نیشتیمانسازی (nation-building) یەکێکە لەو کردە و پڕۆژە و دەستپێشخەرییە ئاڵۆز و فرەڕەهەندەی کە لە مێژووی نەتەوە و ناسیۆنالیزمدا گفتوگۆ و قسەوباسی زۆری لەبارەوە کراوە. بەشێوەیەکی گشتی، لەدوای لەدایکبوونی دەوڵەت-نەتەوە و سیستمی وێستڤاڵی و ڕێنەیسانس لە ئەوڕوپا و لەدوای شۆڕشی پیشەسازی و دیاردەی بەشاربوون، هەستی نەتەوەییش دێتەکایەوە و گەشەدەکات. لێرەوە نەتەوە وەک یەکە و بابەتێکی (سوبجێکتێکی) سەربەخۆ بەشێوە و کەناڵ و ڕێگەی جیاواز دەیەوێت ئەندامانی بەهۆی چەندین بەستەری وەک خەیاڵ و هەست و ڕەگەز و یادەوەری هاوبەش (collective memory) ـەوە بەیەکتر ببەستێتەوە و ڕایەڵە و ناسنامەی هاوبەشیان بۆ بنیات بنێت و مانای دروستکراو و بەرهەمهاتوویان پێ ببەخشێت. پڕۆژەی نیشتیمانسازی دینامیکیی و جوڵاو و بزۆکە و هەڵگری ڕێوشوێنی تایبەت بەخۆیەتی؛ لەشوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر و لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی تر دەگۆڕێت و کەرەستە و ئامرازە بەکارهێنراوەکانیشی گۆڕانیان بەسەردادێت. وەک ئێرنیست ڕێنان دەڵێت: نەتەوە (nation) “ڕاپرسییەکی ڕۆژانەیە”. بەگوێرەی ڕێنان نیشتیمانسازی لەڕێگەی خەم و شادی و چیرۆک و ئامرازی جیاوازەوە بنیاتدەنرێت و پایەکانی بۆ دادەڕێژرێت و دەخرێتە چوارچێوەیەکی کۆنکریتییەوە، بەڵام ئەم بنیاتنان و چێکردنە نەمر و هەتاهەتایی نییە و بەپێی دۆخ و کەرەستەکان لە گۆڕاندایە. هونەر، لەناویشیدا ژانرە جیاوازەکانی، بەدیاریکراویش میوزیک و گۆرانی، دەکرێت توخمێکی سەرەکی و کاریگەر بێت لە پڕۆسەی نیشتیمانسازیدا.
نیشتیمانسازی
بۆ تێگەیشتن لە چەمکی نیشتیمانسازی، دەگەڕێینەوە بۆ پێناسەکانی ئەم چەمکە و بەتایبەت بیرمەندێکی گەورەی بواری زانستە سیاسییەکان “فرانسیس فۆکۆیاما”، کە بەکورتی پێی وایە نیشتیمانسازی دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکە کە تاکەکانی بە ڕۆشنبیری و مێژوویەکی هاوبەش دەبەستێتەوە. لەلایەکی ترەوە، پڕۆسەی نیشتیمانسازی بەو کردە سیاسی و کۆمەڵایەتییە وێنادەکرێت کە یەکە بچووکە کلاسیکە کۆمەڵایەتییەکانی وەک خێڵ و هۆز بەهۆی چەندین پەیوەندی و کۆدەزگا و کارلێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و هونەرییەوە و بەتێپەڕینی کات دەگۆڕێت و گەشەدەکات بۆ یەکە و چوارچێوەیەکی فراوانتری وەک ئیتنیک (ethnic) و دواتریش بۆ نەتەوە (nation) و یەکێتی نەتەوەیی. هاوکات دەبێت چەمکی نیشتیمانسازی (nation-building) و دەوڵەتسازی (state-building) لە یەک جیابکەینەوە و تێکەڵ بەیەکتریان نەکەین. دەوڵەتسازی خۆی لە دروستکردن و بەهێزبوونی دامەزراوەکاندا دەبینێتەوە کەچی لە پەیوەند بە دامەزراوەکانەوە، نیشتیمانسازی کاتێک دەستپێدەکات ئەگەر دامەزراوەکان نوێنەرایەتی نەتەوە بکەن (پەرلەمان بە نموونە)؛ پارێزگاریی لە خەڵک بکەن (سوپا بە نموونە) سەروەر و بێلایەن بن (دادگا بە نموونە). نیشتیمانسازی لەسەر چەمکی