‌وه له شوێنپێی ئایین له ئاوه‌ز و هۆش و بیرمان، خۆى له خۆیدا كارێكى ئه‌قڵانیی و گرینگییه‌كى ئه‌كادیمییه، چونكه هێنده‌ى ئایین بۆته كۆنه‌ستى تاكى كورد، هێنده ئایدیاكانى دیكه بابه‌تى جه‌وهه‌رى نه‌بووینه له دنیاى كوردیدا، هیچێك له‌مانه تاكو ئه‌مڕۆكه‌مان نه‌كراوه‌ته پرسێكى ئه‌كادیمیانه، كه وه‌ك ده‌ركه‌وته‌یه‌ك خۆیان له ژیانى ڕۆژانه‌ى خه‌ڵكدا مانیفێسكردووه، بێ ئه‌وه‌ى مه‌عریفه‌ى ئێمه لاى بۆ بكاته‌وه، كه ئه‌مه‌ش جێگه‌ى هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ركردنه. هه‌ر بۆیه مشتوماڵكردنى تیۆرى بۆ ئایین له دنیابینى ئێمه‌دا دواجار ده‌بێته‌وه به جه‌ده‌لێكى جیاوازتر له جاران، به‌مه‌ش ده‌گوترێت ئایین وه‌ك به‌ركه‌وتنێكی مه‌عریفیانه. به‌مانایه‌كی دیكه ئایین یان دین کۆکراوەیەکی سیستمی کەلتوری و سیستمی بیر و باوەڕ و تێڕوانینی جیھانییە، کە پەیوەندییەک دادەمەزرێنێت لە نێوان مرۆڤ و ڕۆحانییەتدا، یاخود لەگەڵ چەند ڕێڕەوێکی ئەخلاقیدا. زۆر لە ئایینەکان چیرۆک و ھێماو و نەریت و مێژووی پیرۆزیان ھەیە، کە تیای دا دەیانەوێت مانا بۆ ژیان ببەخشن یا سەرچاوەی ژیان و گەردوون روون بکەنەوە. ئایین سێهەمیین ئامڕازی گەورەی یەکخستنی مرۆڤایەتییە، لەبەرئەوەی هەموو هەڕەم و سیستەمە کۆمەڵایەتییەکان وێناکراون، هەموویان ناسکن و چەندەی کۆمەڵگەکە گەورەتر بێت، ئەوەندەش ناسکترە. (30) لەمانەوە ئەخلاق و ئەدەب و یاسایی ئایینی دادەڕێژن یاخود شێوە ژیانێک بەپێی تێگەیشتنی سروشتی مرۆڤ. ئایین وەک پێویسیتیەک بۆ ڕێکخستنی کار و کردەوەکانی (مرۆڤ) بە درێژایی مێژوو و وەک یەکێ لە سەرچاوەکانی یاسا دادەنرێ لە زۆربەی ووڵاتانی دنیادا. و ھەر لە ڕێگەی ئایینەوە باس لە ژیانێکی ئەبەدی کراوە و باسی دوبارە زیندوو بوونەوە و بەھەشت و جەھەنەم کراوە. هه‌ندێ له توێژه‌ران له بواری ئایینناسی پێیانوایه باشترین پێناسه بۆ مرۆڤ ئه‌وه‌یه، كه (بوونه‌وه‌رێكی ئایینداره).
پەراوێزەكان:
1- محه‌مه‌د عابد جابری ( 1935م – 2010م) خه‌ڵكی وڵاتی مه‌غریبه، چه‌ندان په‌رتووكی ڕه‌خنه‌یی له‌سه‌ر ئه‌قڵی عه‌ره‌بی و مێژووی ئایین و مۆسڵمانان نووسیوه. (توێژه‌ر)
2- محه‌مه‌د ئا‌رگۆن ( 1928م – 2010م) خه‌ڵكی وڵاتی جه‌زائیره و توێژه‌رێكی دیاری جیهانه و چه‌ندان كتێبی له‌سه‌ر ئایین و ئیسلام و قورئان، به زمانی فه‌ره‌نسی نووسیوه. (توێژه‌ر)
3- جۆرج ترابیشی (1939م – 2016م) لێكۆڵه‌ر و نووسه‌رێكی مه‌سیحی سورییه. چه‌ندان په‌رتووكی له‌سه‌ر ئیسلام و مێژووی ئایین هه‌یه، به زمانێكی ڕه‌خنه‌ئامێز له باره‌ی ئایینه‌وه ده‌دوێت. (توێژه‌ر)
4- “مارتن لۆسه‌ر” لە ساڵی (١٥١٧) لە نامە بەناوبانگەکەی خۆیدا کە لە (٩٥) خاڵ پێکهاتبوو ناڕەزایی بەرانبەر “صكوك الغفران – نامەی لێخۆشبوو‌ن ” دەربڕی – کە کەنیسە لە ڕێگایەوە بەڵێنی بەدەستهێنانی لێخۆشبوونی بۆ خەڵک ڕادەگەیاند لە بەرانبەر بڕە پارەیه‌ك، کە خەڵکی دەیاندا بە کەنیسە و کەنیسەش ئەم ڕێگایەی وەکو ئامرازێک بۆ ڕووتاندنەوەی خەڵک و کۆکردنەوەی پارەو سامان بەکار دەهێنا. (توێژه‌ر)