هاوڵاتیبوون دادەمەزرێت کەچی دەوڵەتسازی دەکرێت وا بێت و دەشکرێت بەرگری لە دکتاتۆرێک بکات و مافەکانی هاووڵاتی ژێر پێ بخات. مەرج نییە لەدوای دەوڵەتسازی ڕاستەوخۆ بگەیت بە نیشتیمانسازیش. دەکرێت بەبێ دەوڵەت بچێتە نێو قۆناغی نیشتیمانسازی؛ بەپێچەوانەوەش، لەدوای دەوڵەتیش دەکرێت هێشتا قۆناغی نیشتیمانسازیت تێنەپەڕاندبێت چونکە پڕۆسەکە هەڵگری سیمایەکی جوڵاو و دینامیکییە. پانتایی کارکردنی ئێمە لەم بابەتەدا، ڕووناکی خستنەسەر نیشتیمانسازییە لەڕێگەی هونەر وەک ژانرێکی زیندوو و نموونەی کارە هونەرییەکانی هەریەک لە “حەسەن زیرەک” وەک کاراکتەرێکی هونەری سەردەمی بەر لە ڕاپەڕین و “زەکەریا عەبدوڵلا” وەک ئایکۆنێکی دوای ڕاپەڕین کە هەردووکیان لەڕێگەی گۆرانی و بەسوود وەرگرتن لە هۆنراوەی هۆزانڤانە کوردییەکانی وەک “پیرەمێرد” و “ئەدیب چەلکی” گوزارشتیان لە پڕۆژەی نیشتیمانسازیدا کردووە.
کورد و نیشتیمانسازی
ناسیۆنالیزمی کوردی وەک بزووتنەوەیەکی سیاسی و جڤاتی و ئایدۆلۆجیا دیاردەیەکی نوێیە. سەرەتاکانی دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەمەوە. بزووتنەوەکەی سەید عوبەیدوڵلای نەهری (١٨٣٠-١٨٨٣) لە ١٨٨٠ دژ بە ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی بەئاماژە و سەرەتای پرسەکە دادەنرێت. لە مێژووی ئەدەبی کوردیدا، ئەحمەدی خانی (١٦٥١-١٧٠٦) و حاجی قادری کۆیی (١٨١٧-١٨٧٩) و چەند شاعیر و هۆزانڤانێکی تر لەشیعرەکانیاندا بە زمان و هەستێکی نەتەوەیی گوزارشتیان لە پڕۆژەی ناسیۆنالیزم و نیشتیمانسازیدا کردووە. سەرەڕای ئەمانە، لەدوای دابەشکردنی کوردستان بۆ چوار پارچە و لە کۆتایی جەنگی دووەمی جیهان و دروستبوونی بزووتنەوەی سیاسی جیاواز لە کوردستان، جارێکی تر ئەدەب و هونەر و لەناویشیدا میوزیک و گۆرانی بوو بە دەروازە و کەناڵێکی کاریگەری دەربڕینی خەم و خواست و کۆژانە نەتەوەییەکان. بەشێک لە کارەکانی هونەرمەندی گەورەی نەتەوەیی کورد حەسەن زیرەک نوێنەرایەتی ئەم پڕۆژەیە دەکەن و لەدوای ڕاپەڕین و نیمچە-سەربەخۆبوونی باشووری کوردستان و لەسەرەتای ساڵانی دوو هەزارەکانیشدا، کارەکانی هونەرمەندی گەورەی کورد زەکەریا عەبدوڵڵا بەو زمان و گوتارە نەتەوەییە خۆی نمایش دەکات.
ژێرخان و سەرخانی نیشتیمانسازی
وەک پێشتر ڕووناکیمان خستەسەر، نەتەوە بەزۆر مۆدێل و ئامراز و هەلومەرج سازدەکرێت. لەسەرەتای ڕێنەیسانسدا شۆڕشی پیشەسازی، سەرهەڵدانی چاپەمەنی و بەشاربوون و دواتریش گرێدان و بەستانەوەی خەڵک و شارەکان لەڕێگەی ئامرازەکانی پەخش و بڵاوکردنەوە و شەمەندەفەر و پرد و ڕێگەوە نەتەوەی دروستکرد. لەدوای جەنگی دووەمی جیهانەوە، ئەوەی نەتەوەی یابانی و چینی بنیاتنایەوە، ڕێگەوبان و ژێرخانی گواستنەوە بوو. ئێستا لەسایەی پێشکەوتنی سیستەمی هاتووچۆوە دەتوانیت جرتوفرت بەناوخۆی وڵاتێکی پانوپۆڕی وەک چین بکەیت بەبێ کێشە و گرفت. لێرەوە یەکێتی نەتەوەیی و نەتەوەبوون دێتەکایەوە و دەمار و ڕەگەکانی خۆی دادەکوتێت.
لەماڵپەڕی دەنگی ئەمەریکا، لینکێک دانراوە تایبەت بە بنیاتنان و چێکرنی نەتەوە (The making of a Nation) کە تیایدا باس لە ڕۆڵی هونەر و ئەدەب و مێژوو و بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان دەکات لە بنیاتنان و یەکبوونی نەتەوە. باس لە باوکانی دامەزرێنەر و ڕۆڵی دەستوور (گرێبەستی کۆمەڵایەتی) دەکات بۆ لەدایکبوونی نەتەوە.
یەکێک لە بەربەستە بنیادییەکانی پڕۆژەی نیشتیمانسازی یان نەتەوەسازی لای ئێمە، نەبوونی ژێرخانی هاتووچۆیە! شارەکان بەیەک تۆڕی هاتووچۆ نەبەستراونەتەوە بەیەکتری. ناتوانین وابەئاسانی بەیەکتر بگەین و بەریەککەوتنی ڕاوستەخۆ و کارلێک دروستبکەین بەهۆی نەبوونی ڕێگەی باشەوە. نەبوونی ڕێگە واتە نەبوونی گفتوگۆ و هاوبەشکردنی خەم و خواستە جڤاکی و نەتەوەیی و کۆمەڵگەییەکانمان. دابڕان لەیەکتر ئاماژەیە بۆ دواکەوتن لە پڕۆسەی نەتەوەسازی و چوونە نێو فیدراسیۆنی نەتەوەییەوە. پێشتر ئەمیری حەسەن پور، نووسەر و ڕۆشنبیر و ئەکادیمی، هاتنی سەتەلایت و کەناڵی ئاسمانی کوردی بە “ناسیۆنالیزمی سەتەلایت” ناوبردبوو، بەڵام ئەمڕۆ بینەری سەتەلایتیش کەمبۆتەوە و چیتر شاشەی تی ڤی و سەتەلایت وەک جاران کاریگەری زۆری نییە لە پڕۆسەی نیشتیمانسازیدا بەهۆی تەکنەلۆجیای ترەوە. لەبەرامبەردا و لەڕووی سەرخانەوە، هونەر و گۆرانی و میوزیکی کوردی دەکرێت وەک دەزوویەکی باریک لە ڕابردوودا پەردەیەکی بەسەر نیشتیمانسازیدا کردبێتەوە و ڕایەڵەکی بۆ کۆکردنەوەی ئەندامانی جڤاتی کوردی کارا کردبێت.
هونەر و نیشتیمانسازی
لەئەدەبیاتی ناسیۆنالیزمدا نەتەوە بنیات دەنرێت و دواتر فۆڕم وەردەگرێت، بەڵام بەشێوەی جۆراوجۆر. دیارە پڕۆسەی بەشاربوون و شۆڕشی پیشەسازی ڕۆڵی لەم بنیاتنان و چێکردنەدا هەبووە. ناوەند و ناوکێک وەک خاڵی کۆکەرەوەی ئەندامانی نەتەوە ئامادەیی هەبووە. هەندێکجار ئەفسانە (myth)، زمان (language)، بازاڕ (market)، یان هەموویان بەسەریەکەوە، ڕۆڵی ئەم ناوەندبوونەی بینیوە. هونەر و ژانرەکانی وەک میوزیک و گۆرانی ماتەوزەیەکی کاریگەرە بۆ لەدایکبوون و گەشەی نەتەوە یان بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان وەک چۆن میوزیکی جاز هێمایە بۆ ئەفریقییە-ئەمەریکییەکان و میوزیکی کلاسیکی لە ئەوڕوپا ڕۆڵی لە ناسیۆنالیزمی ئەوڕوپیدا بینی. ئەگەرچی لەدوای ڕێنەیسانسەوە نەتەوە دەبێت بە چەقی بیرکردنەوە و ئاگایی لە ئەوڕوپا، دواتر شۆڕشی پیشەسازی، سنورەکانی دەوڵەتی نەتەوەیی و مۆدێرنە خۆراکی زیاتر بە کاکڵی نەتەوە و پڕۆژەی نیشتیمانسازی دەدەن.