5- ” ڕۆجەر بیکۆن ” لە نێوان ساڵانی ( ١٢١٤ – ١٢٩٤ ) ژیاوە واتە سێ سەدە پێش شۆڕشەکەی ” لۆسەر “. “بیکۆن ” بە دامەزرێنەری میتۆدی زانستی دادەنرێت و بە باوکی ئەزمونگەرایی لەقەڵەم دەدرێت، لە ڕوانگەی “ڕۆجەر بیکۆن ” ەوە ئەزموونەکانی ژیان سەرچاوەی مەعریفەن و مەعریفەی ڕەسەن بەرئەنجامی ئەزموونەکانی ژیانی مرۆڤە، بەمەش گوومان دەخاتە سەر هەر حەقیقەت و زانینێک لە دەرەوەی ئەزموون و کاری مرۆڤ بوونی هەبێت، بێگوومان ئەم دیدە تێڕوانینی ئایین بۆ حەقیقەت دەخاتە ژیر پرسیاروو ڕوبەڕوی گومانی توندی دەکاتەوه. (توێژه‌ر)
6- ماکیاڤێلی لە نێوان ساڵانی (١٤٦٩ -١٥٢٧) ژیاوەو کتێبی “میر”ی لە ساڵی (١٥١٣) دا نووسیوە (چوار ساڵ پێش شۆڕشەکەی لۆسەر). توێژه‌ر
7- بە ” محەمەدی فاتیح ” لە ساڵی ( ١٤٥٣ ) و گرتنی ” قوستەنتینیە “، یەکێکە لەو ڕووداوە گەورانەی مێژوو، کە نەخشی سەرەکی لەسەر ئایندەی کەنیسەی کاسۆلیکی بەجێهێشت و پرسیار‌و گومانی لەسەر ئایینی مەسیحی هێنایەکایەوە. (توێژه‌ر)
8- ساڵی (١٢٥٤) ساڵی لە دایک بوونی ” مارکۆ پۆلۆ ” یە و دۆزه‌ره‌وه‌ی “ڕێگای ئاوریشم ” بەرە و ” چین ” لە دۆزینەوەکانی ئەوە و گەشتە درێژەکانی بۆ ” ئاسیا ” چاوی ئەورووپیەکانی لەسەر دنیای سەرسوڕهێنەری ” چین ” کردەوە. (توێژه‌ر)
9- “داگاما ” یەکەم کەس بووە لە ئەوروپاوە بەرەو “هیند ” بە دەریادا گەشتی کردوە و ڕێگای بەناوبانگی ” رأس رجا‌ء الصالح ” ی دۆزیوەتەوە، فەزڵی ناسینی ئەوەی ئەمڕۆ بەسەر زەمینی “ئەفریقا ” ناودەبرێت بۆ ” فاسکۆ داگاما ” دەگەڕێتەوە. (توێژه‌ر)
10- العروة الوثقى/ تأليف جماالدين الافغاني و محمد عبده/ الناشر مؤسسة هنداوي – ص 159
11- رسالة في اللاهوت والسياسة: تأليف / باروخ سبينوزا – ترجمة: حسن حنفي – مراجعة فؤاد زكريا/ الناشر مؤسسة هنداوي – الطبعة الثانية: سنة 2020. ص 388
12- اصول النظام الاجتماعي في الاسلام، ص 163
13- اصول النظام الاجتماعي في الاسلام، 169
14- التراث والتجديد/ حسن حنفي، ص70
15- التراث والتجديد/ حسن حنفي، ص83
16- الفیكر الإسلامي – نقد واجتهاد/ محمد اركون، ص43
17- من الاجتهاد إلى نقد العقل الإسلامي/ محمد اركون ص144
18- مستقبل الثقافة في مصر/ طه حسين ص56
19- الهوية غير المكتملة – الإبداع , الدين , السياسة , و الجنس/ أدونيس ص208
20- من الاجتهاد إلى نقد العقل الإسلامي/ محمد اركون ص189
21- الدكتور حسن حنفي: اليمين واليسار في الفیكر الدينى، منشورات دار علاءالدين- ديمشق، ودار الثقافة الجديد – القاهرة ص 6-7
22- مقال: مفهوم اليسار الاسلامي في فیكر الدكتور حسن حنفي – بقلم: د. جميل قاسم – موقع الانترنيت- المعارف الحكمية – معهد الدراسات الدينية والفلسفية.
23- وتارێكی نووسه‌ر: دكتۆر عه‌زیز یاسین،ه كه له فه‌یسبووك بڵاوی كردووه‌ته‌وه.
24- حسن الترابي / قضايا التجديد ص196
25- مناهج الاجتهاد / شيخ محمد مهدي الشمسدين: حوار اجرته معه مجلة قضاية اسلامية العدد الخامس, ص50
26- رضوان السد/ الاسلام المعاصر, بيروت: دار العلوم العربية 1986، ص 90
27- مقاصد الشريعة الاسلامية ص 409
28- دراسات في الأديان اليهودية والنصرانية / لسعود بن عبد العزيز الخلف، ص11
29- الاخلاق البروتستانتية وروح الرأسمالية/ ماكس / ڤیبر – ترجمة / محمد علي مقلد ص31
30 یوڤاڵ نوح هەراری. هۆشمەندەکان، پوختیەک لە مێژووی مرۆڤ. وەرگێرانی لە ئینگلیزییەوە، کارزان کاوسێن. چاپ و پەخشی ڕێنما. چاپی دووەم. 2020 ل316