ئەگەرچی ناسیۆنالیزم درەنگ دەگات بە خۆرهەڵات، لەسەدەی نۆزدەهەمەوە سەرەتا لەناو ئیمپڕاتۆری عوسمانی دا دەردەکەوێت. مۆدێرنە و پیشەسازی بەلای ئێمەدا نەهاتووە، ڕۆژگارێکی درێژ بەهەستێکی ناسیۆنالیزمانە ژیاوین لەڕێگەی بزووتنەوەی سیاسی و ئەدەبیاتی کورد، بەڵام توانای پیتاندن و چوونە نێو پڕۆژەی نیشتیمانسازیمان نەبووە. لەدەرەوەی ئامێرەکە بووین.
ناسنامە وەک یەکەیەکی پێدراو و بەرهەمهێنراو و هێز، وەک کارپێکەر و جۆشدەری بنەڕەتی پەیکەری نەتەوە دەبینرێت. بەڵام ناسنامە یەکەیەکی جوڵاو و ناجێگیرە، گۆڕاو و جیوەییە، بەتایبەت ناسنامەیەک کە لەسەر بنەمای هونەر و ڕشتەکانی دیوارەکانی بۆ دروستکرا بێت. لێرەوە هونەر و ئەرکەکانی هونەر دەبن بە قوڵایی و بڕبڕە بۆ نەتەوە. هونەر وەک پەیوەندی، هونەر وەک گوزارشت، هونەر وەک جیاوازبوون و خۆجیاکردنەوە لەوانی تر نەتەوە دەرباز دەکات لە کەوتن و ڕۆح لەدەستدان. بەڵام نیشتیمانسازی جگە لە کەرەستەی هونەر هێشتا پێویستی بە زۆر کەناڵی ترە بۆئەوەی هەموو ئەندامانی نەتەوە بەیەکتر ببەستێتەوە، خەون، یادەوەری و گێڕانەوەکانیان یەکبخات و دووبارە بەسەریاندا دابەشبکاتەوە.
لێرەوە باسوخواسی نیشتیمانسازی بەها وەردەگرێت، بیری لێدەکرێتەوە. لەڕاستیدا ئەم بنیاتنانە زۆر ئاڵۆز و فرە ئەرک و ڕێچکەیە. تۆڕ و خانەکانی نیشتیمانسازی فراوان، فرەئاست و جۆراوجۆرن. فڕۆکەخانە، هێڵی شەمەندەفەر، بازاڕ و مەیدانی ساغکردنەوەی کاڵا، زانکۆ، میدیای نیشتیمانی، ئەفسانە، هەڵبژاردەی تۆپی پێی نیشتیمانی، جەنگ، دنیای سیمبولەکان و زۆر مەڵبەندی تر بەشدارن لە پتەوکردنی پڕۆژەکە. بەڵام لە زۆربەیان گرنگتر و خێراتر، هونەرە، لەناویشیدا گۆرانی و سینەما و شانۆ و ژانرەکانی تر. ئێمە سەرێک بە گۆرانییەکانی زەکەریا عەبدوڵڵا دا دەکەین وەک ئەکتەرێکی هونەری دوای ڕاپەرین و ئەو ڕۆڵە هونەرییەی کە لە پڕۆژەی نیشتیمانسازیدا بینویەتی.
میوزیکی جاز و نیشتیمانسازی
رێنەیسانس لەدەستپێکدا لە هونەر و وێنەکێشانەوە هاتە گفتوگۆ، دواتر فکر و فەلسەفە و سیاسەت و بواری تری لەخۆیدا ئاڵاند. هونەر و پەیام و شێوەکانی وەک کۆمەکێکی کۆمەڵگەیی و سەرچاوەی جۆشدانی زۆر بزووتنەوە و ناڕەزایەتی نەتەوەیی-کۆمەڵایەتی دەبینرێن. پێدەچێت زیندووترین نموونە کێڵگە بۆ ئەو ڕۆڵە کۆمەڵگەیی و سیاسییەی نێوان میوزیک و ناڕەزایەتی نەتەوەیی- کۆمەڵایەتی، کۆمەڵگەی ئەمەریکا و خەمە درێژخایەنەکانی ناوی بێت.
لەدوای جەنگی ناوخۆی ئەمەریکا لە ١٨٦٥، میوزیکی جاز سەرهەڵدەدات. لەبنەڕەتدا ئەفریقییە-ئەمەریکییەکان گەشە بەم شێوە میوزیکە دەدەن، بەڵام هەرزوو دەبێت بە کەناڵی دەربڕینی گلەیی و گازاندە و پرسیارخستنە سەر فەلسەفەی حکومڕانی و پرسی ڕەگەزپەرستی و چەوساندنەوە و جەور و جیاکاریکردن لەو وڵاتەدا. جاز دەکرێت بە ناوەندی جۆشدان، دەردە دڵی کۆمەڵگەی ڕەشپێستەکان و جوڵاندنی ئەوی تری نائەمەریکی “رەش پێست”، بەتایبەت لەدوای جەنگی دووەمی جیهان و ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو بۆ بەگژداچوونەوەی سیاسەتی جیاکاریکردن و پۆڵێنکردنی مرۆڤ. دواتر زوو بەجەماوەریی بوو، وەک بنەمای هێز لەخوارەوە-دامێنی کۆمەڵگە زۆر خانەی تری کۆمەڵایەتی گرتەوە و بوو بەسەرەتایەک بۆ پڕۆژەی نیشتیمانسازی لە کۆمەڵگەی ئەمەریکی.
لەڕاستیدا ئەم میوزیکە زۆر ڕۆڵی بینراو و هەستپێکراوی بینی لە پەیوەندی نێوان هاوڵاتی و دەسەڵات، بەتایبەت کاتێک وەک مانیفێستی خەمی تاک و جڤات چووە نێو پانتایی گشتیی و شەقامەوە. دواتر بەخێراییش بوو بە دەرگا و چوارچێوە بۆ پرسەکانی وەک فرەچەشنی و پێکەوەهەڵکردن و هاوڵاتیبوون و بنیاتنانی ئاشتی، نیشتیمانسازی و دەرگیربوون و ئامادەبوون لەگەڵ جڤات. لەهەمووی گرنگتر، زاڵبوون بەسەر ڕەگەزپەرستی و هێنانەکایەی گرێبەستێکی تازەی کۆمەڵایەتی (new social contract)، بەجۆرێک هەموو کەرتە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی ئەمەریکی بەیەکەوە لکاند. جاز وەک کۆکەرەوە و لکێنەر دەرکەوت و ئەرکە سیاسی-کۆمەڵایەتییەکانی خۆی پیشاندا.
جاز زیاتر کشا و هاتە دەرەوە، زیاتر بەدەزگایی و جیهانی بوو، دواتر ڕێکخراوی یونیسکۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ٣٠ ی نیسانی هەموو ساڵێکی وەک “ڕۆژی میوزیکی جاز” ناساند و ئەمەش هێندەی تر خۆراکی بە پرسەکە و بە کێڵگەی نیشتیمانسازی بەخشی لە وڵاتەکەدا وەک ئینگلیز دەڵێت ڕەوڕەوەکانی چەور کرد (oiling the wheels). ئەم گرووپە ئیتنی و کۆمەڵایەتییەی کۆمەڵگەی ئەمەریکی، جاز وەک خۆراک و هێز و بەرزڕاگری بەکاردەهێنێت بۆ بەردەوامیدان بە پێکەوەژیان و هەڵکردن و حکومڕانی باش و بیرکردنەوە لە پاشخان و میرات و داننان بە ناسنامە و خودێتی یەکتر. لێرەوە میوزیک و وەرزش و ئەدەب دەبن بە پاڵپشتی و ڕەگێکی یەکجار گەورەی کۆمەڵگە و جڤات و نەتەوە بۆ مانەوە و بەردەوامبوون لەگەڵ یەکتر و بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان یان بەزمانی سیاسەت نیشتیمانسازی و نیشتیمان، بەتایبەتیش بەرهەمەکانی هونەرمەند و ئەستێرەی جازی ئەمەریکی “لویس ئارمستڕۆنگ” کە گوێلێگیراوترین نموونەی بابەتەکە و پەیوەندی نێوان میوزیکی جاز و نیشتیمانسازییە.
ماویەتی



